العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
چەند ئامۆژگارییەكی گشتی:40

لە سی و نۆ پەیامی ڕابردووی ئەم زنیجرەیەدا ، هەوڵماندا كۆمەڵێك لە گرنگترین ئەو باسانەی بۆ ئافرەتان پێویستن بیانخەینەڕوو، بێگومان كە نەمانتوانیوە هەموو ئەوەی كە پێویستە باسی بكەین، لێرەشدا كۆمەڵێك ئامۆژگاری و خاڵی تری گرنگ باس دەكەین، كە پێشتر وەكو پێویست تیشكی نەخراوەتە سەر، باسەكانیش پەیوندییان بەیكەوە نییە، وەكو ئەوەی هەر خاڵێك بابەتێك سەربەخۆ بێت وایە:

1- بەباشم زانی پەیامێك بۆ ئەو ئافرەتە بەڕێزانە ئاراستە بكەم كە لە مێردەكانیان جیابوونەتەوەو لەبەر هەر هۆكارێك بێت لە ژیانی خێزانییاندا سەركەوتوو نەبوون:

- دەزانم بە ئەندازەی دڵخۆشی ئەو ڕۆژەی كە خوازبێنی كرایت و ئەو هەواڵە خۆشەت بە خۆشەویستانت گەیاند، هەواڵی تەڵاق و جیابوونەشت دوو ئەوەندە خەمباری كردوویت و ئازارت پێ دەبەخشێت، بەڵام چاك بزانە ئەوە قەدەری تۆ بوو و بەوەش دونیا كۆتایی نایەت.

-  پێویستە متمانەت بەخۆت هەبێت و شكستەكەت فەرامۆش بكەیت، هەوڵ بدە لە بازنەی شەرع و ڕێگەپێدراودا گۆڕانكاری لە خۆتدا بكەیت، كتێب بخوێنە، سەردانی كەسوكارت بكە، وەرزش بكە، جلی تازە بكڕە هەركارێك تر بكە كە شەرعی بێت و سەرقاڵت بكات و بەسوود بێت.

- ئەگەر ماوەیەكی كەمە ڕووداوی جیابوونەوەكە ڕوویداوە، ئاساییە خەمبار بێت و ئایاییە بشگریت، چونكە گریانیش بۆ خۆی ڕێگەیەكی هێور بوونەوەو ئاسوودەییە بۆ دەروون.

-  پێویستە هەوڵ بدەیت لە یادگاری و ڕۆژانی ڕابردوو دابڕێیت و لەم قۆناغەی ئێستاتدا بژیت ، پێویستە گۆڕانكاری ئەرێنی و شەرعی لە ژیانتدا درووست بكەیت و لەگەڵ دوێنێتدا جیاواز بیت.

-  گۆڕانكاری لە خۆت و جل وبەرگ و ماڵ و ئەوەی دەزانیت لەڕابردوو داتدەبڕێت و لە بیرت دەباتەوە بكەیت، بەمەرجێك لە چوارچێوەی شەرعی رب العالمین دا بێت.

-  بەرژەوەندیت لەوەدایە لە ژێر كاریگەری ڕابردووی یادگارییەكانتدا دەربچیت، بەڵام ئەگەر جیابوونەوەكەتان لەو شێوەیە كە تەڵاقی ڕەجعی پێ دەوترێت و دەرگای گەڕانەوە بەتەواوی دانەخراوە ومێردەكەت پەشیمان بووەتەوەو تۆیش گەڕانەوەت پێ باشە و بەتایبەتی ئەگەر مناڵتان لە نێواندا هەیە بە پێی ڕێككەوتن وڕەچاوكردنی بەرژەوەندی دین و دونیای خۆتان و دەستەبەر كردنی دۆخێكی لەجاران باشتر و سەقامگیرتر، ئاساییە جارێكی تر ژیان پێكەوە دەست پێبكەنەوە، ئەگەریش ئەوە مومكین نییە، دەبێت ئەو لاپەڕە بۆ یەكجاری هەڵبدەیتەوەو مەگەر مناڵتان لە نێواندا هەبێت، لەو حاڵەتەدا واجبە لەسەرت مافی ئەو مناڵە پێشێل نەكەی لە بینینی باوكی  نابێت ڕێگری ئەوەی لێ بكرێت چونكە ئەوە ستەمە و الله لێت قبوڵ ناكات، بەڵام سەبارەت بە مێردی پێشووت دەبێت بە هەموو شێوەیەك ئەو كەسە لەبیر بكەیت وڕێگە نەدەیت بە خۆت بە هیچ شێوەیەك بیری لێ بكەیتەوە، چونكە هەم نامەحرەمە بۆت و هەم ئەزموونێكی شكستخواردووتان پێكەوە بووە.

- مەرج نییە ئەوەی كە ڕوویدا كارێكی خراپ بێت، مرۆڤ بە سروشتی عاتیفی و كورتبینە، لەوانەیە خێری پێوە بێت و بۆ دین و بۆ دونیات جیابوونەوە باشتر بێت لە بەردەوامی ئەو ژیانە، الله تعالی دەفەرموێت. {وَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ وَعَسَى أَنْ تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَكُمْ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} [البقرة:216]. هەرچی ئەو ناخۆشییانەش كە لە ئەنجامی تەڵاقەكە تووشت دەبێت ئارامی لەسەر بگرە و چاوەڕوانی پاداشت بە لەلای پەروەردگارت، كە خۆی فەرموویەتی:( إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ ) الزمر:10.

- لە دەرگای پەروەردگارت بێ ئاگا مەبە وبێ ئومێد مەبە، هەمیشە بە دوعا و پاڕانەوە لەو دەرگایە بدە، لە گەڵ قورئاندا بژی، بە فێربوون و جوان خوێندنەوەی خۆت سەرقاڵ بكە، بە تەفسیر و لەبەر كردنی و زیندوو كردنەوەی شەوەكانت بەوەی لەبەرت كردووە خۆت بەهرەمەند بكە.

- ڕەشبین مەبە و ناخت بە گەشبینی ڕووناك بكەرەوە و وا مەزانە بە پچڕانی ئەو پەیوەندییەت ئیتر كۆتایی بە هەموو خۆشییەكانت هاتووە. الله تعالی نیعمەتی زۆرە لەسەرت بە جیابوونەوەت وا نەزانی نیعمەتەكانی پەروەردگارت لەسەرت كەم بووەتەوە. نیعمەت هەر ئەوەش نییە كە پێت خۆشە هەندی جار ئەوەی كە زۆر پێت ناخۆشە ئەویش بە شێوەیەك لە شێوەكان نیعمەتێكە بەڵام پیی نازانیت. زەواج و ژیانی خێزانی تاكە نیعمەتی پەروەردگار نەبوو لەسەرت، چوزانی ئەوە تاقیكردنەوەیەك نییە، یان وەكو وتمان بژاردەیەكی باش نییە كە خێری تۆی تیایە و الله تعالی ئەوەی بۆ تۆ بەباشتر زانیوە.

- هەڵەیە بە هۆی ئەو جیابوونەوە پەلە بكەیت لە ئەنجامدانی زەواجێكی نوێ، یان وا بزانیت ستەمت لێكراوەو پێویستە تۆڵەی خۆت بكەیتەوە! لەوانەیە بكەویتە هەڵەیەكەوە و پەشیمان بیتەوە، لە مەسەلەی زەواجدا زۆر هێمن و وردوو وریابە.

- پێت سەیر نەبێت هەندێ لە شارەزایان دەڵێن ئەگەر دەزانیت مێردەكەت بەو تەڵاقدانە ستەمی لێ كردوویت، گەردەنی ئازاد بكە و لە دڵی خۆتدا لێی خۆش بە، چونكە ئەوە ڕێگایەكی باشە بۆ بەدەستهێنانی ئاسوودەیی و هەست كردن بە ئارامی.

- پێویستە بایەخی زۆر بە مناڵەكانت بدەیت و زاڵ ببێتە سەر هەر لاوازی و خەمۆكییەكەتدا كە لە ئەنجام جیابوونەوەت لە مێردەكەت تووشت بووە، بۆ ئەوەی ورەی ئەوانیش نەڕوخێنیت و هەمیشە باوەڕیان بە پەروەردگار بەهێز بكەیت.

2- پەیامێك بۆ ئەو ئافرەتانەی لە حیزب و ڕێكخراو و بانگەوازی ئیسلامیدا كار دەكەن، دەمەوێت بە ڕاشكاوی و بەبێ هیچ پێچ و پەنایەك پێتان بڵێم:

- هیچ كۆمەڵ و حیزبێكی ئیسلامی لە كوردستاندا بوونی نییە لە ڕووی عەقیدەوە سەلامەت بێت و لە ڕووی مەنهەجەوە لادانی نەبێت و ئینحیرافی نەكردبێت كە بتوانم ئامۆژگاریتان بكەم كاریان لەگەڵدا بكەن، تەنانەت ئەگەر بڵێیت لە هەڵەو لادانەكانیان بەریم و تەنها لە كارە باشەكانیان لەگەڵیاندام، بەو بەهانەشەوە هەر درووست نییە لەگەڵیان بیت، چونكە تۆ (تكثیر السواد)یان دەكەیت، واتە ژمارەیان زیاد دەكەیت و بەشێك لە بەرپرسیارێتی لادانەكانیان هەڵدەگریت و مەسەلە كە گەیشتە عەقیدەو تەوحید، موسوڵمان دەبێت سەریح و یەكلا بێت و شل و لاواز نەبێت.

- هەرچی ڕێكخراوو سەنتەر و ناوەند و جێگەیەك، ئەگەرچی بەتایبەت خەریكی زانستی شەرعی و تەجوید و قیرائات و لەبەر كردنی قورئانیش بێت، بەڵام سەر بە لایەنێك لەوانە بێت كە لە ڕووی عەقیدەوە تێكەوتوون، لەبەر هەمان هۆكاری سەرەوە درووست نییە لەگەڵیادا بیت، با ئەو جێگەیە وای نیشان بدەن كە لایەنێكی زانستین و هیچ پەیوەندییان بە حیزب و لایەنی سیاسییەوە نییە، چونكە لە ڕاستیدا ئەو جێگایانە ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕن لە كۆكردنەوەی خەڵكی و ئەندام بۆ ئەو حیزبانە بەو بەهانەوە، ئەوانەش كە ئەو شوێنانە بەڕێوەدەبەن ئەندام و كادیری حیزبەكانن.

- بۆیە دەتوانیت دوور لە ئینتیمای ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەمامكدار بۆ هیچ حیزب و گروپ و ڕێكخراوو كۆمەڵێك، لە ماڵی خۆتەوە و لەسەر مەنهەجی كیتاب و سوننەت و خوێندنەوەی كتێب و گوێگرتن لە مامۆستای عەقیدە پاك و سوود وەرگرتن لە یوتیوب و لە ئێنتەرنێت بەگشتی، خزمەتی دینەكەت بكەیت، ئەمڕۆ جیهان بووە بە گوندێكی بچووك و بۆ كەسێك بیەوێت دەیان سەكۆ هەیە قسەی خێری تێدا بكەیت، سەدان فێرگە و قوتابخانە هەیە بۆ فێربوونی زانستی شەرعی و لە ماڵی خۆیشتەوە دانیشتوویت! یان دەتوانیت لەگەڵ هەر ڕێكخراوو لایەنێكدا كە هیچ لادانێكی عەقیدی نەبێت، خزمەتی دینەكەت بكەیت و خۆت پێكەوە بنەیت لە ڕووی شەرعی و زانستە ئیسلامییەكانەوە، خۆ ئەگەر نەبوو و لایەنێك وا دەست نەكەوت، تۆ داوات لێ نەكراوە بە هەر حاڵێك بێت هەر لەگەڵ حیزب و لایەنێكدا بیت، بەلكو داوات لێكراوە ئەگەر هەموویان كێشەی عەقیدەیان هەبوو، لێیان بەری بیت و بەتەنها خۆت بمێنیتەوە.

3- سەردانیكردنی ئافرەت بۆ گۆڕستان لەسەر بۆچوونی جومهوری زانایان درووستە وڕێگەپێدراوە، بە مەرجێك ئەو سەردانییە بیدعەی تێدا نەبێت و بۆ ئافرەتەكە فیتنەی تێدا نەبێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەسەرەتا سەردانی كردنی گۆرستانی لەسەر ئافرەتان قەدەغە كرد و دواتر ڕێگەی پێیاندا: ( كُنْتُ نَهَيْتُكُمْ عَنْ زِيَارَةِ الْقُبُورِ فَزُورُوهَا) رواه مسلم. بەڵكو وەكو زانایان دەفەرموون ئەوە لە حاڵەتێكدایە ئەو گۆڕەی كە سەردانی دەكات لە شار و شوێنی ئەو ئافرەتە بێت، بەڵام ئەگەر لە شارێكی تر بێت و پێویست بەسەفەركردن بكات ئەوە درووست نییەو قەدەغەیە. لە فەرموودەدا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئافرەتێكی بینی لەسەر گۆڕێك دەگریا پێی فەرموو ئارام بگرەو پێی نەفەرموو سەردانییەكەت ناشەرعییە، هەروەها دایكمان عائیشە الله لێی ڕازی بێت سەردانی گۆڕی عبدالرحمن ی برای كردووە. ئەو فەرموودەی (لعن الله زوارات القبور)یش وەكو شێخ مصطفی العدوي دەڵێت: یان فەرموودەیەكی لاوازە، یان نەسخ كراوە، یان مەبەست لەو ئافرەتانەیە كە لە كاتی سەردانی گۆڕستاندا سنووری شەرع دەشكێنن.

4- یەكێك لە دیاردە ناشەرعی و خراپەكانی ئەم سەردەمە ئەوەیە هەندێ جار ئافرەت بەتەنها لە گەڵ شۆفێری تەكسی نامەحرەمدا سەردەكەوێت، كە ئەوەش خەلوەیە و حەڕامە وەكو لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە: (لا يخلون رجل بامرأة إلا ومعها ذو محرم) واتە درووست نییە پیاوێك لەگەڵ ئافرەتێكی نامەحرەمدا تەنها بێتەوە مەگەر مەحرەمێكی لەگەڵدا بێت لەو كاتەدا. هەروەها پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە فەرموودەیەكی صحیح دا فەرمویەتی: (لا تسافر امرأة إلا مع ذي محرم)رواه مسلم. واتە ئافرەت بۆی نییە گەشت بكات مەگەر لە گەڵ مەحرەمێكی خۆیدا نەبێت. بەڵام وەكو زانایان دەڵێن ئەگەر ئافرەتەكە بە تەنها نەبێت و ئافرەتی تری لەگەڵ بێت ئەوە خەلوەی پێ ناوترێت و لەو حاڵەتەدا درووستە.

5- زەكاتی ئاڵتون و زیو بێگومان واجبە و جێگای خیلاف نییە، بەڵام زەكاتی ئەو زێڕو خشڵەی ئافرەت بۆ جوانی و بۆ بەكارهێنانی خۆی بەكاری دەهێنیت ئەوە خیلافی لەسەرە، جومهوری زانایان لەسەر ئەوەن ئەگەر بۆ جوانی و بەكارهێنان شەخسی خۆی بەكاری بهێنیت زەكاتی یتێدا نییە، بەڵام وەكو زۆرێك لە زانا گەورەكان فەرموویانە ئەگەر ئاڵتوون گەیشتبێتە ئاستی نصاب واتە گەیشتبێتە 20 مسقاڵ، لەڕووی (احیتاط) بۆ دین ئەوەیە ساڵانە زەكاتی دەربكرێت، كە زەكاتەكەشی دەكاتە چواریەكی دەیەك، واتە دوو و نیو لەسەد، بەڵام ئەگەر لە بیست مسقاڵ واتە لە هەشتا و پێنج گرام زێڕ كەمتر بێت زەكاتی بە هیچ شێوەیەك تێدا نییە چونكە نەگەیشتووەتە ئاستی نصاب. سەبارەت بە زیویش ئەگەر بگاتە 595 گرام ئەویش بەهەمان شێوە لەسەدا دوو ونیوی دەبێتە زەكات.

6- هەڵەیە و هەڵەیەكی گەورەشە لە ڕوی شەرعەوە، ئافرەت لەگەڵ خزمان و كەسە نزیكە نامەحرەمەكانیدا بە بێ سنوور و هەستكردن بە گوناه و حەرەج قسە بكات و تێكەڵ ببێت، بەڵكو ئەوە لە تێكەڵ بوون و قسە كردن لەگەڵ نامەحرەمی تر كە خزم نییە خراپترە، چونكە وا گومان دەبات ئەوە خزمە و جیاوازە و ئیتر زیاتر تیكەڵ دەبن و ڕووخۆشی و گاڵتە و قسەكردنیان پێكەوە دەبێت ئەوەش ڕۆچوونە لە ئەنجامدانی تاواندا و ئاساییی بوونەوەی حالەتێكە كە لە بنچینەدا ئاسایی نییە و ڕێگەی زۆر حەرام و قەدەغەكراوی شەرعییە.

بەڵكو دەبێت لەگەڵ هەندێ لە مەحرمەكانیشدا سنوور بپارێزرێت و بەو بەهانەی كە مەحرەمە هیچ زیدەڕەوییەك نەكرێت لە تێپەڕاندنی ئادابی مامەڵە كردن، بەتایبەتی ئەگەر ئەو مەحرەمە وەكو خاڵ و مام مولتەزیم نەبن بە ئیسلامەوەو خاوەن ڕەوشتی بەرز نەبن، نابێت حیسابی مەحرەمیان بۆ بكرێت، بەڵكو دەبێت وەكو نامەحرەم مامەڵەیان لەگەڵدا بكریت، ئەم سەردەمە سەردەمی فیتنەیە و ئێنتەرنێت و سەتەلایت و ڕێگاكانی تری خراپە خەڵكی لەسەروشتی مرۆیی خۆیان دەركردووەو مەگەر پابەند بوون بە ئیسلام مرۆڤ لە ڕەوشتی ناشیرین بپارێزێت ئەگینا ئەمە خراپترین سەردەمە ئێمە تێیكەوتووین،

بەڵكو خوشك و برایش هەر دەبێت ئاداب و سنووری مامەڵەی جوان پێكەوە بپارێزن و بەفێركردنیان بە ئادابی ئیسلامی بپارێزرێن، بۆیە ئیسلام فەرمانی كردووە جێگای خەوی كچان و كوڕانی خوشك و برا لە تەمەنی دە ساڵی ئیتر جیابكرێتەوە و لەیەك جێگەدا پێكەوە نەخەون وفەرموویەتی: (وفرقوا بينهم في المضاجع). رواه أبو داود وغیره.

7- خوێندنی كچ بەهانەیەكی شەرعی نییە بۆ دوا خستنی زەواج، بۆیە ئامۆژگاری هەر كچێك و سەرپەرشتیارەكەی دەكەم ئەگەر كەسی خاوەن دین و ڕەوشتی جوان هاتە پێشەوە بۆ خوازبینی كردنی ڕازی ببن و بە هۆی خوێندنەوە ئەو پرۆسە دوا نەخەن، دەكرێت زەواج و خوێندن پێكەوە بن، زیادەڕەوی لە ڕەفز كردنی زەواج بەبەهانەی خوێندن دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی زەواج و زۆربوونی قەیرەیی و چەندەها كارەساتی لێ دەكەوێتەوە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (يا معشر الشباب! من استطاع منكم الباءة فليتزوج؛ فإنه أغض للبصر، وأحصن للفرج، ومن لم يستطع فعليه بالصوم فإنه له وجاء) متفق علیه. ئەوەش فەرمانێكە بۆ پێشخستنی زەواج و دوانەخستنی لە پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم كە ئەگەر هۆكارێكی بەهێز و قایلكەر نەبێت نابێت پێچەوانەی ئەو فەرمانە ئەنجام بدرێت.

8- ئامۆژگاری هەموو ئافرەتێكی بەڕێز دەكەم كە داواكاری زیاد لە توانای مێردەكەی نەكات و باری بە كڕینی شتی زیاد و ناپێویست قورس نەكات، هاوكات داوا لە مێردەكەش دەكەم بە پێی توانای خۆی هەموو پێویستییەكی ژن و مناڵەكانی دابین بكات و پێویستییەكانیان پشت گوێ نەخات و كەمتەر خەمی تێدا نەكات.

9- ئافرەت پێویستە هەمیشە فەرمان بە چاكەو نەهی لە خراپە وەكو واجبێك و فەرمانێكی ئیلاهی تەماشا بكات و هیچ كات ئەگەر هەلی قسەیەكی خێری بۆ ڕێككەوت، یان توانی نەهی لە خراپەیەك بكات،  ئەو هەلە لە دەست نەدات، الله تعالی فەرموویتی: ﴿ وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ ﴾ [ آل عمران:١٠٤]،

بانگەواز كردن بۆ دینی ئیسلام و فەرمان كردن بەچاكە و نەهی كردن لە خراپە گەورەترین كارێكە موسوڵمان ئەنجامی بدات و پلەیەكی بەرزو مەزنە دەبێت ئافرەت هەمیشە بە گوێرەی توانای خۆی بیری لای بێت. لەم سەردەمەدا زۆر جار ئافرەتان وەكو ئەوەی ئەو كۆڵەكە گەورەیەی ئیسلام پەیوەندی بەوانەوە نەبێت مامەڵە دەكەن، بەڵكو دەبێت ئافرەت لەگەڵ مناڵەكانی و كەسە نزیكەكان و دراوسێی و هاوڕێی و لە هەر كوێیەك توانی قسەیەكی خێر بكات درێغی نەكات و ئەوەش بە پلەو پایەیەكی مەزن تەماشا بكات.

10- پێویستە ئەم دونیا وەكو ڕێگای سەفەرێكی دوور تەماشا بكەیت كە بەردەوام بیرت لەلای كۆكردنەوەی توێشوو خۆراك بێت بۆ ئەو سەفەرەت، پێش هەموو شتێك پێویستە عەقیدەی خۆت تۆكمە و ڕاست درووست بكەیتەوە، ئینجا توێشووی عیبادەت لەگەڵ خۆت هەڵبگریت بۆ ئەو سەفەرە، لە پاش ئەنجامدان فەرزەكان بە رێكوپێكی، گرنگی بدەیت بە نوێژە سونەتەكان، ڕۆژووی تطوع، زیكری بەیانیان و ئێواران، خوێندنەوەی قورئان و هەموو كارێكی خێر و ئاكارێكی جوان و ڕەفتار و مامەڵەیەكی پەسەند بە نیەتی ئەوە بیكەیت ببێتە توێشووی قیامەتت.

 

11- ئەمڕۆ عەلمانیەت هەژموونی بەسەر هەموو میللەتانی سەر زەویدا هەیە و لەگەڵ ئیسلامدا لە جەنگێكی كراوەدایە، ئافرەتیش یەكێكە لە چەكەكانی كە بۆ ڕووخانی رەوشتی خەڵكی سەرزەوی بەكاری دەهێنیت، ئافرەت لە شارستانییەتی هاوچەرخدا زیاتر نییە لە ئامرازیك بۆ وروژاندنی ئارەزووی پیاوان و بۆ گێل كردنی مسللەتان و دوور خستنەوەیان لە هەموو بەها جوانەكان.

عەلمانیەت لەو جەنگە ڕاگەیانراوەیدا لە دژی ئیسلام و لەمەسەلەی بەكارهێنانی ئافرەت ڕێگەو كەرەستەی گەلێك زۆری هەیە، یەكێك لەو كەرەستانەی ڕێكخراوەكانی مافی ئافرەت و جێندەرە، ئەوەش بزانن كە ئەوان لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و وڵاتە بەناو ئیسلامەكانەوە توانیویانە زۆرێك لە ئامانجەكانیان بپێكن، بەڵام تاكە ڕێگەیەك بۆ ئەوەی ئێوەی خاوەن دین و ڕەوشت لە خراپەكانی ئەوان پارێزراو بن ئەوەیە، عەقیدەو ئیمان و تەوحیدی خۆتان بەهێز بكەن، بەو شێوە دەتوانن پارێزگاری لە دین و كەسایەتی خۆتان بكەن، ئەگینا بەهەر ڕێگەیەكی تر ئێوە لە جەنگێكی نابەرانبەردان و هاكا دۆڕان و گەورەترین سەرمایەتان لە دونیا كە دینەكەتانە دەكەوێتە مەترسی لەناوچوون، یان هیچ نەبێت ناشیرین بون و لەكەدار بوون.

12- ئەگەر ئافرەتێك بمرێت و مێردی نەبێت، لەپێشترین كەس بەشۆردنی كەسە نزیكەكانێتی، دایكی كچی وكوڕەزای و كچەزای و خوشك و پوری خوشك باوك و پوری خوشكی دایك و هاوشێوەكانیان، زانایان دەڵێن ژن و پیاو لە هەموو كەسێك تر لە پێشترن بۆ ئەوەی یەكێكیان بمرێت ئەوی تر بیشۆرێت.

ئەگەر ئافرەت مرد و كەسێك لەو نزیكانەی باسمان كرد نەبوو بۆ ئەوەی بیشۆرێت، هەندێ لە زانایان فەرموویانە: ئافرەت كە مرد لە پێشترین كەس بۆ شۆردنی دایكێتی ئینجا نەنكی و كچەكەی ئینجا نزیكتر و نزیكتر و ئینجا ئافرەتی دوور. شايانى باسە لێرەدا كە پیاو بۆی نییە دایكی و كچی خۆی ئەگەر بمرن  بیانشوات، چونكە جگە لە هاوسەران، ژنان ژنان دەشۆن و پیاوان پیاوان دەشۆن.

تێبینییەكی گرنگیش لەم بارەوە ئەوەیە ئەو ئافرەتەی كە ئافرەتی مردوو دەشوات ، دەبێت دەستپاك و جێگای متمانە بێت و پێویستە هەر عەیبێكی لە جەستەی مردووەكەدا بینی یان هەر شتێكی نەخوازراوی بینی كە مردووەكە ئەگەر لە ژیاندا بوایە پێی ناخۆش دەبوو بزانرێت، باسی نەكات و بیپۆشێت، چونكە ئەوە بە نهێنی ئەو مردووە دادەنرێت و حەرامە لەسەر مردوو شۆرەكە باسی بكات، بەڵام ئەگەر حاڵەتێكی باشی لە جەستەی مردووەكە بینی وەكو ئەوەی ڕووی گەش بێت، یان خەندەیەكی پێوە دیار بوویێت ئەوە ئاساییە باسی بكات.

بەمەش كۆتایی بەو چل پەیامە هات كە بە باشمان زانی ئاراستەی ئافرەتانی كوردی بكەین وەكو ئەنجامدانی ئەركی بانگەواز و بەجێ گەیاندنی مافی ڕوونكردنەوەی ئیسلام بۆ دایكان و خوشكان و هەموو ئەو ئافرەتە بەڕێزانەی كە مەبەستیانه لەسەر شەریعەتی ئیسلام بژین و بمرن، داواكارم لە الله تعالی ئەم نووسینە بكات بە توێشووی قەبر و قیامەت بۆ نووسەر و خوێنەر و هەموو كەسێك كە دەبێتە هۆكاری بڵاوبوونەوەی و بۆ هەركەسێك كە سوودی لێ وەردەگرێت و كاری پێ دەكات،

إنه علی ذلك قدیر و بالإجابة جدیر. وصلی الله وسلم وبارك علی سیدنا محمد وعلی آله و صحبه و من تبع سنته و اقتفی طریقه إلی یوم الدین وسلم تسلیما كثیرا.

والحمد لله الذي بنعمته تتم الصالحات.

لە پەنجە كردنی ئەڵقە و لەبەر كردنی جلی بوكێنی:1

یەكەم: مەسەلەی ئەڵقە لەپەنجە كردن لە كاتی مارەبڕین وهاوسەرگیریدا، چی بۆ ژن بێت یان بۆ پیاو، نەریتێكی كۆنە و لە دێر زەمانەوە هەر بووە، لە بنچینەشدا - وەكو هەندێ لە زانا هاوچەرخەكان دەڵێن - عادەتی نەساڕا وگاورەكانە و لەڕێگەی ئەوانیشەوە بە ئێمە گەیشتووە، هەندێكیش پێیان وایە فیرعەونەكان یەكەم جار دایانهێناوە.

بەداخەوە هەندێ جاریش لە پەنجە كردنی ئەو ئەڵقە هەندێ بیروباوەڕی بێ بنەماشی پێوە دەبەسترێتەوە وەكو ئەوەی وا گومان دەبرێت ببێتە مایەی خۆشەویستی لە نێوان ژن و مێرددا و داكەندنیشی یان گۆرینی جێگەكەی لە پەنجەكاندا گوایە دەبێتە مایەی رەشبینی و گومانی خراپ لە نێوان هاوسەراندا، كە ئەوانەش جگە لەوەی ئەسڵ و بنەمایەكی لەشەرعدا نییە، هاوكات سەرپێچییەكی شەرعی ڕوونە و بەو بۆیشی هەیە بۆ سەرپێچی عەقیدەش سەر بكێشێت وببێتە جۆرێك لە شیرك.

بەڵام ئەگەر ئەو ژن و مێردەی لە پەنجەی دەكەن هیچ باوەڕێكی ناشەرعی لەو شێوەیان پێی نەبێت وهەر وەكو عادەتێكی كۆمەڵایەتی ئەو كارە بكەن، لەو حاڵەتەداهەندێ لەزانایانی هاوچەرخ - وەكو ابن عثیمین و زانای تر - ئەڵقە لە پەنجە كردنی هاوسەرانیان تەنها بە مەكروهـ داناوە و وتوویانە دەتوانن لە پەنجەی بكەن بەڵام نەكردنیشی باشترە و شیاوترە بە كەسی موسوڵمان.

هەرچۆنێكیش بێت موسوڵمان خۆی لە لاساییكردنەوەی نەساراو عادەتی ئایینەكانی تر بپارێزێنت بۆ خۆی باشترە، بۆیە ئامۆژگاریم بۆ هەموو كوڕو كچێكی بەڕێز كە پەیوەندی هاوسەرگیری پێكەوە دەبەستن وهەروەها بۆ هەموو ژن و پیاوێكیش كە ئەو ئەڵقە زۆر بە شتێكی گرنگ و پڕ بایەخ دەزانن،  ئەو ئەڵقە لە پەنجە نەكەن و ئاوڕ لەو جۆرە عورف و عادەتە نەدەنەوە، چونكە عورف و عادەت لە كاتێكدا كاری پێدەكرێت كە هیچ تیكگیرانێكی لە گەڵ شەرعدا نەبێت، ئەگەریش كەسێك هەر ویستی بیكات، یەكەم  بۆ ماوەیەكی كاتی بیكات و یەقینیشی وا بێت كە ئەڵقە و هیچ شتێكی تر نابێتە مایەی نە كامەرانی نە ناخۆشی ژیانیان، هەروەها بزانێتیش كە ئەو كارەی بەپێی قسەی گەورە زانایانی ئەم سەردەمە بەلای كەمەوە مەكروهە و ناپەسەندە، تۆیش هیچ ناچار نیت كارێكی مكروه و ناپەسەند ئەنجام بدەیت.

ئەمەش كە باسمان كرد لێرەدا تایبەتە بەو ئەڵقەی كە هاوسەران لە دوای مارەبڕین و هاوسەرگیری لەدەستی دەكەن، كە وتمان وازلێ هێنانی باشترە، جیاوازە لە مەسەلەی ئەموستیلە ئەوەیان درووستە بەكاربهینرێت و لە پەنجە بكرێت بەمەرجێك ئاڵتون نەبێت بۆ پیاوان و هیچ بیروباوەڕێكی پێوە نەبەسترێت، ئەوەشی لە قسەی زانایان دەردەكەوێت بەكارهێنانی ئەموستیلە یان كلكەوانە ڕێگەپێدراوە بەڵام سوننەت نییە، مەگەر بۆ كەسێك كارێكی پێی هەبێت بۆ نموونە مۆر بێت و كاروباری فەرمی خۆی پێ ڕاپەڕێنێت، ئەگەرچی لەم سەردەمەی خۆماندا ئەنگوستیلە وەكو مۆر بەكارنایەت لە چەشنی ئەو ئەنگوستیلەی كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە پەنجەی دەكرد و نووسراوە فەرمییەكانی پێ مۆردەكرد كە بۆ شوێنانی دەنارد.

دووەم: سەبارەت بە جلی بوكێنی كە جلێكی سپییە و تایبەتە بە كاتی گواستنەوەی بووك، وەكو جلەكە ئەگەر مەرجەكانی حیجابی شەرعی تێدا هەبێت، درووستە و كێشەیەكی نییە، بەڵام بە ڕەچاوكردنی چەند مەرجێك:

1- نابێت بە شێوەیەك تەماشای ئەو جلە بكرێت وەكو ئەوەی هەر دەبێت بپۆشرێت و مۆركێكی پیرۆز وەربگرێت، بەڵكو عادەتێكە عادەتیش ئەگەر لەگەڵ شەرعدا تێكنەگیرێت ڕێگەپێدراوە ئەنجام بدرێت.

2- نابێت ئەو ئافرەتەی دەیپۆشێت لە جێگەیەكدا بێت پیاوان تەماشای بكەن، چونكە ئەگەر مەرجە شەرعییەكانیشی تێدا هەبێت، زۆر جار بەلای كەم جۆرێك لە زەخرەفە و شێوازی سەرنج ڕاكێشانی تێدایە بۆ پیاوان ئەوەش نادرووستە.

3- سەبارەت بەوەی كە ئەو پۆشاكە لە بنچینەدا تایبەتە بە بێ باوەڕان، زانایان لەو بارەوە دەڵێن لەو ڕووەوە ئاساییە چونكە ئەو حوكم و حاڵەتە بوونی نەماوەو ئێستا ئەو پۆشاكە تایبەت نییە تەنها بەبێ باوەڕانەوە و موسوڵماناننیش دەیپۆشن، تەنها ئەوە دەمێنیت كە واجبە بە پێی مەرجەكانی حیجابی ئیسلامی بێت و داپۆشەر و فراوان بێت و تەسك و تەنك و بە شێوەیەك نەبێت زۆر سەرنج ڕاكێش بێت.

4- لە ڕووی ئەمانەتەوە دەبێت ئەوەش بوترێت كە هەندێ لە زانایانی ئەم سەردەمە دەڵێن درووست نییە ئەو پۆشاكە لەبەر بكرێت چونكە دواجار پۆشاكی بێباوەڕوانە و موسوڵمان دەبێت خاوەنی كەسایەتی بەهێزی خۆی بێت و شانازی بەدینی خۆیەوە بكات و نەچێتە ژێر كاریگەری و عادەت و نەریتی بێ باوەڕوان و جولەكە و نەساڕاكان، بۆیە شەرعیتر و چاكتر ئەوەیە بە پۆشاكێكی جوان و شەرعی ئەو بۆنەیە بەرێی بكەن، نەك ئەوەی تەقلیدی ئەو نەریتە بكەن.

5- ئەگەر بێت و پۆشاكەكە ناشەرعی بێت و بەشێك لە جەستەی ئافرەتەكەی  پێوە دەركەوێت یان تەسك بێت و ئەندامەكانی جەستەی دەربخات لەو حاڵەتەدا بەهیچ شێوەیەك درووست نییە، تەنانەت ئەگەر تەنها ئافرەتانیش تەماشای بكەن و پیاوان نەیبینن هەر درووست نییە و حەڕامە.

سێیەم: مەسەلەیەكی تریش هەیە بەباشم زانی لێرەدا ئاماژە بەوەش بكەین ئەویش پۆشینی پۆشاكی ڕەشە بۆ ئافرەت، ئایا واجبە حیجاب و پۆشاكی شەرعی هەمیشە ڕەش بێت، وەڵامیش ئەوەیە نەخێر مەرج نییە ڕەش بێت و بەڵگەیەكی شەرعی لەو بارەوە نەهاتووە، دەكرێت هەر ڕەنگێك بیت بەڵام سەرنج ڕاكێش و وروژێنەر نەبێت، لە فەرموودەیەكدا هاتووە أم سلمة ی دایكی ئیمانداران الله لێی ڕازی بێت فەرموویەتی:  (لَمَّا نَزَلَتْ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ خَرَجَ نِسَاءُ الْأَنْصَارِ كَأَنَّ عَلَى رُءُوسِهِنَّ الْغِرْبَانَ مِنْ الْأَكْسِيَةِ) باسی ئەو كاتە دەكات كە ئەو ئایەتە دابەزیوە ئافرەتانی أنصار دەرچوون و دەتوت قەلە ڕەش بەسەریانەوە نیشتووەتەوە، مەبەستی ئەوەیە كە جل و سەرپۆشەكانیان ڕەش بووە. بەڵام بەگشتی مەرج نییە هەر رەش بێت ئەگەرچی ڕەنگی ڕەش لەوانەیە گونجاوترین ڕەنگ بێت بۆ ئافرەتی موسوڵمان كە بیپۆشێت و لە چەندین ڕووەوە ڕەنگی ڕەش لە ڕەنگەكانی تر باشتر و گونجاوترە.

سەبارەت بە پۆشینی جلی ڕەش لەسەر مردوو ئەوە ئەسڵێكی نییە ئەگەرچی هەندێ لە زانایان ڕێگەیان داوە بۆ ئافرەت بیپۆشێت بەبۆنەی مردنی مێردەكەی، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەو ئافرەتەی كە كەسێكی نزیكی دەمرێت تا سێ ڕۆژ دەتوانێت (حداد) واتە ماتەمینی و خەفەتبار بێت و لەو ماوە جلی جوان و سەرنج ڕاكێش نەپۆشێت و كل و بۆنی خۆش بەكار نەهێنیت، بەڵام ئافرەت بۆ مێردی كە وەفات بكات دەبێت ئەو حاڵەتە كە لە شەرعدا (حِداد یان( إحداد) ی پێ دەوترێت،  چوار مانگ و دە ڕۆژی پێ بچێت وەكو لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە:(لَا يَحِلُّ لِامْرَأَةٍ تُؤْمِنُ بِاللهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ أَنْ تُحِدَّ فَوْقَ ثَلاثَةِ أَيَّامٍ، إِلا عَلَى زَوْجٍ أَرْبَعَةَ أَشْهُرٍ وَعَشْرًا) صحیح مسلم: (1490). و الله أعلم.

 

 

حوكمی ئامادەبوونی ئافرەتان بۆ نوێژی جەماعەت:2

بە كۆمەڵێك مەرج و ڕێوشوێن، ئافرەتان لە ڕووی شەرعەوە ڕێگەیان پێدراوە بچنە نوێژی جەماعەت لە مزگەوت، لەوانە ئەو فەرموودەی كە لە سەحیحی مسلم دا هاتوە: ( إِذَا اسْتَأْذَنَكُمْ نِسَاؤُكُمْ إِلَى الْمَسَاجِدِ فَأْذَنُوا لَهُنَّ ) واتە ئەگەر ئافرەتەكانتان داوای مۆڵەتیان لێ كردن بۆ ڕۆیشتن بۆ مزگەوت ڕێگەیان پێ بدەن و فەرموودەی تریش هاتووە لەو بارەوە.

ئافرەتانی هاوەڵان الله لێیان ڕازی بێت، كە ئامادەی نوێژی بەیانی دەبوون، دەموچاویان دەشاردەوەو كەس ئەوانی نەدەناسی، واتە بە حیجابێكی شەرعی تەواو و بەبێ بەكارهێنانی بۆن و كۆمەڵێك ڕێوشوێن و (إحتیاطات) ی تریان دەكرد ئەوجا دەڕۆیشتن، لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی نوێژی  ئافرەتان لە ماڵی خۆیان لە مزگەوت باشترە و خێری زۆرترە.

 كاتێك أم حميد ی هاوسەری أبي حميد الساعدي هاتە خزمەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و وتی یا رسول الله پێم خۆشە لەگەڵ تۆ لە مزگەوتەكەت نوێژ بكەم، پێی فەرموو من دەزانم تۆ حەز دەكەیت لەوێ نوێژ بكەیت دەتوانیت وا بكەیت، بەڵام نوێژەكەت لە ماڵی خۆت باشترە و خێری زۆرترە، ئیتر ئەویش جێگایەكی لە ئەوپەڕی ماڵەكەیانەوە و تاریكترین شوێنەوە درووست كرد و لەوێ نوێژی دەكرد. رواه أحمد ( 26550 ) . وصححه ابن خزيمة في " صحيحه " ( 3 / 95 ) وابن حبان ( 5 / 595 ) ، والألباني في " صحيح الترغيب والترهيب " ( 1 / 135 ) .

دایكمان عائیشە الله لێی ڕازی بێت وەكو لە صحیح البخاري (1/ 173)داهاتووە دەیفەرموو: ئەگەر پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەوەی بینیبا كە ئافرەتان ئێستا دایان هێناوە، ڕۆیشتنی مزگەوتی لێ قەدەغە دەكردن وەكو چۆن چوونە مزگەوت لە ئافرەتانی بەنی ئیسرائیل قەدەغە كرا.

جا ئەگەر عائیشە الله لێی ڕازی بێت لەو سەردەمە وایفەرمووبێت ئێمە ئێستا بڵێین چی؟ بە هەر حاڵ و بە كورتی ئافرەت ئەگەر مەرجە شەرعییەكانی لە خۆیدا درووست كرد دەتوانێت بچێتە مزگەوت و نەچوونیشی باشترە و خێریشی زۆرترە، ئەمەش مەرجەكانە بە پێی ئەوەی لە بەڵگەكانی سوننەتدا باس كراون و یەكێك لە زانایان دەیخاتە ڕوو:

1- ڕۆیشتنی بۆ مزگەوت نەبێتە مایەی هیچ مەترسییەكی فیتنە و گوناهباری.

2- ڕۆیشتنەكەی هیچ مەسەلەیەكی ناشەرعی و ناپەسەندی لێ نەكەوێتەوە.

3- ڕێگەی ڕۆیشتن و گەڕانەوەی لە گەڵ ڕێگەی پیاواندا نەبێت و ناچاری تێكەڵ بوون لەیەكتر نزیك بوونەوە نەبن.

4- هیچ عەتر و بۆنێكی خۆش بەكارنەهێنێت و نابێت پێشتریش بەكاری هێنابیت و بۆنە مابێتەوە.

5- ئەبێت بەتەواوی خۆی داپۆشیبێت و مەرجەكانی حیجابی شەرعی تێدا بێت.

6- لە دەرگایەكی تایبەت بە ئافرەتانەوە بچنە مزگەوت و لێی دەربچن.

7- دەبێت جێگای نوێژیان لە گەڵ جێگای پیاواندا نەبیت و بەینیان هەبێت و ئافرەتان لە كاتی دەرچووندا پێش بكەون و پیاوان چاوەڕێی دەرچوونی ئەوان بكەن.

هەمو كەسێك دەزانێت ئەم مەرجانە لە ئێستادا زۆر ئەستەمە درووست بیت و لە ڕاستیدا نەڕۆیشتنی ئافرەتان بۆ مزگەوت باشترە لە ڕۆیشتنیان، بەڵام ئەگەر هەر ڕۆیشت دەبێت مەرجەكان جێبەجێ بكات لەو كاتەدا كەس ناتوانێت ڕێگری لێ بكات، بەڵام دواجار هەر دەبێت بە ئیزن و ڕێگە پێدانی سەرپەرشتیارەكەی بڕوات.

مەسەلەیەكی تری گرنگیش ئەوەیە ئەگەر ئافرەت لەشەرعدا بۆ ماڵی الله تعالی كە مزگەوتە و بە هەموو پیرۆزییەوە، ئەو هەموو مەرجەی بۆ ئافرەت  لەسەر دانراوە و دواجاریش نەڕۆیشتنی باشتر بێت، ئایا بۆ جێگەی تر كە سەرەڕای ئەوەی بە هۆكاری وانە خوێندن و كاری ئیسلامی و بانگەواز و زۆر هۆكاری تر دەردەچێت و تێكەڵی پیاوان دەبێت و تووشی فیتنەی دەكات و هەندێ جار سروشتی ئیشە (ئیسلامییەكەی) وایە دەبێت لەگەڵ پیاواندا بێت، یان چەندین سەرپێچی شەرعی تر ڕەنگە لە خۆ بگرێت، ئایا حوكمی ئەوە چی بێت جگە لەوەی ئەویش نەڕۆیشتنی باشتر بێت، ئەمە ئەگەر حەرامیش نەبێت، چونكە لە ئیسلامدا جگە لەوەی دەبێت كارەكە خۆی موافیقی شەرع بێت، هاوكات دەبێت ئەو هۆكارەش كە پێی ئەنجام دەردێت شەرعی بێت و ئەو ڕێگەو جێگەش كە ئەو عیبادەتە یان ئەو كارە ئیسلامییەی تێدا ئەنجام دەدرێت پێویستە ئەویش هەر شەرعی بێت و پێچەوانەی حوكمەكانی قورئان و سوننەت نەبێت.[1]

 



[1] پرسیار: ئایا قورئان خوێندنیش لای مامۆستای پیاو دروست نیە ئەگەر بەدەنگیشەوە نەبێت هەرخوێندنەوەی ئاسایی بێت ؟ وەڵام: سەبارەت بە خوێندنی ئافرەت لەلای پیاو، لەبەر ئەوەی پیاو  هەركێ بێت دوا جار بەشەرەو مەلائیكەت نییە، بە هیچ شێوەیەك بەباشی نازانم، مەگەر بەهەندێ مەرجی قورس نەبێت، زۆرێك لەو زانایانەی متمانە بەزانست و عەقیدەیان دەكرێت لەسەر ئەم بۆچوونەن، ئەگەر ڕێگەشیان دابێت بەمەرجەوە بووە وەكو ئەوەی ڕاستەوخۆ بەرانبەر نەبن و مەسەلەی تەمەن و شتی تر.

سەبارەت بە بانگ و ئیقامە كردن ئافرەت بیكات و پیاوان بیبیسن ئەوەیان بە هیچ شێوەیەك درووست نییە بەڵگەشی لەسەر زۆر هەیە وەكو  (ليس على النساء أذان ولا إقامة). و زانایانیش زۆر جەختیان لەسەری كردووەتەوە، بەڵام ئەگەر بانگ و قامەتی ئافرەت بۆ ئافرەت بوو لەناو خۆیاندا پیاو دەنگی نەدەبیست ئەوەیان هەندێ لە زانایان دەڵێن هەر لەسەر ئەسڵەكە دەڕۆین كە ئافرەت بانگ و ئیقامەی لەسەر نییە و هەندێ لەزانا گەورەكان وەكو شافیعی و أحمد فەرموویانە بیكات ئاساییە و نەشیكات هەر ئاساییە و الله أعلم.

ئەگەر زانستی شەرعیت نەبێت لافاوی گومڕایی ڕاتدەماڵێت:3

 

يەكێك لە گەورەترین ئەو كێشانەی كاریگەری خراپ لەسەر ئافرەتی موسوڵمان درووست دەكات وناهێڵێت وەكو پێویست بە ڕۆڵی خۆی هەڵبسێت، كەمی زانستی شەرعییە، چونكە هەر ئافرەتێك زانستی شەرعی  نەبێت، یان سەرەتایەكی كەمی لێ بزانێت ولەو ئاستەدا بوەستێت، لە ژیانیدا تووشی سەدان كێشەی جۆراوجۆر دەبێت كە بۆ دونیا و دواڕۆژی بەزیان بەسەریدا دەشكێتەوە، بۆیە لێرەدا گرنگی ئەو باسەت لە چەند خاڵێكدا بۆ دەخەمەڕوو، بەو هیوایەی كە كاریگەرییەكی باشت لەسەر دروست بكات و ببێتە مایەی هەنگاوی كردەیی:

1- وەرنەگرتنی زانستی شەرعی لە فەزڵ و گەورەیی ئەو بوارە مەزنە بێ بەش و مەحرومت دەكات، الله عزوجل فەرموویەتی: ( قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لا يَعْلَمُونَ )الزمر:9.

پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (مَنْ يُرِدِ اللَّهُ بِهِ خَيْرًا يُفَقِّهْهُ فِي الدِّينِ) . البخاري (71) ، ومسلم (1037). واتە: كەسێك الله تعالی خێری ئەوی بویت لە دینەكەیدا شارەزای دەكات.

2-  لە ڕێگەی بەدەست خستنی زانستی شەرعی، ترس و بەمەزن تەماشاكردنت بۆ الله عزوجل زیاد دەكات و زیاتر لە حیكمەتەكانی پەروەردگار لە گەردوندا تێدەگەیت وتێڕامان پەیدا دەكەیت، چونكە وردبوونەوە لە ئایەتەكانی قورئان وسوننەت، نهێنییەكانت بۆ ئاشكرا دەكات و پەردە لەسەر چاوەكانت لا دەبات بۆ بینینی زۆر حەقیقەت كە جەهل  دەبێتە ڕێگر لە بینینی.(إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ) فاطر:28.

3- ئەسڵی زانستی شەرعی ئەوەیە كە بە تێگەیشتنی  مەنهەج وئایەتەكانی قورئان و سوننەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەردەگیرێت. مانگێك لە تەمەن و كاتی خۆت بۆ فێربوونی زانست تەرخان بكە هەر وەكو نموونەو تاقیكردنەوەیەك بۆ گرنگی و كاریگەری زانستی شەرعی لە ژیانتدا وتەماشای شوێنەوارو كاریگەری بكە، لەو ماوەیەدا بە شێوەیەكی زانستی ولەسەرچاوەی متمانە پێكراو، بە وردی  واتاو تەفسیری سوڕەتەكانی الفاتحة وأیة الكرسي وكۆتاییەكانی سوڕەتی البقرة و آل عمران وهەروەها سورەتی  النور والأحزاب و الكافرون والإخلاص و هەروەها كتێبی (الأربعین النوویة) بە شەرحەوە بخوێنە و دیراسەیان بكە، یان وەكو وانەی دەنگی لە زانایان بیبیسە، دڵنیام ئەوە دەرگای زانستی شەرعیت بە فراوانتر بۆ واڵا دەكات وچێژ لە زانست وەردەگریت ودوای ئەوە باقی تەمەنت لە فێربوونی زانست دانابڕێی.

4- ئێمە لە سەردەمی فیتنەی دین و دونیادا دەژین، دینمان لە پێناو دونیاماندا لە مەترسیدایە، خەڵكی بە شێوەیەكی گشتی وەكو مەست و بێ ئاگان، بەكۆمەڵ بەرەو مەرگی خۆیان دەڕۆن و لە هیچ پەند وەرناگرن، فیتنە لە هەموو لایەكەوە ڕووی تێكردووین و مەگەر بە دوو چەك بتوانیت رووبەڕووی ئەو فیتنەیە ببیتەوە:

یەكەم: چەكی ئیمان و دوعاكردن وشانازیكردن بە دینەكەت وبەردەوام بوونی پەیوەندیت بە عیبادەت لەگەڵ الله تعالی.

دووەم: چەكی زانستی شەرعی كە لە گومڕابوون و لە خشتەچوون و هێزی لافاوی جاهیلییەت دەتپارێزێت. لەم بارەوە (كتێبی عودة الحجاب) ی محمد اسماعیل المقدم كتێبێكی باشە بخوێنرێت.

5- ئێستا ستراتیجی دژایەتیكردن لەلایەن دوژمنانی ئیسلام  بەراورد لەگەڵ سەردەمانی پێشوودا گەلێك  جیاوازە، ئێستا بەهیزترین ڕێگاكانی گومڕاكردن لەم سەرەدەمەدا ڕاگەیاندنەكانە كە شەوو ڕۆژ سەرقاڵی تێكدانی ڕەوشتی گەنجن لە كوڕان و كچان و خەڵكی بە بە شێوەیەكی گشتی ، هەروەها ئەوان لە ڕێگەی هەزاران دەزگای پسپۆڕەوە، سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی گومانن لە هەموو بوارەكانی دین و ژیندا، ئەوەش دەردێك و پەتایەكی كوشندیەیە ڕاستەوخۆ تووشی ئەوانە دەبێت كە مەناعەی زانستی شەرعییان نییە، بۆیە كات بە فیڕۆ مەدە و لە تەفسیری سوڕەتی الفاتحة و سێ سوڕەتی كۆتایی قورئانەوە دەست پێ بكە و زۆر لە گەڵیاندا بوەستە، ابن القیم تەنها لە سەر  سورەتی الفاتحة سێ بەرگی نووسیوە (مدارج السالكين بين منازل إياك نعبد وإياك نستعين).

6- زانستی شەرعی بۆ ئافرەت وەكو ڕوناكییەكە نەك تەنها لەم زەمەنە تاریك وجەنجاڵەدا بەرچاوو دەوروبەری خۆی پێ ڕوناك دەكاتەوە، بەڵكو ڕۆشنایی دەبەخشێت بە زۆرێك لەوانەی نزیكین وەكو دایك و باوك ومناڵ وهاوڕێ و خزمەكانی، بەڵكو دەتوانێت  هۆكارەكانی ئەم سەردەمە بۆ بڵاوكردنەوەی زانست بەشێوەیەكی شەرعی بقۆزێتەوە وخێروزانستەكەی بە خەڵكانێكی زۆر بگەیەنێت:( قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لا يَعْلَمُونَ ) الزمر:9. ئەوەش بزانە كاركردن بۆ ئیسلام سەروەری وشەرەفێكی گەورەیە بەبێ زانست پێت ناكرێت، ئاكام ودەرەنجامیش تەنها لەلای الله یە و تۆ لەوە بەرپرس نیت.

7- ئافرەت لە بواری عەقیدەو بیروباوەڕدا ناتوانێت بەو شێوە هەڵسوكەوت بكات كە الله پێی ڕازییە وناشتوانێت لە زۆر سەرپێچی بیروباوەڕ كە ئەمڕۆ باوە و لە واقیعی ژیاندا ئاسایی بووەتەوە خۆی بپارێزێت، بەڵكو زۆر جار كەمیی زانستی شەرعی وای لێ دەكات ببێتە ئامراز ویارمەتیدەر بۆ چەندین كاری پێچەوانە لە گەڵ تەوحید و بنەماكانی بیروباوەڕدا.

* كە ئافرەت بە شێوەیەكی زانستی و بەبەڵگەوە هەڵوەشێنەرەوەكانی (لا إله إلا الله) نەزانێت، وئەویش وەكو زۆربەی مەلاكان و كەسایەتییە ئیسلامییە مۆدێرنەكان وابزانێت (لا إله إلا الله) تەنها ڕستەیەكە و بیڵێیت ئیتر بەهەشتت بۆ خۆت مسۆگەر كردووە!  ئیتر چۆن بتوانێت خۆی لەو هەڵوەشێنەرەوانە بپارێزێت؟

* كە ئافرەت سیفەت و خەسڵەتی فیرقە گومڕاكان نەزانێت، نیشانەی تاقمەكانی خەواریج و ئەشاعیرە و موعتەزیلە و عەقلانی و قورئانی و گومڕا هاوچەرخەكان نەزانێت، كاتێك دەزانێت بێ ئەوەی بەخۆی بزانیت چووەتە نێویانەوە و بووەتە هەڵگری بیروبۆچوونێكی ئەوان یان لەبنەمایەكی عەقیدەدا دژ بە ئەهلی سوننەت و جەماعەت بووەتەوە و باوەڕیشی وایە لەسەر حەق و ڕێگای ڕاستە!

* كە ئافرەت سنوورەكانی (الولاءوالبراء) نەزانێت و لە قورئان و سوننەتەوە دیراسەی نەكردبێت هیچ سەیر نییە بە جۆرەها بیانوو و ناوی جیاوازەوە نەبێتە هاوسۆز وپەیوەندی تۆكمەو كاركردنی نەبێت لەگەڵ نەیارانی دینەكەیدا بە تایبەتی ئەوانەی كە لەدەرگای دۆزەخدا لە بۆسەدان بۆ جاهیلەكان مەسەلەكەی بۆ ئاسان و جوان دەكەنەوە،  نەشارەزایی لە عەقیدە لەم سەردەمەدا ڕێگای سەرلێ تێكچوون و ونكردنی هیدایەتە، زۆرینەش قوربانی ئەو كەمتەرخەمییەن. لەم بارەوە كتێبی (الولاءوالبراء) القحطاني بە سوودە بخوێنرێتەوە.

* كە ئافرەت ناوو سیفەتەكانی الله نەزانێت، چۆن بە دوورخستنەوەو جێبەجێنەكردنی شەرعەكەی ڕادەچڵەكێت وچجای كار بۆ جیبەجێكردنی بكات. عەرەب دەڵێن: (فاقد الشئ لا یعطیه) كەسێك كە شتێكی نەبێت چۆن بیبەخشێت؟! لەم بارەوە كتێبی (تحكیم القوانین) ی محمد بن إبراهیم گرنگە بخوێنرێتەوە.

 بۆ ناسینی ناوو سیفەتەكانی الله تعالی كتێبی: (النهج الأسمى في شرح أسماء الله الحسنى)ی محمد النجدي وكتێبی (القواعد المثلی) ی ابن عثیمین بخوێنەوە بە سوودە.

8- لە بواری شەریعەت و حەڵاڵ وحەرام و سنوورەكانی ئیسلامدا كە دیاری كردووە بۆ ژیانی تاك وخێزان و كۆمەڵگا، ئەگەر شارەزای فیقهی ئیسلامی نەبێت بەبەڵگەكانییەوە هیچ نەبێت لە بابەتە سەرەكییەكاندا، دیسان دەبێتە كەسێكی بێ دەسەڵات و بێ كەسایەتی زانستی، هەركێ بێت دەتوانێت قەناعەتی بەشتێك پێ بكات، چونكە خۆی هیچ بنچینە و بنەمایەكی تۆكمەی نییە كە بە هۆیەوە فریو نەدرێت و لە خشتە نەبرێت. كتێبی (مختصر الفقه الإسلامي)ی التویجري كتێبێكی پوختەیە لە عەقیدە و فیقهدا بە سوودە بیخوینیتەوە.

9- ئەگەر عیبادەت بە ناشارەزایی وبەبێ هەبوونی زانستی شەرعی ئەنجام بدەیت، بێگومان دەكەویتە داوی ئەوانەی لەناو كورددا بەردەوام بیدعە جوان دەكەنەوە و بەرگری لێ دەكەن وساڵانێكە بە بەهانەی جۆراوجۆرەوە دیندارییان لە خەڵكی تێكداوە وایان تێگەیاندوون كە بیدعە جۆری هەیە و جۆرە باشەكەی نەك هەر حەرام نییە بەڵكو زۆر پێویستیشە بۆ وەرگیرانی عیبادەت، كە ئەوەش بوختانە  بۆ شەریعەتی ئیسلام دەكرێت، ئەگەر زانستی شەرعی و شارەزایی باشت لە سوننەتدا نەبیت تووشی بیدعە و لادان لە سوننەت دەبیت و بیدعەش دەردێكی ترسناك وكوشندەیە تووشی دینداری موسوڵمانی بێ زانست و دەمارگیر دەبێت ودەیشێوینێت، زانستی شەرعی لەو دەردە كوشندەیە ڕزگارت دەكات. زۆربەی موبتەدیعەكان جاهیلن سەرانیشیان خاوەن بەرژەوەندین و جەهلی ئەو داماوانەیان قۆستووەتەوە.  كتێبی " الإبداع في مضار الابتداع " ی على محفوظ كتێبێكی بەسودە لەم بارەوە.

10- ئەگەر لەبەر هەر هۆكارێك نەتتوانی ئاستی زانستیت بە پێی پێویست ببەیتە پێشەوە، یەكەم بێ هیوا مەبە و با لە هەوڵەكانتدا بەردەوامیت هەبێت، چونكە هەوڵەكەت بۆ خۆی جۆرێكە لە عیبادەت، دووەمیش دەبێت پرسیار بكەیت، بەڵام  لەمەسەلەی پرسیار كردندا دەبێت وریابیت، چونكە ئەگەری زۆر هەیە بە مەبەست و بەبێ مەبەست تووشی بیدعە ولە بیدعە خراپتریش بكرێێت و ڕێگای هەڵەو لە خشتەچوونت بە نرخی ڕێگای ڕاست وهیدایەت پێ بفرۆشنەوە. سایتی (الإسلام سؤال وجواب)  ی محمد صالح المنجد سایتێكی باشە بۆ وەرگرتنی وەڵامی زۆر پرسیاری شەرعی.

 ئەم سەردەمەی خۆمان بۆ چركەساتێكیش گومانت نەبێت، كە خراپترین سەردەمەكانی ئیسلامە لە هەموو سەدەكاندا، چونكە زۆرێك لەو ژمارە زۆرانەی لە سەرزەویدا ئەمڕۆ موسوڵمانن، لەسەر بنەمای عیبادەت وڕواڵەت نەك لەسەر بنەمای تەوحید وعەقیدە وناسینی ڕێبازو مەنهەج موسوڵمانن، زۆربەیان كۆڵەكە وپایەكانی ئیمان و ئیسلام بە باشی نازانن، ئەگەر بیشیزانن لەیەكیان جیا ناكەنەوە وتێكەڵیان دەكەن.

 زۆربەی زۆریان فەرز و سوننەتەكانی نوێژ و دەستنوێژ بە ڕێكوپێكی نازانن، لە هەموو وڵات و شوێن و قوژبنێكی ئەم سەرزەوییەشدا، بەناو ئیسلامەوە كەسانێكی  گومڕا هەن لەبەر دەرگای دۆزەخدا ڕاوەستاون خەڵكی بۆ بانگ دەكەن، كەسان و لایەن و ڕاگەیاندن و ئامرازگەلێكی زۆر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كراوە و جەهلی موسوڵمانانیش بەدینەكەیان وای كردووە ئەوان ببنە نیچیرێكی زۆر ئاسان بۆ ئەو كەس و لایەن و دەولەتانە و دەرەنجامیش كۆمەڵگایەكی زۆر لە جیهانی ئیسلامیدا پەیدا بووە، بەڕواڵەت  و بانگەشە كۆمەڵگایەكی موسوڵمانە و كە لێیشی  وردەبیتەوە نە عەقیدەی و نە ئائاكاری و نە جێبەجێكردنی بۆ ئیسلام لە موسوڵمان ناچێت، لەو جەنگلستانەدا پاش لوتف و هیدایەت و ڕەحمەتی الله تعالی، تەنها زانستی شەرعی فریات دەكەوێت. ئەگینا دەست لەخۆت بشۆ و بڵێ تیاچووم!

11- لە مەسەلەی زانستی شەرعیدا بەوە فریو مەخۆ كە هەمووی هەر بانگەشەی كیتاب و سوننەت دەكات وخۆی بە ڕاست و غەیری خۆی بە هەڵە دەزانێت! مەسەلەكە بە قسە و بانگەشەكردن نییە، ئەگینا كورد واتەنی كەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە، لە منی وەربگرە، ئەوانەی لەم ڕۆژگارەدا كە بەڕاستەوە لەسەر مەنهەجی قورئان و سوننەتن وئیسلام وەكو خۆی بێ دەستكاری و بۆ زیاد كردن و لێ كەم كردن، باوەڕیان پێیەتی ودەیانەوێت جێبەجێی بكەن،  ڕێژەو ژمارەیان گەلێك كەم و دەگمەنن.

كە بنەماو بنچینەكانی عەقیدە و شەریعەتت زانی ئەگەر تەنها هێڵە پان و بابەتە سەرەكییەكانیشی بێت، ئەو كات بە جوانی دەتوانیت ڕاستگۆ و ناڕاستگۆ لە یەكتر جیا بكەیتەوە، كەس ناتوانێت خۆڵت بە نرخی زێڕ پێ بفرۆشێت و فریوت بدات، ئەگەرنا دەبیتە هاوكار و ئەندام و یارمەتیدەر لەگەڵ ئەوانەدا و خۆیشت بە كەسێك دەزانیت بە باشترین شێوە هیدایەتت وەرگرتووە ولەسەر ڕێگای ڕاستی. بێ زانستی و هەبوونی ئەو ژمارە زۆرە لە گومڕاكەران، جەهلی موڕەكەبت لەلا درووست دەكات: واتە نازانیت و ناشزانیت كە نازانیت، بەڵكو وا دەزانی كە چاكی لێ دەزانیت!

12- لە مەسەلەی گرنگی زانستی شەرعیدا ئافرەتانی سەردەمی پێغەمبەرایەتی بكە بە پێشەنگی خۆت و شانازییان پێوە بكە و شوێن پێیان هەڵبگرە، ئەوان هێندە پەرۆش بوون بۆ فێربوونی زانست، داوایان دەكرد پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕۆژێكی تایبەتیان بۆ دابنێت ئامۆژگارییان بكات و ئەوانیش پرسیاری لێ بكەن، لە فەرموودەكەی بوخاریدا هاتووە: "غلبنا عليك الرجال فاجعل لنا يوما من نفسك، فوعدهن يوما لقيهن فيه فوعظهن وأمرهن، فكان فيما قال لهن: ما منكن امرأة تقدم ثلاثة من ولدها إلا كان لها حجابا من النار، فقالت امرأة: واثنين، فقال: واثنين" صحيح البخاري: 101. واتە ئافرەتان داوایان لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كردووە كە ڕۆژێكیان بۆ تەرخان بكات و ئامۆژگاریان بكات لەبەر ئەوەی پیاوان هەموو كات لەگەڵ خۆشەویستدا بوون علیه الصلاة والسلام، ئەویش لەو ڕۆژەدا ئامۆژگاری كردن و فەرمووی هەركێ لە ئێوە سێ مناڵی بمرێت دەبنە پەرژینێك بۆی لە ئاگری دۆزەخ، ئافرەتێك وتی: ئەی دوو مناڵ؟ ئەویش فەرمووی بەڵێ دوو مناڵیش. سەبارەت بە شارەزا بوون لە ژیانی ئافرەتە هاوەڵەكان الله لێیان ڕازی بێت، كتێبی (صور من حياة الصحابيات) ی عبدالرحمن رأفت الباشا بخوێنەوە.

13 - بۆ ئەوەی ببیتە خاوەن كەسایەتییەكی موسوڵمان، نەك هەر تاكێكی ئاسایی نەرێنی بیت، بۆ ئەوەی خەمی دینەكەت لە دڵتدا هەڵگریت و كاری بۆ بكەیت، بۆ ئەوەی سەرەوری بانگەوازت لەسەر بنەمای كیتاب و سوننەت ودووركەوتنەوە لە گومڕاكان پێ ببڕێت، پێویستت بەزانستە، بۆیە هەمیشە خەریكی قورئان ببە، بەڵام هەركاتێك خەریكی تەجوید بوویت ئەوە بزانە كە تەوحید لە پێشەوەیە با ئەو بابەتە لە پرسە گەورە ئامانجە مەزنەكەی قورئان دوورت نەخاتەوە، دوای ئەوەش لەوە دڵنیابە وردەكاری بنەماكانی ئایین و حوكمەكانی شەریعەت لەناو كتێبەكانی سوننەت و وتەی پێشینان و ئەوانەی كە بەڕاستەوە شوێنكەوتووی ئەوانن دەست دەكەوێت.

 14- ئەم چەند دێڕەی سەرەوە لە لایەن بەندەی هەژار، بانگەوازێكی سنووردارە بۆ قەبرو قیامەتی خۆیو تكاكارە ببێتە پاداشت بۆی، بەڵگەیەكیشە بەسەر تۆی ئافرەتی  بەڕێزەوە كە دەبێت خەمی فێربوونی زانست بە باشترین شێوە بخۆی بۆ ئەوەی سەربەرزی دونیا و بەختەوەری دواڕۆژی پێ بەدەست بهێنیت.

تەوحید بكە دروشمی ژیانت:4

 

تەوحید بكە بەو دروشمەی لە درێژایی ژیانتدا بەرزی بكەیتەوە و لە هەموو  قۆناغ وهەنگاوێك لە هەنگاوەكانی تەمەنتدا لە ناخت و لە پێش چاوت و لە هەموو كردەوەكانتدا ئامادە بێت و ڕەنگ بداتەوە، هەرچییەكت لە ژیانتدا ئەنجامدا، سەرەتا دڵنیابە لەوەی هیچ تێكگیرانێكی لە گەڵ ئیمان و تەوحیدو عەقیدەی ئیسلامدا نەبێت، ئەگەر هەیبوو دەبێت وەكو ئافرەتێكی موسوڵمان دوورترین كەس بیت لێی، بەڵام! ئەوە بزانە تاكو تەواو لە تەوحید شارەزا نەبیت و نەبیتە فێرخوازی زانستی شەرعی و لە پێناویدا ماندوو نەبیت، شارەزای سنوورەكانی نابیت، تاكو بزانیت بەزاندووتە یان نا؟ بۆ ئەوەی تەوحید بپارێزیت دەبێت لە تەوحید و بیروباوەڕی ئیسلامی شارەزا بیت، لەم بەشەدا و لە ڕۆشنایی قسەی ئەهلی عیلمدا چەند ئامۆژگارییەكی سەرەتاییت لەو بارەوە ئاراستە دەکەم:

1- لە هەموو عیبادەت و كردەوەیەكی باشتدا بیرت لەلای تەوحید و بیروباوەڕ بێت ونیەتت لە نجامدانیدا تەنها و تەنها بۆ الله پاك بكەرەوە: (وَمَآ أُمِرُوٓاْ إِلَّا لِيَعْبُدُواْ ٱللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ ٱلدِّينَ حُنَفَآءَ وَيُقِيمُواْ ٱلصَّلَوٰةَ وَيُؤْتُواْ ٱلزَّكَوٰةَ ۚ وَذَٰلِكَ دِينُ ٱلْقَيِّمَةِ). البینة: 5.

2- شوێنكەوتنی سوننەت وموتابەعەكردنی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم ودووركەوتنەوە لە هەموو جۆرە بیدعەیەک لە عیبادەتدا، بەشێكە لە عەقیدەو بیروباوەڕی موسوڵمان ودەبێت ئەوە بەدین و ئیمان بزانیت، شوێنكەوتنی سوننەت بەشێكە لە عەقیدە و دووركەوتنەوە لە بیدعەش بەهەمان شێوە: (من أحدث في أمرنا هذا ما ليس منه، فهو ردٌّ) رواه البخاري ومسلم.

3- لە جۆرەكانی شیركی گەورەو بچووك خۆت بپارێزە، پێویستە بە شێوەیەكی زانستیش لەو بوارەدا شارەزا بیت، بەلای كەم كتێبی (التوحید الذي هو حق الله علی العبید) بە وردی و وردبوونەوە لە واتاو بەڵگەكانی بخوێنیتەوە. لەم سەردەمەدا جۆرەكانی شیركی گەورە لە سەردەمانی پێشوو زۆرتر بووە و نەشارەزایی خەڵكیش لە عەقیدەدا بووە بەهاندەری بڵاو بوونەوەی ئەو جۆرە شیركانە، بۆ نموونە:

* عیبادەت كردن بۆ غەیری الله تعالی، وەكو هاوار كردن بە ئەوانەی پێیان دەوترێت ئەولیا وپیاو چاكان و سوڕخواردن بە دەوری گۆڕەكانیاندا و باوەڕ بوون بەوەی كە ئەوان دوای مردنیان دەتوانن سوود و زیان بە خەڵكی بگەیەنن، ئەوە شیركی گەورەیە و موسوڵمان لە ئیسلام دەردەكات.

* سەربڕین بۆ غەیری الله تعالی بۆ هەر مرۆڤێك بێت یان بۆ جنۆكە، دەبێت بە شیركی گەورە،{قُل إِنَّ صَلاتِي وَنُسُكِي وَمَحيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ العَالَمِينَ. لا شَرِيكَ لَهُ وَبِذَلِكَ أُمِرتُ وَأَنَا أَوَّلُ المُسلِمِينَ} الأنعام: 162 /163.(لعن الله من ذبح لغير الله) رواه مسلم.

* باوەڕ بوون بە ڕاستێتی یان گونجاوی ئەو یاسایانەی كە پێچەوانەی قورئان و سوننەتن بۆ ژیان، یان باوەڕ بوون بەوەی كەسێك جگە لە الله تعالی مافی ئەوەی هەیە شەریعەت و ڕێبازێك بۆ خەڵكی دابنێت لەسەری ڕێبكەن و ژیانی خۆیانی لەسەر ڕێكبخەن و پێچەوانەی قورئان و سوننەتیش بێت ئەوە شیركی گەورەیە.

* ڕۆیشتن بۆ لای ساحیر و جادوباز و فاڵچی بۆ ئەوەی سیحرو فاڵ بۆ ئەو كەسە بكەن وكێشەی بۆ چارەسەر بكەن و خەڵكی لەلا خۆشەویست بكەن یان هەر ئیشێكی بۆ بكەن، ئەوە شیركی گەورەیە و موسوڵمانی پێ لە ئیسلام دەردەچێت.

{وَمَا كَفَرَ سُلَيمَانُ وَلَكِنَّ الشَّيَاطِينَ كَفَرُوا يُعَلِّمُونَ النَّاسَ السِّحرَ َ} البقرة: 102.

(من أتى كاهنا أو عرافا فصدقه بما يقول فقد كفر بما أنزل على محمد) رواه أحمد (صحيح الجامع (5939)).

 * خۆشەویستی ڕادەبەدەر وتوانەوە لە خۆشەویستی كەسێكدا، یان لایەن و حیزب و تەوژم و ڕژێم و هەر شتێكدا مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت ببێتە شیركی گەورە بەتایبەتی ئەگەر ئەو كەس و لایەن وكەسایەتی و...هتد فەرمانی بە خراپە پێ بكات و ئەویش لەبەر خۆشەویستییەكەی گوێڕایەڵی بێت: {وَمِنَ النَّاسِ مَن يَتَّخِذُ مِن دُونِ اللَّهِ أَندَاداً يُحِبٌّونَهُم كَحُبِّ اللَّهِ وَالَّذِينَ آمَنُوا أَشَدٌّ حُبّاً لِلَّهِ وَلَو يَرَى الَّذِينَ ظَلَمُوا إِذ يَرَونَ العَذَابَ أَنَّ القُوَّةَ لِلَّهِ جَمِيعاً وَأَنَّ اللَّهَ شَدِيدُ العَذَابِ} البقرة: 165.

لەم بارەوە لە یوتیوب كورتە وانەیەكم هەیە دەربارەی جۆرەكانی شیرك دەتوانن سوودی لێ ببینن:

 https://youtu.be/uxYcKTRnwGM

4- شیرکی بچووک بریتییە لەو کارانەی کە شەرع قەدەغەی کردووە، چونکە دەبێتە هۆکار وڕێگەیەک بۆ شیرکی گەورە، بەڵام ئەنجامدەری لە ئیسلام دەرناچێت، جۆرەکانیشی وەکو ابن القیم فەرموویەتی گەلێک زۆرن، وەکو ڕوپامایی کەم و دەرخستنی هەندێ عیبادەت بۆ ئەوەی خەڵکی بە خاوەنەکەی بزانن وسوێند خواردن بە غەیری الله عزوجل.

5- (لا إله إلا الله) بنچینە وجەوهەری عەقیدەی ئیسلامییە، كێشەی موسوڵمانان لەم سەردەمەدا وەكو ڕستەیەكی ئاسایی و چەند وشەیەكی بەرجەستە نەكراو لە واقیعی ژیاندا وەریانگرتوە، بێباوەڕانی قوڕەیش زۆر چاكتر لە زۆرێك لە موسوڵمانانی ئەم سەردەمە لە واتا و مەرج و ڕەهەندەكانی تێگەیشتبوون، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ڕازی نەدەبوون بیڵێن! كاتێكیش كە دەیانوت ئیتر هەموو ژیانیان گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دەهات ودەبوون بە هەڵگری پەیام ی (لا إله إلا الله) و دەبوون بە كەسێكی تر و توانای چاكسازی وبەرگریکردنان لە خۆیان و لە موسوڵمانان بەو (لا إله الا الله) پەیدا دەكرد، ئێستەش لەبەر ئەوەی لا إله الا الله لە واتاو ڕەهەندەكانی خاڵی كراوەتەوە، پێویستە جارێكی تر موسوڵمانان بە گشتی و ئافرەتان بەتایبەتی لە پێناسەی ئەو وشە مەزنە حاڵی ببن و لە حەوت مەرجەكانی تێبگەن و كاری پێ بكەن: "ما من عبد قال لا إله إلا الله، ثم مات على ذلك، إلا دخل الجنة" البخاري ومسلم. (من كان آخر كلامه لا إله إلا الله دخل الجنة).

6- بەردەوام لە كاروباری ژیانتدا و لە كرداری ڕۆژانەتدا زمانت لەگەڵ وتنی لا إله إلا الله دا ڕابهینە، چونكە ئەوە ئەگەر لەگەڵ تێڕامان و بیركردنەوە بێت لە واتاكانی، بۆ چەسپاندنی تەوحید و مافەكانی (لا إله إلا الله) كاریگەری هەیە، هەر بۆیە لە فەرمودەی سەحیحدا فەرمانمان پێكراوە ڕۆژانە سەد جار بڵێین: (لا إله إلا الله وحده لا شریك له الملك وله الحمد وهو علی كل شئ قدیر).

7- بەشێكی تری گەورەی عەقیدەو تەوحید تایبەتە بە ئەوەی زانایان بە (الولاء والبراء) لە كتێبەكانی عەقیدەدا باسیان لێ كردووە، واتە خۆشویستن و ڕق لێبوون لە پێناو الله عز وجل، هەركێ ئیماندار بێت و لەسەر ڕێبازی لا إله إلا الله وتەوحید بێت واجبە لەسەر موسوڵمانان خۆشیان بوێت، هەركێ بە پێچەوانەی ئەوە بێت ، واتە ڕقی لە ئیسلام وموسوڵمانان بێت خۆشویستنی درووست نییە و لەگەڵ ئیمان و تەوحیددا تێكدەگیرێت ویەك ناگرنەوە: {يا أيها الذين آمنوا لا تتخذوا عدوي وعدوكم أولياء تلقون إليهم بالمودة}، {يأيها الذين آمنوا لا تتخذوا اليهود والنصارى أولياء بعضهم أولياء بعض ومن يتولهم منكم فإنه منهم). لەم بارەوە پێویستە پرسەكە لە ڕۆشنایی ئایەت و فەرموودەكانی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم وەربگیردرێت، بۆ زیاتر شارەزا بوونی ئەم پرسە کتێبی (الولاء والبراء في الاسلام) ی محمد القحطاني بخوێنەوە کتێبێکی بە سوودە.

8- گەلێك گرنگە و گاریگەری گەورەی هەیە لە بڵاوكردنەوەی تەوحید و عەقیدەی ڕاست و درووستی ئیسلامدا، منداڵت هەر لەسەرەتای تەمەنیانەوە لەگەڵ خۆشویستن و گرنگیدان بە عەقیدە بە وشەو نموونەی ئاسان و قسەی خۆش و بەكارهێنانی سۆزی دایكایەتی خۆت ڕایان بهێنیت، كتێبێكم لەو بارەوە هەیە بەناوی (فێركردنی تەوحید بۆ منداڵان) دەتوانیت سوودی لێ ببینیت.

 

ڕێز لە پێگە و سەنگینی خۆت بگرە:5

هەمیشە ئەوەت لەبیر بێت وبەو هەستەوە ڕەفتار بكە، كە تۆ بوونەوەرێكی جیاواز وڕێز لێگیراویت، گرنگ وپڕ بایەخیت، هەر بۆیە هەموو هەڵسوكەوتێكت لەسەر ئەژمار دەكرێت وكاریگەری وڕەنگدانەوەی لە دەرەوەی خۆتدا هەیە، بەڵگەش لەسەر گرنگیت ئەوەیە تۆ لە هەڵسوكەوت وڕەفتارەكانتدا تەنها نوێنەرایەتی خۆت ناكەیت، بەڵكو وابەستەی ڕێكخرواێكی بەرفراوانی كە بریتییە لە خێزان بەواتا فراوانەكەی، پێویستە هەمیشە پارێزگاری لەو پێگە جوانەی خۆت بكەیت و ویقار  وسەنگینی كەسایەتیت بكەیتە تایبەتمەندی ودروشم ونەخشە ڕێگایەك بۆ ژیانت.

بەسە بۆ گرنگیت، نە چاكە و نە خراپەت ڕەهەندێكی تاكە كەسی نییە و لە ئاستی خۆتدا ڕابوەستێت، واتە ئەگەر چاك بیت وخراپ بیت پرسەكە تەنها پەیوەندی بە خۆتەوە هەبێت، نەخێر، بەڵكو بەچاك بوونی تۆ، خێزان وكۆمەڵگا هەمووی چاك دەبێت و بە خراپ بوونیشت خێزان وكۆمەڵگا هەمووی تێكدەچێت.

بەڵام ئەو پێگە وسەنگینی و گرنگییەت هەمووی بەندە بە دەستگرتن و وابەستەبوونت بە دینەكەتەوە، مەرجەكەی ئەوەیە پێناسەی موسوڵمانیتی بە تەواوی لە خۆتدا جێبەجێ بكەیت: لەسەر عەقیدەیەكی پاك وتەوحیدی تەواو بیت وسنوورەكانی شەرع بپارێزیت و ئەوەش بزانیت دەربڕینی بەرائەت لە شیرك و موشریكان و حاشا كردن لە لادەران ودیاردەكانی لادان لە ئیسلام لەم سەردەمەدا، ئەوەش بەشێكە لە بیروباوەڕو ئیمانەكەت كە بەبێ ئەوە نوقسانە. بەدەر لە جێبەجێكردنی ئەو مەرجانە و هەڵسان بە ئەركەكانی شەرع لەسەرت، نەك هەر نابیتە خاوەنی ئەو كەسایەتی وپێگە سەنگینەی ئاماژەمان پێكرد، بەڵكو  نە دڵ ودەروونت ئاسوودە دەبێت، نە مێشكت لە گومانی خراپ و بۆچوونی ناپەسەند وزیان بەخش سەلامەت دەبێت، دەشبیتە ئامرازێك لە خولگەیەكی دوور لەو پێگەی بۆی درووستكراوی دەخولێیتەوە.

 بەربەرەكانی گەورە لەبەردەمتدا دوای ئەوەی بڕیاری دەستگرتن و وابەستەبوون بە ئیسلام دەدەیت ودەتەوێت ڕێگای بەهەشت بگریتە بەر، ئەوەیە، چۆن ببیتە موسوڵمانێكی باش و ڕەزامەندی الله بەدەست بێنیت ولەسەر الصراط المستقیم ڕێبكەیت؟ بە ڕاشكاویش پێت بڵێم، گرتنەبەری ئەو ڕێگەیەش زۆر ئاسان نییە و جۆرێك لە خۆ یەكلاكردنەوەو ئارام گرتن و گوێنەدانی دەوێت بە جاهیلییەتی هاوچەرخ كە فشارەكانی لەسەرت بە ئەندازەیەك بەهێزە، جگە لە چەكی ئیمان هیچ چەكێكی تر نییە لە ڕوویدا بوەستیتەوە وكاریگەر بێت.

جا بۆ ئەوەی ببیتە خاوەنی ئیمانێكی ڕاست و پتەو، تەوحیدێكی پاك وپاراو، عەقیدەیەكی هەڵقوڵاو لە كیتاب و سوننەت، بۆ ئەوەی بزانیت لە كوێوە دەست پێ بكەیت؟ لە كێ دین وەربگریت؟ لە چی و لەكێ وریا بیت وخۆت بپارێزیت؟ ئەو بنەماو بنچینە و سەوابیتانە چین كە دەبێت بەدەستیان بخەیت بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت لە خشتەت ببات؟ بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی ئەو پرسیارانە وگەیشتن بە مەنزڵگای سەلامەتی، پێویستە  هەوڵ و كۆششی زۆر بدەیت.

لە چوار چێوەیەكی شەرعی و بەرنامە بۆ داڕێژراودا پێویستت بە مامۆستای شارەزا و دڵسۆزی عەقیدە پاك هەیە، پێویستت بە وزەو توێشووی ڕێگا هەیە كە بریتییە لە وەرگرتنی زانستی شەرعی، لە ڕێگەی خوێندنەوە و بیستن و هەر ڕێگایەكی شەرعی تر و دواجار زانستەكەشت ببێتە كردەوە و لە كەسایەتیتدا بەرجەستە بێت وڕەنگ بداتەوە.

 لەم زنجیرەیەدا هەوڵ ئەدەم بە خێرایی و بە پوختی ئاماژەت بۆ بابەتە سەرەكی و هێڵە پانەكان بۆ بكەم، بەڵام دواجار قورسایی ئیشەكە كە مەبەستم پێی وردەكاری و بەدواداچوونەكانە، لەسەر خۆت دەمێنیت.

(وَإِنَّ اللَّهَ لَهَادِ الَّذِينَ آمَنُوا إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ) الحج:54.

له‌ دیاردە‌كانی (نشوز) و یاخی بوونی ئافرە‌ت:6

#چل_پەیام_بۆئافرەتان6

یه‌كه‌م: نكۆڵی له‌وه‌ بكات بچێته‌ لای پیاوه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له‌سه‌ر هاتووه‌ له‌ فه‌رموده‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ صحیح البخاري دا هاتووه‌: (إذا دعا الرجُلُ امرأتَه إلى فِراشِه، فلم تأتِه، فبات غضبانَ عليها؛ لعَنَتْها الملائكةُ حتى تُصبِحَ)؛ متفق عليه.

دووه‌م: به‌ قسه‌نه‌كردنی مێرده‌كه‌ی، بۆ نموونه‌ له‌ ماڵ ده‌رچوون به‌بێ ڕازی بوونی یان سه‌ردانی كردنی كه‌سێك كه‌ مێرده‌كه‌ی پێی ناخۆشه‌، یان هێنانی كه‌سێك بۆ ماڵی خۆی كه‌ مێرده‌كه‌ی پێی ناخۆشه‌، وه‌كو له‌و فه‌رمووده‌دا هاتووه‌ كه‌ لە سەحیحدا ریوایه‌تی كردووه‌: (ولكم عليهن أن لا يوطئن فرشكم أحدا تكرهونه فإن فعلن ذلك فاضربوهن ضربا غير مبرح ولهن عليكم رزقهن وكسوتهن بالمعروف ) رواه مسلم 1218.

سێیه‌م: گوێڕایه‌ڵی نه‌كردنی مێرده‌كه‌ی له‌ چاكه‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ی ڕازی نه‌بێت خزمه‌تی بكات، یان كه‌مته‌رخه‌می له‌ په‌روه‌رده‌ی مناڵه‌كانیدا بكات، یان ڕازی نه‌بێت له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی سه‌فه‌ر بكات، یان ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی بڕیاری ماڵ گواستنه‌وه‌ی دا بۆ جێگه‌یه‌ك ئه‌و هاوڕێتی نه‌كات، ده‌رباره‌ی ئایه‌تی: {الرجال قوامون على النساء} ابن عباس الله لێی ڕازی بێت فه‌رموویه‌تی: پیاوان فه‌رمانڕه‌وان و پێویسته‌ له‌ سه‌ر هاوسه‌ره‌كانیان له‌ چاكه‌دا گوێڕایه‌ڵییان بكه‌ن و له‌ قسه‌یان ده‌رنه‌چن، پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی: (إذا صلت المرأة خمسها، وصامت شهرها، وحفظت فرجها، وأطاعت زوجها، قيل لها: ادخلي الجنة من أي الأبواب شئت) ئه‌حمه‌د ڕیوایه‌تی كردووه، بەڵام شێخ مصطفی العدوي سەنەدەكەی بەلاواز زانیوە‌. واته‌: ئه‌گه‌ر ئافره‌ت پێنج فه‌رزه‌ نویژی خۆی كرد و مانگی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژوو بوو و داوێنی خۆی پاراست و گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی خۆی كرد، پێی ده‌وترێت: له‌ هه‌ركام له‌ ده‌رگاكانی به‌هه‌شته‌وه‌ ده‌ته‌وێت بچۆ ژووره‌وه‌.

چواره‌م: ناشیرین مامه‌ڵه‌ كردن له‌ گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی و زاڵبوون به‌سه‌ریدا به‌ قسه‌ی ناشیرین و بێزاركرن وتووڕه‌كردنی و خراپه‌كردن به‌رانبه‌ر كه‌س و كاری مێرده‌كه‌ی. ابن عباس و غه‌یری ئه‌ویش وشه‌ی الفاحشة یان له‌ ئایه‌تی (لا تخرجوهن من بيوتهن ولا يخرجن إلا أن يأتين بفاحشة مبينة) به‌وه‌ ته‌فسیر كردووه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ قسه‌ی ناشیرین و نابه‌جێی ئافره‌ته‌ به‌ كه‌س و كاری مێرده‌كه‌ی.

پێنجه‌م: له‌ دیارده‌و شێوازه‌كانی یاخی بوون و (نشوز) ی ئافره‌ت ئه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵ ده‌ربچێت به‌بێ مۆڵه‌تی پیاوه‌كه‌ی، یان ده‌رگا له‌سه‌ر مێرده‌كه‌ی دابخات وبۆی نه‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ژووره‌وه‌، هه‌روه‌ها زانایان فه‌رموویانه‌ ئافره‌ت به‌ (ناشز) داده‌نرێت ئه‌گه‌ر خۆی له‌ مێرده‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌ بكات له‌ ڕووی ڕازی نه‌بوونه‌وه‌ نه‌ك له‌ ڕووی نازه‌وه‌، وه‌كو (الخطيب الشربيني) له‌ "مغنى المحتاج" (3/ 259 ط/ دار الفكر)دا فه‌رموویه‌تی: [وَالنُّشُوزُ هُوَ الْخُرُوجُ مِنْ الْمَنْزِلِ بِغَيْرِ إذْنِ الزَّوْجِ لا إلَى الْقَاضِي لِطَلَبِ الْحَقِّ مِنْهُ، وَلا إلَى اكْتِسَابِهَا النَّفَقَةَ إذَا أَعْسَرَ بِهَا الزَّوْجُ، وَلا إلَى اسْتِفْتَاءٍ إذَا لَمْ يَكُنْ زَوْجُهَا فَقِيهًا وَلَمْ يَسْتَفْتِ لَهَا، وَكَمَنْعِهَا الزَّوْجَ مِنْ الاسْتِمْتَاعِ وَلَوْ غَيْرَ الْجِمَاعِ لا مَنْعِهَا لَهُ مِنْهُ تَدَلُّلا، وَلا الشَّتْمُ لَهُ، وَلا الإِيذَاءُ لَهُ بِاللِّسَانِ أَوْ غَيْرِهِ بَلْ تَأْثَمُ بِهِ، وَتَسْتَحِقُّ التَّأْدِيبَ عَلَيْهِ، وَيَتَوَلَّى تَأْدِيبَهَا بِنَفْسِهِ عَلَى ذَلِكَ].

ئه‌م حاڵه‌تانه‌ به‌ (نشوز) دانانرێت:

1- ئه‌گه‌ر ئافره‌ت له‌ كاری ناشه‌رعیدا گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی نه‌كرد، بۆ نموونه‌ پێی وت سه‌رپۆش فڕێبده‌، یان عاره‌ق بخۆ، یان داوای لێكرد هاوڕێتی بكات بۆ جێگایه‌ك كه‌ ناشه‌رعی و تێكه‌ڵ بوونی تێدا ئه‌نجام ئه‌درێت، له‌و حاڵه‌تانه‌دا نه‌ك به‌ گوێنه‌كردنی بۆ قسه‌ی مێرده‌كه‌ی ئاساییه‌و یاخیبوون و(نشوز) نییه‌، به‌ڵكو درووست نییه‌ و گوناهباریش ئه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ی بكات، چونكه‌ (لا طاعة لمخلوق في معصية الخالق) و (إنما الطاعة في المعروف) . به‌ گوێكردنی فه‌رمانی پیاو ته‌نها له‌ كاری شه‌رعیدایه‌ نه‌ك له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا.

2- داوای شتێكی لێ بكات زیانی تێدا بێت له‌سه‌ری، چی له‌سه‌ر دینی یان له‌سه‌ر كه‌سی خۆی.

3- ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌كه‌ ویستی سه‌فه‌رێكی فه‌رز بكات وه‌كو فه‌ریزه‌ی حه‌ج و مێرده‌كه‌ ڕێگری لێ كرد به‌بێ پاساوێكی شه‌رعی، ڕای په‌سه‌ند ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌و گوێڕایه‌ڵی نه‌كردنه‌ی بۆ مێرده‌كه‌ی نابێته‌‌ (ناشز).

4- ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی نه‌كات له‌ بانگهێشت كردنی بۆ كاری شه‌رعی به‌ هۆی نه‌گونجانی كات و شوێن و ته‌ندروستی و هه‌ر هۆكارێكی تری په‌سه‌ند و راسته‌قینه‌ گوێڕایه‌ڵی نه‌كردنه‌كه‌ی به‌ یاخیبوون و (نشوز) دانانرێت.

5- ئه‌گه‌ر ئافره‌ت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌س و كاری مێرده‌كه‌ی بڕییه‌وه‌و هاتوچۆی نه‌كردن به‌ هۆی خراپی ئه‌وان له‌ڕووی پابه‌ند نه‌بوونیان به‌ ڕه‌وشت و بیروباوه‌ری ئیسلامییه‌وه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ نابێته‌ یاخی و (ناشز).

6- گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی نه‌كات كه‌ داوای كارێكی لێ بكات له‌ توانای خۆی قورستروه‌كو ئافره‌ت، یان بۆ سروشتی ئافره‌ت گونجاو نه‌بێت، چونكه‌: (لا يكلف الله نفسا إلا ما آتاها).

7- ئه‌گه‌ر ئافره‌ت مێرده‌كه‌ی ژنی به‌سه‌ردا بهێنیت و بیه‌وێت به‌ زۆر له‌یه‌ك ماڵدا نیشته‌جێیان بكات و ئافره‌ته‌كه‌ به‌وه‌ ڕازی نه‌بێت، نابێته‌ (ناشز) و مافی خۆیه‌تی داوای سوكنای سه‌ربه‌خۆ بكات، مه‌گه‌ر خۆی به‌وه‌ ڕازی بێت كه‌ له‌ یه‌ك ماڵدا پێكه‌وه‌ بژین.

به‌ كورتی هه‌ر كردارێك یان واز لێهێنانێك كه‌ ببێته‌ ‌مایه‌ی زیانێكی دینی یان دونیایی له‌سه‌ر ئافره‌ته‌كه‌ و به‌ قسه‌ی پیاوه‌كه‌ی نه‌كات ئه‌وه‌ یاخی بوون نییه‌ و ئه‌و ئافره‌ته‌ پێی ناوترێت (ناشز) و كاره‌كه‌ی حوكمی (نشوز) ی له‌سه‌ر جێبه‌جی نابێت.

با ناوی مناڵەكانتان موسوڵمانانە بێت:7

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 7 با ناوی مناڵەكانتان موسوڵمانانە بێت لە گەرمەی لێشاوی كاریگەرییە خراپەكانی عەولەمە و بریق وباقی شارستانییەتی مادی ڕۆژئاوادا، خەڵكی بابەتە جێگیرو جەوهەرییەكانی دینەكەیان خەریكە لەبیر دەكەن و بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن، كەوتوونەتە ژێر كاریگەری عەلمانیەت و عەولەمە و ڕاگەیاندنی نەیارەكانی دینەكەیان و ئەوان ئاراستەیان دەكەن. بەداخەوە دەرهاوێشتەكانی جیهانگیری بەرەو تێكدانی فیترەتی خەڵكی لەبرەودایە، یەكێكیش لە دیاردەكانی ئەو تێكچوون و شێوانەش ئەوەیە، موسوڵمانان لە جیاتی ئەوەی ناوی پێغەمبەران وهاوەڵان و ناوی جوانی ناو قورئان و شارستانی ئیسلامی لە منالەكانیان بنێن، بە هەموو لایەكدا وێڵن بەدوای ناوی نامۆ و سەیر و سەمەرە و بێ مەعنا بۆ مناڵەكانیان. نامۆیی و نوێی بوونی ناو بووەتە خولیا وخواستی دایكان و باوكان و بەو شێوە دەیانەوێت خۆشەویستی خۆیان بۆ جگەر گۆشەكانیان بسەلمێنین، گرنگ ئەوەیە بەلایانەوە ناوەكە نامۆ و سەرنج راكێش بێت و زەنگ وئاوازی وشەكە سەرنج ڕاێش و خۆش بێت و لەوەش گرنگتر ئەوەیە كەم كەس ئەو ناوەی لێنەنرابێت یان هیچ نەبێت ناوەكە دەگمەن بێت، ئیتر ناوەكە بەهەر زمانێك بێت و مەعنای هەرچییەك بێت كێشەیان نییە، لە ڕاستیشدا ئەوەش ستەمێكە لە مناڵەكەیان دەیكەن و دووركەوتنەوەیەكی دەروونی و واتاییە لەگەڵ دینەكەەیاندا ئەنجامی دەدەن. ناونانی مناڵ بە ناوی پێغەمبەران علیهم السلام و هاوەڵان الله لێیان ڕازی بێت و بە ناوی جوان و واتای بەڕێز و بەپێز نیشانەی چاكەی تۆیە لەگەڵ مناڵەكەتدا و هاوكات نیشانەی وابەستە بوونی خۆیشتە بە ئاكارە بەرز و ڕەوشتە جوانەكانی دینەكەت. بەداخەوە ئێستە خەڵكی نەك هەر ناوی ئیسلامی لە مناڵەكانیان نانێن بە بیانووی ئەوەی ئەوانە ناوی عەرەبین! بەڵكو ناوە كوردییەكانیش كە واتای جوانیان هەیە، بە دەردی پیتە كوردییەكان براوە و چۆن لەوێ لاتینی خەریكە جێگەی دەگرێتەوە، لێرەش بێ تامترین و ناشیرینترین ناوەكان خەریكە جێگای ئەو ناوە جوان و پر لە واتایانە دەگرێتەوە. هەرگیز گومان نەبەن ناوەكانی عبد الله وعبدالرحمن ومحمد وأحمد ومصطفی و محمود و إبراهیم و موسی و عیسی و أبو بكر و عمر وعثمان وعلي و خدیجە و عائشة وفاطمة وحفصة و أسماء و سمیة و سەودە وسۆیبە و زۆر ناوی تریش لەو جۆرە كۆن دەین یان وا بزانیت ناوی سەردەمیانە نین، یان بەوە فریوت بدەن گوایە ئەوانە ناوی عەرەبین و بۆ ئێمە ناگۆنجین لەبەر ئەوەی ئێمە كوردین، ڕاستە ئێمە كوردین بەڵام كورد بەبێ ئیسلام چ سەنگ و پێگەیەكی هەیە و بۆچی باشە؟ هەمیشە دەبێت ئەوەت بیر نەچێت كە تۆ سەرەتا موسوڵمانیت ئەوجا كوردیت یان عەرەب و فارس و تورك و ئینگلیزیت، پیویستە ئیعتیباری ئیسلامی بخرێتە پێش هەموو ئیعتیبارێكی تر ، ئەو ناوانەو سەدان ناوی هاوشێوەی تر، ناوی جوان وموسوڵمانانەن ،هەزار جار لەو ناوە بیانی و نامۆ و سەیروسەمەرانە باشترو شیاوترە بۆ مناڵەكانتان.. ئەمە سەرەمی غەریبی ئیسلامە و یەكێك لە ڕێگەكانی سەلماندنی خۆشەویستی وغیرەت ودڵسۆزیت بۆ دینەكەت ئەوەیە ناوی مناڵت بەناوی ئایینی وقورئانی و بە ناوی پێغەمبەران و هاوەڵان و زانایان و پیاوچاكانەوە بنەیت، ناو لە ژیانی مرۆڤدا كاریگەری و بایەخی زۆری هەیە، هیستریای لاساییكردنەوە كە لە ناو كورددا تەشەنەی كردووە، زەنگێكی مەترسیدارە و ڕێخۆشكەرە بۆ سڕینەوەی شوناسی ئیسلامی بە شێوەیەكی كۆتایی. هەزاران كەس مەعنای ناوی مناڵەكانیان هەر نازانن چییە، هۆكاری ناونانیش لەلایان لە دوای نامۆبوون، ئاوازو جەرەسی ناوەكەیە كە بەلایانەوە خۆش بووە، یان لەسەر قسەیەكی بێ بەڵگەی زانستی، گوایە مەعنای گوڵێكی جوان و بۆنخۆشە لە فڵانە چیا، و مەعنای ئەمەیە و ئەوەیە، بێ ئەوەی لە هیچ فەرهەنگ و كتێبێكی متمانە پێكراودا بەڵگەیەك لەسەر واتای ئەو ناوە هاتبێت. موسوڵمانان پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ڕێگای شانازی كردن بە دینەكەیان وناوی ئیسلامی و بەپلەی یەكەم و ناوی كوردی جوان و پڕ لەواتای بەڕێز لە مناڵەكانتان بنەن، ئەبێت ڕێگە نەدەن ئەو خۆلەیان لەچاو بكرێت كە دەوترێت ئەوە ناوی عەرەبییە، با عەرەبی بێت، ئێمە لەبەر دینەكەمان ئەو ناوانەمان قبوڵە و شانازیان پێوە دەكەین و هیچ پەیوەندییەكی بەعەرەبەوە نییە وەكو نەتەوەیەك، ئیسلام نەبوایە كەس هەر نەیدەزانی عەرەب هەن یان نین، عەرەب بە ئیسلامەوە گەورە بوون و ئێمەش بمانەوێت سەربەرزی دونیاو دواڕۆژ بین هەر لە ڕێگەی ئیسلامەوە بەو ئامانجە دەگەین، ئەو ناوانە بەتایبەتی ناوی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هاوەڵانی الله لێیان ڕازی بیت، تەعبیر لە سەرانی ئێمە دەكەن و دەبێت یەكێك لە ڕێگەكانی دەربڕینی خۆشەویستیمان بۆیان ناونانی مناڵەكانمان بیت بەناوی ئەوانەوە.  

لە هەڵبژاردنی هاوسەردا عەقیدە با مەرجی یەكەمت بێت:8

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان:8 لە هەڵبژاردنی هاوسەردا عەقیدە با مەرجی یەكەمت بێت ئەگەر لە نێو هۆكارەكانی پەسەند كردن و هەڵبژاردنی هاوسەری ژیانتدا دینداری لە چڵەپۆپەدا بێت کە بۆ موسوڵمان هەر دەبێت واش بێت، ئەوا لە مەسەلەی خودی دینداریدا ڕەچاو كردنی ڕاست و درووستی عەقیدە و بیروباوەڕی ئیسلامی دووبارە دەبێت لە چڵەپۆپەو مەرجی هەرە بایەخ پێ دراوی گەنجاندا بێت، ئەگەر مەبەستیان بێت خێزانێكی سەربەرز و سەركەوتوو ی موسوڵمان پێك بهێنن، هەروەها بۆ ئەوانەش كە لەبەر هەر هۆكارێك بێت هاوسەرگیری دووەم و زیاتریش دەكەن، مادام موسوڵمانی وابەستە بن بە شەرع و دیندارییەوە، پێویستە پێش هەموو شتێك لە عەقیدەی هاوسەری دوا ڕۆژیان بكۆڵنەوە و ئەوجا بڕیاڕی خوازبێنی کردنی بدەن، لە ڕاستیدا ئەگەر تۆ كەسێكی خاوەن عەقیدەیەكی پاكت كرد بە هاوسەری خۆت بەتایبەتی ئەگەر عەقیدەكەی ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕەوشت و ئاكار و مامەڵەو دیندارییەكەی هەبێت، ئەوە تووشی خێرو چاكەیەكی زۆر مەزن بوویتە و بنەمای خێزانیكی موسوڵمانی وابەستەبووت بە ئیسلامەوە دامەزراندووە، ئەگەر لێرەشدا وەكو ئاماژەی خێرایش بێت پێویستە بوترێت كۆمەڵە خاڵێك هەن دەبێت سەبارەت بەم پرسە ڕەچاو بكرێن، لەوانە: 1- ئەو هاوسەرەی هەڵی دەبژێریت لەسەر عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت بێت، چونكە لە ڕاستیدا تەنها ئەو ڕێبازە ڕاستە ودەستەبەری لە خشتە نەچوونە، ئەوەش بە هۆی ئەوەی ڕێبازێکە وابەستەی قورئان و سوننەتە بە تێگەیشتنی پێشینانی ئوممەت، جگە لەوان هەموو گروپ وتاقمەکانی تر لە مێژووی دێرینی ئیسلام و هەروەها شوێنكەوتوانیان لە هاوچەرخەکانیش لە ڕێگای ڕاست لایانداوە، جا هەیانە لە عەقیدەو بیروباوەڕی ئیسلام زۆر دوور كەوتووەتەوە، هەندێکیشیان بەراورد بەوان نزیكترن، بەڵام لە هەندێ مەسائیلی ئەسمائو سیفات و چەند پرسێكی دیكەی وەكو پێناسەی ئیمان لایانداوە، هەردوو جۆرەكەش دواجار هەر لایانداوە ولادەرن، بەڵام ڕێژەی لادانەكانیان جیاوازی تێدایە. 2- پێویستە ڕەچاوی ئەوە بكرێت، ئەو هاوسەرەی هەڵی دەبژێرت، بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەگەر بە ناراستەوخۆ و بە شێوەیەكی دەمامكداریش بووە، سەر بە هیچ تاقم و گروپێك نەبێت لەوانەی كە لە ئیسلام لایانداوە بە بیانووی قبوڵكردنی ڕاجیایی كە دواجار سەر لە قبوڵكردنی هەموو شتێكەوە دەردەكات و و بە كارخستنی عەقڵ بۆ لێكدانەوەی دەقەكان كە زۆر جار بەو بیانووەوە عەقڵ دەكرێتە دەسەڵاتدار بەسەر دەقەكاندا و یان بە بیانووی توند دەستگرتن بە شەریعەتی ئیسلامەوە كە ئەویش سەر لەوە دەردەكات كەسەكە خۆی لە خاوەن دینەكە بەغیرەتتر بزانێت لەسەر دینەكە! با لەوەش دڵنیا بێت ئەمڕۆ كەسانی سەر بە هەموو فیرقەو تاقمە گومڕاكانی مێژووی ئیسلامی لە ناوماندا بوونیان هەیە، بۆیە هەر لە ناو موسوڵماناندا و هەر لەو مزگەوتانەی كە هەموان نوێژی تێدا دەكەن، پێت سەیر نەبێت كەسانی موعتەزیلە و مورجیئە و ئەشعەری و خەواریجی تێدا هەبێت، بەڵام تەنها ئەوەیە بە مەبەستی لابردنی ئیحراج و هەستیاری تەنها ناوە كۆنەكانیان گۆڕاوە بۆ هەندێ ناوی پەسەند كە ئەویش جۆرێكە لە خۆڵ لە چاوكردن. 3 _ ئەڵبەتە جگە لەوانەی سەرەوەش شێوازو ڕێبازی جۆراو جۆری تریش هەیە كە لەسەر ئەفسانە و پشت بەستن بە بیدعەو جۆرەها عەقیدەی لارو وخواری تر درووست بوونە و بوونیان هەیە و هەمووشیان بە تێكڕا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە حەق لای ئەوانە و ئەوانی تر نەیانپێكاوە، بەڵام لە میهرەبانی پەروەردگار بە بەندەكانی ئەوەیە دوو سەرچاوەی سازگاری وەكو پێوەر بۆ دیاری كردووین، پێویستە هەموو بانگەشەیەك لە رووناكی ئەو دوو سەرچاوەدا حوكمی لەسەر بدرێت. 4- هەروەها لە كاتی هەڵبژاردنی هاوسەری ژیانتدا پێویستە وریای ئەوە بیت ئەمڕۆ بانگەشە و قسەی زل و دروشمی گەورە گەورە لە گۆڕەپاندا زۆر بووە ودەخرێنە ڕوو، بەڵام بەداخەوە زۆرێكی وا نییە و ئەگەر لە گەل قورئان و سوننەتدا بەراورد بكرێن پووچی و ئەندازەی لادانیان لە ڕێگای ڕاست ئاشكرا دەبێت، بۆیە هەرگیز بە دروشمەكان فریو مەخۆن، بەڵكو لەسەر ڕواڵەت و دیاردەكانیش بڕیار مەدەن، نە حیجاب و نە نیقاب و نەڕیش و قسە و نە شیعاراتی زل مەرج نییە پێوەری باشی و ڕاست و درووستی عەقیدەی كەسەكە بێت، بەڵكو پێویستە لە ڕێگەی هەندێ پرسیارەوە حەقیقەتی كەسەكەت بۆ دربكەوێت و بزانیت چۆن لە عەقیدەی ئیسلامی تێگەیشتووە و ئایا بەڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەشێك نییە لەو فیرقەو تاقمانەی ئاماژەمان بۆ كرد كە لە عەقیدەو بیروباوەڕی ئیسلامی لایانداوە. 5_ مەسەلەیەکی تری زۆر گرنگیش هەیە لەم بارەوە ئەویش ئەوەیە ئەمڕۆ لە کورستاندا جۆرێک لە تێکەڵ کردن و تێکەڵبوونی چەمکەکان لە لای خەڵکی ڕووی داوە، واتە دەگونجێت عەقیدەو بیروباوەڕی کەسێک لە زۆر ڕووەوە تەواو بێت و بەپێی قورئان و سونەت بێت، بەڵام بۆ نموونە لە ڕووی ولائوبەرائەوە وێران بێت، یان بە شێوەی نەزەری و بە قسەکردن عەیبی نەبێت، هاوکات بە کردار تا بیناقاقای کەوتبێتە پێچەوانەی قسەکانی خۆیەوە، هەروەها بەلاتەوە سەیر نەبێت لە ناو كورددا كەسانێك لە زۆر لە وردەكاری عەقیدەدا باش بن و لەولاشەوە لەگەڵ عەلمانییەت و عەلمانییەكاندا ژێراوژێر و هەندێ جار بەڕۆژی ڕوناكیش پەیوەندی تۆكمە و كاركردنی هاوبەش و پارەوەرگرتنیان لەگەڵیاندا هەبێت، كەواتە لەمەسەلەی عەقیدەدا مەسەلەكە وردبوونەوە و زانستی شەرعی و ڕاوێژی ی زۆری دەوێت بەرلەوەی بەكەسێك بلێیت عەقیدەكەی پاكە و تەوحیدی تەواوە. ئەوەش زیاتر بە پرسیارو لێ وردبوونەوە دەردەکەوێت. 6 - گرنگە و زۆریش گرنگە لە مەسەلەی عەقیدەدا لەوە دڵنیابیتەوە كە ئەو كەسەی دەیكەیتە هاوسەری خۆت، یەكێك لە هەڵوەشێنەرەوەكانی ئیسلامی تێدا نەبێت، یان ئەگەر تێیدا بێت تێبگەیەنرێت و قابیلی چاك بوونەوە بێت، چونكە ئەمڕۆ لە سایەی عەولەمەو جەهل و تێنەگەیشتنی موسولمانان لە دینەكەیان وبە هۆی زۆربوونی پێشەوایانی گومڕایی و سەركردەو لایەنگەلێکی زۆر کە بە کردار و هەر بە ناو دینی ئیسلامیشەوە خەڵکی لە عەقیدەی ئیسلام دووردەخەنەوە و بۆ گومڕایی و كاریگەر بون بە عەلمانیەت بانگهێشت دەكەن، هەروەها بە هۆکاری زالبوونی دەسەلات وفیكری عەلمانیەت و لیبرالیەت بە سەر تەواوی موسوڵماناندا بە زۆرێك لەوانەشەوە كە گوایە بانگەواز بۆ ئیسلام دەكەن! بەو هۆكارانەوە زۆرێك لەو هەڵوەشێنەرەوانە (نواقض الاسلام) ئەنجام دەدرێت و وەكو پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، نەك کەسەکە وا نازانێت كێشەیەك بۆ دین و ئیمانی درووست بووە، بەڵكو هەست دەكات خزمەتی دینەکەشی دەكات و مەسەلەكان بە ڕێرەوی ئاسایی خۆیاندا دەرۆن! 7_ نوێزو ڕۆژوو و حەج و عومرە وخێرو بەخشین وچاکەکانی تر هەمووی کردارگەلێكی باشن و ڕێگای چوونە بەهەشتن، بەڵام بە مەرجێک عەقیدە و ئیمان و بیروباوەڕی خاوەنەکەی بە پێی قورئان وسوننەت بێت ولای نەدابێت و موەحید بێت و هیچ جۆرە شیرکێکی لە ئولوهیەت و روبوبیەت و ئەسمائو سیفاتەکانی الله تعالی ئەنجام نەدابێت، ئەگینا ئەگەر بەردەوام سەری لە سەجدە بێت و بە قورسایی چیایەک ئاڵتوون ببەخشێت بە هەژاران، هیچ سوودێکی بۆی نابێت، الله تعالی فەرموویەتی (وَلَقَدْ أُوحِيَ إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكَ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ). 8- بەلای كەمەوە ئەبێت ئەو كەسە لە ئەركانی ئیمان و ئەركانی ئیسلام و جۆرەكانی تەوحید و شیرك و مەرجەكانی لا إله إلا الله و نواقض الاسلام و مەسەلەی الولاء و البراء و ترسناكی حوكم نەكردن بە شەریعەت و بە قورئان و سوننەت تێگەیشتبێت بۆ ئەوەی ئەوە لەسەری واجبە لە عەقیدەدا - ئەگەر لە دڵی خۆیشیدا بووە، یان لە بازنەی نزیكی خێزان و خزمانیدا بووە - ئەنجامی بدات و هەروەها بۆ ئەوەی ئەوەش كە هێڵی سوورە خۆی لێ بپارێزێت، ئەگەر یش توانای زانستی بەو شێوە نەبێت لەو پرسانە بكۆڵێتەوە و تێبگات، لەو حاڵەتەدا گرنگە تەنها لەوەی دڵنیا بێت بە شێوەیەكی گشتی بە هەموو حوكمێكی قورئان و سونەت رازییە و ئامادەیە جێبەجێی بكات و كاریگەری شێوازە جیاجیاكانی ئیسلامەتی هاوچەرخی ئەم ڕۆژگارەی بەسەرەوە نەبێت كە بانگەشە و موژدە بە ئیسلامێكی سەردەمیانە و دەستكاری كراو دەكەن كە ڕۆژ لە ڕۆژ لە جیاتی ئەوەی لە كیتاب و سوننەتەوە نزیك بێتەوە، دەبینی لە دیدو بۆچوون وهزری عەلمانیەت و لیبرالیەتەوە نزیك دەبێتەوە و هەر ڕۆژێك بە بیانوویەكەوە بنەمایەك لە بنەماكانی ئیسلام دەڕمێنن و لەبەر چاو موسوڵمانان ناشیرینی دەكەن. 9- بێ گومان ئەمەش كە خستمە روو بەو واتایە نایەت كە ئەگەر كەسێك عەقیدەو بیروباوەڕی باش بوو، ئیتر لە ڕووی لایەنەكانی تری ئاكار وكەسایەتی و كۆمەڵایەتی و دەروونی ودارایی گرنگی و بایەخی پێ نەدرێت، بەڵكو مەبەستمان تەنها جەختكردنەوەیە بە پلەی یەكەم لە سەر مەسەلەی بیروباوەڕ و بایەخ پێدانی پێویست بەو لایەنەی كە الله تعالی هەموو پێغەمبەرانی علیهم السلام بۆ ڕاستكردنەوەو چەسپاندنی ئەو لایەنە ڕەوانە كردووە و، هەبوونی عەقیدەیەكی ڕاست بۆ موسوڵمان وەكو هەبوونی بنچینەیەكی تۆكمەیە بۆ تەلارێكی جوان و تۆكمە، نەبوونیشی وەكو نەبوونی ئەو بنچینەیە كە دوا جار تەلارێكی فشۆڵ و لاوازی لێ دەردەچێت كە بەرگەی هیچ باو بارانێك ناگرێت! 10- بەڵام زۆر جار ڕوو دەدات یەكێك لە هاوسەرەكان وەكو دەوترێت عەوامە، یان نەخوێندەروارە و ئەو شتانە هەر نازانێت، لەڕاستیدا ئەو كەسانە سەبارەت بە عەقیدە باوەڕیان بە بنەما سەرەكییەكانی ئیمان و ئیسلام هەبێت و مەرجەكانی تری وەكو ئاكاری جوان و نوێژ و عیبادەتەكانی تر ئەنجام بدەن، ئەوە هیچ عەیبێكی نییە و گرنگ ئەوەیە تووشی ئەو لادان و لە خشتەچوونە سەردەمیانە نەبووبێت سەبارەت بە هەڵوەشێنرەوەكانی ئیسلام بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت وبەلایەنە گومڕاو گومڕاكەران سەرسام نەبێت و وا بزانێت ئەوان بەرجەستەكاری ئیسلامی ڕاستەقینەن، ئیتر ئەو جۆرە كەسانە داواكراو نییە لێیان ئەو هەموو شارەزاییەیان لە عەقیدەدا هەبێت چونكە (لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا)، گرنگ ئەوەیە لە بیروبۆچوونە نامۆ و دژوارەكان لە گەڵ عەقیدەدا پارێزراو بن. 11- هەروەها لایەنەكانی ڕەوشت جوانی و جوانی ڕوخسار و رواڵەت و كەسایەتی ئەو هاوسەرەو تێگەیشتن و لێهاتوویی و ڕێزگرتنی لە ژیانی هاوسەرگیری و بنەماڵەو شێوازی مامەڵە و توانای قسەكردن و بەڕێوەبردنی ماڵ، هەمووی بەبێ زیادەڕەوی پێویستە گرنگی پێ بدرێت و هاوكات مەسەلەی كەفائەتیش واتە هاوتابوونی هەر دوو هاوسەر لەو سیفاتانەدا ئەگەر بە شێوەیەكی تەقریبیش بێت پێویستە، بۆ نموونە یەكێكیان زۆر دەوڵەمەند نەبێت ئەویتریان زۆر هەژار بێت، یان یەكێكیان بڕوانامەی زۆر بەرزی هەبێت و ئەوی تر هیچ بڕوانامەیەكی نەبێت و شتی لەو جۆرە، دەڵێم باشترە - نەك بەمەرج گیرابێت- جۆرێك لە نزیكی و هاوتابوون لە نێوانیاندا هەبێت، هەندێ جاریش ئەو هاوتابوونە لە نێوان هاوسەراندا بوونی نییە و لەگەڵ ئەوەشدا ژیانێكی بەختەوەر و بێ كێشە پێكەوە بەسەر دەبەن ، هەموو ئەو مەرجانەش كە باس كران جگە لە مەرجی ڕاست و درووستی عەقیدە وڕەوشت جوانی قابیلی سازشە و بە پێی كەسەكان دەگۆڕێت و گرنگ ڕێككەوتنی هەر دوو لایە.    

پێوەرەكانی مامەڵە كردن لەگەڵ خەو بینین و تەفسیرەكەیدا:9

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 9 پێوەرەكانی مامەڵە كردن لەگەڵ خەو بینین و تەفسیرەكەیدا لە ناو بەشێك لە ئافرەتاندا گرنگی زۆر و لە ڕادە بەدەر بە مەسەلەی خەو بینین دەدرێت، لێكدانەوەو تەفسیری خەویش بەداخەوە لەناو موسوڵماناندا بە پێوەری شەرعی خۆی مامەلەی لەگەڵدا ناكرێت و ئەویش هاوشێوەی مەسەلەی حەسوددی و جنۆكە لە سنووری شەرعی خۆی دەركراوەو هەندێ كەس لە ڕێگەی قۆستنەوەی هەلی لاوازی ئافرەتان و عاتیفی بوونیان، خراپ كەڵك لەو پرسە وەردەگرن و لە خۆیانەوە جۆرەها قسەو لێكدانەوەی بێ بەڵگە دەكەن ودەبنە مایەی دڵەراوێی و تووش بوونی هەڵە. باشترە كە خەوێكتان بینی ئەم چەند ڕاستییە بزانن: - نابێت زۆر بایەخ بە خەو بدەن و خۆتانی پێوە سەرقاڵ بكەن، چونكە ئەوە وەكو زانایان فەرموویانە دەبێتە ڕێگەیەك بۆ شەیتان وەسوەسە و بیرۆكەی ترسناك و بێ بنەمای بۆ ئەو كەسە درووست دەكات كە خەوەكەی بینیوە، بەتایبەتیش ئەگەر ئافرەت بێت. 1 - خەو سێ جۆرە: جۆرێكیان كە خاوەنەكەی خەمبار دەكات ئەوە لە شەیتانەوەیە. بۆیە بەهەر خەوێك بێ تاقەت و دڵگران بوویت ئەوە لەشەیتانەوەیە و سێ جار بەلای چەپدا تف بكە و بڵێ أعوذ بالله من شر الشیطان ومن شر ما رأیت وبۆ كەسی باس نەكات، نەك بەدوای تەفسیر و موعەبیری خەودا بگەرێیت. بەشی دووەم وەكو باسمان كرد قسەی دڵ ودروونی خۆتە، ئەوەیە كە لە ڕابردوودا ڕوویداوە، یان ئەوەی كە دەتەوێت لە داهاتوودا ڕوو بدات یان ئەوەی كە دەترسیت ڕووبدات. بەشی سێیەمیش مەعنای هەیە و ڕاستە و لو جۆرەیە كە بەشێكە لە چل و شەش بەشی پێغەمبەرایەتی. 2- هەموو خەوێك مەرج نییە ڕاست و مەعنادار بێت، خەو هەیە وەسفی (أضغاث أحلام)ی لەسەر جێبەجێ دەبێت هیچ مەعناو تەفسیرێكی نییە، نابێت بینەرەكەشی بەدوای تەفسیرەكەیدا بگەڕێت. زۆرێكیش لە خەوەكان داڵغەو خەیاڵی خودی كەسەكە یان باس و یادگاری كۆنی خۆیەتی و جۆریكە لە گێڕانەوە وبەبیرداهاتنی ڕووداوە كۆنەكان لە خەودا. 3 - ئەمڕۆ لێكدانەوەی خەو بووەتە گۆڕەپانێك بۆ بەدەست هێنانی پارەو ناوبانگ دەركردن و كڵاو خستنە سەر داماو وفەقیر حاڵەكان، بۆیە زۆر وریای ئەوانە بن كە پسپۆڕییان بووەتە تەفسیر و لێكدانەوەی خەو، ئەڵبەتە خەڵكانی باش و بێ نیازی خراپیش لەو بوارەدا هەیە بەڵام كەمن. 4- پێم باش نییە بۆ زانینی واتای خەو بچیتە لای ئەوانەی بەو پیشەوە ناسراون و لە تەفسیری هیچ خەوێك سڵ ناكەنەوە و سێ و دووی لێ ناكەن، بەڵام ئەگەر هەر سوور بوون لەسەر ئەوەی خەوەكەتان بۆ كەسێك باس بكەن، دەبێت ئەو كەسە دڵسۆز بێت و خاون عەقیدەیەكی ڕاست و درووستی ئەهلی سوننەت بێت و خاوەنی عیلمی شەرعی بێت و بازرگانی نەكات بە تەفسیری خەو، یان لە كەنالی ڕاگەیاندن و یوتیوب و تۆڕە كۆمەڵأیەتییەكان خۆی نمایش بكات و سنگی دەرپەڕاندبێت و پێشوازی هەمووی خەوێ بكات و هەموویشی تەفسیر بكات. 5 - كەس ناتوانێت بەیەقین بیبڕێتەوە كە ئەم خەوە ڕاستە و لای الله یە و لەو جۆرەیە كە بەشێكە لە چل و شەش بەش لە پێغەمبەرایەتی، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە ژیاندا نەماوە و وەحی دانابەزێت و دوا جار هەركێ خەو تەفسیر بكات قسەكەی جێگای گومانە ومەرج نییە تەفسیرەكەی ڕاست بێت. 6 - ئەو كەسەی تەفسیری بۆ خەو بایەخی پێبدرێت دەبێت شارەزای كیتاب و سونەت بێت، هەروەها شارەزای زمانی عەرەبیش بێت، ئەو سێ مەرجە بنەمای كاری تەفسیركردنی خەوەو سەرەڕای ئەوەش لێكدانەوەكەی هەر یەقین نابەخشێت. 7 - لەناو كوردا جۆرێك لە لێكدانەوەی خەو سەریهەڵداوە موعەبیرەكە چی خەوێكی بۆ بگێڕیتەوە تەفسیرەكەی بەلای جن و حەسەد و چاودا دەبات، دوای ئەوەی خەوەكەت بۆ گێڕایەوە چەند پرسیارێكت لێ دەكات و بدوایدا حوكمەكەی دەردەكات كە تۆ چاوت لێ دراوە، یان جنۆكەیەك چووتە لاشەتەوەو و بەچەندەها جەلسە ئەو لە داهاتوودا هەوڵی دەركردنی ئەو جنۆكەیە لەلاشەی ئەو داماوە دەدات. ئەمەش پێ دەوترێت زێدەڕەوی و قسەی بێ بەڵگە و هەندێ لەوانەش بەرژەوەندییان هەیە لەو جۆرە تەفسیركردنەدا و ئەو داماوانە دەكەن بە مەعمیلی خۆیان چونكە دوای ئەوە قۆناغی ڕوقیە و تۆقاندن و پارە پێ دەركردنیان دەست پێ دەكات. لە ڕاستیدا بينينى خه‌وى خۆش وباش، دڵخۆشكه‌ره‌ وهانده‌ره‌ بۆ كرده‌وه‌ى چاكه‌، به‌ڵام هه‌ر خه‌وێك فه‌رمانێكى تێدا بوو بۆ ئه‌نجامدانى كارێك، يان پچڕانى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ كه‌سێك، يان لاواز كردن و تصحيح كردنى فه‌رمووده‌يه‌ك، يان تۆمه‌تباركردنى كه‌سێك به‌ تۆمه‌تێكى دياركراو، يان زانيارييه‌كى تێدا بوو ده‌رباره‌ى ژيانى ڕۆژانه‌ت، هيچ حوكمێكى شه‌رعى پێ جێگير ناكرێت وئاوڕى لێ نادريته‌وه‌. بۆ نموونه‌ كه‌سێك له‌ خه‌ويدا بينى پياوچاكێك يان ته‌نانه‌ت خودى پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم خۆى هاته‌ خه‌وى و پێى وت: هاوسه‌ره‌كه‌ت كه‌سێكى باش نييه‌و لێى جيا به‌ره‌وه‌، يان وريايى پێت دا ده‌رباره‌ى هه‌ر كه‌سێك كه‌ لێى دوربكه‌ويته‌وه‌، به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك نابێت وا بكه‌يت، چونكه‌ ئه‌هلى عيلم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ يه‌ك ده‌نگن كه‌ :(الرؤيا المنامية لا يثبت بها حكم شرعي) واته‌: ئه‌وه‌ى له‌ خه‌ودا ده‌يبينى هيچ حوكمێكى پێ جێگير نابێت. پێشه‌وا النووي فه‌رموويه‌تى: ( لو كانت ليلة الثلاثين من شعبان ولم ير الناس الهلال، فرأى إنسان النبي صلى الله عليه وسلم في المنام فقال له: الليلة أول رمضان لم يصح الصوم بهذا المنام، لا لصاحب المنام ولا لغيره).واته‌: ئه‌گه‌ر شه‌وى سى شه‌عبان بوو كه‌سيش مانگى نه‌بينيبوو، كه‌سێك پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم ی بينى له‌ خه‌ودا و پێی وت: سبه‌ينێ يه‌كه‌م ڕۆژى ڕه‌مه‌زانه‌، ئه‌و خه‌وه‌ ئيشى پێ ناكرێت. (رؤيا) له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى بوخاريدا هاتووه‌ له‌ لایەن الله سەرچاوە دەگرێت و (حلم) له‌ شه‌يتانه‌وه‌یە، به‌ڵام روئیایش ته‌نها دڵخۆشكه‌ره‌و هه‌رگيز حوكمى شه‌رعى پێ ديارى ناكرێت، له‌فه‌رموده‌يه‌كدا له‌ سه‌حيحى بوخاريدا هاتووه‌:( لم يبق من النبوة إلا المبشرات، قالوا وما المبشرات، قال: الرؤيا الصالحة. وفي رواية أنه لم يبق من مبشرات النبوة إلا الرؤيا الصالحة يراها المسلم أو ترى له) واته‌ به‌ (مبشرات) ناوى بردووه‌ كه‌ ته‌نها دڵخۆشكه‌ره‌ وموژده‌به‌خشه‌. له‌وانه‌شه‌ هه‌ندێ خه‌و ورياييكردنه‌وه‌ى تێدا بێت بۆ كه‌سى تاوانبار ولاڕێ، ئه‌وه‌ پێويسته‌ له‌ تاوانه‌كه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ و په‌ند وه‌ربگرێت، به‌ڵام هه‌رچى خه‌وێك په‌يوه‌ندى به‌ حوكمدان بوو به‌سه‌ر كه‌سه‌كانه‌وه‌ له‌ ڕووى باشى وخراپى و دوورونزيكى له‌ الله تعالی ‌، يان حوكمێكى دونيايى تێدا بوو وه‌كو ئه‌وه‌ى به‌پێى خه‌وێك وابزانيت شته‌ دزراوه‌كه‌ت فڵانه‌كه‌س دزيوێتى، يان نهێنييه‌كى ديارى كراو ده‌ربخات به‌هيچ شێوه‌يه‌ك پشتى پێ نابه‌سترێت. پوخته‌ى باسه‌كه‌م ئه‌وه‌يه‌: - خه‌و به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك سه‌رچاوه‌يه‌ك نييه‌ بۆ شه‌رع و حوكمى شه‌رعى. - خه‌و سوننه‌تێكى پێ جێگير نابێت كه‌ له‌شه‌رعدا نه‌بێت و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. - ئه‌وه‌ى له‌شه‌رع و فه‌تواى زاناياندا جێگير بووه‌ خه‌وى هيچ كه‌سێك نايگۆڕێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ش له‌خه‌وه‌كه‌دا وتبێتى خودى پيغه‌مبه‌ر بێت صلى الله عليه وسلم. - خه‌و دڵخۆشكه‌ره‌ و له‌وانه‌شه‌ ورياكه‌ره‌وه‌ بێت بۆ خاوه‌نه‌كه‌ى له‌ تاوان و سه‌رپێچى. - هيچ مه‌سه‌له‌يه‌كى بنچينه‌يى دين يان دونيا له‌سه‌ر بنه‌ماى خه‌و يه‌كلا نابێته‌وه‌و وپشتى پێ نابه‌سترێت، چونكه‌ شه‌رعى الله هه‌موو ورده‌كارييه‌كى تێدايه‌ و خه‌و يه‌كێك نييه‌ له‌سه‌رچاوه‌كانى. - ئه‌گه‌ر موسوڵمان هه‌ر خه‌وێكى ناخۆشى بينى ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ په‌نا بگرێته‌ پەروەردگاری وه‌كو له‌م فه‌رموده‌دا له‌ سه‌حيحى موسليم هاتووه‌"فمن رأى رؤيا فكره منها شيئا فلينفث عن يساره ، وليتعوذ بالله من الشيطان ، لا تضره ، ولا يخبر بها أحداً " واته‌: ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ى له‌سه‌ره‌ كه‌ باسى نه‌كات و له شه ڕى شه يتان په‌نا بگرێته‌ الله تعالی و سێ جار به‌لاى چه‌پى خۆيدا تف بكات (به‌بێ ئه‌وه‌ ته‌ڕى تێدا بێت تفه‌كه‌ى) ئيتر هيچ زيانێكى له‌و خه‌وه‌ پێ ناگات إن شاء الله.  

پەیامێك بۆ كچان لە پەیمانگا و زانكۆكان:10

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 10 

 

1-  مەبەست لەو كچەی ئەم پەیامەی ئاراستە دەكرێت، كچێكە كە ئیسلامی وەكو بەرنامەی ژیان وەرگرتووە ودڵی بە دینەكەی خۆشەو شانازی پێوە دەكات و وەكو مەسەلەیكی تەفلیدی و لاوەكی وەرینەگرتووە، بەڵكو  بڕیاری داوە پەیڕەوی بكات و بیكات بەبەرنامەی ژیانی خۆی و هەموو بەرنامەیەكی تری بەلاوە ڕەتكراو بێت جگە لەبەرنامەی قورئان،  مەبەستیشی بێت هەموو ژیانی لەسەری بەڕێوە ببات وهەر بەو شێوەش ئەم دونیا بەجێ بهێڵێت.

2- خوشكی بەڕێز كچی ئازیز: دەبێت بزانیت زانكۆی ئەم ڕۆژگارە، نەك تەنها لە كوردستاندا، بەڵكو لە  هەموو وڵاتێكدا و لە زۆربەی شوێنەكانی دونیادا، كەشێكی نالەبار و نەگونجاوە بۆ كەسی دیندار، هیچ شتێك نابینیت لەو كەشەدا یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی دینەكەت، حەرام وقەدەغەكراوی شەرعی چواردەورەی داوی وكەس نكۆڵی لێ ناكات و ئیسلام و بەتایبەتی ئیسلامی كیتاب و سوننەت زۆر نامۆیە و سنوورەكانی بەڕۆژی ڕوناك و بە ئارا پێشێل دەكرێن، دەوامی زانكۆ بۆ كەسی موسوڵمان ئەگەر بە شێوەیەكی راستەقینە دەستی بە دینەكەی گرتبێت و وەكو زۆرینە هەر بەڕیكردن نەبێت،وەكو ئەوەیە لە ڕوبارێكدا بە پێچەوانەی ئاراستەی ئاوەكە مەلە بكەیت و بتەوێت بەو حاڵەوە بگەیتە كەناری دڵنیاییی، یان كورد واتەنی بۆ ئەوەی لە زانكۆدا دینەكەت بپارێزیت، دەبێت بە پێچەاونەی ئاراستەی با شەن بكەیت. ئەمەش مەعنای ئەوە نییە كە زانكۆ جێگای كەسی موسوڵمانی تێدا نابێتەوە نەخێر، هێشتا بوار ماوە بۆ ئەوەی كەسی مولتەزیم و وابەستە بوو بە دینەكەی تێیدا بمێنیتەوە، بەلام دینداری لە زانكۆدا كارێك قورسەو باجیشی دەوێت.

3- تۆ وەكو موسوڵمانێكی وابەستەو مولتەزیم بە دینەكەت، بۆ ئەوەی بتوانیت چوار ساڵ یان زیاتر، بە كەسایەتی و بە دینێكی سەلامەتەوە لێی دەربچیت، پێویستە هەڵوێستی خۆت هەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە، بەڵكو لە یەكەم ڕۆژەوە كە پێ دەخەیتە ناو زانكۆ، یەكلا بكەیتەوە وڕازیكردنی پەروەردگارت و بڕیاری  لانەدان لە سنوورەكانی شەرع ، بكەیتە ئامانجێكی زۆر  گەورەتر لە ئامانجی بەدەستهێنانی بڕوانامەكەت، بە كورتی  تۆ وەكو موسوڵمانێك ئەركەكەت لە زانكۆدا گەلێك لەوە قورسترە ئەگەر لە زانكۆ نەبوویتایە.

4- سەرەڕای ئەوەی دەزانم سەردەم وزەمانە گۆڕاوەو زۆربەی دایكان و باوكانیش بەهۆی نەشارەزاییان لە دینەكەیان وبەهۆی فشاری عەلمانییەتی هاوچەرخ و چەواشكاری ڕاگەیاندنی نەیار لەگەڵ دین و ڕەوشتدا، گوێ بە چاودێری وردی كچەكانیان نادەن، بەڵام مادام بە تەمەنێك گەیشتوویت كە خێرو شەڕ و چاكەو خراپە بە جوانی لەیەكتر جیا دەكەیتەوە، دەبێت خۆت ببیتە چاودێرێكی ڕاستگۆ و سەرڕاست و دەستپاك بەسەر خۆتەوە وهەركات هەنگاوێكی هەڵەت هەڵگرت خێرا بگەرێیتەوەو شەریعەت بكەیت بە فەرمانڕەوا بەسەر ژیانی خۆتدا. دەبێت بڕیاری كۆتایی بدەیت ئایا تۆیش دەبیتە یەكێك وەكو ئەو هەموو بەناو موسوڵمانانەی كە ئیسلام هیچ ڕەنگدانەوەیەكی لە ژیانیاندا نییە وتەنها ناوێكی ساردوسڕە هەڵیان گرتووە؟ یان خۆت جیا دەكەیتەوە بە دین و عەقیدەكەت، بە ڕەوشتە جوانەكەت، بە دابڕان و بەشداری نەكردن لە هەموو شتێك كە توڕەیی پەروەردگاری لێ بكەویوێتەوە؟

5- زانكۆ گۆڕەپانێكی بەرینە بۆ تۆڕەكانی شەیتان كە ڕۆڵی لەخشتەبردن و فریودانی  تێدا دەگێڕێت، مرۆڤی هاوشێوەی شەیتانیش لەوێ زۆر دەبینرێت كە تاوانەكانت بۆ دەڕازێننەوەو فریوت دەدەن.

 بەهانەكان بۆ دەست نەگرتن بە دینەكەت گەلێك زۆرن! لەوێ ناوی تاوانەكان دەگۆڕن و ناوی جوان و سەردەمیانەیان لێ دەنێن! لە زانكۆ نەك هەر كەسانێك كە نەیاری دینن بەڕاشكاوی هەوڵی لەخشتەبردنت دەدەن، بەڵكو هەندێ جار هەر بەناوی دینیشەوە كەسانێك لە هەندێ حیزب و ڕێكخراو، نەك لەیەك هەڵەو لادانی ئەو كەشە وریات ناكەنەوە، بەڵكو بۆیشت دەشەرعێنن و دەڵێن دین بەو شێوە قورس نییە، تۆ هێشتا گەنجیت چێژ لە ژیان وەرگرە!

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو چەواشەكارییانە، دەبێت لە ڕووی عەقیدەو مەنهەجەوە و لە ڕۆشنایی ئایەتەكانی قورئان و سونەتی سەحیحی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم بە تێگەیشتنی پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە، خۆت پێكەوە بنەیت و كەسایەتییەكی تۆكمە و بەهێز بۆ خۆت درووست بكەیت كەوا بتوانیت بە هۆیەوە بەرگەی ئاستەنگەكانی ناو زانكۆ بۆ دینداری بگریت و لەوەش زیاتر  وگرنگتر بتوانیت ڕۆڵی كەسێكی بانگخوازو چاكسازیش ببینیت، ئەگەر تەنها بەگەیاندنی ئایەت و فەرموودەیەكیش بووە، ئەگەر بە جلە پۆشتە و ئاكارە جوان و ڕەوشتە بەرزەكەشت بووە.

6- كەشوهەوای زانكۆ بە شێوەیەكی گشتی، ڕێگرە لەوەی بە ئاسانی بە ئەركەكانی خۆت وەكو موسوڵمانێك هەڵبسیت، تێكەڵ بوونی نێوان كچان و كوڕان، بەستنەوەی كارەكانیان پێكەوەو ناچاربوون بەوەی مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەن، سەفرە وگەشتوگوزارەكان بە شێوەیەكی گشتی ناشەرعییە، ئاهەنگەكانی تری وەكو یەكتر ناسین و بابەتی تر، تەنانەت ئەو جێگەش كە بتەوێت بۆ خواردن و خواردنەوەیەك ڕووی تێبكەیت پڕە لە تێكەڵ بوونی كوڕان و كچان و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی بەبەردەوامی دەبیسترێت.

7- لە زانكۆ بە هیچ شێوەیەك كەمتەرخەمی لە نوێژەكانتدا نەكەیت، لە زانكۆ كەسێك بیەوێت نوێژی نەڕوات ئەوە كارێكی گران نییە، دەتوانێت لەو جێگەی بۆ ئەو مەبەستە دیاری كراوە نوێژەكانی بكات، ئەگەرنا بژاردەی زۆر لەبەردەمتدا هەیە بۆ ئەنجامدانی نوێژەكانت. نوێژەكانت لە چاوەكانت زیاتر خۆش بوێ، وەكو خۆشەویستمان صلی الله علیه و سلم دەیفەرموو: (وجُعِلَتْ قرّة عيني في الصلاة) رواه النسائي ( 3939 ) وصححه الحاكم ( 2 / 174 ) ووافقه الذهبي ، وصححه الحافظ ابن حجر في " فتح الباري" ( 3 /15 ) و ( 11 / 345 ).

8- لە زانكۆدا نابێت عاتیفی و خۆش باوەڕ بیت،  یەك هەنگاوی هەڵە هەڵبگریت هەموان پێت دەزانن، هەموو جولەكان لە ژێر چاودێری كامێرەكاندان، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەكات بۆی هەیە دەنگت تۆمار بكات، وەعدەكان زۆر جار نواندن و  درۆن، ئارام گرتن و تەواوكردنی زانكۆ بەسەربەرزی لە پەشیمانی باشترە، لەزانكۆدا سۆز وعاتیفە ئەگەر بە شەریعەت نەیبەستیتەوە دەبێتە دوژمنێكی سەرسەخت و زیاننبەخش بۆت، بۆیە دەبێت وریای ئەو لایەنە بیت و بەردەوام گومانی خراپ بخەیتە پێش تاكو ئەو كاتەی بۆت دەردەكەوێت و لە نیازپاكی بەرانبەر ەكانت دڵنیا دەبیتەوە.

9- یەكێك لە هۆكارەكانی خۆ پاراستن و دین پاراستن لە زانكۆدا ئەوەیە نەچیتە هیچ جۆرە حیزب و لایەن و ڕێكخراوو تەوژمێكەوە، بەبێ جیاوازی لە هەموویانەوە دووربە، لە منی وەربگرە و لە ئەزموون و شارەزاییەوە ئامۆژگاریت دەكەم، بە هیچ شێوەیك هیچ لایەنێك نییە یارمەتیدەری وابەستەبوونت بێت بەئیسلامەوە، هەمووی ئەگەر لەلایەكەوە سوودت پێ ببەخشێت لە چەند لای ترەوە لە عەقیدەو مەنهەجی ئیسلام دوورت دەخەنەوە و ئاویتەی جاهیلییەتی هاوچەرخت دەكات، بۆیە ئەوە بكە بڕیارێكی كۆتایی كە هیچ ئینتیمایەكت بۆ هیچ لایەنێك نەبێت. هەمیشە ئەم فەرموودە سەحیح و مەزنە بكە مەشخەڵی ڕێگای خۆت لەم ڕۆژگارەدا:(تكونُ دعاةٌ على أبوابِ جهنمَ ، مَنْ أجابَهم إليها قذفوه فيها ، هم قومٌ مِنْ جِلْدَتِنا ، يَتَكَلَّمُونَ بألسنتِنا ، فالزمَ جماعَةَ المسلمينَ وإمامَهم ، فإِنْ لم تَكُنْ جماعَةٌ ولَا إمامٌ فاعتزِلْ تِلْكَ الفِرَقَ كُلَّها ، ولَو أنْ تَعَضَّ بأصلِ شجَرَةٍ حتى يُدْرِكَكَ الموتُ وأنتَ كذلِكَ) البخاري (٣٦٠٦) و (٧٠٨٤)، ومسلم (١٨٤٧) (٥١).

10- جل و پۆشاكەكەت نیشانەی دیاری كەسایەتیتە، تاكو پێت دەكرێت با موافیقی شەرع بێت وپان وفراوان بێت و بەشێوەیەك نەبێت سەرنجی بەرانبەر ڕابكێشێت و با ڕەنگاوڕەنگیش نەبێت. تا پۆستەتر بیت كەسایەتیت قورسترە و بەرێزتر شكۆدارتریت.[1]

11- لە ژێر هیچ پەیمان و دڵنییاكردنەوەیەكدا پەیوەندی لەگەڵ هیچ كوڕێكدا مەبەستە، چونكە ئەوە كارێكی حەرامە و ئەوكات جگە لە گوناهباری دەبیتە نموونەیەكی خراپیش بۆ كچی موسوڵمان و دەرەنجامەكانی ئەو جۆرە پەیوەندییانەش زۆر جار خراپە و لەسەر كەسایەتی كچەكە دەشكێتەوە، ئەگەر كەسێك مەبەستی پێكەوە نانی خێزان بێت بەو شێوەی كە الله پێی خۆشە لە دەرگای شەرعی و ئاسایی خۆی دەدات و دەچێت لە سەرپەرشتیارەكەت داوات دەكات، ئەگینا بە هیچ شێوەیەك درووست نییە پەیوەندی نێوان  تۆ و هەر كوڕێك با هەرچەند وابەستەی دینیش بێت، ئەگەر لە ڕێگەی ڕاست و درووستی خۆیەوە نەچێت داوات بكات و ئەو مەسەلە لە كورتی نەبڕێتەوە.

12- ئەگەر زانیت كەسێكی دیندار بەنیازێكی پاك و باشەوە تۆی دەوێت، با مەرجی یەكەمی تۆ لە ئەودا بریتی بێت لەوەی خاوەن عەقیدەیەك ڕاست و درووست بێت و لەسەر ئیسلامی كیتاب وسونەت بێت و بە لادانە زۆرەكانی ئەم سەردەمەوە تێوەنەگلابێت و باوەڕی بە هیچ لە دیاردەكانی جاهیلەییەتی ئەم سەردەمە نەبێت، جگە لەوە ئیتر گوێ بە هەژاری مەدە ڕزق لەلای الله یە ولەوانەیە دەرگاری لوتف و چاكەی خۆیتان لێ بكاتەوە، وەكو وتم ناشبێت لەسەر بنەمای ئەو نیازە ئەگەر نەیكات بە كردەوە هیچ پەیوەندی و وەعددانێك هەبێت و هیچ جۆرە چاوپێكەوتن و قسەكردنێك لە دەرەوەی چوارچێوەی شەرع حەڕامە.

13- ئەگەر بتەوێت الله لە خۆت ڕازی بكەیت و دینداری ڕاستەقینە بكەیت، دەبێت گوێ بەوە نەدەیت كە لە دژت دەوترێت، چونكە وەكو كچێكی وابەستە بوو بە ئیسلام لە زانكۆدا زۆر نامۆ دردەكەویت وبەشێوەیەك لە شێوەكان دەبیتە جۆرێك لە تێكدەری میزاجی خوێندكارەكانی تر، دەبێت ئارام بگریت ئەگەر  توانجت لێدرا بە گۆشەگیر و نەخۆش و نامۆ و دواكەوتوو وەسف كرایت.

14- دوعا كردن: پێویستە دەرگای نزاو پاڕانەوە بەكەم نەزانیت و بەردەوام بە نهێنی و بە ئاشكرا داوا لە پەروەردگارت بكەیت لە هەموو فیتنەیەك بتپارێزیت و ڕێگەی هەموو چاكەیەكت پێ نیشان بدات و بۆت ئاسان بكات و لە هەموو فیتنەو خراپەیەك پارێزراوت بكات. الله تعالی فەرموویەتی: (وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ ۚ إِنَّ الَّذِينَ يَسْتَكْبِرُونَ عَنْ عِبَادَتِي سَيَدْخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِينَ)غافر:60.

15- هاوڕێی باش: لە هۆكارەكانی نەكەوتنە ژێر كاریگەری فیتنە و خراپییەكانی زانكۆ ئەوەیە بتوانیت چەند هاوڕێیەكی كچی هاوشێوەی خۆتت هەبێت و پێكەوە یەكتر بەهێز بكەن و فەرمان بەچاكە بەیەكتر و بەوانی تر بكەن و نەهی لە خراپە بكەن و بۆ خۆتان و هاوپۆلەكانی تریش ببنە خێر و ڕێپیشاندەر. هاوڕێی ئیماندار دەبێتە خێر و پشتیوانێكی باش بۆت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( الْمُؤْمِنُ لِلْمُؤْمِنِ كَالْبُنْيَانِ يَشُدُّ بَعْضُهُ بَعْضًا ) - وَشَبَّكَ بَيْنَ أَصَابِعِهِ. متفق عليه .

16- گرنگی زۆر بە خوێندنەوەی كتێبی فیقهی و عەقیدی و ژیانامەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بدە، شارەزابوون لەو بوارانە و لە تەفسیر و كتێبەكانی فەرموودە و سونەت هەم لایەنی زانستیت تۆكمە دەكات، هەم دەبێتە پاڵپشت و پاشخانێك بۆت لە شێوەی مەشخەڵێكدا ڕێگای خۆت و چەندینی تری پێ ڕوناك دەكەیتەوە، بەبێ زانستی شەرعی زۆر شتت پێ ناكرێت وبە ئاسانیش دەگونجێت بكەویتە داوی خراپەكارانەوە.

17- بەشداری نەكردن لە هەموو بۆنە و سەفرەو ئاهەنگێكدا كە سنووری شەرعی تێدا ناپارێزرێت، بێگومان زۆربەی چالاكییەكانیش لە زانكۆ ئەستەمە بتوانرێت سنووری شەرعی تێدا بپارێزرێت.

18- وەكو كچێكی وابەستە بە ئیسلام، زۆر گرنگە لە وانەكانتدا زیرەك بیت، بەشەكەت و مامۆستاكانت لێت ڕاز بن ، زیرەكی و گوێڕایەڵی و لەسەرخۆییت دەبێتە بەشێك لە كەسایەتی ئیسلامیت كە ئەوەش جۆرێكە لە بانگەواز بۆ دینەكەیت لە ڕیگەی كەسایەتی خۆتەوە، بە پێچەوانەشەوە تەمەڵی و شپرزەیی ئیشوكاری كەسی مولتەزیم بە دینەوە، دەبێتە سیفەتێكی ناپەسەند و بەهانەیەك بۆ درووست كردنی كاریگەری خراپ و قسە كردن لە دژی دیندارەكان.

19- نابێت هاوڕێتی خوێندكاری كوڕ بكەیت و تەنانەت ئەگەر ناچار نەبیت، نابێت ڕێگە بدەیتە خۆت بۆ پرسیاری وانەكان و ئامادەكردنی سیمینار و ئیشی لەو شێوەش پەیوەندی بە خوێندكاری كوڕەوە بكەیت، چونكە ئەو كوڕە دواجار بۆ تۆ نامەحرەمە و مامەڵە كردنتان پێكەوە دەخوازێت تەماشای یەكتر بكەن و لەیەكتر نزیك ببنەوە وئەوەش سەرەتای ئاساییبوونەوەی تاوانە و دەستپێكی لادانە لە ڕێگەی ڕاست. ئەوەی كە لە زانكۆكاندا دەبینرێت ئەمڕۆ كە كچان و كوڕان هاوڕێتی پێكەوە دەبەستن و پێكەوە دەبن ئەوە جۆرێكە لەوەی الله تعالی نەهی لێ كردووە لە قورئادا و فەرموویەتی: (وَلاَ مُتَّخِذَاتِ أَخْدَانٍ) جۆرێكیشە لە گوێڕایەڵی كردنی شەیتان و هەنگاوهەڵگرتن لەسەر ڕێگای شەیتان، الله تعالی فەرمویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ وَمَن يَتَّبِعْ خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ فَإِنَّهُ يَأْمُرُ بِالْفَحْشَاء وَالْمُنكَرِ).

20- لە كاتی مامەڵە كردن لە گەڵ خوێندكاران و مامۆستاكاندا، هەمیشە ئەوەت لەبیر بێت كە تۆ شەرعێكت هەیە دەبێت وابەستەی بێت، لەبیرت بێت كە الله فەرموویەتی: (وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ) بۆیە درووست نییە نە لەگەڵ مامۆستا و نە لەگەڵ هاوپۆلە كوڕەكاندا ئەگەر بۆ پێویستییەك قسەت كرد بەزۆری و وەكو مەسەلەیەكی ئاسایی تەماشای یەكتر بكەن.[2]



[1] پرسیار: لەبەشە توبیەکان دەبێت سەدریە لەسەر جلوبەرگەکە لەبەر کەن تا چەند جائیزە ئەوە؟ وەڵام: ئەگەر ئەسڵی ئەو پۆشاكەی خوێندكارەكە شەرعی بێت و مەرجەكانی حیجابی تێدا هەبێت، نەمزانیوە لەبەر كردنی ئەو صدریة لەسەرەوەی ئەو پۆشاكە شەرعییە كێشەی هەبێت.

[2] پرسیار: حوکمی چونی ئافرەت بو زانکو و کۆلیژەکان بە مەبەستی خویندن ئایا روشتنی باشترە یان نا ؟

وەڵام: ئەنجامدانی هەر کارێکی حەرام زەرەری دینی لێ بکەوێتەوە بێگومان خراپە، بەڵام مەسەلەی ڕۆیشتی کچ بۆ خوێندن لە زانکۆ ئەگەرچی دەچێتە بابی ئەوەی زانایان وەسفی دەکەن بە: مما عمت به البلوی،  بەڵام ئەگەر خێرێکی بۆ داهاتووی ژیانی خوێندکارەکە تێدا ببینرێت  داوای دەوام کردنی وپاراستنی سنووری شەرعی لێ دەکرێت نەک دابڕان بەڵام مەسڵەحەتی دین هەمیشە لە پێشترەو ودەبێت حیسابی بۆ بکرێت بۆیە ئەگەر خوێندنی کچێک لە زانکۆ هیچ خێرێکی بۆ دنیاو دواڕۆژی خوێندکارەکە نەبوو و زیانیشی بۆ دین و بۆ دونیای هەبوو بێگومان لەو حاڵەتەدا نابێت درێژە بە خویندنی بلەو شێوە بدات. ئەم جۆرە مەسەلانە شیکردنەوەو بعد نظری زۆرتی ئەوێت.

ئادابی خوازبێنی و مارەبڕین و ژن گواستنەوە:11

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 11 ئادابی خوازبێنی و مارەبڕین و ژن گواستنەوە 1- زەواج لە ئیسلامدا گرێبەستێكی پیرۆزە شەرع پارێزگاری لێ دەكات و كۆمەڵێك حیكمەتی تێدایە، لەوانە: * پارێزگاری كردن لە مانەوەی مرۆڤەكان و ڕەچەڵەكانیان. * پاراستنی كۆمەڵگا لە بەدڕەوشتی و هەڵوەشانەوە خێزان. * هاێیکاری نێوان ژنان وپیاوان لە پێناو پێكهێنانی خێزان و پاراستنی كۆمەڵگا لە تەشەنە كردنی جۆرەها دەرد وبەڵاو نەخۆشی. * بەرقەراربوونی ئاسوودەیی دەروونی و وروژاندنی هەستی دایكایەتی و باوكایەتی لە نێوان ژنان و پیاواندا و زۆر حیكمەتی تریش. 2- پێویستە هەڵبژاردنی هاوسەر لەسەر بنەمای دینداری و ئیمان و عەقیدەی ڕاست دابمەزرێت، ئەگەر كچان و كوڕان و سەرپەرشتیارانیان بەو شێوە بیر بكەنەوە و هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ڕەوشت و دین و ڕەچەڵەكی باش و بەرێز بێت، بێ ئەوەی لە سنووری شەرع وچوارچێوەی مەعقولدا دەستبەرداری هیچ مەرجێکی تریش ببن ئەگەر گونجا، لەو حاڵەتەدا بەختەوەری خێزانی و پەروەردەی تەندروست و جوان بۆ مندالكانیان دەستەبەر دەبێت و شوێنەوارە باشەكانیشی لەسەر تەواوی كۆمەڵگا دەبینرێت. 3- لە مەسەلەی زەواجدا دوای ڕەچاوكردنی مەرجی دین و ڕەوشت و مەرجەكانی تر، بۆچوونێك لە لای زانایان هەیە كەوا هاوسەرگیری لە گەڵ كەسانی دووردا، لە خزمی نزیك گونجاوتر و باشترە، لەوانەیە لە ڕووی تەندرووستیشەوە هەر واببت، هەندێ فەرموودەش لەو بارەوە هاتووە بەڵام سەنەدیان صحیح نییە، بە عەقڵ و بە ئەزموونیش دەركەوتووە، هەندێ جار زەواجی خزمی نزیك نەخۆشی منداڵ و هەندێ كێشەی خیزانی و كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زەواج لەگەڵ كەسانی دوور و غەریبدا خزمایەتی تازە درووست دەكات و لە ڕووی تەندرووستی و لە ڕووی تریشەوە ڕەنگە باشتر بێت، ئەمەش مەعنای ئەوە نییە زەواج لەگەڵ خزمی نزیكداحەرامە وڕێگەپێنەدراوە لە شەرعدا، بەڵكو سەیر دەكرێت بزانە بەرژەوەندی دین و دونیای کەسەکە لە كامیاندایە ئەوە بکات وتاکو پێی دەکرێت کەسە دوورەکە پێش بخات ونەشکرا بچێتە سەر خزمی دوور وئینجا نزیک و الله أعلم. 4- لە هەندێ لە فەرموودە سەحیحەكانیشدا ئەوە هاتووە كە كچی عازەب لە بێوەژن گونجاوترە بۆ زەواج، بەڵام ئەوە بۆ هەڵبژاردنە لە نێوان دوو حاڵەتدا کە هەردوکیان بەردەست بن، نەک بە مەعنای نەهی کردن لە مارەکردنی بێوەژنان، لەوانەشە مەبەستی پەسەندکردنی کچ بەسەر بێوەژندا بۆ کەسێکی گەنج بێت کە بۆ یەکەم جارە هاوسەرگیری دەکات، نەک بۆ هەموو کەسێک کە بیوێت هاوسەرگیری بکات، هەروەها شەرع جەختی لەسەر هەڵبژاردنی ئەو كچانەەکردووە كە مناڵیان زۆر دەبێت، ئەوەش بە تەندروستی باشی کچەکە و سەیركردنی دایك و خوشكی لەمەسەلەی مناڵ بووندا دەردەكەوێت. هەروەها تەندروستی باش وساغی جەستە ئەویش بۆ خۆی خاڵێکی گرنگە و شایانی بایەخ پێدانە لە كاتی هەڵبژاردنی هاوسەردا. مەسەلەی تکافۇ وهاوتابوونیش لە نێوان هاوسەراندا ئەگەر بکرێت کارێکی خراپ نییە ئەگەرچی دین خاڵی سەرەکی ویەکەمی هاوتاییە وخاڵەکانی تر وەکو پێگەی کۆمەڵایەتی وجوانی ودەوڵەمەندی وبڕوانامە مەسەلەیەکە لەسەر قەناعەندتی خودی کەسەکان ڕادەوەستێت. 5- خوازبێنی قۆناغی پێش مارە بڕینەو ئەویش پێویستی بە وەرگرتنی هەندێ ڕێ وشوێنە، وەكو: - بینینی خوازبێنیكەر و خوازبێنی كراو بۆ یەكتر، لەو بارەشەوە فەرموودەی صحیح هاتووە، وەكو: ( انْظُرْ إِلَيْهَا فَإِنَّهُ أَحْرَى أَنْ يُؤْدَمَ بَيْنَكُمَا ) الترمذي (1087) وابن ماجه (1865). بەڵام ئەو كەسەی دەیەوێت خوازبێنی بكات بۆی نییە تەماشای خوازبێنیکراوەکە بكات تاكو تەواو بڕیاری كۆتایی نەدات لەسەر ئەوەی بیەوێت زەواجی لەگەڵدا بكات. هەروەها لە كاتی پێویستدا دەتوانێت زیاتر لە جارێك سەیری بكات و لە كاتی خوازبێنیكردندا دەشتوانێت قسەی لەگەڵ بكات. - تاكو خوازبێنی بە مارەبڕین كۆتایی نەیەت وگرێبەستی هاوسەرگیری دانەمەزرێت، هەموو جۆرە پەیوەندییەك لە نێوان كچ وكوڕدا حەرامە، وەكو تەوقە كردن و بەتەنها پێكەوە بوون. - خوازبێنیکار دەتوانێت لە كاتێكدا تەماشای خوازبێنیكراو بكات كە پێی نەزانێت ئەو سەیری دەكات. 6- حەرامە ئافرەت ئەگەر لە عیددەی تەڵاق ومردنی مێرددا بێت خوازبێنی بكرێت، بەڵام دەكرێت بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ تێبگەیەنرێت كە دوای تەواو بوونی عیددەكەی كەسێكی دیاریكراو بەنیازە بچێتە پێشەوە بۆ داواكردنی ، الله تعالی فەرموویەتی: (وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ فِيمَا عَرَّضْتُمْ بِهِ مِنْ خِطْبَةِ النِّسَاءِ أَوْ أَكْنَنْتُمْ فِي أَنْفُسِكُمْ عَلِمَ اللَّهُ أَنَّكُمْ سَتَذْكُرُونَهُنَّ وَلَكِنْ لَا تُوَاعِدُوهُنَّ سِرًّا إِلَّا أَنْ تَقُولُوا قَوْلًا مَعْرُوفًا) البقرة:235. 7- گرێبەستی هاوسەرگیری ئەو گرێبەستەیە كە ژن وپیاو بۆ یەكتر حەڵاڵ دەكات، بنەماو بنچینەی ئەو گرێبەستەش لەسەر ئیجاب و قبول دادەمەزرێت، واتە ڕازی بوونی هەردوو لا لەسەر پێدانی كچ و قبوڵ كردنی ئەو هاوسەرگیرییە لەلایەن خوازبێنیكەرەوە. 8- گرێبەستی شەرعی ودرووست كە ژن و پیاو بۆ یەكتر حەڵاڵ دەكات پێویستە چەند مەرجێكی تێدا بێت بۆ ئەوەی پێی بوترێت گرێبەستێكی شەرعییە و راستە: یەكەم: پێویستە ئەو كەسەی خوازبێنی دەكرێت بەناوی خۆی دیاری بكرێت، بۆ نموونە باوكی یان وەلی ئەمرەكەی بڵێت فڵانی كچم لێ مارە کردی و ئەویش بڵێت قبوڵم كرد. دووەم: پێویستە هەر دوو هاوسەرەكە ڕازی بن، هەم كچەكە و هەم كوڕەكە. سێیەم: پێویستە سەرپەرشتیار و وەلی ئەمری كچەكە یان بریكارەكەی ئامادە بێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: "لا نكاح إلا بولي" رواه أحمد وأبو داود. لە پێشترین وەلییەكانیش بۆ بەشوودانی كچ، باوكە و ئینجا باپیرەو ئینجا كوڕ، ئینجا برای دایك و باوكی و برا لە باوك. ئەگەر ئەوانەش نەبن كێ نزیكترینە لە خوازبێنیكراوەكەوە، ئەو مەسەلەش لە ڕووی فیقهییەوە شیكردنەوەی زیاتر هەڵدەگرێت. چوارەم: پێویستە دوو شایەت شایەتی لەسەر ئەو زەواجە بدەن، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: "لا نكاح إلا بولي وشاهدي عدل" رواه ابن حبان والبيهقي وصححه الذهبي. پێنجەم: هەردوو هاوسەرەكە ڕێگری نەبێت لە هاوسەرگیرییەكەیان، بۆ نموونە: مەحرەمی یەكتر نەبن و شیریان پێكەوە نەخواردبێت و هەروەها جیاوازی دین لە نێوانیاندا نەبێت، بۆ نموونە كچەكە موسوڵمان بێت و كوڕەكە ناموسوڵمان بێت، یان خوازبێنیكراوەكە لە عیددەدا بێت. شەشەم: هەبوونی مارەیی، ئیتر كەم بێت یان زۆر، پێویستە و یەكێكە لە بنەماكانی دامەزراندنی ئەو گرێبەستە، الله تعالی لە قورئاندا فەرموویەتی: (وَآتُوا النِّسَاءَ صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً) النساء:4. تێبینییەكی گرنگ: مەسەلەی دابەش كردنی مارەیی بۆ مقدم مؤخر لە شەرعدا ئەسڵی نییەو بیدعەیە، مارەیی بریتییە لەو بڕە پارە یان زێڕەی كە دیاری دەكرێت و ئەسڵ وایە لە كاتی مارە بڕیندا پیاوەكە بە هاوسەرەكەی بدات، بەڵام ئەگەر بەشێكی ئەو مارییەی لەو كاتەدا نەبوو، یان هەمووی لەو كاتەدا بۆ هەڵنەسوڕا، درووستە بكرێتە قەرز لەسەر پیاوەكە تاكو ئەو كاتەی كە دەتوانێت بیدات یان لەسەر كاتێكی دیاریكراو ڕێكبكەون، بەڵأم ئەمەی كە هەیە ئێستا مۆخر ئەو بڕە پارەیە كە لە گەردنی مێرددا دەمێنیتەوە ونایدات، چونكە لە عەقدەكەشدا دەنووسرێت لە حالەتی مردن و جیابوونەوە دەیدات، واتە ئەگەر پێش ژنەكەی تەڵاق نەدا و پێش نەمرد هیچی ناكەوێتە سەر، ئەوە شەرعی نییە. 9- ئاساییە و درووستە بە بۆنەی ئەو زەواجەوە لە سنووری شەرعدا خۆشی دەرببڕدرێت و ئاهەنگ بگیڕدرێت، بێ تێكەڵابوونی ژنان و پیاوان و لێدانی مۆسیقا و كاری ناشەرعی. لە سنووری شەرع و لە بازنەی ڕێگە پێدراودا هەر خۆشی دەربڕینێك جائیزە. 10- مەرج نییە بۆ مارە برین ئیللا مامۆستایەکی ئایینی ئامادە بێت ومارەی ببڕێت، ئەو کارە بە خۆیشیان دەکرێت ئەگەر شارەزایی شەرعیان هەبێت، یان بە هەر موسوڵمانێکی موەحید و شارەزا لە شەرع دەکرێت، گرنگ ئەوەیە مەرجەکانی زەواج بوونی هەبێت وەکو ڕازی بوونی هەردوو لاو ئامادە بوونی وەلی ئەمرو دوو شایەت و دیاریکردنی مارەیی وئیعلان کردنی زەواجەکە ومەبوونی هیچ ڕێگرێکی شەرعی لە ئەنجامدانی گرێبەستەکە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەیرو سەمەرەکانی ئەم سەردەمەی خۆمان ئەوەیە موسوڵمان لە هەموو شتێک سەری دەردەچێت وشارەزایە، جگە لە دینەکەی نەبێت تێیدا کڵۆڵە، بۆیە باشترە کەسێکی شارەزا وەکو تالیب عیلمێک یان مامۆستایەکی عەقیدە پاک ئامادەی ماڕە بڕینەکە ببێت ومەرجیش نییە مامۆستای مزگەوت ومەلای ئەوقاف بێت، بەڵکو هەر کەسێک هەندێ لە شەرع شارەزا بێت دەتوانێت بەو کارە هەڵسێت. 11- هەندێ ئاداب هەیە چاكترە پیاو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا ڕەچاوی بكات لە كاتی گواستنەوەیدا: * مستحب وایە دەستی ڕاستی بخاتە سەر سەری خێزانەكەی و بسم الله بكات و دوعای خێرو چاكەی بۆ بكات، وەكو لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە: « إذا تزوج أحدكم امرأة أو اشترى خادما فليأخذ بناصيتها وليسم الله عز وجل وليدع بالبركة وليقل: اللهم إني أسألك من خيرها وخير ما جبلتها عليه، وأعوذ بك من شرها وشر ما جبلتها عليه. * مستحب وایە پێكەوە دوو ڕكات نوێژ بكەن: « إذا دخلت المرأة على زوجها يقوم الرجل فتقوم من خلفه فيصليان ركعتين ويقول: اللهم بارك لي في أهلي وبارك لأهلي في اللهم ارزقهم مني وارزقني منهم، اللهم اجمع بيننا ما جمعت في خير وفرق بيننا إذا فرقت في خير » [أخرجه الطبراني وصححه الألباني]. لەسەلەفەوە ئەنجامدانی ئەو دوو ڕكاتە نوێژە هاتووە . * كارێكی باشە پێش ئەنجامدانی کاری شەرعی مولاتەفەی بکات واتە قسەی خۆشی لەگەڵ بكات و گاڵتەی لەگەڵدا بكات و خواردن و خواردنەوەیەكی پیشكەش بكات. لەو بارەوە كۆمەڵێك فەرموودە هاتووە و سوننەتی کرداری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەوە دەسەلمێنێت. * مستحب وایە بۆ کاری شەرعی یەكسەر نەچێتە لای خێزانەكەی ، بەڵكو پێش ئەوە مولاعەبە و وروژاندن درووست بكات و ئەوە بکاتە پێشەکییەک بۆ ئەنجامدانی کاری شەرعی. * سوننەت وایە كە بە مەبەستی سەرجێیی چووە لای خێزانەكەی بڵێت: « بسم الله اللهم جنبنا الشيطان وجنب الشيطان ما رزقتنا ». * لە پێشەوە یان لە دواوە درووستە بچێتە لای خێزانەكەی، بەمەرجێك لە یەک جێگەوە بێت کە ئەویش جێگەی مناڵبوونە. * چوونە لای ئافرەت لە دواوە لە حرگای دەرچوونی پیسایی، كارێكی قێزەونە و پێچەوانەی فیترەتە و مرۆڤی تەواو خۆی لێ بەدوور دەگرێت و شەرع بەهەموو شێوەیەك ئەو کارەی حەرامی كردووە. الله فەرموویەتی: (نِسَاؤُكُمْ حَرْثٌ لَّكُمْ فَأْتُوا حَرْثَكُمْ أَنَّىٰ شِئْتُمْ ۖ وَقَدِّمُوا لِأَنفُسِكُمْ ۚ ) البقرة:223. كۆمەڵێك فەرموودەش هاتووە كە بەڕاستەوخۆ و بەناڕاستەوخۆ ئەو كارەی حەرام كردووە. * لە نێوان دوو جووتبووندا هاوسەران دەتوانن دەستنوێژ بگرنەوە، لەوەش باشتر ئەوەیە غوسل بكەن وەكو لە هەندێ فەرموودەدا هاتووە. * دەكرێت هەردوو هاوسەرەكە لەیەك جێگەدا پێكەوە غوسڵ بكەن، وەكو لە سەحیحی بوخاری ومسلم دا هاتووە، دایکمان عائیشە الله لێی ڕاز بێت لەگەڵ پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم لەیەك جێگەدا غوسڵیان كردووە. * لە فەرموودەی سەحیحیشدا لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە كە سوننەت وایە بە لەشگرانی نەخەون، بەڵكو دەستنوێژ بگرن و ئینجا بخەون، ئەگەر خۆشۆردن وغوسڵیش بێت باشترە.بەڵام ئەو كارە واجب نییە و مستحب ە بكرێت، بەبێ دەستنوێژ وغوسڵیش بخەونەوە گوناهبار نابن. 12- هەروەها سوننەتە پیاو بە بۆنەی گواستنەوەی خێزانەكەی وەلیمە بكات، مەڕێك یان زیاتر ئەگەر حاڵی باش بوو سەرببڕێت، چونکە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بۆ هەندێ لە دایکانی ئیمانداران مەڕێکی سەر بڕیوە،(ما رأيت النبي صلى الله عليه وسلم أولم على أحد من نسائه ما أولم عليها؛ أولم بشاة.) البخاري: 5171. بەڵام ئەگەر توانای دابین كردنی گۆشتی نەبوو، درووستە بەهەر جۆرە خواردنێكی تر وەلیمە بكات، بۆ نموونە بە شلەو برنجێکی سادەی بێ گۆشت، وەكو لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە وەلیمەیەكی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم خورما و كەشك وڕۆن بووە. پێویستە نیەتیش لەو وەلیمە شوێنكەوتنی سونەت بێت و تایبەت نەکرێت بە دەوڵەمەند و خەڵكی تایبەت. سوننەتیش وایە ئەو كەسەی بانگهێشت دەكرێت بۆ وەلیمە بڕوات و ئەگەر لەڕۆژووی سوننەتیشدا بێت بیشكێنێت و بەنیەتی دڵ خۆشكردنی خاوەن وەلیمەكە بچێت و پیرۆزبایی لێ بكات و بڵێت: (بارك الله لك وبارك علیك وجمع بینكما في خیر) یان هەر دوعایەكی تر لەوانەی لە سوننەتدا هاتووە. 13- حەرامە ئەوەی ڕوو دەدات لە نێوان ژن و پیاودا لەمەسەلەی سەرجێیی بۆ هیچ كەسێك باس بكرێت، لە سەحیحی مسلم دا هاتووە، كە پێغەمبەر صلی اللە علیه و سلم فەرموویەتی: (إن من شر الناس عند الله منزلة يوم القيامة الرجل يفضي إلى امرأته وتفضي إليه ثم ينشر سرها). واتە: خراپترین كەس لە ڕۆژی قیامەتدا كەسێكە نهێنی سەرجێیی هاوسەرەكەی باس كردووە. 14- حەرامە پیاو لە كاتی حەیزو نیفاسدا سەرجێیی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بکات، الله تعالی فەرموویەتی: ﴿ويسألونك عن المحيض قل هو أذى فاعتزلوا النساء في المحيض ولا تقربوهن حتى يطهرن﴾ البقرة: 222. 15- حەرامە و تاوانە بۆ ئافرەت ئەگەر مێردەكەی بۆ سەرجێییی خۆی بانگی بكات و گوێڕایەڵی نەبێت و نەچێت بەدەنگییەوە، وەكو لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە: (إذا دعا الرجل امرأته إلى فراشه فلم تأته فبات غضبان عليها ؛ لعنتها الملائكة حتى تصبح ) متفق عليه. بۆ زانیاری زیاتر لەم بارەوە دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ کتێبەکانی سوننەت وفەرموودە لە بابی الخطبة والنکاح، هەروەها هەندێ کتێبی تایبەت بۆ ئەو باسانە دانراون وەکو، كتێبی: (آداب الزفاف)ی محمد ناصر الدین الألباني و (آداب الخطبة والزفاف)ی عبدالله علوان .  

ڕێكه‌وتننامه‌ی (سیداو) پرۆسەیەكی نێودەوڵەتی بۆ فەساد:12

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 12 ڕێكه‌وتننامه‌ی (سیداو) پرۆسەیەكی نێودەوڵەتی بۆ فەساد ناوی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی بریتییه‌ له‌ Convention on Elimination of All Forms of Discrimination Against Women واته‌: ڕێكه‌وتننامه‌ی نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره‌ جیاوازییه‌ك له‌ دژی ئافره‌تان. له‌ ساڵی 1979 له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ ئیمزای له‌سه‌ر كرا پاش ئه‌وه‌ی سه‌دوهه‌شتا و نۆ ده‌وله‌ت ئیمزایان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی كرد كه‌ له‌ نێوانیاندا په‌نجا ده‌وڵه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌رجدار و به‌ (تحفظ) له‌سه‌ری ڕازی بوون. بنه‌ماو بنچینه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی (سیداو) له‌سه‌ر یه‌كسانی ڕه‌ها و هاوشێوه‌یی وهاوتا بوونى ته‌واو له‌ نێوان ژنان و پیاواندا دامه‌زراوه‌ له‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی وڕۆشنبیری و له‌ هه‌موو بواره‌ جیاجیاكانی تردا. له‌ ڕاستیدا بیرۆكه‌ی یه‌كسانی كردن له‌ نێوان هه‌موو خه‌ڵكیدا به‌ ژنان و پیاوانه‌وه‌، ئه‌و بنه‌مایه‌ بوو كه‌ زۆربه‌ی په‌یمان وڕێكه‌وتننامه‌ جیهانییه‌كانی له‌سه‌ر درووست بوو، بۆ نموونه‌ سه‌رانی شۆرشی فه‌ره‌نسی ئه‌و دروشمه‌یان به‌رز كردبوویه‌وه‌ به‌و ئیعتیباره‌ی كه‌ پیاوان و ئافره‌تان له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانداهیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوانیاندا نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ یه‌كه‌مین ماده‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی سیداو بریتی بوو له‌وه‌ی كه‌ نابێت هیچ جیاوازییه‌ك بكرێت له‌ نێوان ژنان و پیاواندا و پێویسته‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌ر جیاوازییه‌ك له‌ بواره‌كانی ژیاندا له‌ نێوان ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌ به‌ره‌نگاری هه‌ر هه‌وڵێك بۆ كز كردنی ئه‌و ئاراسته‌ ئه‌نجام بدرێت. له‌ ڕاستیشدا یه‌كسانی له‌ نێوان ژنان و پیاوان له‌ ئیسلامدا مه‌سه‌له‌یه‌كی بڕاوه‌یه‌ و جیاوازییان له‌ نێواندا نه‌كراوه‌ وه‌كو ماف و لایه‌نی مرۆیی، مه‌گه‌ر له‌ كاتێكدا نه‌بێت كه‌ یه‌كسانی له‌ گه‌ڵ دادگه‌ریدا تێكگیرابێت، ئه‌و كات وه‌كو پاراستنی مافی ئافرتان له‌ یه‌كسانییه‌وه‌ ده‌گویزرێته‌وه‌ بۆ دادگه‌ری، چونكه‌ له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا یه‌كسانی كردن له‌ نێوان ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌دا ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ نادادگه‌ری كه‌ خودی ئافره‌ته‌كه‌، یان به‌رانبه‌ره‌كه‌ی تێیدا زیانمه‌ند ده‌بێت. گومانی تێدا نییه‌ كه‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی (سیداو) له‌ گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ پێچه‌وانه‌یه‌ و تێكده‌گیرێت ، ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه‌ كه‌ ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و جاڕی بۆ دراوه‌ كە نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هیچ جۆره‌ ڕێزێك نه‌ له‌ ئیسلام و نه‌ له‌ هیچ ئاكار و ڕه‌وشتێكی كۆمه‌ڵگاكان ناگرێت وبگره‌ مه‌به‌ستێتی یاساو ته‌شریعاتی كاریگه‌ر ده‌ربكات بۆ لاوازكردن و نه‌هیشتنی پێگه‌ی شه‌ریعه‌ت له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیعدا. هه‌روه‌ها دژایه‌تی كردنی ڕه‌وشت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان و بڵاو كردنه‌وه‌ی بێ ڕه‌وشتی یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌ گه‌وه‌ركانی ئه‌و ده‌زگایه‌، ئه‌مه‌ش دیارترین ئه‌و خاڵانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوو توێی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌دا هاتووه‌ وپێچه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌: 1- له‌ مادده‌ی دوومی ئەو ڕێككەوتنامەیەدا هاتووه‌ ، كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئیمزایان له‌سه‌ری كردووه‌ هه‌موو جۆره‌ ڕێنمایی و ئاراسته‌و حوكمێك له‌ یاساكانیان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ جیاوازی ده‌خاته‌ نێوان ژنان و پیاوان به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ئایینی درووست بوونه‌ وه‌كو میراتی بۆ نموونه‌، ئه‌م مادده‌یه‌ش به‌ ڕوونی له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا ناكۆكه‌ و پێچه‌وانه‌یه‌، چونكه‌ كه‌ ئیسلامدا جیاوازی له‌ نێوان پیاوان و ژناندا كراوه‌ و له‌ ڕووی فیتره‌تیشه‌وه‌ ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌ جیاوازی زۆریان له‌ پێكهاته‌و تواناو باری ده‌روونی و توانای جه‌سته‌یی له‌ نێواندا هه‌یه‌، وه‌كو له‌ قورئانی پیرۆزدا هاتووه‌: ( وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالأُنْثَى) آل عمران:36. ئینجا كاركردنیش به‌و مادده‌یه‌ له‌ ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ وه‌كو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یە بۆ ئه‌و ئایه‌تانه‌ی باسی حوكم كردن به‌ قورئان و سوننه‌ت ده‌كه‌ن، وه‌كو: (فَلاَ وَرَبِّكَ لاَ يُؤْمِنُونَ حَتَّىَ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لاَ يَجِدُواْ فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجاً مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسْلِيماً ). النساء:65. 2- له‌ مادده‌ی شانزه‌دا به‌ هه‌مان شێوه‌ كۆمه‌ڵێك جیاوازی و تێكگیرانی تێدایه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئیسلامدا وه‌كو: * لابردنی هه‌موو جۆره‌ سه‌رپه‌رشتی و ویلایه‌ت و خاوه‌ندارێتێیه‌ك له‌سه‌ر كچان و ئافره‌تان له‌لایه‌ن باوك و براو مێرد و هه‌ر سه‌رپه‌شتیارێكی تر، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كسانی ته‌واو له‌ نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زدا درووست بێت، بۆ نموونه‌ كچ ئازاد بێت هاوسه‌رگیری یان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ر كوڕێكدا بگرێت با بێ دینیش بێت، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ شه‌ریعەتدا پێچه‌وانه‌وه‌یە، بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر دا صلی الله علیه وسلم: كە دەفەرموێت ( أيما امرأة نكحت بغير إذن وليها فنكاحها باطل فنكاحها باطل فنكاحها باطل) صحیح ابي داود / 2083. واتە: هەر ئافرەتێك بەبێ ڕازیبوونی خاوەنەكەی شوو بكات شووكردنەكەی بەتاڵە. - له‌بڕگه‌یه‌كی تری مادده‌ی شانزه‌دا هاتووه‌، كه‌ كچ ده‌توانێت ناوی دایكی هه‌ڵبگرێت وه‌كو چۆن ده‌توانێت ناوی باوكی هه‌ڵبگرێت، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی قورئاندا تێكده‌گیرێت كه‌ فه‌رمووده‌ی الله یە عزوجل: (ادْعُوهُمْ لِآبَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِندَ اللَّهِ ) واتە كەسەكان بە ناوی باوكیانەوە بانگ بكەن و بیاندەنە پاڵی ئەوان نەك دایكیان، چونكە ئەوە مایەی درووستبوونی دادگەرییە. * له‌ بڕگه‌یه‌كی تری ئه‌و مادده‌یه‌دا به‌ڕاشكاوی هاتووه‌، كه‌ فره‌ژنی پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت، واته‌ له‌ ڕووی یه‌كسانییه‌وە چۆن ئافره‌ت بۆی نییه‌ زیاتر له‌ میردێكی هه‌بێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ پیاویش بۆی نییه‌ زیاتر له‌ هاوسه‌رێكی هه‌بێت! ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ الله تعالی به‌ ڕاشكاوی له‌ قورئاندا ڕێگه‌ی به‌ فره‌ژنی داوه‌و فه‌رموویه‌تی: (فَانكِحُواْ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاء مَثْنَى وَثُلاَثَ وَرُبَاعَ ) النساء:3. تەنانەت لە ئایەتەكدا الله باسی یەك هاوسەری نەكردووە، بەڵكو لە دوو هاوسەرەوە تا چواری باس كردووە كە ئەوەش ئاماژەیەكی ڕوونە - وەكو زانایان فەرموویانە - ئەگەر لە توانای پیاودا هەبێت ومەرجەكانی تێدا هەبێت، زیاتر لە هاوسەرێكی هەبێت بۆ دین و بۆ دونیا و بۆ ئەممەتی ئیسلامیش باشترە. كاتێكیش هه‌ندێ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ڕه‌خنه‌یان له‌و به‌نده‌ گرت لیژنه‌ی سیداو به‌ توندی قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنیان دوو پات كرده‌وه‌ و وتیان فره‌ژنی ده‌ره‌نجامی زۆر ترسناكی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئافره‌ت و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا ، لە جیاتی فرەژنیش بە حەڵاڵی ئەوان ڕێگەیان داوە بە پەیوەندی ناشەرعی لە نێوان ژنان و پیاواندا و هەموو ئاسانكارییەك لەو بارەوە دەكەن، تەنانەت بۆ ئەو منداڵە ناشەرعییەش كە لە ئەنجامی پەیوەندی ناشەرعی ژنان و پیاواندا درووست دەبێت، گرنگ ئەوەیە هاوسەرگیری دووەم نەكرێت و ئەو شەریعەتەی ئیسلام لەو بوارەدا ڕەتبكرێتەوە. 3- هه‌روه‌ها له‌ڕووی یه‌كسانی ڕه‌ها له‌ نێوان ژنان و پیاواندا چۆن پیاو پاش جیابوونه‌وه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی یان مردنی، بۆی هه‌یه‌ بێ چاوه‌ڕوان كردن هاوسه‌رگیری بكات، به‌و شێوه‌ش پێویسته‌ ژنان ئه‌و مافه‌یان هه‌بێت ، پاش مردنی هاوسه‌ره‌كانیان، یان جیابوونه‌وه‌یان له‌یه‌كتر، ئافره‌ت بتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێك ڕاسته‌وخۆ شوو بكات به‌ بێ چاوه‌ڕوانی‌، ئەمەش بانگەشەیەكی ئاشكرایە بۆ نەهێشتنی تەشریعی (عیدده‌) كه‌ به‌ڕوون و ئاشكرا بەشێكە لە شەریعەتی ئیسلام. 4- به‌ پێی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌، پیاو به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ خێزاندا مافی سه‌رپه‌رشتی به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ نییه‌، به‌وه‌ش ئایه‌تی (الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ) النساء:34. هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و پیاو هیچ مافێكی سەرپەرشتی و چاودێری بەسەر خێزانەكەی نامێنیت. 5- به‌رز كردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ڕێگه‌ پێدراو بۆ شوو كردنی كچان بۆ هه‌ژده‌ ساڵ، وه‌كو ڕێخۆشكردنێك بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بیگه‌یه‌نن به‌ بیست و یه‌ك ساڵ، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی چه‌ندین ده‌قه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا بۆ نموونه‌: «يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ ، مَنْ اسْتَطَاعَ الْبَاءَةَ فَلْيَتَزَوَّجْ؛ فَإِنَّهُ أَغَضُّ لِلْبَصَرِ ، وَأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ ، وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَعَلَيْهِ بِالصَّوْمِ؛ فَإِنَّهُ لَهُ وِجَاءٌ» [رواه البخاري ومسلم واللفظ للبخاري] . دوای جاریش رێگەیەكی ناڕاستوخۆیە بۆ بڵاوبوونەوەی فەساد لناو كۆمەڵگادا. 6- به‌ پێی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌، ئافره‌ت مافی خۆیه‌تی و ئازاده‌ مناڵی ببێت یان نه‌بێت، هه‌روه‌ها مافی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كۆرپه‌ڵه‌كه‌ی له‌بار ببات، ئه‌مه‌ش بە ڕاشكاوی له‌گه‌ڵ فه‌رمووده‌ی الله جل جلاله پێچه‌وانه‌یه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: (وَلاَ تَقْتُلُواْ أَوْلاَدَكُم مِّنْ إمْلاَقٍ نَّحْنُ نَرْزُقُكُمْ وَإِيَّاهُمْ ) الغسراء:31. 7- ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ مافی مێردی سنووردار كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ مافی سەرجێیی و چوونه‌ لای هاوسه‌ره‌كه‌ی و ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌زامه‌ندی ژنه‌كه‌ نه‌بێت به‌ ده‌ستدرێژی هاوسەرگیری (اغتصاب زوجي ) داده‌نرێت و سزایشی بۆ دیاریكراوه‌ له‌ نێوان سزادان به‌ پاره‌و زیندانی كردندا، له‌ كاتێكدا الله له‌ قورئاندا فه‌رموویه‌تی: (نِسَآؤُكُمْ حَرْثٌ لَّكُمْ فَأْتُواْ حَرْثَكُمْ أَنَّى شِئْتُمْ ) البقرة:223. هه‌روه‌ها رسول الله صلی الله علیه وسلم وه‌كو له‌ هه‌ردوو صه‌حیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووه‌ فه‌رموویه‌تی : ( إِذَا دَعَا الرَّجُلُ امْرَأَتَهُ إِلَى فِرَاشِهِ فَأَبَتْ فَبَاتَ غَضْبَانَ عَلَيْهَا لَعَنَتْهَا الْمَلَائِكَةُ حَتَّى تُصْبِحَ ). سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ش كه‌ ڕه‌نگه‌ لای كه‌سانێك درووست بێت ئایا ڕێكه‌وتننامه‌ی سیداو خاڵی باش و ماده‌ی به‌ سوودی له‌ خۆ گرتووه‌ بۆ ئافره‌تان؟ یان هه‌مووی ماددەكانی هەر له‌و جۆره‌ زیان به‌خشن بۆی؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: به‌ڵێ ده‌رباره‌ی مافی دایكایه‌تی و جه‌خت كردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر پارێزگاری كردن له‌سه‌ر مافی ئافره‌ت له‌ كاتی دوو گیانیدا و هه‌روه‌ها ده‌سته‌به‌ركردنی چاودێری ته‌ندرووستی بۆ ژنان بێ جیاوازی له‌گه‌ڵ پیاواندا و ڕه‌خساندنی هه‌لی كار وسوودی ئابووری به‌ده‌ست هێنانی قه‌رز و خاڵی ئیجابی تری بۆ ئافره‌تان تێدا هاتووه‌، قسه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ باشانه‌ نییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا دەگونجێن و كۆكن، به‌ڵكو ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی به‌نده‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ له‌ گه‌ڵ عه‌قیده‌و شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا تێكه‌گیرێت و لە ڕاستیدا سیداو هەوڵێكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەشێكی هەستیار و ترسناك لە شەریعەتی ئیسلام كە بەدیلەكەی بڵاوبوونەوەی فەساد و بێ ڕەوشتییەو شیرازەی كۆمەڵگاو خێزان تیكدەدات. به‌ كورتی: ڕێكه‌وتننامه‌ی (سیداو) كە ئێستا لە كوردستانیشدا لە ڕێگەی ڕێكخراوكانی بەناو مافی ئافرەتان و كۆمەڵگای مەدەنییەوە كاری بۆ دەكرێت و بە شێوەیەكی فەرمیش پشتیوانییان لێ دەكرێت، له‌ زۆربه‌ی بڕگه‌كانیدا نەك تەنها لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا، بەڵكو له‌گه‌ڵ فیتره‌ت و سروشتی ئافره‌تیشدا زۆر ناكۆكه‌ و ته‌نانه‌ت ناوی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ وزۆر نالۆژیكییه‌ بوترێت نابێت هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان ژنان و پیاواندا هه‌بێت! ئه‌گه‌ر بێت و ناوه‌كه‌شی بریتی بوایه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ سته‌مێك كه‌ له‌ دژی ئافره‌تان ئه‌نجام ده‌درێت ڕاستتر ده‌بوو. پوخته‌ی ڕه‌خنه‌كانیش كه‌ ئاراسته‌ی (سیداو) كراوه‌ بریتین له‌: - بونیاتنانی ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یە له‌سه‌ر یه‌كسانی ڕه‌ها و هاوشێوه‌یی ته‌واو له‌ نێوان ژنان و پیاواندا له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا له‌ ته‌شریع و سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و وه‌رزشی و ئازادییه‌ گشتییه‌كان و یاساكانی خێزان و پێدانی ڕه‌گه‌زنامه‌ و ئه‌هلیه‌تی یاسایی. - ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ پڕه‌ له‌ دژایه‌تی له‌ نێوان ژنان و پیاواندا و دیمه‌نه‌كه‌ وا ده‌رده‌خات كه‌ په‌یوه‌ندی ژن و پیاو په‌یوه‌ندییه‌كی ڕكابەری و دوژمنایه‌تیه‌ و ئه‌وان هاتوون سنوورێك بۆ ئه‌و سته‌مه‌ی له‌ دژی ئافره‌تان ده‌كرێت دابنه‌ن ، له‌ كاتێكدا خۆی وا نییه‌. - ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ ته‌ماشای ئافره‌ت وه‌كو تاكێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌كات نه‌ك ئه‌ندامێك له‌ نێو خێزانێكدا. - ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ مه‌به‌ستێتی هه‌موو جۆره‌ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان ئافره‌تان و پیاواندا هه‌ڵبگرێت با ئه‌و جیاوازییانه‌ش به‌ پێی سرووشت و فیتره‌تیش بیت. - ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ نوقسانه‌، چونكه‌ جه‌خت له‌سه‌ر مافه‌كانی ئافره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌ركه‌كانی پشت گوێ خستووه‌ و باسیان ناكات. - ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ كار بۆ داگیركارییه‌كی ناوخۆیی نوێ ده‌كات و هه‌وڵێكه‌ بۆ درووست كردنی ده‌وڵه‌تێك له‌ ناو ده‌وڵه‌تێكدا و به‌ پێی بڕگه‌ی حه‌ڤده‌ش مافی به‌ لیژنه‌ی چاودێری داوه‌ چۆن بیه‌وێت ئاوها لێكدانه‌وه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ بكات و ڕاپۆرت به‌رز بكاته‌وه‌. ئه‌و تێكگیرانه‌ش له‌م نووسینه‌ كورته‌دا ده‌رباره‌ی (سیداو )باسمان كرد، بریتی نه‌بوو له‌ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئیسلامه‌ و له‌و ڕێكه‌وتننامه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی كراوەتەوە، به‌ڵكو هه‌ندێ ئاماژه‌و نموونه‌ی خێرا بوو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو به‌ڵگه‌ له‌م باره‌وه‌ بخرێته‌ ڕوو. ئه‌وه‌ش كه‌ جێگه‌ی داخه‌ زۆرێك له‌وانه‌ی پشتگیری لێ ده‌كه‌ن یان وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئایینی خه‌ڵكی و ئاكاریان ته‌ماشای ناكه‌ن، كه‌سانێكن له‌ ڕاستیدا نازانن ناوه‌ڕۆك و ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌ی (سیداو) تا چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر دینی موسوڵمانان هه‌یه‌ و چه‌ند ڕۆڵ ده‌بینێت له‌ دوور خستنه‌وه‌ی موسوڵمانان له‌ دینه‌كه‌یان، به‌ دیاری كراویش ئه‌و ڕێكخراوو لایه‌نانه‌ی كه‌ پشتگیری ڕه‌های لێ ده‌كه‌ن هۆكاری ده‌رك نه‌كردنیانه‌ به‌و شوێنه‌وارانه‌ی ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای موسوڵمانان به‌ڵكو كۆمه‌ڵگا به‌ گشتی به‌جیی ده‌هێڵێت. ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه‌ كه‌ بزانرێت سه‌ره‌ڕای ئیمزا كردنی زیاتر له‌ 180 ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌ كه‌ یه‌كه‌م ده‌وڵه‌ت سوید بوو و قه‌ته‌ریش له‌ ساڵی 2009 ئیمزای له‌سه‌ری كرد، به‌ڵام ئه‌مریكا به‌هه‌ندێ به‌هانه‌وه‌ تاكو ئێستا له‌و ڕێكه‌وتننامه‌دا به‌شدار نییه‌، جگه‌ له‌ ئێران و سوودان كه‌ ئێستا ئاراسته‌ی به‌ره‌و ڕازیبوونه‌، زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان تێیدا به‌شدارن، ئه‌و (تحفظ) ش كه‌ هه‌ندێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ نیشیانیان داوه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێ له‌ بڕگه‌كانی هیچ له‌مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆرێت چونكه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان خۆیان وابه‌سته‌ی جێبه‌جێكردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی (سیداو) كردووه‌. گرنگیشە بەلامەوە بزانن ئەمەی كە لە ئێستادا لە كوردستان دەگوزەرێت لە هەوڵی ئەوەی كەسەكان بەناوی دایكیانەوە بانگ بكرێن یان ئەو باسانەوە لە ژێر ناونیشانی جیندەرەوە خۆیان دەبیننەوە! ئەوە هەمووی جێبەجێكردنە بۆ هەندێك لە بڕگەكانی ڕێكەوتننامەی (سیداو)، بێگومان لەبەرنامەشیاندا هەیە - ئەگەر بۆیان بچێتەسەر وخەڵكی بێ دنگ بن - یەك بە یەكی بڕگەكانی سیداو كە دژ بە شەریعەتی ئیسلامە لە كوردستاندا جیبەجێی بكەن. بۆ ئه‌م نووسینه‌م سوودم له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بینیوه‌، له‌وانه‌: * حقوق المرأة في الاسلام واتفاقیة سیداو/ محمد یحیی النجمي. * سیداو في المیزان/ نزار محمد عثمان. * بنود اتفاقیة السیداو ومخالفتها للشریعة الاسلامیة/ أسماء سعد الدین. * موحازه‌ره‌یه‌كی په‌یوه‌ندیداری دكتۆر محمد أحمد الزین ی مامۆستام له‌ ماده‌ی الثقافة الاسلامیة له‌ كاتی خوێندنی ماسته‌ر.  

حوكمی تەڵاقدانی ژنی دووەم بەبێ هۆكار:13

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 13 حوكمی تەڵاقدانی ژنی دووەم بەبێ هۆكار 1- ژیانی هاوسەرگیری گرێبەستیكی پیرۆزە و وابەستەبوونی تێدایە، پێویستە هەر لەسەرەتاوە لە سەر بنەمای ڕاستگۆیی و لە خواترسان ونیازپاكی دابمەزرێت، نەك لە سەر بنەمای حەزێكی كاتی و جۆرێك لە بەرژەوەندی ناڕوون و نابەردەوام، الله تعالی فەرموویەتی: (وَمِنْ آَيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ). پێغەمبەریش صلى الله عليه و سلم فەرموویەتی: ( استوصوا بالنساء خيرا) رواه الشيخان، واتە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم داوای لێكردووین كە چاكەیان لەگەڵ بكەین و ستەمیان لێ نەكەین و مافەكانیشیان بدەین، هەروەها ئارامیش لەسەر خراپییەكانیان بگرین چونكە لە كۆتایی فەرموودەكەدا هاتووە:( فإنهن خلقن من ضلع وإن أعوج شيء في الضلع أعلاه فاستوصوا بالنساء خيراً). پەروەردگاریش كە خۆی مرۆڤەكانی درووست كردووە و تواناو پێویستیكانیان دەزانێت و لە هەموو كەس باشتر دەیانناسێت، چی باشە بۆیان و كەم وكورتییەكانی ژیانیان بۆ پڕ دەكاتەوە، هەرچیش لە شەرعدا واتە لە كیتاب و سەحیحی سونەتدا هاتووە - كە فرەژنیش یەكێكە لەو تەشریعاتە - هەمووی لە بەرژەوەندی مرۆڤەكانە و بەپێی عەقدی موسوڵمانێتی نابێت موسوڵمان ڕەخنەی لێبگرێت و لەڕوویدا بوەستێت، بۆیە بە مەرجەكانی خۆی پیاو بە ڕێگەپێدانی ڕوون و ئاشكرای كیتاب و سوننەت بۆی هەیە تا چوار هاوسەرگیری بكات وپێویستە ئەو هاوسەرەش كە ژنی بەسەردا دێت ئەوە قبوڵ بكات و زەواجی دوای زەواجی یەكەم بە كارەسات نەزانێت و كەسیش وەكو كەتن و تاوانێك تەماشای نەكات بە شێوەیەك پیاوەكان ناچار بن بە نهێنی ئەو كارە بكەن، بەڵكو ئەگەر مەرجە شەرعی و دونیاییەكان جێبەجێ بوون و پیاو ئەهلیەتی ئەوەی بوو ژنی دووەم بهێنێت ئیتر ئەو مەسەلە بە ئاسایی وەربگیردرێت. 2- لە بەرانبەریشدا پێویستە لەسەر ئەو پیاوەی هاوسەرگیری دووەم دەكات، حیسابی هەموو شتێكی كردبێت وبڕیارێكی پەلەی نەدابێت بێ بیركردنەوەی تەواو و وەرگرتنی رێوشوێنی مادی و مەعنەوی پێویست و پێش هەموو شتێكیش تەقواو دادگەری لە خۆیدا درووست بكات و ترسی پەروەردگاری لە نێوان چاوەكانی خۆیدا دانابێت و لەوە دڵنیابێت ئەم ئافرەتەی كە دەیكاتە هاوسەری دووەمی خۆی مرۆڤە و پێویستە هەموو مافێكی شەرعی و دونیایی بۆ دابین بكرێت، نەك وەكو ئامرازێك بۆ تاقیكردنەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری دووەم بەكاری بهێنێت و تەنها بیری لای لایەنی حەزو ئارەزووی خۆی بێت و لەیەكەم كێشە كە تووشی ئەبێت پەنا بۆ تەڵاق و جیابوونەوە بدات، وەكو ئەوەی بێزار بووبێت لە پرۆسەكە، یان بڵێ تەواو تێگەیشتم ژیانی هاوسەرگیری دووەم چۆنە و كۆتایی پێ ئەهێنم. 3- هەروەها پێویستە ئەو ئافرەتانەش كە خوازبێنێ دەكرێن وەكو هاوسەری دووەم وزیاتر، پەلە نەكەن لەڕازی بوون و دیراسەی مەسەلەكە بەوردی بكەن و پرسیاری پێویست دەربارەی كەسایەتی و دینداری و ئاستی هەست كردن بە بەرپرسیارێتی ئەو پیاوەی خوازبێنیان دەكات بكەن، چونكە لەڕاستیدا ڕاستگۆیی و جیددییەتی پیاو دەردەكەوێت و كەسایەتییەكەی هەر زوو ئاشكرا دەبێت بۆ ئەو ئافرەتەی مەبەستی بێت حەقیقەتی بۆ دەربكەوێت، بۆیە ئەگەر دواتر پیاوەكە لە ئاستی بەرپرسیارێتی نەبوو، ژنی دووەمیش بەشێك لە دەرەنجامی سەرنەگرتنی پرۆسەكە هەڵدەگرێت، كە پەلەی كردووەو لێكۆڵینەوەی پێویستی بۆ پرۆسەكە نەكردووە. 4- پێشم ناخۆشە ئەم قسە دەکەم، بەڵام واقیعێکی تاڵە ودەبێت بوترێت، لەم چەن ماوەی دواییدا، بە بەهانەی شەرعی بوونی زەواجی مسیارو ودەیان وڕەنگە سەدان مەلا وبەناو بانگخواز کە پسپۆڕیان بووەتە ڕێکخستنی ئەو جۆرە زەواجە وبوونەتە جێگای خوازیارانی ئەو جۆرە زەواجە!، بە هۆی ئەوانەوە ئەمڕۆ جۆرێک لە نابەرپرسیارێتی بەرفراوان لەو بوارەدا درووست بووەو ، تەنانەت پیاوانی بەناو ئیسلامی مولتەزیمیش لە ڕێگەی دەڵاڵەکانی زەواجی میسیارەوە بە کەمترین پارەو، بەڵکو هەندێک جار بەپەنابردن بۆ حیلەی شەرعی وفڕوفێڵی مەزهەبەکان و بۆ کەمترین ماوە لە پرۆسەیەکی نزیک لە زەواجی موتعەی لای شیعەکان ئەو زەواجە ئەنجام ئەدەن، لەگەڵ ئافرەتی بێوەژندا زەواج دەکەن ودوای ماوەیەک تەڵاقیان دەدەن وزەواجێکی تر دەکەن، واش دەردەکەوێت هەندێک لەوانە لەسەرەتاوە بەنیازی تەڵاق ۆان ئەو زەواجە ئەنجام ئەدەن چونکە ڕێکخەرانی ئەو زەواجە ئەوەشیان بۆ حەڵاڵ کردوون! مەلای وا هەیە كە سەرقاڵی ئەو بابەتەیەو کردییەتی بە پیشە بۆ خۆی، دەیان زەواجی لەو شێوەی بۆ خۆی ڕێکخستووە، بەداخەوە بازاڕی ئەو جۆرە زەواجە ئێستا لە سلێمانی ولە شارەکانی تری کوردستاندا بازاڕێکی گەرمەو وەکو لە کەسی متمانە پێکراوو ڕاستگۆ زانیومە بازاڕێکە جمەی دێت وهەندێ جار دەڵێن بە پەنجا هەزارێکی مانگانە ڕەنگە ئەو زەواجە دەست بکەوێت، زۆر جاریش تەنها ژن وپیاوەکەو مەلاکەو دوو شایەت حازری مارەبڕینەکە دەبن و، دوو شایەتەکەش نەناسراون، وەکو بڵێی ئیشیان شایەتیدانەو مەرجیان ئەوەیە دوای ئەنجامدانی کارەکەیان ئیتر لێی دەربچن وكەس بانگیان نەكاتەوە، کە ئەوەش جۆرێکە لە سووککردنی ئەو پرۆسە پیرۆزەو و حاڵ وا بڕوات دەبێتە جۆرێک لە موتعەو لەفرۆشی دەمامکدار، كە وا دەزانم ئێستا هەنگاوە یەكەمەكانی ئەو سووككردن و سیغە دەمامكدارە لێرە لە سلێمانی و لە ڕانیە وهەولێر و شوێنەكانی تریش سەری هەڵداوەو درووست بووە. لێرەشدا بەباسكردنی ئەم حەقیقەتە ناخۆشە، مەبەستم ئاگادار كردنەوەی خوشكانی بەڕێزە بەتایبەتی لە بێوەژنان کە بەو مەلاو بانگخوازانە نەخەڵەتێن، چونكە ئەو جۆرە زەواجە زۆرێكی تەنها تێركردنی شەهوەتەو هەستكردنی بەرپرسیارێتی و قودسیەتی خێزان تێیدا بوونی نییە، بۆیە دەبێت کچان وئافرەتان وریای خۆیان بن و نەكەونە داوی ئەو دەڵاڵ و بازرگانانەوە کە بەناوی دینەوە فریویان دەدەن. 5- لە بنچینەدا تەڵاق لە ئیسلامدا كارێكی ڕێگە پێدراو و جائیزە، دەكرێت لە كاتی پێویستدا پیاو پەنای بۆ ببات ومافی خۆیەتی: (وَإِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَبَلَغْنَ أَجَلَهُنَّ فَأَمْسِكُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ أَوْ سَرِّحُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ ۚ وَلَا تُمْسِكُوهُنَّ ضِرَارًا لِّتَعْتَدُوا ۚ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ فَقَدْ ظَلَمَ نَفْسَهُ)، واتە جائیزە پیاو لە هاوسەرەكەی جیابێتەوە ئەگەر نەیانتوانی پێكەوە ژیانێكی خۆش وئارام و ئاسوودە بەسەر ببەن. لە ڕاستیدا - ئەگەرچی ئەسڵ لە زەواجدا بەردەوامییە - بەڵام مەرج نییە زەواج گرێبەستێكی هەتا هەتایی بێت ومێرد لە هەموو حاڵەتێكدا هەر ناچار بێت لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بمێنێتەوە، هەروەكو چۆن خودی پرۆسەی هاوسەرگیریش كارێكی موباح و ڕەوایە و پیاو بە ئارەزووی خۆیەتی ئەنجامی بدات یان نەیدات، جگە لە هەندێ حاڵەتی تایبەت نەبێت. بەڵام تەڵاقدان بێ ئەوەی هۆكارێكی ڕوونی هەبێت و ئەگەر ببێتە مایەی زیان گەیشتن بەو ئافرەتە، ئەوە كارێكی حەرامە و پیاوەكەی پێ گوناهبار دەبێت، لەبەر ئەوەی لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبووە و لە ئەنجامدا بەبێ هۆكار زیانی بە ژیان و دەروونی مرۆڤێكی موسوڵمان گەیاندووە كە هاوسەرە تەڵاقدراوەكەیەتی. 6- هەر لەم بارەشەوە باشترە بزانرێت كە زانایان تەڵاقیان وەكو هەر مەسەلەیەكی شەرعی تر خستووەتە ژێر پێنج حوكمە ئوسوڵییەكانی ئیسلامەوە، واتە: تەڵاقدانی پیاو بۆ ژنەكەی یان یەكێك لە ژنەكانی و بەپێی هۆكاری جیابوونەوەكە، بەدەر نییە لەوەی یەكێك لەم حوكمە شەرعییانە بیگرێتەوە: (حرام و مكروه و مباح و مستحب و واجب) ئەمەش ڕوونكردنەوەیەكی خێرایە بۆ ئەم حوكمانە: یەكەم: دەگونجێت جیابوونەوەی پیاو لە هاوسەرەكەی كارێكی حەرام بێت و پێی تاوانبار بێت، ئەگەر ئەو جیابوونەوە بەبێ هیچ خراپەو كەمتەرخەمیەك بێت لەلایەن ژنەكە و هاوكات تەڵاقدانەكەش زیانی پێ بگەیەنێت. دووەم: لەوانەیە تەڵاقدانەكە كارێكی ناپەسند و مكروه بێت، واتە نەكردنی باشتر بێت، ئەگەر بەبێ هۆكارێكی ڕوون بێت، بۆ نموونە تەنها لەبەر ئەوە بێت كە پێی مورتاح نییە و حەزی لێ ناكات، باشترە لەو حاڵتەدا پیاو ئارام بگرێت و ژنەكەی تەڵاق نەدات. سێیەم: ئەگەر پیاو هەستی كرد ناتوانێت بە مافەكانی ئەو ژنە هەڵسێت، یان ناتوانێت ڕێز و مامەلەی جوانی لەگەڵدا بكات،لەو حاڵەتە تەڵاقدانەكەی كارێكی موباحە واتە ئەتوانێت بیكات و مانعێكی شەرعی نییە بۆ ئەنجامدانی. چوارەم: دەكرێت جیابوونەكە كارێكی باش و مستحب بێت ئەگەر ژنەكە تەبیعەت و ڕەفتاری خراپ بوو وقابیلی چاك بوونەوە نەبوو و زیانی بە مێردەكەی دەگەیاند، بۆ نموونە زمان درێژی بەسەردا دەكرد، یان هەر ناڕەحەتی و بێزارییەكی تری لەگەڵ میردەكەی دەكرد، بە شێوەیەك كە ژیانی ناخۆش كردبێت. پێنجەم: لە هەندێ حاڵەتیشدا تەڵاقدانی ژن حوكمی واجب وەردەگرێت و پێویستە لێی جیابێتەوە، بۆ نموونە: ڕەوشتی ناشیرین بێت، یان ناوبانگ و سومعەی خراپ بێت، یان ئازاری باوك و دایكی میردەكەی بدات و خراپەی تری هاوشێوە ئەنجام بدات، لەو حاڵەتەدا تەلاقدانی پێویستە. 7- بۆیە ئەو پیاوەی كە ژنی دووەمی بە نهێنی دەهێنێت ئەگەر پەشیمان بوونەوەكەی هۆكاری شەرعی و مەعقولی نەبێت و تەنها لە ترسی ژنی یەكەمیدا بەنیازی تەڵاقدانی ژنی دووەم بێت، یان لەبەر ئەوەی لە بچنینەدا لەو كارەیدا جیددی نەبووبێت و هەستی بەرپرسیارێتی ئایینی و كۆمەڵایەتی تێدا نەبووبێت، وەكو نەزوەیەكی كاتی كردبێتی و یان تەنها ویستبێتی وەكو تاقیكردنەوەیەكی پرۆسەی ژنی دووەم ئەو كارە بكات و ئێستا بەبێ هیچ هۆكارێك یان هەڵە و خراپەیەك لە ژنی دووەمەوە تەڵاقی بدات، بێگومان كە گوناهبار دەبێت وكارێكی ناپەسەند دەكات ئەگەر تەڵاقی بدات، ئەگەرچی جیابوونەوەكەشی درووستە و تەڵاقەكە دەكەوێت. 8 - بەڵام ئەگەر هەر هۆكارێكی تری هەبێت، ئەوە بەپێی ئەو هۆكارە حوكم لەسەر كارەكەی دەدرێت و یەكێك لە پێنج حوكمەكە وەردەگرێت، بۆی هەیە كارێكی پەسەند وباش نەبێت وەكو وتم، یان بە پێچەوانەوە ئەگەر دەركەوت جیابوونەوەكەی هۆكاری تری لە پشتەوە بووە، لەو حاڵەتەدا جیابوونەكەی لەو ئافرەتە مافێكی شەرعی و ئاسایی خۆیەتی. ئەگەریش تەڵاقدانەكە بە هۆی داواكاری ژنی یەكەمەوە بێت و دیسان بەبێ هۆكارێكی شەرعی و تەنها لەبەر ئەوەی بێت كە هەوێیەتی و حەزی لێ ناكات و حەز دەكات بەتەنها خۆی لەگەڵ پیاوەكەی بێت ئەوە تاوانە و ستەمە و لەسەری گوناهبار دەبێت، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (لاَ يَحِلُّ لاِمْرَأَةٍ تَسْأَلُ طَلاَقَ أُخْتِهَا لِتَسْتَفْرِغَ صَحْفَتَهَا ، فَإِنَّمَا لَهَا مَا قُدِّرَ لَهَا) رواه البخاري( 4857). واتە: ڕەوا نییە بۆ ئافرەتیك داوا لە مێردەكەی بكات ژنەكەی تری تەڵاق بدات بۆ ئەوەی تەنها ببێتەوە لەگەل مێردەكەی، ئەگەر تەڵاقیشی بدات لەوەی كە الله تعالی بەشی داوە زیاد ناكات. بەڵام ئەگەر ژنی یەكەم لەبەر هۆكارێكی شەرعی و لەبەر خراپی ژنی دووەم داوا لە مێردەكەی بكات لێی جیابێتەوە، ئەوە ئامۆژگارییەكی باشە و نەك گوناهبار نابێت بەڵكو خێریشی دەگات. والله أعلم.  

پێناسه‌ی ( نشوز):14

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان:14(نشوز) یاخیبوونی ئافرەت پێناسەو هۆكارو دیاردەكانی پێناسه‌ی ( نشوز) ژیانی هاوسه‌رگیری جاری وا هه‌یه‌ به‌ بێ كێشه‌ و ناخۆشی به‌سه‌ر ده‌چێت و زۆر جاریش كێشه‌و ناخۆشی تێده‌كه‌وێت، یه‌كێكیش له‌ دیارده‌كانی ناخۆشی له‌ ژیانی خێزانیدا مه‌سه‌له‌ی یاخیبوون و به‌له‌سه‌ بوون و هه‌لگه‌رانه‌وه‌ی ئافره‌تانه‌ به‌سه‌ر مێرده‌كانیاندا كه‌ له‌ شه‌رعدا به‌ (نشوز) ده‌ربڕینی لێكراوه‌. له‌ ڕاستیدا (نشوز) حوكمێكی شه‌رعییه‌ له‌ ژیانی ژن و مێردایه‌تیدا ڕووده‌دات زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ ئافره‌تانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ قورئان و له‌ فه‌رمووده‌كاندا باسی هاتووه‌ و زانایان به‌ تێروته‌سه‌ل قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه‌ و، باسه‌كه‌ش زۆر باسێكی گرنگه‌و كاریگه‌ری نه‌خوازراوی له‌سه‌ر ئاسووده‌یی خیزانه‌كان هه‌یه‌، جا با بزانین (نشوز) واتای چییه‌ و دیارده‌و هۆكار و سنووره‌كانی چیین؟ سه‌ره‌تا با پێناسه‌ی له‌ دوو رووه‌وه‌ بكه‌ین، وه‌كو زمانه‌وانی و وه‌كو زاراوه‌: 1- (نشوز) له‌ ڕووی زمانه‌وانییه‌وه‌ وه‌كو له‌ فه‌رهه‌نگه‌كانی زماندا هاتووه‌ واتای به‌رزی ( الارتفاع) ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا ده‌وترێت: (مكان ناشز) واته‌ جێگایه‌كی به‌رزه‌ . بۆ نموونه‌ ده‌توانیت له‌م سه‌رچاوانه‌وه‌ زیاتر له‌ واتای زمانه‌وانی وردبیته‌وه‌: (لسان العرب، لابن منظور 5/417-418، باب الزاي، فصل النون)، (المعجم الوسيط، 2/256، باب النون) ، (الصحاح للجوهري، 3/899، باب الزاي، فصل النون). له‌ ڕووی زاراوه‌و شه‌رعیشه‌وه‌ (نشوز) ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵناسێت به‌ جێبه‌جیكردنی ئه‌و مافانه‌ی له‌ ڕووی شه‌رعه‌وه‌ له‌سه‌ریه‌تی به‌رانبه‌ر به‌ مێرده‌كه‌ی، بۆیه‌ش به‌و جۆره‌ ئافره‌تانه‌ وتراوه‌ ( ناشز) چونكه‌ خۆیان له‌وه‌ به‌رزتر ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ گوێڕایه‌ڵی حوكمه‌كانی شه‌رع بن كه‌ وه‌كو ژن له‌سه‌ریان دانروه‌. (نشوز) یش له‌ نێوان ژن و مێردد ا واته‌ ڕق لیبوونی یه‌كێكیان له‌وی تر، یان هه‌ردوكیان له‌یه‌كتر. ئایه‌تی: (وَاللَّاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ) ، ( نُشُوزَهُنَّ) واته‌: هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و یاخی بوونیان، (نشوز) یش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی حوكمێكه‌ لە بنچینەدا په‌یوه‌ندی به‌ ئافره‌تانه‌وه‌ هه‌یه‌ . ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش چه‌ند پێناسه‌یه‌كی زانایانه‌ بۆ ئه‌و زاراوه‌یه‌: - (القرطبي) له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی پیناسه‌ی ئافره‌تی ناشیز فه‌رموویه‌تی: "المرأة الناشز هي: الكارهة لزوجها، السيئة العشرة" واته‌ ئافره‌تی (ناشز) ئه‌و ئافره‌ته‌یه‌ كه‌ حه‌ز به‌ مێرده‌كه‌ی ناكات و ڕه‌فتارو مامه‌له‌ی ناشیرینه‌. - (ابن كثير) له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا به‌ پێناسه‌یه‌كی نزیك له‌ پێناسه‌كه‌ی القرطبي فه‌رموویه‌تی: " المرأة الناشز: هي المرأة المرتفعة على زوجها، التاركة لأمره، المعرضة عنه، المبغضة له".واته‌: ئافره‌تی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌یه‌ خۆی بەرز ده‌كاته‌وه‌ به‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌یدا و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی ناكات و پشت گوێی ده‌خات و حه‌زیشی له‌ مێرده‌كه‌ی نییه‌. هه‌ندێكیش له‌ زانایان وه‌كو له‌ (الموسوعة الفقهیة) دا هاتووه‌ پێیان وایه‌ (نشوز) له‌ ژن و له‌ پیاویشه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌كو ( الشرقاوي) ده‌ڵێت: (إن النشوز يكون من الزوجة ومن الزوج وإن لم يشتهر إطلاق النشوز في حق الرجل) واته‌: نشوز له‌ ئافره‌ت و له‌ پیاویشه‌وه‌ ڕوو دەدات، ئه‌گه‌ر چی وا به‌ ناوبانگ نییه‌ نشوز بۆ پیاوان به‌ كار بێت هۆكاره‌كانی (نشوز) و یاخی بوونی ئافره‌ت هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌و یاخی بوونی ئافره‌ت هۆكاری زۆره‌، ئه‌مه‌ی لێره‌ باسكراوه‌ هه‌ندێكیانه‌‌: 1- ناڕێكی خودی ئافره‌ته‌كه‌ به‌ هۆی وه‌رنه‌گرتنی په‌روه‌رده‌یه‌كی ئیسلامی یان خێزانی باش، كه‌ بیپارێزیت له‌وه‌ی ڕه‌فتاری نه‌شیاو و مامه‌ڵه‌ی نه‌گونجاو له‌ ژیانی هاوسه‌رگیریدا بكات. 2- هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵه‌ بۆ هاوسه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی دینداری و ڕه‌وشت جوانی بێت ده‌ره‌نجامیشی زۆر جار باش ئه‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر ، ده‌ره‌نجامه‌كانی زۆر جار ده‌بێته‌ مایه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان. 3- تێنه‌گه‌یشتنی ئافره‌ت له‌و مافانه‌ی كه‌ له‌سه‌ریه‌تی به‌رانبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی، به‌ هه‌مان شێوه‌ تێنه‌گه‌یشتنی پیاویش له‌و مافانه‌ی كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌یه‌تی به‌سه‌رییه‌وه‌ و‌ ئیسلام بۆ هه‌ردوو لایان دیاری كردووه‌. 4- هه‌بوونی كه‌سێك وه‌كو هۆكار وهانده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌ت یاخی بێت وله‌ له‌ گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی ده‌ربچێت. 5- جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری له‌ نێوان هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه‌دا، واته‌ (تكافؤ) هاوسه‌نگی نییه‌ له‌ نێوانیاندا، ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ش له‌ سه‌ره‌تا و پێش ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری باشتره‌ بایه‌خی پێ بدرێت، چونكه‌ جیاوازی زۆری نێوان ژن و مێرد له‌ ڕووی خوێندن و بڕوانامه‌ و سیما ڕوخسارو جیاوازی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ له‌ڕووی فیكری و بیروباوه‌ڕو ده‌وڵه‌مه‌ندی و باری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئەگەر بێت و بەكاریگەری دیندارییەكی تۆكمە نەبێت لەلایەن هاوسەرانەوە، زۆر جار كه‌لێنك له‌ نێوان هاوسه‌ره‌كاندا درووست ده‌كات جا له‌گه‌ل ڕۆژگاردا یان نامێنێت و ده‌توێته‌وه‌، یان گه‌وره‌تر ده‌بێت و چاره‌سه‌ری نامێنێت. 6- كاریگه‌ری ڕاگه‌یاندن و عه‌وله‌مه‌ و هه‌ندێ یاساو ڕێسای ڕۆژئاوایی كه‌ له‌ لای خۆمان بره‌وی پێبده‌درێت و كار بۆ چه‌سپاندنی له‌ كوردستان ده‌كرێت هه‌موو ئه‌وانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌ ئافره‌تان هه‌یه‌‌ وهه‌ڵیان ده‌خه‌ڵه‌تێنێت و هانیان ده‌دا سووكاه‌یتی به‌ مافی مێرد و بگره‌ پیرۆزی خێزانیش بكه‌ن . 7- هه‌بوونی كێشه‌و ده‌مه‌قاڵه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه‌دا. 8- سته‌م كردن و له‌ خوانه‌ترسانی میرد و نه‌پاراستنی بۆ سنووره‌كانی الله تعالی، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ پیاوان وه‌كو كوێله‌ ته‌ماشای هاوسه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن و وا ده‌زانن ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاون ئیتر ڕێگه‌یان پێدراوه‌ سته‌م له‌ ئافره‌ت بكه‌ن و ئه‌و مافانه‌ی كه‌ ئیسلام پێیانی داوه‌ ئه‌وان پێشێلی بكه‌ن، ئیتر ئه‌و جۆره‌ ڕه‌فتارانه‌ش ده‌بێته‌ ڕێگه‌خۆشكه‌ر بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و (نشوز) ی ئافره‌ت، له‌م باره‌شه‌وه‌ ئیسلام به‌ توندی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و جۆره‌ پیاوانه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و له‌ چه‌ندین ئایه‌ت و فه‌رمووده‌دا فه‌رمان به‌ پیاوان كراوه‌ چاكه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانیاندا بكه‌ن، به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ش كه‌ خراپن له‌ گه‌ل هاوسه‌ره‌كانیاندا پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی: "أما يستحي أحدكم أن يضرب امرأته كما يضرب العبد يضربها أول النهار، ثم يجامعها آخره؟" له‌ دیارده‌كانی (نشوز) و یاخی بوونی ئافره‌ت: یه‌كه‌م: نكۆڵی له‌وه‌ بكات بچێته‌ لای پیاوه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له‌سه‌ر هاتووه‌ له‌ فه‌رموده‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ صحیح البخاري دا هاتووه‌: "إذا دعا الرجل إمراته فراشه فأبت أن تجيء لعنتها الملائكة حتى تصبح ". دووه‌م: به‌ قسه‌نه‌كردنی مێرده‌كه‌ی، بۆ نموونه‌ له‌ ماڵ ده‌رچوون به‌بێ ڕازی بوونی یان سه‌ردانی كردنی كه‌سێك كه‌ مێرده‌كه‌ی پێی ناخۆشه‌، یان هێنانی كه‌سێك بۆ ماڵی خۆی كه‌ مێرده‌كه‌ی پێی ناخۆشه‌، وه‌كو له‌و فه‌رمووده‌دا هاتووه‌ كه‌ مسلم ریوایه‌تی كردووه‌: (إن لكم عليهن أن لا يوطئن فرشكم أحدا تكرهونه فإن فعلن فاضربوهن ضربا غير مبرح). سێیه‌م: گوێڕایه‌ڵی نه‌كردنی مێرده‌كه‌ی له‌ چاكه‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ی ڕازی نه‌بێت خزمه‌تی بكات، یان كه‌مته‌رخه‌می له‌ په‌روه‌رده‌ی مناڵه‌كانیدا بكات، یان ڕازی نه‌بێت له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی سه‌فه‌ر بكات، یان ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی بڕیاری ماڵ گواستنه‌وه‌ی دا بۆ جێگه‌یه‌ك ئه‌و هاوڕێتی نه‌كات، ده‌رباره‌ی ئایه‌تی: {الرجال قوامون على النساء} ابن عباس الله لێی ڕازی بێت فه‌رموویه‌تی: پیاوان فه‌رمانڕه‌وان و پێویسته‌ له‌ سه‌ر هاوسه‌ره‌كانیان له‌ چاكه‌دا گوێڕایه‌ڵییان بكه‌ن و له‌ قسه‌یان ده‌رنه‌چن، پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی: (إذا صلت المرأة خمسها، وصامت شهرها، وحفظت فرجها، وأطاعت زوجها، قيل لها: ادخلي الجنة من أي الأبواب شئت) ئه‌حمه‌د ڕیوایه‌تی كردووه‌. واته‌: ئه‌گه‌ر ئافره‌ت پێنج فه‌رزه‌ نویژی خۆی كرد و مانگی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژوو بوو و داوێنی خۆی پاراست و گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی خۆی كرد، پێی ده‌وترێت: له‌ هه‌ركام له‌ ده‌رگاكانی به‌هه‌شته‌وه‌ ده‌ته‌وێت بچۆ ژووره‌وه‌. چواره‌م: ناشیرین مامه‌ڵه‌ كردن له‌ گه‌ل مێرده‌كه‌ی و زاڵبوون به‌سه‌ریدا به‌ قسه‌ی ناشیرین و بێزاركرن وتووڕه‌كردنی و خراپه‌كردن به‌رانبه‌ر كه‌س و كاری مێرده‌كه‌ی. ابن عباس و غه‌یری ئه‌ویش وشه‌ی الفاحشة یان له‌ ئایه‌تی (لا تخرجوهن من بيوتهن ولا يخرجن إلا أن يأتين بفاحشة مبينة) به‌وه‌ ته‌فسیر كردووه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ قسه‌ی ناشیرین و نابه‌جێی ئافره‌ته‌ به‌ كه‌س و كاری مێرده‌كه‌ی. پێنجه‌م: له‌ دیارده‌و شێوازه‌كانی یاخی بوون و (نشوز) ی ئافره‌ت ئه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵ ده‌ربچێت به‌بێ مۆڵه‌تی پیاوه‌كه‌ی، یان ده‌رگا له‌سه‌ر مێرده‌كه‌ی دابخات وبۆی نه‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ژووره‌وه‌، هه‌روه‌ها زانایان فه‌رموویانه‌ ئافره‌ت به‌ (ناشز) داده‌نرێت ئه‌گه‌ر خۆی له‌ مێرده‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌ بكات له‌ ڕووی ڕازی نه‌بوونه‌وه‌ نه‌ك له‌ ڕووی نازه‌وه‌، وه‌كو (الخطيب الشربيني) له‌ "مغنى المحتاج" (3/ 259 ط/ دار الفكر)دا فه‌رموویه‌تی: [وَالنُّشُوزُ هُوَ الْخُرُوجُ مِنْ الْمَنْزِلِ بِغَيْرِ إذْنِ الزَّوْجِ لا إلَى الْقَاضِي لِطَلَبِ الْحَقِّ مِنْهُ، وَلا إلَى اكْتِسَابِهَا النَّفَقَةَ إذَا أَعْسَرَ بِهَا الزَّوْجُ، وَلا إلَى اسْتِفْتَاءٍ إذَا لَمْ يَكُنْ زَوْجُهَا فَقِيهًا وَلَمْ يَسْتَفْتِ لَهَا، وَكَمَنْعِهَا الزَّوْجَ مِنْ الاسْتِمْتَاعِ وَلَوْ غَيْرَ الْجِمَاعِ لا مَنْعِهَا لَهُ مِنْهُ تَدَلُّلا، وَلا الشَّتْمُ لَهُ، وَلا الإِيذَاءُ لَهُ بِاللِّسَانِ أَوْ غَيْرِهِ بَلْ تَأْثَمُ بِهِ، وَتَسْتَحِقُّ التَّأْدِيبَ عَلَيْهِ، وَيَتَوَلَّى تَأْدِيبَهَا بِنَفْسِهِ عَلَى ذَلِكَ]. ئه‌م حاڵه‌تانه‌ به‌ (نشوز) دانانرێت 1- ئه‌گه‌ر ئافره‌ت له‌ كاری ناشه‌رعیدا گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی نه‌كرد، بۆ نموونه‌ پێی وت سه‌رپۆش فڕێبده‌، یان عاره‌ق بخۆ، یان داوای لێكرد هاوڕێتی بكات بۆ جێگایه‌ك كه‌ ناشه‌رعی و تێكه‌ڵ بوونی تێدا ئه‌نجام ئه‌درێت، له‌و حاڵه‌تانه‌دا نه‌ك به‌ گوێنه‌كردنی بۆ قسه‌ی مێرده‌كه‌ی ئاساییه‌و یاخیبوون و(نشوز) نییه‌، به‌ڵكو درووست نییه‌ و گوناهباریش ئه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ی بكات، چونكه‌ (لا طاعة لمخلوق في معصية الخالق) و (إنما الطاعة في المعروف) . به‌ گوێكردنی فه‌رمانی پیاو ته‌نها له‌ كاری شه‌رعیدایه‌ نه‌ك له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا. 2- داوای شتیكی لێ بكات زیانی تێدا بێت له‌سه‌ری، چی له‌سه‌ر دینی یان له‌سه‌ر كه‌سی خۆی. 3- ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌كه‌ ویستی سه‌فه‌رێكی فه‌رز بكات وه‌كو فه‌ریزه‌ی حه‌ج و مێرده‌كه‌ ڕێگری لێ كرد به‌بێ پاساوێكی شه‌رعی، ڕای په‌سه‌ند ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌و گوێڕایه‌ڵی نه‌كردنه‌ی بۆ مێرده‌كه‌ی نابێته‌‌ (ناشز). 4- ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی نه‌كات له‌ بانگهیشت كردنی بۆ كاری شه‌رعی به‌ هۆی نه‌گونجانی كات و شوێن و ته‌ندروستی و هه‌ر هۆكارێكی تری په‌سه‌ند و راسته‌قینه‌ گوێڕایه‌ڵی نه‌كردنه‌كه‌ی به‌ یاخیبوون و (نشوز) دانانرێت. 5- ئه‌گه‌ر ئافره‌ت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌س و كاری مێرده‌كه‌ی بڕییه‌وه‌و هاتوچۆی نه‌كردن به‌ هۆی خراپی ئه‌وان له‌ڕووی پابه‌ند نه‌بوونیان به‌ ڕه‌وشت و بیروباوه‌ری ئیسلامییه‌وه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ نابێته‌ یاخی و (ناشز). 6- گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی نه‌كات كه‌ داوای كارێكی لێ بكات له‌ توانای خۆی قورستروه‌كو ئافره‌ت، یان بۆ سروشتی ئافره‌ت گونجاو نه‌بێت، چونكه‌: (لا يكلف الله نفسا إلا ما آتاها). 7- ئه‌گه‌ر ئافره‌ت مێرده‌كه‌ی ژنی به‌سه‌ردا بهێنیت و بیه‌وێت به‌ زۆر له‌یه‌ك ماڵدا نیشته‌جێیان بكات و ئافره‌ته‌كه‌ به‌وه‌ ڕازی نه‌بێت، نابێته‌ (ناشز) و مافی خۆیه‌تی داوای سوكنای سه‌ربه‌خۆ بكات، مه‌گه‌ر خۆی به‌وه‌ ڕازی بێت كه‌ له‌ یه‌ك ماڵدا پێكه‌وه‌ بژین. به‌ كورتی هه‌ر كردارێك یان واز لێهێنانێك كه‌ ببێته‌ ‌مایه‌ی زیانێكی دینی یان دونیایی له‌سه‌ر ئافره‌ته‌كه‌ و به‌ قسه‌ی پیاوه‌كه‌ی نه‌كات ئه‌وه‌ یاخی بوون نییه‌ و ئه‌و ئافره‌ته‌ پێی ناوترێت (ناشز) و كاره‌كه‌ی حوكمی (نشوز) ی له‌سه‌ر جێبه‌جی نابێت.  

سایکۆلۆژیای بێوه‌ژن بوون:15

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 15سایکۆلۆژیای بێوه‌ژن بوون بێوه‌ژنى قه‌یرانێكى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى تووشى ده‌بێت. جا چۆن تێپه‌ڕبێت به‌ سه‌لامه‌تى و بێوه‌ژنان بتوانن درێژه‌ به ‌ژیانى خۆيان بده‌ن؟! كاتێك مێرد یان هاوسه‌ره‌كه‌ى وه‌فات ده‌كه‌ن، هه‌مووان به‌ مه‌به‌ستى دڵنه‌وایى و سه‌ره‌خۆشى ده‌وره‌یان ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى ڕۆژانى ماته‌مینى و پرسه‌، ئه‌و كه‌سه‌ ته‌نها ده‌بێته‌وه ‌و له‌گه‌ڵ یادگارییه‌كانیدا ده‌ژێت و تاڵى ته‌نهایى و دڵه‌ڕاوكێ له‌ داهاتوو ده‌چێژێت. ئینجا بێوه‌ژنى، یان مردنى یه‌كێك له‌ هاوسه‌ره‌كان له‌كاتى پیریدا كاره‌ساتێكى زۆر ناخۆشه‌ و ڕووداوێكى دڵته‌زێن و گرفتێكى قورسه‌، چونكه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ ئه‌وپه‌ڕى پێویستیدایه‌ به‌ هاوڕێ و هاوده‌م و یارمه‌تیده‌ر؛ به ‌شێوه‌یه‌كى گشتیش پیاوان زیاتر تووشى په‌ژاره‌ و كاریگه‌ری ده‌بن، بۆیه‌ ده‌بینى زووتر ده‌گه‌نه‌ هاوسه‌ره‌كانیان پاش له‌دونیا ده‌رچوونیان. به‌ڵام له‌ واقیعدا قه‌یرانى بێوه‌ژنى بارێكى قورستره‌ به‌سه‌ر ئافره‌تانه‌وه‌ تاكوو پیاوان. زۆر جاریش مێرده‌كان له‌پێشدا ده‌مرن، بۆیه‌ هاوسه‌ره‌كانیان ناچار ده‌بن ڕۆڵى ئه‌وانیش ببینن و مناڵ به‌خێو بكه‌ن و ئارام بگرن سه‌باره‌ت به‌ دیدى كۆمه‌ڵگا بۆ ئافره‌تێكى بێمێرد، كه‌ ده‌بینیت چاودێریى هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ڵوێستێكیان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ناسه‌كانیشیان له‌سه‌ر ده‌ژمێرن! به‌لاى هه‌ندێكه‌وه‌ ژیانى ئافره‌ت بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك چاوه‌ڕوانى؛ چاوه‌ڕوانی شووكردن و مناڵبوون و گه‌وره‌بوونیان و ژنهێنان و شووكردنیان. بۆیه‌ ئافره‌ت - به‌تایبه‌تى له‌ كۆمه‌ڵگاى خۆماندا- زۆرێك له‌ هیواكانى ده‌به‌ستێته‌ هاوسه‌رگیرییه‌وه‌، له‌و هاوسه‌ره‌ش چاوه‌ڕوانه‌ كه‌ ببێته‌ به‌خێوكه‌ر و پشتیوان و هه‌مووشتێك بۆی، ئا لێره‌وه‌ ده‌بینین بێوه‌ژن بوون ، ده‌بێته‌ مایه‌ى تاڵی چه‌شتنێكى ده‌روونى و عاتیفى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى، قووڵتر له‌وه‌ى كه‌ له‌لاى مێرد دروست ده‌بێت له‌كاتى مردنى هاوسه‌ره‌كه‌يدا. پیاو به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر بەتەمەن بێت، به‌ مردنى هاوژینەكەی تووشى ناڕه‌حه‌تى و گیروگرفتى به‌ڕێوه‌بردنى ماڵ و زۆر شتی تر ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینیت ناچار ده‌بێت ژن بهێنێت. به‌ڵام ئافره‌ت به ‌مردنى مێرده‌كه‌ى قۆناغێك له‌ ناهاوسه‌نگى و گۆشه‌گیرى بۆ دروست ده‌بێت، بۆیه‌ یان ده‌بێت خۆڕاگر بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت هه‌ڵسێت به‌ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانى و به‌خێوكردنى مناڵەكانى به‌ هه‌وڵ و كۆششێكى زۆر بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و قه‌يرانه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ڕۆڵى دایك و باوك پێكه‌وه‌ ببینێت، یان ئه‌وه‌یه‌ تووشى هه‌ره‌س و ڕووخان بێت و خۆى به‌ ده‌ستى زۆرێك له‌و ئازارانه‌وه‌ بدات. بێوه‌ژن تووشى ئازار ده‌بێت له‌ڕێگه‌ى زۆر پرسیار كه‌ له‌لایه‌ن مناڵه‌كانییه‌وه‌ ئاراسته‌ى ده‌كرێن و نازانێت چۆن وه‌ڵامیان بداته‌وه، یان له‌و كاته‌ى وه‌فاتنامه‌ى مێرده‌كه‌ى وه‌رده‌گرێت و، له‌و كاتانه‌ى كێشه‌ى دارایى بۆ دروست ده‌بێت و، يان جارى وا هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ خزمان ته‌ماعى میراتى مێرده‌كه‌ى ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها تووشى ئازار و فشارى ده‌روونى ده‌بێت كاتێك ده‌چێته‌ نێو كۆمه‌ڵگا به‌بێ هه‌بوونى مێرد كه‌ ڕۆڵى پۆشاكێكى ده‌بینى بۆ داپۆشینى كه‌موكورتییه‌كانى، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌ترسێت خه‌ڵكى به‌ خراپه‌ ته‌ماشاى بكه‌ن و باسى بكه‌ن، ڕۆژانه‌ش یادگارییه‌كانى هاوسه‌ره‌كه‌ى ئێش و ئازارى ده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا هه‌مووشتێك له‌ ده‌وروبه‌رى ئه‌وى وه‌بیر ده‌هێننه‌وه‌، هاوكات تووشى گیرۆده‌یییه‌كى سه‌خت ده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر له‌ به‌هارى ته‌مه‌نیدا بێت؛ له‌نێوان شووكردن و ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌سه‌ر دواڕۆژى مناڵه‌كانى. له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى كێشه‌ و فشاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى له‌سه‌ر لابه‌رێت، ئه‌وه‌ بێت باوك و دایكى بێوه‌ژنه‌كه‌ یان یه‌كێكێكیان له‌ ژیاندا بن، چونكه‌ كۆمه‌ڵگا جارى وا هه‌یه‌ شووكردنى بێوژن به‌ جۆرێك له‌ بێوه‌فایى به‌رانبه‌ر مافى ئه‌و مێرده‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. بێ گومان ئه‌م دیده‌ش له ‌ڕووى شه‌رعییه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، ئینجا ئه‌گه‌ر بیه‌وێت شوو بكات و مناڵى هه‌بێت، كێشه‌ى به‌خێوكردنى مناڵه‌كه‌ى بۆ دروست ده‌بێت یان جارى وا هه‌یه‌ كه‌سوكارى مێرده‌ مردووەكه‌ بەهۆى مناڵەكانه‌وه‌ داوا له‌ بێوه‌ژنه‌كه‌ ده‌كه‌ن شوو به‌ یه‌كێ له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ بكات. له‌وانه‌شه‌ خۆشه‌ویستى بۆ مناڵه‌كانى و ترسى له‌سه‌ر دواڕۆژیان زاڵ بێت بەسه‌ریدا. ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ته‌مه‌نى بۆ ئه‌وانى ته‌رخان بكات و هاوسەرگیری نه‌كات. هاوكات ده‌شترسێت پاش هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ى له‌ چاودێریكردنى مناڵەكانیدا به‌سه‌ری برد، ژن بهێنن و به‌ته‌نها به‌جێى بهێڵن، یان له‌گه‌ڵیاندا بژى به‌ڵام به‌لایه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ كه‌ میوانێكى قورس بێت له‌لاى خێزانێك با خێزانى یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانیشى بێت. به‌هۆى ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ده‌بینین زۆرێك له‌ بێوه‌ژنان (٣٥% به‌پێى هه‌ندێك لێكۆڵینه‌وه‌) دووچارى چه‌ندین نه‌خۆشیى و ڕووداو ده‌بن. چۆن بێوه‌ژن به‌سه‌ركه‌وتوویى درێژه‌ به‌ ژیانى بدات؟ - سه‌ره‌تا پێویسته‌ له‌سه‌ریان هاوسه‌نگى و جێگیربوون و هێمنى بۆ خۆیان به‌دی بهێنن له‌ڕێگه‌ى عیباده‌ت و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانى دڵه‌ڕاوكێ و ئاڵۆزبوون، چونكه‌ ژیان به‌ مردنى مێرده‌كه‌ى كۆتایى پێ نایه‌ت. هه‌موو ساتێكى ئه‌م ژیانه‌ش نیعمه‌تێكى ئیلاهی به‌نرخه‌. سته‌مه‌ به‌زایه‌ بدرێت له‌ڕێگه‌ى خه‌م و ئازاره‌وه‌. ده‌رگاى خه‌مه‌كان دابخه ‌و په‌نجه‌ره‌ى ڕازیبوون بكه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تیشكى هێمنى و دڵنیابوون و ئارامی بۆ خۆت و مناڵه‌كانت بێته ‌ژووره‌وه‌. - پێویسته‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى زانیارى ئه‌وتۆ كه‌ یارمه‌تییان بدات بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ واقیعى تازه‌دا به‌سه‌ركه‌وتوویى، پێویسته‌ بیرۆكه‌ى بێده‌سه‌ڵاتی و بێ چاره‌یى ڕاو بنێن و بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیى و پشتنه‌به‌ستن به‌ كه‌سانى تر بكه‌نه‌وه‌. - بێوه‌ژنان پێویستیان به‌ هه‌ندێك كاته‌ بۆ ڕاهاتن له‌گه‌ڵ ژیانى نوێیاندا، پێویسته‌ له‌سه‌ر مناڵەكانیش جۆره‌كانى چاودێرى بۆ دایكیان بڕه‌خسێنن و چاكه‌ى باوكیشیان له‌م قۆناغه‌ ناڕه‌حه‌ته‌دا بگێڕنه‌وه‌ و خۆشه‌ویستى و سۆز بۆ دایكیان بنوێنن و بازنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان فراوان بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌و بۆشاییه‌ى كه‌ دروست بووه‌ پڕى بكه‌نه‌وه‌. - بێوه‌ژن - له‌جیاتى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ یادگارییه‌كانیدا بژێت - پێویسته‌ له‌سه‌رى هه‌ندێ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ خۆى ساز بدات، وه‌كوو فریاگوزاریی په‌له‌ بۆ سارێژكردنى برینه‌كانى. - ئه‌گه‌ر بێوه‌ژن به‌ئه‌مه‌ك بێت بۆ مێرده‌كه‌ى و كۆشش بكات له‌پێناوى مناڵه‌كانیدا، سۆز و یارمه‌تى و پشتگیری به‌ده‌ست ده‌هێنێت بۆ ته‌واوكردنى گه‌شته‌كه‌ى له‌ په‌روه‌رده‌كردن و چاودێریى مناڵه‌كانيدا. - شووكردنەوە بۆ ئافره‌ت مافێكى شه‌رعییه‌ پاش تێپه‌ڕبوونى عیدده‌كه‌ى، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى گه‌نجیدا بێت و مناڵى هه‌بێت له‌چوارچێوه‌ى خێزانێكى ئاساییدا پێویستى به‌ چاودێرى هەبێت ، بۆى هه‌یه‌ شوو بكات و مێردێكى باش هه‌ڵبژێرێت كه‌ له‌گه‌ڵیاندا باش بێت و لێپرسراوێتییان هه‌ڵگرێت. ئه‌و كه‌سه‌ش له‌ ماڵى خۆیدا هه‌تیو به‌خێو ده‌كات، پله‌وپایه‌كى هه‌ره‌به‌رزى هه‌یه‌ له‌ دونیا و دواڕۆژدا. پێویسته‌ له‌سه‌ر مناڵى پێگه‌یشتوویش بایه‌خ به‌دایكیان بده‌ن و چاكه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن و پشتگیرى بكه‌ن ئه‌گه‌ر ویستى شوو بكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌ له‌ كتێب و ڕۆژنامه‌كاندا ده‌رباره‌ى مێردى ئه‌و بێوه‌ژنه‌ى مناڵه‌كانى ده‌ركردووه‌ یان دایكى بێوه‌ژنه‌كه‌ مناڵكانى به‌خێو ناكات، ئه‌وانه‌ حاڵه‌تى ده‌گمه‌نن و پێوه‌ر نین بۆ هه‌ڵوێستى كۆمه‌ڵگا له‌ شووكردنى بێوه‌ژن. - ئه‌گه‌ریش بێوه‌ژن بڕیارى شوونه‌كردنی دا، با به‌باشى چاودێریى مناڵه‌كانى بكات و بزانێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و له‌ كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت. با زۆر به‌سۆز و وردبین بێت له‌ كاروباره‌كانیدا و ببێته‌ پێشه‌نگ بۆیان. - له‌كۆتاییشدا له‌سه‌رمانه‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كى وا بدۆزینه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نها ببێته‌ مایه‌ى چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى قه‌یرانى بێوه‌ژنى، به‌ڵكوو ببێته‌ مایه‌ى په‌یداكردنى ژیانێكى ئاسووده‌ بۆيان. له‌جیاتى ئه‌وه‌ش كه‌ بێوه‌ژن بارو كێشه‌یه‌ك بێت به‌سه‌ر كرمه‌ڵگا، یان له‌ په‌راوێزيدا بێت، له‌كاتێكدا خودى كۆمه‌ڵگا له‌و جۆره‌ى زۆر تێدایه‌، با ببێته‌ فاكته‌رێكى كاریگه‌ر بۆ دروستكردنى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ و، هه‌ستیش نه‌كات جێگه‌ى به‌زه‌یییه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه‌، به‌ڵكو هاوبه‌شێكه‌ له‌نێو ئه‌ندامه‌كانیدا و پێویسته‌ سوودمه‌ند بێت له‌ هه‌مواركردنى ژیانێكى سه‌ربه‌رزانه‌.  

ئافره‌ت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل سته‌م و (نشوز) ی مێرده‌كه‌یدا بكات؟:16

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 16 ئافره‌ت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل سته‌م و (نشوز) ی مێرده‌كه‌یدا بكات؟ زۆر جار ڕوو ده‌دات سته‌م و سنوور به‌زاندن له‌ لای پیاوانه‌وه‌ بێت، جا هه‌ر چه‌ند ئه‌م زنجیره‌ تایبه‌ت بوو به‌ ئافره‌تانه‌وه‌، به‌ڵام به‌ باشم زانی ئاماژه‌یه‌كی خێرایش به‌ (نشوز) و خراپه‌ی پیاوانیش بكه‌م. ئه‌گه‌ر (نشوز) و كه‌مته‌رخه‌می به‌رانبه‌ر مافه‌ شه‌رعییه‌كانی ئافره‌ت له‌ لایه‌ن پیاوه‌وە ڕووی دا، ئه‌وه‌ نابێته‌ پاساو بۆ ئافره‌ت ئه‌ویش له‌ به‌رانبه‌ردا یاخی بێت و سنووری ڕێزگرتن له‌ مێرده‌كه‌ی ببه‌زێنێت به‌ گوێرایه‌ڵی نه‌كردنی یان قسه‌ پێكردن و ئازاردانی، چونكه‌ ئه‌و خراپه‌و سنوور به‌زاندنه‌ی مێرده‌كه‌ی - ئه‌گه‌ر چی كارێكی خراپه‌ و پەروەردگار پێی ناحۆشه‌ - به‌ڵام مافه‌كانی له‌سه‌ر ژنه‌كه‌ی لانادات و ئافره‌ت هه‌ر ده‌بێت ڕێز له‌ مێرده‌كه‌ی بگرێت و ده‌توانێت ئه‌م هه‌نگاوانه‌ له‌ پێناو چاككردنی ئه‌وەدا هه‌ڵگرێت: یەكەم: ئامۆژگاری بكات و به‌ الله تعالی بیترسێنێت و ئه‌وه‌ی بۆ ڕوون بكاته‌وه‌ كه‌ هاوسه‌ر پێویسته‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سته‌م له‌ هاوسه‌ری خۆی نه‌كات و هه‌موو مافێكی شه‌رعی كه‌ ئیسلام پێی داوه‌ ئه‌ویش به‌ ئه‌و په‌ڕی ڕازیبوونه‌وه‌ پێی بدات. دووەم: ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌ سوودی نه‌بوو، په‌نا بباته‌ به‌ر كه‌سێكی دڵسۆز وژیر و خاوەن تەقوا كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و پیاوه‌ هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵێكی كاریگه‌ر له‌ چاككردنی ئه‌و هاوسه‌ره‌دا ببینێت، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی ناوزڕاندن و گه‌وره‌ كردنه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ی تێدا بێت بۆ كێشه‌یه‌كی نوێ له‌ جۆرێكی تر. سێیەم: ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ له‌سه‌ر خراپه‌كانی به‌رده‌وام بوو و زیانی به‌و ئافره‌ته‌ گه‌یاند وگوێڕایه‌ڵی شه‌رعی ئیسلامی نه‌كرد له‌ مەسەلەی ڕێزگرتن له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی و پێدانی مافه‌كانی و، ئافره‌ته‌كه‌ له‌ توانایدا نه‌بوو به‌رده‌وام بێت له‌و ژیانه‌، مافی خۆیه‌تی و ده‌توانێت داوای جیابوونه‌وه‌ی لێ بكات، ئه‌وه‌ش پێویسته‌ دوای وردبوونه‌وه‌ی زۆر و ڕاوێژ و به‌راوردكردنی چاكه‌و خراپه‌ی ئه‌و جیابوونه‌وه‌ بكرێت، چونكه‌ (طلاق) له‌ ئیسلامدا راسته‌ لە كاتی پێویستدا ڕێگه‌ پێدراوه‌ وچارەسەریشە هەندێك جار، به‌ڵام بە شێوەیەكی گشتی كاتێك په‌نای بۆ ئه‌برێت كه‌ هه‌موو ده‌رگاكانی چاره‌سه‌ر به‌ ڕووی هاوسه‌ره‌كاندا دابخرێت وتەنها تەڵاق و جیابوونەوە بمینێتەوە، چونكه‌ تەڵاق زۆر جار ده‌ره‌نجامی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و هاوسه‌ره‌كان له‌و هه‌نگاوه‌ په‌شیمانی ده‌دوورنه‌وه‌. هه‌روها زانایان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئافره‌ت نه‌خۆش بوو، یان ته‌مه‌نی گه‌وره‌ بوو بوو، یان له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێكی تر و هاوكات حه‌زی ده‌كرد له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا به‌رده‌وام بێت، ئاساییه‌ سازش ی له‌ گه‌ڵدا بكات به‌ واز هێنان له‌ هه‌ندێ له‌ مافه‌كانی خۆی وه‌كو مانه‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی له‌لای، یان كه‌م كردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌ نه‌فه‌قه‌ و خه‌رجییەكانی، به‌ مه‌رجێك ئه‌و مێرده‌ له‌لای خۆی بیهێڵێته‌وه‌ و لێی جیا نه‌بێته‌وه‌، وه‌كو الله تعالی له‌ قورئاندا فه‌رمویه‌تی: ( وَإِنِ امْرَأَةٌ خَافَتْ مِن بَعْلِهَا نُشُوزًا أَوْ إِعْرَاضًا فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا أَن يُصْلِحَا بَيْنَهُمَا صُلْحًا ۚ ) النساء:128. له‌م باره‌وه‌ دایكمان عائیشه‌ الله لێی ڕازی بێت فه‌رموویه‌تی: " هي المرأة تكون عند الرجل لا يستكثر منها فيريد طلاقها ويتزوج عليها تقول له أمسكني ولا تطلقني وأنت في حل من النفقة علي والقسمة لي " واته‌ ئافره‌تێك مێرده‌كه‌ی زۆر حه‌زی لێ نه‌كات و لێی بێزار بووبێت، یان سوور نه‌بێت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا و بیه‌وێت ته‌ڵاقی بدات و ژنی به‌سه‌ردا بهێنێت، ئافره‌ته‌كه‌ بڵێت با له‌لات بمێنمه‌وه‌ و ته‌ڵاقم مه‌ده‌ و له‌مه‌سه‌له‌ی نه‌فه‌قه‌و مانه‌وه‌ی شه‌و سازشی له‌گه‌ڵ بكات به‌ چاوپۆشی كردن له‌ مافه‌كانی، یان هه‌ندێك له‌ مافه‌كانی خۆی. زۆر جاریش هه‌یه‌ ئه‌م بژارده‌یه‌ بۆ ئافره‌ت باشتره‌ و له‌وه‌ زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیدایه‌ كه‌ لێی جیابێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ واتای ئه‌وه‌ نایه‌ت كه‌ هه‌ر پێشێلكارییه‌كی مێرده‌كه‌ی بۆ مافی هاوسه‌كه‌ی له‌ ڕووی شه‌رعه‌وه‌ دروسته‌. بە شێوەیەكی گشتی ستەم و (نشوز)ی پیاو هۆكاری زۆرە و چارەسەركردنی و مامەڵە كردن لەگەڵیدا بە پێی هۆكاری ئەو حالەتانەدا دەبێت، بۆ نموونە: 1- جاری وا هەیە هۆكاری نشوزی پیاو خراپی مامەڵە و ڕەفتاری ئافرەتەكەیە. 2- نەمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لە نێوان ژن و پیاودا ئەوەی كە (الطلاق النفسي) جیابوونەوەی دەروونی پێ دەورتێت. 3- گەورەیی تەمەنی ئافرەتەكە و نەتوانینی بۆ دابین كردنی پێویستییەكانی مێردەكەی. 4- ڕێكنەكەوتن و كێشە بە هۆی هەبوونی زیاتر لە ژنێك و زاڵ نەبوونی پیاو بەسەر دۆخەكەدا. 5- هەندێ جار ستەم و خراپی پیاو پەیوندی بە مناڵ نەبوونی ژنەكەی هەیە و پیاوەكە ناتوانێت لەوە تێبگات كە ئەوە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە و تەها بەدەستی الله عزوجل ە. 6- هەندێ جار پەیوەندی بە سروشت و پێكهاتەی خودی پیاوەكە هەیە كە ناتوانێت پابەندی ژیانی خێزانی ببێت و هەمیشە حەزی لەدەرەوەی ماڵەو بە دانیشتن و مانەوە لەگەڵ هاوسەرو مناڵەكانیدا ئاسوودە نابێت.  

ئێوە پابەندی ئیسلام بن؛ نەوەیەکی دیندار بەڕێوەیە:17

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 17 ئێوە پابەندی ئیسلام بن؛ نەوەیەکی دیندار بەڕێوەیە كە دەبینم كچێك یان ئافرەتێكی كورد پابەندی ئیسلامە و بڕیاڕی داوە بە ڕاستی عەقیدەی تەوحید بكاتە بنچینەی ژیانی خۆی و سەرەڕای ئاستەنگەكانی جاهیلەییەتی سەردەم، شەرعی ئیسلام لە خۆیدا بەرجەستە بكات، كە دەبینم دەیەوێت لەو هەڵانەی ساڵانێكە بە هۆكاری جۆراوجۆرەوە لە ڕێگەی نەیارانی ئیسلام و تەنانەت ئەو دۆستانەش كە ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی نەیاریان بینیوە، دەیەوێت دەربازی بێت و تەنها شانازی بە دینەكەی بكات لە ڕێگەی هەردوو سەرچاوەی كیتاب و سونەت و پێیان سەربەرزە.. دڵم خۆش دەبێت و هەست بە ئاسوودەیی دەكەم و ئەو دوور كەوتن و گومڕاییە فیكری و مەنهەجییەی ئەمڕۆ كورد تێكەوتووە وباڵی ڕەشی بەسەر زۆرینەدا كێشاوە، لەلام ئاسان دەبێت و دەڵێم : هێشتا هیوای گەڕانەوە بۆ ڕێگای ڕاستی قورئان و سونەت هەر ماوە! زیاد بوونی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی بەرەو تەوحید و ئیسلامی ڕاستەقینە دەڕۆن و واقیعی تاڵی موسوڵمانانیان بۆ دەركەوتووە و ڕاستییەكان وەكو خۆی دەبینن و ، بەجاهیلییەتی هاوچەرخ فریو ناخۆن و لەبەرزایی ئیمانەوە تەماشای زەلكاوەكانی بەناو شارستانێتی هاوچەرخی ڕۆژئاوا دەكەن سەبارەت بە دیدو تێڕوانینیان بۆ ئافرەت كە وەكو ئامرازێكی سێكسی تەماشای دەكەن، . ئەوە لە ڕاستیدا حالەتێكی دڵخۆشكەرە و نیشانەیەكی باشە و ئاماژەیە بۆ ئاییندەیەكی پرشنگدار با زۆریش نزیك نەبێت. تا ئەو كاتەی لەناو ئافرەتاندا پابەند بوون بەمەنهەجی پێشینانی ئوممەت بوونی هەبێت و لە وردەكاری عەقیدە تەوحید تێبگەن و وردببنەوەو ئامادە بن بە باڵا پۆشی ڕواڵەتیان و بە پاراوی ناخیان ڕوو بەڕووی ئەم جاهیلییەتە ببنەوە و بەرانبەر تانە و تەشەری كۆمەڵگا ئارام بگرن، كەواتە خێر و چاكە هەر ماوەتەوەو، ئەو لادان و كەم و كورتییەی ئەمڕۆ لە واقیعی موسوڵماناندا هەیە، سبەی لەڕێگەی ئەم ئافرەتانەوە نەوەیەك سەرهەڵدەدات كە شانازی بە دینەكەیانەوە دەكەن و ، لە هەموو لادان و شێواندن و لێڵ كردن و دوورخستنەوەیەك لە هەردوو سەرچاوە سازگارەكەی دەیپارێزن، لە جیاتی ئەوەی نانی پێوە بخۆن و بیكەنە ڕێگەی خۆ پێگەیاندنی دونیایی، خۆیان بە قوربانی دەكەن. ئەگەر ئیوە دەست بە ئیسلامی كتاب و سونەت و ڕێبازی پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە بگرن، كەواتە خێر و ڕووناكی لەناوماندا نابڕێتەوە و تاریكی جەهل بە ئیسلام لە داهاتودا هەر دەڕوێتەەوە و كەم دەبێتەوە. باوەڕم وایە ڕۆڵی یەك وابەستە بووی ئێوە بە ڕاستەقینە بە كیتاب و سوننەتەوە ، ڕۆڵ و كاریگەری لە چەندین پیاو بە هەمان وابەستە بوونەوە زیاترە! چونكە ئێوە لە ڕێگەی پەروەردەكردنی زانستی و مەنهەجی خۆتان و بازنەی ژنان و كچانی نزیك لە خۆتان و مناڵەكانتانەوە كە دەتوانن ئەنجامی بدەن، دەتوانن گۆڕانكاری گەورەو جەوهەری لە واقیعی نالەباری موسوڵماناندا درووست بكەن، بە مەرجێك لە لادانەكانی جاهیلییەتی هاوچەرخ كە هەندێكی بەناو ئیسلامیشەوە دەكرێت ڕزگارتان ببێت و ئەو تاقیكردنەوە تێپەڕێنن و بە عەقیدەو مەنهەجی ڕاستی پێشینان قەرەبووی بكەنەوە و، لە ڕێچكە و ڕێبازی تەم و مژاوی ئەم واقیعەی ئەم ڕۆژگارەدا ڕزگارتان ببێت.  

حوكمی چارەسەر وەرگرتنی ئافرەت لەلای پزیشكی پیاو:18

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 18 حوكمی چارەسەر وەرگرتنی ئافرەت لەلای پزیشكی پیاو دیاردەی بە ئاسایی تەماشا كردنی سەردانی نەخۆشی ئافرەت بۆ لای پزیشكی پیاو بە بێ هەبوونی زەرورەت، دیاردەیەكی ناشیرین و ناشەرعییە و نیشانەی نەفامی یان گوێنەدانە بەشەرع و، هاوكات لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە ئاماژەیە بۆ جۆرێك لە بێ نەپاراستی سنووری شەرع و غیرەتیش. ئەوەی كە لەم بارەوە درووستە تەنها حاڵەتی ناچاریە كە لە شەرعدا بە (ضرورات) دەربڕینی لێ دەكرێت، زانایان تەنها وەكو حاڵەتی ناچاری ڕێگەیان داوە پزیشكی پیاو پشكنین و چارەسەر بۆ نەخۆشی ئافرەت بكات، بەتایبەتی ئەگەر جێگای نەخۆشییەكە لەو جۆرە بێت كە زانایان بە (العورة المغلظة) ناویان بردوە. بنچینەیەكی كارپێكراوو جەخت لەسەر كراوەش لەلای زانایانی ئیسلام هەیە كە بریتییە لەوەی (الواجب أن یطبب الرجل الرجال وأن تطبب المرأة النساء) واتە: پێویستە پزیشكی پیاو نەخۆشی پیاوان تیماریان بكات و پزیشكی ئافرەت ئافرەتان تیمار بكەن، لە دەرەوەی ئەم بنەمایەش دەچێتە بازنەی پێویستی و ناچارییەوە كە ئەوەش خۆی بۆ خۆی بنەمایەكی سەربەخۆیە و چەسپاوە بە ئایەتی: (فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ) البقرة/ 173 .لەو ئایەتەشەوە بنچینەی " الضرورات تبيح المحظورات " و " الضرورات تقدر بقدرها" وەرگیراوە، جگە لە چەندین فەرموودەی پەیوەندیار...بۆیە لەم بارەوە بە كورتی چەند خاڵێك دەخەمە ڕوو: 1- لە بنچینەدا موراجەعەی ئافرەت بۆ لای پزیشكی پیاو، بەتایبەتی بۆ نەخۆشییەك كە پێویست بكات ئەو جێگایانە لە لاشەیدا ببینیت كە لەشەرعدا بە عەورەت دانراوە، حەرامە و درووست نییە، هەر ئاسانكاری و كەمتەرخەمی و گوێنەدانێك لەم بارەوە لادانە لە شەرع و بگرە لە فیترەتیش. 2- زانایان لە كۆن و نوێدا، بۆ كاتی ناچاری و نەبوونی پزیشكی ئافرەت، با موسوڵمانیش نەبێت، ڕێگەیان داوە ئافرەتی نەخۆش لە لای پزیشكی پیاو پشكنین بكات و چارەسەری بۆ بكرێت، بەڵام ئەوە وەكو وتمان مەرجدارە بەوەی كە ئەگەر پزیشكی ئافرەت لەو دەڤەرە یان لە جێگەیەكی تر كە بتوانن بە ئاسانی پێی بگەن بوونی نەبێت. 3- لە شەرعی ئیسلامدا ئەسڵ ئەوەیە پیاو لای پزیشكی پیاو و ئافرەت لای پزیشكی ئافرەتی موسوڵمان چارەسەر بكرێت و پشكنینی بۆ بكرێت، ئەگەر نەبوو لەلای ئافرەتێكی ناموسوڵمان و ناوابەستوو بوو بە شەرع، ئەگەر ئەویش نەبوو، ئەوسا لەلای پزیشكێكی پیاوی موسوڵمانی وابەستە بەدین، ئەویش لە ڕووی ناعیلاجییەوە، ئەگەر ئەویش نەبوو ئەو كاتە ناچار چارەسەر بكرێت ئەگەر لای پزیشكێكی ناموسوڵمان و نا مولتەزیم یش بووە، لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی درووست نەبێت، چونكە پاراستنی گیانی مرۆڤ لە ئیسلامدا ئامانجە. 4- ئەگەر نەخۆشی و كێشەی ئافرەتەكە لەو جێگایانە بوو كە تا رادەیەك ئاساییە پشكنینی بۆ بكرێت بەراورد بە شوێنەكانی تر، ئەوە لە ڕووی زەرورەتەوە ئاسانترە تا ئەوەی بگاتە پشكنین و چارەسەر كردنی هەندێ ئەندامی ئافرەت كە بە عەورەتی مغلظة لە شەرعدا ناوبراوە، ئەمەیان پێویستە لەسەر ئافرەتەكەو سەرپەرشتیارەكەشی زۆر لێی وردببنەوە تا بتوانن لە ڕێگەی سەفەر كردن بۆ شارو شوێنی تر و پارە خەرج كردنی زیاتر بۆ لای پزیشكی ئافرەتی ببەن و ، ڕێگە نەدەن خوشك و دایك و هاوسەرەكانیان بخەنە بەردەستی كەسانێك ڕەنگە لە ژیانیاندا نەك یەك ڕكات نوێژیان نەكردبێت، بەڵكو هەر نەزانن حەڵاڵ و حەرام یەعنی چی؟! ئەوەش بۆ كەسی سەرپەرشتیار - ئەگەر ناچار نەبێت - ستەمێكە لەو كچ و ئافرەتەی دەكات. 5- كە ئەلێین زەرورەت واتە یەكەم پزیشكێكی ئافرەتی موسوڵمان یان نا موسوڵمان لەو شارو شوێنەی نەخۆشەكە بوونی نەبێت جگە لە پزیشكی پیاو نەبێت، هەروەها نەخۆشیی ئافرەتەكەش بە شێوەیەك بێت دواخستن هەڵنەگرێت و بە چارەسەر نەكردنی زیان لە تەندروستی بكەوێت و مەترسی لەسەر سەلامەتی درووست ببێت. تێبینی: زانایان باسی مەرجەكانی زەرورەتیان كردووە كە حەرامی بۆ حەڵاڵ ئەبێت، بەڵام ئێرە جێگای شیكردنەوەیان نییە. 6- ئەگەر ئەو زەرورەتەی ئاماژەمان پێكرد درووست بوو، پێویستە ئەو ئافرەتە نەخۆشەی كە پزیشكی پیاو چارەسەری دەكات مەحرەمێكی لەگەڵدا بڕواتە ژوورەوە بۆ لای دكتۆرەكە، چی لە نۆرینگە بێت یان لە هۆڵی نەشتەرگەری، سەرپەرشتیارەكە هەوڵی خۆی دەدات ئەگەر ڕێگە نەدرا لە ڕووی شەرعەوە پۆزشی بۆ خۆی هێناوەتەوە. 7- گومانی تێدا نیە تاكە شتێك كە مرۆڤ لە هەڵە و تاوان بگێڕێتەوە دینە و ترسی پەروردگار وڕۆژی دواییە، كەواتە ئەو پزیشكەی كە هیچ وابەستە بوونێكی بە دینەوە نییە، یان بە كەسێكی بێ دین ناسراوە، هیچ متمانەیەكی لەسەر نییە ئافرەتێك بخرێتە ژێر دەستی، وابزانم زۆربەشمان لەو بارەوە چیرۆكی ناخۆش و تاڵمان بیستووە، ئەو پزیشكە هەرچەند پیشەییش بێت لە كارەكەیدا و بەسەرڕاستی و ڕیك و پێكی ناسرابێت، ئەوە مەسەلەیەكی كاتی و ڕێژەییە، مەرج نییە هەموو جارێك سنووری ئەو پیشەیی بوون وئاكار جوانییە بپارێزێت، بەڵكو پزیشكی وابەستە بوویش بە دینەوە لە هەر لەحزەیەكی لاوازی ئینسانیدا وەكو پزیشكە ناوابەستەبووەكە مامەڵە دەكات، هەر بۆیە زانایان فەرموویانە پزیشكی ئافرەت ئەگەر موسوڵمانیش نەبێت لە پێشترە بۆ چارەسەكردنی نەخۆشی ژن، لە پزیشكی پیاو با موسولمان و پابەندیش بێت بەدین و ئاكاری جوانەوە. 8- یەكێكی تر لە پێوەرەكانی زەرورەت ئەوەیە، ئافرەتەكە نەخۆشییەكی بەپەلە ولەناكاوی هەبێت و پێویستی بە فریاكەوتنی هەنووكەیی هەبێت و تەنها پزیشكی پیاویش هەبێت بۆ چارەسەركردنی، بە پێچەوانەی هەندێ نەخۆشی كە ئاساییە دوابخرێت تا بوار دەرەخسێت بۆ ئەوەی بچێتە لای پزیشكێكی ئافرەت. 9- ئینجا زانایان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە سەرپەرشتیاری هەر ئافرەت و كچێك ئەگەر توانای بوو لەسەر خەرجی خۆی چارەسەریان لەلای پزیشكی ئافرەت بكات و بەو پارە خەرج كردنە ئیتر ناچار نەبوو بیانباتە لای پزیشكی پیاو، ئیتر ئەو كارە پێویست دەبێت لەسەری بیكات . 10- زانایان لەم بارەوە جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە ئەگەر بە بنەمای زەروەت كار كرا، پێویستە ڕەچاوی بنەمایەكی تر بكرێت كە بریتییە لە: ( الضرورة تقدر بقدرها) واتە زەرورەت و پێویستی بە پێی خۆی و بەو ئەندازەی كە پێویستە ئەنجام دەدرێت نەك بەڕەهایی، بۆ نموونە پێی نەخۆشەكە پێویستی بەچارەسەرە، حەرامە لەوە زیاتر بۆ نموونە تاكو ڕانی دەربخرێت، لەمەشدا دینداری و زانستی شەرعی وكەسایەتی بەهێزی ئافرەتەكە و سەرپەرشتیارەكەی ڕۆڵی باش دەگێڕێت. 11- هەر لەسەر مەسەلەی زەرورەت خاڵێكی تر هەیە شایانی ئاماژە پێكردنە ئەویش ئەوەیە هەندێ جار پزیشكی ئافرەت هەیە بەڵام لێهاتو نییە و بە ئەزموون دەركەوتووە لە پسپۆڕییەكەیدا كارامە نییە و پزیشكی پیاو هەیە لەو بەتواناترە، لەو حاڵەتەدا و لەبەر گرنگی ژیانی مرۆڤەكە پەنا بۆ پزیشكە پیاوەكە دەبرێت لەڕووی ناچارییەوە. 12- پرسێكی تر هەیە شایانی هەڵوەستە كردن و لێ وردبوونەوەی زۆرە، ئەویش بریتییە لە سەردانی ئافرەتی دووگیان بۆ لای پزیشكی پیاو! وەكو پشكنینی تیشك وسۆنار وتەنانەت پشكنینی عەورەتی ئافرەت و مەسەلەی مناڵبوون، ئەم بوارە بێگومان پزیشكی ئافرەتان زۆرن و بێگومان لەو بوارەدا لە پیاوانیش لێهاتووترن، هەڵەیەكی شەرعی زۆر گەورەیە و سیفەتێكی ناشیرینە بۆ ئافرەت و سەرپەرشتیارەكەی ئەوە قبوڵ بكەن، مەگەر لە نەبوونی پزیشكی ئافرەتدا كە ئەوەش لە مەحاڵەوە نزیكە. 13- هەروەها سەبارەت بە سەردانی كردنی ئافرەت بۆ لای پزیشكی ددانی پیاو ، كە ئەمەیان حاڵەتی بەپەلە و لەناكاوو ناچاری زۆر كەمترە، ئەمەش لەلایەن موسوڵمانانەوە كەمتەرخەمییەكی زۆری تێدا درووست بووە و سنووری شەرعی زۆر تێدا - بە خۆرایی - دەبەزێنرێت، چونكە سروشتی ئیشەكە وا پێویست دەكات پزیشكەكە زۆر لە ئافرەتەكە نزیك بێتەوە و بۆ چەندین سعات ئەو ئافرەتە - جاری وا هەیە دوو بە دوو - لەبەردەستی پزیشكێكی پیاودا دەبێت - كە ئەو دكتۆرە ئەگەر كەسێكی زۆر پابەندیش بێت بە شەرعەوە، دواجار مرۆڤە و قابیلی گوناه كردنە و بەبەردەوامی ئەنجامدانی ئەو كارە تەواو لەلای ئاسایی دەبێتەوە - ئینجا چارەسەركردنەكە لە كەشێكی بەریەككەوتن و تەماشاكردنی ناشەرعی و ناشیریندا بەڕێوە دەچێت و زانایانی ئەم سەردەمە بەتایبەت فەتوای حەرامی سەردانی ئافرەتیان بۆ لای پزیشكی ددانی پیاو داوە و شاراوەش نییە كە پزیشكی ددانیش لە ئافرەتاندا زۆرە ، ئەمەش مەگەر لە ڕووی زیانێكی مسۆگەردا و لە نەبوونی پزیشكی ددانی ئافرەت یان هەبێت بەلام لێهاتو نەبێت و ئەگەری سەقەتكردنی دانەكانی هەبێت، ئەو كاتە لەڕووی زەرورەتەوە ڕێگە دەدرێت، بەڵام بەداخەوە هەندێ جار بە بیانووی جیاوازەوە ئافرەتان خۆیان حەز لەسەردانی پزیشكی پیاو دەكەن و پیاوانیش بە هەمان شێوە حەز بە سەردانی پزیشكی ئافرەت دەكەن، كە ئەمەش لە ڕووی شەرعییەوە ولەبەر نەبوونی پاساو كارێكی نادرووست و ناشەرعییە. ئەم پرسە لە كتێبی زانایان لە كۆن و نوێدا بەتێروتەسەل باس كراوە، لێرەدا هەوڵمداوە پاش خویندنەوەی بۆچوون و وتەكانیان لەو بارەوە ، پوختەیەك پێشكەش بكەم بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە لە واقعدا بە چاوی خۆم دەیبینم..والحمد لله الذي بنعمته تم الصالحات. إحسان برهان الدین 14 محرّم 1442 2 أیلول 2020  

وەڵامی گومانێک دەربارەی فرەژنی:19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 19 وەڵامی گومانێک دەربارەی فرەژنی فرەژنی یان چەند ژنی، کە لە زاراوەی شەرعدا (تعدد الزوجات)ی پێ دەوترێت، حەقیقەتێکە لە ئیسلامدا بە بەڵگەی قورئان وسوننەت و ئیجماعی ئوممەت جێگیر بووە، الله تعالی فەرموویەتی: (وَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تُقْسِطُوا فِي الْيَتَامَى فَانْكِحُوا مَا طَابَ لَكُمْ مِنَ النِّسَاءِ مَثْنَى وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ذَلِكَ أَدْنَى أَلَّا تَعُولُوا ) النساء/3 . هەروەها فەرموودەکانی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم وسوننەتی كردەیی و وکۆدەنگی زانایان وسەرانی ئوممەتی ئیسلامی لەسەر ئەوەیە. بەڵام وەکو لە جێگەیەكی تریشدا بە شیکراوەیی باسمان کردووە، مەسەلەی (تعدد الزوجات) بە مەرجەکانی خۆی دەبێت کە ئەویش توانای ڕاگرتنی دادگەرییە لە نێوان هاوسەران و توانای نەفەقە وخەرجکردن ودابین کردنی پێویستییەکانە. لە ئیسلامیشدا فرەژنی لە چوارچێوەی کۆمەڵێک حیکمەت وهۆکاری پێویستدا تەشریع کراوە، لەوانە: * فرەژنی ڕێگەیەکە بۆ زۆربوون وبەهێزیوونی ئوممەتی ئیسلام. * فرەژنی هۆکارێکە بۆ چارەسەرکردنی زۆریی ڕێژەی ئافرەتان بەراورد بە پیاوان. * فرەژنی چارەسەرێکە بۆ مانەوەی کچان وئافرەتان لە کۆمەڵگادا بەبێ هاوسەرگیری کە جۆرەها کێشەو گرفتی لێ دەکەوێتەوەو. * مەعلومە كە پیاوان بە هۆی بەشداریکردنیان لە جەنگ و بە هۆکاری تر، زیاتر ڕووبەڕووی مردن دەبنەوەو، بەوەش ناهاوسەنگی بەردەوام هەیە لە نێوان ڕێژەو ژمارەی پیاوان و ژناندا. * وەکو حەقیقەتێکی فیتری وپێکهاتەی فەسیۆلۆجی پیاوانیش، زۆر جار پیاوان بە یەک ئافرەت پێویستییە جەستەییەکانیان دابین نابێت وئەگەر بە ڕێگەی فرەژنی حەڵاڵ چارەسەر نەكرێت، بۆیان هەیە پەنا بۆ ڕێگای حەرام ببەن وبکەونە هەڵدێری فەساد و تاوانەوە، * ئەمە جگە لەوەی ئافرەت جاری وا هەیە نەخۆشە وبەچەندین حاڵەتی تری سوڕی مانگانە و دوو گیانی و حاڵەتی تردا تێدەپەڕێت، ، یان هەندێ جار نەزۆکەو مناڵی نابێت، یان بێوەژنەو مناڵی بەسەراکەوتووەو پێویستی بە پیاوێکە بەڕێوەی ببات. * هەندێ جاریش فرەژنی دەبێتە هۆكاری نزیک بوونەوەی دوو خێزان ودوو بنەماڵە پێکەوەو، وەکو زانایان ولێکۆڵەرەوە دادگەرو ڕاستگوکان بەدواداچوونیان بۆ کردووە، فرەژنی لەسەر ئاستی تاک وکۆمەڵ وبۆ پیاوان و ژنان وبۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەیرەیی وکەمکردنەوەی فەساد لە کۆمەڵگادا، سوودو شوێنەواری باشی گەلێک زۆرە، ئەگەریش بوترێت دەبێتە مایەی کێشەو درووست بوونی ناتەبایی لە خێزاندا، لەڕاستیدا ئەو ئەگەرە لە حاڵەتی یەک هاوسەریشدا هەر بوونی هەیە وئەگەر فرەژنی بەو شێوە ئەنجام بدرێت کە ئیسلام دایناوە چارەسەرە وبەسوودی تەواوی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە، لێرەدا نەیارانی ئیسلام لەبەر ئەوەی ئامانج و مەبەستیانە فەساد و بێ ڕەوشتی لە ناو كۆمەڵگادا بڵأو بێتەوە، گومانێک باس دەکەن و بەسەرهاتی ڕێگەنەدانی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەهێننەوە بۆ عەلی الله لێی ڕازی بێت، کە ژن بەسەر فاتیمەی خێزانیدا بهێنێت الله لێی ڕازی بێت، لە كاتێكدا ئەوان باوەڕیان بە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم و بە دینەكەشی نییە و بە هەموو توانایەكیان دژایەتی ڕەوشت وئاكارە جوانەكان دەكەن و كار بۆ بێ ڕەوشت كردنی خەڵكی ئەكەن. بە کورتی دەڵێن ئەگەر فرەژنی بابەتێکی شەرعی وڕێگە پێدراوە، بۆچی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم ڕێگەی بە زاواکەی خۆی نەدا ژن بەسەر کچەکەیدا بهێنێت؟ وەڵامی ئەو گومانەش بە کورتی ولەژێر ڕۆشنایی ڤسەی زانایاندا بەم شێوەیە: 1- فەرموودەی ڕازی نەبوونی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لەسەر ژنهێنانی عەلی بەسەر فاتیمەدا الله لێیان ڕازی بێت، فەرموودەیەكی صحیح ە، لە هەردوو سەحیحی بوخاری و موسلیمدا ڕیوایەت كراوە. 2- بە ڕوونی و بە ڕاشكاری لە فەرموودەكەدا دەردەكەوێت، كە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم كێشەی لەگەڵ فرەژنیدا نەبووە و فەرموویەتی فرەژنی حەڵاڵە و من حەرامی ناكەم: (لست أحرم حلالاً ولا أحل حراماً) واتە من شتێك حەڵاڵ بێت حەرامی ناكەم وحەرامیش حەڵاڵ ناكەم، واتە لەو ناڕازیبوونەیدا علیه الصلاة والسلام مەبەستێكی تری بووە دوو لە مەسەلەی تعدد و چەند هاوسەری. 3- هۆكاری یەكەمی ناڕازیبوونی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كە لەفەرموودەكەدا دەردەكەوێت ئەوەیە، هاوسەرگیری عەلی لەگەڵ كچی ئەبوجەهلدا، دەبووە مایەی ئازار، بۆ فاتیمەی كچی، بۆیە فەرمووی (فَإِنَّمَا هِيَ بَضْعَةٌ مِنِّي ، يُرِيبُنِي مَا أَرَابَهَا ، وَيُؤْذِينِي مَا آذَاهَا) . رواه البخاري (5230) ، ومسلم (2449) . واتە فاتیمە کچم پارچەیەكە لە من، ئازاردانی ئەو ئازاردانە بۆ من، ئەوەی كچەكەم بێ تاقەت بكات منیش بێ تاقەت ئەكات، الله تعالی لە قورئاندا ئازادانی پێغەمبەری صلی الله علیه و سلم حەرام كردووە وفەرموویەتی: (وَمَا كَانَ لَكُمْ أَن تُؤْذُوا رَسُولَ اللَّهِ ) الأحزاب:53. 4- هۆكاری تری سەرەكی بۆ ناڕازیبوونی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەوە بوو كە عەلی كچی ئەبو جەهلی دوژمنی ئیسلامی هەڵبژاردبوو بیكات بە هاوسەری خۆی و بیهێنێت بەسەر فاتیمەدا، بۆیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمووی: «لا تَجتَمِعُ بِنتُ رَسولِ اللهِ وبِنتُ عدُوِّ اللهِ عندَ رَجلٍ واحدٍ» واتە نابێت كچی رسول الله و دوژمنی الله لە یەك ماڵدا كۆ ببنەوە. 5- پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەیزانی ئەو هاوسەرگیرییە لەگەڵ كچی ئەبو جەهلدا دەبێتە مایەی فیتنەی فاتیمەی كچی لە دینەكەیدا بۆیە ڕێگری لێ كرد: ( وَأَنَا أَتَخَوَّفُ أَنْ تُفْتَنَ فِي دِينِهَا ) البخاري (3110). واتە دەترسم زەواجی عەلی لەگەڵ كچی أبو جهل دا ببێتە مایەی تاقیكرنەوەیەكی سەخت لەسەر كچەكەم لە دینەكەیدا. 6- لەوانەیە وەكو پێشەوا النووي دەڵێت: ( وَيَحْتَمِلُ أَنَّ الْمُرَاد تَحْرِيم جَمْعهمَا ... وَيَكُون مِنْ جُمْلَة مُحَرَّمَات النِّكَاح : الْجَمْع بَيْن بِنْت نَبِيّ اللَّه وَبِنْت عَدُوّ اللَّه) شرح صحيح مسلم " (8/199). واتە وەکو حوکمێکی شەرعی پێدەچێت لە بنچینەوە كۆبوونەوەی كچی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم وكچی دوژمنێكی ئیسلام وەكو أبو جهل خۆی لە خۆیدا حەرام و نادرووست بێت. 7- ئەو ناڕازیبوونەی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم وەكو ابن حبان دەڵێت بە هۆی پلەو پایەی بەرزو تایبەتی فاتیمە بووە الله لێی ڕازی بێت كە نابێت و نەشیاوە لەگەڵ كچی ئەبوجەهلدا لەیەك ماڵدا كۆببنەوە: (وإنما كرهه صلى الله عليه وسلم تعظيماً لفاطمة ، لا تحريما لهذا الفعل). "صحيح ابن حبان" (15/407). 8- ابن حجر العسقلاني - وەكو محمد صالح المنجد الله ڕزگاری بكات لێی دەگێڕێتەوە - فەرموویەتی بە دووری ناگرم ئەو حاڵەتە یەكێك بێت لە تایبەتمەندییەكانی رسول الله صلی الله علیه و سلم كە زاواكانی بۆیان نەبێت ژن بەسەر كچەكانیدا بهێنن و، لەوانەشە حاڵەتەکە تەنها تایبەت بێت بە فاتیمەوە الله لێی ڕازی بێت.: (والذي يظهر لي أنه لا يبعد أن يُعدَّ في خصائص النبي صلى الله عليه وسلم أن لا يتزوج على بناته ، ويحتمل أن يكون ذلك خاصاً بفاطمة رضي الله عنها) "فتح الباري" (9/329) . ڕاستییەكیشە هەموو كەس دەیزانێت کەوا هیچ حاڵەتێكی تری هاوشێوەی ئەو حاڵەتە جارێکی تر تا ڕۆژی قیامەت درووست تابێتەوە، ، چونكە نەكەس دەبێتە پێغەمبەر و نە هیچ كچێكیش دەبێتە كچی پێغەمبەر. 9- فاتيمە الله لێی ڕازی بێت سەرگەوەری ئافرەتانی بەهەشتە و بەوەی كەوا كچی پێغەمبەرە صلی الله علیه و سلم واتە كچی باشترین مرۆڤە بە ڕەهایی ومێردەكەشی بەهەمان شێوە خاوەن پلەو پایەی بەرزو مەزنە، ، هاوكات لەبەر ئەوەی ئەبو جەهلیش كەسێكی نەفرەت لێكراوەو دوژمنی سەرسەختی ئیسلام بووە ، خاوەنی نزمترین پلەو پایەیە و خرپترین كەسە، بۆیە نەشیاوو ناشاییستە بوو كە كچی باشترین كەس و خراپترین كەس لە یەك ماڵدا پێكەوە ژیان بەسەر ببەن. 10- هەندێك لە زانایان باسی ئەوەشیان كردووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كاتی خۆی مەرجی ئەوەی لەسەر عەلی داناوە كە ژن بەسەر فاتیمەدا نەهێنێت، بۆیە كە عەلی ئەو نیازەی كردووە ژن بهێنێت پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ناڕەزایی دەربڕیوە وبە وەعدەکەی خۆی وابەستەی کردووە و هاوكات ئەمەك و وەفای زاوایەكی تری خۆی باسكردووە لە فەرموودەکەدا و وەکو نموونە هێناوێنتییەوە كە ناوی أبو العاص بن الربيع بووە، وەكو ئەوەی بڵێت تۆ بەئەمەك نەبووی بۆ پەیمانی ژن نەهێنانت بەسەر فاتیمەدا. 11- هەندێ لەزانایان وەكو ابن التین، وەكو لە فتح الباري دا هاتووە، فەرموویانە ناڕەزایی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە بەر خۆشەویستی عەلی بووە، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم خاوەن و وەلی ئەمری عەلی ش بووە و بەرپرس بووە لەوەی چی بەرژەوەندی دنیاو قیامەتی ئەوی تێدایە ئەوە بکات، واتە دەیزانی بەو ئازارەی بە ژنهێنانەكەی عەلی بە فاتیمە دەگات و بەتایبەتی كە كچی ئەبو جەهلیش بێت ئازار بە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەگات، بەوەش عەلی تاوانبار دەبێت، چونكە هەركێ ببێتە هۆكاری خەفەتبار بوونی رسول الله صلی الله علیه و سلم سنووری تێپەڕاندووەو الله تعالی ی لە خۆی تورە كردووە. 12- ئەم هۆكارانەی سەرەوە بە تێكڕا، یان بەشێكیان بە جیا جیا، بوون بە مایەی ناڕازیبوونی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كە عەلی زاوای ژن بەسەر كچەكەیدا بهێنێت، ئەگینا فرەژنی شەریعەتێكی كارپێكراو بووە لە سەردەمی پێغەمبەرایەتی و لەسێ سەدە باشەكانی ئیسلام لەسەردەمی سەلەف و لە هەموو سەردەمانی تری ئیسلامدا، ئەگەر ئەو بەسەرهاتە حاڵەتێكی تایبەت و بۆ بۆنەو دۆخێكی دیاریكراو نەبوایە، دەبوو كەمترین كاریگەری لەسەر شەریعەتی چەند ژنی بەجێ بهێشتایە لە ئیسلامدا. 13- لە كۆتاییشدا مەسەلەیەكی گرنگ هەیە دەبێت ئافرەتان وریای بن وزۆر بیری لێ بکەنەوە، ئەویش ئەوەیە موسوڵمان دەبێت عەقیدەو باوەڕی وابێت، كە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بەهیچ شێوەیەك نادادگەری و هەڵەی شەرعی و كاری ناشاییستەی لێ ناوەشێنیتەوە، بەڵگو هەموو شتێك كە ئەنجامی دەدات بێ حیكمەت نییە و كاردانەوەی ئەو هاوشێوەی كاردانەوەی مرۆڤی ئاسایی نییە، بۆیە هەر جۆرە ڕەخنەو گومانێك لە فەرمان وحوکمی رسول الله صلی الله علیه سلم ڕێگای بەدبەختی و تیاچوونە بۆ موسوڵمان، لەبەر ئەوەی الله تعالی فەرموویەتی ئیماندار بۆی نییە حوکمی الله وپێغەمبەرەکەی ڕەت بکاتەوە وتەنانەت نابێت لە دڵیشەوە پێی ناخۆش بێت وبەهەڵەی بزانێت:(وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ ۗ وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا مُّبِينًا) الاحزاب:36. هەروەها لەبەر ئەوە رسول الله لە خۆیەوە هیچ ناڵێت وهیچ ناکات ئەگەر مەسەلەکە پەیوەندی بە دین وشەرعەوە هەبێت (وَمَا يَنطِقُ عَنِ الْهَوَىٰ. إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَىٰ) النجم:3-4.  

میراتی كچ وئافرەت لە ئیسلامدا:20

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان:20 میراتی كچ وئافرەت لە ئیسلامدا بابەتی میراتی لە ئیسلامدا بابەتێكی گرنگە و بایەخی لەو ئاستەدایە كە الله عزوجل خۆی لە قورئانی پیرۆزدا پشك وبەشی خاوەن مافەكانی دیاری كردووە، مافی ئافرەتیش لە میراتدا بە ڕوونی و بەڕاشكاوی لە قورئاندا دیاری كراوەو و، لێرەدا و لە ڕۆشنایی دەقەكانی قورئانی پیرۆز وسوننەتی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم و ڕاستییەكانی مێژوودا ، لە چەند خاڵێكی كورتدا ئەو مەسەلە دەخەمەڕوو: 1- الله تعالی لە قورئانی پیرۆزدا خۆی پشكی هەموو خاوەن ماف ومیراتگرێكی دیاری كردووە و فەرموویەتی: (لِّلرِّجَالِ نَصِيبٌ مِّمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ وَلِلنِّسَاءِ نَصِيبٌ مِّمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ مِمَّا قَلَّ مِنْهُ أَوْ كَثُرَ ۚ نَصِيبًا مَّفْرُوضًا) النساء:7. ئەو بەش و پشكەش كە الله دایناوە بۆ خاوەن مافەكان فەرزە بدرێت و تاوانێكی گەورەیە بەستەم و فڕوفێڵ خاوەنەكەی لێ بێ بەش بكرێت. 2- جیاوازی كردن لە نێوان كوڕان وكچان و ژنان و پیاوان لە میراتیدا، تاوانێكەو سەرپێچی كردنی سەریحی قورئانی پیرۆزە، هەروەها عادەت و نەریتێكی سەردەمی جاهیلی و بتپەرستەكانە، چونكە موشریكانی پێش سەردەمی ئیسلام دەیانوت كەسێك شاییستەی میراتییە كە توانای چەك هەڵگرتن وبەرگری كردنی لە خاك و ئاو هەبێت، بۆیە ئافرەت و مناڵ لە میراتی بێ بەش دەكران. بەر لە ئیسلام و لە لەلای فارس و هند و ئیغریق و نەتەوەكانی تر، ئافرەت نەك هەر میراتی وەرنەدەگرت، بەڵكو خۆیشی دەبوو بە بەشێك لە میراتی و دابەش دەكرا و وەكو پشكێك دەكەوتە بەر كەسێك لە میراتگران! بەڵام لە ئیسلامدا ، چۆن مافی كوڕان لە میراتیدا دەستەبەر كراوە، مافی كچانیش بەهەمان شێوە دەستەبەر كراوە، الله تعالی فەرموویەتی: (يُوصِيكُمُ اللَّهُ فِي أَوْلَادِكُمْ ۖ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنثَيَيْنِ ۚ) النساء:11. لە ئیسلامدا میراتی ئافرەت - مناڵی هەبێت یان نەیبێت - بە دادگەری و بەڕوونی لە قورئانی پیرۆزدا دیاری كراوە، الله عزوجل فەرموویەتی: (وَلَهُنَّ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْتُمْ إِن لَّمْ يَكُن لَّكُمْ وَلَدٌ ۚ فَإِن كَانَ لَكُمْ وَلَدٌ فَلَهُنَّ الثُّمُنُ مِمَّا تَرَكْتُم ۚ) النساء:12. میراتی دایكیش دیاریكراوەو جیاكراوەتەوە: {وَلِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ مِمَّا تَرَكَ إِنْ كَانَ لَهُ وَلَدٌ فَإِنْ لَمْ يَكُنْ لَهُ وَلَدٌ وَوَرِثَهُ أَبَوَاهُ فَلِأُمِّهِ الثُّلُثُ فَإِنْ كَانَ لَهُ إِخْوَةٌ فَلِأُمِّهِ السُّدُسُ} [النساء: 11]. پشكی كچیش بەهەمان شێوە دیاری كراوە: {يُوصِيكُمْ اللَّهُ فِي أَوْلَادِكُمْ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنثَيَيْنِ فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ وَإِنْ كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ} [النساء: 11]. پشكی خوشكیش بەدیاری كراوی جیاكراوەتەوە: {وَإِنْ كَانَ رَجُلٌ يُورَثُ كَلَالَةً أَوْ امْرَأَةٌ وَلَهُ أَخٌ أَوْ أُخْتٌ فَلِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ فَإِنْ كَانُوا أَكْثَرَ مِنْ ذَلِكَ فَهُمْ شُرَكَاءُ فِي الثُّلُثِ} [النساء: 12]. تەنانەت الله تعالی باسی هەندێ حاڵەتی تری كردووە لە قورئانی پیرۆزدا وەكو مەسەلەی (الكلالة) كە بریتییە لە مردوویەك مناڵی نییە و خوشكێك یان زیاتری هەیە و پشكەی دیاری كردووە وفەرموویەتی: (يَسْتَفْتُونَكَ قُلِ اللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِي الْكَلَالَةِ إِنِ امْرُؤٌ هَلَكَ لَيْسَ لَهُ وَلَدٌ وَلَهُ أُخْتٌ فَلَهَا نِصْفُ مَا تَرَكَ وَهُوَ يَرِثُهَا إِنْ لَمْ يَكُنْ لَهَا وَلَدٌ فَإِنْ كَانَتَا اثْنَتَيْنِ فَلَهُمَا الثُّلُثَانِ مِمَّا تَرَكَ وَإِنْ كَانُوا إِخْوَةً رِجَالًا وَنِسَاءً فَلِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ أَنْ تَضِلُّوا وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ ) النساء/176 . 3- هیچ كەسێك بۆی نییە ئافرەتان و كچان لە میراتیی بێ بەش بكات، یان جیاوازی و فێڵ ونادادگەری لە پێدانی پشكەكانیاندا بكات، چونكە ئەوە لە ئیسلامدا یەكێكە لە تاوانە گەورەكان و واجبە لەسەر موسوڵمانان كار بەشەرع بكەن و ڕەچاوی حوكمەكانی قورئان وسوننەت بكەن لە مەسەلەی میراتیدا، چونكە ئەوە مافێكە الله عزوجل خۆی بەدادگەری ڕەهای خۆی دابەشی كردووە وفەرزی كردووەتە سەر موسوڵمانان بەو شێوە میراتی دابەش بكەن.. هەر كەسێك ستەم لە ئافرەتێك بكات بە بێ بەشكردنی لە مافی خۆی لە میراتیدا، یان بە ترسادنی و هەڕەشە لێكردنی بۆ ئەوەی دەست بەرداری پشكەكەی خۆی بێت، یان بە ئیحراج كردنی وبیكات بەڕووی خۆیەوە وناڕاستەوخۆ وای لێ بكات بڵێت بەشی خۆمم ناوێت، یان بەهەر ڕێگایەكی تر، ئەو كەسە حوكمی شەرعی پەك خستووە و لە حوكمی ئیسلام لایداوە و چووەتە سەر حوكمی هەواو ئارەزوو و ڕێبازە جاهیلییەكان. هاوكات ئەو كارەش زوڵم وستەمە و الله تعالی ڕقی لە ستەم و لە ستەمكارانە، الله تعالی فەرموویەتی: (وَمَن يَتَعَدَّ حُدُودَ اللَّهِ فَقَدْ ظَلَمَ نَفْسَهُ). الطلاق:1. پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( اتقوا الظلم فإن الظلم ظلمات يوم القيامة ) رواه مسلم . واتە: خۆتان لە ستەم بپارێزن و بەدووربگرن، چونكە ستەم تاریكییە لە ڕۆژی قیامەتدا. 4- عورف و عادەتی كورد لە ڕابردوودا و بگرە تا ڕاددەیەك بە ئێستاشەوە، ئافرەتی لە پشكی خۆی لە میراتی بێ بەش كردووە، یان پشكێكی كەم و بە پێچەوانەی ئەوەی لە قورئاندا بۆی دیاری كراوە پێی دەدرێت، ئەوە لە ڕاستیدا عورفێكی ناكۆك ودژوارە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا وپێویستە موسوڵمانان ئەو هەڵە گەورەیە چاك بكەنەوەو بەخۆیاندا بچنەوە و بە حیلە و بە قۆستنەوەی هەلی شەرم و لاوازی و نەزانی ئافرەتان ستەمیان لێ نەكەن ولەبەشەكانیان مەحرومیان نەكەن. 5- مەسەلەیەكیش هەیە زۆر جار ناحەزانی ئیسلام دەیكەن بە بەهانەی ڕەخنەگرتن لە ئیسلام گوایە ستەمی لە ئافرەت كردووە و جیاوازی لە نێوان پشكی نێرینەو مێینەدا كردووە، بەوەی لە میراتیدا كوڕ دوو ئەوەندەی كچ وەردەگرێت، ئەو مەسەلەش هەرچەند لە هەموو حاڵەتەكادا هەر وا نییە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە نەك ستەم نییە، بەڵكو ئەوپەڕی داگەری شەریعەتی ئیسلامە كە بۆ نموونە ئەگەر پیاوێك بمرێت و سی ملیون دینار میراتی هەبێت وكوڕو كچێكی لەدوای خۆی بەجێهێشتبێت، كوڕەكە بیست ملیون و كچكەی دە ملیۆنی بەردەكەوێت، چونكە پیاو هەندێ ئەرك و واجبی دەكەوێتەسەر كە ئافرەت ئەو ئەركانەی ناكەوێتەسەر، وەكو: - پێدانی مارەیی بەئافرەت كە مافێكی حەڵاڵی ئەو ئافرەتەیە هەمووی دەكەویتە سەر پیاو. - ئیسلام نەفەقە و خەرجی بەرێوەبردنی ماڵ ومناڵ و ژنی خستووەتە سەر پیاو و ئەو ئەركانەش بە پارە و توانای دارایی دەكرێت. - ئافرەت نەفەقە و خەرجی ماڵی ناكەوێتەسەر خۆی، تەنانەت ئەگەر دەوڵەمەندیش بێت، مەگەر خۆی بە ویستی خۆی بیەوێت خەرجی ماڵ بكات. - ئافرەت لەئیسلامدا لە هەموو حالەتەكانیدا وەكو هاوسەر و كچ و خوشك و دایك هەمیشە خەرجی و ئەركی مادی دەكەوێتە سەر مێرد و برا و باوك و كەسانی تر و واجبیشە لەسەریان ئەو نەفەقە و ئەركە هەڵگرن و پێویستییەكانی تەواو بكەن.، تەنانەت لەو كاتەشدا كە لە مێردەكەی جیا دەبێتەوەو تەڵاق دەدرێت لە ماوەی عیددەكەیدا خەرجی هەر دەكەوێتە سەر مێردەكەی كە تەڵاقی داوە. بۆیە لەبەر ئەوەیە كە میراتی ئافرەت بەو شێوە بووە و بەدڵنیاییەوە حیكمەتی تریشی تێدایە، چونكە الله عزوجل دادگەری ڕەهای لە حوكمەكانیدا هەیە و بە ئەندازەی گەردیلەیك ستەم لە كەس ناكات: (إِنَّ ٱللَّهَ لَا يَظْلِمُ مِثْقَالَ ذَرَّةٍۢ ۖ) النساء:40..  

ئافرەتی باش دەبێت چۆن بێت؟ :21

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان_21: ئافرەتی باش دەبێت چۆن بێت؟ نییە لە كەلامی الله تعالی و لە فەرموودەكانی پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم، سەرچاوەیەكی باشتر و بە سوودتر بۆ مرۆڤەكان كە هاندەر و یارمەتیدەریان بێت بەرەو گەیشتن بە سەرفرازی دونیاو دواڕۆژ، هەر بۆیە لەم كورتە باسەدا و لە روانگەی ئەو دوو سەرچاوە سازگارەوە گرنگترین سیفەتەكانی ئافرەتی چاك دەخەینەڕوو إن شاء الله. 1- ئافرەتی باش، ئافرەتێكی دڵسۆزو ڕاستگۆیە لەگەڵ پەروەردگاری خۆیدا، ئافرەتێكە تەوبەكارە و پەروەردگاری خۆی لە هەموو هەنگاوەكانی ژیانیدا لەبیرە و هەمیشە بۆلای دەگەڕێتەوە. متمانەشی بە پەروەردگاری خۆی هەیە و پشتی پێ دەبەستێت كە لە هیچ تەنگانە و ناخۆشییەكی ئەم ژیانەدا بەتەنها بەجێی ناهێڵێت. 2- ئافرەتی باش، موسوڵمانێكی راستگۆیە و باوەڕی بەقەزاو قەدەر هەیە و هەرچی بەسەردا بێت، یان بەسەر هەر ئازیزو نزیكێكیدا بێت، دڵنییایە كە ئەوە قەدەرەو نووسراوە، سەبری لەسەر دەگرێت. 3- یەكێكی تر لە سیفەتەكانی ئافرەتی باش ئەوەیە، لە قورئان دوور ناكەویتەوە، كەلامی الله دەكات بە هاوڕێ و هاودەمی ژیانی و، كارێكی وا دەكات هەمیشە لەناو ماڵەكەیدا ببیسرێت و لە دڵی منداڵەكانیدا خۆشەویستی دەكات. 4- گرنگیدان بە فێربوونی زانستی شەرعی، یەكێكە لە خەسڵەتە هەرە لە پێشەكانی ئافرەتی باش و، بەگوێرەی توانا بایەخی پێدەدات، بەتایبەتی زانستی عەقیدە و فەرموودە و فیقهو تەفسیر و ژیانامەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم. هەروەها لەوەی كە نایزانێت لە كاروباری دینەكەی، پرسیار لە ئەهلی عیلم دەكات و، هاوكات ئەوەشی كە فێری بووە بە خەڵكی تری دەڵێتەوە و فێریان دەكات. 5- ئافرەتی باش، خاوەن كەسایەتییەكی تۆكمە و بەهێزە، خۆی بەشتی نزم و بچووكەوە سەرقاڵ ناكات، كە پێی بوترێت قال الله و قال الرسول صلی الله علیه و سلم، ڕادەوەستێت و دەڵیت سمعنا و أطعنا. با نەفسی خۆیشی حەز بەو شتە نەكات. 6- ئافرەتی باش، هیچ كاتێك چاكەی دایك و باوكی خۆی لەبیر ناكات و بەسۆز و میهرەبانە لەگەڵیاندا، گوێڕایەڵییان لەسەر هەرندێك عیبادەتی تطوع و نافیلەش پێش دەخات، بەڵكو هەموو ئەوەی باوك ودایكی خۆشیان دەویت، مەگەر ناشەرعی بێت، ئەگینا ئەویش لەبەر خاتری ئەوان خۆشی دەوێت.بەڵكو چاكە لەگەڵ هاوڕێی وخۆشەویستانی ئەوانیش دەكات لەچوار چێوەی شەرعدا. 7- ئافرەتی باش نوێژەكاتی وەكو چاوی خۆش دەوێت و دوایان ناخات، ئەگەر زەكاتی هەبێت لەكاتی خۆی و بە شێوەیەكی شەرعی دەریدەكات، ویردێكی ڕۆژانەش بۆ خۆی دیاری دەكات لە قورئان و لە زیكری بەیانیان و ئێواراندا. 8- ئافرەتی باش بێ ئاگا نییە لە باسی شەهیدی و وابزانێت ئەو مەسەلە هیچ پەیوەندی بە ئەو نییە و، لەڕێگەی ئایەت و فەرموودەكانەوە خۆشی دەوێت و ئاواتی ئەوەیە وەكو لەفەرموودەو نزاكاندا هاتووە بەشەهیدی بمرێت، ئیمامی بوخاری بەڕەحمەت بێت لە سەحیحەكەیدا ، بابێكی تایبەت كردووە بەناوی: (باب الدعاء بالجهاد والشهادةللرجال و النساء). (ابن حجر) یش لەشەرحی فەرموودەكانی ئەم بابەدا قسەی زۆر جوانی كردووە بەڕەحمەت بێت. بەڵام شایانی باسە لە ئیسلامدا جیهاد لەسەر ئافرەتان فەرز نییە، بۆیە كاتێك عائیشە الله لێی رازی بێت، پرسیاری جیهادی ئافرەتان لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكات، پێی دەفەرموێت جیهادێكی بێ جەنگ وشەڕكردنی لەسەرە، مەبەستی حەج و عومرە بوو. بەڵام زانایانی ئیسلام فەرموویانە ئەگەر دوژمنی داگیركەر هاتەسەر خاكی موسوڵمانان، ئەو كاتە جیهاد لەسەر هەموو پیاوان و ژنانیش واجب دەبێت و لەو حاڵەتەدا ئەوانیش وەكو پیاوان بەشدار دەبن. 9- ئافرەتی باش و چاكەكار نابێت لایەنی كۆمەڵایەتی پشتگوێ بخات و پێویستە بزێو وزیرەك بێت بۆ قۆستنەوەی هەموو هەلێكی گونجاو بۆ خزمەتی دینەكەی، نابێت فەقیرۆكە و بێ ئاگا بێت و هەمیشە چاوی لە دەست و لە عەقڵی كەسانی تر بیت شتەكانی پێ بگەیەنن و ڕووداوەكانی بۆ ڕوون بكەنەوە، دەبێت لەسنووری شەرعدا كەسێكی لێهاتوو وزیتەڵ بێت. بەڵكو دەبێت هەمیشە لە خەمی بەهێزكردنی كەسایەتی و عەقڵ و هۆش و ئاستی زانستی خۆیدا بێت و توانای داهێنانی بێت ئەگەر لە سنورێكی كەمیشدا بێت. 10- ئافرەتی باش، لە هەموو ڕوویەكەوە ڕەوشتی جوانە، چونكە لەوە تێگەیشتووە، كامڵترین ئیمانداران ئەوانەن كە ڕەوشتیان جوانە، دڵنیاشە لەوەی هیچ شتێك لە تەرازووی كردەوەكاندا نییە قورستر بێت لە ڕەوشت جوانی وەكو لە فەرمووەكاندا هاتووە. 11- لە ئاكاری ئافرەتی باش دوورە لەوەی گاڵتە و سووكایەتی بە هیچ ئافرەتێكی تر بكات و، خۆی لەوان بەباشتر بزانێت، چونكە باوەڕی وایە ئایەتی یانزەی سوڕەتی پیرۆزی الحجرات، دەبێت وەكو دروشمێك بۆ ژیانی سوودی لێ وەربگرێت. 12- ئافرەتی موسوڵمانی باش ئەو كەسەیە كە لەسەرخۆیە و لەبەر ئایەتی: (وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ ۗ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ ) آل عمران: 134. توڕەیی خۆی دەخواتەوە و لە خراپەی خەڵكیش لەگەڵیدا خۆش دەبیت و كینە لەدڵ ناگرێت. 13- ئافرەتی باش زمانی خۆی لەسەر جنێودان و قسەی خراپ ودوعاكردن، نە لەگەڵ مندالەكانی و نەلەگەڵ كەسی تردا ڕاناهێنێت، چونكە دەزانێت ئەو سیفەتە لەناو ئافرەتاندا زۆرە ودەبێت ئەو خۆی لێ بپارێزێت، بۆیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وریایی پێیان داوەو فەرموویەتی: ( تكثرن اللعن وتكفرن العشير) البخاري و مسلم. بۆ ئەوەی چاكەكارەكانیان لەو خەسڵەتە خراپە خۆیان بپارێزن. 14- ئافەرەتی موسوڵمانی باش، هەرگیز هانی مێردەكەی نادات هاوسەرەكەی تری تەڵاق بدات، چونكە دەزانێت ئەوە سیفەتی ئافرەتی موسوڵمان نییە ولەسەری تاوانیار دەبێت و پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نەهی لەو سیفەتە خراپە كردووەو فەرموویەتی: (ولا تسأل المرأة طلاق أختها لتكفأ ما في إنائها) البخاري و مسلم. هەروەها لەو ئاكارە بەدوورە مێردەكەی لەكەسوكاری دوور بخاتەوەو دڵی گوماناوی بكات لێیان. 15- لە سیفەتەكانی ئافرەتی باش ئەوەیە ئافرەتێكی پاك و پاراوەو ئیش و كەرەستەو هەموو ماڵەكەی پاك وخاوێنە و پاكی وڕێكوپێكی نیشانەو دروشمێتی لە ماڵەكەیدا و لە گرنگیدانیدا بەخواردن و جل و پیویستییەكانی خۆی و مێردی ومنداڵی. و وایان لێ دەكات هەست بكەن بایەخی پێداون و پاكی خاوینی ئەوان بەیارمەتی و گرنگیدانی ئەو لەماڵدا بەرقەرار بووە. 16- لە نهێنییەكانی بەختەوەری كە هاوكات سیفەتێكە لە سیفەتە باشەكانی ئافرەتی موسوڵمان ئەوەیە، ڕازی بێت بە قسمەت و نسیبی خۆی، بەو بەشەی كە الله بۆی داناوە، رَسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ فەرموویەتی: (المُتَشبِّعُ بما لم يُعطَ، كَلابِسِ ثَوبَيْ زُورٍ) متفق علیه. 17- خوویەكی خراپە كە ئافرەت هەمیشە بۆڵەی بێت و لەهیچ و بە هیچ ڕازی نەبێت، هەر بۆیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵیاندا داوای لێكردن سەدەقە بكەن و پێی فەرموون ئێوە ئەو سیفەتە خراپەتان تێدایە كە (تكثرن الشكاة وتكفرن العشیر) مسلم 885. واتە سكاڵا زۆر دەكەن و چاكە لەبیر دەكەن و نكۆڵی لێ دەكەن. 18- ڕەزیلی بۆ پیاوو بۆ ژن سیفەتێكی نەخوازراوو خراپە، بۆیە ئافرەتی باش دەبێت لەو سیفەتە بەدوور بێت و هەر بیری لای كۆكردنەوەو پاشكەوت كردن نەبێت، بەڵكو بەوەی كە دەتوانێت دەستی كراوە بێت، چاكە و بەخشینی هەبێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (أنفقي ولا تحصي فیحصي الله علیك، ولا توعي فیوعي الله علیك) متفق علیه.واتی فەرموودەكەش هاندانە بۆ بەخشین و نەهی كردنە لەوەی پارە تەنها بۆ هەلگرتن و پاشەكەوت كردن بەكار بێت. 19- ئافرەتی باش بە خزمەت كردنی میوان لە سنووری شەرعدا بێزار نابێت، فەرموودەیەكی زۆر لەو بارەو هاتووە كە هانی موسوڵمان دەدات ڕێز لە میوان بگرێت و نانی بۆ ئامادە بكات. 20- ئافرەتی باش ئافرەتێکی ئازایەو ترسنۆك نییە، ئافرەتە هاوەڵەكان الله لێیان ڕازی بێت زۆر ئازا و بەجەرگ بوون، لە سەحیحی موسیلمدا هاتووە كە لە ڕۆژی حونەیندا، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دایكی سولەیمی بینی الله لێی ڕازی بێت، خەنجەرێكی بەدەستەوە بوو، پێی فەرموو ئەو خەنجەرەت بۆچییە؟ فەرمووی، بۆ ئەوەمە ئەگەر موشریكێك لێم نزیك بوویەوە سكی بەو خەنجەرە هەڵدەدڕم. 21- لە سیفەتەكانی ئافرەتی باش ئەوەیە لەسەر نەخۆشی وناخۆشی ئارامگرە، ئافرەتێك هاتە لای پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، نەخۆشی (صرع) فێی هەبوو، داوای كرد دوعای بۆ بكات چاك بێتەوە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم پێی فەرموو: ئەگەر لەسەر نەخۆشییەکەت ئارام بگریت دەچیتە بەهەشتەوە، ئەگەریش دەتەوێت دوعات بۆ دەكەم چاك بیتەوە، وتی ئارام دەگرم، بەڵام دوعام بۆ بكە لەكاتی نەخۆشییەكەمدا جەستەم دەرنەكەوێت. 22 - لە سیفەتە باشەكانی ئافرەتی باش ئەوەیە بەجوانی و ڕێك وپێكی وبەشێوەیەكی شەرعی خۆی دادەپۆشێت وبەجلی نیوە حیجاب و نیوە وابەستەبوون بە دینەوە خۆی ناخەلەتێنێت و بەجوانی خۆی دادەپۆشێت. كاتێك ئایەتی (وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَىٰ جُيُوبِهِنَّ) دابەزی، ئافرەتانی موسوڵمان لە زیادەی پۆشاكەكانیان گرت و یەكسەر ڕوخساری خۆیان پێ داپۆشی. وەكو لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە. 23- شەرم مرۆڤ جوان دەكاتەوە، یەكێكیش لە جوانترین سیفەتەكانی ئافرەتی موسوڵمان ئەوەیە بەشەرم وحەیا بێت، ئافرەتی بێ شەرم لە فیترەتی خۆی دەرچووە و بێ شەرمی لەكەسایەتی و لە سەنگینی كەم دەكاتەوە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وا وەسف دەكرێت كە لە كچێكی عازەب بەشەرمتر بووە. یەكێكیش لە دیاردەكانی بێ شەرمی كە لەم ڕۆژگارە سەریهەڵداوە ئەوەیە، سەرپێچی فەرمانی پێغەمبەر دەكەن صلی الله علیه و سلم كە فەرمانی پێ كردوون لە دەرەوەی ماڵەكانیان جلیان دانەكەنن، بەڵام زۆرێك لە ئافرەتان لەكاتی جل كڕیندا، لە جێگای تایبەتی ئەو دوكان و مۆڵانە خۆیان دەگۆڕن وجلەکانیان تاقی دەكەنەوە، بەو شێوەش زۆر جار بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن بەڕووتی وێنەیان دەگرن و ڕووداوی نەخوازراویشی بەدوادا دێت. هەروەها نابێت لەكاتی قسەكردن و میوانداری و لە شوێناندا سەیری ناوچاوی پیاو بكات لەكاتی قسەكردندا، ئەوە لە دەرەوەی پێویستی و زیاد لە حەدی خۆی حەرامە و لە رووی كەسێتی خۆیشییەوە سیفەتیكە ناشیرینە. بەڵكو دەبێت سەیركردنی شەرمی پێوە دیار بێت. 24- لە سیفەت و خەسلەتە باشەكانی ئافرەتی موسولمان ئەوەیە نوێژەكانی لە ماڵی خۆیدا دەكات وناچێتە مزگەوت، چونكە لە چەندین فەرموودەی صحیح دا هاتوووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی نوێژی ئافرەتان لەماڵەكەی خۆی خێری زۆرترە لەوەی لە مزگەوت بیكات. 25- ئافرەتی باش لەكاتی دەرچوونی لەماڵ، خۆی بەدوور دەگرێت لەبۆن لەخۆدان، چونكە لە چەندین فەرموودەی صحیح دا هاتووە داوایان لێ كراوە بۆن لەخۆیان نەدەن، بەڵكو هەڕەشەی توندیش لە هەندێ فەرمودەدا هاتووە كە ئەگەر ئافرەتێك خۆی بۆن خۆش بكات و بەلای پیاواندا تێپەڕێت، وەكو ئەوەیە ئاوهاو ئاوهای كردبێت. هەروەها نابێت لەكاتی ڕێكردنیدا جێگای قەرەباڵغی وبەو شوێنانەدا بچێت كە ناچار دەبێت زۆر لە پیاوانەوە نزیك بێتەوەو تاكو بتوانێت پێویستە بەلای دیواردا بڕوات و ناوەڕاستی ڕێگا و جێگە قەرەباڵغەكان نەگرێت وەكو لە هەندی لە فەرموودەكاندا هاتووە. 26- ئافرەتی موسوڵمانی باش، ناهێڵێت و ڕێگە نادات لەبەر هەر هۆكارێك بێت، لەگەڵ پیاوێكی نامەحرەمدا بەتەنها بێت، چونكە ئەوە كارێكی حەرامە و درووست نییە، لە فەرموودەی صححیح دا هاتووە:(إيَّاكم والدُّخولَ على النِّساءِ . فقالَ رجلٌ منَ الأنصارِ : يا رسولَ اللَّهِ ! أفرأيتَ الحموَ ؟ قالَ : الحموُ : الموتُ) بۆیە بەتەنها مانەوەی ئافرەت لەگەڵ براو كەسی مێردەكەیدا كە ئەوە زۆر جار ڕوودەدات، كارێكی ناشەرعییە و بە پێی فەرموودەكە مردن لەوە باشترە. 27- ئافرەتی باش هەمیشە ئافرەتێكی داوێن پاكە و مێردەكەی دەپارێزیت، هەرگیزیش بیر لە پیاوێكی تر جگە لە مێردەكەی ناكاتەوە، چونكە هاوسەران بە گرێبەستێكی شەرعی تۆکمە كۆبوونەتەوە و بە عەهدو پەیمانێكی ئیسلامی پیرۆز بۆ یەكتر حەڵاڵن، بۆیە ئەگەر هەر خەیاڵ و ختورەیەكی لەو شێوە بێت بەدڵی هەر ئافرەتێكدا وکەمترین هەنگاوی کردەیی بۆ بنێت، دەبێت بزانێت ئەوە خیانەتە و مادام ئەو گرێبەستە كۆتایی پێ نەهاتووەو ماوەتەوە، ئافرەت فەرزە لەسەری بیپارێزێت و سنووری نەبەزینێت. الله تعالی فەرموویەتی: (والذين هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ إِلاَّ على أَزْوَاجِهِمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ ) المؤمنون:5. 28- ئافرەتی باش بە پیاوی باش و موسوڵمان و ئیماندار و موەحید ڕازی دەبێت و تەنانەت ئەگەر هەژاریش بێت هەر پێی ڕازی دەبێت و چاوەڕوانی فەزڵی پەروەدگاری دەكات لەو هەژارییە ڕزگاریان بكات، چونكە الله فەرموویەتی: ( إِنْ يَكُونُوا فُقَرَاءَ يُغْنِهِمُ اللَّهُ مِنْ فَضْلِهِ ) النور:32. 29- ئافرەتی باش بە ئەرك و پێویستییەكانی مێردەكەی هەڵدەسێت و خزمەتی دەكات، ئەگەر هەلەشی لێ ببینێت ئاگاداری دەكاتەوە و لەسەر كاری چاكە هاوكاری دەكات و لەپەروەردەكردنی منداڵدا هاوكار وكۆمەكی مێردەكەی دەبێت وبێ وەفا نابێت بەرانبەری و چاكەكانی لەبەرچاو دەگرێت و نهێنییەكانی دەپارێزێت و ئەوەی ئەو پێی خۆش بێت لە سنوووری شەرعدا ئەمیش پێی خۆشەو، بەڕواڵەت وخۆ ڕازاندنەوەی بۆی دڵی خۆش دەكات و لەگەڵیدا ڕاستگۆ دەبێت و هیچ شێوەیەک لە شێوەکان خیانەتی لێ ناكات و، ئەگەر مێردەکەی لەسەفەرێك بگەڕێتەوە، بەجوانترین شێوە وەکو لە فەرموودەداەهاتووە پێشوازی لێ دەكات وخۆی بۆنخۆش دەكات و ئەویش بەدەستی خۆی بۆنخۆش دەكات و، لەگەڵیشیدا لە یەك جێگەدا دەخەوێت ئەگەر لە حەیزو بێ نوێژیشدا بێت و، هەموو ئەمانە لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە. 30- یەكێكی تریش لە سیفەتە باشەكانی ئافرەت لەگەڵ مێردەكەیدا ئەوەیە، لەگەڵیدا ڕۆژانی سەخت و ناخۆش بەڕێ دەكات و ئەگەر مێردەكەی نەخۆش بكەویت چاودێری دەكات و چاكەی لەگەڵدا ئەنجام دەدات و روقیەی شەرعی بۆ دەخوێنێت و لە ماڵەكەشیدا خۆی بەچاودێرو شوان دەزانێت وەكو لەفەرموودەدا هاتووە. 31- ئافرەتی باش بەسۆزو میهرەبانە لەگەڵ منداڵەكانیدا ماچیان دەكات و جیاوازی لە نێوانیاندا ناكات و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەسەر ئادابە ئیسلامییە جوانەكان ڕایان دەهینێت و هەر زوو فێری نوێژ و ڕۆژوویان دەكات و، هەوڵیش دەدات هەرچۆنیك بووە فێری زمانی عەرەبییان بكات، چونكە ئەوە بۆ دواڕۆژیان یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ تێگەیشتنی دینەكەیان و بۆ دونیاشیان هەر باش و بەسوودە. لە کۆتاییدا داواكارم لە هەموو ئافرەت و كچێكی بەڕێز كە ئەم بابەتە دەخوێنێتەوە، كتێبی (صفات المرأة المسلمة في الكتاب و السنة )ی أم أسامة بنت علي العباسیة بخوێنیتەوە، كە لە ئینتەرنێت بەردەستە و بۆ نووسینی ئەم پۆستە لەو كتێبە و لەچەند سەرچاوەیەكی تر سوودم وەرگرتووە، .ئینجا ئەگەرچی لە هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوەدا خۆم وابەستەی هێناوەی بەڵگەی کیتاب وسوننەت نەکردووە، بەڵام لەو کتێبەی کە ئاماژەم پێکرد، هەموو ئەوەی لێرە باسم كردووە، لەوێ بە شیکراوەیی ئایەت وفەرموودەکانی لەسەر هێناوەتەوە، بەڵام من لەبەر درێژ نەبوونەوەی بابەتەکە باسم نەکردووە.  

لەم سەرپێچیانە خۆت بپارێزە:22

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان_22: لەم سەرپێچیانە خۆت بپارێزە! شەریعەتی ئیسلام هەمووی بۆ بەختەوەری و سوودی مرۆڤەكان هاتووە، بۆیە كاتێك موسوڵمان سەرپێچی ئەو شەریعەتە دەكات، كارەكەی بە زیانی خۆی تەواو دەبێت ولەسەری تاوانبار دەبێت، لێرەدا چەند سەرپێچییەك لەوانەی ئافرەتان ئەنجامی ئەدەن و زیانی بۆ خۆیان و بۆ بۆ دەوربەریشیان هەیە دەخەینە ڕوو : 1- بە هیچ شێوەیەك و تا پێت دەكرێت، نوێژەكانت دوا مەخە و لە كاتی دیاریكراوی خۆیاندا ئەنجامیان بدە، چونكە نوێژ دروشمی هەرە گەورەی موسوڵمانێتی تۆیە و كەمتەرخەمی لە نوێژدا نیشانەی ئەوەیە بەباشی دەستت بە دینەكەت نەگرتووە، كە كاتی نوێژەكەت هات، واز لە هەموو شتێكی تر بهێنەو ڕوو لە نوێژەكەت بكە. ئەگەر میوانت بوو، ئەگەر كاتی چێشت كردن و ئیشی ماڵ بوو، ئەگەر دەرچوون و خوێندن و دەرس و هەر وابەستەبوونێكی ترت بوو، هەر هەمووی بخەرە لاوەو بڵێ نوێژەكەم پێش هەموو شتێكە. 2- هەرگیز نابێت بە خەیاڵ و دڵیشتدا بێت، بیر لەوە بكەیتەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان، لەژێر هەر فشار و كێشەو ناخۆشییەكدا كە بێتە ڕێت، بچیتە لای ساحیر و فاڵچی و كتێب گرەوەو ڕمڵ لێدەر، یان یەنا ببەیت بۆ خوێندنەوەی فنجان وناو دەست، یان باوەڕت بە بورجەكان وكاری هاوشێوەی تر هەبێت، چونكە ئەوە لە دینەكەت داتدەماڵێت و موسوڵمان بوونت سفر ئەكاتەوە، تەنها پشت بە پەروەردگارت ببەستە و تەوەكول لەسەر ئەو بكە. 3- هەمیشە مێرد ومناڵت وەكو ئەمانەتێك تەماشا بكەو لەوەی پێت دەكرێت گرنگییان پێ بدە، ئەوەت لەبیر بێت هاوسەرەكەت بەهەشت و دۆزەخی تۆیە، واتە بۆی هەیە بە بایەخدانت پێی و گوێڕایەڵیت لە چاكەدا بۆ فەرمان و داواكارییەكانی ودابین كردنت بۆ پێویستییەكانی، یان ئامۆژگاری خێرت بۆی، ئەو ببێتە هۆكاری چوونە بەهەشتت، بە پێچەوانەشەوە، بۆی هەیە بە ئیهمال كردنت بۆی و لەناحەق دڵتەنگ كردنی و هەڵنەسانت بە دابین كردنی پێویستییەكانی، ئەو ببێتە هۆكاری چوونە دۆزەخت، با نوێژو وعیبادەتەكانیشت هەبێت ئەو مەسەلە هەر وەكو مەرجێك بۆ دینداریت دەمێنیتەوە، بەڵگەش لەسەر ئەم قسە لەشەرعدا زۆرە. مناڵەكانیشت بەهەمان شێوە فێری نوێژو قورئان خوێندن و ڕەوشتی جوانیان بكە، لەسەر ڕێزگرتن لە شەریعەت و بنەمای بیروباوەری ئیمان و تەوحید پەروەردەیان بكە، بۆ ئەوەی كە گەورە بوون ئەو پەروەردەكردنەت لە كەسایەتیاندا ڕەنگ بداتەوە. 4- هەموو كەسێك لەم دونیایە، مردنێك قەرزاردەو مردن تیرێكەو لە كەوان دەرچووە ئەوەندەی ماوە بگاتە جێگای خۆی! بۆیە ئەگەر ئازیزێك و كەسێكی نزیكت مرد، ئەوە قەدەرە و ڕۆژی تەواو بووە، تۆ تەنها ڕازی بوونت لەسەرە، ڕێگە مەدە بە خۆت بە ناشوكری و دەنگ بەرز كردنەوە بەقیژە وگریان و هاوار كردن، الله لە خۆت توڕە بكەیت، بەڵكو خۆراگربەو بزانە ئەوە تاقیكردنەوەیەكی ئیلاهییە، دەبێت هەوڵ بدەیت تێیدا بەسەكەوتوویی نەك بەشەرمەزاری وتاوانباری دەربچیت. 5- یەكێك لە دیارترین و گرنگترین پێوەرەكانی ڕاستگۆیی تۆ و بەهێزبوونت لە دینداریتدا، جلوبەرگ و پۆشاكەكانتە، خۆت چاك دەزانی چۆن دەتوانیت جلەكانت بەو شێوە لێ بكەیت كە الله لە خۆت ڕازی بكەیت، دەبێت پۆشاكت ڕەنگاورەنگ و بۆندار وتەسك و تەنك وسەرنج راكێش نەبێت، دەبێت پۆشاكەكەت ناونیشان و دروشمی وابەستەبوونی تۆ بێت بە ئیسلامەوە و هەركێ بتبینێت ئیسلامت بەبەرجەستەكراوی تێدا ببینێت وبۆی دەربكەوێت تۆ نموونەی دەست گرتنی بە دینەكەت. 6- با ماڵەكەت جێ پەنجەی دینداریتی پێوە دیار بێت، بۆ نموونە نابێت وێنەی هیچ مرۆڤ وگیاندارێك هەڵواسرابێت، نابێت هیچ قاپ كەوچك و كەرەستەیەكی لەو جۆرە لە ئاڵتون و زیو بن، با هەرچەند دەوڵەمندیش بن، نابێت گۆرانی و مۆسیقا لەناو ماڵەكەتدا ببیسرێت چونكە گۆرانی و مۆسیقا بە یەقین حەرامە، تەنانەت نابێت تابلۆی ئایەت و ناوی الله ومحمد صلی الله علیه و سلم هەڵبواسرێت، چونكە ئەوەش بیدعەیە، بەڵكو دەبێت مناڵەكانت لەسەر بیستنی قورئان ڕابهێنیت، چونكە ئەوە بۆ داهاتووی ژیانیان گەورەترین كاریگەری باشی دەبێت لەسەریان، تەنانەت لەو كاتانەش كە یاری ئەلیكترۆنیش دەكەن بۆ نموونە لەگەڵیدا ڕایان بهینە با گوێ لە قورئان بگرن. 7- لە مەسەلەی هاوسەرگیری و لەكاتی گواستنەوەی كچدا بۆ ماڵی هاوسەرەكەی، زۆر گرنگە لەو كاتەدا نەك دەست بەرداری هیچ حوكم و لایەنێكی دینەكەت نەبیت، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوە كاتی دەستگرتتنە بە شەرع و فەرمانەكانی پەروەردگارتەوە، دەبێت خۆت لەو كارە ناشەرعییانەی دەكرێت بپارێزیت، وەكو لەبەر كردنی ئەو جلە سپییە بەتایبەت ئەگەر ڕەچاوی شەرعی تێدا نەكرێت و، هەروەها ڕۆیشتن بۆ ساڵۆنی جوانكاری و خۆ نمایشكردن بۆ خزمان و خەڵكی، هەموو ئەوانە تاوانە و سەرەتایەكی زۆر خراپە بۆ دەست پێكردنی ژیانی هاوسەرگیری. 8- با دەرچوونت لەماڵ زیاتر بۆ كاری پێویست بێت، نەك بۆ هەموو شتێك هەر دەربچیت، بەتایبەتی مەسەلەی دەرچوون بۆ بازاڕەكان، كە بوونەتە جێگای خراپە و ئەوەی الله پێی ناخۆشە لەوێ دەكرێت ودەبینرێت، الله تعالی فەرموویەتی: (وَلا تَبَرَّجْنَ تَبَرُّجَ الْجَاهِلِيَّةِ الْأُولَى ) الأحزاب: 33. لەڕاستیدا ئەم سەردەمە بەهەر لایەكدا بچیت تاوان و گوناه وسەرپێچی ڕووبەڕووتە، بەتایبەتی لە مۆڵ وبازاڕەكاندا. 9- تێكەڵ بوون لەگەڵ خزمانی نامەحرەمدا، كێشەیەكی شەرعی زۆر گەورەیە، دەبێت خۆتی لێ بپارێزیت و گوێ بەوە نەدەیت لەسەر ئەوە چیت پێ دەوترێت، ڕەزامەندی الله و دینەكەت لە ڕەزامەندی خزمەكانت باشترە، ئەو كەسەی لەسەر پارێزگاریكردنت لە سنووری شەرع لۆمەت بكات نابێت گوێی پێ بدەیت، تەنانەت ئەگەر مێرد و سەرپەرشتیاریش داوای ئەوەت لێ بكات لەگەڵ ئەو خزمە نامەحرەمانە زۆر تێكەڵ بیت وبەبێ جلی شەرعی تەواو بچنە نێو هەموو قسەو باسێكەوە نابێت بەقسەی بكەیت، چونكە، لە فەرموودەدا هاتووە: (على المرءِ المسلم السمع والطاعة فيما أحبّ وكَرِه إلا أن يُؤْمَر بمعصية، فإن أُمِرَ بمعصية فلا سَمْع ولا طاعة) رواه مسلم. 10- جگە لە هەندێ حاڵەتی زەروری و بە مەرج و ڕێوشوێنی خۆی نەبێت، ئەسڵ ئەوەیە ئافرەت نابێت بەتەنها خۆی و بەبێ مەحرەم سەفەر بكات، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( لَا تُسَافِرْ الْمَرْأَةُ إِلَّا مَعَ ذِي مَحْرَمٍ )البخاري (1729) ومسلم (2391) . بۆیە سەفەری ئافرەت بەبێ مەحرەم حەرامە جگە لە هەندێ حاڵەتی حەج و عومرە و هیجرەت نەبێت كە زانایان باسیان كردووە. 11- هەمیشە وەكو داعی و بانگخواز خۆت ببینە، با زانستیشت كەم بێت، گرنگ ئەوەیە ئەوەی كە دەیزانیت تەواو بێت و لێی دڵنیا بیت، هەموو هەلێكی یەك بینینت لەگەڵ ئافرەتاندا بقۆزەوە بۆ ئامۆژگاری و بڵاوكردنەوەی زانستی شەرعی، ئەگەر لە ڕووی تەجوید وعەقیدەوە، بۆ نموونە تەنها سوڕەتی الفاتحة و الإخلاص بزانیت و بۆ ئافرەتانی باس بكەیت، ئەوە كارێكی مەزنە، ئەگەر تەنها فەرموودەكانی كتێبی (الأربعین النوویة) یان چەند فەرموودەیەكی دیاری كراوی لەبەر بكەیت و واتاكانی بزانیت و باسی بكەیت، ئەوە كارێكی پیرۆز و گەورەیە ئەنجامی بدەیت. 12- ئەمڕۆ لەناو موسوڵماناندا غەیبەت كردن بووەتە ئافات و نەخۆشییەكی بەربڵاو ، زۆربەی زۆری خەڵكی ئەنجامی ئەدەن و ئاسایی بوەتەوە لەلایان، گرنگە تۆی ئافرەتی ئیماندار ببیتە نموونەیەكی جوانی بەرجەستەكەر بۆ شەرع، هەر كاتێك غەیبەتی كەسێك كرا، بەشداری نەكەیت و ڕێگە لەوانی تریش بگریت لەبەردەمتدا بیكەن. 13- لە خۆباییبوون و لە خۆڕازیبوون با سیفەتێكی دوور بێت لەتۆی ئافرەتی ئیماندار، بەڵكو پێویستە زۆر وریای ئەم حاڵە بیت، چونكە لەناو ئافرەتاندا بوونی هەیە و زۆر جار جوانی و باشی گوزەران و تایبەتمەندی مێرد و مناڵ و خانووی باش و سەیارەی باش ومۆدێل بەرز و شتی تر، بە شێوەیەك لە شێوەكان دەبێتە هۆی غرور و لە خۆباییبوونی ئافرەتان، ئەوەش بۆ خۆی سیفەتێكی ناشیرینە و مایەی تاوانبارییە. 14- زۆر پێویستت بە تەرخان كردنی كاتە بۆ عیبادەت، با كاتێكی كەمیش بێت، گرنگ ئەوەیە بەردەوام بیت لەسەری، وەكو قورئان خوێندن و زیكرەكانی بەیانی و ئێواران، هەروەها بۆ خوێندنەوەی كتێب و زانستە شەرعییەكان، ئەوە ئەوپەڕی كاریگەری باشی بۆ دونیاو دوارۆژت دەبێت إن شاء الله. 15- گرنگی زۆر بە هەڵبژاردنی هاوڕێ بدە، لەناو ئافرەتاندا ئافرەتی وا هەیە ئەگەر نزیكت بێت، بەناڕاستەوخۆ و لەڕێگەی گرنگیدانی زۆر و لە ڕاددەبەدەر بە دونیا، لە ئەجرو پاداشت و كاری ئیمانی و كۆشش بۆ قیامەت دوورت دەخاتەوە دڵت دەمرێنیت و كات بە فیڕۆ دەدات، تەمەنیش بە خێراییەكی زۆر تێپەڕ دەبێت و لەسەر مرۆڤەكان حیساب دەكرێت. 16- سیلەی ڕەحم و خزمایەتی مەبڕە وبەجێی بهێنە، بەتایبەت بۆ باوك ودایك دەبێت لە هەموو حالەتێكدا بەردەوامیت هەبێت لەگەڵیاندا، جگە لەوان مەسەلەكە لەسەر حاڵ و دەستگرتنی ئەو كەسانە بەدینەوە ڕادەوەستێت، تەنانەت ماڵی براو خوشكیش، ئەگەر دوور بن لە دین و لە ماڵیاندا رەچاوی شەرع نەكرێت و سنووری حەڵاڵ وحەرام ڕێزلێگیراو نەبێت، بۆ نموونە تێكەڵ بوون و گۆرانی و مۆسیقا و گوناهو سەرپێچی تر ئەنجام بدرێت، درووست نییە بە پاساوی سیلەی ڕەحمەوە بەشداری سەرپێچییەكانیان بكەیت، بەسە بەتەلەفون، یان بە هەر ڕێگەیەكی تر ئەو سیلەی ڕەحمە بەجێ بهێنیت، ماڵی خەسوو وخەزورانیش بۆ ژن و پیاویش بە سیلەی ڕەحم ناژمێردرێت، بەڵام چاكە لەگەڵ هەركەسێكدا كە شاییستەی چاكە بێت و لە سنووری شەرعدا بێت، كارێكی باشە و عەیبی نییە. 17- هەموو شتێك لە چوارچێوەی قەدەر و ویستی الله تعالی وەربگرە و لە هیچ شتێك ڕەش بین مەبە و تشاؤم مەكە، لە هیچ مەترسە و بڵێت ئەمە شوومە. با مەسەلەی ترس لە حەسوودیش ژیانت لێ تاڵ نەكات و وا گومان ببەیت خەڵكی ئیشیان نییە خەریكی حەسوودی بردنن بە تۆ و مناڵ و مێرد و سەیارەو خانووتان، زۆر جار ئەوە گومانێكە شەیتان بۆتی دروست دەكات، ئەگینا خۆ تۆ ناو دڵی ئەو كەسەت لەت نەكردووە، ئەگەر ئێرەیشتان پێ ببەن لە دەرەوەی دەسەڵاتی الله هیچیان پێ ناكرێت، بۆیە پشت بەپەروەردگارت ببەستە و معوذات و زیكرەكانی بەیانی و ئێواران بخوێنەو ئیتر لە هیچ مەترسە. پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: «لاَ عَدْوَى وَلاَ طِيَرَةَ، وَلاَ هَامَةَ وَلاَ صَفَرَ، وَفِرَّ مِنَ المَجْذُومِ كَمَا تَفِرُّ مِنَ الأَسَدِ». رواه البخاري (5707). 18- درۆ جۆری گەلێك زۆرە، لە هەموویان خۆت بپارێزە، ڕوسوری لای الله و بەندەكانی دەبیت، پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: "آيَةُ المُنَافِقِ ثَلاَثٌ: إِذَا حَدَّثَ كَذَبَ، وَإِذَا وَعَدَ أَخْلَفَ، وَإِذَا اؤْتُمِنَ خَانَ ".البخاري (33). هەروەها هیچ كات ئازاری دراوسێت مەدە و لێبوردە بە ئەگەر هەڵەیان بەرانبەرت كرد، وریای ئەوەش بە زمانت بەرانبەر هیچ كەسێك، نەفرەت و لەعنەتی پێدا بێت. 19- ڕێز لە كات بگرە و وەكو گەنجینەیەكی بەنرخ تەماشای بكە، بەتایبەتی وریای قسەو دەمەتەقەی بێ سوود و تەلەفۆن كردنی دوورو درێژبە، چونكە ئەگەر ئەوە بكەیتە خوو ، بەشێك لە تەمەنت بەزایە دەچێت، كات كوشتن یەكسانە بە جۆرێك لە خۆكوشتن وبەزایەدانی تەمەن. پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: (نِعْمَتَانِ مَغْبُونٌ فِيهِمَا كَثِيرٌ مِنَ النَّاسِ: الصِّحَّةُ وَالفَرَاغُ) ".البخاري (6412). 20- پاراستنی تایبەتمەندی خۆت وەكو ئافرەت، ئەوە ئەركێكی شەرعی و پێویستییەكی كەسایەتی و دونیایی خۆتە، حەرامە لە جل و بەرگدا لاسایی پیاوان بكەیتەوە: «لعن الله الرجل يلبس لبسة المرأة والمرأة تلبس لبسة الرجل».رواه أبوداود (4098). لەناو كورددا لەبەركردنی ژنان بۆ شەرواڵ بۆ ئیشكردن و مەبەستی تر هەیە، ئەوەش سەرپێچییەك و تاوانێكی گەورەیە، بەڵكو ئافرەت نابێت لە هیچ شتێكدا لاسایی پیاو بكاتەوەو بە پێچەوانەشەوە هەر وایە و بە پێی فەرموودە بەر لەعنەت دەكەون ئەگەر ئەو كارە بكەن.، "لعن رسول الله صلى الله عليه وسلم المتشبهين من الرجال بالنساء والمتشبهات من النساء بالرجال" [رواه البخاري والترمذي وأبو داود].  

پوختەیەك دەربارەی تەڵاق:23

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 23 پوختەیەك دەربارەی تەڵاق مەسەلەی تەڵاق و جیابوونەوەی هاوسەران لە شەریعەتی ئیسلامدا، مەسەلەیەكی گەلێك گرنگە وپێویستە ژنان و پیاوان پێناسە و حوكم و ڕەهەندەكانی بزانن، لەم كورتە باسەدا، هەوڵ ئەدەم پوختەیەك دەربارەی ئەم پرسە گرنگە بخەمە ڕوو: 1- تەڵاق واتە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی هاوسەرگیری و كۆتایی هێنان بە ژیانی ژن و مێردایەتی، وشەی (الطلاق) ولێوەرگیراوەكانی چواردە جار لە قورئانی پیرۆزدا باس كراوە و ئەسڵی جیابوونەوەش درووستە و بەڵگەی لە قورئاندا هاتوە، وەكو ئایەتی: ﴿ يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَطَلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ وَأَحْصُوا الْعِدَّةَ ﴾ [الطلاق: 1]. بەهەمان شێوە لە سوننەتیشدا مەشروعیەتی تەڵاقدان لە زۆر فەرموودەدا جێگیر بووە، لەوانە كاتێك عومەری كوڕی خەتتاب الله لێی ڕازی بێت خیزانەكەی خۆی لە كاتی سوڕی مانگانەدا تەڵاقدا، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمووی: (مُرْهُ فليُراجعها، ثم ليمسكها حتى تطهر، ثم تحيض، ثم تطهر، ثم إن شاء أمسك بعد، وإن شاء طلَّق قبل أن يمس، فتلك العِدَّة التي أمر الله أن تُطلَّق لها النساء) البخاري، 5251، مسلم، 1471. واتە با خێزانەكەی بگێڕێتەوە و لای بێت تاكو پاك دەبێتەوە و جارێكی تر دەچێتە سوڕی مانگانەوە و پاك دەبێتەوە، دوای ئەوە ئەگەر ویستی تەڵاقی بدات و ئەگەر ویستی بیهێڵێتەوە. 2- شەرعناسە گەورەكانی ئیسلام وەكو ابن قدامە لە (المغني؛ جـ10، صـ323)دا فەرموویانە حیكمەت بە ڕوونی لەمەسەلەی تەڵاقدا دیارە، چونكە جاری وا هەیە ژیان لە نێوان دوو هاوسەردا مەحاڵ دەبێت و مانەوەیان پێكەوە زیانێكە بە هەردولایان دەگات و بەرژەوەندی لەو حاڵەتەدا ئەوەیە كە لەیەكتر جیا ببنەوە. 3- تەڵاق بۆ ئەوەی تەڵاقێكی شەرعی بێت و بكەوێت، پێویستی بە هەبوونی چوار ڕوكن و كۆڵەكەیە: یەكەم: هاوسەری پیاو: جگە لە مێردی ئەو ژنە كەس ناتوانێت تەڵاقی بدات. دوەەم: هاوسەری ژن: پیاو تەنها توانای هەیە ژنی خۆی تەڵاق بدات و تەڵاقەكەی تەنها لەسەر ئەو جێبەجێ دەبێت. سێێەم: شێوازو دەربڕینی تەڵاقەكە: كە پێویستە بە ڕاشكاوانە بەراستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، وشەیەكی ڕوون و ئاشكرا بەكاربێت وەكو: تەڵاقت كەوتبێت و قسەی هاوشێوەی تر. چوارەم: پیاوەكە مەبەستی تەڵاقدان بێت، بۆ نموونە ئەگەر بە هەڵە و بەبێ مەبەست وشەی تەڵاق بێتە سەر زاریدا تەڵاقەكەی ناكەوێت؛ چونكە مەبەستی تەڵاقدان نەبووە. 4- تەڵاق دوو جۆری هەیە، یەكێكیان تەڵاقی سوننەتییە و ئەوی تریان تەڵاقی بیدعییە، تەڵاقە سوننی ئەوەیە پیاو لە كاتیكدا خێزانی تەڵاق بدات لە بێ نوێژیدا نەبێت، بەڵكو لە سوڕی مانگانە پاك بووبێتەوە و پیاوەكەی نەچووبێتە لای دوای پاكبوونەوە و تەنها یەك تەڵاقیشی بدات نەك سێ بەسێ، الله فەرموویەتی: ﴿ يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَطَلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ ﴾ الطلاق: 1. تەڵاقی بیدعیش ئەوەیە پیاو ژنەكەی لە كاتی حەیز و نیفاسدا تەڵاق بدات، یان پاك بووبێتەوە بەڵام چووبێتە لای لەدوای پاكبوونەوەكەی، یان سێ بەسێ تەڵاقی دابێت بەیەك وشە بۆ نموونە بڵێت سێ بەسێ تەڵاقت كەوتبێت، یان سێ جار بەسەر یەكەوە بڵێت تەڵاقت كەوتبێت، هەموو ئەوانە تەلاقی بیدعی و ناشەرعی پێ دەوترێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەهلی عیلم خیلافیان هەیە لەسەر كەوتنی هەرسێ تەڵاقەكە و نەكەوتنی، ڕای پەسەندیش الله أعلم ئەوەیە تەڵاقی سێ بەسێ هەر یەكێكیان دەكەوێت، سەبارەت بە كەوتنی تەڵاقی ئەو ئافرەتەش كە لە بێ نوێژی و زەیستانیدایە، جومهری زانایان لەسەر ئەوەن كە تەڵاقەكە دەكەویت و هەندێكیش دەڵێن ناكەوێت، چونكە وتویانە تەڵاقدانی ئافرەت لەو كاتانەدا پێچەوانەی فەرمانی الله یە و ناكەوێت. 5- بۆچوونی پەسەند لەلای زانایان ئەوەیە تەڵاقیش وەكو هەر مەسەیەكی تر دەچێتە ژێر پێنج حوكمە تەكلیفییەكانەوە، بۆیە: دەگونجێت تەڵاق حەرام بێت و پیاوەكە لەسەر تەڵاقدانی ژنەكەی تاوانبار بێت، دەشگونجیت تەڵاقەكە مكروه یان مستحب یان موباح بێت، هەر یەكەو بە پیی هۆكار و پاڵنەر و نیەتی خۆی، بەڵكو هەندێ جار تەڵاقدانی ئافرەت بە پێی هۆكارەكە رەنگە واجب بێت، حوكمی بە كورتی: تەڵاقەكە پیاوەكە باشی كردووە یان خراپ، تاوانبار دەبێت یان نابێت، لەسەر هۆكاری تەڵاقەكە ڕادەوەستێت. 6- حەرامە و ئافرەت تاوانبار دەبێت داوای تەڵاق لە پیاوەكەی بكات بێ ئەوەی هۆكارێكی شەرعی هەبێت بۆ ئەو داواكارییەی، پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم فەرموویەتی: (أيما امرأة سألت زوجها طلاقًا في غير ما بأس، فحرامٌ عليها رائحة الجنة))؛ (حديث صحيح) (صحيح أبي داود؛ للألباني، حديث 1947). واتە: هەر ئافرەتێك بەبێ هیچ هۆكارێك یان زیانێك داوای تەڵاق و جیابوونەوە لە مێردەكەی بكات، بۆنی بەهەشت ناكات. بۆیە دەبێت ئافرەتان لەو مەسەلە ترسناكەدا ترسی پەروەردگاریان هەبێت وداوای تەڵاق نەكەن، تاكو هۆكارێكی زۆر بەهێز لە هاوسەرەكانیاندا نەبینن وەكو بێ دینی وڕەوشت خراپی وهۆكاری هاوشێوە، داوای جیابوونەوەیان لێ نەكەن. بێگومان تەڵاقدانی پیاویش بۆ خێزانەكەی بەبێ هۆكار ئەویش هەر كارێكی خراپ و ناشەرعییە وزانایان لە كتێبەكانی فیفهدا بە حەرام و هەندێكیان بە مەكروهیان داناوە. 7- وەكو وتمان شێوازی تەڵاقدان یان بە ڕاشكاوانە دەبێت وەكو تەڵاقت كەوتبێت، لێت جیابوومەوە، یان هەر وشەیەكی تر كە مەعنای جیابوونەوە بگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر بە سوعبەت و بۆ خۆشیشی بێت تەڵاقەكە هەر دەكەوێت، ئەمەش جیاوازە لەگەڵ ئەو خالەی پێشتر باسمان كرد كە دەبێت بەهەلە نەبێت و مەبەستی تەڵاقدان بێت، چونكە لەو حاڵەتەدا وشەی تەڵاق دیتە سەر زاری بەهەڵە بێت یان ئاگای لە خۆی نەبێت، نەك بۆ سوعبەت و گاڵتە كردن بێت ئەمەیان تەڵاقەكەی دەكەوێت، پێغەمبەر صلی اللهەعلیه و سلم فەرموویەتی: (ثلاث جدهن جد وهزلهن جد: النكاح، والطلاق، والرجعة))؛ (حديث حسن) (صحيح أبي داود؛ للألباني، حديث 1920). واتە: سێ شت هەن ڕاستیان ڕاستە وگاڵتەشیان هەر ڕاستە: مارەبڕین وتەڵاق و گێڕانەوەی ژن. شێوەیەكی تریش هەیە بۆ تەڵاق ڕاشكاوانە نییە، كەوتنی تەڵاقەكە لەو حاڵەتەدا لەسەر نیەتی پیاوەكە دەمێنێت، نیەتی تەڵاق بووبێت دەكەوێت، نیەتیشی تەڵاق نەبووبێت ناكەوێت، وەكو: بڕۆ بۆ ماڵی باوكت، لە ماڵەكەم دەربچۆ، تۆ ئیتر ئازادی، من وتۆ ئیتر نامانكرێت پێكەوە و قسەی لەم شێوە، ئەمانە وەكو وتمان لەسەر نیەتی پیاوەكە دەمێنیت. بڕوانە: (فتح الباري؛ ابن حجر العسقلاني، جـ9 صـ282). 8- شەرعناسان بە پێی بەڵگەكانی كیتاب وسوننەت تەڵاق دەكەنە دوو بەشەوە: یەكەم: تەڵاقی (رجعي) پێ دەوترێت، واتە ئەو تەڵاقەیە كە پیاو دەتوانێت بە وشەیەك خێزانە تەڵاقدراوەكەی بگێڕێتەوە تەنانەت ئەگەر خێزانی ڕازی نەبێت. دووەم: تەڵاقی (بائن)ی پێ دەوترێت، واتە مێردەكە توانای نییە وەكو حالەتی یەكەم بە وشەیەك ژنەكەی بگێڕێتەوە، ئەویش دوو جۆرە: جۆرێكیان پێی دەوترێت (بائن بینونة صغری) واتە دەتوانێت بیگێڕێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی جارێكی تر مارەی دەبڕێتەوەو مارەییەكی تازەی بۆ دیاری دەكات، بۆ نموونە تەڵاقێكی داوەو لە كاتی عیددەكەیدا نەیگێڕاوەتەوە، دوای ئەوە بەو شێوە دەتوانێت بیگێڕێتەوە. جۆری دووەمی پیی دەوترێت (بائن بینونة كبری) ئیتر ئیتر بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە بیگێڕێتەوە، واتە دوای تەڵاقی سێیەم، مەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی تر بكات و ئەویش لەگەڵیدا ڕێك نەكەوێت و لەیەكتر جیاببنەوە، ئەو كات مێردی یەكەم دەتوانێت هاوسەری پێشووی بیگێڕێتەوە. 9- زۆر مەسەلەی پەیوەندیدار بەم باسەوە هەیە وەكو تەڵاقی كەسێك توڕە بێت و بەگاڵتەی بێت و هەروەها تەڵاقی سەرخۆش و ئەو كەسەی كە نیەتی تەڵاقە بەڵام هیچ دەرنابڕێت وتەڵاقی ئەو كەسەی بەزۆر ژنی پێی تەڵاق دەدرێت و ئەو كەسەی بە نووسین ژن تەڵاق دەدات وزۆر شتی تر ، باسم نەكردووە لەبەر ئەوەی شیكردنەوەی زۆری دەوێت و زۆربەشیان تاڕاددەیەك خیلاف وڕای جیاوازیان لەسەرە. 10- مەسەلەیەكی تریش هەیە زۆر گرنگە لەباسی تەڵاقدا ئەویش تەڵاقی هەڵواسراو، یان مەرجدار كە تەڵاقی (معلق)ی پێ دەوترێت، واتە كەسێك بە ژنەكەی بڵێت بۆ نموونە تەڵاقت كەوتبێت ئەگەر ئەمڕۆ لە ماڵ دەربچیت، یان ئەگەر بچیتەوە بۆ ماڵی باوكت و هەر مەرجێكی تر، لە ڕاستیدا ئەم مەسەلە قسەو باس زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بەڵگەكان لەسەر ئەوەن كە ڕای پەسەند ئەوەی تەڵاقی (معلق) واتە بەستراو بەمەرجێكەوە ناكەوێت، چونكە هیچ بەڵگەیەكی قورئان و سوننەتی لەسەر نییە كە بكەوێت و هاوكات لە بەرانبەریشدا بەڵگەش هەیە كە ئەو جۆرە تەڵاقە لەسەردەمی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم بە تەڵاق دانەنراوە، مەسەلەكەش خیلافیە لە نێوان زانایاندا. 11- ئەگەر پیاوێك بە خێزانەكەی بڵێت حەرام بیت لە من، ئەوەش بەهەمان شێوە حوكمەكەی لەسەر نیەتی ئەو پیاوە ڕادەوەستێت، نیەتی تەڵاق بێت تەڵاقی دەكەوێت، نیەتی (ظهار) بێت، واتە ئەگەر بە خێزانەكەی بلێت وەكو دایكم وخوشكم بیت، كەفارەتی (ظهار )ی دەكەوێتەسەر، ئەگەریش نیەتی سوێندێكی ئاسایی بێت كەفارەتی شكاندنی سوێندی دەكەوێتەر سەر. 12- جۆرێكی تر لە تەڵاقدان هەیە لەشەرعدا خولعی پێ دەوترێت، كە بریتییە لە جیابوونەوەی ئافرەت لە مێردەكەی بەرانبەر بڕێك پارە یان گێڕانەوەی مارەییەكە بۆ مێردەكەی و ئەویش لەبەرانبەر ئەوە تەڵاقی بدات، بەڵگەی مەشروعیەتی خولع ئایەتی قورئانە: ( وَلا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ تَأْخُذُوا مِمَّا آتَيْتُمُوهُنَّ شَيْئاً إِلا أَنْ يَخَافَا أَلا يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلا يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ فَلا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا فِيمَا افْتَدَتْ بِهِ ) البقرة / 229 . سەبارەت بەو هۆكارانەی كە ئافرەت دەتوانێت لە ڕیگەی خولعەوە داوای جیابوونەوە لە مێردەكەی بكات، شێخ عبدالله بن جبرین دەڵێت: - بۆ نمونە پیاوەكە زۆر توندوتیژ و تورە بێت و بە بچووكترین هۆكار سەركۆنەی ژنەكە بكات وڕەخنەی لێ بگرێت. - ئەگەر ئافرەتەكە حەزی لە شەكل وسیمای مێردەكەی نەبێت لەبەر ناشیرینی و نوقسانی ئەندامەكانی و شتی لەو شێوە. - ئەگەر پیاوەكە دینی لاواز بێت وەكو نوێژنەكردن و نەڕۆیشتن بۆ جەماعەت وڕۆژوونەگرتن و ئەنجامدانی كاری خراپە و فسق وفجور. - ئەگەر چروك و ڕەزیل بێت و نەفەقەو خەرجی بۆ خێزانەكەی نەكات و جلوپۆشاك و پێویستییەكانی بۆ دابین نەكات لەكاتێكدا توانایشی هەبێت. - ئەگەر لە مەسەلەی سەرجێییدا توانای نەبیت مافی ژنەكەی بدات، بۆ نموونە نەخۆش بێت، یان حەزی لە ژنەكەی نەبێت، یان ناعەدالەت بێت و لەلای ژنێكی تری بمێنێتەوە، لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا ئافرەت بۆی هەیە داوای جیابوونەوە لە مێردەكەی بكات، لەبەرانبەردا پارەیەك یان ماڵێكی پێ بدات یان مارەییەكەی بۆ بگێرێتەوە. 13- فەرموودەی: ( أبغض الحلال إلى الله الطلاق ) فەرموودەیەكی صحیح نییە و فەرموودەناسان بە هۆی نەبوونی مەرجەكانی ڕاست ودرووستی سەنەدەوە ڕەتیان كردووەتەوە، بەڵام مەعناكەی ڕاستە و طلاق بۆ حاڵەتی ناچاری تەشریع كراوەو لە ئیسلامدا وەكو حالەتێكی نەخوازراو تەماشا دەكرێت، مەگەر هۆكارێكی پەسەند هەبێت وەكو ئەوەی ئافرەتەكە كێشەی لە دین و ڕەوشتیدا هەبێت، یان بەهەر هۆكارێكی تر ژیان لە نێوان ئەو دوو هاوسەرەدا مەحاڵ بێت و لەو حاڵەتانەدا تەڵاق چارەسەرە، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتی تردا كە دەكرێت سازش و ئاشتەوایی ولێكتێگەیشتن بكرێت لەگەڵ ئەوەشدا پەنا بۆ طلاق دەبرێت ئەوە كارێكی باش نییە و پیاوەكەو خێزانەكەشی ئەگەر هۆكار بن لەو جیابوونەوە تاوانبارن. بۆ بەشێك لەم نووسینە سوودم لە بابەتی (الطلاق وأحكامه في الإسلام)ی صلاح نجیب وەرگرتووە و وهەروەها بۆ چەند سەرچاوەیەكی تریش گەڕاومەتەوە وەكو كتێبی ( المفصل فی أحكام المرأة والبیت المسلم) وهەندێ فەتوای زانایان لەسەر مەسەلەی تەڵاق.  

پوختەیەك دەربارەی سوڕی مانگانە:24

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان:24 پوختەیەك دەربارەی سوڕی مانگانە شارەزابوون لە حوكم وحاڵەتەكانی بێ نوێژی، یان سوڕی مانگانە (الحیض)، ئەركێكی سەرەكی و گرنگە لەسەر ئافرەتانی موسوڵمان دەبێت بیزانن، چونكە زۆر مەسەلەی تر لە شەریعەتدا بەو مەسەلەوە بەستراوە، وەكو نوێژ و ڕۆژوو وسەرجێیی و تەڵاق و چەندین پرسی شەرعی تر. زانایان بۆ ئاسانكردنی شارەزا بوون لە حوكمەكانی بێ نوێژی، لە چەند خالێكی گرنگدا ئەو باسەیان خستووەتە ڕوو، منیش لێرەدا هەوڵ ئەدەم پوختەیەكی بەسوود لە قسەكانی ئەوان هەڵبژێرم وبیخەمەڕوو:

  1. نوێژكرنی فەرز وسونەت حەرامە لەسەر ئەو ئافرەتەی لە سوڕی مانگانەدایە، بەڵام بۆ نموونە ئەگەر كەمێك دوای بانگی مەغریب تووشی بێ نوێژی بێت، ئەوە كاتی پاك بوونەوە گێڕانەوەی نوێژی مەغریبی دەكەوێتە سەر، یان بۆ نموونە كەمێك پێش خۆر هەڵاتن بە ئەندازەی ڕكاتێك نوێژ ئەگەر تووشی بێ نوێژی بێت دوای پاك بوونەوەی پێویستە نوێژی بەیانی بگێڕێتەوە.

بەڵام زیكر و تەسبیحات و خوێندنەوەی فەرموودە و زانستە شەرعییەكان و گوێگرتن لە قورئان و لەسەر بۆچوونی پەسەند خوێندنەوەی قورئانیش هەمووی درووستە وكێشەیەكی شەرعی تێدا نییە، بەڵام بۆ قورئان خوێندن باشترە ڕاستەوخۆ لاپەڕەكانی هەڵنەداوەتەوە، بەڵكو بە شتێكی تر ئەو كارە بكات، لە زنجیرەی وەڵامی پرسیارەكانتاندا، بە شیكراوەیی باسی حوكمی قورئان خوێندنی ئافرەتم كردووە لە كاتی سوڕی مانگانەدا.

  1. ڕۆژووگرتنی فەرز و سوننەت، هەمووی حەرامە لەسەر ئەو ئافرەتەی لە بێ نوێژیدایە، بەڵام لە دوای پاكبوونەوە، ڕۆژووی فەرز دەبێت بگێرێتەوە، بە پێچەوانەی نوێژ كە نایگێرێتەوە، دایكی ئیمانداران عائیشە دەفەرموێت"كان يصيبنا ذلك ـ تعني الحيض ـ فنؤمر بقضاء الصوم ولا نؤمر بقضاء الصلاة" (متفق عليه).

ئەگەر ئافرەت بەڕۆژوو بوو پێش مەغریب هەستی بەسەرەتاكانی بێ نوێژی كرد بەڵام تاكو بانگی مەغریب خوێن نەهاتە خوارەوە ، ڕۆژووەكەی درووستە و عەیبی نییە، بەڵام ئەگەر بانگی بەیانی بوو ئەو هێشتا لە حەیزدا بوو ناتوانێت ئەو ڕۆژە بگرێت با لەدوای بانگیش بە کاتێکی کەم پاك بێتەوە.

  1. هەموو جۆرە تەوافێك لەسەر ئەو ئافرەتەی لە سوڕی مانگانەدایە قەدەغەیە، بەبەڵگەی ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كاتێك دایكی ئیمانداران لە كاتی حەجدا تووشی حەیز دەبێت پێی دەفەرموێت: (افعلي ما يفعل الحاج غير ألا تطوفي بالبيت حتى تطهري) البخاري (305)، ومسلم (1211). واتە هەموو ئەوەی حاجیان دەیكەن تۆیش بیكە، جگە لە تەواف كردنە بەیت نەبێت.

تەوافی حەج و عومرەش هەر لەسەری دەمێنێت تاكو پاك دەبێتەوە ئەو كاتە ئەنجامی دەدات، بە پێچەوانەی تەوافی ماڵ ئاوایی (الوداع) كە لەسەری دەكەوێت و نایگێرێتەوە.

  1. لەسەر بۆچوونی زۆربەی زانایان و شەرعناسان حەرامە لەسەر ئەو ئافرەتەی لە بێ نوێژیدایە لە مزگەوتدا بمێنیتەوە، تەنانەت لە جێگای ئەنجامدانی نوێژی جەژنیشدا هەر بۆی نییە بمێنیتەوە ، لەبەر ئەو فەرموودەی لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە: ( يعتزل الحيض المصلى ) متفق عليه .

بەڵام لە بەرانبەریشدا بۆچوونێكی تر هەیە كۆمەڵێك زانا گەورەكانی لەسەرە و ئەوانیش بەڵگەی خۆیان هەیە بۆ بۆچوونەكەیان، دەڵێن: ئەگەر ڕۆیشتنی ئافرەت بۆ مزگەوت لە كاتی حەیزدا نەبێتە هۆكاری پیس بوونی مزگەوت بە هۆی ئەو حاڵەتەوە، ئاساییەو درووستە، ئەم بۆچوونەش لە زانا هاوچەرخەكاندا فەرموودەناس شێخ مصطفی العدي هەڵیبژاردووەو لەسەرێتی.

  1. حەرامە لەسەر پیاو لەو كاتەی ژنەكەی لە سوڕی مانگانەدایە بچێتە لای بۆ سەرجێی كردن، الله تعالی فەرموویەتی: ( وَيَسْأَلونَكَ عَنِ الْمَحِيضِ قُلْ هُوَ أَذىً فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ وَلا تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّى يَطْهُرْنَ ) البقرة:222. بەڵام جگە لە سەرجێیی نەبێت، هەموو شتێكی تری بۆ حەڵاڵە لەگەڵ خێزانەكەیدا بیكات، لەبەر ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( اصنعوا كل شيء إلا النكاح ) رواه مسلم .

شايانى باسە زانستی پزیشكی لە دوای چواردە سەدە لەوەی قورئانی پیرۆز سەرجێی كردنی پیاوی لەگەڵ ژندا لە كاتی بێ نوێژی حەرام كرد و بە (أذی) ناوی برد، گەیشتە ئەوەی كە ئەو كارە لەو كاتەدا نەگونجاوەو بۆ تەندروستی زیانبەخشە.

  1. حەرامە لەسەر پیاو خێزانی لە كاتی حەیزو بێ نوێژیدا تەڵاق بدات و بەو كارە گوناهبار دەبێت، الله تعالی فەرموویەتی: ( يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَطَلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ ) الطلاق:1. جێبەجێ كردنی ئەم ئایەتەش تەنها لە حاڵێكدا دەبێت كە ئافرەتەكە دووگیان بێت یان لە حەیز پاك بووبێتەوە و مێردەكەی نەچووبێتە لای.

بەڵام زانایان سی حاڵەتیان لەم مەسەلەدا جیاكردووەتەوە كە ئافرەتەكە با لە حەیزیشدا بێت تەڵاقی هەر دەكەوێت: یەكەم: ئەگەر تەڵاقەكە دوای مارەبڕین و پێش ئەوە بێت پیاوەكەی چووبێتە لای (الدخول). دووەم: ئەگەر حەیزەكە لە حاڵەتی حەمل و دوو گیانی ئافرەتەكەدا بووبێت. سێیەم: ئەگەر جیابوونەوەكە بە شێوازی خولع بێت و لەبەرانبەر پارەیەكدا بێت ژنەكە بیدات بە پیاوەكەی، لەو حاڵەتەدا درووستە وحەرام نییە. هەروەها جێگای باس كردنە لێرەدا بوترێت: ئافرەت لە كاتی بێ نوێژیدا درووستە مارە بكرێت ودرووستە پیاوەكەی بچێتە لایشی، بەمەرجێك لەسەرجێی كردن بتوانێت خۆی بەدوور بگرێت تاكو ئافرەتەكە پاك دەبێتەوە .

  1. ئەگەر ئافرەت تەڵاق درا وحەملی نەبوو، عیددەكەی بە سێ جار بێ نوێژی حیساب دەكرێت، كە لەو ماوەیەدا مێردەكەی دەتوانێت بیگێڕێتەوە، یان بۆ شووكردن ئەگەر جارێكی تر نەگەڕێتەوە لای مێردەكەی لەبەر ئایەتی: ( وَالْمُطَلَّقَاتُ يَتَرَبَّصْنَ بِأَنْفُسِهِنَّ ثَلاثَةَ قُرُوءٍ ) البقرة:288.

بەڵام ئافرەتی دوو گیان، عیددەكەی بریتییە لە لەدایك بوونی مناڵەكەی. ئەو ئافرەتانەش كە گەیشتوونەتە تەمەنێك تووشی بێ نوێژی نابن، ئەگەر تەڵاق بدرێن عیددەكەیان سێ مانگە. 8 . هەر كاتێك ئافرەت لە خوێنی بێ نوێژی پاك بوویەوە، واجبە لەسەری خۆی بشوات، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( فإذا أقبلت الحيضة فدعي الصلاة ، وإذا أدبرت فاغتسلي وصلي ) رواه البخاري . واتە: كە بێ نوێژیت تووش بوو، ئیتر واز لە نوێژ كردن بهێنە و، ئەگەر پاك بوویتەوە خۆت بشۆ. - كەمترین واجب لە مەسەلەی خۆشۆردندا ئەوەیە ئافرەت كە پاك بوویەوە، ئاو بەر هەموو لاشەی بكەوێت. - واجب نییە لەسەر ئافرەت ئەگەر قژی بەسترابێت لە كاتی خۆشۆردندا قژی بكاتەوە، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( لا , إنما يكفيك أن تحثي على رأسك ثلاث حثيات ثم تفيضين عليك الماء فتطهرين ) ابن حبان : 1198 . - ئەگەر ئافرەت لە خوێنی حەیز پاك بوویەوە لە كاتی هەر نوێژێكدا، دەبێت پەلە بكات لە خۆشۆردن، بۆ ئەوەی ئەو نوێژەی ئەنجام بدات، ئەگەر لەسەفەر بوو، یان ئاوی دەست نەكەوت، یان نەخۆش بوو و نەیتوانی ئاو بەكار بهینیت، دەبێت (تیمم) بكات و نوێژەكەی ئەنجام بدات. چونكە ئەگەر پاك بوویەوە كات مابوو، ئەوە پاساو نییە بڵێت فریاناكەوم خۆم بشۆم، بۆیە لە ڕووی ناچارییەوە دەتوانێت تیمم بكات و نوێژەكەی ئەنجام بدات. مەسەلەی سوڕی مانگانە (الحیض) لە ڕووی شەرعی و تەندروستییەوە قسەو باس زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لێرەدا هەر ئەوەندەم بە پێویست زانی بیخەمەڕوو، بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن تەماشای هەر كتێبێكی فیقهی موعتەبەر بكەن، دوو نامیلكەی شیخ محمد صالح العثیمین یش هەیە بە جوانی و بەبەڵگەوە بابەتەكانی لە خۆ گرتووە ، بەناونیشانی: (رسالة في الدماء الطبیعیة للنساء). و (ستون سؤالًا وجوابًا في أحكام الحيض). -