العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
پوختەیەك دەربارەی سوڕی مانگانە:24
: 590
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان:24 پوختەیەك دەربارەی سوڕی مانگانە شارەزابوون لە حوكم وحاڵەتەكانی بێ نوێژی، یان سوڕی مانگانە (الحیض)، ئەركێكی سەرەكی و گرنگە لەسەر ئافرەتانی موسوڵمان دەبێت بیزانن، چونكە زۆر مەسەلەی تر لە شەریعەتدا بەو مەسەلەوە بەستراوە، وەكو نوێژ و ڕۆژوو وسەرجێیی و تەڵاق و چەندین پرسی شەرعی تر. زانایان بۆ ئاسانكردنی شارەزا بوون لە حوكمەكانی بێ نوێژی، لە چەند خالێكی گرنگدا ئەو باسەیان خستووەتە ڕوو، منیش لێرەدا هەوڵ ئەدەم پوختەیەكی بەسوود لە قسەكانی ئەوان هەڵبژێرم وبیخەمەڕوو:

  1. نوێژكرنی فەرز وسونەت حەرامە لەسەر ئەو ئافرەتەی لە سوڕی مانگانەدایە، بەڵام بۆ نموونە ئەگەر كەمێك دوای بانگی مەغریب تووشی بێ نوێژی بێت، ئەوە كاتی پاك بوونەوە گێڕانەوەی نوێژی مەغریبی دەكەوێتە سەر، یان بۆ نموونە كەمێك پێش خۆر هەڵاتن بە ئەندازەی ڕكاتێك نوێژ ئەگەر تووشی بێ نوێژی بێت دوای پاك بوونەوەی پێویستە نوێژی بەیانی بگێڕێتەوە.

بەڵام زیكر و تەسبیحات و خوێندنەوەی فەرموودە و زانستە شەرعییەكان و گوێگرتن لە قورئان و لەسەر بۆچوونی پەسەند خوێندنەوەی قورئانیش هەمووی درووستە وكێشەیەكی شەرعی تێدا نییە، بەڵام بۆ قورئان خوێندن باشترە ڕاستەوخۆ لاپەڕەكانی هەڵنەداوەتەوە، بەڵكو بە شتێكی تر ئەو كارە بكات، لە زنجیرەی وەڵامی پرسیارەكانتاندا، بە شیكراوەیی باسی حوكمی قورئان خوێندنی ئافرەتم كردووە لە كاتی سوڕی مانگانەدا.

  1. ڕۆژووگرتنی فەرز و سوننەت، هەمووی حەرامە لەسەر ئەو ئافرەتەی لە بێ نوێژیدایە، بەڵام لە دوای پاكبوونەوە، ڕۆژووی فەرز دەبێت بگێرێتەوە، بە پێچەوانەی نوێژ كە نایگێرێتەوە، دایكی ئیمانداران عائیشە دەفەرموێت"كان يصيبنا ذلك ـ تعني الحيض ـ فنؤمر بقضاء الصوم ولا نؤمر بقضاء الصلاة" (متفق عليه).

ئەگەر ئافرەت بەڕۆژوو بوو پێش مەغریب هەستی بەسەرەتاكانی بێ نوێژی كرد بەڵام تاكو بانگی مەغریب خوێن نەهاتە خوارەوە ، ڕۆژووەكەی درووستە و عەیبی نییە، بەڵام ئەگەر بانگی بەیانی بوو ئەو هێشتا لە حەیزدا بوو ناتوانێت ئەو ڕۆژە بگرێت با لەدوای بانگیش بە کاتێکی کەم پاك بێتەوە.

  1. هەموو جۆرە تەوافێك لەسەر ئەو ئافرەتەی لە سوڕی مانگانەدایە قەدەغەیە، بەبەڵگەی ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كاتێك دایكی ئیمانداران لە كاتی حەجدا تووشی حەیز دەبێت پێی دەفەرموێت: (افعلي ما يفعل الحاج غير ألا تطوفي بالبيت حتى تطهري) البخاري (305)، ومسلم (1211). واتە هەموو ئەوەی حاجیان دەیكەن تۆیش بیكە، جگە لە تەواف كردنە بەیت نەبێت.

تەوافی حەج و عومرەش هەر لەسەری دەمێنێت تاكو پاك دەبێتەوە ئەو كاتە ئەنجامی دەدات، بە پێچەوانەی تەوافی ماڵ ئاوایی (الوداع) كە لەسەری دەكەوێت و نایگێرێتەوە.

  1. لەسەر بۆچوونی زۆربەی زانایان و شەرعناسان حەرامە لەسەر ئەو ئافرەتەی لە بێ نوێژیدایە لە مزگەوتدا بمێنیتەوە، تەنانەت لە جێگای ئەنجامدانی نوێژی جەژنیشدا هەر بۆی نییە بمێنیتەوە ، لەبەر ئەو فەرموودەی لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە: ( يعتزل الحيض المصلى ) متفق عليه .

بەڵام لە بەرانبەریشدا بۆچوونێكی تر هەیە كۆمەڵێك زانا گەورەكانی لەسەرە و ئەوانیش بەڵگەی خۆیان هەیە بۆ بۆچوونەكەیان، دەڵێن: ئەگەر ڕۆیشتنی ئافرەت بۆ مزگەوت لە كاتی حەیزدا نەبێتە هۆكاری پیس بوونی مزگەوت بە هۆی ئەو حاڵەتەوە، ئاساییەو درووستە، ئەم بۆچوونەش لە زانا هاوچەرخەكاندا فەرموودەناس شێخ مصطفی العدي هەڵیبژاردووەو لەسەرێتی.

  1. حەرامە لەسەر پیاو لەو كاتەی ژنەكەی لە سوڕی مانگانەدایە بچێتە لای بۆ سەرجێی كردن، الله تعالی فەرموویەتی: ( وَيَسْأَلونَكَ عَنِ الْمَحِيضِ قُلْ هُوَ أَذىً فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ وَلا تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّى يَطْهُرْنَ ) البقرة:222. بەڵام جگە لە سەرجێیی نەبێت، هەموو شتێكی تری بۆ حەڵاڵە لەگەڵ خێزانەكەیدا بیكات، لەبەر ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( اصنعوا كل شيء إلا النكاح ) رواه مسلم .

شايانى باسە زانستی پزیشكی لە دوای چواردە سەدە لەوەی قورئانی پیرۆز سەرجێی كردنی پیاوی لەگەڵ ژندا لە كاتی بێ نوێژی حەرام كرد و بە (أذی) ناوی برد، گەیشتە ئەوەی كە ئەو كارە لەو كاتەدا نەگونجاوەو بۆ تەندروستی زیانبەخشە.

  1. حەرامە لەسەر پیاو خێزانی لە كاتی حەیزو بێ نوێژیدا تەڵاق بدات و بەو كارە گوناهبار دەبێت، الله تعالی فەرموویەتی: ( يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَطَلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ ) الطلاق:1. جێبەجێ كردنی ئەم ئایەتەش تەنها لە حاڵێكدا دەبێت كە ئافرەتەكە دووگیان بێت یان لە حەیز پاك بووبێتەوە و مێردەكەی نەچووبێتە لای.

بەڵام زانایان سی حاڵەتیان لەم مەسەلەدا جیاكردووەتەوە كە ئافرەتەكە با لە حەیزیشدا بێت تەڵاقی هەر دەكەوێت: یەكەم: ئەگەر تەڵاقەكە دوای مارەبڕین و پێش ئەوە بێت پیاوەكەی چووبێتە لای (الدخول). دووەم: ئەگەر حەیزەكە لە حاڵەتی حەمل و دوو گیانی ئافرەتەكەدا بووبێت. سێیەم: ئەگەر جیابوونەوەكە بە شێوازی خولع بێت و لەبەرانبەر پارەیەكدا بێت ژنەكە بیدات بە پیاوەكەی، لەو حاڵەتەدا درووستە وحەرام نییە. هەروەها جێگای باس كردنە لێرەدا بوترێت: ئافرەت لە كاتی بێ نوێژیدا درووستە مارە بكرێت ودرووستە پیاوەكەی بچێتە لایشی، بەمەرجێك لەسەرجێی كردن بتوانێت خۆی بەدوور بگرێت تاكو ئافرەتەكە پاك دەبێتەوە .

  1. ئەگەر ئافرەت تەڵاق درا وحەملی نەبوو، عیددەكەی بە سێ جار بێ نوێژی حیساب دەكرێت، كە لەو ماوەیەدا مێردەكەی دەتوانێت بیگێڕێتەوە، یان بۆ شووكردن ئەگەر جارێكی تر نەگەڕێتەوە لای مێردەكەی لەبەر ئایەتی: ( وَالْمُطَلَّقَاتُ يَتَرَبَّصْنَ بِأَنْفُسِهِنَّ ثَلاثَةَ قُرُوءٍ ) البقرة:288.

بەڵام ئافرەتی دوو گیان، عیددەكەی بریتییە لە لەدایك بوونی مناڵەكەی. ئەو ئافرەتانەش كە گەیشتوونەتە تەمەنێك تووشی بێ نوێژی نابن، ئەگەر تەڵاق بدرێن عیددەكەیان سێ مانگە. 8 . هەر كاتێك ئافرەت لە خوێنی بێ نوێژی پاك بوویەوە، واجبە لەسەری خۆی بشوات، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( فإذا أقبلت الحيضة فدعي الصلاة ، وإذا أدبرت فاغتسلي وصلي ) رواه البخاري . واتە: كە بێ نوێژیت تووش بوو، ئیتر واز لە نوێژ كردن بهێنە و، ئەگەر پاك بوویتەوە خۆت بشۆ. - كەمترین واجب لە مەسەلەی خۆشۆردندا ئەوەیە ئافرەت كە پاك بوویەوە، ئاو بەر هەموو لاشەی بكەوێت. - واجب نییە لەسەر ئافرەت ئەگەر قژی بەسترابێت لە كاتی خۆشۆردندا قژی بكاتەوە، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( لا , إنما يكفيك أن تحثي على رأسك ثلاث حثيات ثم تفيضين عليك الماء فتطهرين ) ابن حبان : 1198 . - ئەگەر ئافرەت لە خوێنی حەیز پاك بوویەوە لە كاتی هەر نوێژێكدا، دەبێت پەلە بكات لە خۆشۆردن، بۆ ئەوەی ئەو نوێژەی ئەنجام بدات، ئەگەر لەسەفەر بوو، یان ئاوی دەست نەكەوت، یان نەخۆش بوو و نەیتوانی ئاو بەكار بهینیت، دەبێت (تیمم) بكات و نوێژەكەی ئەنجام بدات. چونكە ئەگەر پاك بوویەوە كات مابوو، ئەوە پاساو نییە بڵێت فریاناكەوم خۆم بشۆم، بۆیە لە ڕووی ناچارییەوە دەتوانێت تیمم بكات و نوێژەكەی ئەنجام بدات. مەسەلەی سوڕی مانگانە (الحیض) لە ڕووی شەرعی و تەندروستییەوە قسەو باس زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لێرەدا هەر ئەوەندەم بە پێویست زانی بیخەمەڕوو، بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن تەماشای هەر كتێبێكی فیقهی موعتەبەر بكەن، دوو نامیلكەی شیخ محمد صالح العثیمین یش هەیە بە جوانی و بەبەڵگەوە بابەتەكانی لە خۆ گرتووە ، بەناونیشانی: (رسالة في الدماء الطبیعیة للنساء). و (ستون سؤالًا وجوابًا في أحكام الحيض). -