/نیشانەی تاقمەکان/
5-موعتەزیلەكان
: 425
2022-06-27
#نیشانەی_تاقمەكان: 5
موعتەزیلەكان
موعتەزیلە فیرقەیەكن لەوانەی كە پێیان دەوترێت (الفرق الكلامیة) دامەزرێنەی (واصل بن عطاء)ه، كە بە هۆی بیروڕاكانی لە بازنەی وانەكانی حەسەنی بەسری جیابوویەوە و ئیعتیزالی دەرسەكانی كرد، موعتەزیلە بە تێگەیشتنیان لە ئیسلام خاوەن پێنج بنەمای سەرەكی خۆیانن و لە جێگەی تر بە شیكراوەیی باسمان كردوون.
موعتەزیلە بەوە ناسراون كە دەقەكانی قورئان و ئەو بڕەش كە لە فەرموودەكان باوەڕیان پێیەتی دەخەنە ژێر هەژموونی عەقڵ و تێگەیشتنی خۆیانەوە، بەناوبانگترین ئەو تاقمانەن كە عەقڵیان پێش نەقل خست و زاڵیان كرد بەسەر دەقەكانی شەرعدا، لەوەشدا شێواندن و تەئویلی واتاكان گەورەترین ئامراز و هۆكاری دەستیان بوو بۆ بەجێهێنانی ئەو مەبەستە، بۆ نموونە ئەو میزانەی كە لە قورئان و لە سوننەتدا بە ڕاشكاوی باسكراوە نكۆڵیان لێ كرد و وتیان مەبەست لەو ترازووە دادگەری پەروەردگارە نەك بە ڕاستەوە تەرازوویەك دانرابێت بۆ كێشانەی كردەوەی مرۆڤەكان، بە هەمان شێوە پردی صراط و سزای ناوگۆڕ و سیحر و هەموو ئەوانەو چەندین شتی تری جێگیر لە كیتاب و سوننەتیان لەواتاكانی خۆیان لایانبرد و نكۆڵییان لێ كرد.
ئەمەش دیارترین بنەماو نیشانەكانی موعتەزیلەن كە پێیان جیادەبنەوە لە فیرقەكانی تر:
1- موعتەزیلە عەقیدەو بیروباوەڕیان لە سەر پێنج بنەما بونیات نراوە:
* التوحید: مەبەستیان پێی تەوحیدی الله یە و نكۆڵی كردنە لە هاوبەش و هاوشێوەیە بۆی و دەڵێن: الله نە (جوهر) و نە (عرض) لە زات و حەقیقەتیدا و نە پانە نە درێژە نە تامی هەیە نە رەنگ و بۆنی هەیە و نە بە ساردی و نە بەگەرمی وەسف ناكرێت و وەسفی سەلبی لەو شیوە زۆر دەكەن بە خیلافی ئەهلی سوننەتەوە كە درێژە بەو سیفەتە نەشیاوانە نادەن و دەڵێن هیچ سیفەتێكی نەشیاوی نییە نەگۆنجیت لە گەڵ مەزنی و پەروەرداگرێتی خۆیدا.
* العدل: مەبەستیان پێی پێوانە و دیاریكردنی حوكمەكانی الله یە بەپێی دادگەری و حیكمەت، بەو پێیەش نكۆڵییان لەوە كرد الله تعالە كردەوەی بەندەكانی درووست كردبێت، بەڵكو بەندەكان خۆیان ئەگەر خێر بێت و ئەگەر شەڕ بێت، دروستكەری كردەوەكانی خۆیانن.
* المنزلة بین المنزلتین: لەم بنەمایە مەبەستیان پێی كەسی فاسق ە، كە پێیان وایە فاسق لە دونیادا نە ئیماندار ەو نە كافریشە، بەڵكو لەو نێوانەدایە، ئەگەر تەوبە بكات دەگەرێتەوە ناو خانەی ئیمان، ئەگەریش بەو حاڵەوە بمرێت بە هەمیشەیی لە ئاگردا دەمێنیتەوە.
* الوعد والوعید: مەبەستیان لەم بنەمایە ئەوەیە ئەوانەی تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە لە ڕۆژی قیامەتدا سوود لە شەفاعەت وەرناگرن و بە هەتا هەتایی لە دۆزەخدا دەمێننەوە.
* الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر: ئەم بنەما هەڵوێستی موعتەزیلە لە ئەنجامدەری تاوانە گەورەكان ڕوون دەكاتەوە ئیتر ئایا دەسەڵاتدار بن یان خەڵكی ئاسایی، ئەوان یەك دەنگن لەسەر ئەوەی كە ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونكەر واجبە بە زمان و بە دەست و بە شمشێر، جەنگیش لە دژی هەر دەسەڵاتدارێكی ستەمكاردا بە واجب دەزانن ئەگەر فاسق بن و مەرج نییە كافر بن ئەو كاتە جەنگیان لە دژ بكرێت و خەڵكی هەڵسنەوە لە دژیان.
2- هەروەها باوەڕیان وایە نە لە دونیا و نە لە قیامەتدا، كە هەرگیز الله بە چاو نابینرێت ، دەڵێن چونكە ئەگەر بینینمان بۆی جێگیر كرد واتە جێگە و ئاراستەمان بۆی دیاری كردووە و الله یش جێگەی و ئاراستەو جیهەتی نییە، ئایەتی { وجوه يومئذ ناضرة إلى ربها ناظرة } یشیان تەئویل كرد و وتیان ناظرة بە واتای منتظرة هاتووە لە ئایەتەكەدا!
3- دەلێن قورئان كەلامی الله نییە وەكو قسە كردبێتی، بەلكو قسەكەی درووست كردووە و قورئان مەخلوقە! ئەو ئایەتەی قورئانیشە كە بەڕاشكاوی الله تعالی فەرموویەتی: {وَكَلَّمَ اللَّهُ مُوسَى تَكْلِيمًا} [النساء:164] دەڵێن: الله بە شێوەیەك قسەی لەگەڵ موسی كرد كە قسەكەی لەو دارەدا دروست كرد كە موسی لەلایدا بوو!
4- نكۆڵی دەكەن لەوەی الله تعالی لەسەر عەشی بەرزی خۆی بێت و ئایەتی: { الرحمن على العرش استوى } تەئویل دەكەن و دەلێن مەبەست لە وشەی استوی استولی یە!
5- نكۆڵی لە شەفاعەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكەن بۆ تاوانبارانی ئومەتەكەی لە ڕۆژی قیاممەتدا.
6- هەروەها نكۆڵییان كردووە لەوەی شتێك هەبێت بەناوی كەراماتی ئەولیا، دەلێن ئەگەر كەرامات هەبێت تێكەڵی لە نێوان وەلی و پێغەمبەردا درووست دەبێت.
ئەمانەی باسم كرد دیارترین بیروباوەر و نیشانەكانی موعتەزیلەن و بیروباوەڕی تریشیان هەیە كە هەڵقوڵاوی ئەمانەن لەسەرەوە ئاماژەیان پێكرا،
موعتەزیلە لەم سەرەدەمەدا بە گوڕو تینێكی تازەوە گەڕاونەتەوە گۆڕەپانی ئیسلامی و زیاتر لە ناو حیزبە ئیسلامییەكان و بەتایبەتی لە ڕیزەكانی كۆمەلی الإخوان المسلمین و نەهزەی تونسیدا بوونێكی ڕوون و ئاشكرایان هەیە، هەروەها لەسەر ئاستی كەسایەتی و نووسەر و ڕۆشنبیر و بانگخوازاندا بوونیان هەیە، عەلمانییەكانیش بە گشتی پێشوازییەكی گەورم لەو بیركردنەوە دەكەن و ڕێز لە هەڵگرانی ئەو بیروباوڕە دەكەن!
بەڵام ئەمانیش وەكو مورجیئە و خەواریج هەموو بیرۆكە و عەقیدەكانیان لە جەماعەتێكی دیاریكراودا بە تەواوی رەنگی نەداوەتەوە، بەڵكو بە ڕێژەیە و كەمێكیش جوانكاری و گۆڕانكاری بۆ دەكەن وەكو خۆڵ لە چاوكردنی خەڵكی بۆ ئەوەی قبول بكرێت..
سەبارەت بە كوردستانی خۆمان، بە هەمان شێوە لەناو حیزبە ئیسلامییەكاندا بیروبۆچوونەكانی موعتەزیلە ڕەنگدانەوەو پشتگیری زۆری لێ دەكرێت و لەسەر ئاستی سەركردایەتی و كەسە دیارەكانیاندا بەرگری لە بیرۆكەكانیان دەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاستی زانستی ئەو سەركردانەی لەناو حیزبە ئیسلامییەكاندا پشتگسری لە بیرۆكەی موعتەزیلە دەكەن زۆر لاوازە، بۆیە زیاتر پاشكۆیی موعتەزیلە عەرەبە هاوچەرخەكانیان پێوە دیارە و گومڕاییەكەشیان هەر بە پاشكۆیی پاشكۆیی ئەنجام دەدەن و ناتوانن خۆیان بچنە ناو سەرچاوەكانی موعتەزیلە و لە بیروباوەڕو بنەماكانیان تێبگەن.
لەبەر گرنگی و ترسناكی ڕۆڵی موعتەزیلە هاچەرخەكان، هەوڵ ئەدەین لە باسێكی پوختی سەربەخۆدا باسی بنەما و نبشانەكانیان بكەین إن شاء الله.
2023-10-27
2024-05-23
2023-10-28
2023-04-26
2022-07-25
2023-10-28
2020-02-28