العربیة
/مێژوو/
جه‌نگى نيكۆبۆليس
: 576
2018-05-08

جه‌نگى نيكۆبۆليس سه‌ركه‌وتنى عوسمانييه‌كان به‌سه‌ر هاوپه‌يمانێتى مه‌سيحى ئه‌وروپىدا ئه‌م جه‌نگه‌ له‌ 25 سبتمبر 1396م / 22 ذو الحجة 798 هـ ڕوويدا له‌ نێوان سوپاى عوسمانييه‌كان به‌ سه‌ركردايه‌تى سوڵتان بايه‌زيد وهاوپه‌يمانييه‌تێكى نێو ده‌وڵه‌تى زۆر گه‌وره‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ ئه‌ڵمانيا فه‌ره‌نسا ئينگلته‌را ئيسكۆتله‌ندا وسويسرا و ئيتاڵيا به‌ سه‌ركردايه‌تى پاشاى مه‌جه‌ر سيجسمۆند كه‌ پاش ئه‌وه‌ى بڵغاريا سالى پێشووتر كه‌وتبووه‌ ده‌ست سوڵتان بايه‌زيد وترس و بيمێكى زۆر ئه‌وروپاى داگرتبوو، بۆيه‌ بڕيارى سيجسمۆند و پاپا بۆنيفاسى نۆيه‌م هاته‌ سه‌رئه‌وه‌ى ئه‌و هاوپه‌يمانێتيه‌ گه‌وره‌ بۆ شكاندنى ئيمپراتۆرييه‌تى عوسمانييه‌كان درووست بكرێت. هێزى هاوپه‌يمانيتى هێزێكى زۆر گه‌وره‌و زه‌به‌لاح بوو، له‌ زياتر له‌ سه‌دو بيست هه‌زار سه‌رباز پێكهاتبوو، سه‌ره‌تا ناكۆكى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ درووست بوو ئايا چاوه‌ڕوانى عوسمانييه‌كان بكه‌ن يان بچنه‌ سه‌ريان له‌ نيكۆبۆليس ى پايته‌ختى مه‌جه‌ر كه‌ كه‌وتبوويه‌ ده‌ستى عوسمانييه‌كان، ده‌ره‌نجام هاتنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌ ته‌نيشت ڕوبارى دانوبدا بچنه‌ سه‌ريان و هێرشيان بكه‌نه‌ سه‌ر له‌ باكورى به‌لقان، له‌ ڕاستيدا ئه‌وان سه‌ره‌تا توانيان ئابڵۆقه‌ى نيكۆبۆليس بده‌ن و سه‌ره‌تا سه‌ركه‌وتنيان به‌ ده‌ست هێنا و چوونه‌ ناو شاره‌كه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى نه‌بوون ئه‌وه‌ بوو سوڵتان بايه‌زيد به‌ سوپايه‌كى زۆر گه‌وره‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى له‌ بن زه‌وى هه‌ڵقوڵابن ده‌ركه‌وتن و ترس و تۆقاندنيان خسته‌ ڕيزى سوپاى هاوپه‌يمانيتى مه‌سيحييه‌كان. جه‌نگێكى ده‌سته‌ويه‌خه‌ كه‌ به‌ يه‌كێك له‌ سه‌خترين جه‌نگه‌كان له‌ جيهاندا دێته‌ ئه‌ژمار ده‌ستى پێكرد، موسوڵمانان نه‌به‌ردى و ئازايه‌تييه‌كى بێ وێنه‌يان نيشاندا، له‌ به‌رانبه‌ريشدا ئه‌و سوپا زه‌به‌لاحه‌ى مه‌سيحييه‌كان ترس و تۆقين ڕيزه‌كانيانى په‌رته‌وازه‌ كرد وسوپاى عوسمانى ئيسلامى سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر سوپاى هاوپه‌يمانێتى مه‌سيحيدا له‌ جه‌نگێكدا له‌ خه‌ياڵه‌وه‌ نزيكتر بوو تاكو واقع. سه‌ركه‌وتنى عوسمانييه‌كان سه‌ركه‌وتنى موسوڵمانانى له‌ به‌در و يه‌رموك بيريان ده‌خسته‌وه‌، زۆربه‌ى سوپاى گاوره‌كان هه‌ڵاتن و ژماره‌يه‌كى زۆريش له‌ سه‌ركرده‌و سه‌ربازه‌كان به‌ ديل گيران، ته‌نانه‌ت خودى كۆنت دينێڤه‌ر كه‌ يه‌كێك بوو له‌ گه‌وره‌ سه‌ركرده‌كانى هاوپه‌يمانه‌كان له‌ نێو ديله‌كاندا بوو، به‌ڵام سوڵتان بايه‌زيد ئه‌وانى به‌رانبه‌ر ماڵ و سه‌روه‌تێكى زۆر ئازاد كرد، كۆنت دينێڤه‌ريش سوێندى بۆ سوڵتان خوارد كه‌ جارێكى تر نه‌يه‌ته‌ سه‌ر عوسمانييه‌كان، به‌ڵام بايه‌زيد پێى وت: گه‌ردنت ئازاد ئه‌كه‌م و پێم خۆشه‌ ئه‌م سوێنده‌ت بشكێنيت و بێنه‌وه‌ سه‌رمان، چونكه‌ من له‌وه‌م پي خۆشتر نييه‌ جه‌نگ له‌گه‌ڵ گاوره‌كانى ئه‌وروپا بكه‌م و سه‌ركه‌ومه‌سه‌رياندا. به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى سه‌ركه‌وتنى عوسمانييه‌كان، سوڵتان بايه‌زيد كه‌ بينى ژماره‌ى كوژراوه‌كانى عوسمانييه‌كانيش زۆرن، بڕياريدا جگه‌و له‌و ديله‌ سه‌ركردانه‌ى به‌رانبه‌ر پاره‌يه‌كى زۆر ئازادى كردن، ديله‌كانى ترى هه‌مووى بكوژێت، كه‌ هه‌ندێ له‌ مێژوونوسان به‌ سێ هه‌زار و هه‌ندێكيان به‌ ده‌ هه‌زار مه‌زه‌نده‌يان كردووه‌. له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى ئه‌م جه‌نگه‌ گه‌وره‌يه‌ ئه‌وه‌بوو مه‌جه‌ر ناوبانگێكى خراپى ده‌ركرد و پله‌و پايه‌ى ئه‌وان و ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌يه‌ى گاوره‌كان بوو به‌ نموونه‌ى لاوازى و به‌زين، له‌ به‌رانبه‌ريشدا سوڵتان بايه‌زيد و ده‌وله‌تى عوسمانى ناوبانگ و سام وهه‌يبه‌تيان له‌ لاى وڵاتاندا زياتر بۆ درووست بوو، سوڵتان بايه‌زيديش نازناوى (سلطان الروم ) ى پي به‌خشرا وه‌كو ميراتگرێكى سه‌لاجيقه‌كان و ئه‌و نازناوه‌ش له‌ لايه‌ن خه‌ليفه‌ى عه‌باسييه‌كان ه‌ قاهيره‌ پشتگيرى لێ كرا ، كه‌ ئه‌وه‌ پاڵپشتێكى واتايى گه‌وره‌ بوو بۆ بايه‌زيد. بۆ نووسينى ئه‌م بابه‌ته‌ گه‌راومه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌ند سه‌رچاوه‌يه‌ك له‌ ديارترينيان: (صفحات لا تنسى من التاريخ الاسلامي) تامر بدر.هه‌روه‌ها سايتى وێكيبيديا. إحسان برهان الدين 2017-8-21 سلێمانى