العربیة
/سوننەت/
هاتنەدی فەرموودەیەك
: 346
2021-11-06

  هاتنەدی فەرموودەیەك لە فەرموودەیەكدا كە بوخاری بەڕەحمەت بێت لە حذیفة بن الیمان رضي الله عنه لە كتاب الفتن لە سەحیحەكەیدا بە ژمارە (7084) .دەیگێڕێتەوە فەرموویەتی: (كَانَ النَّاسُ يَسْأَلُونَ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّي اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنِ الْـخَـيْـرِ) واتە:خەڵكی پرسیاری خێرو چاكەیان لە پیغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكرد. ( وَكُنتُ أَسْأَلُهُ عَنِ الشَّرِّ ، مَـخَافَةَ أَنْ يُدْرِكَنِي) بەڵام من پرسیاری شەڕو خراپەم لێ دەكرد نەوەك تووشم بێت یان لە ترسی ئەوەی تووشی بم. (فَقُلْتُ: يَا رَسُولَ اللَّهِ إِنَّا كُنَّا فِي جَاهِلِيَّـةٍ وَشَرٍّ) وتم ئەی رسول الله، ئێمە لە نەفامی و شەڕو خراپەدا بووین، یەكترمان دەكوشت و ماڵی یەكترمان دەخوارد و هەموو تاوان و خراپەیەكمان ئەنجام دەدا. (فَجَاءَنَا اللَّهُ بِهَذَا الْـخَيْرِ) ئیتر الله تعالی ئەم دینە پاكەی پێ بەخشین وبووینە خاوەن ئیمان و ئاسایش وئاسوودەیی ولە خراپەكان دووركەوتینەوە. (فَهَلْ بَعْدَ هَذَا الْـخَيْرِ مِنْ شَرٍّ؟) ئایا لە دوای ئەم ئاسوودەیی و حاڵە باشەوە كە لە سایەی ئیسلامدا بینیمان، دیسان خراپە ڕوومان تێدەكاتەوە؟ (قَالَ : نَعَمْ) فەرمووی بەڵێ جارێكی تر خراپەتان تێدا بڵاودەبێتەوە. (قُلْتُ : وَهَلْ بَعْدَ ذَلِكَ الشَّرِّ مِنْ خَيْرٍ؟) وتم ئەی لە پاش ئەو شەڕو خراپە دیسان چاكە و باشی درووست دەبیتەوە؟ ( قَالَ : نَعَمْ ، وَفِيهِ دَخَنٌ) فەرمووی بەڵێ جارێكی تر خێروچاكەی ئیسلامتان تێدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام وەكو یەكەم جار پاك و پاراو نابێت و بەو شێوە جوانەی یەكەم جار ناگەڕێتەوە، بەڵكو تیكەڵ دەبێت بە شەڕ وخراپە و تێكچوون! (قُلْتُ: وَمَا دَخَنُـهُ؟) وتم چییە ئەو لێڵ بوون و خراپەی كە تیكەڵی ئەبێت یا رسول الله؟ (قَالَ: قَوْمٌ يَهْدُونَ بِغَيْرِ هَدْيِي ، تَعْرِفُ مِنْهُمْ وَتُنكِرُ) فەرمووی: كەسانێك بەناو ئیسلامەوە پەیدا دەبن لەسەر سوننەتی من ڕێ ناكەن، چاكەیان تێدا ئەبینی دلت پێی خۆش دەبێت، كەچی هەر خۆیان خراپە و لادانیشیان هەیە نكۆڵی لێ دەكەیت و بەنامۆی دەزانیت. (قُلْتُ: فَهَلْ بَعْدَ ذَلِكَ الخَيْرِ مِنْ شَرٍّ؟) وتم ئەی لە پاش ئەو چاكەی كە لەگەڵ خراپەدا تیكەڵبووە دیسان دۆخی ئیسلام خراپ دەبێتەوە و شەڕ و خراپە سەرهەڵدەدات؟ (قَالَ: نَعَمْ دُعَاةٌ عَلَى أَبْوَابِ جَهَنَّمَ ، مَنْ أَجَابَهُمْ إِلَيْهَا قَذَفُوهُ فِيهَا) فەرمووی بەڵێ: هەندی بانگخواز پەیدا دەبن وەكو ئەوەیە لە دەرگای دۆزەخدا وەستابن و بانگی خەڵكی بۆ بكەن، هەركێ بچێتە دەم بانگهێشتەكەیانەوە فڕەی دەدەنە ناو دۆزەخەوە. (قُلْتُ: يَا رَسُولَ اللهِ صِفْهُمْ لَـنَا) وتم: ئەی رسول الله باسیان بكە بۆمان با بیانناسین. (قَالَ:هُمْ مِن جِلْدَتِنَا وَيَتَكَلَّمُونَ بِأَلْسِنَتِنَا) فەرمووی ئەوان هەر لە خۆمانن و بەزمانی خۆیشمان قسە دەكەن. (قُلْتُ: فَمَا تَأْمُرُنِي إِنْ أَدْرَ كَنِي ذَلِكَ؟) وتم فەرمانی چیم پێ دەكەیت ئەگەر من گەشتمە ئەو ڕۆژگار و سەردەمە؟ (قَالَ: تَلْزَمُ جَمَاعَةَ الْمُسْلِمِينَ وَإِمَامَهُمْ) فەرمووی پابەند بە بە كۆمەڵی موسوڵمان و پێشەواكەیانەوە، واتە ئەو كۆمەڵە موسوڵمانانەی كە بەبێ گۆڕانكاری و شێواندن و تاویل و دابەزین لەسەر ئیسلامە ڕاستەقینەكەی كیتاب و سوننەت دەڕۆن و سەركردەیەكیشیان هەیە لەسەر هەمان ڕێبازی ئیسلامی ڕاستەقینە. (قُلْتُ: فَإِنْ لَــمْ يَكُنْ لَـهُمْ جَمَاعَةٌ وَلَا إِمَامٌ ؟) وتم: ئەی ئەگەر نە كۆمەڵێكیان هەبوو لەسەر ئیسلامە ڕاستەقینەكە تاكو لەگەڵیان بم و نە پێشەوایەكیشیان هەبوو لەسەر ڕێبازەكەی تۆ بێت بەبێ گۆڕین و شێواندنی دینەكەت، بەڵكو چەندین كۆمەل و تاقم بوون و لەسەر سوننەتی تۆیش نەدەڕۆین، ئەی ئەو كاتە چی بكەم؟ (قَالَ: فَاعْتَزِلْ تِلْكَ الْفِرَقَ كُلَّهَا ) فەرمووی دەستبەرداری هەموو ئەو دەستەو تاقم كۆمەڵانە ببە ولێیان بەری بە. (وَلَوْ أَنْ تَعَضَّ بِأَصْلِ شَجَرَةٍ حَتَّى يُدْرِكَكَ المَوْتُ وَأَنتَ عَلَى ذَلِكَ) خۆتیان لێ جیا بكەرەوە و دووریان لێ بگرە ئەگەر بەوەش بووە كە قەپ بە دارێكدا بكەیت تا ئەو كاتەی لەسەر دینە ڕاستەكەی كیتاب و سونەت دەمریت بێ ئەوەی ساردبیتەوە لەو دابڕانەت یان هەڵخەلەتێیت و بچیتە ناو ئەو دەستەو تاقمانەوە كە بە هەندی قسەو ڕواڵەت بێت ئەهلی دینن، بەڵام زۆرێك لە كردار و گوفتار و مامەڵەیان بە سوننەت و بیروباوەڕی ئیسلام نامۆیە. إحسان برهان الدین 25 ذو القعدة 1441 16 تموز 2020