العربیة
/شەرحی ‌(أصول السنة) ی پێشەوا ‌‌‌‌‌أحمد بن حنبل/
بەشی 11
: 355
2023-05-18
#شەرحی_أصول_السنة_ی_پێشەوا_أحمد_بن_حنبل: 11
قورئان كەلامی الله یە و مەخلوق نییە
وَالْقُرْآنُ كَلَامُ اَللَّهِ وَلَيْسَ بِمَخْلُوقٍ وَلَا يَضْعُفُ أَنْ يَقُولَ: لَيْسَ بِمَخْلُوقٍ، فَإِنَّ كَلَامَ اَللَّهِ لَيْسَ بِبَائِنٍ مِنْهُ، وَلَيْسَ مِنْهُ شَيْءٌ مَخْلُوقٌ، وَإِيَّاكَ وَمُنَاظَرَةَ مَنْ أَحْدَثَ فِيهِ، وَمَنْ قَالَ بِاللَّفْظِ وَغَيْرِهِ، وَمَنْ وَقَفَ فِيهِ، فَقَالَ: لَا أَدْرِي مَخْلُوقٌ أَوْ لَيْسَ بِمَخْلُوقٍ، وَإِنَّمَا هُوَ كَلَامُ اَللَّهِ فَهَذَا صَاحِبُ بِدْعَةٍ مِثْلُ مَنْ قَالَ: ( هُوَ مَخْلُوقٌ ). وَإِنَّمَا هُوَ كَلَامُ اَللَّهِ لَيْسَ بِمَخْلُوقٍ.
ئەهلی سوننەت و جەماعەت باوەڕیان وایە قورئان كەلامی الله یە و درووستكراو و مەخلوق نییە، باوەڕیان وایە الله تعالی كەی وچۆن وبەچی بیەوێت قسە دەكات بە شێوەیەكی ڕاستەقینە بە دەنگ و بە پیت بەڵام جیاواز لە دەنگ و شێوازی قسەكردنی مرۆڤەكان.
بەڵگەی ئەهلی سوننەت لەسەر ئەوەی كە قورئان كەلامی پەروەردگارە و مەخلوق نییە ئەوەیە كە الله تعالی لە قورئانی پیرۆزدا كەلامی داوەتە پاڵ خۆی و فەرموویەتی: (وَكَلَّمَ اللَّهُ مُوسَىٰ تَكْلِيمًا) النساء:164. بەڵگەی تریش زۆرە لەسەر ئەم مەسەلە، وەكو ئایەتی: (وَإِنْ أَحَدٌ مِّنَ الْمُشْرِكِينَ اسْتَجَارَكَ فَأَجِرْهُ حَتَّىٰ يَسْمَعَ كَلَامَ اللَّهِ) التوبة:6. بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە قورئان لەسەر حەقیقەت كەلامی الله یە نەك دروستكراوێك بێت لە درووستكراوەكانی، وەكو موعتەزیلە و هەندێ لە تاقمە گومڕاكانی تر باوەڕیان وایە.
ئەهلی سوننەت بە وردی و بەبەڵگەی زانستی لە كیتاب و سوننەت بەرپەرچی موعتەزیلەیان داوەتەوە وسەلماندوویانە كە قورئان كەلامی پەروەردگارە و بەرپەرچی ئەوانەشیان داوەتەوە كە دەڵێن لەو مەسەلە ڕادەوەستین چونكە نازانین قورئان مەخلوقە یان مەخلوق نییە.
كەلام سیفەتێكە لە سیفەتەكانی الله تعالی ئەهلی سوننەت بۆ پەروەردگاریان جێگیری دەكەن، بەڵام لە مەسەلەی شێوازەكەیدا ڕادەوەستن و دەڵێن ئێمە نازانین بە چ شێوە و كەیفییەتێك قسە دەكات و زانستی ئەوە لەلای الله تعالی خۆیەتی، بەڵام سیفەتی كەلامی بۆ جێگیر دەكەین و قورئانیش مەخلوق نییە و لەسەر حەقیقەت كەلامی پەروەردگارە .
لێرەشدا پرسیارێك درووست دەبێت: لە ڕووی عەقیدەو بیروباوەڕەوە كێشەی چییە ئەگەر كەسێك باوەڕی وابێت قورئان مەخلوقێكە وەكو مەخلوقەكانی تری الله و كەلامی ئەو نییە لەسەر حەقیقەت، لە ڕاستیدا ئەو بیروباوەڕە ناكۆكە لە گەڵ كیتاب و سوننەت و لادانێكی گەورەیە لە بنەماكانی بیروباوەڕی ئەهلی سونەت و جەماعەت:
1- عەقیدەی خەلقی قورئان لەگەڵ قورئان و سوننەت و یەكدەنگی زانایانی سەلەفدا بەڕاستەوخۆ تێكدەگیرێت، ئەوەش جۆرێكە لە تێكدان و شێواندن بۆ باسەكانی عەقیدە، الله تعالی فەرموویەتی: (وَمَنْ يُشَاقِقِ الرَّسُولَ مِنْ بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُ الْهُدَى وَيَتَّبِعْ غَيْرَ سَبِيلِ الْمُؤْمِنِينَ نُوَلِّهِ مَا تَوَلَّى وَنُصْلِهِ جَهَنَّمَ وَسَاءَتْ مَصِيراً )النساء:115.
2- كەلام سیفەتێكە لە سیفەتەكانی الله تعالی، بۆیە هەركێ بلێت قورئان مەخلوق و درووستكراوە ئەوە وتوویەتی سیفەتێكی الله تعالی مەخلوق و درووستكراوەو ئەوەش كوفرە.
3- ئەگەر قورئان مەخلوق بێت ئەوا سیفەتێكی جێگیری الله تعالی پەكدەخرێت و سیفەتی قسەكردن لە الله تعالی لادەبرێت ئەوەش بۆ خۆی تۆمەتبار كردنە بۆ الله كە توانای قسەكردنی نییە و دەبێتە ئیلحاد لە ناوو سیفەتەكانیدا.
4- نكۆڵی كردن لەوەی كە قورئان كەلامی الله بێت نكۆڵی كردنە لەوەی الله شەریعەت و كیتابی بۆ پێغەمبەران دابەزاندبێت لە ڕێگەی جیبریلەوە علیه السلام.
5- عەقیدەی خەلقی قورئان بە درۆدانانی زۆر ئایەتی قورئان لە خۆ دەگرێت كە الله تعالی بە ڕاشكاوی سیفەتی كەلامی بۆ خۆی باسكردووە، وەكو: (وَرُسُلاً قَدْ قَصَصْنَاهُمْ عَلَيْكَ مِنْ قَبْلُ وَرُسُلاً لَمْ نَقْصُصْهُمْ عَلَيْكَ وَكَلَّمَ اللَّهُ مُوسَى تَكْلِيماً) النساء:164. و (إِذْ قَالَ اللَّهُ يَا عِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ وَمُطَهِّرُكَ مِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا) آل عمران: 55. و (سَيَقُولُ الْمُخَلَّفُونَ إِذَا انْطَلَقْتُمْ إِلَى مَغَانِمَ لِتَأْخُذُوهَا ذَرُونَا نَتَّبِعْكُمْ يُرِيدُونَ أَنْ يُبَدِّلُوا كَلامَ اللَّهِ قُلْ لَنْ تَتَّبِعُونَا كَذَلِكُمْ قَالَ اللَّهُ مِنْ قَبْلُ فَسَيَقُولُونَ بَلْ تَحْسُدُونَنَا بَلْ كَانُوا لا يَفْقَهُونَ إِلَّا قَلِيلاً) الفتح:15.
6- بیروباوەڕی خەلقی قورئان ئەوە دەگەیەنێت كە الله تعالی بۆ ئەوەی دینەكەیمان پێ بگەیەنێت و بۆمانی ڕوون بكاتەوە پێویستی بە مەخلوق هەیە و ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە الله تعالی پێویستی هەیە و كەموكورتی هەیە كە ئەوەش بێگومان كوفرو لادانە لە عەقیدەی ئیسلامی.
پێشەوا أحمد بن حنبل فەروویەتی: (وَلَا يَضْعُفُ أَنْ يَقُولَ: لَيْسَ بِمَخْلُوقٍ) واتە لە مەسەلەی ڕەتكردنەوەی بیرۆكەی خەلقی قورئاندا لاواز مەبەز و بە عەقیدەو بیروباوەڕێكی بەهێزەوە ڕەتیبكەرەوە و رایبگەیەنە و لەو مەسەلەدا وبەڕاشكاوی ڕووبەڕووی ئەهلی بیدەع ببەرەوە و ئەو عەقیدە ڕاستەیان پی ڕابەگەیەنە.
(فَإِنَّ كَلَامَ اَللَّهِ لَيْسَ بِبَائِنٍ مِنْهُ، وَلَيْسَ مِنْهُ شَيْءٌ مَخْلُوقٌ) واتە كەلامی الله جیاواز نییە و لە الله تعالی جیانابێتەوە بچێت بۆ كەسێكی تر.
ئەوەش كە الله تعالی فەرموویەتی: (اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ ۖ) الزمر:62. مەعنای ئەوەیە كە الله عزوجل بە زات و سیفاتی خۆی خالقی هەموو شتێكە و كەلامیش یەكێكە لە سیفەتەكانی وهەمیشە هەیبووەو لێی جیانابێتەوە.
ئەشاعیرە لەم مەسەلەدا عەقیدەیان ناجێگیر و ناڕوونە، وەكو هەندێ لە ڕاڤەكەرانی أصول السنة دەڵێن: نیوەی عەقیدەكەیان وەكو ئەهلی سوننەت و نیوەكەی تری وەكو عەقیدەی موعتەزیلەیە، چونكە دەڵێن: لەفز و وشەكانی قورئان درووست كراوەو واتاو مەعناكانی لە الله خۆیەتی و درووست كراو نییە.
ئەوان دەڵێن كەلام واتایەكی جێگیرە لەناو دەرووندا پەیوەندی بە پیت و وشەو دەنگەوە نییە ئەوەیان مەسەلەیەكی ترە، یەكێك لە بەڵگەكانیشان دێڕێكی شیعری (الأخطل) دەهێننەوە كە وتوویەتی:
إن الكلامَ لفي الفؤادِ وإنما * * * جُعل اللسانُ على الفؤادِ دليلا
واتە قسە وئاخاوتن خۆی لە بنچینەدا لە ناو دڵ ودەرووندایە، بەڵام زمان تەنها ئەوەیە ئاماژە دەكات بۆ ئەوەی كە لەناو دڵ و دەرووندا هەیە.
ئەم دێڕە شیعرەش ئەگەرچی دەدرێتە پاڵ (الأخطل) بەڵام هۆنراوەیەكی درووست كراوەو سەنەدێكی زانستی نییە. خۆ ئەگەر ڕاستیش بێت قسەی ئەو شاعیرە نە ئایەتە و نە فەرموودەیە، دەشكرێت بڵێن مەعنای ئەوەیە ئەو قسەی كە مرۆڤ دەیكات پێشتر لەناو دڵ و دەروونی خۆیدا ئامادەی دەیكات و ئینجا لە رێگەی زمانەوە دەریدەبڕێت، نەك مەعنای ئەوە بێت لەفز و وشە و دەنگ شتێكی جیاوازە لە قسە كردن!
بۆیە ئەشاعیرە لەم مەسەلەدا دەڵێن كەلام سیفەتێكی جێگیرە لە نەفسی الله و كەلامی ئەو بە وشەو بە لەفز و بەدەنگ نەبووە، بەو بەهانەی كە دەنگ وپیت (حادث) وڕووداون و الله نابێت ڕووداوی لێ بوەشێتەوە، بۆیە هەڵسان داهینان و درووستكردنی مەسەلەی (الكلام النفسي) و وتیان كەلامی الله مەسەلەیەكی تایبەتە لەناو نەفسی الله بوونی هەیە و جێگیرە ومەعناكەی بۆ جیبریل ناردووە و ئەویش لێی تێگەیشتووە و لای خۆیەوە بە وشە ودەربڕینی خۆی گەیاندوویەتی بە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم. بە پێی ئەو بیروباوەڕەش بێت ئەمەی كە ناو موسحەفەكاندا هەیە كەلامی الله نییە جگە لە مەعناكەی نەبێت.
شێخ الاسلام لە العقیدة الواسطیةدا دەفەرموێت: قورئان كەلامی الله یە بە پیت و بە واتاكانییەوە، نەك ئەوەی كەلامی الله پیتەكان بێت بەبێ واتاكان، یان واتاكانی بێت بەبێ پیتەكان، ئەوە عەقیدەی موعتەزیلەو ئەشاعیرەیە، بەڵام ئەهلی سوننەت دەڵێن قورئان بە پیت و بە واتاكانییەوە كەلامی الله یە.
ئینجا پێشەوا أحمد دەفەرموێت: (وَإِيَّاكَ وَمُنَاظَرَةَ مَنْ أَحْدَل فِيهِ، وَمَنْ قَالَ بِاللَّفْظِ وَغَيْرِهِ) واتە نەكەیت و خۆت لە مونازەرە كردن و مشتومڕ كردن بپارێژە لەگەڵ ئەهلی بیدەع لەوانەی كە دەڵێن قورئان مەخلوقە یان دەڵێن لەفزەكەی مەخلوقە، تەنها ئەوەیان پێی ڕابگەینە كە قورئان كەلامی الله یە و مەخلوق نییە.
هەروەها دەڵێت: (وَمَنْ وَقَفَ فِيهِ، فَقَالَ: لَا أَدْرِي مَخْلُوقٌ أَوْ لَيْسَ بِمَخْلُوقٍ، وَإِنَّمَا هُوَ كَلَامُ اَللَّهِ فَهَذَا صَاحِبُ بِدْعَةٍ مِثْلُ مَنْ قَالَ: ( هُوَ مَخْلُوقٌ ). وَإِنَّمَا هُوَ كَلَامُ اَللَّهِ لَيْسَ بِمَخْلُوقٍ.) واتە ئەو كەسەش كە دەڵێت من لە مەسەلەی خەلقی قورئاندا قسە ناكەم و ڕادەوەستم، نازانم قورئان مەخلوقە یان مەخلوق نییە، پێشەوا أحمد دەڵێت ئەو كەسەش هەر ئەهلی بیدەعە و حاڵی وەكو حاڵی ئەو كەسەیە كە نكۆڵی لەوە دەكات قورئان كەلامی الله بێت لەسەر حەقیقەت.
پوختەی ئەم بابەتە ئەوەیە:
ئەهلی سوننەت و جەماعەت دەڵێن: قورئان مەخلوق نییە و كەلامی الله عزوجل ە بە لەفزو بە بەعنایەوە، كە ئەمەش ئەو حەقەیە كە كیتاب و سوننەت و زانایانی سەلەف شایەتی بۆ دەدەن.
بەڵام تاقمە لادەرەكان تێگەیشتنی جیاوازیان لەو مەسەلەدا هەیە:
موعتەزیلە دەڵێن قورئان هەمووی مەخلوقە، نە لەفزی و نە مەعنای لەلای الله تعالی نەهاتووە بەڵكو وەكو هەر درووست كراوێكی تر درووستی كردووەو دایبەزاندووە.
ئەشاعیرە دەڵێن نەخێڕ تەنها لەفزو وشەكانی مەخلوقە و مەعناكەی مەخلوق نییە و لەلایەن الله خۆیەتی.
هەندێكی تریش وەكو أبو المعالي الجویني دەڵێن وشەی كلام لە بنچینەدا لەفزو وشەكان دەگرێتەوە نەك مەعناكان كە بێگومان ئەمانەش هەر لە موبتەدیعە دەژمێردرێن،
هەندێكیش هەن خاوەنی دەربڕینی (لفظي بالقرآن مخلوق)ن و پێێان دەوترێت (اللفظیة) ئەوانەش هەر موبتەدیعن، ئەوانەش كە پێیاندەوترێت (الواقفیة) كە دەڵێن ئێمە ڕادەوستین هیچ قسە لەم مەسەلەیە ناكەین، نازانین قورئان مەخلوقە یان مەخلوق نییە الله خۆی باشتر دەزانێت ئەوانەش هەر موبتەدیعەو لادەرن.
تێبینی: بەمەبەست نەمویست بچمە ناو هەندێ وردەكاری و تفصیلات كە لە كتێبەكانی عەقیدەدا باس كراون چونكە هەر ئەوەندە بەسە بۆ موسوڵمان كە بزانێت قورئان كەلامی پەروەردگارە و مەخلوق نییە و ئەوانەی ئەو بیروباوەڕەیان هەیە لە عەقیدەی ئیسلامی لەو مەسەلەدا لایان داوە.
May be an illustration of text
 
 
 
See Insights and Ads
Boost post
 
All reactions:
226