العربیة
/ئجازەی قورئان خوێندن/
زانستی قیرائات وچه‌ند وریاكردنه‌وه‌یه‌كی پێویست

گومانی تێدا نییه‌ خویندنه‌وه‌ی قورئان به‌و شێوه‌ی كه‌ دابه‌زیوه‌ته‌ سه‌ر سه‌روه‌رمان صلی الله علیه و سلم مه‌سه‌له‌یه‌كی پێویسته‌ و گرنگه‌ و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو موسوڵمانێكه‌ له‌ توانایدا بێت كه‌ خۆی فێری حوكمه‌كانی ته‌جوید و جوان ده‌ركردنی پیته‌كان بكات له‌ جێگای تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر ده‌ربڕینی سیفاتی پیته‌كان بكات له‌ كاتی قورئان خوێندندا . له‌ ڕاستیدا ساڵانێك ئه‌م زانسته‌ نه‌ك له‌ سه‌ر ئاستی پێشكه‌وتووی قیرائاتدا به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی حوكمه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ته‌جویددا له‌ ناو خۆماندا بایه‌خی پێویستی پێنه‌دراوه‌، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا موسوڵمانان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كوردستاندا ڕوویان له‌ فێربوونی ئه‌م زانسته‌ كرد و گۆڕانكارییه‌كی باش له‌و بواره‌دا به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابوردوو درووست بوو. به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی كۆمه‌ڵێك بنه‌مای گشتی كه‌ پێویسته‌ له‌ كاتی وه‌رگرتنی زانستدا ڕه‌چاوبكرێن، بۆ نموونه‌ مه‌سه‌له‌ی هاوسه‌نگی و پێشخستنی ئه‌و زانسته‌ی كه‌ زیاتر موسوڵمان وه‌كو ئه‌وله‌وییه‌ت له‌م ڕۆژگاره‌دا پێویستی پێیه‌تی ، به‌ پێویستم زانی لێره‌دا چه‌ند خاڵێكی گرنگ بخه‌مه‌ ڕوو: 1- گرنگیدانی زیاتر له‌ پێویست به‌ زانستی قیرائات و ته‌جوید هه‌میشه‌ له‌سه‌ر حیسابی زانسته‌ شه‌رعییه‌ پێویسته‌كانی تر ده‌بێت، چونكه‌ زانستی قیرائات زانستێكی ورده‌و و باسه‌كانی به‌ربڵاون وڕێگاكه‌ی زۆر دوورودرێژه‌، ئه‌گه‌ر بته‌ویت ڕۆبچیت له‌باسه‌كانیدا ته‌مه‌ن ته‌واو ئه‌بێت وه‌رگرتنی ئه‌و زانسته‌ به‌ فراوانی و به‌ پێی بنه‌ماكانی خۆی ته‌واو نابێت، له‌ ڕاستیدا قیرائات به‌و ورده‌كارییه‌ یه‌كێك نییه‌ له‌ پێویستییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمان به‌ تایبه‌تی له‌ كوردستان كه‌ هه‌وڵێكی زۆر ئه‌درێت خه‌ڵكی له‌ دینه‌كه‌یان دوور بخرێنه‌وه‌و له‌و باره‌شه‌وه‌ نه‌یارانی ئیسلام هه‌نگاوی زۆریان بڕیوه‌، هاوكات مانه‌وه‌ی ئه‌و زانسته‌ش له‌ نێو هه‌ندێ كه‌سی پسپۆڕ و به‌توانا‌به‌ پێویست ده‌زانم بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر تواناكانیان له‌و بواره‌دا خه‌رج بكه‌ن. 2- كێشه‌ی موسوڵمانان له‌م ڕۆژگاره‌دا - وه‌كو ئاماژه‌م پێكرد - كێشه‌ی جوان خویندنه‌وه‌ی قورئان نییه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، به‌ڵكو كێشه‌ی جوان تێگه‌یشتنه‌ له‌ قورئان و كارپێكردنی قورئانه‌، ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی له‌ كوردستان به‌ زمانی حاڵ زۆرێكیان له‌ حوكمه‌كانی قورئان پشت گوێ خستووه‌و كاری پێناكه‌ن، به‌به‌رچاویانه‌وه‌ قورئان ئه‌سووتێت و سووكایه‌تی پێ ئه‌كرێت خۆیانی لێ حاڵی ناكه‌ن، ئیتر ته‌مه‌ن به‌سه‌ر بردن سوودی چییه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ قیرائاتێكدا كه‌ له‌ هیچ جێگه‌یه‌كی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌دا ناخوێنرێت جگه‌ له‌ بازنه‌كانی وانه‌ نه‌بێت، له‌ هه‌موویشی كاره‌ساتتر به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی نه‌بێت و هه‌ڵه‌ی مه‌نهه‌جی و جه‌وهه‌ری گه‌وره‌ی تێدا بێت له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌! بۆیه‌ پێویسته‌ بایی ئه‌وه‌ی كه‌ موسوڵمانان خوێندنه‌وه‌یان ڕاست ئه‌بێته‌وه‌ بابه‌خی پێ بدرێت و كاتی بۆ ته‌رخان بكرێت و پاشماوه‌ی هه‌موو كاته‌كان بۆ تێگه‌یشتنی ته‌وحیدی قورئان زیاتر له‌ ته‌جوید، حدود ی قورئان زیاتر له‌ حروف ی قورئان به‌سه‌ر ببرێت ، نه‌ك زۆربه‌یان خه‌ریكی ته‌جویدو قیرائات بن و له‌ولاشه‌وه‌ له‌ گرنگترن بنچینه‌ی دین كه‌ عه‌قیده‌یه‌ بێ ئاگا بن، له‌ سوننه‌ت كه‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی ئیسلام و هێڵه‌ پانه‌كان و بابه‌ته‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی ئه‌م دینه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌ له‌ رووی مه‌نهه‌ج و بیروباوه‌ر و به‌رنامه‌ی عیباده‌ته‌وه‌ بێ ئاگابن، ئه‌مڕۆ موسوڵمانان كێێشه‌یان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر و ترسناكتره‌ كه‌ ساڵێك و دوو ساڵ وبگره‌ زیاتر ته‌نها خه‌ریكی مه‌خارج و سیفات بن، یان چه‌ند ساڵێك خه‌ریكی فێربوونی ئیمالاتی حه‌مزه‌و ڕاوه‌ستانه‌كانی بن له‌سه‌ر هه‌مزه‌ دواییش هیچ سوودێكی ته‌تبیقی له‌ زه‌مینه‌ی واقیعدا نه‌بێت و تاكو ئێستاش مامۆستایه‌كی قیرائاتمان تێدا هه‌ڵنه‌كه‌وتووه‌ موسوڵمانانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان سوودی لێ ببینن! موسوڵمانان پێویستی هه‌نووكه‌ییان به‌ جوان تێگه‌یشتنی بنه‌ماكانی بیروباوه‌ڕ هه‌یه‌ له‌قورئاندا و نیازیان به‌ڕاست ودرووست باوه‌ڕ هێنانه‌ به‌و ئایه‌تانه‌ی كه‌ زۆربه‌ی زۆری موسوڵمانان ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ و، به‌ زمانی حاڵیش- نه‌ك گوفتار- ئه‌ڵێن زۆرێك له‌م قورئانه‌ به‌ كه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمان نایه‌ت. 3- ئه‌مڕۆ قورئان له‌ناو موسوڵماناندا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك له‌ نامۆیی باوه‌ڕ ناكه‌م له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا تووشی ئه‌و نامۆییه‌ بووبێت، موسوڵمانان نه‌ واتای وشه‌كانی ئه‌زان و نه‌ چه‌مكی ئایه‌ته‌كانی تێگه‌یشتوون و ره‌هه‌نده‌كانی بیروباوه‌ڕی لێوه‌رئه‌گرن، ئه‌مڕۆ قورئان له‌ كوردستاندا دوو جۆر هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر یه‌كه‌میان له‌لایه‌ن بیری عه‌لمانییه‌وه‌ دووه‌میان له‌لایه‌ن به‌ناو زاناو بانگخوازی موسوڵمانه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌درێت كه‌ ئه‌وان بوونه‌ته‌ ته‌واوكه‌ری ئه‌و هێرشه‌و هه‌رجارێك بنه‌مایه‌كی لای موسوڵمانان ده‌شێوێنن و هه‌ر جارێك حوكمێكی به‌ به‌هانه‌یه‌كه‌وه‌ لێ ده‌قرتێنن، خۆ سه‌رقاڵ كردن به‌ حوكمه‌كانی ته‌جویده‌وه‌ و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستی ساڵان له‌گه‌ڵ زانستێكی دوورودرێژی وه‌كو قیرائات به‌سه‌ربه‌ری وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ ماڵه‌كه‌ت گڕی گرتبێت و به‌ به‌رچاوته‌وه‌ بسوتێ تۆیش خه‌ریكی چاندنی گوڵ بیت له‌ باخچه‌ی ناو حه‌وشه‌كه‌تدا و بڵێی كه‌سناتوانێت له‌ گرنگی گوڵ و سه‌وزی و دره‌خت كه‌م بكاته‌وه‌! 4- زانستی قیرائات له‌ ئاسته‌ پێشكه‌وتووه‌كانیدا پێویستی به‌ چه‌ندین زانستی تره‌ وه‌كو ئامراز و یارمه‌تیده‌ر پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ فیربوونی خودی ئه‌و زانسته‌ بكرێت، فێرخواز پێویستی به‌ شاره‌زاییه‌كی تۆكمه‌ هه‌یه‌ له‌ نه‌حو و سه‌رف و به‌لاغه‌ و زانسته‌كانی عه‌ره‌بیدا به‌ گشتی، به‌ڵام ئێستا له‌ كوردستاندا مه‌سه‌له‌كه‌ ئاوه‌ژوو كراوه‌ته‌وه‌، كه‌سانێك خه‌ریكی قیرائاتی سه‌بعه‌و عه‌شره‌ن زانیارییان له‌ زانسته‌كانی عه‌ره‌بی هه‌ر زۆر سنوورداره‌ و تێیاندا هه‌یه‌ فاعل و مه‌فعول له‌یه‌كتر ناكاته‌وه‌ چهه‌ندین قیرائه‌ت ئه‌ڵێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ باسمان كرد له‌سه‌ره‌وه‌ جۆرێكه‌ له‌ تێكدان بۆ زانستیك كه‌ له‌ سه‌رده‌مانی دێریندا هه‌موو زانایه‌ك خۆی له‌ ئۆقره‌ی نه‌داوه‌ له‌ به‌ر گرانی و دوورودرێژی بابه‌ته‌كانی، له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ڕو ده‌دات له‌ شێواندن و تێكدانی زانستی قیرائات به‌ هۆی نه‌شاره‌زایی و په‌له‌كردنی به‌ ده‌ستهێنانی ئیجازه‌ له‌ هیچ شوێنێكی دونیا ڕووی نه‌داوه‌. 5- ئه‌وه‌ی كه‌ من له‌ كوردستاندا ئه‌یبینم ئه‌وه‌یه‌، زانستی قیرائات خه‌ڵكانێكی زۆری سه‌رقاڵ كردووه‌ به‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر جوان خویندنه‌وه‌ی پیته‌كانی قورئان و ده‌ركردنی پیته‌كان له‌ جیگه‌ی ڕاستی خۆیانه‌وه‌و كاتێكیش ده‌گه‌نه‌ خوێندنه‌وه‌ی ئایه‌تیك بۆ نموونه‌:(لَّا تَجِدُ قَوْمًا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ يُوَادُّونَ مَنْ حَادَّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَلَوْ كَانُوا آبَاءَهُمْ أَوْ أَبْنَاءَهُمْ أَوْ إِخْوَانَهُمْ أَوْ عَشِيرَتَهُمْ ۚ ) له‌م ئایه‌ته‌دا ته‌نها بیری بۆ ته‌حقیقی هه‌مزة و درێژكردنه‌وه‌ی غوننه‌ و وناسككردنه‌وه‌ی ڕائی كه‌سه‌ره‌دار ئه‌و حوكمانه‌ ئه‌چێت، چونكه‌ ئه‌و هه‌ر فریای ئه‌وه‌ كه‌وتووه‌ و قورئان كه‌ مه‌نهه‌جێكی تێروته‌سه‌له‌ بۆ ژیان لای ئه‌و بووه‌ته‌ كتێبێكی ته‌جوید و قیرائات! له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی حوكمی وه‌لائوبه‌ به‌رائی لێوه‌ فێر بێت هه‌موو بیرێكی بۆ لای حوكمه‌ ته‌جویدییه‌كان ده‌روات كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بێگومان ئه‌وه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌ كه‌م نییه‌ كه‌م نییه‌ و مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگیشه‌، به‌لام ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ تێگه‌یشتنی جه‌وهه‌ر و مه‌عنای ئایه‌ته‌كه‌یه‌ و نابێت بۆ نموونه‌ له‌ وشه‌ی (یوادون) ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ مه‌ددی لازمی بیربكه‌ویته‌وه‌ فڕی به‌سه‌ر واتاو حوكمی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌وه‌ نه‌بیت كه‌ هه‌ندێ به‌ناو موسوڵمانان بۆ نه‌یارانی دینه‌كه‌یان هه‌یانه‌.6- پێویسته‌ موسوڵمان كوڕی ڕۆژی خۆی بێت و ئه‌وه‌نده‌ ژیر بێت بزانێت دینه‌كه‌ی و برا موسوڵمانه‌كانی له‌ چی قۆناغێكدان و ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بۆیان له‌و كات و سه‌رده‌مه‌دا چییه‌ تاكو ئه‌وه‌یان زیاتر بۆ ڕوون بكاته‌وه‌ و به‌ هه‌موو توانه‌یه‌كی هه‌وڵی چاره‌سه‌ر و تیماركردنی ئه‌و برین و ئازاره‌ كوشندانه‌ بدات كه‌ پێوه‌ی ده‌ناڵێنن، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌سێك دڵی ژان بكات و كێشه‌ی له‌ دڵیدا هه‌بێت هاوكات په‌نجه‌یه‌كیشی ژان بكات تۆ بچیت به‌ هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ تیماری په‌نجه‌ی بكه‌یت و ڕوو له‌ ئازاری دڵی وه‌رگێڕیت. 7- ئه‌مڕۆ ئایینی ئیسلام له‌م ناوچه‌یه‌ی و بگره‌ له‌ سه‌رانسه‌ری دونیا ڕووبه‌ڕووی لێشاوێكی ناله‌باری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بووه‌ته‌وه‌ له‌ دژایه‌تی نه‌یارانی ده‌ره‌كی و ناشیرین كردنی له‌لایه‌ن ناحه‌زانی ناوخۆیییه‌وه‌، ئیسلام وه‌كو بیروباوه‌ڕ و مه‌نهه‌ج كراوه‌ته‌ ئامانج و هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی موسوڵمانان له‌ دینه‌كه‌یان و پێشكه‌شكردنی جێگره‌وه‌كه‌ی له‌ فیكری عه‌لمانی وسۆشیالیستی و ناسیۆنالیزمی بۆیان، به‌و پێیه‌ش تێگه‌یشتنی بنه‌ماكانی عه‌قیده‌و گێڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی بۆ سه‌ر ڕاسته‌ شه‌قامی كیتاب و سونه‌ت پێویسته‌ ئه‌ركی یه‌كه‌می هه‌موو موسوڵمانێكی خه‌مخۆر بێت وئه‌وه‌ به‌ ئه‌ركی هه‌نووكه‌یی (واجب الوقت ) خۆی بزانێت، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ تێگه‌یشتنی قورئان هه‌یه‌ وه‌كو مه‌نهه‌جێكی بیروباوه‌ڕ و شه‌ریعه‌تیكی گشتگیر بۆ ژیان و هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنی سوننه‌ت له‌ ڕێگه‌ی خویدننه‌وه‌و لێكوڵینه‌وه‌ له‌ كتیبه‌كانی فه‌رمووده‌ به‌ گشتی و كتێبه‌كانی عه‌قیده‌و كاركردنی له‌سه‌ر چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی عه‌قیده‌ له‌ دڵی نه‌وه‌ی داهاتوودا به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت چونكه‌ وه‌كو دیاره‌ هێرشێكی چڕ هه‌یه‌ بۆ تیكدانی چه‌مكه‌كانی ئیسلام له‌ دڵی خه‌ڵكیدا، له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌گه‌ر زۆرێك له‌ موسوڵمانان له‌ جیاتی به‌ره‌نگاربوونه‌ی ئه‌و هێرشه‌ ته‌مه‌نیان له‌ ته‌جوید و قیرائاتدا سه‌رف بكه‌ن و وابزانن هیچیان نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ داواكاری و ئاواتی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ سه‌رقاڵی ئه‌و هێرشكردنه‌ن له‌ دژی ئیسلام!. 8- هه‌رگیز نابێت كه‌س له‌م ورییاییه‌ی ده‌یده‌م وا تێبگات من خۆشحاڵ نیم موسوڵمانان گرنگی به‌و زانسته‌ به‌ڕێزه‌ بده‌ن و تێیدا لێهاتوو بن، نه‌خێر ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ته‌جویده‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌لای كه‌م موسوڵمان بتوانێت قورئان به‌ ڕیوایه‌تی حفص به‌ جوانی و به‌بێ هه‌ڵه‌ بخوینیته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ واجب ئه‌زانم، بۆ پسپۆڕی قیرائاتیش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ست به‌ خۆشحاڵی و شانازی ئه‌كه‌م كه‌سانیكی به‌ توانا له‌ ناوكورددا خه‌ریكی بن و سه‌رمانی پی به‌رز بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ من وه‌كو خۆم ساڵانێك خه‌ریكی فێربوونی ئه‌و زانسته‌ بوومه‌ و فه‌زڵ و چاكه‌ی په‌روه‌ردگاریشم به‌سه‌رمه‌وه‌یه‌ به‌وه‌ی پشت و په‌نام بووه‌ بۆ پێگه‌یاندنی خویدكارێكی زۆر و چه‌ندین مامۆستاش كه‌ ئیسته‌ ئه‌وانیش خه‌ریكی فێركردنی خویندكارانی ئه‌و زانسته‌ن، هه‌وره‌ها الله جل جلاله یارمه‌تیدام كه‌ یه‌كه‌مین شه‌رح و لێكدانه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌تنی یه‌كیك له‌ گرنگترین كتێبه‌كانی ته‌جوید كه‌ بریتییه‌ له‌ (متن الجزریة) دابنه‌م كه‌ تاكو ئێستا سێ جار چاپ كراوه‌ و هه‌زاران نوسخه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی فێرخوازاندایه‌، هه‌روه‌ها هه‌رچی زاراوه‌كانی زانستی قیرائاتیش هه‌یه‌ كردوومه‌ته‌ كوردی له‌ كتێبێكدا كه‌ ئێستا له‌ كتێبخانه‌كاندا به‌رده‌سته‌، به‌ڵام خه‌می من له‌وه‌دایه‌ ده‌بینم زۆرێك له‌ موسوڵمانان نازانن چی پیلانێك بۆ دینه‌كه‌یان له‌ ئارادایه‌و ده‌رك به‌وه‌ ناكه‌ن قه‌باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ له‌ خشته‌بردنی موسوڵمانان چه‌ند گه‌وره‌یه‌ ودۆست و دوژمنی خۆیان و دینه‌كه‌یان ناناسن و له‌ ئاستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و بارودرخه‌دا نین و ئه‌وله‌ویته‌كانیان لێ گۆڕاوه‌. 9- به‌ قه‌ناعه‌تی من وه‌كو قیرائاتی عه‌شره‌ چی سوغرا بێت یان كوبرا چه‌ند كه‌سانێكی كه‌م له‌ كوردستاندا ته‌واو لێهاتوو بن تێیدا بۆ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا به‌سه‌، واته‌ قیرائاتی عه‌شره‌ به‌له‌به‌ركردنه‌وه‌ ضبط بكه‌ن و الشاطبیة و الدرة و الطیبة یان له‌به‌ر بێت ، كه‌ من دڵنیام یه‌ك كه‌سیش نییه‌ له‌و ئاسته‌دا بیت له‌ كوردستاندا، له‌وه‌ش تێپه‌ڕێت جوان خوێندنه‌وه‌ی قورئان به‌ پێی ڕیوایه‌تی حفص به‌سه‌ و موسوڵمان هه‌وڵه‌كانی چڕ بكاته‌وه‌ بۆ تێگه‌یتشنی په‌یام وواتاو بنه‌ماكانی قورئانی پیرۆز، هه‌روه‌ها ڕێبازی ئیسلام وه‌كو عه‌قیده‌و شه‌ریعه‌ت له‌ قورئان و كتێبه‌كانی سوننه‌ت وه‌ربگرێت وجگه‌ له‌وه‌ش گرنگی زۆر بدات به‌ كتێبه‌كانی زانایانی پێشینانی سێ سه‌ده‌ باشه‌كان وهه‌له‌كانی ته‌مه‌ن له‌ تێگه‌یشتنی گشتگیر بۆ ئیسلام خه‌رج بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خۆی و ده‌ور و به‌ری له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌ما به‌ هێزانه‌ په‌روه‌رده‌ بكات و هاوكات جاهیلییه‌تی هاوچه‌رخ بناسێت و خۆی و ده‌روبه‌ری نزیكی خۆی له‌ لێشاوه‌ تونده‌كانی بپارێزێت. 10- ئه‌گه‌ر بێت موسوڵمانان به‌ گشتی، یان بانگخوازان ونووسه‌ران وپێشنوێژو وتارخوێنان له‌ درێژایی ژیانیدا جگه‌ له‌ ڕیوایه‌تی حفص هیچ خویندنه‌وه‌یه‌كی تر له‌ خوێندنه‌وه‌كانی قورئا فێر نه‌بن، كێشه‌ بۆ دیندارییان له‌ بیروباوه‌ڕ و شه‌رعدا درووست نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و په‌یامه‌ عه‌قیدییه‌ی له‌ قورئاندا هاتووه‌، یان له‌ ورده‌كارییه‌كانی سوننه‌ت كه‌ له‌ كتێبه‌كانی فه‌رمووده‌دا هاتووه‌، یان له‌ تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌كانی زانایانی پێشینانی چاكی ئوممه‌ت بۆ قورئان و سوننه‌ت بێبه‌ش بیت، ئه‌گه‌ر جه‌هلیان به‌ ته‌وحید و جۆره‌كانی شیرك هه‌بێت، یان ڕه‌هه‌نده‌كانی نه‌زانینی واتاكانی ئه‌سمائوسیفات نه‌زانن، گه‌وره‌ترین كێشه‌یان بۆدرووست ئه‌بێت له‌ دین و دونیاندا، بۆیه‌ كاتێك خۆ خه‌ریك كردن به‌ زانستی قیرائاته‌وه‌ باشه‌ هه‌موو ئه‌و پێویستییانه‌ت ته‌واو كردبێت و پێش شێوازی خوێندنه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كان واتاو ته‌فسیرو حوكمی بیروباوه‌ڕ و ڕێبازی موسوڵمانێتی خۆتت لێ وه‌رگرتبێت. 11- یه‌كێكی تر له‌و وریاییانه‌ی پێویسته‌ له‌م باره‌وه‌ بدرێت ئه‌وه‌یه‌ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ ناحه‌زانی ئیسلام بۆ نموونه‌ ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان ئه‌م زانسته‌یان وه‌كو كه‌لێنێك ته‌ماشا كردووه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ تانه‌ له‌ ڕاستێتی قورئان بده‌ن، به‌رده‌وام زانایانیش به‌رپه‌رچیان داونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی ئێستا خه‌ریكی ئه‌و زانسته‌ن له‌ كوردستان ئه‌وه‌ نازانن توانایان زۆر له‌وه‌ كه‌متره‌ وه‌ڵامی ئه‌و گومانانه‌ بداته‌وه‌، هه‌ر تانه‌یه‌كیش له‌ قیرائات بدرێت توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نه‌یارانی قورئانیان نییه‌‌ به‌و شێوه‌ش زیانی كاره‌كه‌یان له‌ سوودی زۆرتر ئه‌بێت بۆ ئیسلام كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ململانێیه‌كی سه‌ختدایه‌ له‌ گه‌ل ناحه‌زانیدا.  12- سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێكیش به‌داخه‌وه‌ ئه‌و زانسته‌ به‌ پێی بنچینه‌كانی خۆی وه‌رناگیردرێت هه‌روه‌كو چۆن ئه‌مڕۆ گه‌نده‌ڵی له‌م وڵاته‌دا باڵی ڕه‌شی به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا كێشاوه‌، مه‌خابن ئه‌م زانسته‌شی گرتووه‌ته‌وه‌ و له‌ دیارده‌كانی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌: * له‌لای هه‌دێك له‌ مامۆستایان ناڵێم هه‌موویان بووه‌ته‌ جۆرێك له‌ پاره‌ په‌یدا كردن و هۆكارێك بۆ خۆژیاندن و خۆ پێگه‌یاندن له‌ ڕووی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌شیان خۆی له‌ خۆ ده‌رخستن و ئاهه‌نگ گێڕان و خۆخستنه‌ناو مه‌ترسی ڕوپاماییه‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌گینا كه‌ی مه‌عقوله‌ له‌به‌ر كردنی قورئان بكرێته‌ هۆكارێك بۆ خۆ هه‌ڵنان و دونیا ئاگه‌دار بكه‌یته‌وه‌ كه‌ تۆ قورئانت له‌به‌ر كردووه‌. * خوێندكارێكی زۆر ئیجازه‌یان وه‌رگرتووه‌ له‌ كاتێكدا خویندنه‌وه‌یان هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه‌ و نازانن به‌ جوانی قورئان بخویننه‌وه‌ و هێشتا شاییسته‌ی وه‌رگرتنی ئیجازه‌ نین، ئاخر ئه‌م بابه‌ته‌ بابه‌تی خاتر گرتن و ڕووگیری نییه‌ تا مامۆستا ڕێز له‌ كه‌سێك بگرێت و رووگیری بێت و ئیجازه‌ی پێ بدات بی ئه‌وه‌ی لێهاتوویی ته‌واوی په‌یدا كردبێت، به‌داخه‌وه‌ له‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ له‌ كوردستاندا زۆرن و له‌ زۆربوونیشدان. *چه‌ندین كه‌س هه‌یه‌ به‌ په‌له‌په‌ل، یان ته‌نانه‌ت به‌ ماوه‌یه‌كی زۆریش ئیجازه‌ی چه‌ندین قیرائه‌تی جگه‌ له‌ حفص وه‌رگرتووه‌، به‌ڵكو ئیجازه‌ی قیرائاتی عه‌شره‌ی به‌بێ مه‌رجه‌كانی خۆی وه‌رگرتووه‌، به‌ڵكو ئه‌شیڵێته‌وه‌ به‌ خوێندكاران! به‌ڵام نازانن ئیعراب وته‌وجیهی قیرائه‌ته‌كان چییه‌ ، وه‌جهه‌كانی له‌یه‌كتر جیاناكه‌نه‌وه‌، له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا كه‌ بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و زانسته‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كڵۆڵن، نه‌ك سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ڵكو یه‌ك سه‌رچاوه‌یان له‌ سه‌رچاوه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی زانستی قیرائات نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌ و بیشیخوێننه‌وه‌ ( بۆ نموونه‌ كتێبێكی وه‌كو حرز الاماني ووجه التهاني) وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ گویزیان بۆ بژمێریت! نه‌خوازه‌ڵا له‌به‌ریان كردبێت و لێكدانه‌وه‌كه‌ی بزانن، ئه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌سێك بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ مێژووی ئیسلامی هه‌بێت و هیچی ده‌رباره‌ی الطبري و ابن الأثیر و ابن كثیر نه‌بیستبێت،ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ لادان و به‌لاڕێبردنی ئه‌و زانسته‌ له‌ كوردستاندا، كه‌ له‌وانه‌یه‌ حاڵ وا بڕوات چه‌ند ساڵێكی تر هه‌زاران خاوه‌ن ئیجازه‌ی نا شاییسته‌ په‌یدا بن، وه‌كو كورد ئه‌ڵێن: ناوێكی گه‌وره‌و شارێكی وێران. * شێوازی وتنه‌وه‌ی هه‌ندێ ڕیوایاتی قورس وپڕ له‌ ورده‌كاری وه‌كو ڕیوایه‌تی قالون و وه‌رش یان قیرائه‌تی یه‌عقوب بۆ نموونه‌ ئاسان وخۆش كراوه‌ته‌وه‌ ‌! و ته‌نها یه‌ك وه‌جهی به‌ خوێندكاران ده‌وترێت ئه‌و وه‌جهه‌ش به‌ته‌واوی مافی نادرێت . * كۆمه‌ڵێك مامۆستای ئه‌و زانسته‌ له‌ برا عه‌ره‌به‌كان له‌ ساڵانی ڕابووردودا له‌ كاتی ڕووداوه‌كاندا هاتنه‌ كورستانه‌وه‌ هه‌ندیكیان -ناڵێم هه‌موویان - ئه‌م زانسته‌یان كرده‌ هۆكارێك بۆ دابین كردنی كرێ خانوو و بژێوی ژیان و به‌كورتی وه‌كو كاسبییه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌ گه‌لی كرد، خوێدكارێك له‌ شارێك له‌ شاره‌كانی كوردستان بۆی گێڕامه‌وه‌ ئه‌یوت یه‌كیك له‌و مامۆستایانه‌ له‌ شارێكی تره‌وه‌ ئه‌هات بۆ لامان ئه‌یوت ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك بووین هه‌موو جارێك یه‌كی بیست و پێنج هه‌زارمان بۆی كۆ ئه‌كرده‌وه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش ڕوونه‌ كه‌ ڕه‌هه‌ندێكی بازرگانی وه‌رگرتووه‌. * له‌ دیارده‌ خراپه‌كانی زۆر بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و زانسته‌ ئه‌وه‌یه‌ بوو به‌ چاولێكه‌ری، ئیجازه‌ لای زۆرێك وه‌كو ئامانج ته‌ماشا ئه‌كرێت كه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فێربوونی زانسته‌كه‌ ئه‌بێت بكرێته‌ ئامانج. * هه‌روه‌ها له‌ دیارده‌ نه‌خوازراوه‌كانی هاوڕێ له‌ گه‌ل زۆربوونی ئه‌م زانسته‌ له‌ كوردستاندا ئه‌وه‌یه‌ ئاهه‌نگ گێران و خۆده‌رخستن و كێبڕكێكردنی نێوان ڕێكخراوه‌كان و مامۆستایان و هه‌وره‌ها حیزبه‌ ئیسلامییه‌كانیش هاتوونه‌نه‌ سه‌ر خه‌ت بۆ قۆستنه‌وه‌ی هه‌لی ئه‌و ژماره‌ زۆرانه‌ی ڕوو له‌ فێربوونی ئو زانسته‌ ئه‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌ لایه‌نی ڕوواڵه‌تی مه‌سه‌له‌كه‌ی زال كرده‌ سه‌ر لایه‌نه‌ زانستییه‌كه‌یدا، ته‌نانه‌ت وای لێ هاتووه‌ ئێستا ڕێكخراوی واهه‌یه‌ سه‌ربه‌ حیزبێكی دیاری كراوه‌و ئه‌و خه‌رجی ده‌كات، ڕێكخراوێكی تر سه‌ر به‌ حیزبێكی تره‌ و كێبڕكێكه‌ زیاتر كۆمه‌ڵه‌ ڕه‌هه‌ندێكی وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ خراپترینیان تێكه‌ڵ بونێتی به‌ سیاسه‌ت، كه‌ سیاسه‌ت دیاره‌ به‌ چی ئاستێكی نزم گه‌یشتووه‌ لای خۆمان، جاوه‌ره‌ زانستی قیرائات بخرێته‌ ناو ئه‌و زه‌لكاوه‌ ئه‌بێت چی لێ ده‌ربچێت؟ * له‌ دیارده‌ خراپ و ناشه‌رعییه‌كانیش كه‌ فێربوونی ئه‌و زانسته‌ له‌ كوردستاندا به‌دوای خۆیدا هێنای ئه‌وه‌یه‌ ئافره‌ت - بێگومان مه‌به‌ستم هه‌ندێكیانه‌ ناڵێم هه‌موویان - به‌ ڕواڵه‌تێكی ناشه‌رعییه‌وه‌ چوونه‌ ناو ئه‌و زانسته‌وه‌ و فێربوونیا بۆ ئه‌و زانسته‌ بوو به‌ مایه‌ی تێكه‌ڵ بوونیان له‌ گه‌ڵ پیاواندا و وینه‌ گرتن و ئاهه‌نگ گێڕان و خۆنمایش كردنی فه‌یسبوك، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌م له‌ ڕووی ڕووپامایی و ڕیائه‌وه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ و هه‌م له‌ ڕووه‌ شه‌رعییه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ فێربوونی ته‌جوید و قیرائات و ده‌بێته‌ به‌هانه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی نێوان پیاوان و ئافره‌تان به‌و پاساوه‌وه‌ به‌رده‌وام وانه‌و موحازه‌رات و ئاهه‌نگی ئیجازه‌ دابه‌ش كردنی مامۆستای پیاو بۆ خوێندكاری ئافره‌ت به‌رده‌وامی ده‌بێت و ئه‌وه‌ش زۆربه‌ی زانایان وه‌كو سد الذریعة ش بێت به‌ حه‌رامیان زانیوه‌، ئینجا ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له‌ ته‌له‌فیزیۆنه‌كاندا ده‌بینرێت به‌رهه‌می ساڵێك یان زیاتر خوێندنی ئه‌و خوێندكاره‌یه‌ له‌لای ئه‌و مامۆستا، یه‌كێكیشه‌ له‌و دیارده‌ خراپانه‌ی كه‌ هه‌ندێ له‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كانی كوردستان كه‌ به‌ تێكه‌ڵ كردنی چه‌مكه‌كان و سنووربه‌زاندنی شه‌رع ناسراون هێنایانه‌ سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع، جاری وا هه‌یه‌ كۆمه‌ڵه‌ ئافره‌تێك پاش چه‌ند ساڵێك قورئان له‌به‌ر كردن ئاهه‌نگێكی گه‌ورهیان بۆ ساز ده‌كرێت كۆمه‌ڵه‌ به‌رپرسێكی حكومی ئاماده‌ی ئه‌بن كه‌ هه‌ر خۆیان وتوویانه‌ ئه‌و قورئانه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژگاره‌ ناگونجێت و پێویسته‌ ڕێكی بخه‌ینه‌وه‌! به‌لای منه‌وه‌ ئه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ خه‌رمانێك كۆبكه‌یته‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا به‌ ده‌ستی خۆت بیسووتێنێت. له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: زانستی قیرائات له‌ كوردستاندا به‌ پێی بنه‌ماو ڕێكارو و ڕیكخستنی زانستی پێویست به‌ڕێوه‌ ناچات، به‌ڵكو مۆركێكی كوردی خراوه‌ته‌ سه‌ر كه‌ جۆرێكه‌ له‌ شێواندن وكورداندن، جا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێڕه‌وه‌كه‌ی ڕاست بكرێته‌وه‌و بتوانێت ڕۆڵی ته‌ندروستی خۆی ببینێت،سه‌ره‌تا پێویسته‌ هه‌موو ئیجازه‌یه‌ك كه‌ تا ئێستا به‌خشراوه‌ته‌ فێرخوازان بخرێته‌ به‌رده‌م لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕی به‌توانا بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕاست و درووستی سه‌نه‌ده‌كه‌ بكرێت و له‌وه‌ش گرنگتر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ توانا و شاییسته‌یی خاوه‌ن ئیجازه‌و ئیجازه‌ده‌ره‌كه‌ش(المجیز و المجاز) بكرێت وه‌كو فلته‌رێك هه‌م بۆ دڵنیابوون له‌و ئیجازه‌یه‌ و هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی قورساییه‌كی زانستی پێویستی هه‌بێت، پێویسته‌ كه‌سانێكی زانا و پسپۆڕی بێ لایه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بكرێنه‌ دادوه‌ر و داوه‌ر له‌سه‌ر ئه‌هلییه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌شێن بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و زانسته‌، هه‌روه‌ها پیویسته‌ كۆمه‌ڵه‌ مه‌رجێكی زانستی قورس له‌ ڕووناكی قسه‌ی زانایاندا بۆ ئه‌م زانسته‌ له‌ كورستاندا دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو ئه‌ڵێن نه‌بیته‌ هه‌ركێ بۆ خۆی و ده‌ره‌نجام نه‌ك ته‌نها زانسته‌كه‌ به‌ جوانی فێر نه‌بین به‌ڵكو ببێته‌ ڕێگریش له‌به‌ر وه‌رگرتنی چه‌ندین زانستی تر كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كورستاندا زۆر له‌و زانسته‌ پێویستتره‌. ئه‌مه‌ بۆچوون و قه‌ناعه‌تی كه‌سێتی خۆمه‌ وه‌كو خویندكارێك كه‌ خه‌ریكی خویندنه‌وه‌و فێربوونم له‌ سه‌رچاوه‌كانی زانستی قیرائاتدا، وه‌كو مامۆستایه‌كیش كه‌ تاكو ئێستا له‌ ئاستێكی سنوورداردا سه‌رقاڵم به‌ وتنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و زانسته‌، جا ئه‌گه‌ر پێكابێتم ئه‌وه‌ فه‌زڵ و چاكه‌ی په‌روه‌ردگارمه‌ به‌سه‌رمه‌وه‌، ئه‌گه‌ریش هه‌ڵه‌م كردبێت و له‌هه‌ر به‌شێكی قسه‌كانمدا نه‌مپێكابێت داوای لێخۆشبوون له‌ په‌روه‌ردگارم ئه‌كه‌م و لێی په‌شیمان ئه‌بمه‌وه‌ هه‌ركاتێك بۆم ده‌ركه‌ویت كه‌ هه‌ڵه‌ بوومه‌..وصلی الله وسلم علی محمد وعلی آله و صحبه وسلم تسلیما كثیرا. إحسان برهان الدین 18 جمادى الأول 1440 24/1/2019 سلێمانی

زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: (ئه‌ڵقه‌ی حه‌وته‌م) ئیجازه‌ی قورئانی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی بژێوی
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: ئه‌ڵقه‌ی حه‌وته‌م ئیجازه‌ی قورئانی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی بژێوی بێگومان له‌ بنچینه‌دا زۆربوونی ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی په‌رۆشن بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له‌ قورئانخوێندندا دیارده‌یه‌كی باش و دڵخۆشكه‌ره‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ناخۆشی كردووه‌ و نایه‌ڵێت ببێته‌ مایه‌ی دڵخۆشی كێبڕكێی وه‌رگرتنی ئیجازه‌یه‌ له‌پێنا ئیجازه‌دا نه‌ك وه‌رگرتنی به‌ پێی ماف و مه‌رجه‌كانی خۆی ، ئه‌وه‌ش یارمه‌تی ئه‌م دیارده‌ نامۆیه‌یدا هاتنی هه‌ندێ مامۆستای عه‌ره‌ب بوو بۆ گه‌رمیان و هه‌ولێر و شوێنی تر كه‌ هه‌ندیكیان به‌ گۆتره‌و به‌ بێ هه‌بوونی هیچ مه‌رجێكی زانستی ده‌ستیان كردووه‌ به‌ دابه‌ش كردنی ئیجازه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و قوتابیه‌ فێری زانسته‌كه‌ بكه‌ن به‌ڵكو به‌بێ ئه‌وه‌ی قورئانیشی له‌لا خه‌تم بكه‌ن ، لێیان ده‌ناسم هه‌ڵه‌ بۆ فێرخوازه‌كه‌ چاك ناكات ، به‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند جوزئێكی كه‌میش ئیجازه‌ ده‌دات ، هاوكات له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌وه‌ی كردووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ دابینكردنی مانگانه‌یه‌كی باش و چه‌ندین سوودی مادی تر ، ئه‌گه‌ر چی بازرگانی به‌ قورئان خراپترین جۆری بازرگانی ناشه‌رعیه‌ به‌ڵام خۆزگه‌ وه‌كو ئه‌و كاره‌یان كرد قوتابیه‌كه‌یان فێر ده‌كرد به‌شێوه‌یه‌كی جوان ، له‌و كاته‌ ته‌نها تاوانی ئه‌وه‌یان ده‌بوو كه‌ كیتابی خوایان وه‌كو ئامرازێكی به‌ ده‌ستخستنی پاره‌ به‌ كارهێناوه‌ ، نه‌ك هه‌ڵسن به‌ تێكدانی شیرازه‌ی زانستێكی پیرۆز وه‌كو زانستی قیرائاتی قورئانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی پله‌و پایه‌ی له‌ دڵی خه‌ڵكیدا. إحسان برهان الدین 2015-12-16 سلێماني
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: (ئه‌ڵقه‌ی شه‌شه‌م) مۆڵه‌تپێدراو نابێت له‌ قورئانخوێندندا هه‌ڵه‌ بكات
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: ئه‌ڵقه‌ی شه‌شه‌م مۆڵه‌تپێدراو نابێت له‌ قورئانخوێندندا هه‌ڵه‌ بكات ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێته‌ خاوه‌نی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن واته‌ ده‌بێته‌ مامۆستا و ده‌توانێت له‌ ڕووی كرده‌یی و تیۆرییه‌وه‌ دانیشێت بۆ فێركردنی خه‌ڵكی ، سه‌ره‌كیترین مه‌رجه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ به‌ هیچ شیوه‌یه‌ك له‌ خویندنه‌وه‌ی قورئاندا هه‌له‌ نه‌كات ، نه‌هه‌ڵه‌ی ئاشكرا (جلي) و نه‌هه‌ڵه‌ی شاراوه‌ (خفي) ، سه‌رباری ئه‌وه‌ش پیویسته‌ ئه‌وه‌نده‌ سه‌رچاوه‌ی خویندبێته‌وه‌ له‌ زانسته‌كه‌دا بتوانێت قوتابییه‌كه‌ی به‌ پێی بنه‌ماكانی زانستی قیرائات فێر بكات ، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌زموونی هه‌بێت و گوێی له‌ قورئان گرتبێت بتوانێت هه‌ڵه‌ی ورد چاك بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ خودی مامۆستا هه‌ر كه‌مته‌رخه‌می و كه‌م و كورتییه‌كه‌ هه‌بێت به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی زیاتر له‌ فێرخوازه‌كه‌یدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ و، شلگیری له‌م بواره‌دا ده‌بێته‌ مایه‌ی نه‌هێشتنی شكۆی ئیجازه‌ی قورئانی و هاوكات نه‌ ئامانجی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ ده‌پێكرێت و ونه‌ ئه‌و كه‌سه‌ش به‌ مۆڵه‌تیكی ناشاییسته‌ ده‌بیته‌ مامۆستا ،ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌وانه‌ی مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ نازانن به‌ جوانی قورئان بخویننه‌وه‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر تاقیكردنه‌وه‌شیان بۆ بكرێت له‌ ڕووی تیوری له‌ پرسیاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ته‌جوید ده‌رناچن نه‌خوازه‌ڵا ورده‌كاری قیرائات! من به‌ ڕاشكاوی پیم باشه‌ ئه‌وه‌ باس بكه‌م كه‌ ئه‌مرۆ له‌ كوردستاندا زۆرێك له‌وانه‌ی ئیجازه‌ی قورئانخویندن وه‌رده‌گرن شاییسته‌ی نین و ئه‌م پرسه‌ به‌سه‌ره‌تایه‌كی لاواز و هه‌ڵه‌ له‌ كوردستان ده‌ستی پێكردووه‌ و پێویستی به‌ راستكردنه‌وه‌ی ئاراسته‌كه‌ی هه‌یه‌ له‌ لایان مامۆستایانی به‌ تواناو ده‌سته‌ی پسپۆڕ له‌ زانستی قیرائاتدا ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ئیجازه‌ بریتی بێت له‌مه‌ی لای خۆمان ده‌گوزه‌رێ ، ئه‌وا دوای چه‌ند ساڵێك به‌ جارێ ئه‌م زانسته‌ له‌ ناوه‌ڕۆك به‌تاڵ ده‌كرێت و ته‌نها ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ناوێكی گه‌وره‌و شارێكی وێران. إحسان برهان الدین مۆڵه‌تپێدراو له‌ قیرائاتی عه‌شره‌ 2015-12-15 سلێماني
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: (ئه‌ڵقه‌ی پێنجه‌م) مه‌رجه‌كانی ئیجازه‌ وه‌رگرتن له‌ قورئاندا
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: ئه‌ڵقه‌ی پێنجه‌م مه‌رجه‌كانی ئیجازه‌ وه‌رگرتن له‌ قورئاندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رپێچیه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ بواری ره‌چاونه‌كردنی هه‌بوونی مه‌رجه‌كانی ئیجازه‌وه‌رگرتن له‌ بواری خویندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز و حال گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی زۆر مۆڵه‌تپیدراو ده‌بینی حوكمه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ته‌جوید نازانیت به‌ باشم زانی باسی ئه‌و مه‌رجانه‌ بكه‌م كه‌ پیویسته‌ له‌ فێرخوازدا هه‌بێت پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستكاته‌ خویندنی خه‌تمه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌ویت ئیجازه‌و سه‌نه‌د وه‌ربگرێت له‌ خوێندنه‌وه‌ی قورئاندا به‌ پێی قسه‌ی زانایان پێویسته‌ چه‌ند مه‌رجێكی تێدا بێت له‌وانه‌ دوو مه‌رجی سه‌ره‌كیه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌یبێت: 1- العدالة: ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌ویت ئیجازه‌ی قورئان وه‌ربگرێت پێویسته‌ عه‌داله‌تی تێدا جیبه‌جێ بووبێت ، واته‌: فاسق نه‌بێت ، تاوانی ئاشكرای نه‌بێت پێی بناسرێت ، ئه‌هلی بیدعه‌ نه‌بێت و عه‌قیده‌ی ڕاست و دروست بێت ، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ هه‌ڵگرێكی خراپ و ناشاییسته‌ بۆ قورئانی پیرۆز ، ئینجا ئیجازه‌ شایه‌تیدانه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی خه‌تمه‌یه‌كی قورئانی ته‌واو كردووه‌ كه‌ ئه‌هله‌ و شایانی ئه‌وه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ، لێپرسینه‌وه‌ی تێدا ده‌بێت لای خوای گه‌وره‌ بۆ مۆڵه‌تده‌رو مۆڵه‌ت پێدراو پێكه‌وه‌.بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تپێدراوه‌كه‌ تاوانی به‌ ئاشكرا ده‌كرد یان درۆی ده‌كرد ئه‌وه‌ شایه‌تیه‌كی ناحه‌قی بۆ دراوه‌. 2- الضَّبْطُ : واته‌ لێهاتوویی و كارامه‌یی و شاره‌زایی ته‌واو له‌ خوێندنه‌وه‌ی قورئان به‌ پێی بنه‌ماكانی ته‌جوید، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ دوو به‌شه‌وه‌: یه‌كه‌م: ضبط العلم والفهم : پێویسته‌ قوتابی به‌ باشی له‌ مامۆستاكه‌ی تێبگات ، ئه‌و ڕیوایه‌ته‌ی كه‌ لای خوێندوویه‌تی به‌ جوانی وه‌ریگرتبێت له‌ ڕووی( أصول و فرش) بنه‌ما نه‌گۆڕ و گۆڕاوه‌كان ، هه‌رچی ورده‌كاری خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕیوایه‌ته‌ هه‌یه‌ فێری بوو بێت.پێویسته‌ وه‌جهه‌كان شێوازه‌كانی ئه‌و ڕیوایه‌ته‌ ، جێگاكانی راوه‌ستان و ده‌ست پێكردن به‌ گشتی ئه‌وه‌ی تایبه‌ته‌ به‌و ڕیواته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت ، ئه‌م جۆره‌ ضبط ه به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ئاسانكاری و كه‌مته‌رخه‌می تێدا بكرێت له‌ لایه‌ن مامۆستا و ، هه‌رگیز به‌ ته‌نها كوێگرتن له‌ مامۆستا به‌ ده‌ست نایه‌ت به‌ڵكو پیویسته‌ سه‌رچاوه‌ی قیرائات بخوێنیته‌وه‌ و له‌ ڕووی تیۆریه‌وه‌ خۆی پڕ زانیاری بكات ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ریكی خوێندنێتی . دووه‌م: ضبطُ الحفظِ والاستظهارِ والأداء: واته‌: پاش تێگه‌یشتنی باش و له‌به‌ركردنی قورئان - هیچ نه‌بێت چه‌ند جوزئیك- و فێرخواز بتوانیت به‌ جوانترین شێوه‌ ڕه‌چاوی حوكمه‌كان بكات و ورده‌كاری پایه‌كانی مه‌د و غوننه‌كان و ده‌ربڕینی ڕاست و ئه‌و پیته‌ به‌رزو نزمانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ته‌نیشتی یه‌كتر و وشه‌ تایبه‌ته‌كان كه‌ راستخویندنه‌وه‌یان پێویستی به‌ لێهاتووی هه‌یه‌ و ئه‌و حاله‌تانه‌ی به‌ زیاتر له‌ شیوازێك ده‌خوێنرێنه‌وه‌و و زۆر شتی تر كه‌ ئێستا ناكرێت شیبكه‌ینه‌وه‌ .. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم له‌م ڕۆژگاره‌، له‌ كوردستان قوتابی خاوه‌ن مۆڵه‌ت نه‌ك هه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی لاوازه‌ به‌لكو جاری وا هه‌یه‌ هه‌ر نیه‌تی ، ئه‌دائیشی هه‌ڵه‌یه‌ و گوێگری شاره‌زا سه‌رسام ده‌بیت له‌سه‌ر چی بنه‌مایه‌ك ئیجازه‌ی پیدراوه‌ ، بۆیه‌ پێویسته‌ مامۆستا قوتابی وه‌رنه‌گرێت تاكو دڵنیا ده‌بیت له‌ توانای ، هه‌روه‌ها له‌ تیگه‌یشتنی زمانی عه‌ره‌بی و نوتقی بۆ پیته‌كان و شاره‌زابوون له‌ (مخارج و صفات و أحكام) ، پیویسته‌ چه‌ندین كتێبی بۆ دیاری بكات بیخوێنێته‌وه‌ و دواتر تاقیكردنه‌وه‌ی بۆ بكات ، بۆ نموونه‌ چه‌ند كتێبێكی سه‌ره‌تایی وه‌كو (تحفة الاطفال و المقدمة الجزریة) و چه‌ند شه‌رحێكیان ، یان ئه‌گه‌ر ڕیوایه‌تێكی وه‌كو وه‌رش یان قالون ی ده‌خوێند سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ بخوێنیته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی دانیشێت بۆ خوێندنه‌وه‌و گوێگرتن. به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی پشت گوێ خستنی ئه‌م مه‌رجانه‌ و بگره‌ جاری وا هه‌یه‌ خودی مامۆستاش ئه‌وانه‌ نازانێت تاكو قوتابیه‌كه‌ی فێر بكات ، ئێستا حاڵه‌تێكی نائاسایی و نامۆ دروستبووه‌ له‌ كوردستان ، ئه‌وه‌نده‌ی من شاره‌زا بم له‌ گه‌رمیان و سلیمانی و هه‌ولێر و زۆر ناوچه‌ی تر (زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كان)كێبڕكێ ته‌نها بۆ وه‌رگرتنی ئیجازه‌یه‌ نه‌ك بۆ فیر بوونی زانست ، ئه‌مه‌ش نه‌پاراستنی ئه‌مانه‌ته‌و و سووككردنی زانستێكی مه‌زنه‌ وه‌كو زانستی قیرائات كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كیتابی خوای گه‌وره‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر بێت مامۆستایانی به‌ توانا و لایه‌نه‌ پسپۆڕ و به‌رپرسه‌كان فریای ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌كه‌ون چه‌ند ساڵێكی تر گه‌وره‌ترین زیان به‌و زانسته‌ ده‌كه‌ویت و چه‌مكه‌كان هه‌مووی ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه‌. إحسان برهان الدین مۆڵه‌تپێدراو له‌ قیرائاتی عه‌شره‌ 2015-12-13 سلێماني
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: (ئه‌ڵقه‌ی چواره‌م) ئایا پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ئیجازه‌ی به‌كه‌س داوه‌؟
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: ئه‌ڵقه‌ی چواره‌م ئایا پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ئیجازه‌ی به‌كه‌س داوه‌؟ له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم شتێك نه‌بوو به‌ ناوی ئیجازه‌ی قورئانی ، وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م باسه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌ره‌تای نووسینی كتێبدا له‌سه‌رده‌می (التدوین) له‌ سه‌ده‌یه‌ی سێیه‌می كۆچی بۆ یه‌كه‌م جار په‌یدا بوو بێت ، له‌ بنچینه‌شدا ئیجازه‌ بۆ فه‌رمووده‌ بوو دواتر له‌ بواری قورئان خوێندندا په‌یدا بوو. كه‌واته‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ئیجازه‌ی له‌ جیبریل علیه السلام وه‌رنه‌گرتووه‌و هاوه‌ڵانیش كه‌سیان ئیجازه‌یان له‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم وه‌رنه‌گرتووه‌ ، به‌ڵام ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ ئه‌م كاره‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نه‌بێت ، بۆیه‌ زانایان له‌م باره‌وه‌ هه‌ندێ به‌ڵگه‌ ده‌هێننه‌وه‌ وه‌كو: ته‌زكیه‌ كردنی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌ هاوه‌ڵان و لێوردبوونه‌وه‌ی هاوه‌ڵان له‌ بواری جوان خوێندنه‌وه‌ی قورئان له‌ گه‌ڵ تابعییه‌كاندا فه‌رموویانه‌ ئه‌وه‌ له‌ ئیجازه‌ پێدان گرنگتره‌ ، به‌ڵام به‌ گشتی وشه‌ی ئیجازه‌ له‌ قورئاندا له‌سه‌ده‌ی سێیه‌می كۆچی په‌یدا بوو له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای كتێب دانان له‌ زانستی قیرائاتدا له‌و سه‌رده‌مه‌شدا مه‌رجی به‌راورد له‌ گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمان زۆر قورس بوه‌ چونكه‌ قوتابی ئیجازه‌ی وه‌رگرت واته‌ ده‌بێته‌ مامۆستا. إحسان برهان الدین مۆڵه‌تپێدراو له‌ قیرائاتی عه‌شره‌ 2015-12-13 سلێماني
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: (ئه‌ڵقه‌ی سێیه‌م) ئایا هه‌بوونی ئیجازه‌ مه‌رجه‌ بۆ فێركردنی قورئان؟
#زنجیره‌_باسی_ئیجازه‌ی_قورئانخوێندن: ئه‌ڵقه‌ی سێیه‌م ئایا هه‌بوونی ئیجازه‌ مه‌رجه‌ بۆ فێركردنی قورئان؟ ئایا مه‌رجه‌ مامۆستای فێركردنی قورئان مۆڵه‌تی به‌سه‌نه‌د وه‌رگرتبێت له‌ مامۆستایه‌كی له‌ خۆی شاره‌زاتر ، یان ئه‌گه‌ر لێهاتوویی تێدا بوو و له‌ ڕووی تێۆری و كرده‌ییه‌وه‌ ئه‌توانێ هه‌ڵسێت به‌وكاره‌؟ زانایان له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ فه‌رموویانه‌: (لا تأخذ القرآن من مصحفي، ولا العلم من صحفي. ) واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی خه‌ڵكی فێری قورئانخوێندن ده‌كات پێویسته‌ له‌ مامۆستایه‌كی كارامه‌ی وه‌رگرتبێت نه‌ك خۆی خۆی فێر كردبێت چونكه‌ قورئان ورده‌كاری زۆری تیدایه‌ و زۆربه‌شی پێویسته‌ له‌ زاری مامۆستاوه‌ به‌ ده‌ربڕین فێری ببیت ، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ ئیجازه‌ی نه‌بوو ناتوانێت به‌و كاره‌ هه‌ڵسێت ، ده‌كرێت كه‌سێك به‌ جوانی فێری قورئان بووبێت و ئیجازه‌ی نه‌بێت و خه‌ڵكی فێر بكات ، له‌م باره‌وه‌ پێشه‌وا السیوطي له‌ الإتقان في علوم القرآن دا به‌ توندی وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ واده‌زانن مامۆستای قورئان پێویسته‌ ئیجازه‌ی هه‌بێت ، خۆ ئه‌گه‌ر ئیجازه‌ی به‌ شاییسنه‌یی وه‌رگرتبێت ئه‌وه‌ باشتره‌ چونكه‌ ئیجازه‌ واتای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌سێكی شاره‌زا مۆڵه‌تی قوتابییه‌كی داوه‌ بۆ فێركردنی قورئان به‌ هۆی هه‌بوونی مه‌رجه‌كانی مامۆستایه‌تی قورئان.   إحسان برهان الدین مۆڵه‌تپێدراو له‌ قیرائاتی عه‌شره‌ 2015-12-13 سلێماني
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: (ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م) پێناسه‌ی ئیجازه‌ی قورئانی
#زنجیره‌_باسی_ئیجازه‌ی_قورئانخوێندن: ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م پێناسه‌ی ئیجازه‌ی قورئانی له‌ ڕووی زمانه‌وانییه‌وه‌ : له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا ده‌وترێت: (جاز الطریق) واته‌: ڕێگاكه‌ی بڕی ، یان ده‌وترێت (أجاز رأیه) واته‌: بۆچوونه‌كه‌ی خۆی تێپه‌ڕاند ، هه‌روه‌ها به‌ واتای خه‌ڵات دێت ، ده‌وترێت: أجاز يُجيزُهُ، إذا أعطاهُ. وه‌كو له‌ فه‌رموده‌كه‌ی بوخاریدا هاتووه‌: « أَجيزوا الوفد بنحو ما كنتُ أُجيزُهم به ».(بڕوانه‌: تهذيب اللغة لأبي منصور الأزهري، وتاج العروس للزبيدي). ئیجازه‌ وه‌كو زاراوه‌ یریتی یه‌ له‌: (إذن في الرواية لفظًا أو خطًا) مۆڵه‌تیكه‌ بۆ قورئانخوێندن به‌ڕیوایه‌ت له‌ ڕێگه‌ی ده‌ربڕین یان نووسین. یان :( شهادة من الشيخ المجيز للطالب المجاز ببلوغ مرتبة معينة في العلم.مثل: الحفظ، الإتقان في الأداء، الأهلية للإقراء). واته‌: واته‌ شایه‌تییه‌ یان بڕوانامه‌یه‌كه‌ مامۆستای شاره‌زا له‌ قورئانخوێندن ده‌یداته‌ قوتابیه‌كه‌ی كه‌ ئه‌و گه‌یشتووه‌ته‌ پله‌وپایه‌یه‌كی دیاریكراو له‌ زانستی خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆزدا ، وه‌كو: له‌به‌ركردن و كارامه‌یی و لێهاتوویی له‌ خویندنه‌وه‌یدا هه‌روه‌ها تواناو ئاماده‌یی بۆ گه‌یاندنی ئه‌و زانسته‌ به‌ فێرخوازانی زانست.بڕوانه‌: الإجازات القرآنیة/ محمد بن فهد البشر . له‌م پێناسه‌وه‌ ده‌توانین بزانین كێ شاییسته‌ی ئیجازه‌یه‌ و كێ شاییسته‌ی نییه‌. إحسان برهان الدین مۆڵه‌تپێدراو له‌ قیرائاتی عه‌شره‌ 2015-12-12 سلێماني
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: (ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌م) دیارده‌ی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن به‌ره‌و كوێ؟
زنجیره‌ باسی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن: ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌م دیارده‌ی ئیجازه‌ی قورئانخوێندن به‌ره‌و كوێ؟ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا دیارده‌یه‌كی نامۆ په‌یدا بووه‌ ، به‌ڕواڵه‌ت زۆر باشه‌ به‌ڵام كاتێك له‌ ناوه‌ڕۆك و ده‌ره‌نجامه‌كانی ورد ده‌بیته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت خراپه‌ی له‌ چاكه‌ی زۆرتره‌ ، ئه‌و دیارده‌یه‌ش به‌ كورتی: مه‌سه‌له‌ی قورئان خوێندنه‌ له‌ لای مامۆستایه‌ك به‌مه‌به‌ستی ئیجازه‌ وه‌رگرتن ، له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ به‌ پێی مه‌رجه‌كانی خۆی بێت و له‌ ئاڕاسته‌ی زانایانی قیرائات لا نه‌دات بێگومان نه‌ك هه‌ر كارێكی باشه‌ به‌ڵكو مایه‌ی شانازیشه‌ ئه‌م زانسته‌ له‌ ناو گه‌لی كورد دا په‌ره‌ بسێنێت و به‌و شێوه‌ بڵاوبیته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من به‌ دواداچوونم بۆ كردووه‌ و خۆم تا ڕاده‌یه‌ك له‌ نیو پرسه‌كه‌دام زیاتر چاولێكه‌رییه‌ و په‌رۆشیه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئیجازه‌ تاكو شاره‌زابوون و كارامه‌یی له‌ قورئانخوێندندا ، ئه‌م دیارده‌یه‌ش سه‌رباری ئه‌وه‌ش كه‌ پێچه‌وانه‌ی قسه‌ی زانایانی قیرائاته‌ ، هۆكارێكیشه‌ بۆ بێ بایه‌خكردنی ئیجازه‌ی قورئانی و ده‌رچوونێكه‌ له‌و یاساو ڕێسایانه‌ی كه‌ زانایان به‌وپه‌ڕی توندو تۆڵی دایانناوه‌ ، كه‌چی ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا به‌داخه‌وه‌ بووه‌ته‌ پرسێكی ڕواڵه‌تی و ئه‌مڕۆ كه‌ هێشتا چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌م باسه‌ هاتووه‌ته‌ نێو كوردستان مۆڵه‌تپیدراوێكی زۆر په‌یدا بوونه‌ نازانن به‌ باشی قورئان بخوێننه‌وه‌ ، سه‌باره‌ت به‌ بواری تیۆریش وه‌كو زانستی ته‌جوید و بنه‌ماكانی قیرائات له‌لای پێشه‌وایانی قیرائات له‌ولایه‌نه‌شه‌وه‌ زۆر لاوازن ، ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌به‌ستمه‌ بیڵیم لادانێكی حاشاهه‌لنه‌گر په‌یدا بووه‌ له‌ لایان هه‌ندێ له‌و مامۆستایانه‌ی قورئان به‌ فێرخوازان ده‌ڵێنه‌وه‌ و ره‌چاوی شێوازی زانایان ناكه‌ن له‌ فێركردندا ، ئه‌مه‌ش له‌ ئایینده‌دا ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌و ژماره‌ی مۆڵه‌ت پیدراوی ناشاییسته‌ ڕۆژ له‌ ڕۆژ زیاتر ده‌بێت و له‌ كۆتاییدا ئه‌بیت ئه‌وه‌ بزانرێت مه‌سه‌له‌كه‌ زۆری ئیجازه‌ نییه‌ و به‌ بانگه‌شه‌ و لافلێدان نابێت ، به‌ڵكو به‌ كردارو ڕێكردن له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی زانایانی قیرائات ده‌بێت كه‌ هه‌رگیز به‌م شێوازه‌ شله‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێ خه‌ڵكیان فێر نه‌كردووه‌، ئه‌م كێشه‌ی كه‌ باسی ده‌كه‌م ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ دیارده‌و له‌ شێوازی جیا جیا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ ،نكۆڵی له‌ هه‌بوونی مامۆستای كارامه‌و قوتابی چاك ناكه‌م ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ زه‌نگی ترسناكی لێده‌دات ئه‌و هه‌موو مۆڵه‌ت پێدراوانه‌یه‌ كه‌ سبه‌ی ده‌بنه‌ بار به‌سه‌ر زانسته‌كه‌وه‌و هاوكات ده‌بنه‌ مامۆستایه‌كی بێ توانا كه‌ لاوازییه‌كه‌یان به‌ دوو هێنده‌ له‌ قوتابییه‌كانیاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.. هه‌ر بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی توانا هه‌ندێ له‌ شێوازه‌كانی ئه‌و دیارده‌ خراپه‌ بخه‌مه‌ ڕوو له‌ چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌كی داهاتوودا. إحسان برهان الدین مۆڵه‌تپێدراو له‌ قیرائاتی عه‌شره‌ 2015-12-12 سلێماني