العربیة
/ بیروباوەڕ/
با بە تەواوی الله بناسین!
: 397
2023-02-18

  با بە تەواوی الله بناسین! كارەساتی زۆرینەی (موسوڵمان)ی ئەم سەردەمە ئەوەیە: الله ناناسن بەو شێوەی كە خۆی لە قورئاندا وەسف كردووە و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم ئەوی لە سوننەتدا وەسف كردووە ! بۆیە بە شێوەیەكی كردەیی الله وەكو ومُشرّع وخاوەن حوكم و فەرمان ناناسرێت. ئەمڕۆ زۆرینەی موسوڵمانان باوەڕیان وایە الله تەنها عیبادەتی لێیان دەوێت وبەدەست هێنانی بەهەشت لە عیبادەت وخۆ دوور خستنەوە لە تاوانە گەورەكان زیاتری ناوێت! بەڵام كاروباری دونیا لە بواری تاك وخێزان وكۆمەڵگا و دەوڵەت وسیاسەت و ئابوری و حیزبایەتی و كۆمەڵایەتی، ئەوانە هەمووی پەیوەندی تەنها بە خودی كەسەكانەوە هەیە چی بكەن، ئەوەش ڕەنگدانەوەی نەناسین و هەڵە تێگەیشتنە لەو پەروەردگارەی كە دەربارەی خۆی فەرموویەتی: (وَمَا اخْتَلَفْتُمْ فِيهِ مِن شَيْءٍ فَحُكْمُهُ إِلَى اللَّهِ).(لَهُ الْحُكْمُ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ). (أفَغَيْرَ اللّهِ أَبْتَغِي حَكَماً). واتە موسوڵمان لەم دونیایەدا پێویستە هەرچی بكات بگەرێتەوە بۆ حوكمی الله و بۆ شەرعەكەی. لە ئەنجامی ئەو هەڵە تیگەیشتنەدا دەبینین خەڵكی كاتێك عیبادەتەكانیان ئەنجام دەدەن ئیتر وا دەزانن و وایان پێ وتراوە، هەموو مافێكی الله یان جێبەجی كردووە و ئیتر خۆیان سەرپشكن دوای ئەوە چی بكەن وژیانیان لەسەر چ ڕێبازو یاساو ڕێسایەك رێك بخەن. ئەم پەروەردگارەی ئێستا خەڵكی دەیناسن وعیبادەتی بۆ دەكەن، هەمان ئەو پەروەردگارە نییە كە لە قورئان و سوننەتدا خاوەنی ناوە جوانەكان و سیفەتە بەرزەكانە وموسوڵمانان لە هەموو گەورەو گچكەیەكدا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ حوكم و فەرمانی! بەڵكو پێناسەكەی تا ڕاددەیەك لە پێناسەی خوای نەساراكانەوە نزیكترە تاكو ئەوەی لە قورئان و لە سونەتدا هاتووە، خوای نەساراكان تەنها بەعیبادەتی ڕۆژی یەك شەممە ڕازی دەبێت و دوای ئەوە هیچ ڕۆڵێكی لە ژیانی خەڵكیدا نییە و هیچ كارێكی بەسەریانەوە نامێنیت! هەمومان پێویستمان بەوەیە الله لە ڕێگەی ناوو سیفاتەكانی بناسین، پێویستمان بەوەیە كاتێك قورئان دەخوێنین زۆر لەسەر ئەو ئایەتانە بوەستین كە باسی الله تعالی دەكەن، بڕیار وحوكمەكانی ڕەچاو بكەین، هێڵە سوورەكانی نەبەزێنین، دۆست و دوژمنەكانی بناسین، زۆر پێویستمان بەوەیە بە وردی لەسەر پێناسەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بوەستین بۆ الله عزوجل. ئەگەر وا نەكەین والله بە باشی و بەتەواوی نەناسین، ئەو كات بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین: لەشەریعەتەكەی لادەدەین وكەسیش لە خۆمان بە موسوڵمانتر نازانین! دژایەتی خۆشەویستەكانی دەكەین ودەبینە دۆستی نەیارەكانی، یاساو ڕێسای تریش دەخەینە جێگەی شەریعەتەكەی بێ ئەوەی وا بزانین كێشەیەك لە موسوڵمانیتی و دینداریماندا هەیە. بە كورتی: پێویستمان بە هەڵمەتێكی گەورەیە بۆ ناساندنی الله تعالی، بە پۆست وبە نووسین، بە وانەو كۆڕو موحازەرە، بە كتێب و بەرنامە و بڵاوكراوەی جۆراوجۆر، چونكە ناسینی الله وەكو ئەوەی خۆی دەیەوێت لەم ڕۆژگارەدا كارێكی قورس و ئەستەمە لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەكەوە كار بۆ ئەوەی دەكرێت خەڵكی وەكو خۆی و بەتەواوی نەیناسن! كە لە ڕاستیدا جەوهەر و بنەمای دینی موسوڵمان بریتییە لەو الله ناسینە و بە بێ ئەوەش هەرچی بكات رەنج بە خەسارو بەزایەدانی تەمەنە. إحسان برهان الدین 18 صفر 1444 2022-9-14