العربیة
/كتێب و سه‌رچاوه‌كان/
#زنجيره‌ى_كتێب_و_سه‌رچاوه‌كان :61 صحیح مسلم
: 339
2021-10-14
#زنجيره‌ى_كتێب_و_سه‌رچاوه‌كان :61 صحیح مسلم دووه‌م كتێبه‌ - له‌ دوای سه‌حیحی بوخاری - كه‌ ته‌نها له‌ فه‌رمووده‌ی صحیح پێكهاتووه‌، ناوی كتیبه‌كه‌ هه‌رچه‌ند به‌ (صحیح مسلم) ناوبانگی ده‌ركردووه‌، به‌ڵام له‌ بنچینه‌دا ناوی كتێبه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ : «المسند الصحيح المختصر من السنن بنقل العدل عن العدل إلى رسول الله صلى الله عليه وسلم» پێشه‌وا موسلیم ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت له‌ ماوه‌ی پانزه‌ ساڵدا كۆی كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ سالی 250ی كۆچی ته‌واوی كردووه‌. پاش ته‌واوكردنی كتێبه‌كه‌ی خستیه‌ به‌رده‌ستی گه‌وره‌ترین فه‌رمووده‌ناسانی سه‌رده‌می خۆی وه‌كو (أبي زرعة الرازي) وپێشه‌وایانی تر، پێشه‌وا موسلیم كتێبه‌كه‌ی له‌سه‌ر شێوازی كتیبه‌كانی فقه نووسی له‌ ڕووی بابه‌ته‌ فیقهیكانه‌وه‌، فه‌رمووده‌كانیشی له‌ نێو سێ سه‌د هه‌زار فه‌رمووده‌ی ڕاست و درووستی بیستراودا هه‌ڵبژارد، زۆریش له‌ زنجیره‌ی سه‌نه‌ده‌كان و له‌ مه‌تنه‌كان ورد بوویه‌وه‌ و هه‌موو ڕێگه‌كانی فه‌رمووده‌كانیشی له‌ یه‌ك جێگه‌ داده‌نا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆیان ئاسان بێت. موسلیم له‌ كتێبه‌كه‌یدا زۆر پشتی به‌و شوێنه‌واره‌ موقوفانه‌ نه‌به‌ست كه‌ له‌ هاوه‌ڵان و تابعییه‌كانه‌وه‌ هاتووه‌، بۆیه‌ باسی ته‌فسیری قورئانیش له‌ كتێبه‌كه‌یدا زۆر كه‌مه‌ چونكه‌ به‌ زۆری ته‌فسیر له‌ ڕێگه‌ی شوێنه‌واری (موقوف) ه‌وه‌ هاتووه‌و كتێبه‌كه‌ی ته‌نها دوانزه‌ فه‌رمووده‌ی (موقوف) ی تێدایه‌. هه‌روه‌ها له‌ سه‌حیحه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی باس كردووه‌ ئه‌و فه‌رموودانه‌ی كه‌ هێناوێتی بریتین له‌و فه‌رموودانه‌ی كه‌ به‌ گشتی كۆده‌نگی فه‌رمووده‌ناسانی له‌سه‌ر بووه‌ كه‌ (صحیح) بوونه‌ و خۆی هه‌موو مه‌رجه‌كانی صحیح بوونی ی تێدا بینیوه‌ ئه‌گه‌رچی جارجاره‌ هه‌ندێك له‌ زانایان له‌ ڕوویه‌كه‌وه‌ تێبینییه‌كی هه‌بووبێت. ژماره‌ی فه‌رمووده‌كانی كتێبی (صحیح مسلم ) به‌ بێ ئه‌و فه‌رموودانه‌ی دووباره‌ بوونه‌ته‌وه‌ ده‌گاته‌ (4000) فه‌رمووده‌، به‌ بژاردنی هه‌ندێكیش له‌ زانایان به‌ دوباره‌ بووه‌كانه‌وه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ (12000)، به‌ڵام به‌ پێی ژماردنی مامۆستا محمد فؤاد عبد الباقي به‌ بێ دووباره‌بوو ژماره‌یان (3033) فه‌رمووده‌یه‌ و به‌ دووباره‌بوو ژماره‌یان ( 5777) فه‌رمووده‌یه‌، واته‌ هه‌مووی بریتییه‌ له‌ ( 7388) فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ ئه‌م ژماره‌ش نزیكه‌ له‌ ژماره‌ی فه‌رمووده‌كانی سه‌حیحی بوخاری كه‌ ده‌گاته‌ (7393) به‌و پێیه‌ی كه‌ پێشه‌وا (ابن حجر العسقلانی) ئاماری كردووه‌. كتێبی (صحیح مسلم) نزیكه‌ی په‌نجا شه‌رحی‌هه‌یه‌، له‌ گرنگترینیان: 1-المعلم فێ شرح صحیح مسلم، محمد بن علي المازري 536 ك 2- إكمال المعلم بفوائد شرح صحیح مسلم، عیاض بن موسی الیحصبي 544 ك. 3- شرح صحیح مسلم، ابن الصلاح 643 ك. 4- المنهاج في شرح صحیح مسلم بن الحجاج، یحیی شرف الدین النووي 676 ك. 5- السراج الوهاج، صدیق حسن خان، 1890ز. 6- البحر المحيط الثجاج شرح مقدمة مسلم بن الحجاج ، محمد بن علي الإثيوبي. 7- الكوكب الوهاج والروض البهاج في شرح صحيح مسلم بن الحجاج، محمد الامين بن عبدالله الهرري. كتێبی (صحیح مسلم) چاپی زۆری هه‌یه‌، له‌ چاكترین چاپه‌كانی چاپی ( دار إحیاء الكتب العربیة) بووه‌ له‌ قاهیره‌ كه‌ له‌ ساڵی 1375 ك له‌ پێنج به‌رگدا به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی مامۆستا محمد فۆاد عبد الباقي ئه‌نجام دراوه‌، به‌رگی پێنجه‌میشی بۆ پێرست و ئاسانكاری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ فه‌رمووده‌كان ته‌رخان كردبوو ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت. بڕوانه‌: - الوجیز فی تعریف كتب الحدیث/ ماجد الغوري. - ملخص عن كتاب صحیح مسلم، موقع نداء الایمان. - نبذة عن صحیح مسلم، له‌ پێشه‌كی كتاب صحیح مسلم كه‌ محمد فؤاد عبدالباقي هه‌ڵساوه‌ به‌ (ترقیم و ترتیب) كردنی. إحسان برهان الدین 10 شعبان 1439 2018-04-26