العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئایا وتنی وشەی شێخ الله دروستە ؟
: 419
2021-09-09
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان: پرسیار 4 .... ئایا وتنی وشەی شێخ الله دروستە ؟ الحمد لله/ كورد عادەتێكیان هەیە لەمەسەلەی ناودا ئەویش ئەوەیە ئەبێت دەستكارییەكی بكەن! هەندێ جاریش بەشێكی لێ دەقرتێنن، بۆ نموونە ئەو ناوانەی كە وشەی (عبد) ی لە پێشەوەیە، وەكو عبدالقادر و عبدالكریم دەیكەن بە قادر و كەریم، بەهەمان شێوە - كە ئەمەیان جیاوازترە - وشەی عبدالله یش ئەوەیان بەسەردا هێناوە و لەم حاڵەتەدا لە شێخ عەبدوڵاوە بووەتە شێخەڵڵا، تا ئێستەش كورتكراوەی هاوشێوەی ترمان هەیە لە ناوی عبدالله كە لە هەندێ شوێن دەكرێتە كاكەوڵا. وا دیارە ئەو كاتەش كە وشەی شیخ عبد الله ئەو شێواندنەی بەسەردا هاتووە، ئاستی شارەزایی خەڵكیش لەڕووی شەرعیەوە لاواز بووە و دەركیان بەوە نەكردووە ناپەسەندییەكی واتایی لە دەستكاری كردنی وشەكە پەیدا دەبێت، بۆیە بەهەمان تەكنیك لە نێوان هەردوو وشەی شێخ و الله وشەی (عبد) یان قرتاندووە و ئەم كورتكراوە نادروستەی لێ پەیدا بووە. ئەگەرچی وا دەردەكەوێت مەسەلەكە تەنها هەڵەیەكە و كورتكردنەوەیەكی نەگونجاوە بەبێ مەبەست، بەڵام بێگومان ئیزافە كردنی شێخ بۆ الله وشەیەكی نادروستە و پێویستە بگەڕێتەوە سەر بنچینەی ناوەكە كە بریتییە لە عبدالله، هیچ كارێكی گرانیش نییە لە جیاتی شێخەڵڵا بكرێتە شێخ عەبدوڵڵا و درووست نییە لە مەسەلەیەكی وا كە پەیوەندی بە ئەسمائوسیفات و زاتی پەروەردگارەوە هەیە كەمتەرخەمی بكرێت. بە شیوەیەكی گشتی ئەو ناوانەی كە وشەی مەزنی الله ی پێوەیە پیویستە موسوڵمان وریا بێت لە كاتی بەكارهێنانیدا و وەكو هەر ناوێكی تر حیسابی بۆ نەكات، بەڵكو بە جوانی و بەڕێزو بەبێ دەستكاری و شێواندن بەكاری بهێنێت، بۆ نموونە لە جیاتی كاكەوڵا بڵێت كاك عبدالله، لە جیاتی ئەوڕەحمان بڵێت عبدالرحمن و ئیتر بەم شێوەیە. بۆیە بەكورتی شێخەڵڵا كە ناوی گەڕەكێكە لەناوەڕاستی شاری هەولێردا لە ڕووی شەرعییەوە بە درووستی نازانم و شارەوانی هەولێر كارێكی باش دەكات ئەگەر بەفەرمی ناوەكە بۆ شێخ عبد الله بگۆڕێت، ئەگەرنا خەڵكی خۆیان دەتوانن بە شێوە ڕاستەكەی دەربڕینی لێ بكەن و لە جێگەی شێخەڵڵا بڵێن شیخ عەبدوڵڵا... والله أعلم. إحسان برهان الدین 2 / رمضان / 1441 25/ 4 / 2020