/نیشانەی تاقمەکان/
4-جەهمییەكان
: 351
2022-06-27
#نیشانەی_تاقمەكان: 4
جەهمییەكان
جەهمییەكان فیرقەیەكی ترن لەو فیرقەو تاقمانەی كە لە ئیسلام لایانداوە و بە بەشێكی دیاری مورجیئە دەژمێردرێن، ئەم تاقمە سەر بە جەهمی كوڕی سەفوانن كە لە سەرەتای سەدەی دووەمی كۆچیدا لە خوراسان سەری هەڵدا و شارەزایی لە فەرموودەدا نەبوو، بەڵكو زۆر سەرقاڵی مەنتیق و عیلمی كەلام بوو و هەر لەو ڕێگەشەوە لە ئایەتەكانی قورئان و سیفەتەكانی الله تعالی تێدەگەیشت.
جەهم یەكەم كەس بوو لە ئیسلامدا بڵێت قورئان مەخلوقە و سیفەتەكانی الله ی هەمووی تەئویل كرد و پەكخست و لە واتاكانی خۆیان لایدان، جەهم ئەگەر چی هەندێ لە مێژوونووسان بە كەسێكی شارەزا و خاوەن ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونكەر حیسابیان كردووە، بەڵام لە ڕووی عەقیدەو بیروباوەڕەوە كەسێكی سەرلێشێواو بووەو بەردەوام خەریكی مشت و مڕ و موجادەلە و بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕەكانی خۆی بووە، سەرەتا بیروبۆچوونەكانی جەهم لە (ترمذ) بڵاوبوویەوە بەڵام دواتر بە شێوەیەكی بەرفراوان لە ناو خەڵكیدا تەشەنەی كرد، هەر بۆیە زانایانی سەلەف بە توندی بەربەرچی بیرۆكەكانیان دەدایەوە و وریاییان لە بارەیەوە دەدا بە خەڵكی، پێشەوا (أحمد بن حنبل) بەڕەحمەت دەربارەی فەرموویەتی: "وكذلك الجهم وشيعته دعوا الناس إلى المتشابه من القرآن والحديث فضلوا وأضلوا بكلامهم بشراً كثيراً، فكان مما بلغنا من أمر الجهم عدو الله أنه كان من أهل خراسان من أهل ترمذ، وكان صاحب خصومات وكلام" ((الرد على الزنادقة والجهمية)) (ص 23). واتە: جەهم و هاوەڵانی خەڵكیان بۆ ئایەت و فەرموودە لێكچووەكانی بانگ دەكرد و ئیتر گومرا بوون و خەڵكێكی زۆریشیان لەگەڵ خۆیاندا گومڕا كرد و ئەوەشمان پێ گەیشت كە ئەو دوژمنی خوایە خەڵكی خوراسان بووە لە ناوچەی ترمذ و بەناكۆكی و تێوەگلان بە عیلمی كەلامەوە ناسراوە.
جەهمی كوڕی سەفوان لە ساڵی 130 یان 132 ی كۆچی لەلایەن (سلم بن أحوز ) لە شاری (مرو) كوژرا. جومهوری زانایان لەسەر ئەوەن كە كوژرانی جەهم بە هۆكارێكی دینی بووە، واتە بەهۆی لادانەكانی لە عەقیدەی ئیسلامی كوژراوە، شایانی باسە جەهم هاوڕێ و تەلەبەی جەعدی كوری دیرهەم بووە و لە پاش كوژرانی جەعد لەسەر دەستی (خالد بن یزید القسري) جەهم لەسەر ڕێبازی مامۆستاكەی هەر بەردەوام بوو، تا دوا جار ئەویش كوژرا.
بەڵام لە هاوچەرخەكاندا شێخ (جمال القاسمی) دەڵێت: كوژرانی جەهم لەبەر هۆكاری دینی نەبووە، بەڵكو هۆكارەكەی سیاسی بووە، چونكە سەرەڕای ئەوەی كە لە عەقیدەی ئیسلامی لایدابوو بەڵام ئەو ئەوە بۆچوونانەی خۆی بەڕاست دەزانی و مەبەستی دژایەتی ئیسلام نەبوو، قاسمی دەڵێت كوژرانی جەهم بەهۆی وەستانی بووە لە ڕووی حوكمی بەنی ئومەییە و ئەو لەبەر بیرورڕكانی شایانی كوشتن نەبووە. اقرأ كتابه : ((تاريخ الجهمية والمعتزلة)) (ص14-18).
نیشانەكانی تاقمی جەهمییەكان:
1- هەموو ئایەت و سیفاتێكی الله یان تەئویل دەكرد و جێگیر كردنی دەست و دەم وچاو تەنانەت قسەكردنیشیان بۆ الله بە كارێكی نەشیاو دەزانی و دەیانوت كەلامی الله لە ناو نەفسی خۆیدایەو ئەمەش دوا جار سەری لەوە دەركرد وتیان قورئانیش مەخلوقە و ئاخاوتنێكی دەروونی خوایە!
2- نكۆڵییان لە سیفەتە ئەزەلییەكانی الله تعالی كرد وەكو القدرة و الإرادة والعلم، بۆیە دەیانوت الله خاوەن توانا نییە بە سیفەتی قودرەت و توانا بەڵكو هەر زاتێتی و زاتێكی ئەزەلییە بەڵام ئەو سیفەتانە ئەزەلی ننین و ئەگەر ئەو سیفەتانەش ئەزەلی بن لەگەڵ زاتی الله ئەوا دەبێتە ڕێخۆشكەر بۆ مەسەلەیەك كە پێیان دەوت (تعدد القدماء).
3- باوەڕیان وابوو كە مرۆڤ بە خۆی هیچ توانایەكی نییە و بەڵكو ناچار و مەجبورە ئەو كردارانەی كە تێیدا درووست كراوە ئەنجامی بدات بۆیە پێیانیش دەوترا (الجبریة) و ئەم مەسەلەش وردەكاری و شیكردنەوەی زۆری تێدایە.
4- دەیانوت ئیمان تەنها لە دڵدایە و لەگەڵ هەبوونی ئیماندا هیچ تاوانێك تەنانەت كوفریش بە ڕواڵەت و قسەی ئەو خاوەن ئیمانەوە ببینرێت هیچ زیانێكی نییە ، بۆیە بە شێك لە مورجیئەش دەژمێردرێن.
5- باوەڕیان وا بووە كە الله لە هەموو جیگەیەكدا بوونی هەیە و جەهم خۆی دەربارەی الله وتوویەتی: (هو هذا الهواء مع كل شيء وفي كل شيء ولا يخلو منه شيء). واتە الله ئەو بایەیە و لەگەڵ هەموو شتێكدایە و لە ناو هەموو شتێكدایە و شتیش نییە بەدەر بێت لەو زاتە! بەم شێوەش نكۆڵییان لەوە دەكرد الله لەسەر عەرش بێت و وشەی (استوی) یان لە ئایەتی (الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى) [طه:5]،تەئویل دەكرد بە استولی!
6- باوەڕیان وابوو كە بەهەشت و دۆزەخ هەمیشەیی نین و لەناو دەچن! سەبارەت بە ئەو ئایەتانەی كە ئاماژە بۆ هەتا هەتایی بەهەشت و دۆزەخ دەكات دەیانوت ئەوە بۆ موبالەغە و تێگەیاندنی خەڵكە كە كاتی مانەوەیان زۆر زۆرە بەڵام هەمیشەیی و هەتا هەتا نییە و هەندێ بەڵگەیان لەو بارەوە دەهێنایەوە.
7- بێگومان لە ئەنجامی نكۆڵی كردنیان لە ئایەتەكانی ناوو سیفەتەكانی الله تعالی نكۆڵییان لە بینینیشی كرد لە ڕۆژی قیامەتدا و ئەم عەقیدەیان دواتر موعتەزیلە بەرگرییان لێكرد و بڵاویان كردەوە.
جەهمییەكان بۆ هەموو بۆچوونەكانی خۆیان لە مەسەلەی نكۆڵی كردن لە ئەسمائوسیفات و مەسەلەی جەبر و ناچاری مرۆڤەكان و لەناوچوونی بەهەشت و دۆزەخدا بە دوورودرێژی بەڵگەی قورئان و عەقڵ و كەلام دەهێننەوە ، بەڵام لە بەرانبەردا زۆرێك لە زانایانی ئیسلام وەكو ئەحمەدی كوڕی حەمبەل و پێشەوا بوخاری و زۆری تر لە زانا گەورەكان بەرپەرچی ئەوانیان داوەتەوەو یەك بەیەكی گومانەكانی ئەوانیان بە ئایەت و فەرموودە و عەقڵ هەڵوەشاندووەتەوە.
لە دوای كوژرانی جەهم بیروباوەڕی جەهمییەكان كز و لاواز بوو، بەڵام بەتەواوی كۆتایی پێ نەهات و هەندێك لە بیروباوەڕەكانیان لەناو تاقمی موعتەزیلەدا ڕەنگی دایەوە وەكو خەلقی قورئان و هەندێك لە بۆچوونەكانی تریان دەربارەی سیفات.
بە كورتی: جەهمییەكان بنچینەی هەموو گومڕایی و لادان و شێواندنێك بوون لە ئیسلامدا و پێشەنگیش بوون بۆ گومڕاكانی دوای خۆیان، چونكە فیرقەیەكی كەلامی بەتوانا بوون لە مشت ومڕ و سەرلێ شێواندن و گومان درووست كردندا.
2024-03-08
2023-10-28
2023-10-28
2023-10-28
2023-11-22
2018-07-26
2018-04-05
2018-04-12