العربیة
/زاراوەکانی عەقیدە/
ڕوونكردنه‌وه‌ی_زاراوه‌كانی_عه‌قیده‌:17 (الجاهلیة)
: 501
2018-04-09
#ڕوونكردنه‌وه‌ی_زاراوه‌كانی_عه‌قیده‌:17 الجاهلیة عه‌ره‌ب له‌ پێش هاتنی ئیسلام له‌ جاهیلییه‌ت ونه‌فامیدا بوون، نه‌فام بوون به‌ خواو پێغه‌مبه‌ره‌كان و شه‌ریعه‌تی ئایین، هه‌روه‌ها شانازییان به‌ ره‌چه‌ڵك و باووباپیرانه‌وه‌ ده‌كرد و خۆ به‌زلزان و سته‌مكار بوون و چه‌ندین ئاكارى خراپی تریان هه‌بوو . نه‌فامی ئه‌وان بریتی بوو له‌ نه‌زانین ، یان شوێن نه‌كه‌وتنی زانست. شه‌یخولئیسلام (ابن تیمیة‌) ده‌فه‌رموێت: (ئه‌وه‌ى حه‌قزان نه‌بێت ئه‌وه‌ نه‌فامێكی ئاساییه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ى باوه‌ڕی به‌ پێچه‌وانه‌كه‌ى هه‌بێت ئه‌وه‌ تووشی نه‌فامی ئاوێته‌ (الجهل المركب) بووه‌، ئه‌گه‌ر شتێكی وت به‌ پێچه‌وانه‌ى حه‌ق و حه‌قه‌كه‌شی ده‌زانی ، یان نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌ش هه‌ر نه‌فامه‌، له‌ مه‌شه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خه‌ڵكی پێش هاتنی پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم له‌ جاهیلیه‌تدا بوونه‌، چونكه‌ئه‌وه‌ى ئه‌وان له‌ سه‌رى بوون له‌ گوفتار و كردار ، نه‌فام بۆى داده‌ هێنان و نه‌فام ئه‌نجامی ده‌دا، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو شتێك پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى پێغه‌مبه‌ران پێی ره‌وانه‌ كراون وه‌كو جووله‌كه‌یی و گاورى ئه‌وه‌ هه‌مووی نه‌فامیه‌ و ئه‌وه‌ش واتای نه‌فامی گشتی یه‌. به‌ڵام له‌ پاش ره‌وانه‌ كردنی پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم ، نه‌فامی ده‌گونجێت له‌ ولاَتێك هه‌بێت و له‌ وڵاتێكی تر نه‌بێت، وه‌كو ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ (دارالكفر) ى پێده‌وترێت، له‌وانه‌شه‌ له‌ كه‌سێكدا هه‌بێت و له‌ كه‌سێكی تردا نه‌بێت ، وه‌كو كه‌سێك پێش ئه‌وه‌ى موسڵمان بێت له‌ نه‌فامیدا بووه‌، با له‌ (دار الإسلام) یش بێت. به‌لام به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌هایی له‌ پاش هاتنی پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم هه‌میشه‌ كۆمه‌لاَنێك له‌م ئوممه‌ته‌ هه‌ر له‌ سه‌ر رێگاى راستن تاكو قیامه‌ت دێت، ئه‌گه‌رچى ده‌گونجێت جاهیلیه‌ت له‌ هه‌ندێ ولاَتی موسڵمانان، یان له‌ زۆر كه‌س له‌ موسڵماناندا هه‌بێت، وه‌كو پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی:( أربع في أمتي من أمرالجاهلية‌) رواه‌ مسلم. واته‌: چوار ئاكار له‌م ئوممه‌ته‌ی من له‌ كردارى جاهیلییه‌ته‌. هه‌روه‌ها به‌ (ابوذر) ى فه‌رموو: (إنك امرؤ فیك جاهلیة) واته‌: تۆ پیاوێكی نه‌فامیت تێدایه‌. پوخته‌ى ئه‌م باسه‌ ئه‌وه‌یه‌، نه‌فامی (الجاهلیه‌) به‌و پێناسه‌ى باسمان كرد ده‌بێته‌ دوو به‌شه‌وه‌: 1- نه‌فامی گشتی (الجاهلیة‌ العامة‌) : ئه‌م حاڵه‌ته‌ پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تی موحه‌ممه‌د بوو صلى الله علیه وسلم و به‌ هاتنی كۆتایی پێ هات. 2- نه‌فامی تایبه‌ت: (الجاهلیة الخاصة) ئه‌مه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ندێ ده‌وڵه‌ت و شارو شوێن و كه‌سه‌كان ، ئه‌م جۆره‌ نه فامييه هه‌رده‌مێنێته‌وه‌، به‌ مه‌ش هه‌ڵه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ نه‌فامی گشتی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ى خۆمان وه سف ده‌كه‌ن ، وه‌كو ئه‌وه‌ى ده‌ڵێن: نه‌فامیی ئه‌م خه‌ڵكی ئه‌م سه‌ده‌، یان نه‌فامیی سه‌ده‌ى بیسته‌م و قسه‌ى له‌و شێوه‌، راستیش ئه‌وه‌یه‌ بوترێت: نه‌فامیی هه‌ندێ له‌ خه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ، یان زۆربه‌ى خه‌ڵكی سه‌ده‌ى بیسته‌م، به‌ڵام گشتاندن درووست نییه‌، چونكه‌ به‌ ره‌وانه‌ كرانی پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم نه‌فامیی گشتی كۆتایی پێ هات. بڕوانه‌: عقیده‌ التوحید و ما یضادها ، د. صالح بن فوزان الفوزان. إحسان برهان الدین