العربیة
/ نەیارانی سوننەت /
ئیسلام ئوممەتی سەنەدە !
  ئیسلام ئوممەتی سەنەدە ! پشت بەستن بە فەرموودوی لاواز لە هەر بوارێكی دینداریدا، هەڵەیەكی مەنهەجییە و جۆرێكە لە خۆخەڵەتاندن! فەرموودەیەكی لاوازە؛ واتە: جێگای گومانە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم قسەی وای كردبێت، دینداریش لەسەر بنەمای ناڕوونی و گومان ناكرێت. ئایین پێویستە هەموی، بە عەقیدەو بە شەریعەتەوە، لەسەر بنەمای ئایەت و فەرموودەی سەحیح بونیات بنرێت، لەو بارەشەوە ئەوەی لە هاوەڵان و لە پێشینانی باشی ئەم ئوممەتەوە پێمان گەیشتوە، وەكو ڕوونكردنەوەو تێگەیشتن بۆ قورئان و بۆ سوننەت و لە ڕۆشنایی ئەو دوو سەرچاوەدا، پێویستە بە ڕێزەوە وەربگیردێت و بخرێتە سەر سەرو سەرچاو، بە مەرجێك لە سەنەدی وردبینەوە و بزانین ئەو قەول و شوێنەوارە جێگیر بووە یان نا، پیویستە بزانین پێشەوایان و فەرمودەناسان لە بارەیەوە وەكو سەنەد چییان فەرمووە، چونكە هیچ كتێبێك نییە لە دوای قورئان و سەحیحی سوننەت ئێمە ناچار بین هەرچی تێدایە بەبێ وردبوونەوەو بژاركردن و بەراوردكردنی لەگەڵ ئەو دو سەرچاوەدا وەریبگرین، بەڵكو دەبێت لە بیژنگی فەرموودەناسان و زانایانی جەرح و تەعدیل دەربچێت ئەو كاتە وەكو وتم دەخرێتە سەر سەر و سەرچاو. ئوممەتی ئیسلام ئوممەتی سەنەدە و(قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ) دەبێت هەمو موسوڵمانێك بە گشتی و، هەمو فێرخوازێكی زانست بە تایبەتی، بیكاتە دروشم و مەشخەڵی ڕێگە بۆ خۆی، بەو شێوەش هەم ڕێگای روونە و هەم لە دەمارگیری سەلامەت و بەدوورە. ئەوەش سەروەرییەكە تایبەتە بە ئیسلام و بە موسوڵمانان هیچ نەتەوەیەكی تر لەسەر زەویدا ئەو تایبەتمەندییەی نییە. إحسان برهان الدین 8 ذو الحجة 1442 18 تموز 2021  
هەر حوكمێك لە سوننەتدا هاتبێت وەكو ئەوەیە لە قورئاندا هاتبێت
هەر حوكمێك لە سوننەتدا هاتبێت وەكو ئەوەیە لە قورئاندا هاتبێت ئەگەر گومڕایەك نكۆڵی لە حوكمێكی ئیسلامی چەسپاو بكات و ئینكاری بەبەڵگەبوون و حوججیەتی سوننەت بكات، بە زمانی حاڵی پەشێواوی بڵێت قورئانمان بەسە، سوننەتیش مەگەر ئەوەی وەربگرین كە لە گەڵ قورئاندا یەكبگرێتەوە، ئەو كەسە موسوڵمانێتی خۆی بەو قسەیە خستووەتە ژێر پرسیارەوە ولە لێواری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی موسوڵمانێتی خۆی نزیك بووەتەوە، لە ڕاستیشدا شتێكی سەیر و سەمەرە لەوەدا نییە، چونكە گومڕاكان چاوەڕوانی قسەی لەوە باشتریان لێ ناكرێت! بەڵام كارەسات و نیشانەی لادانی هەرە گەورەی باشەكان یان بەناو باشەكان ئەوەیە: دوای ئەو لادان و ناماقوڵییەی كە ئەو گومرایە دەیكات، هێشتا وەكو موسوڵمانێك بگرە وەكو كەسایەتی و بانگخوازێكیش سەیر دەكرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، و وەكو ئەوەی هیچ شەكرێكی هەر نەشكاندبێ، ئەوەش -بە بۆچوونی من - بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە: یەكەم زۆرینەی خەڵكی جەهلێكی ئەوتۆ گەورەیان بە دینەكەیان هەیە تەنها مەگەر سەجدە بردنیان بۆ بتێك بەلاوە تاوان و هەڵە بێت! ئەگینا هەر لادانیكی تر لەبیروباوڕ - بەتایبەتی ئەگەر زمان لووسێك بیرازێنیتەوە - بەلایانەوە ئاساییە و كێشەیەكی تێدا نابینین! دووەم خەڵكی غیرەتیان بۆ زۆر شت دەجوڵێت وەكو نەتەوە و میللەت و خزمایەتی و هاوسەر و ماڵ و منأڵ وشتی تر، بەڵام بە دەگمەن غیرەتیان بۆ دینەكەیان بجوڵێت، بەزمانی حاڵیان دەڵین ئیمە كارمان بەسەر ئەو باسانەوە چییە، ڕێزیش لە هەموو گومڕا و بێ دینیكیش دەگرین چونكە برای نەتەویمانن! جگە لە مافی نەتەوایەتی مافی هاوشاری و هاوحیزبی وخاڵی هاوبەشی تریشمان لەگەڵیدا هەیە كە هەموو ئەوانە لە ئیسلام گرنگترن بەلامانەوە، ئەم قسەیەش بە زمانی كردار نەك گوفتار دەكرێت، بۆیە ئیسلام لە جیهاندا و لە كوردستانی خۆماندا بە قۆناغێكی نامۆیی و غەریبیدا تیدەپەڕێت. بەوەش بۆت دەر دەكەوێت كەسەكانی تریش كە ئەو و هاوشێوەی ئەویان بەو قسەو بە قسەی لەوە ناشیرینتر و ناماقوڵتریشەوە هەر قبوڵە و دڵیان نایەت بۆ شتی وا دڵی بشكێنن و لە گوڵێك كاڵتری پێ بڵێن! لەوە بۆت دەرد دەكەوێت خەلكی بە شێوەیەكی ڕاستەقینە ملكەچی ئیسلامی كیتاب و سوننەت نین و بە شێوە كۆنە كلاسیكیەكەی ئیسلام قبوڵ ناكەن و ڕەتیدەكەنەوە، لەبەرانبەریشدا ئیسلامێكی تریان بۆخۆیان داتاشیوە و پێیان قبولە، پەیوەندییەكە لە نێوان پەروەردگار وبەندەكانیدا ئەوان عیبادەتی بۆ بكەن، ئەویش لەبەرانبەردا هیچ دەستێوەردانێك لە كاروباری ژیانیان نەكات، خۆیان چۆنیان پێ باشە بەو شیوە بیبەن بەڕێوە. إحسان برهان الدین 25 ذو الحجة 1441 15 آب 2020
بۆچوونێكی ڕۆژهه‌ڵاتناس هاملتۆن جب
له‌ خویندنه‌وه‌كانم له‌م ماوه‌ی رابوردودا له‌ باره‌ی مێژووی نكۆڵی كردن له‌ سوننه‌ت و بانگه‌شه‌ی ئیعتیزالی هاوچه‌رخ ،بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ بانگه‌شه‌ی ده‌ستكاریكردنی بنه‌ماكانی ئیسلام كۆنه‌وڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان دستێكی باڵایانهه‌بووه‌ له‌ ده‌ستپیكردن و په‌ره‌پێدانی بۆ نموونه‌: ڕۆژهه‌لاتناسی به‌ریتانی به‌ ناوبانگ هاملتۆن جب كه‌ له‌ ساڵی 1971ز وه‌فاتی كردوه‌ ، له‌ كتێبی (إلی أین یتجه الإسلام) دا به‌ ئه‌وپه‌ڕی ڕاشكاوی داوا له‌ سه‌ران و سه‌ركرده‌كانی جیهانی ئیسلامی ده‌كات - به‌ تایبه‌ت لاوه‌كان- كه‌ هه‌ڵسن به‌ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له‌ بنه‌ماكانی ئیسلامدا وهه‌موو ئه‌وسنوورانه‌ ببه‌زینن كه‌ پێانده‌وترێت نه‌گۆڕ وپیرۆز ،به‌و شێوه‌ی كه‌ له‌ گه‌ڵ شارستانی ئه‌وروپا بگونجیت ، به‌مه‌ش ئه‌توانن به‌ ته‌واوه‌تی ببنه‌ شوێنكه‌وتوو پاشكۆی ڕۆژئاوا ،ئه‌م وته‌یه‌ش زۆر سه‌یر نییه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتناسێكی وه‌كو جب ، هه‌رچه‌ند هه‌ندێ پێیان وایه‌ كه‌سێكی میانڕه‌وه‌و ستایشی پێغه‌مبه‌ری كردووه‌ صلی الله علیه وسلم ، به‌لام ئه‌وه‌ی سه‌رنجم له‌ وته‌كه‌یدا ڕاده‌كێشێ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ پێشه‌نگه‌كانی ئه‌وانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ خه‌ریكی گۆڕانكارین له‌ بنه‌ماكانی ئیسلامدا و ده‌یانه‌ویت به‌ناوی تازه‌گه‌رییه‌وه‌ داروبه‌ردی ئیسلام تێكبده‌ن وناشتوانن. إحسان برهان الدین 24-5-2015 سلێمانی  
جه‌نگاوه‌رانی دژه‌ فه‌رمووده‌
له‌ مه‌ڕ ڕاگه‌یاندنی جه‌نگی دژه‌ فه‌رمووده‌ ، شێوازێكی تازه‌ له‌ جه‌نگی گومان دروستكردن له‌ كوردستان ڕه‌چاو ده‌كرێت ،جه‌نگاوه‌ره‌كانی ئه‌م نه‌به‌رده‌ هه‌ندێكن له‌ به‌ ناو ڕوناكبیر و مامۆستا وبانگخواز و كه‌سی دڵ پڕ له‌ گومان به‌رانبه‌ر مێژووی ئیسلام ، كه‌ سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن كای كۆنی ناحه‌زانی ئیسلام و لاده‌ران به‌ با بكه‌ن و هاتوون له‌م ساته‌ هه‌ستیاره‌دا له‌ مێژووی ناوچه‌كه‌و كوردستان له‌ ئاوی لێڵدا ڕاو ده‌كه‌ن و به‌ هه‌لی ده‌زانن له‌ ده‌رگای گومان دروستكردن له‌ ده‌وری فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم وزیندووكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی خه‌واریج و موعته‌زیله‌ بێنه‌ ژووره‌وه‌ ، له‌ڕاستیدا ئه‌م هه‌وڵانه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چن له‌ كوردستان هه‌وڵگه‌لێكی نه‌زۆك و لاوازن و پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م ئێمه‌ی كوردی موسوڵمانی سوننیه‌ ، ئه‌وان به‌ تێكڕا پشت ده‌به‌ستن به‌و گومانانه‌ی گومڕاكانی عه‌ره‌ب له‌ میسر وسودان وسوریاو وڵاتانی تر ده‌یڵێن و ده‌ینووسن و خۆیان له‌ بازنه‌یه‌كی لاساییكردنه‌وه‌ی ڕه‌ها ده‌بیننه‌وه‌ ، ئه‌مانه‌ی كه‌ به‌ نیازن ده‌ستپێكی تۆماركردنی ئه‌م لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شه‌ بن له‌ كوردستان هه‌ندێكیان به‌ ڕواڵه‌ت وه‌كو ئیسلامی خۆیان پێناسه‌ ده‌كه‌ن ، یان خه‌ڵكی وا ده‌یانناسن ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌وان وه‌كو هه‌ر نه‌خۆشێك خۆیان پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ڕاسته‌ شه‌قامی كیتاب و سوننه‌ت و تێگه‌یشتنی زانا گه‌وره‌ شایه‌تی بۆ دراوه‌كانی ئه‌م ئوممه‌ته‌ ، یان ئه‌وه‌یه‌ خۆیان وه‌كو هه‌ر موعته‌زیله‌و تاقمێكی تری گومڕا بناسێنن و به‌ ڕاشكاوی بڵێن ئێمه‌ هاتووین ئه‌و ڕێبازه‌ زیندوو بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ هه‌ندێكیان خه‌ریكن ئه‌و ڕاستیه‌ به‌ زمانی خۆیان ئه‌دركێنن ، سیمای دیاری ئه‌م كه‌سانه‌ ده‌ربڕینی گومانه‌ ده‌رباره‌ی سه‌رجه‌م مێژووی ئیسلام هه‌ر له‌ هاوه‌ڵانه‌وه‌ تاكو هه‌ر كه‌سێكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمان كه‌ به‌رگری له‌ ڕێبازی ئه‌هلی سوننه‌ت وجه‌ماعه‌ت بكات ، له‌ ڕووی چه‌واشه‌كاریشه‌وه‌ هه‌ندێكیان به‌ڵگه‌ له‌ كتێبه‌كانی ابن تیمیة و شاطبي وهه‌ندێ ئوصوڵی تر ئه‌هێننه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ خۆیان چاك ده‌زانن ئه‌و كاره‌یان خۆڵ له‌ چاو كردنه‌و و ئه‌و پێشه‌وایانه‌ بێ به‌رین له‌ كه‌سانێك نكۆڵی له‌ به‌ڵگه‌بوونی سوننه‌ت بكه‌ن ، یان به‌ بێ هیچ شه‌رمێك و ترسێك له‌ خوا وموسوڵمانان و مێژوو ، وته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناس و سه‌رگه‌ردانه‌كانی عه‌ره‌ب دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌و باری موسوڵمانی كوردی پێ قورس بكه‌ن و ڕۆڵی گومڕاكردنیان له‌ گه‌ڵدا بگێڕن . ترسناكی ده‌ردی ئه‌م كه‌سانه‌ له‌وه‌دایه‌ نه‌خۆشینه‌كه‌یان بۆ خه‌ڵكی ساده‌و كه‌م زانست ده‌گوێزرێته‌وه‌ و پێویسته‌ وه‌كو ئه‌ركێكی ئیسلامی و ڕه‌وشتی و نه‌ته‌وایه‌تیش - چونكه‌ ئیسلام ئایینی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ - ڕێوشوێنی پێویست بگرینه‌به‌ر و به‌رپه‌رچ بدرێنه‌وه‌و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكرێت له‌ ئاستی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی كه‌ جۆرێك له‌ خۆیه‌كلاكردنه‌وه‌ی پێوه‌ دیاره‌و هه‌ندێ لایه‌ن و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنیش كاری بۆ ده‌كه‌ن ، پێویسته‌ كه‌سانی زانا و فێرخوازانی زانست وپه‌یڕه‌وانی قورئان و فه‌رمووده‌ به‌ به‌ڵگه‌ وسه‌ركوتكردنه‌وه‌ ڕوو به‌ڕووی ئه‌و لاده‌رانه‌ ببنه‌وه‌ و ڕێگه‌یان نه‌ده‌ن بێ ڕێزی به‌رانبه‌ر فه‌رمووده‌كان و هاوه‌ڵان وزانایانی سه‌له‌ف بكه‌ن ، چونكه‌ ئه‌وان له‌ بێ ده‌نگی په‌یڕه‌وانی سوننه‌ت گومان ده‌به‌ن له‌سه‌ر حه‌ق بن و به‌ڵگه‌كانیان له‌ دژایه‌تی فه‌رمووده‌و و مێژووی هاوه‌لان به‌ هێز بن ، ته‌نانه‌ت بێ ڕێزییان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ گومڕایه‌كیان خۆی له‌ ئه‌بو به‌كر و عومه‌ر ڕه‌زای خۆایان لێبێت به‌ عاقڵتر بزانێت و به‌وان بڵێت نه‌زان بوونه‌ ! ئه‌م لاده‌رانه‌ مێشكیان بوه‌ته‌ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌كردن وچالاك بوونی گومان و ڕه‌خنه‌ له‌ زۆربه‌ی بڕگه‌كانی ئیسلام ، به‌ چاویلكه‌یه‌كی ڕشه‌وه‌ كه‌ پێیان به‌خشراوه‌ له‌لایه‌ن ناحه‌زانی ئیسلامه‌وه‌ ته‌ماشای سه‌رچاوه‌ی دووه‌می ئایینی ئیسلام ده‌كه‌ن كه‌ فه‌رمووده‌یه‌، ئه‌وان وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن ده‌قه‌كان دووباره‌ ده‌خوێننه‌وه‌ ! ئه‌گه‌ر چی ئه‌م خاوه‌ن هه‌ڵویستانه‌ به‌رانبه‌ر بیروباوه‌ڕه‌كانی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت زۆریان زاراوه‌ی (قورئانی) -به‌م پێناسه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی جیهاندا بوونیان هه‌یه‌- ده‌یانگرێته‌وه‌ وشوێنكه‌وتوویه‌كی راسته‌قینه‌ی بست به‌ بستی قورئانییه‌كانن وه‌كو: أحمد صبحي منصور و حسن الترابي وجمال البنا والحابري وحسن حنفي و شه‌ریعه‌تی و سروش وعدنان إبراهیم و هاوشێوه‌كانیان ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا هه‌ندێكیان ته‌نها قوربانییه‌كن بۆ جه‌هل و خوێندنه‌وه‌ی ئاوه‌ژوو بۆ ئیسلام وه‌كو بیروباوه‌ڕ و شه‌ریعه‌ت و مێژوو ، ئه‌و جۆره‌شیان - كه‌ پۆشاكی جه‌هلیان پۆشیوه‌ و دڵنیام سوڕه‌تی فاتیحه‌ی ناو نوێژیان ڕه‌وان نییه‌ - هێشتا هیوای چاره‌سه‌ر و چاكبوونه‌وه‌یان بۆ ده‌كرێت ، ئه‌وه‌نده‌ش جێگای به‌زه‌یین هه‌رگیز جێگای ڕق لێبوون و تووڕه‌بوون نین ، به‌ڵام به‌ گشتی ده‌ڵێم: ئه‌مه‌ قۆناغێكی هه‌ستیاره‌ له‌ مێژووی كوردستان ،هه‌ركێیش ئازاده‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی یان ڕه‌ش بۆ خۆی تۆمار بكات ..خوای گه‌وره‌ش ڕۆژێكی بۆ لێپرسینه‌وه‌ داناوه‌ زۆر نزیكه‌ ، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك دونیای به‌ جێهێشت قیامه‌تی هه‌ڵده‌سێت ،إن موعدهم الصبح ألیس الصبح بقریب. إحسان برهان الدین 2015-7-5 سلێمانی
پاشكۆی باسی مه‌یمونه‌كه‌ له‌ بوخاریدا
وه‌كو وتمان ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ره‌خنه‌ گه‌وره‌كانی قورئانییه‌كانی كوردستان كه‌ زۆر به‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی به‌ هێزی ده‌زانن بۆ لاوازكردنی متمانه‌ به‌ پێشه‌وا بوخاری...له‌ دوای هه‌ندێ پێداچوون و گوێگرتن له‌ وته‌ی زانا هاوچه‌رخه‌كان له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێم: 1- كورته‌ی به‌سه‌رهاته‌كه‌ كه‌ بوخاری ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت له‌ كیتابی (مناقب الأنصار) نه‌ك له‌ كیتابی (الحدود) یان بابی ڕه‌جم! له‌ عه‌مری كوڕی مه‌یمونی تابیعی ده‌یگڕێته‌وه‌ (نه‌ك له‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم) ! به‌م شێوه‌یه‌: مه‌یمونیكی گه‌نج له‌ گه‌ڵ مه‌یمونێكی پیر خه‌وتبوو ده‌ستی له‌ ژێر سه‌ری دانابوو ، له‌و كاته‌ی مه‌یمونه‌ پیره‌كه‌ خه‌وتبوو مه‌یمونیكی تری گه‌نج هات و ئاماژه‌ی بۆ مه‌یمونه‌كه‌ كرد و ئه‌ویش به‌ هیمنی ده‌ستی له‌ ژێر سه‌ری مه‌یمونه‌ پیره‌كه‌ ده‌ركرد و له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌یموونه‌ ڕۆیشت عه‌مر ده‌ڵێ خۆم بینیم له‌گه‌ڵیدا جووت بوو، دوایی گه‌ڕایه‌وه‌ لای مه‌یموونه‌ پیره‌كه‌ و ویستی ده‌ستی بخاته‌وه‌ ژێر سه‌ری به‌ڵام ئاگادار بوویه‌وه‌و له‌ خه‌و هه‌ستا ، كه‌ بۆنی مه‌یمونه‌كه‌ی كرد زانی كه‌ ئه‌و كاره‌ی كردووه‌و هاوارێكی كرد و مه‌یمونه‌كانی تر كۆبوونه‌وه‌و وچاڵێكیان هه‌ڵكه‌ند ئه‌و مه‌یمونه‌یان به‌رد باران كرد ..ئه‌مه‌به‌سه‌ر هاته‌كه‌یه‌ كه‌ بوخاری به‌ كورتی باسی كردووه‌ و عه‌مر ده‌ڵێی من پێش ئه‌وه‌ی له‌ ئیسلامدا ڕه‌جم ببینم له‌ سه‌رده‌می جاهیلیدا بینیبووم به‌م شێوه‌یه‌. 2- وه‌كو ده‌بینن ئه‌مه‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌ر هاتێكه‌ نه‌ك زیاتر ، ناونانیشی به‌وه‌ی ڕه‌جم بووه‌ له‌به‌ر زیناكردنی ئه‌و مه‌یمونه‌ بۆچوونی عه‌مر خۆیه‌تی كه‌ هاوه‌ڵیش نه‌بووه‌به‌ڵكوتابیعی بووه‌و نووسه‌ری عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیزبووه‌ ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت. 3- من به‌ش به‌ حاڵی خۆم باوه‌ڕم به‌وه‌ هه‌یه‌و هیچ شتێكی پێچه‌وانه‌ی عه‌قڵ و دین تێدا نابینم ، ئاژه‌ڵه‌كان هه‌موویان وه‌كو به‌راز بێ غیره‌ت نین !هه‌ندیكیان به‌ ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ زۆرێك له‌ مرۆڤه‌كانیش له‌سه‌ر مێینه‌كانیان به‌ غیره‌تترن..مه‌یمونیش یه‌كێكه‌ له‌و ئاژه‌ڵانه‌ و زیره‌كی زۆریان هه‌یه‌ وتێگه‌یشتنی وردیان بۆ شته‌كان هه‌یه‌! زانایه‌ك ده‌گێرێته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ مه‌ككه‌وه‌ ده‌ڕۆن بۆ طائف - كه‌ ئه‌و ڕێگه‌ مه‌یمونی زۆره‌- جاری وا هه‌یه‌ ئازاری مه‌یمونێك ده‌ده‌ن له‌ ڕێگه‌كه‌یاندا ، پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ طائف دێنه‌ سه‌ر ڕێگه‌و وئه‌و كه‌سه‌ ده‌ناسنه‌وه‌و هه‌وڵ ئه‌ده‌ن تۆڵه‌ی لێ بكه‌نه‌وه‌..ئیتر بۆ پێمان سه‌یر بێت مه‌یمونێكی وا سزا بده‌ن. 3- ئه‌م مه‌سه‌له‌ زۆر كۆنه‌وه‌ و ئه‌م داماوانه‌ی لای خۆمان تازه‌ كه‌شفیان كردووه‌و و ڵخۆشن به‌وه‌ی كه‌لێنێكی گه‌وره‌یان له‌ بوخاری دۆزیوه‌ته‌وه‌..كَذَٰلِكَ قَالَ الَّذِينَ مِن قَبْلِهِم مِّثْلَ قَوْلِهِمْ ۘ تَشَابَهَتْ قُلُوبُهُمْ ۗ 4- صه‌حیحی بوخاری ئه‌گه‌ر چی به‌ دڵنییاییه‌وه‌ كتێبێكی مه‌عسوم نییه‌ له‌ وێنه‌ی قورئان، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له‌ بیر بچێت هه‌زار ساڵ زیاتره‌ ئه‌م كتێبه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌و سه‌دان زانای گه‌وره‌و بلیمه‌ت شه‌رحیان كردووه‌ و موسوڵمانان وزانایان سه‌ده‌ له‌ دوای سه‌ده‌ به‌ ڕازیبوون و ڕێزو مه‌زن ڕاگرتنه‌وه‌ وه‌ریان گرتووه‌و، و هه‌وڵی به‌ درۆخستنه‌وه‌ی بوخاری تانه‌دانه‌ له‌ هه‌موو زانایانی ئه‌ممه‌ت و هاوكات ڕه‌خنه‌گرتنه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم و له‌ خودی ئیسلام وه‌كو ئایین. 5- مه‌سه‌له‌ی ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ بوخاری له‌و سنووره‌ی زانا گه‌ره‌كان باسیان كردووه‌ هه‌ر بووه‌و هیچ كات له‌ پله‌و پایه‌ی ئه‌و زانا گه‌ره‌و و كتێبه‌كه‌ی دانه‌گرتووه‌...به‌ڵام ئه‌مه‌ی ده‌كرێت ڕه‌خنه‌ نییه‌ به‌و واتایه‌ به‌ڵكو جێبه‌جێكردنی ئه‌جیندایه‌كی ناله‌باره‌ كه‌ ئیسلامی- له‌ ڕێگه‌ی ناشیرینكردنی سوننه‌ته‌وه‌- كردووه‌ته‌ ئامانج. 6- ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌سن به‌م ئه‌ركه‌ له‌ كوردستان و خۆیانیان بۆ یه‌كلا كردووه‌ته‌وه‌ _ نه‌ك ئه‌وانه‌ی به‌ ساده‌یی یان به‌ نیه‌ت پاكی خۆیان خۆیانیان خستوه‌ته‌ ئه‌و بازنه‌یه‌- خه‌ڵكانێكن خاوه‌ن ڕابووردووی باش نین ، لای كه‌می مونحه‌ریف و ناشاره‌زان له‌ زانستی ئیسلامی ڕه‌سه‌ن ،یان ئه‌وه‌نده‌ زانستیان هه‌یه‌ مشت و مڕی پێ بكه‌ن و وه‌كو دڕك له‌سه‌ر ڕێگای موسوڵمانان بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ ، كه‌سانێكن ته‌نها به‌ ناو پێیان خۆشه‌ به‌ ئیسلامی ناوببرین بۆ ئه‌وه‌ی ساناتر كاره‌كه‌یان تێپه‌ڕێنن له‌سه‌ر موسوڵمانان ، ئه‌گینا ئه‌وان نزیكییان له‌ عه‌لمانیه‌ته‌وه‌ دیارتره‌ تاكو له‌ هزری ئیسلامی..ئه‌وان كه‌سانێكن ماوه‌ی جارێك به‌ ئینحیرافێكی نوێ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌،ماوه‌كیشه‌ پاش ئه‌وه‌ی كۆتا دڵوپه‌كانی شه‌رمیان تكا و له‌ ڕاگه‌یاندنه‌ به‌ ناو ئییسلامییه‌كان كه‌ به‌ ڕاشكاوی ده‌هۆڵی دژه‌ سوننه‌ت ده‌كوتن و سه‌كۆی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن ، ده‌ستیان داوه‌ته‌ زنجیره‌یه‌ك بوختان كردن و دژایه‌تیكردن پێشه‌وایانی سوننه‌ت به‌ڵكو به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ له‌ هاوه‌ڵان ده‌گرن و مێژووی ئیسلامییان به‌ تێكرا كردووه‌ته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ ئه‌نجامدانی جه‌نگێكی دوور له‌ ڕه‌وشت و له‌ جیاتی چه‌كی زانست خۆیان پشت ئه‌ستور كردووه‌ به‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی وته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان وه‌كو كۆڵد زیهه‌ر و فلۆگل وته‌نانه‌ت نیتچه‌ و هه‌روه‌ها طه حسین حسن و الترابي و حسن حنفي و محمد عابد الجابري و محمد شحرور و عدنان إبراهیم و گومڕاكانی تر..به‌ كورتی ڕۆڵێكه‌و پێیان سپێردراوه‌و ئه‌وانیش وا دیاره‌ به‌ڵێنیان داوه‌ ئه‌وه‌ی پێیان بكرێت له‌ ناشیرنكردنی ئیسلام له‌ ڕێگه‌ی لێدانی سوننه‌ته‌وه‌ درێغی نه‌كه‌ن..به‌ڵكو له‌ ڕیگه‌ی كه‌سی باوه‌ڕپێكراوه‌وه‌ زانیومه‌ كه‌ هه‌ندێ له‌وانه‌ی له‌فه‌یسبوك جیهادی دژه‌ سوننه‌ت ده‌كه‌ن! پاره‌یان بۆ عه‌رزكراوه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌و كاره‌یان. إحسان برهان الدین 2015-7-27 سلێمانی
گومانێكی دژه‌ سوننه‌ته‌كان ده‌رباره‌ی ره‌جم كردنی مه‌یمون له‌ بوخاریدا
یه‌كێك له‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ فه‌رمووده‌ نییه‌ و له‌ گومڕایی خۆیان بێ ئاگان ، له‌ وه‌ڵامی پۆستێكمدا ده‌رباره‌ی متمانه‌ی زانایان به‌ سوننه‌تی صه‌حیح ، وه‌ڵامی داومه‌ته‌وه‌ به‌و فه‌رمووده‌ی كه‌ له‌ بوخاریدا هاتووه‌ ده‌رباره‌ی ڕه‌جم كردنی مه‌یمونیك له‌ سه‌رده‌می جاهیلیدا و وا ده‌زانێ نهێنییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ئاشكرا كردووه‌ و به‌رانبه‌ری بێ ده‌نگ كردووه‌، به‌ كورتی به‌و ئه‌وو هه‌موو بانگخوازانی گومڕای دژه‌ سوننه‌ت ئه‌ڵێم: 1- ئێمه‌ هیچ كاتیك نه‌مان وتووه‌ هه‌رچی له‌ بوخاریدا هاتووه‌ وه‌كو قورئانی پیرۆز وایه‌ و ڕه‌تناكرێته‌وه‌ ، هه‌ندێك فه‌رمووده‌ هه‌یه‌ له‌ بوخاری و موسلیمدا زانایان قسه‌یان له‌سه‌ری كردووه‌ و ئه‌وه‌ گومان له‌ ده‌وری ئه‌سڵی دوو كتێبه‌كه‌ دروست ناكات..له‌وانه‌ ئه‌و فه‌رموودانه‌ی كه‌ به‌ (معلقات) ئه‌ناسرێن ، كه‌ یه‌كێك له‌و فه‌رموودانه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی ئه‌و براده‌ره‌ قورئانیه‌ باسی كردووه‌ و به‌ نیازه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌موو فه‌رمووده‌كانی بوخاری ڕه‌تكاته‌وه‌ و به‌وه‌ش حوكمی لادان و گومرایی به‌سه‌ر خۆیدا سه‌پاندووه‌. 2- ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ ئه‌گه‌ر چی له‌ بوخاریدا هاتووه‌ ، به‌ڵام له‌سه‌ر مه‌رجی بوخاری نییه‌ بۆ وه‌رگرتنی فه‌رمووده‌ چونكه‌ موسنه‌د نیه‌ بۆ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم به‌ڵكو مه‌وقوفه‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ هاوه‌ڵان كه‌ له‌سه‌ر ده‌می جاهیلیدا ئه‌وه‌ی بینیوه‌ ، به‌ڵكو هاوه‌ڵیش نییه‌ وتابیعیه‌كی (مخضرم)ه واته‌ سه‌رده‌می جاهیلی بینیوه‌ به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری خوای نه‌بینیوه‌ صلی الله علیه وسلم ناوی(عمرو بن میمون) بووه‌. 3- مه‌به‌ستی پێشه‌وا بوخاری له‌و فه‌رمووده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بیسه‌لمێنێ عه‌مر سه‌رده‌می جاهیلی بینیوه‌ نه‌ك پشتڕاست كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌. 4- ئه‌م فه‌رموده‌ هه‌ندێ زانای گه‌وره‌ ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ وه‌كو (ابن عبد البر) و شێخ ئه‌لبانی له‌ هاوچه‌رخه‌كان و هیچ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌كیشی تێدا نییه‌ چونكه‌ وه‌كو وتمان له‌ موعه‌له‌قاتی بوخارییه‌ و له‌سه‌ر مه‌رجی خۆی نه‌بووه‌ له‌ تصحیح دا. الشيخُ الألباني – رحمهُ اللهُ - له‌و باره‌وه‌ فه‌رموویه‌تی: " وأنا أظنُ أن الآفةَ من شيخِ المصنفِ نعيمِ بنِ حمادٍ ، فإنهُ ضعيفٌ متهمٌ ، أو من عنعنةِ هُشيم ، فإنهُ كان مدلساً " . [ مختصر صحيح البخاري للألباني (2/535) ] . 5- ئینجا ئه‌گه‌ر له‌ گریمانه‌یه‌كدا بڵێین ئه‌و فه‌رمووده‌ صه‌حیحه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ بوخاریدا هاتووه‌ ، ده‌كرێت بوترێت ئه‌و تابعییه‌ باسی گومانی خۆی كردووه‌ له‌سه‌ر ده‌می جاهیلیدا كه‌ وایزانیوه‌ ئه‌و مه‌یمونه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ڕه‌جم كراوه‌! واته‌ پرسه‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ گومانی گێڕه‌ره‌وه‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌ هۆكاری به‌ردبارانكردنه‌كه‌ زینا كردنی ئه‌ومه‌یمونه‌ بووه‌ ، ئینجا به‌ڵكو مه‌یمون له‌ به‌راز به‌ غیره‌ت تر بێت ، چه‌ندین ئاژه‌ڵ هه‌یه‌ قبوڵ ناكات له‌گه‌ڵ مێینه‌كه‌یدا كاری وا بكرێت و خۆی له‌سه‌ر ئه‌داته‌ كوشت! له‌ كۆتاییدا ئه‌ڵیم: ئێوه‌ پرۆژه‌یه‌كی زۆر خراپتان پێ سپێردراوه‌ ، زۆر نزیكه‌ له‌ ڕۆڵی ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی بنه‌بڕكردنی ئیسلام ئه‌ده‌ن وناتوانن و، له‌وانه‌یه‌ له‌ قۆناغ و ئاستێكدا بتوانن هه‌ندێ له‌ خه‌ڵكی بخه‌نه‌ گومانه‌وه‌ له‌ دینداری له‌ ڕێگه‌ی به‌ درۆخستنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كانی بوخاری و موسلیم، به‌ڵام خوای گه‌وره‌ هه‌رگیز ڕێگه‌ نادات ناحه‌زانی سوننه‌ت ئه‌م پرۆژه‌ به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوه‌ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ گه‌وره‌ گومڕاكانی مێژووی ئیسلام له‌ كۆن و نوێدا سه‌ر بگرێت ، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش كه‌ به‌ نیازن له‌ دژی سوننه‌ت ئه‌نجامی بده‌ن ،سه‌ره‌ڕای ئه‌و پاڵپشتیه‌ی كه‌ هه‌تانه‌ له‌ لایه‌ن ڕاگه‌یاندنی به‌ناو ئیسلامی وهه‌ندێ كه‌سایه‌تی نه‌خۆش و دژه‌ سوننه‌ت كه‌ هه‌مووتوانایه‌كیان ده‌خه‌نه‌ گر له‌ خوێندنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌و مێژوودا بۆ ڕه‌خنه‌گرتن وعه‌یب دۆزینه‌وه‌!گومانم نییه‌ وه‌كو ڕێسێكه‌ و ده‌بیته‌وه‌ به‌ خۆری ، چونكه‌ به‌ڵێنی خوای گه‌وره‌ بۆ پاراستنی وه‌حی بێگومان سوننه‌تی صه‌حیحیش ده‌گرێته‌وه‌ و، له‌ قۆناغی داهاتوودا پرۆژه‌كه‌تان ده‌بێته‌ باسی شه‌قامی ئیسلامی له‌ كوردستانی موسوڵمان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ واجبی دینداری و به‌رگری كردن له‌ فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ده‌بیته‌ ته‌وژمیكی سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ ئیسلام له‌ وینه‌ی گه‌رده‌لولێكی به‌ هیزدا به‌رنامه‌كه‌تان راده‌ماڵیت وسه‌ره‌نجامتان هاو شێوه‌ ده‌بێت له‌ گه‌ل ئه‌وانه‌ی خۆیان له‌م بواره‌تاقیكرده‌وه‌ له‌ خه‌واریج و موعته‌زیله‌و گروپه‌ گومراكانی تر وبێجگه‌ له‌وه‌ی خۆیان به‌ گۆمڕاودوژمنانی سوننه‌ت ناسان ده‌ستكه‌وتیكی تریان نه‌بوو. إحسان برهان الدین 2015-7-26 سلێمانی
به‌ناوبانگترین ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌ دژه‌ سوننه‌ته‌كان
1- كۆڵد زیهه‌ر ڕۆژهه‌ڵات ناسه‌كان ئه‌و سه‌رچاوه‌ پشت پێبه‌ستراوه‌ن له‌ لایه‌ن هه‌موو كه‌س ولایه‌نێك كه‌ مه‌به‌ستی ڕه‌خنه‌گرتن وگومان درووست كردن بێت له‌ ئایینی ئیسلام ، بۆ ئه‌م پرسه‌ش ئه‌وان لێكۆڵینه‌وه‌و پشكنینی زۆریان ئه‌نجامداوه‌ پاڵپشت به‌ بۆچوون ونووسینه‌كانی ئه‌و سێ تاقمه‌ گومڕایه‌ی كه‌ ئاماژه‌مان پێكردن. ئێمه‌ پێشتر ئه‌وه‌مان خسته‌ ڕوو كه‌ نكۆڵی كردن له‌ سوننه‌ت چی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی یان به‌شێكی دیاری كراو وه‌كو فه‌رموده‌ی ئاحاد، له‌سه‌ده‌ی دووه‌می كۆچی سه‌ریهه‌ڵدا له‌ لایه‌ن تاقمه‌كانی شیعه‌و و خه‌واریج و موعته‌زیله‌ ، له‌ دوای ئه‌وان ئیدی ئه‌و فیتنه‌یه‌ دامركا بۆ ماوه‌ی دوانزه‌ سه‌ده‌ تاكو داگیركردنی هیندیستان له‌ لایه‌ن ئینگلیزه‌وه‌ ، ئه‌و كات ده‌ستیان كرد به‌ زیندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌ندێ به‌ كرێ گیراوی خۆیانه‌وه‌ له‌وێ ، كه‌ له‌نووسینه‌كانماندا ئاماژه‌مان بۆ هه‌ندێكیان كردووه‌ ، دواتریش له‌وێوه‌ هه‌نارده‌ كرا بۆ میسر و وڵاته‌كانی تر. له‌وانه‌یه‌ زانیارییه‌كی گرنگ بێت بۆ هه‌ندێ ئه‌وه‌ بزانن داگیركه‌ری ئینگلیز به‌ مه‌به‌ستی لاوازكردنی ڕیزی موسوڵمانان و لاوازكردنی گیانی به‌رگری و له‌ ڕێگه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی پلان بۆ داڕێژراو ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامدا ، بۆیه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ ده‌كه‌م بۆ هه‌ندێك له‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسانه‌ی كه‌ ژیانیان ته‌رخان كردبوو بۆ دژایه‌تیكردنی ئیسلام و بابه‌تی گومان دروستكردن له‌ ده‌وری سوننه‌ت یه‌كێك بوو له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان . له‌وانه‌: 1- جولد تسیھر: ڕۆژهه‌ڵاتناسێكی مه‌جه‌ری به‌ ناوبانگه‌ له‌ دژایه‌تی ئیسلامدا ، چه‌ندین كتێبی له‌و باره‌وه‌ هه‌یه‌ ، وه‌كو: «العقيدة والشريعة في الإسلام»و "مذاهب التفسير الإسلامي"له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێت: زۆربه‌ی فه‌رمووده‌كان ده‌ره‌نجامی ململانێ و په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تین ، واته‌: هه‌ڵبه‌ستراون.هه‌روه‌ها هاوه‌ڵان تۆنه‌تبار ده‌كات به‌ درۆكردن له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم و ده‌ڵێت سه‌رانی مه‌زهه‌به‌كان بۆ پشتگیری مه‌زهه‌به‌كانیان ئه‌و فه‌رموودانه‌یان درووست كردووه‌ ،ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ به‌ڵگه‌ كه‌ فه‌رموده‌ناسه‌كان جیاوازی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاستی فه‌رموده‌كان شه‌ش كتیبه‌كانی فه‌رمووده‌ش زیاتر نین له‌ هه‌ندی فه‌رمووده‌ی په‌رته‌وازه‌ لێره‌و له‌وێ ئه‌وان كۆیان كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ راستیان زانیوه‌ له‌ كاتیكدا خۆی وا نییه‌ ..بێگومان ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان به‌ شێولزی تایبه‌ت و ئه‌كادیمی - به‌ ڕواڵه‌ت - ڕه‌خنه‌ له‌ ئیسلام ده‌گرن بۆیه‌ هه‌میشه‌ پشت و په‌نای هه‌موو دوژمنانی ئیسلام بوونه‌ له‌ عه‌ره‌به‌كان ، كورده‌كانی خۆیشمان له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ، ئێستاش قورئانیه‌كان هه‌مان ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ هه‌ندێ جیاوازی و تایبه‌تدی خۆیانه‌وه‌! إحسان برهان الدین 2015-7-30 سلێمانی
پرسیارێكی گرنگ و وه‌ڵامه‌كه‌ی
له‌ سایتی (الإسلام سؤال وجواب) كه‌سێك پرسیار له‌ شێخ محمد صالح المنجد ده‌كات و ده‌ڵیت: له‌ ماڵه‌وه‌ پێم ده‌ڵین پێویسته‌ ته‌نها شوێنكه‌وتووی قورئان بیت و باوه‌رت به‌ شوینكه‌وتنی فه‌رمووده‌ نه‌بیت! ، ئایا له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌ واز له‌ كه‌س و كاره‌كه‌م بهێنم؟ئایا جائیزه‌ سه‌لامیان لێ بكه‌م و له‌ جه‌ژندا پیرۆزباییان لێ بكه‌م... له‌ وه‌لامدا مامۆستاكه‌ حوكمی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه‌و به‌ به‌ڵگه‌و به‌ شیكراوه‌یی ده‌یخاته‌ ڕوو كه‌ باوه‌ڕ نه‌بوون به‌ فه‌رمووده‌ له‌ لای زانایان زۆر به‌ تاوان و لادانێكی گه‌وره‌ و ترسناك ته‌ماشا كراوه‌ ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی وا نكۆڵی له‌سونه‌ت ده‌كه‌ن هه‌مووشیان یه‌ك حوكمیان نییه‌ ،هه‌روه‌كو هه‌ندی نه‌خۆشی قورس وایه‌: كه‌ هه‌یه‌ به‌ خه‌ستی و قورسی ئه‌یگرێت و هه‌شه‌ به‌ سووكی ئه‌یگرێت و ده‌كریت چاره‌سه‌ر بكرێت.. چونكه‌ باوه‌ڕ نه‌بوون به‌ فه‌رمووده‌ی صه‌حیح وبه‌ گومان ته‌ماشاكردنی ئه‌و فه‌رموودانه‌ سیمای ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌ خۆیان ده‌ڵێن قورئانی! له‌ كۆتاییشدا داوای لێده‌كات هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری چاكه‌كردن نه‌بیت له‌ گه‌ڵ دایك و باوكیدا سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌ سوننه‌ت نییه.‌ http://islamqa.info/ar/9067 إحسان برهان الدین 2015-8-8 سلێمانی
دژه‌ سوننه‌ته‌كان له‌م ئایه‌ته‌ بترسن 

دژه‌ سوننه‌ته‌كان له‌م ئایه‌ته‌ بترسن 

خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : { قل أطيعوا الله والرسول فإن تولوا فإن الله لا يحب الكافرين } آل عمران / 32 . كه‌سێك باوه‌ڕی به‌ تێكڕای فه‌رمووده‌ نه‌بێت ، یان به‌ زۆربه‌ی ، یان به‌ پێی میزاجی خۆی و قورئانییه‌كان گوڵبژێریان بكات ، چۆن ده‌توانێت گوێڕایه‌ڵی پێغه‌مبه‌ری خوا بكات صلی الله علیه وسلم ، مه‌حاڵه‌ و خۆفریودانه‌ و لادانه‌ ، كه‌سێك وابزانێ به‌ بێ سووننه‌تی صه‌ حیح دینداری بكرێت ، یان به‌ ته‌نها قورئان خه‌ڵكی به‌ره‌و به‌هه‌شت ببرێت ، ئه‌ی كاكی بێ ئاگا و له‌وانه‌شه‌ ئاگه‌دار بیت ، ئامانجت له‌ گه‌ڵ ئامانجی بێ باوه‌ڕاندا یه‌كیان گرته‌وه‌ وشه‌یتانیش گره‌وی لێتان برده‌وه‌ ، چونكه‌ نكۆڵی كردن له‌ سوننه‌ت ڕێگایه‌كی زۆر كورتتره‌ بۆ سه‌رلێشێواندنی موسوڵمانان تاكو نكۆڵی كردن له‌ سه‌رتاپای ئیسلام ، ئه‌ویان كارێكی نه‌فره‌ت لێكراوه‌ هه‌ر له‌ سه‌رتاوه‌ ، به‌ڵام نكؤڵی كردن له‌ سوننه‌ت بۆ خه‌ڵكانی سه‌ره‌تا و كه‌م زانست ، ده‌بێته‌ مایه‌ی خه‌ڵك به‌ لاڕێدا بردن وخۆڵ به‌ چاوداكردن ، بۆیه‌ به‌ خۆتاندا بچنه‌وه‌و پێش پچڕانی په‌تی ته‌مه‌ن ، ئێوه‌ به‌نجی گوناه و بێ ئاگایی ، له دینداری ڕاسته‌قینه‌ - كه‌ به‌ بێ سوننه‌ت مه‌حاڵه‌ - دووریخستوونه‌ته‌وه‌ .

إحسان برهان الدین

2016_ 7_ 9 سليمانى

واتای چییه‌ نكۆڵی كردن له‌ سوننه‌ت؟
نكۆڵی كردن له‌ سوننه‌ت نكۆڵی كردنه‌ له‌قورئانی پیرۆز ، چونكه‌ قورئان به‌ هه‌مان ئه‌و ڕێگه‌ی سوننه‌ت پێمان گه‌یشتووه‌ له‌ ڕێگه‌ی هاوه‌ڵانه‌وه‌ ،ئه‌وكه‌سانه‌ی ده‌ڵێن: خوای گه‌وره‌ به‌ڵێنی پاراستنی قورئانی داوه‌و به‌ڵێنی پاراستنی سوننه‌تی نه‌داوه‌ ! پێیان ده‌وترێت خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی:(وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ)هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی (وَمَا أَنْزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ إِلَّا لِتُبَيِّنَ لَهُمُ الَّذِي اخْتَلَفُوا فِيهِ وَهُدًى وَرَحْمَةً لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ)، چۆن خوای گه‌وره‌ ئه‌ركی ڕوونكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی ده‌خاته‌ سه‌ر پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی له‌ كاتێكدا سوننه‌ته‌كه‌ی پارێزراو نه‌بێ یان جێگای متمانه‌ نه‌بێت له‌سه‌ر ڕێڕه‌وه‌ی قورئانییه‌كان..مالكم كیف تحكمون. إحسان برهان الدین 2015-3-7 سلێمانی
سوننه‌ت به‌ درێژایی سه‌ده‌كان پارێزراوه‌
هاوه‌ڵان ڕه‌زای خوایان لێبێت سوننه‌تی قه‌ولی و فیعلی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) یان به‌ تابعییه‌كانی دوای خۆیان گه‌یاند ،ئه‌وانیش به‌وانه‌ی دوای خۆیان ، زانایانیش نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ و له‌ نێو كتێبه‌كانیاندا بۆیان پاراستین تاكو گه‌یشته‌ خۆمان به‌سه‌دان و هه‌زاران ڕێگا ، چۆن قورئان پارێزرا ئاوها كتێبه‌كانی فه‌رمووده‌ش پارێزراو خزمه‌تكرا و به‌هه‌زاران زانای مه‌زن ژیانی خۆیان له‌ پێناویدا ته‌واو كرد و ئه‌م په‌یامه‌یان به‌ ڕێزو شكۆو ڕه‌چاوكردنی پێوه‌ری زانستی متمانه‌ پێكراو وه‌كو ئه‌مانه‌ت به‌ ئێمه‌ گه‌یاند ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوننه‌تیش وه‌حیه‌ و لای په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌:(وما ینطق عن الهوی إن هو إلا وحي یوحی) بۆیه‌ پارێزگاریكردنی به‌شێك بوو له‌ پارێزگاریكردنی قورئانی پیرۆز : ( إنا نحن نزلنا الذكر وإنا له لحافظون) نیعمه‌تی خوایه‌ موسوڵمان سنگی ساغ و سه‌لامه‌ت و پاراو بێت له‌ بیدعه‌و گومانی دڵڕه‌شكه‌ر والحمدلله علی نعمة السنة. إحسان برهان الدین 2015-3-7 سلێمانی
وانه‌یه‌ك له‌ پێشه‌وا شافیعی بۆ به‌ ناو قورئانییه‌كان
ده‌گێڕنه‌وه‌ پێشه‌وا ( محمد بن إدریس الشافیعی ) جارێكیان له‌ ناو مزگه‌وتی حه‌رامدا دانیشتبوو ، فه‌رمووی: هه‌ر پرسیارێكم لێ بكه‌ن به‌ قورئانی پیرۆز وه‌ڵامتان ئه‌ده‌مه‌وه‌. پیاوێك وتی قوربان ده‌رباره‌ی زه‌رده‌واڵه‌ ئه‌ڵێی چی ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ ئیحرامدا بێت و بیكوژێ؟ فه‌رمووی ئاساییه‌ و هیچی له‌سه‌ر نییه‌. پیاوه‌كه‌ وتی: ئه‌و وه‌ڵامه‌تان له‌ چی شوێنێكی قورئاندا هاتووه‌؟ شافیعی فه‌رمووی: خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی: {وما آتاكم الرسول فخذوه } ئینجا فه‌رمووده‌یه‌كی گێڕایه‌وه‌ به‌سه‌نه‌دی خۆی له‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم كه‌ فه‌رموویه‌تی: ( عليكم بسنتي وسنة الخلفاء الراشدين من بعدي ) له‌ دوای ئه‌وه‌ سه‌نه‌دێكی تری گێڕایه‌وه‌ له‌ عومه‌ر ڕه‌زای خوای لێبێت كه‌ فه‌رموویه‌تی: " للمُحْرِم قتل الزُّنْبُور " واته‌: ئه‌وكه‌سه‌ی ئیحرامی پۆشیبوو ده‌توانێ زه‌رده‌واڵه‌ بكوژێ..به‌م شێوه‌ش به‌ قورئان وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی دایه‌وه‌. جا ته‌ماشاكه‌ ئه‌وه‌ تێڕوانینی پێشه‌وایه‌كی وا مه‌زنه‌ بۆ پله‌و پایه‌ی سوننه‌ت وهیچ جیاوازییه‌كی نه‌بینی له‌ نێوان قورئان و سوننه‌تی صه‌حیح دا. إحسان برهان الدین 2015-3-9 سلێمانی
گومانێكی كۆن ونوێی نەیارانی سوننەت
يه‌كێك له‌ به‌هانه‌كانی قورئانییه‌كان ، یان با بڵێین گومانه‌كانیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌رهاتی پێشنیاركردنی پێغه‌مبه‌ر صلی الله وعلیه وسلم بۆ جوتیاره‌كان ده‌رباره‌ی چاككردن و پۆلاندنی دار خورماكان (تأبیر النخل) هه‌ڵه‌ بوو ونه‌یپێكا ، ده‌ڵێن: كه‌واته‌ سوننه‌ت وه‌حی نییه‌ وئێمه‌ش ناچار نین كاری پێ پێبكه‌ین، ئه‌م گومانه‌ش له‌ ڕاستیدا كۆنه‌ وگومانێكی هاوبه‌شه‌ له‌ نێوان بێ باوه‌ڕ و گاوره‌كان له‌لایه‌ك ، كه‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان پێی نكؤڵی كردنه‌ له‌ ئه‌سڵی وه‌حی كه‌ لای خواوه‌ هاتبێت بۆ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ شیعه‌و قورئانی ولیبرالییه‌كان ده‌ستی پێوه‌ده‌گرن ودڵی پێخۆش ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن وه‌حی ته‌نها بریتیه‌ له‌ قورئان نه‌ك فه‌رمووده‌كان ،له‌ڕاستیدا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌م گومانه‌ زۆر ئاسانه‌ و وه‌كو ڕۆژی ڕوناكیش دیاره‌ به‌ڵام ئه‌وان چاوی دڵه‌كانیان كوێر بووه‌ ونایبینن ، چونكه‌ له‌و فه‌رمووده‌دا پێغه‌مبه‌ری خوا به‌ بێ جه‌ختكردنه‌وه‌ بۆچوونێكی خۆی خستووه‌ته‌ ڕوو وفه‌رموویه‌تی:" لَعَلّكُمْ لَوْ لَمْ تَفْعَلُوا : كَانَ خَيْراً " له‌ڕیواتێكی تردا هاتووه‌ فه‌رموویه‌تی: " مَا أَظُنّ يُغْنِي ذَلِكَ شَيْئاً " واته‌: وا ده‌زانم سودێكی نه‌بێت ،جا خه‌ڵكی كه‌ ئه‌م قسه‌یانه‌ بیست وایان زانی وه‌حیه‌ و وازیان هێنا له‌ پۆلاندنی دارخورماكانیان وبۆیه‌ ئه‌و ساڵه‌ به‌ری نه‌گرت ، دوایی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم قه‌رمووی:" إِنْ كَانَ يَنْفَعُهُمْ ذَلِكَ : فَلْيَصْنَعُوهُ !!.. فَإِنّي إِنّمَا ظَنَنْتُ ظَنّا !!.. فَلاَ تُؤَاخِذُونِي بِالظّنّ !!.. وَلَكِنْ إِذَا حَدّثْتُكُمْ عَنِ اللّهِ شَيْئاً (أي حدثتكم بالوحي سواء في أمور الدين أو الدنيا) : فَخُذُوا بِهِ .. فَإِنّي لَنْ أَكْذِبَ عَلَىَ اللّهِ " ..له‌ ڕیوایه‌تێكی تردا هاتووه‌: " إِنّمَا أَنَا بَشَرٌ (أي لست إلها ًيعلم كل شيء) .. إِذَا أَمَرْتُكُمْ بِشَيْءٍ مِنْ دِينِكُمْ (أي بالوحي) : فَخُذُوا بِهِ .. وَإِذَا أَمَرْتُكُمْ بِشَيْءٍ مِنْ رَأْيٍ (أي بغير وحي ٍ) : فَإِنّمَا أَنَا بَشَرٌ " !!.. واته‌ گومانێكم له‌ خۆمه‌وه‌ برد كه‌ئه‌وكاره‌تان بێ سوود و زیاده‌ بێت ، به‌ڵام مادام به‌سووده‌ بیكه‌ن ، به‌ڵام من هه‌ركاتێك باسی وه‌حیم بۆ كردن ئه‌وه‌ هه‌رگیز درۆ له‌سه‌ر په‌روه‌رگارم ناكه‌م و پێویسته‌ گوێڕایه‌ڵم بن..هاوه‌ڵانیش ئه‌وه‌یانده‌زانی وچه‌ندین جاری تر كه‌ قسه‌یه‌كی ده‌فه‌رموو پێیانده‌وت ئایا ئه‌مه‌ بۆچوونی خۆته‌ یان وه‌حیه‌ ئه‌گه‌ر بۆچوونی خۆی بوایه‌ ئه‌وانیش قسه‌یان تیدا ده‌كرد وه‌كو ئه‌وبه‌سه‌ر هاته‌ی كه‌ له‌شه‌ڕی به‌در ڕوویدا سه‌باره‌ت به‌وشوێنه‌ی هێزی موسوڵمانانی تێدا بێت...بۆیه‌ ئه‌م به‌سه‌ر هاته‌ واته‌:فه‌رمووده‌ی(تأبیر النخل) هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی تێدا نییه‌ بۆیان والحمدلله الذي بنعمنه تتم الصالحات. إحسان برهان الدین 2015-3-9 سلێمانی
چه‌ند پرسیارێك له‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ سوننه‌ت نییه‌
ئه‌گه‌ر ته‌نها پشت به‌ قورئان ببه‌ستیت و باوه‌ڕت به‌ سوننه‌ت نه‌بێت ، زه‌حمه‌ت نه‌بێت: 1- چۆن وبه‌ چی شیوازیك نوێژ ئه‌كه‌یت؟ فه‌رزه‌كان وسونه‌ته‌كان چه‌ند ڕكات بن وچی بڵێین له‌ ركوع وسجود ،وچی له‌به‌ر بكه‌ین ؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ر به‌ ڕووتی - بۆنموونه‌- نوێژ بكات له‌ چی سوره‌تێكی قورئاندا هاتووه‌ ئه‌و كاره‌ قه‌ده‌غه‌ بكات، ئه‌ی ڕۆژوو چۆن ئه‌گریت ؟ورده‌كارییه‌كانی ڕۆژوو به‌ چی ئه‌شكێ چی ڕێگه‌ پێدراوه‌ ، ئه‌ی زه‌كات چه‌ند ده‌رئه‌كه‌یت و زه‌كاتی ئاژه‌ڵ وڕووه‌ك و ماڵی بازركانی چۆن ده‌رئه‌كه‌یت ، ئه‌ی حه‌جی ماڵی خوا چۆن ئه‌كه‌یت ، ته‌واف ومانه‌وه‌ له‌ مینا وڕاوه‌ستان له‌عه‌ره‌فه‌ وڕه‌جم كردنی شه‌یتان و قوربانی سه‌ربڕین ....به‌خوا كاكه‌ تازووه‌ ته‌وبه‌ بكه‌یت باشتره‌ دینداری به‌ بێ فه‌رمووده‌كان نه‌ك هه‌ر تام وچێژێكی نییه‌ و به‌ڵكومه‌حاڵه‌ ولادانه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕاستی شه‌ریعه‌ت كه‌ هه‌زار ه‌ چوار سه‌د ساڵ زیاتره‌ موسوڵمانان له‌ سه‌ری ئه‌و ڕاسته‌ شه‌قامه‌ ڕێئه‌كه‌ن و خۆیان خستووه‌ت نێوپاراوترین كاروانی مرۆڤایه‌تی كه‌ به‌ جوانی شكۆداری به‌ره‌و لای په‌روه‌ردگار هه‌نگاو ده‌نێن. به‌ پێی كات وتوانا پرسیاری تریشم لێتان هه‌یه‌. إحسان برهان الدین 20105 -9-3 سلێمانی