العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
ڕێز لە پێگە و سەنگینی خۆت بگرە:5
: 112
2024-04-18

هەمیشە ئەوەت لەبیر بێت وبەو هەستەوە ڕەفتار بكە، كە تۆ بوونەوەرێكی جیاواز وڕێز لێگیراویت، گرنگ وپڕ بایەخیت، هەر بۆیە هەموو هەڵسوكەوتێكت لەسەر ئەژمار دەكرێت وكاریگەری وڕەنگدانەوەی لە دەرەوەی خۆتدا هەیە، بەڵگەش لەسەر گرنگیت ئەوەیە تۆ لە هەڵسوكەوت وڕەفتارەكانتدا تەنها نوێنەرایەتی خۆت ناكەیت، بەڵكو وابەستەی ڕێكخرواێكی بەرفراوانی كە بریتییە لە خێزان بەواتا فراوانەكەی، پێویستە هەمیشە پارێزگاری لەو پێگە جوانەی خۆت بكەیت و ویقار  وسەنگینی كەسایەتیت بكەیتە تایبەتمەندی ودروشم ونەخشە ڕێگایەك بۆ ژیانت.

بەسە بۆ گرنگیت، نە چاكە و نە خراپەت ڕەهەندێكی تاكە كەسی نییە و لە ئاستی خۆتدا ڕابوەستێت، واتە ئەگەر چاك بیت وخراپ بیت پرسەكە تەنها پەیوەندی بە خۆتەوە هەبێت، نەخێر، بەڵكو بەچاك بوونی تۆ، خێزان وكۆمەڵگا هەمووی چاك دەبێت و بە خراپ بوونیشت خێزان وكۆمەڵگا هەمووی تێكدەچێت.

بەڵام ئەو پێگە وسەنگینی و گرنگییەت هەمووی بەندە بە دەستگرتن و وابەستەبوونت بە دینەكەتەوە، مەرجەكەی ئەوەیە پێناسەی موسوڵمانیتی بە تەواوی لە خۆتدا جێبەجێ بكەیت: لەسەر عەقیدەیەكی پاك وتەوحیدی تەواو بیت وسنوورەكانی شەرع بپارێزیت و ئەوەش بزانیت دەربڕینی بەرائەت لە شیرك و موشریكان و حاشا كردن لە لادەران ودیاردەكانی لادان لە ئیسلام لەم سەردەمەدا، ئەوەش بەشێكە لە بیروباوەڕو ئیمانەكەت كە بەبێ ئەوە نوقسانە. بەدەر لە جێبەجێكردنی ئەو مەرجانە و هەڵسان بە ئەركەكانی شەرع لەسەرت، نەك هەر نابیتە خاوەنی ئەو كەسایەتی وپێگە سەنگینەی ئاماژەمان پێكرد، بەڵكو  نە دڵ ودەروونت ئاسوودە دەبێت، نە مێشكت لە گومانی خراپ و بۆچوونی ناپەسەند وزیان بەخش سەلامەت دەبێت، دەشبیتە ئامرازێك لە خولگەیەكی دوور لەو پێگەی بۆی درووستكراوی دەخولێیتەوە.

 بەربەرەكانی گەورە لەبەردەمتدا دوای ئەوەی بڕیاری دەستگرتن و وابەستەبوون بە ئیسلام دەدەیت ودەتەوێت ڕێگای بەهەشت بگریتە بەر، ئەوەیە، چۆن ببیتە موسوڵمانێكی باش و ڕەزامەندی الله بەدەست بێنیت ولەسەر الصراط المستقیم ڕێبكەیت؟ بە ڕاشكاویش پێت بڵێم، گرتنەبەری ئەو ڕێگەیەش زۆر ئاسان نییە و جۆرێك لە خۆ یەكلاكردنەوەو ئارام گرتن و گوێنەدانی دەوێت بە جاهیلییەتی هاوچەرخ كە فشارەكانی لەسەرت بە ئەندازەیەك بەهێزە، جگە لە چەكی ئیمان هیچ چەكێكی تر نییە لە ڕوویدا بوەستیتەوە وكاریگەر بێت.

جا بۆ ئەوەی ببیتە خاوەنی ئیمانێكی ڕاست و پتەو، تەوحیدێكی پاك وپاراو، عەقیدەیەكی هەڵقوڵاو لە كیتاب و سوننەت، بۆ ئەوەی بزانیت لە كوێوە دەست پێ بكەیت؟ لە كێ دین وەربگریت؟ لە چی و لەكێ وریا بیت وخۆت بپارێزیت؟ ئەو بنەماو بنچینە و سەوابیتانە چین كە دەبێت بەدەستیان بخەیت بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت لە خشتەت ببات؟ بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی ئەو پرسیارانە وگەیشتن بە مەنزڵگای سەلامەتی، پێویستە  هەوڵ و كۆششی زۆر بدەیت.

لە چوار چێوەیەكی شەرعی و بەرنامە بۆ داڕێژراودا پێویستت بە مامۆستای شارەزا و دڵسۆزی عەقیدە پاك هەیە، پێویستت بە وزەو توێشووی ڕێگا هەیە كە بریتییە لە وەرگرتنی زانستی شەرعی، لە ڕێگەی خوێندنەوە و بیستن و هەر ڕێگایەكی شەرعی تر و دواجار زانستەكەشت ببێتە كردەوە و لە كەسایەتیتدا بەرجەستە بێت وڕەنگ بداتەوە.

 لەم زنجیرەیەدا هەوڵ ئەدەم بە خێرایی و بە پوختی ئاماژەت بۆ بابەتە سەرەكی و هێڵە پانەكان بۆ بكەم، بەڵام دواجار قورسایی ئیشەكە كە مەبەستم پێی وردەكاری و بەدواداچوونەكانە، لەسەر خۆت دەمێنیت.

(وَإِنَّ اللَّهَ لَهَادِ الَّذِينَ آمَنُوا إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ) الحج:54.