العربیة
/ بیروباوەڕ/
مەرجەكانی موسوڵمان بوون چین؟
: 203
2024-01-28

لەو ڕۆژەوە ڕۆشنایی ئیسلام لە نیوەدورگەی عەرەبەوە بۆ تەواوی سەرزەوی بڵاو بوویەوە، هیچ كاتێك (موسوڵمانان) وەكو ژمارە ئەوەندەی ئەم سەردەمەی ئێستای خۆمان ژمارەیان زۆر نەبووە، بەڵام هیچ كاتێكیش كاریگەییان لەسەر سەردەمی خۆیان و بگرە لەسەر خۆیان و ماڵ و مناڵیشیان ئەوەندەی ئەم سەردەمەی ئێستا لاواز نەبووە. 

ئەلبەتە هۆكاری ئەو دەردەش گەلێك زۆرن، لەوانە، ژمارەی دانیشتوانی سەرزەوی خۆی لە زۆربووندایە، هەروەها لەسەیروسەمەرەكانی ئەم سەردەمە ئەوەیە پێناسەی ئیسلام و مەرجی موسوڵمان بوون تەواو گۆڕاوە و كاڵ بووەتەوە، بەڕاددەیەك لە زۆرێك لە وڵاتانی دونیادا موسوڵمان بوون هەر ئەو ملیمەیە كە لە پێناسەی باری شارستانییەكەیدا دەنووسرێت، واتە موسوڵمان بوون لەم سەردەمەدا هیچ ئەرك و قورسایی و بەرپرسیارێتییەكی نییە، بۆی هەیە و نامۆیش نییە كەسێك كە پێی دەوترێت موسوڵمان لە ژیانیدا نە نوێژی كردبێت و نەڕۆژوو بگرێت و نەحەج بكات و نە زەكاتی ماڵەكەشی دەربكات لگەڵ ئەوەشدا هەر موسوڵمانە وخۆیشی ڕازی نابێت سیفەتی موسوڵمانێتی لەو ئیسلامە خۆشە لێ وەربگیرێتەوە، ئەوەشی الله پێی ناخۆشە دەیكات و دژایەتی ئیسلامیش دەكات، بەلام هەم خۆی و هەم خەڵكیش هەر بەموسوڵمانی ئەزانن، واتە شتێك نییە هەرچی بێت ئەو كەسە لەبازنەی ئیسلام دەربكات. 

كارەساتی لەوەش گەورەتر ئەوەیە لەوانەیە موسوڵمان نوێژو هەموو عیبادەتەكان ئەنجام بدات، بەڵكو دەگونجێت ڕێگای دینداریش بە خەڵكی نیشان بدات وخۆی بە خاوەن ماڵیش بزانێت، بەڵام خاوەن عەقیدەیەكی هەڵە و وێران بێت، بۆی هەیە خاوەن عەقیدەیەكی پڕ لە بیدعەو شیرك و شیركی هاوچەرخ و جۆرەها موسیبەتی تر ، تەنانەت مافەكانی شایەتمان و مەرجەكانیشی لەخۆیدا جێبەجێ نەكردبێت، ئەویش بەهەمان شێوە نەك هەر موسوڵمانە بەڵكو لە سەران و خەڵكە تایبەتەكانی ناو موسوڵمانانیشە ! 

لە رۆشنایی دەقەكانی قورئان و سوننەتدا كە ئێرە جێگەی شیكردنەوەیان نییە، بە پوختی مەرجەكانی موسوڵمان بوون دەخەینە ڕوو كە بریتین لەچەند خاڵێك و بەبێ ئەوانە هیچ كەسێك پێی ناوترێت موسوڵمان، با هەرچەند بەخۆی بلێت موسوڵمان و ناوو نازناوی زل و گەورەش لەخۆی بنێت، یان خەڵكی بە موسوڵمان و بە عەللامەشی بزانن، كە بریتین لە: 

1- پێویستە تەوحید بەهەموو بەشەكانییەوە، بە جێبەجێ كردنی مەرجەكانی، بە خۆ پاراستن لە هەڵوەشێنەرەوەكانی، بە ئەنجامدانی ئەو كارو عیبادەتانەی كە دەیخاتە سەر خاوەنەكەی، كوتومت بەو شێوەی كە لە قورئان و سونەتدا هاتووە لەخۆیدا بەرجەستەی بكات، بەبێ تەوحیدی تەواو ئیمانێكی تۆكمە بە شەریعەتی ئیسلام، سیفەت و پێناسەی موسوڵمان لەسەر هیچ كەسێك جێبەجێ نابێت. 

2- مەرجە موسوڵمان باوەڕی تەواوی بە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هەبێت و شوێنكەوتووی سوننەت و ڕێبازەكەی ببێت و لە خۆی و باوك و دایك و خێزان ومناڵ و هەموو كەسوكاری زیاتر خۆشی بوێت و بەهەموو حوكمەكانی ڕازی بێت و لە دڵیشەوە ڕەخنە لە هیچ سوننەت و حوكمێكی نەگرێت و هەموو فەرمانێكی بەڕاست و دادگەری بزانێت و هەموو شتێكیش كە نەهی لێكردووەو بە خراپی زانیوە ئەویش نەهی لێ بكات و بەخراپی بزانێ. 

3- بۆ ئەوەی كەسەكە مەرجی موسوڵمانی ڕاستەقینەی تێدا بێت، پێویستە ئەو كەسە حەزی بەهیچ كافر وزیندیق و بێ باوەڕ و موشریكێك نەبێت و لەبەر الله تعالی بەنەیاری خۆیانی بزانێت وخۆشیانی نەوێت، واتە هەر ئەوەندە بەس نییە كە خۆی ئیماندار بێت و شیرك ئەنجام نەدات، بەڵكو پێویستە ڕقی لە دوژمنانی ئیسلام بێت وخۆشیانی نەوێت. 

4- هەروەها پێویستە لە خەمی موسوڵماناندا بێت و بەو شێوە نەبێت كە ئەگەر ئیسلام و موسوڵمانان لە رۆژێكدا لەناوبچن ئەو هەر لە خەمی مال و مناڵ و كەسابەتی خۆیدا بێت وبڵێت ئەوە كەی كێشەی منە؟ چونكە ئەوە سیفەتی كەسی موسوڵمان نییە بەهیچ شێوەیە. بەڵكو واجبە لەسەری خەمیان بەخەمی خۆی بزانێت و ئامۆژگاریشیان بكات بەتایبەتی كاێك كە دەبینێت لە ریگای ڕاستی كیتاب و سوننەت و عەقیدەی ئیسلامی لایانداوە نابێت خۆی لێ بێ ئاگا بكات، مەگەر هیچ توانایەكی نەبێت بۆ ئەنجادانی ئەو كارە یان لەبەر هەر هۆكارێك بیت كارەكەی زیانی لە سوودی زۆرتر بێت. 

الله بمانكات بە موسوڵمانی ڕاستەقینە بەو شێوەی كە خۆی دەیەویت و پێی ڕازییە. 

إحسان برهان الدین 

18 ربيع الآخر 1445 

2023-11-2