العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
حوكمی شەرعی چییە كەسێك بۆ ماوەیەكی زۆر بەئەنقەست هیچ قسەیەك نەكات؟
: 348
2022-06-01
وەڵامی_پرسیارەكانتان:40 بێ دەنگی وقسەنەكردن بۆ ماوەیەكی زۆر چەند جارێك پرسیاری حوكمی بێ دەنگ بوون و قسە نەكردنم بۆ ماوەیەكی زۆر لێكراوە، واتە: حوكمی شەرعی چییە كەسێك بۆ ماوەیەكی زۆر بەئەنقەست هیچ قسەیەك نەكات؟ لەڕاستیدا بێ دەنگبوون و قسەنەكردن لە شەرعەكانی پێش خۆماندا هەبووە و جۆرێك بووە لە عیبادەت، بێ دەنگ بوون و قسەنەكردنی خاتوو مەریەمیش علیها السلام ئەگەرچی هەندێك قسە وباس هەڵدەگرێت كە ئێرە جێگەی شیكردنەوەی نییە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندی بەم باسەوە هەیە، كە الله تعالی فەرموویەتی: (فَقُولِي إِنِّي نَذَرْتُ لِلرَّحْمَٰنِ صَوْمًا فَلَنْ أُكَلِّمَ الْيَوْمَ إِنسِيًّاً). بەڵام لەشەرعی ئیسلامدا بێ دەنگ بوون بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر بۆچوونی پەسەند هیچ فەزیلەت و چاكییەكی تێدا نییە ، بەڵكو لە فەرموودەیەكیشدا لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە كە بێ دەنگ بوون بۆ ماوەیەكی زۆر و بەنیەتی عیبادەتەوە لە پیشەو كاری ئەهلی جاهیلیەتی پێش ئیسلامە و لەناو ئەواندا باو بووە! ئەو فەرمودانەش كە باس لە چاكێتی بێدەنگی دەكەن لە ئیسلامدا ، وەكو فەرموودەی "مَنْ صَمَتَ نَجَا" یان فەرموودەی " أَيْسَر الْعِبَادَة الصَّمْت" بەدەر لە لێكۆڵینەوە لەسەنەدەكانیان مەبەست لەوەیە لە قسەی بەتاڵ و پڕوپوچدا بەشداری نەكرێت و بێ دەنگ بوون لە قسەی بەتاڵ و ناشەرعی باشترە زۆر ئایەت و فەرموودەش پشتگیری دەكات. واتە: قسەی باش بكە، ئەگەرنا بێ دەنگی باشترە لەقسەی خراپ و بێ سوود، وەكو لەو فەرموودەدا هاتووە كە پێشەوا بوخاری دەیگێڕێتەوە: "مَنْ كَانَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ فَلْيَقُلْ خَيْرًا أَوْ لِيَصْمُتْ" واتە: هەركێ باوەڕی بە الله و بە ڕۆژی دوایی هەیە با قسەی خێر وباش بكات، ئەگەرنا با بێ دەنگ بێت. دیاە كە مەبەست لەم جۆرە بێ دەنگییە جیاوازە لەو بێ دەنگییە كە وەكو ڕۆژووگرتن بێت لە قسەكردن. كەواتە: بێ دەنگبوون بە مەبەستی عیبادەت و كاری چاكە ئەسڵی نییە لەشەرعدا، بەهەمان شێوە بێ دەنگ بوونی كەسێك وەكو سزادانی خۆی لە بری تاوانێك كە ئەنجامی دابێت وەكو غەیبەت كردن، ئەویش كارێكی نادرووست و بیدعەیە، چونكە بەڵگەی لەسەر نییە، بەڵام كەی قسەكردن مایەی گوناهباری بوو، خێرو چاكە لەوەدایە بەشداری نەكرێت لەو جۆرە قسانەدا و ئەمەش وەكو وتمان مەسەلەیەكی جیاوازە لەو باسەی ئێمە. هەر لەو بارەشەوە پێشەوا شافیعی فەرموویەتی: (إِذَا أَرَادَ أَنْ يَتَكَلَّم فَلْيُفَكِّرْ ; فَإِنْ ظَهَرَ لَهُ أَنَّهُ لا ضَرَر عَلَيْهِ : تَكَلَّمَ ، وإِنْ ظَهَرَ لَهُ فِيهِ ضَرَر ، أَوْ شَكَّ فِيهِ أَمْسَكَ) . شرح مسلم" 2/25. واتە ئەگەر كەسێك ویستی قسە بكات با پێش قسەكردنەكەی بیربكاتەوە، ئەگەر زانی قسەكەی باشە و زیانی نییە با قسە بكات، ئەگەر بۆی دەركەوت قسەكردنەكەی زیانی هەیە یان گومانی بوو لە سوود گەیاندنی قسەكانی بێ دەنگ بوونی باشترە. بەڵام ئەگەر بێ دەنگ بوون بۆ ماوەیەكی زۆر بە مەبەستی عیبادەت نەبوو و خاوەنەكەی نەیبەستەوە بە هیچ بابەتێكی ئایینییەوە، بۆ نموونە كەسێك هەر بۆ خۆشی یان بۆ مەبەستێكی ئاسایی بۆ ماوەیەكی زۆر هیچ قسە نەكات ئەوە ئاساییە و درووستە، بێ گومان بەمەرجێك هیچ عیبادەتێكی لەدەست نەچێت كە پێویستی بە قسەكردنە وەكو نوێژ. خراپترین بێ دەنگبوونیش ئەوەیە هەڵوێستێكی حەق بێتە پێشەوەو قسەنەكەیت و خۆتی لێ كەڕ بكەیت بەبیانووی ئەوەی بێ دەنگی سەلامەتییە، ئەوەی كە لە ناو ئێمەی كورددا زۆر بەربڵاوە، چونكە هەندێ جار هەیە وەكو ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونكەر و بەرگریكرن لە حەق و پشتگیریكردن لە ستەملێكراو قسە كردن قسەكردن لەو حاڵەتانەدا هەم خێرو فەزیلەتێكی گەورەیە و هەم واجبێكی شەرعییە ئەگەر لەتواناتدا هەبێت، لە بەرانبەریشدا بێ دەنگی بێ هەڵوێستی و گوناهبارییە. یەكێك لە حیكمەتەكانی بێ دەنگ نەبوون ئەوەیە ماوەیەكی زۆر لە زیكر و یادی الله دانەبڕێیت ئەگەر بە وتنی سبحان الله یەكیش بووە پێویستە ئەو بێ دەنگییە بشكێنیت، چونكە وەكو وتمان لە ئیسلامدا نەهی لێ كراوە موسوڵمان بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ هیچ قسەیەك نەكات.. والله اعلم. إحسان برهان الدین 25 ذو القعدة 1442 5 تموز 2021