العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
ئادابی خوازبێنی و مارەبڕین و ژن گواستنەوە:11
: 877
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 11 ئادابی خوازبێنی و مارەبڕین و ژن گواستنەوە 1- زەواج لە ئیسلامدا گرێبەستێكی پیرۆزە شەرع پارێزگاری لێ دەكات و كۆمەڵێك حیكمەتی تێدایە، لەوانە: * پارێزگاری كردن لە مانەوەی مرۆڤەكان و ڕەچەڵەكانیان. * پاراستنی كۆمەڵگا لە بەدڕەوشتی و هەڵوەشانەوە خێزان. * هاێیکاری نێوان ژنان وپیاوان لە پێناو پێكهێنانی خێزان و پاراستنی كۆمەڵگا لە تەشەنە كردنی جۆرەها دەرد وبەڵاو نەخۆشی. * بەرقەراربوونی ئاسوودەیی دەروونی و وروژاندنی هەستی دایكایەتی و باوكایەتی لە نێوان ژنان و پیاواندا و زۆر حیكمەتی تریش. 2- پێویستە هەڵبژاردنی هاوسەر لەسەر بنەمای دینداری و ئیمان و عەقیدەی ڕاست دابمەزرێت، ئەگەر كچان و كوڕان و سەرپەرشتیارانیان بەو شێوە بیر بكەنەوە و هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ڕەوشت و دین و ڕەچەڵەكی باش و بەرێز بێت، بێ ئەوەی لە سنووری شەرع وچوارچێوەی مەعقولدا دەستبەرداری هیچ مەرجێکی تریش ببن ئەگەر گونجا، لەو حاڵەتەدا بەختەوەری خێزانی و پەروەردەی تەندروست و جوان بۆ مندالكانیان دەستەبەر دەبێت و شوێنەوارە باشەكانیشی لەسەر تەواوی كۆمەڵگا دەبینرێت. 3- لە مەسەلەی زەواجدا دوای ڕەچاوكردنی مەرجی دین و ڕەوشت و مەرجەكانی تر، بۆچوونێك لە لای زانایان هەیە كەوا هاوسەرگیری لە گەڵ كەسانی دووردا، لە خزمی نزیك گونجاوتر و باشترە، لەوانەیە لە ڕووی تەندرووستیشەوە هەر واببت، هەندێ فەرموودەش لەو بارەوە هاتووە بەڵام سەنەدیان صحیح نییە، بە عەقڵ و بە ئەزموونیش دەركەوتووە، هەندێ جار زەواجی خزمی نزیك نەخۆشی منداڵ و هەندێ كێشەی خیزانی و كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زەواج لەگەڵ كەسانی دوور و غەریبدا خزمایەتی تازە درووست دەكات و لە ڕووی تەندرووستی و لە ڕووی تریشەوە ڕەنگە باشتر بێت، ئەمەش مەعنای ئەوە نییە زەواج لەگەڵ خزمی نزیكداحەرامە وڕێگەپێنەدراوە لە شەرعدا، بەڵكو سەیر دەكرێت بزانە بەرژەوەندی دین و دونیای کەسەکە لە كامیاندایە ئەوە بکات وتاکو پێی دەکرێت کەسە دوورەکە پێش بخات ونەشکرا بچێتە سەر خزمی دوور وئینجا نزیک و الله أعلم. 4- لە هەندێ لە فەرموودە سەحیحەكانیشدا ئەوە هاتووە كە كچی عازەب لە بێوەژن گونجاوترە بۆ زەواج، بەڵام ئەوە بۆ هەڵبژاردنە لە نێوان دوو حاڵەتدا کە هەردوکیان بەردەست بن، نەک بە مەعنای نەهی کردن لە مارەکردنی بێوەژنان، لەوانەشە مەبەستی پەسەندکردنی کچ بەسەر بێوەژندا بۆ کەسێکی گەنج بێت کە بۆ یەکەم جارە هاوسەرگیری دەکات، نەک بۆ هەموو کەسێک کە بیوێت هاوسەرگیری بکات، هەروەها شەرع جەختی لەسەر هەڵبژاردنی ئەو كچانەەکردووە كە مناڵیان زۆر دەبێت، ئەوەش بە تەندروستی باشی کچەکە و سەیركردنی دایك و خوشكی لەمەسەلەی مناڵ بووندا دەردەكەوێت. هەروەها تەندروستی باش وساغی جەستە ئەویش بۆ خۆی خاڵێکی گرنگە و شایانی بایەخ پێدانە لە كاتی هەڵبژاردنی هاوسەردا. مەسەلەی تکافۇ وهاوتابوونیش لە نێوان هاوسەراندا ئەگەر بکرێت کارێکی خراپ نییە ئەگەرچی دین خاڵی سەرەکی ویەکەمی هاوتاییە وخاڵەکانی تر وەکو پێگەی کۆمەڵایەتی وجوانی ودەوڵەمەندی وبڕوانامە مەسەلەیەکە لەسەر قەناعەندتی خودی کەسەکان ڕادەوەستێت. 5- خوازبێنی قۆناغی پێش مارە بڕینەو ئەویش پێویستی بە وەرگرتنی هەندێ ڕێ وشوێنە، وەكو: - بینینی خوازبێنیكەر و خوازبێنی كراو بۆ یەكتر، لەو بارەشەوە فەرموودەی صحیح هاتووە، وەكو: ( انْظُرْ إِلَيْهَا فَإِنَّهُ أَحْرَى أَنْ يُؤْدَمَ بَيْنَكُمَا ) الترمذي (1087) وابن ماجه (1865). بەڵام ئەو كەسەی دەیەوێت خوازبێنی بكات بۆی نییە تەماشای خوازبێنیکراوەکە بكات تاكو تەواو بڕیاری كۆتایی نەدات لەسەر ئەوەی بیەوێت زەواجی لەگەڵدا بكات. هەروەها لە كاتی پێویستدا دەتوانێت زیاتر لە جارێك سەیری بكات و لە كاتی خوازبێنیكردندا دەشتوانێت قسەی لەگەڵ بكات. - تاكو خوازبێنی بە مارەبڕین كۆتایی نەیەت وگرێبەستی هاوسەرگیری دانەمەزرێت، هەموو جۆرە پەیوەندییەك لە نێوان كچ وكوڕدا حەرامە، وەكو تەوقە كردن و بەتەنها پێكەوە بوون. - خوازبێنیکار دەتوانێت لە كاتێكدا تەماشای خوازبێنیكراو بكات كە پێی نەزانێت ئەو سەیری دەكات. 6- حەرامە ئافرەت ئەگەر لە عیددەی تەڵاق ومردنی مێرددا بێت خوازبێنی بكرێت، بەڵام دەكرێت بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ تێبگەیەنرێت كە دوای تەواو بوونی عیددەكەی كەسێكی دیاریكراو بەنیازە بچێتە پێشەوە بۆ داواكردنی ، الله تعالی فەرموویەتی: (وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ فِيمَا عَرَّضْتُمْ بِهِ مِنْ خِطْبَةِ النِّسَاءِ أَوْ أَكْنَنْتُمْ فِي أَنْفُسِكُمْ عَلِمَ اللَّهُ أَنَّكُمْ سَتَذْكُرُونَهُنَّ وَلَكِنْ لَا تُوَاعِدُوهُنَّ سِرًّا إِلَّا أَنْ تَقُولُوا قَوْلًا مَعْرُوفًا) البقرة:235. 7- گرێبەستی هاوسەرگیری ئەو گرێبەستەیە كە ژن وپیاو بۆ یەكتر حەڵاڵ دەكات، بنەماو بنچینەی ئەو گرێبەستەش لەسەر ئیجاب و قبول دادەمەزرێت، واتە ڕازی بوونی هەردوو لا لەسەر پێدانی كچ و قبوڵ كردنی ئەو هاوسەرگیرییە لەلایەن خوازبێنیكەرەوە. 8- گرێبەستی شەرعی ودرووست كە ژن و پیاو بۆ یەكتر حەڵاڵ دەكات پێویستە چەند مەرجێكی تێدا بێت بۆ ئەوەی پێی بوترێت گرێبەستێكی شەرعییە و راستە: یەكەم: پێویستە ئەو كەسەی خوازبێنی دەكرێت بەناوی خۆی دیاری بكرێت، بۆ نموونە باوكی یان وەلی ئەمرەكەی بڵێت فڵانی كچم لێ مارە کردی و ئەویش بڵێت قبوڵم كرد. دووەم: پێویستە هەر دوو هاوسەرەكە ڕازی بن، هەم كچەكە و هەم كوڕەكە. سێیەم: پێویستە سەرپەرشتیار و وەلی ئەمری كچەكە یان بریكارەكەی ئامادە بێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: "لا نكاح إلا بولي" رواه أحمد وأبو داود. لە پێشترین وەلییەكانیش بۆ بەشوودانی كچ، باوكە و ئینجا باپیرەو ئینجا كوڕ، ئینجا برای دایك و باوكی و برا لە باوك. ئەگەر ئەوانەش نەبن كێ نزیكترینە لە خوازبێنیكراوەكەوە، ئەو مەسەلەش لە ڕووی فیقهییەوە شیكردنەوەی زیاتر هەڵدەگرێت. چوارەم: پێویستە دوو شایەت شایەتی لەسەر ئەو زەواجە بدەن، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: "لا نكاح إلا بولي وشاهدي عدل" رواه ابن حبان والبيهقي وصححه الذهبي. پێنجەم: هەردوو هاوسەرەكە ڕێگری نەبێت لە هاوسەرگیرییەكەیان، بۆ نموونە: مەحرەمی یەكتر نەبن و شیریان پێكەوە نەخواردبێت و هەروەها جیاوازی دین لە نێوانیاندا نەبێت، بۆ نموونە كچەكە موسوڵمان بێت و كوڕەكە ناموسوڵمان بێت، یان خوازبێنیكراوەكە لە عیددەدا بێت. شەشەم: هەبوونی مارەیی، ئیتر كەم بێت یان زۆر، پێویستە و یەكێكە لە بنەماكانی دامەزراندنی ئەو گرێبەستە، الله تعالی لە قورئاندا فەرموویەتی: (وَآتُوا النِّسَاءَ صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً) النساء:4. تێبینییەكی گرنگ: مەسەلەی دابەش كردنی مارەیی بۆ مقدم مؤخر لە شەرعدا ئەسڵی نییەو بیدعەیە، مارەیی بریتییە لەو بڕە پارە یان زێڕەی كە دیاری دەكرێت و ئەسڵ وایە لە كاتی مارە بڕیندا پیاوەكە بە هاوسەرەكەی بدات، بەڵام ئەگەر بەشێكی ئەو مارییەی لەو كاتەدا نەبوو، یان هەمووی لەو كاتەدا بۆ هەڵنەسوڕا، درووستە بكرێتە قەرز لەسەر پیاوەكە تاكو ئەو كاتەی كە دەتوانێت بیدات یان لەسەر كاتێكی دیاریكراو ڕێكبكەون، بەڵأم ئەمەی كە هەیە ئێستا مۆخر ئەو بڕە پارەیە كە لە گەردنی مێرددا دەمێنیتەوە ونایدات، چونكە لە عەقدەكەشدا دەنووسرێت لە حالەتی مردن و جیابوونەوە دەیدات، واتە ئەگەر پێش ژنەكەی تەڵاق نەدا و پێش نەمرد هیچی ناكەوێتە سەر، ئەوە شەرعی نییە. 9- ئاساییە و درووستە بە بۆنەی ئەو زەواجەوە لە سنووری شەرعدا خۆشی دەرببڕدرێت و ئاهەنگ بگیڕدرێت، بێ تێكەڵابوونی ژنان و پیاوان و لێدانی مۆسیقا و كاری ناشەرعی. لە سنووری شەرع و لە بازنەی ڕێگە پێدراودا هەر خۆشی دەربڕینێك جائیزە. 10- مەرج نییە بۆ مارە برین ئیللا مامۆستایەکی ئایینی ئامادە بێت ومارەی ببڕێت، ئەو کارە بە خۆیشیان دەکرێت ئەگەر شارەزایی شەرعیان هەبێت، یان بە هەر موسوڵمانێکی موەحید و شارەزا لە شەرع دەکرێت، گرنگ ئەوەیە مەرجەکانی زەواج بوونی هەبێت وەکو ڕازی بوونی هەردوو لاو ئامادە بوونی وەلی ئەمرو دوو شایەت و دیاریکردنی مارەیی وئیعلان کردنی زەواجەکە ومەبوونی هیچ ڕێگرێکی شەرعی لە ئەنجامدانی گرێبەستەکە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەیرو سەمەرەکانی ئەم سەردەمەی خۆمان ئەوەیە موسوڵمان لە هەموو شتێک سەری دەردەچێت وشارەزایە، جگە لە دینەکەی نەبێت تێیدا کڵۆڵە، بۆیە باشترە کەسێکی شارەزا وەکو تالیب عیلمێک یان مامۆستایەکی عەقیدە پاک ئامادەی ماڕە بڕینەکە ببێت ومەرجیش نییە مامۆستای مزگەوت ومەلای ئەوقاف بێت، بەڵکو هەر کەسێک هەندێ لە شەرع شارەزا بێت دەتوانێت بەو کارە هەڵسێت. 11- هەندێ ئاداب هەیە چاكترە پیاو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا ڕەچاوی بكات لە كاتی گواستنەوەیدا: * مستحب وایە دەستی ڕاستی بخاتە سەر سەری خێزانەكەی و بسم الله بكات و دوعای خێرو چاكەی بۆ بكات، وەكو لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە: « إذا تزوج أحدكم امرأة أو اشترى خادما فليأخذ بناصيتها وليسم الله عز وجل وليدع بالبركة وليقل: اللهم إني أسألك من خيرها وخير ما جبلتها عليه، وأعوذ بك من شرها وشر ما جبلتها عليه. * مستحب وایە پێكەوە دوو ڕكات نوێژ بكەن: « إذا دخلت المرأة على زوجها يقوم الرجل فتقوم من خلفه فيصليان ركعتين ويقول: اللهم بارك لي في أهلي وبارك لأهلي في اللهم ارزقهم مني وارزقني منهم، اللهم اجمع بيننا ما جمعت في خير وفرق بيننا إذا فرقت في خير » [أخرجه الطبراني وصححه الألباني]. لەسەلەفەوە ئەنجامدانی ئەو دوو ڕكاتە نوێژە هاتووە . * كارێكی باشە پێش ئەنجامدانی کاری شەرعی مولاتەفەی بکات واتە قسەی خۆشی لەگەڵ بكات و گاڵتەی لەگەڵدا بكات و خواردن و خواردنەوەیەكی پیشكەش بكات. لەو بارەوە كۆمەڵێك فەرموودە هاتووە و سوننەتی کرداری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەوە دەسەلمێنێت. * مستحب وایە بۆ کاری شەرعی یەكسەر نەچێتە لای خێزانەكەی ، بەڵكو پێش ئەوە مولاعەبە و وروژاندن درووست بكات و ئەوە بکاتە پێشەکییەک بۆ ئەنجامدانی کاری شەرعی. * سوننەت وایە كە بە مەبەستی سەرجێیی چووە لای خێزانەكەی بڵێت: « بسم الله اللهم جنبنا الشيطان وجنب الشيطان ما رزقتنا ». * لە پێشەوە یان لە دواوە درووستە بچێتە لای خێزانەكەی، بەمەرجێك لە یەک جێگەوە بێت کە ئەویش جێگەی مناڵبوونە. * چوونە لای ئافرەت لە دواوە لە حرگای دەرچوونی پیسایی، كارێكی قێزەونە و پێچەوانەی فیترەتە و مرۆڤی تەواو خۆی لێ بەدوور دەگرێت و شەرع بەهەموو شێوەیەك ئەو کارەی حەرامی كردووە. الله فەرموویەتی: (نِسَاؤُكُمْ حَرْثٌ لَّكُمْ فَأْتُوا حَرْثَكُمْ أَنَّىٰ شِئْتُمْ ۖ وَقَدِّمُوا لِأَنفُسِكُمْ ۚ ) البقرة:223. كۆمەڵێك فەرموودەش هاتووە كە بەڕاستەوخۆ و بەناڕاستەوخۆ ئەو كارەی حەرام كردووە. * لە نێوان دوو جووتبووندا هاوسەران دەتوانن دەستنوێژ بگرنەوە، لەوەش باشتر ئەوەیە غوسل بكەن وەكو لە هەندێ فەرموودەدا هاتووە. * دەكرێت هەردوو هاوسەرەكە لەیەك جێگەدا پێكەوە غوسڵ بكەن، وەكو لە سەحیحی بوخاری ومسلم دا هاتووە، دایکمان عائیشە الله لێی ڕاز بێت لەگەڵ پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم لەیەك جێگەدا غوسڵیان كردووە. * لە فەرموودەی سەحیحیشدا لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە كە سوننەت وایە بە لەشگرانی نەخەون، بەڵكو دەستنوێژ بگرن و ئینجا بخەون، ئەگەر خۆشۆردن وغوسڵیش بێت باشترە.بەڵام ئەو كارە واجب نییە و مستحب ە بكرێت، بەبێ دەستنوێژ وغوسڵیش بخەونەوە گوناهبار نابن. 12- هەروەها سوننەتە پیاو بە بۆنەی گواستنەوەی خێزانەكەی وەلیمە بكات، مەڕێك یان زیاتر ئەگەر حاڵی باش بوو سەرببڕێت، چونکە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بۆ هەندێ لە دایکانی ئیمانداران مەڕێکی سەر بڕیوە،(ما رأيت النبي صلى الله عليه وسلم أولم على أحد من نسائه ما أولم عليها؛ أولم بشاة.) البخاري: 5171. بەڵام ئەگەر توانای دابین كردنی گۆشتی نەبوو، درووستە بەهەر جۆرە خواردنێكی تر وەلیمە بكات، بۆ نموونە بە شلەو برنجێکی سادەی بێ گۆشت، وەكو لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە وەلیمەیەكی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم خورما و كەشك وڕۆن بووە. پێویستە نیەتیش لەو وەلیمە شوێنكەوتنی سونەت بێت و تایبەت نەکرێت بە دەوڵەمەند و خەڵكی تایبەت. سوننەتیش وایە ئەو كەسەی بانگهێشت دەكرێت بۆ وەلیمە بڕوات و ئەگەر لەڕۆژووی سوننەتیشدا بێت بیشكێنێت و بەنیەتی دڵ خۆشكردنی خاوەن وەلیمەكە بچێت و پیرۆزبایی لێ بكات و بڵێت: (بارك الله لك وبارك علیك وجمع بینكما في خیر) یان هەر دوعایەكی تر لەوانەی لە سوننەتدا هاتووە. 13- حەرامە ئەوەی ڕوو دەدات لە نێوان ژن و پیاودا لەمەسەلەی سەرجێیی بۆ هیچ كەسێك باس بكرێت، لە سەحیحی مسلم دا هاتووە، كە پێغەمبەر صلی اللە علیه و سلم فەرموویەتی: (إن من شر الناس عند الله منزلة يوم القيامة الرجل يفضي إلى امرأته وتفضي إليه ثم ينشر سرها). واتە: خراپترین كەس لە ڕۆژی قیامەتدا كەسێكە نهێنی سەرجێیی هاوسەرەكەی باس كردووە. 14- حەرامە پیاو لە كاتی حەیزو نیفاسدا سەرجێیی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بکات، الله تعالی فەرموویەتی: ﴿ويسألونك عن المحيض قل هو أذى فاعتزلوا النساء في المحيض ولا تقربوهن حتى يطهرن﴾ البقرة: 222. 15- حەرامە و تاوانە بۆ ئافرەت ئەگەر مێردەكەی بۆ سەرجێییی خۆی بانگی بكات و گوێڕایەڵی نەبێت و نەچێت بەدەنگییەوە، وەكو لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە: (إذا دعا الرجل امرأته إلى فراشه فلم تأته فبات غضبان عليها ؛ لعنتها الملائكة حتى تصبح ) متفق عليه. بۆ زانیاری زیاتر لەم بارەوە دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ کتێبەکانی سوننەت وفەرموودە لە بابی الخطبة والنکاح، هەروەها هەندێ کتێبی تایبەت بۆ ئەو باسانە دانراون وەکو، كتێبی: (آداب الزفاف)ی محمد ناصر الدین الألباني و (آداب الخطبة والزفاف)ی عبدالله علوان .