العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
8-نەكەی جنێو بە ڕۆژگار و زەمانە بدەیت!
: 158
2024-02-05

هەڵە كردن لە عەقیدەو بیروباوەڕدا لە هەموو جۆرە هەڵەكردنێكی تر خراپترە وپێویستە موسوڵمان ئەوەندە شارەزایی لە زانستی شەرعیدا هەبێت كە گرفتاری ئەو جۆرە هەڵانە نەبێت و لەگەڵیاندا ڕانەیەت وببێتە بەشێك لە شێوازی قسەكردن و مامەڵە و رەفتار كردنی ڕۆژانەی، لێرەدا چەند نموونەیەكی جیاواز دەربارەی یەك مەسەلە دەخەمەڕوو: 

هەندێ كەس لە كاتی ناخۆشی و ناڕەحەتیدا جنێو بەڕۆژگار و زەمانە دەدەن، بۆ نموونە كە ئازیزێكیان بە گەنجی دەمرێت، یان كەسێك دوای دەوڵەمەندی هەژار دەكەوێت و لێی دەقەومێت، دەڵێن: (ڕووی زەمانە ڕەش بێت!) یان قسەی لەو جۆرە. 

هەروەها هەندێك جار كاتێك كەسێك نەخۆش دەكەوێت، یان پیر ئەبێت یان بەهەر بۆنەیەكی تری هاوشێوە توشی شتێك دەبێت دەڵێن: دونیایەكی بێ وەفایە...یان جاری وا هەیە بێ ئەوەی قسە و جنێویش بە زەمانە و ڕۆژگار بدەن دەڵێن: (ئااای زەمانە)، ئەویش هەر جۆرێكە لە بۆڵەو گلەیی و توانج لە زەمانە. 

یان كاتێك باسی ڕووداوێك دەكەن كە لە ڕۆژێكدا ڕوویداوە، یان كارەسات و ناخۆشییەكیان لە كاتێكی دیاریكراودا بەسەردا هاتووە دەڵێن: (ڕۆژێكی ڕەش بوو) ئەو رۆژە. 

هەموو ئەوانە هەڵەیەكی عەقیدەیی گەورەن و ڕاستەوخۆ پێچەوانەی فەرمانی الله یە كە لە فەرموودەی قودسیدا فەرموویەتی: (يؤذيني بن آدم يسب الدهر وأنا الدهر، بيدي الأمر، أقلب الليل والنهار) رواه البخاري (4/1825) برقم (4549). واتە نەوەكانی ئادەم قسەی نەشایو دەدەنە پاڵم و جینو بە ڕۆگار و زەمانە دەدەن، من پەروەردگاری زەمانەم و ئەوەی دەیدەنە پاڵ زەمانە من درووستی دەكەم وهەموو خێرو چاكەیەك بەدەستی منە و بە زانست و بە حیكمەتی منە و ئەوەی بمەوێت دەبێت و ئەوەی نەمەوێت نابێت. 

ابن القیم لە كتێبی زاد المعاد (2/323) دا فەرموویەتی: ئەو كەسەی جنێو بە زەمانە دەدات لە دوو حاڵ بەدەر نییە: یان ئەوەیە جنێوی بە الله داوە ئەگەر بزانێت كە الله لەو فەرموودەیەدا بەو شێوە باسی زەمانەی كردووە و ئەوەش كوفرە، یان ئەوەیە باوەڕی وایە ڕۆژگار و زەمانەش بۆ خۆی لەگەل الله دەسەڵاتی هەیە و كاریگەری هەیە لەسەر حاڵی خەڵكی ئەوەش شیركە بە الله عزوجل؟ 

لە ڕاستیشدا لەوانەیە ابن القیم تصور ی نەكردبێت و بیری نەچووبێت بۆ ئەم جەهلەی ئەمڕۆ موسوڵمانان تێیكەوتوون سەبارەت بە دینەكەیان، بۆیە لەوانەشە بكرێت حاڵەتی سێیەمیشی بۆ زیاد بكرێت كە بریتییە لە جەهل مەرجێك ڕێگای دەفع كردنی ئەو جەهلەی نەبێت! چونكە لەوانەیە هەندێك جاهیل هەبن ئەم مەسەلەیان هەر نەبیستبێت و هەر دەركیان پێ نەكردبێت وهیچ مامۆستایەك ئایینی یان بانگخواز و فێرخوازێكی زانستیش بۆی ڕوون نەكردبێتەوە، بۆیە حوكمی كەسی وا دەكەوێتە دوای ئەوەی مەسەلەكەی لە ڕووی زانستییەوە بە جوانی بۆ ڕوون بكرێتەوە. 

پوختەی باسەكە ئەوەیە زەمانە و ڕۆژگار الله هەڵیدەسورێنێت و هەر سوكایەتی كردن و جنێودانێك بە زەمانە - وەكو لە فەرموودكەدا هاتووە - دەچێتە چوار چێوەی قسە كردن و جنێودان بە الله عزوجل، یان دەبێتە جۆرێك لە جۆرەكانی شیرك، موسوڵمانیش دەبێت هەمیشە ئاگەداری زمانی خۆی بێت چونكە هەموو قسەیەكی لەسەر حیسابە، باش و خراپ پاداشتی لەسەرە و الله فەرموویەتی: ( وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ ۚ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولَٰئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْئُولًا) الإسراء:36.