العربیة
/بیانناسە/
زنجیرەی بیانناسە ٧٤- راشد الغنوشي
: 477
2018-04-08
كه‌سايه‌تييه‌كى ئيسلامى تونسييه‌ له‌سه‌ر ئاستى جيهان ناوبانگى هه‌يه‌، له‌ تونس له‌ ساڵى 1941 له‌ دايكبووه‌، بنه‌ماكانى ئايينى له‌ جامعة الزيتونة خويندووه‌و دواتر له‌ ساڵى 1964 چووه‌ته‌ ميسر بۆ خوێندنى كشت وكاڵ له‌وێيش به‌ هۆى تێكچوونى په‌يوه‌ندى نێوان ميسر و تونس نه‌يتوانيوه‌ به‌رده‌وام بێت و له‌ دواى ساڵ و نيوێك چووته‌ ديمه‌شق وله‌وێ له‌ ساڵى 1968 به‌كالۆريۆسى له‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ و، دواتر چووه‌ته‌ فه‌ره‌نسا به‌مه‌به‌ستى درێژه‌دان به‌ خوێندنى باڵا له‌ سۆربۆن و فێرى زمانى فه‌ره‌نسى بووه‌، له‌ فه‌ره‌نسا سه‌ره‌تاكانى كارى ئيسلامى ده‌ست پيكردووه‌ و په‌يوه‌ندى به‌ كۆمه‌ڵه‌ى التبليغ كردووه‌، به‌ڵام دواى ساڵێك له‌به‌ر هه‌ندێ هۆكارى خێزانى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ تونس و بووه‌ته‌ مامۆستاى بابه‌تى فه‌لسه‌فه‌.   له‌ كۆتايى شه‌سته‌كاندا غه‌ننوشى بزوتنه‌وه‌ى نه‌هزه‌ى ئيسلامى درووست كردووه‌ و، چالاكييه‌كانى خۆى له‌ نێو قوتابياندا له‌ تونس ده‌ست پێكردووه‌. راشد الغنوشى چه‌ندين جار به‌هۆى كارى ئيسلامى له‌ تونس به‌ زيندانى حوكم دراوه‌، له‌ ساڵى 1981 يانزه‌ ساڵ حوكم دراوه‌ ودواى چه‌ند ساڵێك له‌ لێبوردنێكى گشتيدا ئازاد كراوه‌،‌ به‌ڵام له‌ ساڵى 1987 حوكم دراوه‌ به‌ زيندانى هه‌تا هه‌تايى وبه‌هۆى كوده‌تاى بن عه‌لى له‌ 1988 ئازادكراوه‌، دواى ئه‌وه‌ ڕووى كردووه‌ته‌ جزائير و ئينجا سودان وله‌وێيشه‌وه‌ چووه‌ته‌ بريتانيا وله‌ 1993 مافى په‌نابه‌رێتى سياسى وه‌رگرتووه‌، له‌ ساڵى 1991 و 1999 له‌ تونس دووجارى تر حوكمى زيندانى هه‌تا هه‌تايى دراوه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى غيابى. غه‌ننوشى وه‌كو فيكر به‌ يه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى ئيخوان ده‌ژمێردرێت و ئه‌و هه‌ميشه‌ به‌وه‌ شانازى كردووه‌ ئه‌گه‌ر چى به‌رنامه‌ى ئيش و كارى ئه‌و له‌ نه‌هزه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى په‌تى ئيخوانى نه‌بووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تاكانيان له‌ كارى ئيسلاميدا له‌ تونس به‌ (سيد قطب و مودودي و حسن البنا) كاريگه‌ر بوونه‌ و خۆى ئه‌ڵێت من بۆ زانستى ئيسلامى نه‌ده‌گه‌ڕام چونكه‌ ئه‌وه‌ زۆر بوو، به‌ڵكو به‌دواى ڕه‌مزو سونبولێكدا ده‌گه‌ڕام، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ى دواييدا لێيان كه‌وته‌ ڕه‌خنه‌گرتن و له‌ هه‌ندێك لێدواندا سه‌ركرده‌كانى ئيخوانى به‌ شپرز وبێ به‌رنامه‌ وه‌سف كرد، هه‌روه‌ها به‌ په‌له‌كردن و هه‌ڵه‌ و نه‌زانين له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وه‌ڵاتدا وه‌سفى كردن و له‌ لێدوانێكيدا بۆ كه‌ناڵى العربية وتى ئه‌وان هيچ پرسێكيان به‌ ئێمه‌ نه‌كردوه‌و له‌سه‌ر پرسى لادانى مورسى وتى: (إخوان مصر فقدوا الحكم بطريقة صبيانية) واته‌: ئيخوانه‌كانى ميسر به‌ شێوه‌يه‌كى مناڵانه‌ حوكميان له‌ ده‌ستى خۆيان ده‌ركرد، پێشتريش به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌ر ڕه‌خنه‌ى له‌ ئيخوان گرتووه‌.   راشد الغنوشى گومانى تێدا نييه‌ كه‌ يه‌كێكه‌ له‌و سه‌ركرده‌ ئيسلاميانه‌ى ڕۆڵيان هه‌بووه‌ له‌ زيندووكردنه‌وه‌ى ئيسلام له‌ تونس و له‌ ڵاتانى ده‌وروبه‌ريش كاريگه‌رى بووه‌،به‌تايبه‌تى له‌و ساڵانه‌ى كه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى بورقێبه‌ بوو، كه‌ جه‌نگێكى له‌ دژى ئيسلام ڕاگه‌ياندبوو، ئيسلام به‌ قۆناغێكى سه‌ختدا له‌ نامۆيى له‌ تونس تێپه‌ڕ ده‌بوو. غه‌ننوشى له‌ گه‌ڵ ڕۆژگاريشدا پاش پته‌و كردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ل حسن الترابي و هه‌ندێكى تر له‌و كه‌سايه‌تييانه‌ى له‌ ئيخوان هه‌ڵگه‌رابوونه‌وه‌، له‌ ئيخوان دووركه‌وته‌وه‌و له‌ قۆناغه‌كانى بيركردنه‌وه‌يدا به‌ كۆمه‌ڵێك وێستگه‌ى جيا جيا و نوێ تێپه‌ڕ بووه‌، ئينجا به‌ هۆى پۆلێن كردنى له‌سه‌ر قوتابخانه‌ى عه‌قلانييه‌كان، ڕێژه‌ى لادانه‌كانى غه‌نووشى له‌ كيتاب و سوننه‌ت و مه‌نهه‌جى بيروباوه‌رى ئيسلامى زيادى كرد وهيچ ڕه‌خنه‌يه‌كيشى قبوڵ نه‌ده‌كرد له‌و باره‌وه‌، به‌ڵكو هه‌مان ئه‌و لادانانه‌ى پێى تۆمه‌تبار ده‌كرا ئه‌و به‌ چاكه‌و فه‌زيله‌ى ده‌زانى بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ى، ئێستاش گه‌يشتووه‌ته‌ چڵه‌ پۆپه‌ى ئه‌و گۆڕانكارييه‌ فيكرييانه‌ى كه‌ پێشبينى ئه‌كرا و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ پێش بينى نه‌ده‌كرا له‌ لاداندا . له‌ ڕاستيدا غه‌ننوشى به‌ چه‌ندين قۆناغ له‌ ژيانيدا تێپه‌ڕبووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بيناسى - وه‌كو توێژه‌رێك ئه‌ڵێت - پێويسته‌ كتێبه‌كه‌ى دوكتۆر صلاح الجورشي؛ ئيسلامييه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كان ( الإسلاميون التقدميون ) بخوێنيته‌وه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ بريتى بوون له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ ئيخوانه‌كانى تونس جيابوونه‌وه‌ له‌ ئيخوانى گه‌وره‌ ودواتر بزوتنه‌وه‌ى نه‌هزه‌ و سه‌رۆكه‌كه‌شى كه‌وته‌ ژێر كاريگه‌رى ئه‌وانه‌وه‌ . هۆكارێكى تريش بۆ ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ى هات به‌سه‌ر غه‌ننوشيدا سه‌رسام بوونى بوو به‌ كه‌سايه‌تى و فيكرى حسن الترابي، چونكه‌ ئه‌ويش له‌ ئيخوان جيابووبوويه‌وه‌و هێڵێكى نوێى له‌ كارى ئيسلامى بۆ خۆى دامه‌زراندبوو، ئه‌مه‌ش هانى غه‌نووشى دا هه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه‌ى تورابى له‌ تونس دووباره‌ بكاته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ى له‌ كۆتايى حه‌فتاكانه‌وه‌ په‌يوه‌ندى نێوانيان توند و تۆڵ بوويه‌وه‌ و غه‌ننوشى ته‌وجيهات و ڕێنمايى له‌و وه‌رده‌گر.   به‌ بڕواى غه‌ننووشى وه‌كو له‌ په‌راوێزێكيدا له‌سه‌ر كتێبى ( الإسلام الاجتماعي في تونس ) د. محمد الهرماسي ده‌ڵێت: ديارده‌ى ئيسلامه‌تى له‌ تونس خۆى له‌ سێ ته‌وه‌ردا ده‌بينێته‌وه‌:   1- ديندارى كلاسيكى تونسى كه‌ ئاوێته‌يه‌كه‌ له‌ مه‌زهه‌بى ماليكى و بيروباوه‌ڕى ئه‌شعه‌رييه‌كان و ڕێبازى سۆفييه‌كان. 2- ديندارى سه‌له‌فى ئيخوانى كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هاتووه‌ و ئه‌ويش له‌لاى خۆيه‌وه‌ بريتيه‌ له‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى مه‌زهه‌به‌ فيقهييه‌كان وهه‌روه‌ها فيكرى سياسى ئيخوانيش له‌ خۆ ئه‌گرێت كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر گشتگيرى ده‌كاته‌وه‌.هه‌روه‌ها مه‌نهه‌جێكى په‌روه‌رده‌يى و ڕه‌وشتى و بيروباوه‌ڕيشه‌. 3- ديندارى عه‌قلانى كه‌ بێ ئه‌وه‌ى خۆى و بزوتنه‌وه‌كه‌ى له‌سه‌رى پۆلێن بكات به‌ فه‌رمى ، وا دياره‌ دوا جار به‌ ته‌واوى خۆيان له‌و جۆره‌ ديندارييه‌دا بينيه‌ته‌وه‌، كه‌ يه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كييه‌كانى ئه‌و شێوازه‌ له‌ دينداردا بريتى بوو له‌: - گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌يه‌ بۆ ڕێڕه‌وى موعته‌زيله‌كان و مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئيسلام به‌ پێى شێوازى مامه‌ڵه‌ى ئه‌وان . - هه‌روه‌ها بايه‌خدان به‌ ڕێڕه‌وى خه‌واريج و شيعه‌ وه‌كو دوو نموونه‌ى موعاره‌زه‌ى سياسى. - هه‌روه‌رها له‌ پێويستييه‌كانى ئه‌م شێوازه‌ عه‌قلانييه‌ له‌ ديندارى ئه‌وه‌يه‌ ڕه‌خنه‌ى توند له‌ ڕێڕه‌وى كلاسيكى ئيخوان و هاوشێوه‌كانيان بگيردرێت وئه‌وان به‌ به‌شێك له‌سه‌له‌فييه‌ت له‌لايه‌ن غه‌ننوشيه‌وه‌ ناو براون به‌و واتايه‌ى كه‌ توندڕه‌ون له‌ تێگه‌يشتنى ئيسلامدا. - گێرانه‌وه‌ى بايه‌خ و گرنگى شاييتسته‌ بۆ ئه‌و بيرمه‌ندانه‌ى كه‌ ئيخوان وه‌كو پێويست بايه‌خيان پي نه‌دان وه‌كو: (محمد عبده ، الكواكبي ،الأفغاني ، الطهطاوي ،قاسم أمين). - گرنگىدان به‌ (الفهم المقاصدي للإسلام) له‌ جياتى گرنگىدان به‌ ده‌قه‌كان. - بايه‌خدان و سوود وه‌رگرتن له‌ ڕۆژئاوا به‌ پێچه‌وانه‌ى بيرى سه‌له‌فيزم و ئيخوانيزم كه‌ ئه‌وان ته‌نها وه‌كو شارستانيه‌تێكى مادى هه‌ڵوه‌شاوه‌ ته‌ماشا ئه‌كه‌ن، به‌ڵكو پێويسته‌ سوود له‌ ڕێكخستن و ڕۆشنبيرى وزانسته‌ مرۆڤايه‌تييه‌كانيان بكرێت. - ئينجا ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و شێوازه‌ دابه‌شكردنه‌ كه‌ پێشتر سه‌له‌فى و ئيخوان كاريان له‌سه‌رى كردووه‌ به‌ دابه‌شكردنى خه‌ڵكى بۆ موسوڵمان و كافر، چونكه‌ ئه‌وه‌ پراوێزخستنه‌ بۆ ململانێ ڕاسته‌قينه‌كه‌، به‌ڵكو پيويسته‌ خه‌ڵكى پۆلێن بكرێن له‌سه‌ر بنه‌ماى: نيشتمان په‌روه‌ر وخائين ، شۆڕشگێڕو دواكه‌وتوو ، فه‌لاح و ده‌ره‌به‌گ. - گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ بۆ قوتابخانه‌ى چاكسازى تونسى ( خير الدين ، الحداد ) .   لادانى مه‌نهه‌جى راشد الغنوشى خۆى له‌ پێنج ته‌وه‌ردا ده‌بينيته‌وه‌، به‌ پوخته‌يى ده‌يخه‌ينه‌ ڕوو:   يه‌كه‌م: هه‌ڵوێستى له‌ عه‌قيده‌ وبيروباوه‌رى ئيسلامى: هه‌ڵوێستى غه‌ننوشى له‌و باره‌وه‌ ديار نييه‌ وڕاڕايه‌، له‌ هه‌ندێ نووسينيدا خۆى وه‌كو سه‌له‌فى نيشان ئه‌دات، بۆ نموونه‌ له‌ كتێبى الحركة الإسلامية والتحديث (ل: 21) ده‌ڵێت: : " استمداد الإسلام من أصوله دون تعصب لما وجد في تاريخ الإسلام من نظريات واجتهادات ، فالأصل ما ورد في الكتاب والسنة وعصر الخلفاء" هه‌روه‌ها له‌ كتێبى ( حقوق المواطنة ) وا ده‌ره‌كه‌ويت باوه‌ڕى به‌ توحيد الألوهية هه‌يه‌ و بگره‌ كتێبێكى خۆيشى پێشكه‌ش كردووه‌ به‌ شێخ محمد بن عبد الوهاب. به‌ڵام هاوكات له‌ گه‌ڵ باسكردنى هه‌ندێ بابه‌تى عه‌قيده‌ له‌ كتيبه‌كانيدا، وا ده‌رئه‌كه‌وێت له‌ بنچينه‌وه‌ شاره‌زاى عه‌قيده‌ى سه‌له‌ف نييه‌و ته‌نانه‌ت له‌ كتێبى حقوق المواطنة (ل: 44) باوه‌ڕى موعته‌زيله‌ له‌ جياتى باوه‌رى ئه‌هلى سوننه‌و جه‌ماعه‌و باس ئه‌كات وپێى نازانێت.له‌ گه‌ل زۆر نموونه‌ى تر كه‌ بێ ئاگايى ئه‌و نيشان ئه‌دات له‌ بيروباوه‌رى سه‌له‌ف و جێگيربوونى له‌سه‌ر پێچه‌وانه‌كه‌ى كه‌ به‌شێوه‌يه‌كى گشتى سه‌رسام بووه‌و قه‌ناعه‌تى به‌ فيكرى موعته‌زيله‌كان هه‌يه‌.   دووه‌م: هه‌ڵوێستى غه‌ننوشى له‌ بێباوه‌ڕان: كتێبى حقوق المواطنة هه‌موو هه‌ڵوێسته‌كانى ئه‌و پياوه‌ى به‌ ڕوونى له‌ خۆگرتووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ هه‌نديكيانه‌: - له‌ لاپه‌ڕه‌ 50 تاكو 57 باس له‌وه‌ ده‌كات بۆ ڕازيكردنى خاچ په‌رستان ئاساييه‌ وشه‌ى (أهل الذمة) لا ببرێت. - له‌ لاپه‌ڕه‌ 66 ، 72 باس له‌وه‌ ده‌كات موسوڵمانان و بێ باوه‌ڕان يه‌كسانن وجياوازيان نييه‌ ، (لهم ما لنا وعليهم ما علينا). - له‌ كتێبى ( الحريات العامة: ل: 293) هاتووه‌ كه‌ بێباوه‌ڕان له‌ ناو ده‌وڵه‌تى ئيسلاميدا بۆيان هه‌يه‌ خه‌ڵكى بانگ بكه‌ن بۆ دينى خۆيان، واته‌ ئه‌توانن موسوڵمانان بۆ ئايينى گاور و جوله‌كه‌ و بت په‌رسته‌كان بانگ بكه‌ن. - هه‌روه‌ها له‌ دوو توێ ئه‌و كتيبه‌دا هاتووه‌ كه‌ بێ باوه‌ڕان ده‌توانن له‌ ناوده‌وڵه‌تى ئيسلاميدا په‌رستگاى خۆيان درووست بكه‌ن و له‌ ماڵى زه‌كات به‌شيان بدرێت و جيزيه‌يان له‌سه‌ر لابدرێت و موسوڵمان به‌ كوشتنى كافر بكوژرێته‌وه‌ و ده‌توانن پله‌و پايه‌ى به‌رز وه‌كو وه‌زاره‌ت وه‌ربگرن و حيزب و كۆمه‌ڵه‌ دابمه‌زرێنن.   سێيه‌م: هه‌ڵوێستى غه‌ننوشى له‌ شيعه‌: - له‌ كتێبى ( الحركة الإسلامية والتحديث ) باوه‌ڕى وايه‌ بزوتنه‌وه‌ى ئيسلامى سوننى ته‌نها ڕيگه‌چاره‌ى ئه‌وه‌يه‌ په‌يڕه‌وى هه‌مان ڕێڕه‌وى شۆرشى ئيسلامى ئێران بكات. - له‌ هه‌مان كتێبدا ئه‌ڵێت ته‌وژمى ئيسلامى له‌ كۆمه‌ڵگا ئيسلامييه‌كاندا لێدوانى له‌ خۆى كردووه‌ له‌ سه‌رزارى گرنگترين (مجدد) كانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ وه‌كو: (الأفغاني وإقبال ومصطفى صبري والسوسي وابن باديس) شێوازى كۆتايى ته‌واويشى له‌سه‌ر ده‌ستى(حسن البنا والمودودي وسيد قطب والخميني ) وه‌رگرتووه‌. - له‌ جێگه‌يه‌كى ترى هه‌مان كتێبدا وتوويه‌تى: ( واليوم يبدأ الإسلام مع نجاح الثورة في إيران وباكستان دورة حضارية جديدة ). - كتێبى الحريات العامة ى خۆى پێشكه‌ش به‌ خومه‌ينى و صدر و شه‌ريعه‌تى كردووه‌ و ه‌ڵێت: (قائد الثورة الإسلامية المعاصرة الإمام الخميني ، والشهيد ! العلامة الصدر ، والشهيد علي شريعتي ..).زۆر جاريش كه‌ ناو زاناكانيان ده‌بات به‌ عه‌للامه‌ ناويان ده‌بات.   چواره‌م: هه‌ڵوێستى غه‌ننوشى له‌ ئافره‌ت: - له‌ كتێبى المرأة المسلمة في تونس (ل: 7 – 17) به‌ پێچه‌وانه‌ى ئايه‌تى:(وخلق منها زوجها) وزۆر فه‌رمووده‌ى صحيح و وته‌ى موفه‌سيره‌كان ده‌ڵێت: حه‌وا له‌ په‌راسووى ئاده‌م درووست نه‌كراوه‌، له‌و باره‌شه‌وه‌ زۆر به‌ڵگه‌ له‌قسه‌ى محمد عبده( كه‌ پێى وابوو ئاده‌م باوكى مرۆڤايه‌تى نييه‌و ده‌يان قسه‌ى نامۆى تر) ومحمد حسين الطباطابائي ئه‌هێنيته‌وه‌. - له‌ كتێبى (المرأه‌ المسلمة ل:38 و دواوه‌) باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ درووسته‌ پێغه‌مبه‌ر له‌ ئافره‌تان بێت، ئه‌م قسه‌ش له‌ كاتێكدايه‌ كه‌ ده‌رگاى پێغه‌مبه‌رايه‌تى داخراوه‌ وجارێكى تر پێغه‌مبه‌رێك ڕه‌وانه‌ ناكرێت تا ڕۆژى قيامه‌ت، له‌ ڕابوردوويشدا نه‌زانراوه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رێك ڕه‌وانه‌ كرابێت له‌ ڕه‌گه‌زى ئافره‌تان.   - هه‌ر له‌ هه‌مان كتێب و لاپه‌ڕه‌دا، تێكه‌ڵ بوونى پياوان و ژنان به‌ درووست ئه‌زانێت و، مه‌رجێكى بۆ داناوه‌ كه‌ قابيلى جێبه‌جي كردن نييه‌ كه‌ وتوويه‌تى: (في جو جاد بعيد عن الإثارة ، ومفعم بروح الفطرة العفوية)واته‌: له‌ كه‌ش و هه‌واويه‌كى دوور له‌ وروژاندن ، پڕ له‌ گيانى فيتره‌ت و له‌ خۆيه‌وه‌ به‌بێ به‌رنامه‌ درووست بێت! پاشان زۆر هانى ئافره‌تان ده‌دات له‌ ماڵه‌وه‌ دادنه‌نيشن و ده‌ڵێت: ( ليس في الإسلام ما يوجب على المرأة القيام برعاية لبيت الزوجية والأطفال ) واته‌: هيچ به‌ڵگه‌يه‌ك نييه‌ له‌ ئيسلامدا ئافره‌ت وابه‌سته‌ى ئه‌وه‌ بكات له‌ ماڵه‌وه‌ خه‌ريكى ماڵ و مناڵ بێت ! ئينجا به‌ پێچه‌وانه‌ى زمانى عه‌ره‌بى و قسه‌ى لێكده‌ره‌وانى قورئانى پيرۆز ئه‌ڵێت:(وقرن في بيوتكن) له‌ ويقاره‌وه‌ هاتووه‌و مه‌عناى ئه‌وه‌ نييه‌ له‌ماڵه‌كانى خۆتان بمێننه‌وه‌. - به‌ پێچه‌وانه‌ى يه‌كده‌نگى زانايانى ئيسلام ده‌ڵێت: ئاساييه‌ و درووسته‌ ئافره‌ت به‌رپرسياره‌تى گه‌وره‌ى وه‌كو خه‌ليفه‌و سه‌رۆكى وڵات و به‌رپرسيارێتى گه‌وره‌ى له‌و شێوه‌ وه‌ربگرێت (ئه‌مانه‌شى زۆربه‌ى له‌ حسن الترابي مامۆستاى وه‌رگرتووه‌).   پێنجه‌م: هه‌ڵوێسته‌ سياسيه‌كانى راشد الغنوشي: غه‌ننوشى يه‌كێكه‌ له‌ ديارترين ئه‌و كه‌سانه‌ى بانگه‌شه‌ بۆ ديموكراسيه‌تى ڕۆژئاوا ده‌كه‌ن، زۆرێكى له‌ كتێبى ( الحريات العامة ) ى بۆ ئه‌و پرسه‌ ته‌رخان كردووه‌.هه‌ميشه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ديموكراسييه‌ت له‌ ديكتاتۆرييه‌ت باشتره‌ وئه‌وانه‌ش له‌ ئيسلامييه‌كان ديموكراسيه‌ت ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، سبه‌ى ده‌بنه‌ خزمه‌تكارى ديكتاتۆرييه‌ت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئێمه‌ هه‌رگيز به‌ ده‌وڵه‌تى دادگه‌رى - كه‌ مه‌به‌ستى ئيسلامه‌ - ناگه‌ين به‌ بێ تێپه‌ڕبوون به‌ ده‌وڵه‌تى عه‌قڵ - كه‌ مه‌به‌ستى ديموكراسيه‌ته‌- .. بێگومان تێكگيرانى ديموكراسيه‌ت له‌گه‌ل بنه‌ما سه‌ره‌كييه‌كانى ئيسلام مه‌سه‌له‌يه‌ك نييه‌ شاراوه‌ بێت ووه‌كو ڕۆژى ڕوناك ئاشكراو به‌ڵگه‌ نه‌ويسته‌، خوێنه‌ريش ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م سێ سه‌رچاوه‌ بۆ زانينى حه‌قيقه‌تى ئه‌و سيستمه‌ دژ به‌ ئيسلامه‌: " الديمقراطية في الميزان " سعيد عبد العظيم ، و " خمسون مفسدة جلية من مفاسد الديمقراطية " لعبد المجيد الريمي ، و "حقيقة الديمقراطية " لمحمد شاكر الشريف.   * غه‌ننوشى له‌ مه‌سه‌له‌ى ديموكراسى و مه‌سه‌له‌كانى تر له‌ دينى خوا به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى زۆر زۆر (متساهل) ه‌ و هه‌موو شتێكى به‌ شل گرتووه‌! * سه‌رانى حيزبى نه‌هزه‌ به‌ تايبه‌تى جێگرى سه‌رۆك پارته‌كه‌ عبدالفتاح مۆرۆ بۆ ئه‌وه‌ى پێيان بوترێت كراوه‌و ڕه‌زامه‌ندى شه‌قام به‌ ده‌ست بهينن، هه‌موو دابه‌زينێك له‌ دينى خوا ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، له‌به‌رنامه‌ى زۆر سوك له‌ كه‌نڵه‌ ئاسمانييه‌كان به‌شدارى ئه‌كات كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ له‌ عه‌لمانييه‌كانيش له‌به‌ر پاراستنى كه‌سايه‌تى خۆيان به‌شدارى نه‌كه‌ن، به‌ڵام مۆرۆ به‌ بێ هيچ شه‌رمێك به‌شدارى ئه‌كات و خۆى ده‌كات به‌ گاڵته‌جاڕى هه‌ندێ ئافره‌ت و پياوى سووك كه‌ ئه‌و به‌رنامه‌ بێ ئابڕووانه‌ ئه‌به‌نه‌ ڕێوه‌ و پێشكه‌شى ئه‌كه‌ن.   * له‌ زۆرێك له‌ هه‌ڵوێسته‌ سياسيه‌كانيدا ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌يناسێت گومان له‌وه‌ ناكات كه‌ غه‌ننوشى خاوه‌ن بيرێكى ليبرالييه‌ يان هه‌ر بيرێكى ترى نا ئيسلامى، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵوێسته‌كانى له‌ ئيسلامه‌وه‌ دوورن، ته‌نها بۆ نموونه‌: * به‌ ڕاشكاوى له‌ ئايباك ڕايگه‌ياندووه‌ پاش سه‌ركه‌وتنيان له‌ تونس كه‌ ئه‌وان هيچ كێشه‌يان له‌گه‌ل ئيسرائيل نييه‌. * عه‌لمانيه‌تى تونس ڕه‌نگه‌ پيسترين جۆرى عه‌لمانيه‌ت بێت له‌سه‌ر زه‌ويدا، تا سه‌ر ئێسقان دوژمنى ئيسلامن، كاتێك غه‌ننوشى له‌ هه‌نده‌ران گه‌ڕايه‌وه‌ تونس - وه‌كو وجدي غنيم ده‌يگێڕێته‌وه‌ - ئافره‌ته‌كانيان به‌ڕووتى چوون بۆ فرۆكه‌خانه‌و وتيان تۆمان ناوێت بگه‌ڕێره‌وه‌. له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا له‌ هه‌موو بۆنه‌و سه‌ركه‌وتنێكى سياسيياندا غه‌ننوشى پيرۆزباييان لێ ده‌كات و به‌براو خۆشه‌ويستى خۆيانى ده‌زانێت.   * به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك هه‌وڵيان نه‌داوه‌ جيگاى به‌دره‌وه‌شتى و مه‌ى خواردن و هه‌رشتيك له‌گه‌ل ئيسلامدا ناكۆك بيت دايبخه‌ن يان سنووى بۆ دابنه‌ن. * له‌ چاوپێكه‌وتنيكى ڕاشكاوانه‌دا له‌ گه‌ل گۆڤارى (دير شبيغل الألمانية) له‌به‌روارى 17 _1 _ 2011 وتى: ( إننا لا نريد فرض الشريعة في تونس، إن ما تحتاجه تونس هو الحرية والديمقراطية الحقيقية) ئێمه‌ نامانه‌وێت شه‌ريعه‌ت بسه‌پێنين يان جێبه‌جێبكه‌ين له‌ تونس، ئه‌وه‌ى تونس پێويستى پێيه‌تى ئازادى و ديموكراسيه‌تى ڕاسته‌قينه‌يه‌) * له‌ ئوردون به‌رگرييه‌كى زۆرى له‌ حيزبى شيوعى ئه‌و وڵاته‌ كرد و داواى له‌ حكومه‌تى ئوردون كرد ئه‌و حيزبه‌ سه‌خله‌ت نه‌كه‌ن. * به‌ناو بۆچوونى سياسيه‌وه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆى نه‌ك هه‌ر ڕخنه‌ له‌ گه‌وره‌ هاوه‌ڵان ده‌گرێت ، به‌ڵكو تانه‌شيان لي ئه‌دات و ئه‌وه‌نده‌ى ڕه‌چاوى ئه‌ده‌ب وڕێز له‌ گه‌ل ئه‌و سه‌رۆكه‌ بێ دينه‌ى تونس ئه‌كات، به‌رانبه‌ر عومه‌رى كورى خه‌تتاب ڕه‌زاى خواى لێبێت نايكات كه‌ له‌ كتێبى (من تجربة الحركة الإسلامية في تونس )به‌ ديكتاتۆر وه‌سفى ده‌كات.يان كاتێك له‌ كتێبى (الحريات العامة في الدولة الاسلامية) به‌ ناشيرينترين وشه‌ وده‌ربڕين بێ ڕێزى به‌رانبه‌ر موعاويه‌ى كور ئه‌بو سوفيان ئه‌كات ڕه‌زاى خواى لێبێت و زۆر له‌ هاوه‌ڵانى تريش.   * له‌ چاوپێكه‌وتنێكى له‌ كه‌ناڵى (الحوار) كه‌ له‌ يوتيوب يش بڵاوبووته‌وه‌ ڕه‌خنه‌ى زۆر له‌ فيكرى سيد قطب ئه‌گرێت ڕه‌حمه‌تى خواى لێبێت ، هاوكات هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌يدا ستايشى زۆرى فيكرى خومه‌ينى و شۆرشى ئيسلامى ئێران ده‌كات.   * سه‌رۆكى وڵات ماوه‌يه‌ك پێش ئێستا چه‌ند بڕيارێكى دژ به‌ دينى خوا ده‌ركرد كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ گه‌ل قورئاندا تێك ده‌گيران، حيزبى نه‌هزه‌ به‌ په‌له‌و بێ دواكه‌وتن پشتگيرى خۆيان بۆ هه‌ردوو بڕياره‌كه‌ى الباجي قائد السبسي سه‌رۆكى تونس نيشان دا ، كه‌ يه‌كێكيان بريتى بوو له‌ يه‌كسانى ئافره‌تان و پباوان له‌ ميراتى و له‌هه‌موو شتێكدا و ، ئه‌وى تريشيان بريتى بوو ئازادى شووكردنى ئافره‌تى موسولمان به‌ غه‌يرى موسوڵمان كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ گه‌ل قورئان و فه‌رمووده‌و ئيجماعى ئه‌ممه‌ت تيكده‌گيرێت، به‌ڵام نه‌هزه‌كه‌ى غوننوشى و له‌سه‌ر زارى عبدالفتاح مۆرۆ پشتگيرى ته‌واوى خۆيان بۆ هه‌ردوو بڕياره‌كه‌ نيشاندا.   ته‌نانه‌ت طه جابر العلواني كه‌ هاوبير و هاوڕێى راشد الغنوشى خۆيه‌تى له‌ سه‌ره‌تاى كتێبى (حقوق المواطنة) ڕه‌خنه‌ له‌ غه‌ننوشى ده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو ته‌نازولاته‌ كه‌ بۆ عه‌لمانيه‌كان ده‌يكات و پێى ئه‌ڵێت ئه‌وان به‌ هيچ جۆره‌ به‌رنامه‌يه‌كى سياسى ئيسلامى ڕازى نابن، با هه‌رچه‌ند ده‌ستكارى حوكمه‌كانى ئيسلامى تيدا كرابێت ، ته‌نانه‌ت له‌ قسه‌يه‌كى زۆر سه‌يرى عه‌لوانى دا هاتووه‌: عه‌لمانييه‌كان ده‌زانن ئه‌و ئيسلامه‌ى ئيسلامييه‌ پێشكه‌وتن خوازه‌كان باسى ئه‌كه‌ن ئيسلامێكى جياوازه‌ به‌ڵام هه‌ر پێى ڕازى نابن!   * غه‌ننوشى وه‌كو سياسيه‌ك و هاوشێوه‌ى زۆربه‌ى هاوبيره‌كانى - به‌داخه‌وه‌ كه‌سێكى بێ بارو- متلون - ده‌رئه‌كه‌وێت، تا به‌رژه‌وه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتى سعوديه‌ هه‌بێت مه‌دح و ستايشيان ئه‌كات، كه‌ نه‌يبوو به‌ توندترين شێوه‌ دژايه‌تيان ده‌كات، لێره‌دا ته‌نها مه‌به‌ستم له‌ هه‌لوێتسه‌كانێتى به‌ده‌ر له‌وه‌ى ستايشى كێ ئه‌كات يان نايكات. هۆكاريشى ئه‌وه‌يه‌ له‌ ڕوانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى حيزب وسياسه‌تى بزوتنه‌وه‌كه‌ى ته‌ماشاى پرسه‌كان ده‌كات نه‌ك له‌ ڕوانگه‌ى حوكمى شه‌رع.   بۆ نووسينى ئه‌م بابه‌ته‌ سوودم له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگرتووه‌: - تدرجات راشد الغنوشي وأهم انحرافاته/سليمان بن صالح الخراشي. - القول الواضح والجلي في فساد عقيدة راشد الغنّوشيّ. - چه‌ندين چاوپێكه‌وتنى راشد غنوشي و هه‌ندي كه‌سايه‌تى تر كه‌ ڕه‌خنه‌يان ێ گرتووه‌ يان ستايشيان كردووه‌. - چه‌ندين بابه‌تى جياجيا له‌ سايته‌كانى ويكيبيدياو صيد الفوائد وسايتى تر ده‌رباره‌ى ژياننامه‌ى غه‌ننوشى.