#شەرحی_أصول_السنة_ی_پێشەوا_أحمد_بن_حنبل: 20
نوێژنەكەر لەبازنەی ئیسلامدا نییە
پێشەوا أحمد بن حنبل بنەمایەكی تر لە بنەماكانی سوننەت ڕوون دەكاتەوەو دەفەرموێت: (وَمَنْ تَرَكَ اَلصَّلَاةَ فَقَدْ كَفَرَ وَلَيْسَ مِنْ اَلْأَعْمَالِ شَيْءٌ تَرْكُهُ كُفْرٌ إِلَّا اَلصَّلَاةُ، مَنْ تَرَكَهَا فَهُوَ كَافِرٌ، وَقَدْ أَحَلَّ اَللَّهُ قَتْلَهُ).
(وَمَنْ تَرَكَ اَلصَّلَاةَ فَقَدْ كَفَرَ ) ئاشكرایە كە پێشەوا أحمد نوێژنەكەری بەكافر زانیوە بەبێ كاركردن بەو شیكردنەوەی ك هەندێك لە زانایان دەیكەن كە جیاوازییان كردووە لە نێوان ئەوەی نویژنەكەر نكۆڵی لە فەرزبوونی بكات یان بەتەمەڵی نەیكات و باوەڕی بە فەرزبوونی هەبێت، ئەو یەكسەر فەرموویەتی هەركەسێك نوێژ تەرك بكات ئیتر لە بازنەی ئیسلام دەچێتە دەرەوە.
هۆكاری ئەوەی كە پێشەوا أحمد بە كافردانانی نوێژنەكەری كردووەتە بنچینەیەك لە بنچینەكانی ئەهلی سوننەت ئەوەیە فەرموودەیەكی صحیح ی زۆر هاتووە كە ئەو حوكمە بەسەر نوێژنەكەردا دەدات، جگە لە چەندین ئایەتیش كە ڕواڵەتەكانیان یان ئەو حوكمەی كە لێیان وەردەگیردرێت دەربارەی نوێژنەكەر هەمان حوكمە، بۆ نموونە:
- (فَإِن تَابُواْ وَأَقَامُواْ ٱلصَّلَوٰةَ وَءَاتَوُاْ ٱلزَّكَوٰةَ فَإِخۡوَٰنُكُمۡ فِي ٱلدِّينِۗ ) التوبة:11. واتە برایەتی ئیسلام لەسەر نوێژكردن ڕاوەستاوە كەسێك نوێژ نەكات برای دینیت نییە، ئەوەش حوكمە بە دەرچوونی نوێژنەكەر لە ئیسلام.
- (فَإِن تَابُوا وَأَقَامُوا الصَّلَاةَ وَآتَوُا الزَّكَاةَ فَخَلُّوا سَبِيلَهُمْ ۚ) التوبة:5. ئەمەش هەمان حوكمی ئایەتی پێشتری لێ وەردەگیردرێت.
- پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (بينَ الرجلِ وبينَ الشركِ والكفرِ تركُ الصلاةِ) مسلم: (82). واتە لە نێوان كەسێك و كافربوونی یان موشریك بوونیدا ئەوەیە كە واز لە نوێژكردن بهێنێت.
- پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (العهدُ الذي بينَنا وبينَهم الصلاةُ، فمَن تركَها فقد كفرَ) الترمذي (2621)، والنسائي (463)، وابن ماجه (1079)، وأحمد (22987). واتای فەرموودەكە ڕوونە كە پەیمانی نێوان موسوڵمانان و بێباوەڕان نوێژە هەركەسێك واز لە نوێژ بهێنێت ئەو پەیمانەی شكادووە.
- عبد الله بن شقيق العقيلي فەرموویەتی:: (كان أصحاب محمد صلى الله عليه وسلم لا يرون شيئا من الأعمال تركه كفر غير الصلاة) الترمذي (2624). واتە: هاوەڵانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نەكردنی هیچ كردەوەیەكیان بە كوفر نەدەزانی جگە لە نوێژ نەبێت، واتە هەركەسێك نوێژی نەكردایە بە موسوڵمانیان نەدەزانی.
پێشەوا البغوي لە كتێبی شرح السنة (179/1) دا فەرموویەتی: زانایان جیاوازییان لە نێواندا هەیە سەبارەت بە حوكمی نوێژنەكەر ، زۆرێك لە زانایان و لە هاوەڵانیش بە راشكاوی نوێژنەكەریان بە كافر زانیوە، بەڵام هەندێ زانای تریش نوێژنەكەریان لە حاڵەتێكدا بە كافر زانیوە ئەگەر نكۆڵی لێ بكات و(جحود)ی فەرزبوونی بكات، ئەگینا ئەگەر باوەڕی بەفەرزبوونی هەبێت و لە تەمەڵی نەیكات ئەوە پێی كافر نابێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو كاتەی ئیسلام حوكمی كردووە نوێژنەكەر بەتەمەڵیش نوێژی نەكردبێت حوكمی زۆر قورسی لەسەر دەركراوە لەلایەن زانایانەوە كە ئەگەر بەردەوام بوایە لەسەر نەكردنی حوكمەكەی - ئەگەر تەنها لە ڕووی نەزەریشەوە بوایە- دەگەشتە كوشتن. بەڵام بەهەر حاڵ نكۆڵی لەوە ناكریت ئەم مەسەلە مەسەلەیەكی خیلافییە لە نێوان زانایاندا و لەسەر ئاستی كەسانی وەكو شافیعی و ئەحمەد قسەوباس و مشتومڕی زانستی لەسەر كراوە.
پوختەی خیلافەكەش ئەوەیە كە هەندێ لە گەورە زانایانی ئیسلام فەرموویانە ئەگەر ئەو كەسەی نوێژی تەرك كردووە باوەڕی بەواجب بوونی هەبێت و بڵێت من شایانی سزام لەسەر ئەم نوێژنەكردنەم، بەڵام من لەبەر تەمەڵی نایكەم، لەو حاڵەتەدا پێی كافر نابێت، بەڵام پێشەوا أحمد بن حنبل بەڕەحمەت وەكو لێرەدا لە قسەكەیدا دەردەكەوێت لەو حاڵەتەشدا نوێژنەكەری هەر بە كافر داناوە، هەروەها وا دەردەكەوێت كۆدەنگی هاوەڵانیش لەسەر ئەوەیە وەكو لە كتێبی (تعظیم قدر الصلاة)ی المروزی دا هاتووە.
شایانی باسیشە كە زۆرێك لە زانایانی (متأخرین) لە ئەهلی مەزاهیبەكان نوێژنەكەریان بە كافر نەزانیوە ئەگەر بە هۆكاری تەمەڵی نەیكات وكوفرەكەیان بە كوفری بچووك داناوە، بەڵام - وەكو هەندێ لە زانایان فەرموویانە - كاتێك كە لەو مەسەلە دەكۆڵیتەوەو دەچیتە سەر بەڵگەكانی كیتاب و سوننەت دەبینی بۆچوونی یەكەم كە جیاوازی نەكردووە لە هۆكاری نوێژنەكردنەكە و بەڕەهایی نوێنەكەری لە بازنەی ئیسلام دەركردووە بەهێزترە و الله اعلم ئەوەیان ڕاستترە و زیاتر لەگەڵ بەڵگەكانی كیتاب و سوننەتدا دێتەوە و پێشەوا أحمد یش ئەو بۆچوونەی هەڵبژاردووە. نكۆڵیش لەوە ناكرێت كە ئەو خیلافە لە نێوان زانایاندا لەسەر ئەو باسە بوونی هەیە، بەڵام من وەکو خۆم ئەو خیلافە بە خیلافێکی موعتەبەر نازانم وشافیعی وهەموو ئەوانەی کە تارک الصلاة یان تەکفیر نەکردووە ئەگەر بە تەمەڵی نەیکات بە هەڵە دەزانم ودەڵێم ڕاستیان نەپێکاوە چونکە بەڵگەکان بە ئایەت وفەرموودەکاندا لەو بارەوە ڕوون وئاشکران کە نوێژنەکەر لە بازنەی ئیسلام دەردەچێت بەدەر لەوەی بە جحود یان تەمەڵی نەیکردووە.