العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
حوكمی ئامادەبوونی ئافرەتان بۆ نوێژی جەماعەت:2
: 316
2024-04-20

بە كۆمەڵێك مەرج و ڕێوشوێن، ئافرەتان لە ڕووی شەرعەوە ڕێگەیان پێدراوە بچنە نوێژی جەماعەت لە مزگەوت، لەوانە ئەو فەرموودەی كە لە سەحیحی مسلم دا هاتوە: ( إِذَا اسْتَأْذَنَكُمْ نِسَاؤُكُمْ إِلَى الْمَسَاجِدِ فَأْذَنُوا لَهُنَّ ) واتە ئەگەر ئافرەتەكانتان داوای مۆڵەتیان لێ كردن بۆ ڕۆیشتن بۆ مزگەوت ڕێگەیان پێ بدەن و فەرموودەی تریش هاتووە لەو بارەوە.

ئافرەتانی هاوەڵان الله لێیان ڕازی بێت، كە ئامادەی نوێژی بەیانی دەبوون، دەموچاویان دەشاردەوەو كەس ئەوانی نەدەناسی، واتە بە حیجابێكی شەرعی تەواو و بەبێ بەكارهێنانی بۆن و كۆمەڵێك ڕێوشوێن و (إحتیاطات) ی تریان دەكرد ئەوجا دەڕۆیشتن، لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی نوێژی  ئافرەتان لە ماڵی خۆیان لە مزگەوت باشترە و خێری زۆرترە.

 كاتێك أم حميد ی هاوسەری أبي حميد الساعدي هاتە خزمەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و وتی یا رسول الله پێم خۆشە لەگەڵ تۆ لە مزگەوتەكەت نوێژ بكەم، پێی فەرموو من دەزانم تۆ حەز دەكەیت لەوێ نوێژ بكەیت دەتوانیت وا بكەیت، بەڵام نوێژەكەت لە ماڵی خۆت باشترە و خێری زۆرترە، ئیتر ئەویش جێگایەكی لە ئەوپەڕی ماڵەكەیانەوە و تاریكترین شوێنەوە درووست كرد و لەوێ نوێژی دەكرد. رواه أحمد ( 26550 ) . وصححه ابن خزيمة في " صحيحه " ( 3 / 95 ) وابن حبان ( 5 / 595 ) ، والألباني في " صحيح الترغيب والترهيب " ( 1 / 135 ) .

دایكمان عائیشە الله لێی ڕازی بێت وەكو لە صحیح البخاري (1/ 173)داهاتووە دەیفەرموو: ئەگەر پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەوەی بینیبا كە ئافرەتان ئێستا دایان هێناوە، ڕۆیشتنی مزگەوتی لێ قەدەغە دەكردن وەكو چۆن چوونە مزگەوت لە ئافرەتانی بەنی ئیسرائیل قەدەغە كرا.

جا ئەگەر عائیشە الله لێی ڕازی بێت لەو سەردەمە وایفەرمووبێت ئێمە ئێستا بڵێین چی؟ بە هەر حاڵ و بە كورتی ئافرەت ئەگەر مەرجە شەرعییەكانی لە خۆیدا درووست كرد دەتوانێت بچێتە مزگەوت و نەچوونیشی باشترە و خێریشی زۆرترە، ئەمەش مەرجەكانە بە پێی ئەوەی لە بەڵگەكانی سوننەتدا باس كراون و یەكێك لە زانایان دەیخاتە ڕوو:

1- ڕۆیشتنی بۆ مزگەوت نەبێتە مایەی هیچ مەترسییەكی فیتنە و گوناهباری.

2- ڕۆیشتنەكەی هیچ مەسەلەیەكی ناشەرعی و ناپەسەندی لێ نەكەوێتەوە.

3- ڕێگەی ڕۆیشتن و گەڕانەوەی لە گەڵ ڕێگەی پیاواندا نەبێت و ناچاری تێكەڵ بوون لەیەكتر نزیك بوونەوە نەبن.

4- هیچ عەتر و بۆنێكی خۆش بەكارنەهێنێت و نابێت پێشتریش بەكاری هێنابیت و بۆنە مابێتەوە.

5- ئەبێت بەتەواوی خۆی داپۆشیبێت و مەرجەكانی حیجابی شەرعی تێدا بێت.

6- لە دەرگایەكی تایبەت بە ئافرەتانەوە بچنە مزگەوت و لێی دەربچن.

7- دەبێت جێگای نوێژیان لە گەڵ جێگای پیاواندا نەبیت و بەینیان هەبێت و ئافرەتان لە كاتی دەرچووندا پێش بكەون و پیاوان چاوەڕێی دەرچوونی ئەوان بكەن.

هەمو كەسێك دەزانێت ئەم مەرجانە لە ئێستادا زۆر ئەستەمە درووست بیت و لە ڕاستیدا نەڕۆیشتنی ئافرەتان بۆ مزگەوت باشترە لە ڕۆیشتنیان، بەڵام ئەگەر هەر ڕۆیشت دەبێت مەرجەكان جێبەجێ بكات لەو كاتەدا كەس ناتوانێت ڕێگری لێ بكات، بەڵام دواجار هەر دەبێت بە ئیزن و ڕێگە پێدانی سەرپەرشتیارەكەی بڕوات.

مەسەلەیەكی تری گرنگیش ئەوەیە ئەگەر ئافرەت لەشەرعدا بۆ ماڵی الله تعالی كە مزگەوتە و بە هەموو پیرۆزییەوە، ئەو هەموو مەرجەی بۆ ئافرەت  لەسەر دانراوە و دواجاریش نەڕۆیشتنی باشتر بێت، ئایا بۆ جێگەی تر كە سەرەڕای ئەوەی بە هۆكاری وانە خوێندن و كاری ئیسلامی و بانگەواز و زۆر هۆكاری تر دەردەچێت و تێكەڵی پیاوان دەبێت و تووشی فیتنەی دەكات و هەندێ جار سروشتی ئیشە (ئیسلامییەكەی) وایە دەبێت لەگەڵ پیاواندا بێت، یان چەندین سەرپێچی شەرعی تر ڕەنگە لە خۆ بگرێت، ئایا حوكمی ئەوە چی بێت جگە لەوەی ئەویش نەڕۆیشتنی باشتر بێت، ئەمە ئەگەر حەرامیش نەبێت، چونكە لە ئیسلامدا جگە لەوەی دەبێت كارەكە خۆی موافیقی شەرع بێت، هاوكات دەبێت ئەو هۆكارەش كە پێی ئەنجام دەردێت شەرعی بێت و ئەو ڕێگەو جێگەش كە ئەو عیبادەتە یان ئەو كارە ئیسلامییەی تێدا ئەنجام دەدرێت پێویستە ئەویش هەر شەرعی بێت و پێچەوانەی حوكمەكانی قورئان و سوننەت نەبێت.[1]

 



[1] پرسیار: ئایا قورئان خوێندنیش لای مامۆستای پیاو دروست نیە ئەگەر بەدەنگیشەوە نەبێت هەرخوێندنەوەی ئاسایی بێت ؟ وەڵام: سەبارەت بە خوێندنی ئافرەت لەلای پیاو، لەبەر ئەوەی پیاو  هەركێ بێت دوا جار بەشەرەو مەلائیكەت نییە، بە هیچ شێوەیەك بەباشی نازانم، مەگەر بەهەندێ مەرجی قورس نەبێت، زۆرێك لەو زانایانەی متمانە بەزانست و عەقیدەیان دەكرێت لەسەر ئەم بۆچوونەن، ئەگەر ڕێگەشیان دابێت بەمەرجەوە بووە وەكو ئەوەی ڕاستەوخۆ بەرانبەر نەبن و مەسەلەی تەمەن و شتی تر.

سەبارەت بە بانگ و ئیقامە كردن ئافرەت بیكات و پیاوان بیبیسن ئەوەیان بە هیچ شێوەیەك درووست نییە بەڵگەشی لەسەر زۆر هەیە وەكو  (ليس على النساء أذان ولا إقامة). و زانایانیش زۆر جەختیان لەسەری كردووەتەوە، بەڵام ئەگەر بانگ و قامەتی ئافرەت بۆ ئافرەت بوو لەناو خۆیاندا پیاو دەنگی نەدەبیست ئەوەیان هەندێ لە زانایان دەڵێن هەر لەسەر ئەسڵەكە دەڕۆین كە ئافرەت بانگ و ئیقامەی لەسەر نییە و هەندێ لەزانا گەورەكان وەكو شافیعی و أحمد فەرموویانە بیكات ئاساییە و نەشیكات هەر ئاساییە و الله أعلم.