#وانەكانی_حەج_وعومرە: 7
پوختەی حوكمە شەرعییەكانی تەواف كردن
(طواف) واتە حەوت جار سوڕانەوە بە دەوری كەعبەدا ، بە نیەتی عیبادەت و بە شێوازێكی دیاریكراو. تەوافیش چەند جۆر وناوێكی هەیە، لەوانە:
- طواف القدوم: بۆ ئەو كەسەیە كە حەج بە شێوازی ئیفرادو قیران دەكات.
- طواف الإفاضة: ئەمە لەدوای ڕۆژی ڕاوەستان لە عەرەفات دەكرێت لە ڕۆژی جەژن یان دوای ئەوە و ڕوكنێكی حەجە.
- طواف العمرة: ڕوكنێكە بۆ عومرە كردن و عومرە بەبێ طواف بەتاڵە.
- طواف الوداع: لەپاش تەواوبوونی هەموو واجباتی حەج ئەنجام دەدرێت كاتێك حاجی دەیەوێت بەرەو وڵاتی خۆی بگەڕێتەوە. ئەمەش چەند حوكمێكی شەرعی تایبەتە بە تەواف:
1- لەدوای ئەوەی ئەو كەسەی نیازی حەج و عومرەی هەیە چووە ناو مزگەوتی حەرام ، باشترە بەبێ ئەوەی دوو ڕكات نوێژ بكات وەكو تحیة المسجد، یەكسەر دەست بە تەواف كردن بكات.
شێوازی سوڕانەوە بە دەوری كەعبەدا ئەوەیە لە لای (الحجر الأسود) بەردە ڕەشەكەوە تەوافەكەی دەست پێ بكات، سەرەتا ئەگەر بتواێت بەبێ ئەوەی عەزێتی كەس بدات و ئەگەر بەبێ پاڵپێوەنان و ئازاردانی كەس ماچی بەردە ڕەشەكە بكات ئەوە كارێكی باشە، ئەگەر نا دەستی پێوەبدات، ئەگەرنا هەر لە دووریشەوە درووستە ئاماژەی بۆ بكات و درووست نییە لە پێناو ماچ كردنی بەردەكەدا عەزێتی هیچ كەسێك بدات.
2- كە لەلای بەردە ڕەشەكەو دەستی بە تەواف كرد دەڵێت: بسم الله، ئەشتوانێت بلێت: بسم الله والله أكبر، بەڵام دوعای: (اللهم إيمانا بك، وتصديقا بكتابك، ووفاء بعهدك، واتباعا لسنة نبيك محمد صلى الله عليه وسلم) جێگیر نەبووە و ئەگەر وەكو دوعایەك بەبێ ئەوەی وابزانێت سوننەتە ئاساییە بوترێت. شێوازەكەشی ئەوەیە كەعبە دەخاتە لای چەپی خۆی و بەردەوام دەبێت لە تەوافدا وبەلای ڕوكنی یەمانیدا تێدەپەڕێت وتاكو دەگاتەوە لای بەردەڕەشەكە دەبێتە یەك تەواف.
3- وتنی دوعای (رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ) لە نێوان بەردەڕەشەكەو ڕوكنی یەمانیدا لە هەندێ فەرموودەدا هاتووە و قسەش لەسەر سەنەدەكەی كراوە كە صحیح نییە، بەڵام هەندێ لە ئەهلی عیلم دەڵێن مادام فەرموودەكە مەشهورە وزۆربەی زانایان ئیشیان پێ كردووە ئاساییە ئەو دوعا مەزنە لەو جێگەیەدا بخوێنرێت.
4- بۆ ئەو كەسەی كە یەكەم طواف دەكات، سونەت وایە لە سێ شەوتی سەرەتای تەوافەكەدا ئەگەر بتوانێت خێرا ڕێبكات و لە چوار شەوتی كۆتایی ئاسایی ڕێبكات، وەكو لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە: (كان رسول الله صلى الله عليه وسلم إذا طاف بالبيت الطواف الأول خب ثلاثاً ومشى أربعاً). ئەو كەسەش كەبەسەر عارەبانەوەیە هەمان حوكمی لەسەر جێبەجێ دەبێت، لە كاتی تەوافەكانیشدا دەتوانێت دوعای (رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ) بخوێنێت وهەر دوعایەكی تریش كە هەڵە و قسەی ناشەرعی تێدا نەبێت دەتوانێت بیكات. دەشتوانێت قورئان بخوێنێت چونكە تەواف وەكو نوێژ وایە بۆیە قورئانی تێدا بخوینرێت باشترە.
5- لە كاتی سێ شەوتی یەكەمدا كە سوننەتە بۆ پیاوان خێرا ڕێبكەن، سوننەتیشە شانی ڕاستیان دەربكەوێت لەو سێ شەوتەدا، هەندێكیش لە زانایان دەڵێن لە هەموو شەوتەكادا (اضطباع) واتە شانی دەربخات باشترە.
6- سەبارەت بە دەستنوێژ بۆ تەواف ئەو مەسەلە لە نێوان زانایاندا هەندێك خیلافی لەسەرە ئایا واجبە یان نا؟ ڕای پەسەند ئەوەیە كە واجب وایە بە دەستنوێژەوە تەواف بكرێت، ئەگەر كەسێكیش لە كاتی تەوافەكەیدا دەستنوێژی نەما دەبێت تەوافەكەی دوبارە بكاتەوە، لەسەر بۆچوونی ئەوانەی كە دەستنوێژ بە واجب دەزانن بۆ تەواف كرد.
6- هەندێك لە زانایان دەڵێن كەسێك نەخۆش نەبێت و توانای سوڕانەوەی بەدەوری كەعبەدا هەبێت درووست نییە بەسواری بە دەوریدا بسوڕێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە جێگیر بووە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە سواری تەوافی كردووە، بەڵام هەندێ وەڵامیان لەسەر ئەو فەرموودە هەیە، لەوانە وتوویانە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەبەر ئەوە وای كردووە ببینرێت، چونكە ئەو پێشەنگ بووە و خەڵكی حەجی لێوە فێربوونە وخۆی فەرموویەتی: (خذوا عني مناسككم) واتە شێوازی حەجەكانتان لە منەوە وەربگرن.
7- ئافرەت ئەگەر پێش ئەوەی دەست بە تەواف كردن بكات یان لە كاتی تەوافدا تووشی (حیض) سوڕی مانگانە بوو، ئەسڵ وایە كە واز لە تەوافەكەی بهێنێت تاكو پاك دەبێتەوە، بەڵام ئەم مەسەلەش لە نێوان زانایاندا خیلافی لەسەرە، هەندێ لە زانا گەورەكانی وەكو ابن تیمیة و ابن القیم و لە هاوچەرخەكانیش ابن باز لەسەر ئەو بۆچوونەن كە ئەگەر ئافرەت توشی ئەو حاڵەتە بوو وترسی بوو لە هاورێكانی دوابكەێت یان تووشی ئیحراجی و زیان ببێت، دەتوانێت بە هۆكارەكانی خۆ پاككردنەوە خۆی پاك ڕابگرێت و درووستە تەوافی خۆی بكات و هیچ كەفارەت و فیدیەشی لەسەر نییە،
8- هەركێ لە كاتی تەوافكرددا ژمارەی سوڕانەوەكانی لێ تێكچوو نەیزانی چەند جار تەوافی كردووە، زانایان فەرموویانە دەبێت گومان لابدات و یەقین لەو مەسەلەدا بۆ خۆی درووست بكات، بۆ نموونە نازانێت چوار جار یان پێنج جار بەدەوری كەعبەدا سوڕاوەتەوە، بڕیار بدات یەكێك لەو دوو ژمارە تەواوە و بینا لەسەر ئەوە بكات، بەڵام ئەگەر دوای تەواو بوونی تەوافەكەی گومانی بۆ درووست بوو، نابێت ئاوەڕ لەو گومانە بداتەوە و تەوافەكانی درووستن و پێوست بە دووبارە كردنەوە ناكات، مەگەر لە حاڵەتێكدا كە بەیەقین بزانێت هەڵەی كردووە.
9- ئەگەر ئەو كەسەی بە ئامرازێكی سواری تەواف دەكات وكەسێك یارمەتی پاڵنان و ئیشەكانی تری بۆ ئەكات، ئەگەر لەكاتی تەوافەكەدا خەوی لێ كەوت تەوافەكەی بەتاڵ دەبێتەوە و دەبێت دووبارەی بكاتەوە، مەگەر خەوەكەی وەنەوزێكی خێرا بێت و خەوێكی قوڵ نەبێت، لەو حاڵەتەدا هیچی لەسەر نییە،
10- قسە كردن لە كاتی تەواف كرندا بە مۆبایل بێت یان قسەكردن بێت لەگەڵ كەسێكدا لە تەنیشتی ڕێدەكات درووستە، چونكە ئەگەرچی لە فەرموودەكاندا هاتووە كە تەواف وەكو نوێژ وایە بەڵام لەمەسەلەی قسە كردندا لە نوێژ جیادەبێتەوە كە بەقسەكردن عیبادەتەكە بەتاڵ نابێتەوە.
11- درووست نییە وەكو تەبەڕوك دەست بە پۆشاكی كەعبە و دیوارەكانیدا بهێنرێت و ئەوە كارێكی بیدعەیە، هەروەها ماچ كردنی ڕوكنی یەمانی و ئاماژە بۆ كردنی لە دوورەوە هەڵەیە وپێویست ناكات،
12- دەنگ بەرزكردنەوە بە دوعا لە كاتی تەوافدا، یان یەكێك پێش بكەویت و دوعا بخوینێت و كۆمەڵێك بەدوایدا دووبارەی بكەنەوە، یان هەر سوڕانەوەیەك لە حەوت سوڕانەوەكە بەدەوری كەعبەدا دوعایەكی دیاریكراوی بۆ تایبەت بكرێت، یان كەسێك باوەێی وابێت بەردەڕەشەكە توانای هیچ شتێكی هەیە، هەموو ئەوانە هەڵەن و كاری نادرووستن.
13- لەپاش تەواوكردنی حەوت جار سوڕانەوە بە دەوری كەعبەدا كە لە بەردەڕەشەكەوە دەست پێ دەكات و هەر لەوێیش تەواو دەبێت، كەسی تەوافكار شانی دادەپۆشێت و ئینجا بەرەو لای مەقامی ئیبراهیم علیه السلام دەڕوات و دەڵێت: (وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى) ودوو ڕكات نوێژ دەكات ومەرجیش نییە هەر لەوێدا بێت، بەڵكو لە هەرجێگەیەكی ناو مزگەوتی حەڕام بیكات درووستە، لە ڕكاتی یەكەمدا قل (یا أیها الكافرون) و لە ڕكاتی دووەمدا (قل هو الله أحد) دەخوێنێت، لە پاش تەواو كردنی ئەو دوو ڕكاتە سوننەت وایە بەرەو لای بەردەڕەشەكە بڕوات و بەدەستی ڕاستی دەستی پیابهێنێت، وەكو لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە: (ثم عاد إلى الركن فاستلمه) بەڵام ئەگەر كەسێك ئەو كارە نەكات هیچی ناكەوێتەسەر و عومرەو حەجەكەی درووستە و نوقسانی تێدا نییە.