العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
لەم سەرپێچیانە خۆت بپارێزە:22
: 401
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان_22: لەم سەرپێچیانە خۆت بپارێزە! شەریعەتی ئیسلام هەمووی بۆ بەختەوەری و سوودی مرۆڤەكان هاتووە، بۆیە كاتێك موسوڵمان سەرپێچی ئەو شەریعەتە دەكات، كارەكەی بە زیانی خۆی تەواو دەبێت ولەسەری تاوانبار دەبێت، لێرەدا چەند سەرپێچییەك لەوانەی ئافرەتان ئەنجامی ئەدەن و زیانی بۆ خۆیان و بۆ بۆ دەوربەریشیان هەیە دەخەینە ڕوو : 1- بە هیچ شێوەیەك و تا پێت دەكرێت، نوێژەكانت دوا مەخە و لە كاتی دیاریكراوی خۆیاندا ئەنجامیان بدە، چونكە نوێژ دروشمی هەرە گەورەی موسوڵمانێتی تۆیە و كەمتەرخەمی لە نوێژدا نیشانەی ئەوەیە بەباشی دەستت بە دینەكەت نەگرتووە، كە كاتی نوێژەكەت هات، واز لە هەموو شتێكی تر بهێنەو ڕوو لە نوێژەكەت بكە. ئەگەر میوانت بوو، ئەگەر كاتی چێشت كردن و ئیشی ماڵ بوو، ئەگەر دەرچوون و خوێندن و دەرس و هەر وابەستەبوونێكی ترت بوو، هەر هەمووی بخەرە لاوەو بڵێ نوێژەكەم پێش هەموو شتێكە. 2- هەرگیز نابێت بە خەیاڵ و دڵیشتدا بێت، بیر لەوە بكەیتەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان، لەژێر هەر فشار و كێشەو ناخۆشییەكدا كە بێتە ڕێت، بچیتە لای ساحیر و فاڵچی و كتێب گرەوەو ڕمڵ لێدەر، یان یەنا ببەیت بۆ خوێندنەوەی فنجان وناو دەست، یان باوەڕت بە بورجەكان وكاری هاوشێوەی تر هەبێت، چونكە ئەوە لە دینەكەت داتدەماڵێت و موسوڵمان بوونت سفر ئەكاتەوە، تەنها پشت بە پەروەردگارت ببەستە و تەوەكول لەسەر ئەو بكە. 3- هەمیشە مێرد ومناڵت وەكو ئەمانەتێك تەماشا بكەو لەوەی پێت دەكرێت گرنگییان پێ بدە، ئەوەت لەبیر بێت هاوسەرەكەت بەهەشت و دۆزەخی تۆیە، واتە بۆی هەیە بە بایەخدانت پێی و گوێڕایەڵیت لە چاكەدا بۆ فەرمان و داواكارییەكانی ودابین كردنت بۆ پێویستییەكانی، یان ئامۆژگاری خێرت بۆی، ئەو ببێتە هۆكاری چوونە بەهەشتت، بە پێچەوانەشەوە، بۆی هەیە بە ئیهمال كردنت بۆی و لەناحەق دڵتەنگ كردنی و هەڵنەسانت بە دابین كردنی پێویستییەكانی، ئەو ببێتە هۆكاری چوونە دۆزەخت، با نوێژو وعیبادەتەكانیشت هەبێت ئەو مەسەلە هەر وەكو مەرجێك بۆ دینداریت دەمێنیتەوە، بەڵگەش لەسەر ئەم قسە لەشەرعدا زۆرە. مناڵەكانیشت بەهەمان شێوە فێری نوێژو قورئان خوێندن و ڕەوشتی جوانیان بكە، لەسەر ڕێزگرتن لە شەریعەت و بنەمای بیروباوەری ئیمان و تەوحید پەروەردەیان بكە، بۆ ئەوەی كە گەورە بوون ئەو پەروەردەكردنەت لە كەسایەتیاندا ڕەنگ بداتەوە. 4- هەموو كەسێك لەم دونیایە، مردنێك قەرزاردەو مردن تیرێكەو لە كەوان دەرچووە ئەوەندەی ماوە بگاتە جێگای خۆی! بۆیە ئەگەر ئازیزێك و كەسێكی نزیكت مرد، ئەوە قەدەرە و ڕۆژی تەواو بووە، تۆ تەنها ڕازی بوونت لەسەرە، ڕێگە مەدە بە خۆت بە ناشوكری و دەنگ بەرز كردنەوە بەقیژە وگریان و هاوار كردن، الله لە خۆت توڕە بكەیت، بەڵكو خۆراگربەو بزانە ئەوە تاقیكردنەوەیەكی ئیلاهییە، دەبێت هەوڵ بدەیت تێیدا بەسەكەوتوویی نەك بەشەرمەزاری وتاوانباری دەربچیت. 5- یەكێك لە دیارترین و گرنگترین پێوەرەكانی ڕاستگۆیی تۆ و بەهێزبوونت لە دینداریتدا، جلوبەرگ و پۆشاكەكانتە، خۆت چاك دەزانی چۆن دەتوانیت جلەكانت بەو شێوە لێ بكەیت كە الله لە خۆت ڕازی بكەیت، دەبێت پۆشاكت ڕەنگاورەنگ و بۆندار وتەسك و تەنك وسەرنج راكێش نەبێت، دەبێت پۆشاكەكەت ناونیشان و دروشمی وابەستەبوونی تۆ بێت بە ئیسلامەوە و هەركێ بتبینێت ئیسلامت بەبەرجەستەكراوی تێدا ببینێت وبۆی دەربكەوێت تۆ نموونەی دەست گرتنی بە دینەكەت. 6- با ماڵەكەت جێ پەنجەی دینداریتی پێوە دیار بێت، بۆ نموونە نابێت وێنەی هیچ مرۆڤ وگیاندارێك هەڵواسرابێت، نابێت هیچ قاپ كەوچك و كەرەستەیەكی لەو جۆرە لە ئاڵتون و زیو بن، با هەرچەند دەوڵەمندیش بن، نابێت گۆرانی و مۆسیقا لەناو ماڵەكەتدا ببیسرێت چونكە گۆرانی و مۆسیقا بە یەقین حەرامە، تەنانەت نابێت تابلۆی ئایەت و ناوی الله ومحمد صلی الله علیه و سلم هەڵبواسرێت، چونكە ئەوەش بیدعەیە، بەڵكو دەبێت مناڵەكانت لەسەر بیستنی قورئان ڕابهێنیت، چونكە ئەوە بۆ داهاتووی ژیانیان گەورەترین كاریگەری باشی دەبێت لەسەریان، تەنانەت لەو كاتانەش كە یاری ئەلیكترۆنیش دەكەن بۆ نموونە لەگەڵیدا ڕایان بهینە با گوێ لە قورئان بگرن. 7- لە مەسەلەی هاوسەرگیری و لەكاتی گواستنەوەی كچدا بۆ ماڵی هاوسەرەكەی، زۆر گرنگە لەو كاتەدا نەك دەست بەرداری هیچ حوكم و لایەنێكی دینەكەت نەبیت، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوە كاتی دەستگرتتنە بە شەرع و فەرمانەكانی پەروەردگارتەوە، دەبێت خۆت لەو كارە ناشەرعییانەی دەكرێت بپارێزیت، وەكو لەبەر كردنی ئەو جلە سپییە بەتایبەت ئەگەر ڕەچاوی شەرعی تێدا نەكرێت و، هەروەها ڕۆیشتن بۆ ساڵۆنی جوانكاری و خۆ نمایشكردن بۆ خزمان و خەڵكی، هەموو ئەوانە تاوانە و سەرەتایەكی زۆر خراپە بۆ دەست پێكردنی ژیانی هاوسەرگیری. 8- با دەرچوونت لەماڵ زیاتر بۆ كاری پێویست بێت، نەك بۆ هەموو شتێك هەر دەربچیت، بەتایبەتی مەسەلەی دەرچوون بۆ بازاڕەكان، كە بوونەتە جێگای خراپە و ئەوەی الله پێی ناخۆشە لەوێ دەكرێت ودەبینرێت، الله تعالی فەرموویەتی: (وَلا تَبَرَّجْنَ تَبَرُّجَ الْجَاهِلِيَّةِ الْأُولَى ) الأحزاب: 33. لەڕاستیدا ئەم سەردەمە بەهەر لایەكدا بچیت تاوان و گوناه وسەرپێچی ڕووبەڕووتە، بەتایبەتی لە مۆڵ وبازاڕەكاندا. 9- تێكەڵ بوون لەگەڵ خزمانی نامەحرەمدا، كێشەیەكی شەرعی زۆر گەورەیە، دەبێت خۆتی لێ بپارێزیت و گوێ بەوە نەدەیت لەسەر ئەوە چیت پێ دەوترێت، ڕەزامەندی الله و دینەكەت لە ڕەزامەندی خزمەكانت باشترە، ئەو كەسەی لەسەر پارێزگاریكردنت لە سنووری شەرع لۆمەت بكات نابێت گوێی پێ بدەیت، تەنانەت ئەگەر مێرد و سەرپەرشتیاریش داوای ئەوەت لێ بكات لەگەڵ ئەو خزمە نامەحرەمانە زۆر تێكەڵ بیت وبەبێ جلی شەرعی تەواو بچنە نێو هەموو قسەو باسێكەوە نابێت بەقسەی بكەیت، چونكە، لە فەرموودەدا هاتووە: (على المرءِ المسلم السمع والطاعة فيما أحبّ وكَرِه إلا أن يُؤْمَر بمعصية، فإن أُمِرَ بمعصية فلا سَمْع ولا طاعة) رواه مسلم. 10- جگە لە هەندێ حاڵەتی زەروری و بە مەرج و ڕێوشوێنی خۆی نەبێت، ئەسڵ ئەوەیە ئافرەت نابێت بەتەنها خۆی و بەبێ مەحرەم سەفەر بكات، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( لَا تُسَافِرْ الْمَرْأَةُ إِلَّا مَعَ ذِي مَحْرَمٍ )البخاري (1729) ومسلم (2391) . بۆیە سەفەری ئافرەت بەبێ مەحرەم حەرامە جگە لە هەندێ حاڵەتی حەج و عومرە و هیجرەت نەبێت كە زانایان باسیان كردووە. 11- هەمیشە وەكو داعی و بانگخواز خۆت ببینە، با زانستیشت كەم بێت، گرنگ ئەوەیە ئەوەی كە دەیزانیت تەواو بێت و لێی دڵنیا بیت، هەموو هەلێكی یەك بینینت لەگەڵ ئافرەتاندا بقۆزەوە بۆ ئامۆژگاری و بڵاوكردنەوەی زانستی شەرعی، ئەگەر لە ڕووی تەجوید وعەقیدەوە، بۆ نموونە تەنها سوڕەتی الفاتحة و الإخلاص بزانیت و بۆ ئافرەتانی باس بكەیت، ئەوە كارێكی مەزنە، ئەگەر تەنها فەرموودەكانی كتێبی (الأربعین النوویة) یان چەند فەرموودەیەكی دیاری كراوی لەبەر بكەیت و واتاكانی بزانیت و باسی بكەیت، ئەوە كارێكی پیرۆز و گەورەیە ئەنجامی بدەیت. 12- ئەمڕۆ لەناو موسوڵماناندا غەیبەت كردن بووەتە ئافات و نەخۆشییەكی بەربڵاو ، زۆربەی زۆری خەڵكی ئەنجامی ئەدەن و ئاسایی بوەتەوە لەلایان، گرنگە تۆی ئافرەتی ئیماندار ببیتە نموونەیەكی جوانی بەرجەستەكەر بۆ شەرع، هەر كاتێك غەیبەتی كەسێك كرا، بەشداری نەكەیت و ڕێگە لەوانی تریش بگریت لەبەردەمتدا بیكەن. 13- لە خۆباییبوون و لە خۆڕازیبوون با سیفەتێكی دوور بێت لەتۆی ئافرەتی ئیماندار، بەڵكو پێویستە زۆر وریای ئەم حاڵە بیت، چونكە لەناو ئافرەتاندا بوونی هەیە و زۆر جار جوانی و باشی گوزەران و تایبەتمەندی مێرد و مناڵ و خانووی باش و سەیارەی باش ومۆدێل بەرز و شتی تر، بە شێوەیەك لە شێوەكان دەبێتە هۆی غرور و لە خۆباییبوونی ئافرەتان، ئەوەش بۆ خۆی سیفەتێكی ناشیرینە و مایەی تاوانبارییە. 14- زۆر پێویستت بە تەرخان كردنی كاتە بۆ عیبادەت، با كاتێكی كەمیش بێت، گرنگ ئەوەیە بەردەوام بیت لەسەری، وەكو قورئان خوێندن و زیكرەكانی بەیانی و ئێواران، هەروەها بۆ خوێندنەوەی كتێب و زانستە شەرعییەكان، ئەوە ئەوپەڕی كاریگەری باشی بۆ دونیاو دوارۆژت دەبێت إن شاء الله. 15- گرنگی زۆر بە هەڵبژاردنی هاوڕێ بدە، لەناو ئافرەتاندا ئافرەتی وا هەیە ئەگەر نزیكت بێت، بەناڕاستەوخۆ و لەڕێگەی گرنگیدانی زۆر و لە ڕاددەبەدەر بە دونیا، لە ئەجرو پاداشت و كاری ئیمانی و كۆشش بۆ قیامەت دوورت دەخاتەوە دڵت دەمرێنیت و كات بە فیڕۆ دەدات، تەمەنیش بە خێراییەكی زۆر تێپەڕ دەبێت و لەسەر مرۆڤەكان حیساب دەكرێت. 16- سیلەی ڕەحم و خزمایەتی مەبڕە وبەجێی بهێنە، بەتایبەت بۆ باوك ودایك دەبێت لە هەموو حالەتێكدا بەردەوامیت هەبێت لەگەڵیاندا، جگە لەوان مەسەلەكە لەسەر حاڵ و دەستگرتنی ئەو كەسانە بەدینەوە ڕادەوەستێت، تەنانەت ماڵی براو خوشكیش، ئەگەر دوور بن لە دین و لە ماڵیاندا رەچاوی شەرع نەكرێت و سنووری حەڵاڵ وحەرام ڕێزلێگیراو نەبێت، بۆ نموونە تێكەڵ بوون و گۆرانی و مۆسیقا و گوناهو سەرپێچی تر ئەنجام بدرێت، درووست نییە بە پاساوی سیلەی ڕەحمەوە بەشداری سەرپێچییەكانیان بكەیت، بەسە بەتەلەفون، یان بە هەر ڕێگەیەكی تر ئەو سیلەی ڕەحمە بەجێ بهێنیت، ماڵی خەسوو وخەزورانیش بۆ ژن و پیاویش بە سیلەی ڕەحم ناژمێردرێت، بەڵام چاكە لەگەڵ هەركەسێكدا كە شاییستەی چاكە بێت و لە سنووری شەرعدا بێت، كارێكی باشە و عەیبی نییە. 17- هەموو شتێك لە چوارچێوەی قەدەر و ویستی الله تعالی وەربگرە و لە هیچ شتێك ڕەش بین مەبە و تشاؤم مەكە، لە هیچ مەترسە و بڵێت ئەمە شوومە. با مەسەلەی ترس لە حەسوودیش ژیانت لێ تاڵ نەكات و وا گومان ببەیت خەڵكی ئیشیان نییە خەریكی حەسوودی بردنن بە تۆ و مناڵ و مێرد و سەیارەو خانووتان، زۆر جار ئەوە گومانێكە شەیتان بۆتی دروست دەكات، ئەگینا خۆ تۆ ناو دڵی ئەو كەسەت لەت نەكردووە، ئەگەر ئێرەیشتان پێ ببەن لە دەرەوەی دەسەڵاتی الله هیچیان پێ ناكرێت، بۆیە پشت بەپەروەردگارت ببەستە و معوذات و زیكرەكانی بەیانی و ئێواران بخوێنەو ئیتر لە هیچ مەترسە. پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: «لاَ عَدْوَى وَلاَ طِيَرَةَ، وَلاَ هَامَةَ وَلاَ صَفَرَ، وَفِرَّ مِنَ المَجْذُومِ كَمَا تَفِرُّ مِنَ الأَسَدِ». رواه البخاري (5707). 18- درۆ جۆری گەلێك زۆرە، لە هەموویان خۆت بپارێزە، ڕوسوری لای الله و بەندەكانی دەبیت، پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: "آيَةُ المُنَافِقِ ثَلاَثٌ: إِذَا حَدَّثَ كَذَبَ، وَإِذَا وَعَدَ أَخْلَفَ، وَإِذَا اؤْتُمِنَ خَانَ ".البخاري (33). هەروەها هیچ كات ئازاری دراوسێت مەدە و لێبوردە بە ئەگەر هەڵەیان بەرانبەرت كرد، وریای ئەوەش بە زمانت بەرانبەر هیچ كەسێك، نەفرەت و لەعنەتی پێدا بێت. 19- ڕێز لە كات بگرە و وەكو گەنجینەیەكی بەنرخ تەماشای بكە، بەتایبەتی وریای قسەو دەمەتەقەی بێ سوود و تەلەفۆن كردنی دوورو درێژبە، چونكە ئەگەر ئەوە بكەیتە خوو ، بەشێك لە تەمەنت بەزایە دەچێت، كات كوشتن یەكسانە بە جۆرێك لە خۆكوشتن وبەزایەدانی تەمەن. پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: (نِعْمَتَانِ مَغْبُونٌ فِيهِمَا كَثِيرٌ مِنَ النَّاسِ: الصِّحَّةُ وَالفَرَاغُ) ".البخاري (6412). 20- پاراستنی تایبەتمەندی خۆت وەكو ئافرەت، ئەوە ئەركێكی شەرعی و پێویستییەكی كەسایەتی و دونیایی خۆتە، حەرامە لە جل و بەرگدا لاسایی پیاوان بكەیتەوە: «لعن الله الرجل يلبس لبسة المرأة والمرأة تلبس لبسة الرجل».رواه أبوداود (4098). لەناو كورددا لەبەركردنی ژنان بۆ شەرواڵ بۆ ئیشكردن و مەبەستی تر هەیە، ئەوەش سەرپێچییەك و تاوانێكی گەورەیە، بەڵكو ئافرەت نابێت لە هیچ شتێكدا لاسایی پیاو بكاتەوەو بە پێچەوانەشەوە هەر وایە و بە پێی فەرموودە بەر لەعنەت دەكەون ئەگەر ئەو كارە بكەن.، "لعن رسول الله صلى الله عليه وسلم المتشبهين من الرجال بالنساء والمتشبهات من النساء بالرجال" [رواه البخاري والترمذي وأبو داود].