العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
ئافرەتی باش دەبێت چۆن بێت؟ :21
: 358
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان_21: ئافرەتی باش دەبێت چۆن بێت؟ نییە لە كەلامی الله تعالی و لە فەرموودەكانی پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم، سەرچاوەیەكی باشتر و بە سوودتر بۆ مرۆڤەكان كە هاندەر و یارمەتیدەریان بێت بەرەو گەیشتن بە سەرفرازی دونیاو دواڕۆژ، هەر بۆیە لەم كورتە باسەدا و لە روانگەی ئەو دوو سەرچاوە سازگارەوە گرنگترین سیفەتەكانی ئافرەتی چاك دەخەینەڕوو إن شاء الله. 1- ئافرەتی باش، ئافرەتێكی دڵسۆزو ڕاستگۆیە لەگەڵ پەروەردگاری خۆیدا، ئافرەتێكە تەوبەكارە و پەروەردگاری خۆی لە هەموو هەنگاوەكانی ژیانیدا لەبیرە و هەمیشە بۆلای دەگەڕێتەوە. متمانەشی بە پەروەردگاری خۆی هەیە و پشتی پێ دەبەستێت كە لە هیچ تەنگانە و ناخۆشییەكی ئەم ژیانەدا بەتەنها بەجێی ناهێڵێت. 2- ئافرەتی باش، موسوڵمانێكی راستگۆیە و باوەڕی بەقەزاو قەدەر هەیە و هەرچی بەسەردا بێت، یان بەسەر هەر ئازیزو نزیكێكیدا بێت، دڵنییایە كە ئەوە قەدەرەو نووسراوە، سەبری لەسەر دەگرێت. 3- یەكێكی تر لە سیفەتەكانی ئافرەتی باش ئەوەیە، لە قورئان دوور ناكەویتەوە، كەلامی الله دەكات بە هاوڕێ و هاودەمی ژیانی و، كارێكی وا دەكات هەمیشە لەناو ماڵەكەیدا ببیسرێت و لە دڵی منداڵەكانیدا خۆشەویستی دەكات. 4- گرنگیدان بە فێربوونی زانستی شەرعی، یەكێكە لە خەسڵەتە هەرە لە پێشەكانی ئافرەتی باش و، بەگوێرەی توانا بایەخی پێدەدات، بەتایبەتی زانستی عەقیدە و فەرموودە و فیقهو تەفسیر و ژیانامەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم. هەروەها لەوەی كە نایزانێت لە كاروباری دینەكەی، پرسیار لە ئەهلی عیلم دەكات و، هاوكات ئەوەشی كە فێری بووە بە خەڵكی تری دەڵێتەوە و فێریان دەكات. 5- ئافرەتی باش، خاوەن كەسایەتییەكی تۆكمە و بەهێزە، خۆی بەشتی نزم و بچووكەوە سەرقاڵ ناكات، كە پێی بوترێت قال الله و قال الرسول صلی الله علیه و سلم، ڕادەوەستێت و دەڵیت سمعنا و أطعنا. با نەفسی خۆیشی حەز بەو شتە نەكات. 6- ئافرەتی باش، هیچ كاتێك چاكەی دایك و باوكی خۆی لەبیر ناكات و بەسۆز و میهرەبانە لەگەڵیاندا، گوێڕایەڵییان لەسەر هەرندێك عیبادەتی تطوع و نافیلەش پێش دەخات، بەڵكو هەموو ئەوەی باوك ودایكی خۆشیان دەویت، مەگەر ناشەرعی بێت، ئەگینا ئەویش لەبەر خاتری ئەوان خۆشی دەوێت.بەڵكو چاكە لەگەڵ هاوڕێی وخۆشەویستانی ئەوانیش دەكات لەچوار چێوەی شەرعدا. 7- ئافرەتی باش نوێژەكاتی وەكو چاوی خۆش دەوێت و دوایان ناخات، ئەگەر زەكاتی هەبێت لەكاتی خۆی و بە شێوەیەكی شەرعی دەریدەكات، ویردێكی ڕۆژانەش بۆ خۆی دیاری دەكات لە قورئان و لە زیكری بەیانیان و ئێواراندا. 8- ئافرەتی باش بێ ئاگا نییە لە باسی شەهیدی و وابزانێت ئەو مەسەلە هیچ پەیوەندی بە ئەو نییە و، لەڕێگەی ئایەت و فەرموودەكانەوە خۆشی دەوێت و ئاواتی ئەوەیە وەكو لەفەرموودەو نزاكاندا هاتووە بەشەهیدی بمرێت، ئیمامی بوخاری بەڕەحمەت بێت لە سەحیحەكەیدا ، بابێكی تایبەت كردووە بەناوی: (باب الدعاء بالجهاد والشهادةللرجال و النساء). (ابن حجر) یش لەشەرحی فەرموودەكانی ئەم بابەدا قسەی زۆر جوانی كردووە بەڕەحمەت بێت. بەڵام شایانی باسە لە ئیسلامدا جیهاد لەسەر ئافرەتان فەرز نییە، بۆیە كاتێك عائیشە الله لێی رازی بێت، پرسیاری جیهادی ئافرەتان لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكات، پێی دەفەرموێت جیهادێكی بێ جەنگ وشەڕكردنی لەسەرە، مەبەستی حەج و عومرە بوو. بەڵام زانایانی ئیسلام فەرموویانە ئەگەر دوژمنی داگیركەر هاتەسەر خاكی موسوڵمانان، ئەو كاتە جیهاد لەسەر هەموو پیاوان و ژنانیش واجب دەبێت و لەو حاڵەتەدا ئەوانیش وەكو پیاوان بەشدار دەبن. 9- ئافرەتی باش و چاكەكار نابێت لایەنی كۆمەڵایەتی پشتگوێ بخات و پێویستە بزێو وزیرەك بێت بۆ قۆستنەوەی هەموو هەلێكی گونجاو بۆ خزمەتی دینەكەی، نابێت فەقیرۆكە و بێ ئاگا بێت و هەمیشە چاوی لە دەست و لە عەقڵی كەسانی تر بیت شتەكانی پێ بگەیەنن و ڕووداوەكانی بۆ ڕوون بكەنەوە، دەبێت لەسنووری شەرعدا كەسێكی لێهاتوو وزیتەڵ بێت. بەڵكو دەبێت هەمیشە لە خەمی بەهێزكردنی كەسایەتی و عەقڵ و هۆش و ئاستی زانستی خۆیدا بێت و توانای داهێنانی بێت ئەگەر لە سنورێكی كەمیشدا بێت. 10- ئافرەتی باش، لە هەموو ڕوویەكەوە ڕەوشتی جوانە، چونكە لەوە تێگەیشتووە، كامڵترین ئیمانداران ئەوانەن كە ڕەوشتیان جوانە، دڵنیاشە لەوەی هیچ شتێك لە تەرازووی كردەوەكاندا نییە قورستر بێت لە ڕەوشت جوانی وەكو لە فەرمووەكاندا هاتووە. 11- لە ئاكاری ئافرەتی باش دوورە لەوەی گاڵتە و سووكایەتی بە هیچ ئافرەتێكی تر بكات و، خۆی لەوان بەباشتر بزانێت، چونكە باوەڕی وایە ئایەتی یانزەی سوڕەتی پیرۆزی الحجرات، دەبێت وەكو دروشمێك بۆ ژیانی سوودی لێ وەربگرێت. 12- ئافرەتی موسوڵمانی باش ئەو كەسەیە كە لەسەرخۆیە و لەبەر ئایەتی: (وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ ۗ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ ) آل عمران: 134. توڕەیی خۆی دەخواتەوە و لە خراپەی خەڵكیش لەگەڵیدا خۆش دەبیت و كینە لەدڵ ناگرێت. 13- ئافرەتی باش زمانی خۆی لەسەر جنێودان و قسەی خراپ ودوعاكردن، نە لەگەڵ مندالەكانی و نەلەگەڵ كەسی تردا ڕاناهێنێت، چونكە دەزانێت ئەو سیفەتە لەناو ئافرەتاندا زۆرە ودەبێت ئەو خۆی لێ بپارێزێت، بۆیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وریایی پێیان داوەو فەرموویەتی: ( تكثرن اللعن وتكفرن العشير) البخاري و مسلم. بۆ ئەوەی چاكەكارەكانیان لەو خەسڵەتە خراپە خۆیان بپارێزن. 14- ئافەرەتی موسوڵمانی باش، هەرگیز هانی مێردەكەی نادات هاوسەرەكەی تری تەڵاق بدات، چونكە دەزانێت ئەوە سیفەتی ئافرەتی موسوڵمان نییە ولەسەری تاوانیار دەبێت و پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نەهی لەو سیفەتە خراپە كردووەو فەرموویەتی: (ولا تسأل المرأة طلاق أختها لتكفأ ما في إنائها) البخاري و مسلم. هەروەها لەو ئاكارە بەدوورە مێردەكەی لەكەسوكاری دوور بخاتەوەو دڵی گوماناوی بكات لێیان. 15- لە سیفەتەكانی ئافرەتی باش ئەوەیە ئافرەتێكی پاك و پاراوەو ئیش و كەرەستەو هەموو ماڵەكەی پاك وخاوێنە و پاكی وڕێكوپێكی نیشانەو دروشمێتی لە ماڵەكەیدا و لە گرنگیدانیدا بەخواردن و جل و پیویستییەكانی خۆی و مێردی ومنداڵی. و وایان لێ دەكات هەست بكەن بایەخی پێداون و پاكی خاوینی ئەوان بەیارمەتی و گرنگیدانی ئەو لەماڵدا بەرقەرار بووە. 16- لە نهێنییەكانی بەختەوەری كە هاوكات سیفەتێكە لە سیفەتە باشەكانی ئافرەتی موسوڵمان ئەوەیە، ڕازی بێت بە قسمەت و نسیبی خۆی، بەو بەشەی كە الله بۆی داناوە، رَسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ فەرموویەتی: (المُتَشبِّعُ بما لم يُعطَ، كَلابِسِ ثَوبَيْ زُورٍ) متفق علیه. 17- خوویەكی خراپە كە ئافرەت هەمیشە بۆڵەی بێت و لەهیچ و بە هیچ ڕازی نەبێت، هەر بۆیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵیاندا داوای لێكردن سەدەقە بكەن و پێی فەرموون ئێوە ئەو سیفەتە خراپەتان تێدایە كە (تكثرن الشكاة وتكفرن العشیر) مسلم 885. واتە سكاڵا زۆر دەكەن و چاكە لەبیر دەكەن و نكۆڵی لێ دەكەن. 18- ڕەزیلی بۆ پیاوو بۆ ژن سیفەتێكی نەخوازراوو خراپە، بۆیە ئافرەتی باش دەبێت لەو سیفەتە بەدوور بێت و هەر بیری لای كۆكردنەوەو پاشكەوت كردن نەبێت، بەڵكو بەوەی كە دەتوانێت دەستی كراوە بێت، چاكە و بەخشینی هەبێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (أنفقي ولا تحصي فیحصي الله علیك، ولا توعي فیوعي الله علیك) متفق علیه.واتی فەرموودەكەش هاندانە بۆ بەخشین و نەهی كردنە لەوەی پارە تەنها بۆ هەلگرتن و پاشەكەوت كردن بەكار بێت. 19- ئافرەتی باش بە خزمەت كردنی میوان لە سنووری شەرعدا بێزار نابێت، فەرموودەیەكی زۆر لەو بارەو هاتووە كە هانی موسوڵمان دەدات ڕێز لە میوان بگرێت و نانی بۆ ئامادە بكات. 20- ئافرەتی باش ئافرەتێکی ئازایەو ترسنۆك نییە، ئافرەتە هاوەڵەكان الله لێیان ڕازی بێت زۆر ئازا و بەجەرگ بوون، لە سەحیحی موسیلمدا هاتووە كە لە ڕۆژی حونەیندا، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دایكی سولەیمی بینی الله لێی ڕازی بێت، خەنجەرێكی بەدەستەوە بوو، پێی فەرموو ئەو خەنجەرەت بۆچییە؟ فەرمووی، بۆ ئەوەمە ئەگەر موشریكێك لێم نزیك بوویەوە سكی بەو خەنجەرە هەڵدەدڕم. 21- لە سیفەتەكانی ئافرەتی باش ئەوەیە لەسەر نەخۆشی وناخۆشی ئارامگرە، ئافرەتێك هاتە لای پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، نەخۆشی (صرع) فێی هەبوو، داوای كرد دوعای بۆ بكات چاك بێتەوە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم پێی فەرموو: ئەگەر لەسەر نەخۆشییەکەت ئارام بگریت دەچیتە بەهەشتەوە، ئەگەریش دەتەوێت دوعات بۆ دەكەم چاك بیتەوە، وتی ئارام دەگرم، بەڵام دوعام بۆ بكە لەكاتی نەخۆشییەكەمدا جەستەم دەرنەكەوێت. 22 - لە سیفەتە باشەكانی ئافرەتی باش ئەوەیە بەجوانی و ڕێك وپێكی وبەشێوەیەكی شەرعی خۆی دادەپۆشێت وبەجلی نیوە حیجاب و نیوە وابەستەبوون بە دینەوە خۆی ناخەلەتێنێت و بەجوانی خۆی دادەپۆشێت. كاتێك ئایەتی (وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَىٰ جُيُوبِهِنَّ) دابەزی، ئافرەتانی موسوڵمان لە زیادەی پۆشاكەكانیان گرت و یەكسەر ڕوخساری خۆیان پێ داپۆشی. وەكو لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە. 23- شەرم مرۆڤ جوان دەكاتەوە، یەكێكیش لە جوانترین سیفەتەكانی ئافرەتی موسوڵمان ئەوەیە بەشەرم وحەیا بێت، ئافرەتی بێ شەرم لە فیترەتی خۆی دەرچووە و بێ شەرمی لەكەسایەتی و لە سەنگینی كەم دەكاتەوە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وا وەسف دەكرێت كە لە كچێكی عازەب بەشەرمتر بووە. یەكێكیش لە دیاردەكانی بێ شەرمی كە لەم ڕۆژگارە سەریهەڵداوە ئەوەیە، سەرپێچی فەرمانی پێغەمبەر دەكەن صلی الله علیه و سلم كە فەرمانی پێ كردوون لە دەرەوەی ماڵەكانیان جلیان دانەكەنن، بەڵام زۆرێك لە ئافرەتان لەكاتی جل كڕیندا، لە جێگای تایبەتی ئەو دوكان و مۆڵانە خۆیان دەگۆڕن وجلەکانیان تاقی دەكەنەوە، بەو شێوەش زۆر جار بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن بەڕووتی وێنەیان دەگرن و ڕووداوی نەخوازراویشی بەدوادا دێت. هەروەها نابێت لەكاتی قسەكردن و میوانداری و لە شوێناندا سەیری ناوچاوی پیاو بكات لەكاتی قسەكردندا، ئەوە لە دەرەوەی پێویستی و زیاد لە حەدی خۆی حەرامە و لە رووی كەسێتی خۆیشییەوە سیفەتیكە ناشیرینە. بەڵكو دەبێت سەیركردنی شەرمی پێوە دیار بێت. 24- لە سیفەت و خەسلەتە باشەكانی ئافرەتی موسولمان ئەوەیە نوێژەكانی لە ماڵی خۆیدا دەكات وناچێتە مزگەوت، چونكە لە چەندین فەرموودەی صحیح دا هاتوووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی نوێژی ئافرەتان لەماڵەكەی خۆی خێری زۆرترە لەوەی لە مزگەوت بیكات. 25- ئافرەتی باش لەكاتی دەرچوونی لەماڵ، خۆی بەدوور دەگرێت لەبۆن لەخۆدان، چونكە لە چەندین فەرموودەی صحیح دا هاتووە داوایان لێ كراوە بۆن لەخۆیان نەدەن، بەڵكو هەڕەشەی توندیش لە هەندێ فەرمودەدا هاتووە كە ئەگەر ئافرەتێك خۆی بۆن خۆش بكات و بەلای پیاواندا تێپەڕێت، وەكو ئەوەیە ئاوهاو ئاوهای كردبێت. هەروەها نابێت لەكاتی ڕێكردنیدا جێگای قەرەباڵغی وبەو شوێنانەدا بچێت كە ناچار دەبێت زۆر لە پیاوانەوە نزیك بێتەوەو تاكو بتوانێت پێویستە بەلای دیواردا بڕوات و ناوەڕاستی ڕێگا و جێگە قەرەباڵغەكان نەگرێت وەكو لە هەندی لە فەرموودەكاندا هاتووە. 26- ئافرەتی موسوڵمانی باش، ناهێڵێت و ڕێگە نادات لەبەر هەر هۆكارێك بێت، لەگەڵ پیاوێكی نامەحرەمدا بەتەنها بێت، چونكە ئەوە كارێكی حەرامە و درووست نییە، لە فەرموودەی صححیح دا هاتووە:(إيَّاكم والدُّخولَ على النِّساءِ . فقالَ رجلٌ منَ الأنصارِ : يا رسولَ اللَّهِ ! أفرأيتَ الحموَ ؟ قالَ : الحموُ : الموتُ) بۆیە بەتەنها مانەوەی ئافرەت لەگەڵ براو كەسی مێردەكەیدا كە ئەوە زۆر جار ڕوودەدات، كارێكی ناشەرعییە و بە پێی فەرموودەكە مردن لەوە باشترە. 27- ئافرەتی باش هەمیشە ئافرەتێكی داوێن پاكە و مێردەكەی دەپارێزیت، هەرگیزیش بیر لە پیاوێكی تر جگە لە مێردەكەی ناكاتەوە، چونكە هاوسەران بە گرێبەستێكی شەرعی تۆکمە كۆبوونەتەوە و بە عەهدو پەیمانێكی ئیسلامی پیرۆز بۆ یەكتر حەڵاڵن، بۆیە ئەگەر هەر خەیاڵ و ختورەیەكی لەو شێوە بێت بەدڵی هەر ئافرەتێكدا وکەمترین هەنگاوی کردەیی بۆ بنێت، دەبێت بزانێت ئەوە خیانەتە و مادام ئەو گرێبەستە كۆتایی پێ نەهاتووەو ماوەتەوە، ئافرەت فەرزە لەسەری بیپارێزێت و سنووری نەبەزینێت. الله تعالی فەرموویەتی: (والذين هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ إِلاَّ على أَزْوَاجِهِمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ ) المؤمنون:5. 28- ئافرەتی باش بە پیاوی باش و موسوڵمان و ئیماندار و موەحید ڕازی دەبێت و تەنانەت ئەگەر هەژاریش بێت هەر پێی ڕازی دەبێت و چاوەڕوانی فەزڵی پەروەدگاری دەكات لەو هەژارییە ڕزگاریان بكات، چونكە الله فەرموویەتی: ( إِنْ يَكُونُوا فُقَرَاءَ يُغْنِهِمُ اللَّهُ مِنْ فَضْلِهِ ) النور:32. 29- ئافرەتی باش بە ئەرك و پێویستییەكانی مێردەكەی هەڵدەسێت و خزمەتی دەكات، ئەگەر هەلەشی لێ ببینێت ئاگاداری دەكاتەوە و لەسەر كاری چاكە هاوكاری دەكات و لەپەروەردەكردنی منداڵدا هاوكار وكۆمەكی مێردەكەی دەبێت وبێ وەفا نابێت بەرانبەری و چاكەكانی لەبەرچاو دەگرێت و نهێنییەكانی دەپارێزێت و ئەوەی ئەو پێی خۆش بێت لە سنوووری شەرعدا ئەمیش پێی خۆشەو، بەڕواڵەت وخۆ ڕازاندنەوەی بۆی دڵی خۆش دەكات و لەگەڵیدا ڕاستگۆ دەبێت و هیچ شێوەیەک لە شێوەکان خیانەتی لێ ناكات و، ئەگەر مێردەکەی لەسەفەرێك بگەڕێتەوە، بەجوانترین شێوە وەکو لە فەرموودەداەهاتووە پێشوازی لێ دەكات وخۆی بۆنخۆش دەكات و ئەویش بەدەستی خۆی بۆنخۆش دەكات و، لەگەڵیشیدا لە یەك جێگەدا دەخەوێت ئەگەر لە حەیزو بێ نوێژیشدا بێت و، هەموو ئەمانە لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە. 30- یەكێكی تریش لە سیفەتە باشەكانی ئافرەت لەگەڵ مێردەكەیدا ئەوەیە، لەگەڵیدا ڕۆژانی سەخت و ناخۆش بەڕێ دەكات و ئەگەر مێردەكەی نەخۆش بكەویت چاودێری دەكات و چاكەی لەگەڵدا ئەنجام دەدات و روقیەی شەرعی بۆ دەخوێنێت و لە ماڵەكەشیدا خۆی بەچاودێرو شوان دەزانێت وەكو لەفەرموودەدا هاتووە. 31- ئافرەتی باش بەسۆزو میهرەبانە لەگەڵ منداڵەكانیدا ماچیان دەكات و جیاوازی لە نێوانیاندا ناكات و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەسەر ئادابە ئیسلامییە جوانەكان ڕایان دەهینێت و هەر زوو فێری نوێژ و ڕۆژوویان دەكات و، هەوڵیش دەدات هەرچۆنیك بووە فێری زمانی عەرەبییان بكات، چونكە ئەوە بۆ دواڕۆژیان یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ تێگەیشتنی دینەكەیان و بۆ دونیاشیان هەر باش و بەسوودە. لە کۆتاییدا داواكارم لە هەموو ئافرەت و كچێكی بەڕێز كە ئەم بابەتە دەخوێنێتەوە، كتێبی (صفات المرأة المسلمة في الكتاب و السنة )ی أم أسامة بنت علي العباسیة بخوێنیتەوە، كە لە ئینتەرنێت بەردەستە و بۆ نووسینی ئەم پۆستە لەو كتێبە و لەچەند سەرچاوەیەكی تر سوودم وەرگرتووە، .ئینجا ئەگەرچی لە هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوەدا خۆم وابەستەی هێناوەی بەڵگەی کیتاب وسوننەت نەکردووە، بەڵام لەو کتێبەی کە ئاماژەم پێکرد، هەموو ئەوەی لێرە باسم كردووە، لەوێ بە شیکراوەیی ئایەت وفەرموودەکانی لەسەر هێناوەتەوە، بەڵام من لەبەر درێژ نەبوونەوەی بابەتەکە باسم نەکردووە.