العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
لە پەنجە كردنی ئەڵقە و لەبەر كردنی جلی بوكێنی:1
: 258
2024-04-20

یەكەم: مەسەلەی ئەڵقە لەپەنجە كردن لە كاتی مارەبڕین وهاوسەرگیریدا، چی بۆ ژن بێت یان بۆ پیاو، نەریتێكی كۆنە و لە دێر زەمانەوە هەر بووە، لە بنچینەشدا - وەكو هەندێ لە زانا هاوچەرخەكان دەڵێن - عادەتی نەساڕا وگاورەكانە و لەڕێگەی ئەوانیشەوە بە ئێمە گەیشتووە، هەندێكیش پێیان وایە فیرعەونەكان یەكەم جار دایانهێناوە.

بەداخەوە هەندێ جاریش لە پەنجە كردنی ئەو ئەڵقە هەندێ بیروباوەڕی بێ بنەماشی پێوە دەبەسترێتەوە وەكو ئەوەی وا گومان دەبرێت ببێتە مایەی خۆشەویستی لە نێوان ژن و مێرددا و داكەندنیشی یان گۆرینی جێگەكەی لە پەنجەكاندا گوایە دەبێتە مایەی رەشبینی و گومانی خراپ لە نێوان هاوسەراندا، كە ئەوانەش جگە لەوەی ئەسڵ و بنەمایەكی لەشەرعدا نییە، هاوكات سەرپێچییەكی شەرعی ڕوونە و بەو بۆیشی هەیە بۆ سەرپێچی عەقیدەش سەر بكێشێت وببێتە جۆرێك لە شیرك.

بەڵام ئەگەر ئەو ژن و مێردەی لە پەنجەی دەكەن هیچ باوەڕێكی ناشەرعی لەو شێوەیان پێی نەبێت وهەر وەكو عادەتێكی كۆمەڵایەتی ئەو كارە بكەن، لەو حاڵەتەداهەندێ لەزانایانی هاوچەرخ - وەكو ابن عثیمین و زانای تر - ئەڵقە لە پەنجە كردنی هاوسەرانیان تەنها بە مەكروهـ داناوە و وتوویانە دەتوانن لە پەنجەی بكەن بەڵام نەكردنیشی باشترە و شیاوترە بە كەسی موسوڵمان.

هەرچۆنێكیش بێت موسوڵمان خۆی لە لاساییكردنەوەی نەساراو عادەتی ئایینەكانی تر بپارێزێنت بۆ خۆی باشترە، بۆیە ئامۆژگاریم بۆ هەموو كوڕو كچێكی بەڕێز كە پەیوەندی هاوسەرگیری پێكەوە دەبەستن وهەروەها بۆ هەموو ژن و پیاوێكیش كە ئەو ئەڵقە زۆر بە شتێكی گرنگ و پڕ بایەخ دەزانن،  ئەو ئەڵقە لە پەنجە نەكەن و ئاوڕ لەو جۆرە عورف و عادەتە نەدەنەوە، چونكە عورف و عادەت لە كاتێكدا كاری پێدەكرێت كە هیچ تیكگیرانێكی لە گەڵ شەرعدا نەبێت، ئەگەریش كەسێك هەر ویستی بیكات، یەكەم  بۆ ماوەیەكی كاتی بیكات و یەقینیشی وا بێت كە ئەڵقە و هیچ شتێكی تر نابێتە مایەی نە كامەرانی نە ناخۆشی ژیانیان، هەروەها بزانێتیش كە ئەو كارەی بەپێی قسەی گەورە زانایانی ئەم سەردەمە بەلای كەمەوە مەكروهە و ناپەسەندە، تۆیش هیچ ناچار نیت كارێكی مكروه و ناپەسەند ئەنجام بدەیت.

ئەمەش كە باسمان كرد لێرەدا تایبەتە بەو ئەڵقەی كە هاوسەران لە دوای مارەبڕین و هاوسەرگیری لەدەستی دەكەن، كە وتمان وازلێ هێنانی باشترە، جیاوازە لە مەسەلەی ئەموستیلە ئەوەیان درووستە بەكاربهینرێت و لە پەنجە بكرێت بەمەرجێك ئاڵتون نەبێت بۆ پیاوان و هیچ بیروباوەڕێكی پێوە نەبەسترێت، ئەوەشی لە قسەی زانایان دەردەكەوێت بەكارهێنانی ئەموستیلە یان كلكەوانە ڕێگەپێدراوە بەڵام سوننەت نییە، مەگەر بۆ كەسێك كارێكی پێی هەبێت بۆ نموونە مۆر بێت و كاروباری فەرمی خۆی پێ ڕاپەڕێنێت، ئەگەرچی لەم سەردەمەی خۆماندا ئەنگوستیلە وەكو مۆر بەكارنایەت لە چەشنی ئەو ئەنگوستیلەی كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە پەنجەی دەكرد و نووسراوە فەرمییەكانی پێ مۆردەكرد كە بۆ شوێنانی دەنارد.

دووەم: سەبارەت بە جلی بوكێنی كە جلێكی سپییە و تایبەتە بە كاتی گواستنەوەی بووك، وەكو جلەكە ئەگەر مەرجەكانی حیجابی شەرعی تێدا هەبێت، درووستە و كێشەیەكی نییە، بەڵام بە ڕەچاوكردنی چەند مەرجێك:

1- نابێت بە شێوەیەك تەماشای ئەو جلە بكرێت وەكو ئەوەی هەر دەبێت بپۆشرێت و مۆركێكی پیرۆز وەربگرێت، بەڵكو عادەتێكە عادەتیش ئەگەر لەگەڵ شەرعدا تێكنەگیرێت ڕێگەپێدراوە ئەنجام بدرێت.

2- نابێت ئەو ئافرەتەی دەیپۆشێت لە جێگەیەكدا بێت پیاوان تەماشای بكەن، چونكە ئەگەر مەرجە شەرعییەكانیشی تێدا هەبێت، زۆر جار بەلای كەم جۆرێك لە زەخرەفە و شێوازی سەرنج ڕاكێشانی تێدایە بۆ پیاوان ئەوەش نادرووستە.

3- سەبارەت بەوەی كە ئەو پۆشاكە لە بنچینەدا تایبەتە بە بێ باوەڕان، زانایان لەو بارەوە دەڵێن لەو ڕووەوە ئاساییە چونكە ئەو حوكم و حاڵەتە بوونی نەماوەو ئێستا ئەو پۆشاكە تایبەت نییە تەنها بەبێ باوەڕانەوە و موسوڵماناننیش دەیپۆشن، تەنها ئەوە دەمێنیت كە واجبە بە پێی مەرجەكانی حیجابی ئیسلامی بێت و داپۆشەر و فراوان بێت و تەسك و تەنك و بە شێوەیەك نەبێت زۆر سەرنج ڕاكێش بێت.

4- لە ڕووی ئەمانەتەوە دەبێت ئەوەش بوترێت كە هەندێ لە زانایانی ئەم سەردەمە دەڵێن درووست نییە ئەو پۆشاكە لەبەر بكرێت چونكە دواجار پۆشاكی بێباوەڕوانە و موسوڵمان دەبێت خاوەنی كەسایەتی بەهێزی خۆی بێت و شانازی بەدینی خۆیەوە بكات و نەچێتە ژێر كاریگەری و عادەت و نەریتی بێ باوەڕوان و جولەكە و نەساڕاكان، بۆیە شەرعیتر و چاكتر ئەوەیە بە پۆشاكێكی جوان و شەرعی ئەو بۆنەیە بەرێی بكەن، نەك ئەوەی تەقلیدی ئەو نەریتە بكەن.

5- ئەگەر بێت و پۆشاكەكە ناشەرعی بێت و بەشێك لە جەستەی ئافرەتەكەی  پێوە دەركەوێت یان تەسك بێت و ئەندامەكانی جەستەی دەربخات لەو حاڵەتەدا بەهیچ شێوەیەك درووست نییە، تەنانەت ئەگەر تەنها ئافرەتانیش تەماشای بكەن و پیاوان نەیبینن هەر درووست نییە و حەڕامە.

سێیەم: مەسەلەیەكی تریش هەیە بەباشم زانی لێرەدا ئاماژە بەوەش بكەین ئەویش پۆشینی پۆشاكی ڕەشە بۆ ئافرەت، ئایا واجبە حیجاب و پۆشاكی شەرعی هەمیشە ڕەش بێت، وەڵامیش ئەوەیە نەخێر مەرج نییە ڕەش بێت و بەڵگەیەكی شەرعی لەو بارەوە نەهاتووە، دەكرێت هەر ڕەنگێك بیت بەڵام سەرنج ڕاكێش و وروژێنەر نەبێت، لە فەرموودەیەكدا هاتووە أم سلمة ی دایكی ئیمانداران الله لێی ڕازی بێت فەرموویەتی:  (لَمَّا نَزَلَتْ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ خَرَجَ نِسَاءُ الْأَنْصَارِ كَأَنَّ عَلَى رُءُوسِهِنَّ الْغِرْبَانَ مِنْ الْأَكْسِيَةِ) باسی ئەو كاتە دەكات كە ئەو ئایەتە دابەزیوە ئافرەتانی أنصار دەرچوون و دەتوت قەلە ڕەش بەسەریانەوە نیشتووەتەوە، مەبەستی ئەوەیە كە جل و سەرپۆشەكانیان ڕەش بووە. بەڵام بەگشتی مەرج نییە هەر رەش بێت ئەگەرچی ڕەنگی ڕەش لەوانەیە گونجاوترین ڕەنگ بێت بۆ ئافرەتی موسوڵمان كە بیپۆشێت و لە چەندین ڕووەوە ڕەنگی ڕەش لە ڕەنگەكانی تر باشتر و گونجاوترە.

سەبارەت بە پۆشینی جلی ڕەش لەسەر مردوو ئەوە ئەسڵێكی نییە ئەگەرچی هەندێ لە زانایان ڕێگەیان داوە بۆ ئافرەت بیپۆشێت بەبۆنەی مردنی مێردەكەی، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەو ئافرەتەی كە كەسێكی نزیكی دەمرێت تا سێ ڕۆژ دەتوانێت (حداد) واتە ماتەمینی و خەفەتبار بێت و لەو ماوە جلی جوان و سەرنج ڕاكێش نەپۆشێت و كل و بۆنی خۆش بەكار نەهێنیت، بەڵام ئافرەت بۆ مێردی كە وەفات بكات دەبێت ئەو حاڵەتە كە لە شەرعدا (حِداد یان( إحداد) ی پێ دەوترێت،  چوار مانگ و دە ڕۆژی پێ بچێت وەكو لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە:(لَا يَحِلُّ لِامْرَأَةٍ تُؤْمِنُ بِاللهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ أَنْ تُحِدَّ فَوْقَ ثَلاثَةِ أَيَّامٍ، إِلا عَلَى زَوْجٍ أَرْبَعَةَ أَشْهُرٍ وَعَشْرًا) صحیح مسلم: (1490). و الله أعلم.