العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
11- لە واتای (لا إله إلا الله) ڕاست ودرووست تێبگه
: 193
2024-02-06

یەكێك لە دیاردەكانی هەڵە تێگەیشتن لە بیروباوەڕی ئیسلامی لەم سەردەمەدا ئەوەیە زۆربەی موسوڵمانان لە واتای (لا إله إلا الله) باش تێنەگەیشتوون و لە پێناسە و ئامانج و مەبەست و مەرج و هەڵوەشێنەرەكانی حاڵی نەبوونە، بۆ نموونە: 

1- زۆربەی موسوڵمانان وا تێگەیشتوون و وا تێگەیەندراون كە (لا إله إلا الله) وشەیەكە یان دەستەواژەیەكە دەوترێت و تەواو، واتە تەنها بەو وتنە هەرچی مافەكانی هەیە دەستی ئەو كەسە دەكەوێت كە دەیلێت! لە كاتێكدا پێویستە پێش هەموو شتێك بزانرێت كە ئەو وشەیە دەبێت ڕەچاوی دوو مەسەلەی گرنگی تێدا بكرێت: 

یەكەم: (النفي) واتە نكۆڵی كردن وڕەتكردنەوەی هەموو عیبادەت و پەرستنێك بۆ غەیری الله و ڕەتكردنەوەی هەموو پەرستراوو وبەرنامە و یاسا و ڕێسایەكی تر جگە لە الله ودینەكەی نەبێت. 

دوەم: (الإثبات): واتە هەموو جۆرە پەرستنێك و ئەوەی كە لە ڕووی شەرعیەوە پێی دەوترێت عیبادەت تەنها بۆ الله ئەنجام بدرێت و هەروەها ئەوەش دگەیەنێت كە كوفر بە عیبادەتی طاغوت و جگە لە الله عزوجل بكرێت، الله عزوجل فەرمویەتی: (وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَسُولاً أَنِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَاجْتَنِبُوا الطَّاغُوتَ) النحل: من الآية36. 

2- یەكێكی تر لە هەڵە تێگەیشتنەكانی خەڵكی لە (لا إله إلا الله) ئەوەیە وا گومان دەبەن كە واتای ئەو وشەیە و ئەو ئەركەی كە دەیخاتە ئەستۆی خاوەنەكەی تەنها عیبادەتە، بەڵێ ڕاستە ئەوە یەكەم ڕوكن وكۆڵەكەی (لا إله إلا الله)یە، بەڵام ڕوكن و كۆڵكەیەكی تری هەیە كە بریتییە لە كوفر كردن بە طاغوت واتە ڕەتكردنەوەی هەموو پەرستراو وبەرنامەو یاساو ڕێسایەكی تر جگە لە ئیسلام، وەكو الله فەرموویەتی: (فَمَن يَكْفُرْ بِالطَّاغُوتِ وَيُؤْمِن بِاللَّهِ فَقَدِ اسْتَمْسَكَ بِالْعُرْوَةِ الْوُثْقَىٰ لَا انفِصَامَ لَهَا ۗ ) البقرة:256. هەروەها دەربارەی إبراهیم علیه السلام داوای لێمان كردووە بیكەینە پێشەنگ و پێشەوای خۆمان لە ڕەتكردنەوەی عیبادەتی طاغوت و فەرموویەتی: ( قَدْ كَانَتْ لَكُمْ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ فِي إِبْرَاهِيمَ وَالَّذِينَ مَعَهُ إِذْ قَالُوا لِقَوْمِهِمْ إِنَّا بُرَآءُ مِنْكُمْ وَمِمَّا تَعْبُدُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ كَفَرْنَا بِكُمْ وَبَدَا بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمُ الْعَدَاوَةُ وَالْبَغْضَاءُ أَبَداً حَتَّى تُؤْمِنُوا بِاللَّهِ وَحْدَهُ) الممتحنة: 4. بە پێی ئەم ئایەتە إبراهیم علیه السلام و ئەوانەی كە لەسەر ڕێبازی ئەون لە مەسەلەی تەوحیددا پێشەنگ و سەرمەشقی ئێمەن، ئەوان بە قەومە موشریكەكەی خۆیانیان وت ئێمە بەرین لە ئێوە و لەوەشی كە دەیپرستن و كردووتانە بە ڕكابەری الله و شەریعەتەكەی و حاشاتان لێ دەكەین، باوەڕمان پێتان نییە ولەبەر ئەوەی ئێوە دوژمنی دینی الله ن، ئێمەش ڕقمان لێتانە وحەزتان لێ ناكەین تا ئەو كاتەی دەگەرێنەوە سەر ڕێبازی ئیمان هێنان بە الله و پەرستنی بەتاك و تەنها. 

3- هەڵەیەكی تر دەربارەی (لا إله إلا الله) لە لای خەڵكی ئەوەیە وا گومان دەبەن مەعناكەی بریتی بێت لە (لا خالق إلا الله) واتە مەسەلەی تەوحید لە تەوحیدی الربوبیة و پەروەردگارێتیدا قەتیس دەكەن و ئەوەش هەڵەیە، چونكە ڕاستە تەوحیدی پەروەردگارێتی مەسەلەیەكی مەزن و گرنگە، بەڵام مەبەست لە تەفسیر و واتای (لا إله إلا الله) تەوحیدی عیبادەت و ئولوهییەتە ولەسەر بنەمای ئەو تەوحیدە ئەو وشەیەمان لێ وەردەگیرێت، نەك لەسەر بنەمای تەوحیدی پەروەردگارێتی كە مرۆڤەكان هەر بە پێكهاتە و فیترەتی خۆیان باوەڕیان بەوە هەیە كە الله خالیقە و ڕازیقە و دەمانژێنیت و دەمانمرێنێت و زەوی ئاسمانەكانی درووست كردووە. 

هەرچی كەسێك بەدەم بڵێت لا إله إلا الله و بە كردەوە هەڵیوەشێنێتەوە، واتە شتێك بكات پێچەوانەی شایەتمانەكەی بێت، ئەگەر ڕۆژی هەزار جاریش بڵێت لا إله إلا الله سوودی لێ نابینێت، بە حەسەنی بەسڕییان وت بە ڕەحمەت بێت خەڵكانێك دەڵێن هەركێ بلێت لا إله إلا الله دەچێتە بەهەشتەوە، فەرمووی بەڵێ دەچێتە بەهەشت ئەگەر فەرزو مافەكانی جێبەجێ بكات، واتە نەك لا اله الا الله هەر وشەیەك بێت و نە پێناسە و نە مافەكان و نە مەرجەكان و نە هەڵوەشێنرەوەكانی نەزانێت. 

پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ساڵانێك هەموو هەوڵێكی لەگەڵ قوڕەیشدا ئەوە بوو بڵێن لا إله إلا الله و ئەوان بەهیچ شێوەیەك ڕازی نەدەبوون بیڵێن، كە ڕازیش بوایەن بڵێن لا إله إلا الله ئیتر گۆڕانكارییەكی گەورەیان بەسەردا دەهات و دەبوون بە مرۆڤێکی تر، بەڵكو خۆیان و دەوروبەریانیش دەگۆڕی و هەوڵی گۆڕینی جیهانیشیان دەدا، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە ئەوان جوان لە مەبەست و واتا و مەرج و هەڵوەشێنەرەوەكانی لا إله إلا الله تێگەیشتبوون، بۆیە یان ڕازی نەدەبوون بیڵێن، یان بیانوتبا پیاوانە دەیانوت و ئیتر هەموو مافێكی ئەو وشەیەیان دەدا و خۆیان و ماڵ و منداڵ و دونیای خۆیانیان بە قوربانی دەكرد. بە پێچەوانەی زۆرینەی خەڵكی ئەم سەردەمەی خۆمان كە بەداخەوە لا إله إلا الله وشەیەكی سارد وسڕە وهیچ كاریگەرییەكی لەسەریان نییە، چونكە هەر وشەیەكی بەرجەستەنەكراوە و وەكو لاشەیەكی ساردو سڕە كە گیانی تێدا نەمابێت.