العربیة
/وانەكانی حەج و عومڕە/
حەجی جەستە وحەجی ڕوح

#وانەكانی_حەج_وعومرە:17 وكۆتــــــــــــایی
حەجی جەستە وحەجی ڕوح

لە ڕۆشنایی قسەی زانایان و ئەوانەی لە كتێبەكانیاندا جەختیان كردوەتەوە  لەسەر ئامادە بوونی نیەت و خاوێنی نیازی دڵی ئەو كەسەی دەیەوێت حەج بكات، هەر لەو كاتەی كە بڕیاری ئەو گەشتە پیرۆزە دەدات و تاكو گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆی، ئەم چەند ئامۆژگارییە بۆ خۆم و بۆ خوشكان و برایانم باس دەكەم:

1- پێش هەموو شتێك، بەر لەوەی لەماڵی خۆت بەرەو گەشتی پیرۆزی حەج دەربچیت، نیەتێكی ڕاستەقینەو خاوێن لە دڵتدا دابمەزرێنە كە لەم گەشتەدا تەنها وتەنها مەبەستت ڕەزامەندی پەروەردگارتە و هیواو ئاواتت ئەوەیە الله تعالی ئەو عیبادەتەت لێ وەربگرێت و لێت خۆش ببێت، لەم نیەتەی دڵت زۆر وردبەرەوە و بە تۆكمەیی لە ناختدا دایمەزرێنە.

2- كە بۆ ئەو گەشتە پیرۆزە بەرێ كەوتی لە قوڵایی دڵتەوە سوپاسی الله بكە كە زیارەتی ماڵەكەی خۆی بە نسیب كردی، هەزاران بە ئاواتی ئەوەن بە دیداری ماڵی پەروەردگاریان شاد بن و عیبادەتی حەج ئەنجام بدەن و ناتوانن.

3-  پێش ئەوەی لەماڵ دەربچیت، هەموو شتێك كە بە گرنگی ئەزانیت بینووسە و وەكو وەسێتێك بە جێی بهێڵە ، حیسابی ئەوە بكە لەوانەیە لەو گەشتەت نەگەرێیتەوە، ئەگەر ماڵی كەسێكت لایە، ئەگەر هەر مافێكی نێوان تۆ وبەندەكانی الله هەیە پێویستی بەیەكلا كردنەوە هەیە یەكلای بكەرەوە، یان وەسێت بكە لە دوای خۆت لە ڕۆشنایی كیتاب و سوننەتدا یەكلایی بكرێتەوە.

4- باشترە پێش ڕۆیشتنت لەگەڵ كەسە نزیكەكانت پەیوەندی بكەیت، ئەگەر بەتەلەفونیش بووە، بەتایبەتی ئەوانەی كێشە لە نێوانتاندا هەیە، هیچ مەسەلەیەك بە هەڵواسراوی بەجێمەهێڵە، داوای لێبورد و لێخۆشبوون لەهەر كەسێك بكە كە ئەزانیت پێویست ئەكات، بەڵام مەبەست لەم قسە ئەوە نییە  لەگەڵ هەموو كەسێكدا ئەو كارە بكەیت، بەڵكو تەناه لەگەڵ ئەوانەی كە شتێكی وا ڕویداوە لە نێوانتاندا پێویست بە داوا لێبوردن و لێخۆشبوون بكات.

5- باری خۆت لە شتی زیادە بۆ گەشتەكەت قور س مەكە، خواردن مەكە مەسەلەیەكی سەرەكی بیرت لای بێت، تەنها ئەوەندە نەبێت هێزی عیبادەتت پێ بدات.

6- هەرچی خەم و خەفەتەكانت، كێشەكانت، سەرقالییەكانت هەیە، هەرهەمووی فڕێبدە و بیرت تەنها لەلای ئەو گەشتە پیرۆز و مەزنەی خۆت بێت، لەناو جەگەی شەودا لە پەروەردگارت بپارێرەوە دڵێكی زیندووت پێ بدات، كاتێك جلی پاك و نوێ لەگەڵ خۆت ئەبەیت، بیرت لەلای ئەوە بێت بەدڵێكی خاوێن و تازەوە بگەرێیتەوە، بەئامانجی نوێ و بەرز بگەرێیتەوە، بڕیار بدە قۆناغی دوای حەجەكەت زۆر جیاواز بێت لەگەڵ قۆناغی پێش حەج كردنت.

7- كاتێك ماڵئاوایی لە كەسوكارت ئەكەیت، با كاتی ماڵئاواییت لەم دنیا بیر بكەیتەوە، شوینەوارێكی باش لە دوای خۆت بجێ بهێڵە ودڵت بە قیامەت ببەستە. زۆریش دڵت لای ماڵ و مناڵ نەبێت، ئەو كەسەی تۆ دەپارێزێت ئەوانیش دەپارێزێت.

8- لەگەشتەكەتدا بایەخ بە هاوڕێ و هاوسەفەری باش وچاكەكار بدە، ئەوە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە، خۆت لە هەموو قسەیەكی بێ سوود و زیاد بپارێزە، ئەوە گەشتی تەمەنە كە پێی هەڵئەسیت، زۆر گەورە و مەزن تەماشای بكە.

9- بەر لەوەی خۆت بۆ ئیحرام خاوێن بكەیتەوە، دڵت لە ئاوڕدانەوە لە غەیری الله و ڕەزامەندی ئەویش خاوێن بكەرەوە، چەند پێویستت بە خۆشتن وخۆبۆخۆش كردن و خاوێن كردنەوەی جەستەتە، دوو ئەوەندە پێویستت بە خاوێن كردنەوەی دڵ و نیەتی دڵتە. كاتێك جلە سپیەكەی ئیحرام دەپۆشیت، ئەوەت بیر بكەوێتەوە كە ئەوە هەمان پۆشاكی تۆیە كە دەمریت و دەبێت بەكفنت، پۆشاك ئیحرام وكفن وەكو یەك سادە و بێ گیرفانن.

10- ئەو شوێنانەی لە كاتی حەج كردنت لە یادی الله دوورت دەخەنەوە، لێیان دوور بكەرەوە، بەدوای هەڵەی كەسەوە مەبە وتەنها بیرت لای خۆت بێت، لەبۆڵە و باسی ناڕەحەتییەكانی حەج بەدوووربە ئەوە كارێكی باش نییە.

11- ئیحرام كردن وەكو ڕاهێنانێكی نەفسی خۆت تەماشا بكە لە قەدەغەكراوەكانی الله تعالی، بیری خۆت بێنەوە ئەو پەروەردگارەی كە لەحەج داوای لێت كردوە لە كاتی ئیحرامدا لەو قەدەغەكراوانە بەدوور بیت، هەر ئەو پەروەردگارەیە كە لە كاتەكانی تردا داوای لێت كردووە لە قەدەغەكراوەكانی تری بەدوور بیت وسنوورەكانی تێنەپەڕێنیت.

12-  هەرگیز خراپەكانی خەڵكی وكەسوكار و هیچ كەسێك بەبیر خۆت مەهێنە، بڵێ یارەبی لەبەر تۆ لە هەموویان خۆش بووم وتۆیش لەمن خۆشبە، دڵی خۆت پاك بكەرەوە بۆ ئەوەی كە الله سەیری دڵتی كرد بەو خاوێنییە لێت خۆش ببێت.

13- هیچ شتێك نییە لە حەج و لە غەیری ئەوەندەی تەوحید تۆ لە الله نزیك بكاتەوە، بۆیە بەردەوام بە زمان و بەدڵت بلێ: (لا إله إلا الله وحده لا شریك له له الملك وله الحمد وهو علی كل شیء قدیر).

14- لە رۆژانی مانەوەتدا لە مینا، چاوەڕوانی خەڵكی بۆ حەشرو حیسابی ڕۆژی قیامەت بیری خۆت بهێنەوە، زۆر یادی پەروەردگارت بكە، لەگەڵ حاجیاندا ڕووت خۆش بێت، سەلامیان لێ بكە، تەعاروفیان لەگەڵ بكە، دەستی یارمەتی بۆ هەركەسێك درێژ بكە پێویستی پێت بوو، هەندێ جار دیاری بە هەندێ كەس بدە كە نایاناسی.

15- كە دەڵێیت لبیك اللهم لبیك، بڕیار بدە بۆ جیبەجێكردنی هەموو فەرمانەكانی تری الله و نەبەزاندنی سنوور وقەدەغەكراوەكانی تریشی لە دوای گەڕانەوەت بەهەمان شێوە بە گوفتار و بە كردار بڵییت لبیك الله لبیك. تۆ تازە لەببەیكت كردووە وپەیمانت داوە، پەیمانەكەت مەشكێنە.

16- لە هەموو هەگاوەكانی حەجەكەتدا خۆت لەگەڵ یادكردنی الله ڕابهێنە، هیچ هەلێك خۆ نزیككردنەوە لە الله لەدەست مەدە، زۆر جار بڵێ: (رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ)

17- لە ڕۆژی ڕاوەستاندا لە عەرەفە، ڕاوەسانی خەڵكیت لە ڕۆژی قیامەتدا بیر بكەوێتەوە لە چاوەڕوانی لێپرسینەوەدا، ، لە ڕاستیدا ئەو ڕۆژە وێنەیەكی بچووكە بۆ ڕۆژی قیامەت، هەرگیز ئەوەت بیر نەچێت.

18- ابن رجب الحنبلي بەڕەحمەت بێت فەرموویەتی: ئەو كەسەی ڕاوەستانی ڕۆژی عەرەفەی لەدەست چوو وحەجی بەنسیب نەبوو، با بەو مافانەی الله كە دیانزانێت هەڵبسێت،  ئەو كەسەی نەیتوانی لە موزدەلیفە بمێنێتەوە با بڕیار بدات خۆی لەپەروەردگاری نزیك بكاتەوە، ئەو كەسەی لە مینا توانای سەربڕینی قوربانی نەبوو با هەواو ئارەزووەكانی خۆی سەرببرێت مادام الله ئەوی گەیاندووەتە ئارەزووەكەی لە حەج كردنی ماڵەكەی، ئەو كەسەی كە نەیتوانی بگاتە بەیت بەهۆی دووری، با پەنا بۆ پەروەردگاری بەیت ببات چونكە زۆر لێیەوە نزیكە.

19- بیرت نەچێت كردارەكانی حەج جوڵەی بێ واتا و ئامانج نییە، بەڵكو لە هەموویدا ئامانجی نزیك بوونەوە لە پەروەدگار  هەیە، با عەقڵت بەوەدا بشكێت كە خۆ سەرقاڵ كردن لەو ڕۆژانەدا بەهەر یادێك تر لە یاد الله زیانیكە و لەخۆتی ئەدەیت.

20- هەمیشە خاوێنی ئەو شوێنانە بپارێزە كە هەنگاوەكانی حەجی تێدا ئەنجام ئەدەیت، هەرگیز پاشماوەی خواردن و هیچی تر لە شوێنەكاندا فڕێمەدە، تەنانەت ئەگەر جێگەكە خۆی بەو شتانە پیسیش كرابو تۆ بەشدار مەبە تێیدا.

21- كاتێك بەردی جەمرەكان فڕێدەدەیت با ئەوەت بیر بكەوێتەوە فەرمانەكانی الله جێبەجێ بكەیت، كە دەڵێیت الله أكبر ئەو دەستەواژە لە ژیانتدا بەرجەستە بكە و الله لە هەموو شتێك و لە هەموو كەسێك بەگەوەرت بزانە.

22- كە قوربانییەكەت سەردەبڕیت هەموو بیرێكت لەای ئەوە بێت كە تۆ لەو كارەتدا گوێڕایەڵی فەرمانی الله ت كردووە، هەروەها با هەڵوێستی پڕ لە ئیمان و تەوحیدی ئیبراهیمت لەمەسەلەی قوربانیدا علیه السلام بیر بخاتەوە، لەوەش دڵنیابە ئەوەی بۆ الله بیبەخشیت الله بەزیادەوە پێت دەبەخشێتەوە.

23-لە كاتی تەوافكردنتدا كاتێك تەماشای كەعبە دەكەیت، با مەزنیی تەوحیدت بیر بخاتەوە، چونكە ئەو ماڵە لە بنچینەدا بۆ جێگیركردنی تەوحید لە سەرزەویدا دامەزراوە. بۆیە تۆیش بڕیار بدە دڵت لە پەیوەست بوون بە غەیری الله خاوێن بكەیتەوەو دڵنیابە لەوەی غەیری الله عزوجل كەسی تر  سوود و زیانی تۆی بەدەست نییە.

24- هەرگیز لە پێناو ماچكردنی بەردەڕەشەكەدا پاڵ بەخەڵكەوە مەنێ و عەزێتی كەس مەدە، ئەوەش بزانە كە ئەو بەردە نە سوودی هەیە  و نەزیان، بەڵام فەرمانمان پێكراوە ماچی بكەین و ئێمەش گوێڕایەڵی فەرمانەكەین. سەرگەورەمان عومەر الله لێی ڕازی بێت بەو بەردەی دەفەرموو من دەزانم تۆ بەردێكی نە سوود و نزیانت نییە، بەڵام لەبەر ئەوە ماچت دەكەم پێغەمبەرم بینیوە صلی الله علیه و سلم ماچتی دەكرد.

25- لە كاتی سەعیكردنی نێوان سەفا و مەڕوادا خاتوو هاجەرت با بیر بكەوێتەوە، كاتێك هەژاری و پێویستی خۆی بۆ میهرەبانی الله نیشان دەدا، با سەعیكردن لەو جێگەیە فێری ئەوەت بكات لە هەموو ژیانتدا ڕاستگۆ بیت ونییەتت تەنها بۆ الله بێت. بیرت نەچێت تۆ بەردەوام موحتاجی ڕحمەت و چاكەی پەروەردگارتی.

26- ڕۆژان (التشریق) وجەژن بەگشتی بە یاد الله و بەخوێندنەوەی قورئان و كاری چاكە بەسەر ییە، بەنییەتی ڕێزگرتن لەو جێگەیە و لە سنوورەكانی الله شەڕ و مشتومڕ لەگەڵ كەس مەكە، بەچاوێكی كەمەوە سەیری كەس مەكە.

27- لە تەوافی وەداع و ماڵئاواییدا بە خەمیاری ماڵئاوی بكە، داوا بكە الله چەندین جاری تر هاتنەوەت بۆ ماڵەكەی بە نسیب بكات، دوعا بكە، سەڵاوات بدە، پەیمان لەگەڵ الله تازە بكەرەوە كە فەرمانەكانی جێبەجێ بكەیت، سوورەكانی نەبەزێنێت، دوعا بۆ كەسوكار و خۆشەویستەكانت بكە.

28- ك گەیشتیتەوە ماڵ بەسەلامەتی، وای دابنێ بەدڵێكی پاك و سپی گەراویتەتەوە، ڕێگە مەدە بە تاوان و سنوور بەزاندنی شەرع پیس ببێتەوە، ئەوەی كە لە حەج فێری بووی لە قوربانیدان و ئارامگرتن و ڕێزگرتن لە سنوورەكانی الله تعالی لە دوای حەجیش جێبەجێی بكە.

 

كۆتایی هێنان بە گەشتی پیرۆزی حەج وعومرە

#وانەكانی_حەج_وعومرە:16
كۆتایی هێنان بە گەشتی پیرۆزی حەج وعومرە

لە پاش ئەنجامدانی ئەو چوار ئەركەی كە لە ڕۆژی یەكەمی جەژندا ئەنجام ئەدرێت كە بریتی بوون لە (الرمي - النحر - الحلق - الطواف) وهەندێ لە زانایان لە وشەی (رنحط) كۆیان كردووەتەوە بۆ ئەوەی لە بیر نەچێت، ئەو چوار ئەركەش بریتیبوون لە فڕەدانی بەردەكانی عەقەبەی گەورە وهەروەها سەربڕینی قوربانی و سەرتاشین یان كورتكردنەوەی وتەوافی (الإفاضة) وسەعیەكەی، ئیتر كارەكاتی حەجردن بەرەو كۆتایی دەروات وبە كورتی دەربارەی دەڵێین:

1- جیاوازی تەوافی (الإفاضة) لەگەڵ تەوافی عومرە و سەرەتای هاتن بۆ مەككە چییە؟
چەند جیاوازییەكیان هەیە لەوانەیە توافی الإفاضة لە دوای تحلل دەكرێت واتە پێویستی بە پۆشینی جلی ئیحرام نییە و بە جلی ئاساییەوە دەكرێت، هەروەها پێویستی بە خێرا ڕێكردن(الرمل) و پێویستی بە (اضطباع) یش نییە، واتە شانی ڕاستی لە كاتی تەوافكردندا دەرناخات.

2- ئایا ئەكرێت تەوافی (الإفاضة) لەگەل تەوافی ماڵئاواییدا بكرێن بەیەك تەواف؟
بەلێ ئەگەر هۆكاری هەبێت ئەو كەسە دەتوانێت هەردوو تەوافەكە بكات بەیەك تەواف لە كاتی بە جێهێشتنی مەككەدا، واتە ئەوە بكات بە كۆتا كاری لە حەجەكەیدا.

3- حاجیان لە ڕۆژانی التشریق واتە لە دووەم وسێیەم و چوارەم  ڕۆژی جەژندا چ ئەركێكیان لەسەرە؟
لە یانزەی مانگی (ذي الحجة )دا كە دەكاتە دووەم ڕۆژی جەژن حاجیان ئەركی فڕەدانی بەردەكانی هەرسێ جەمرەكانی عەقەبەی بچووك و ناوەند و گەورەیان هەیە، كاتەكەش لە دوای كاتی زەوال وكاتی نویژی نیوەڕۆوە دەست پێ دەكات وتاكو خۆرئاوایی ئەو ڕۆژەو بۆ كەسێكیش نەتوانێت یان لەبەر قەرەباڵغی زۆر درووستە تاكو فەجری ڕۆژی دوایی دوای بخات، بۆ رۆژانی دوانزەو سیانزەش بەهەمان شێوە دەبێت.

4- شێوازی فڕەدانی بەردەكانی جەمرەكانی عەقەبەی بچووك و ناوەراست وگەورە لە ڕۆژانی (التشریق) دا   چۆن ئەبێ؟
وەكو پێشتریش باسمان كردووە لە دوای نیوەڕۆوە دەست پێ دەكرێت نەك پێش ئەو كاتە، لە جەمرە بچووكەكەوە دەست پێ دەكات بە تێگرتنی حەوت بەردی بچووك و دوای ئەوە دەتوانێت لە قەرەباڵغی خەڵكی دوور بكەوێتەوەو دەست بكات بە دوعا كردن، هاوەڵان هەندێ جار ئەوەندی خوێندنەوەی  سوەڕەتی (البقرة) بخوێنرێت دەوەستان ودوعایان دكرد.
 دوای ئەوە كەسەكە دەچێت بۆ فڕەدانی جەمرەی ناوەڕاست و بەهەمان شێوە حەوت بەردی بچووكی تێدەگرێت و دیسان دوعا دەكات.
 دوای ئەوە دەچێت بۆ جەمرەی عەقەبەی گەورەو بە هەمان شێوە بەحەوت بەردی بچووك بەردیان تێدەگرێت بەڵام ئەم جارەیان بۆ دوعا كردن ڕاناوەستێت. 
ئەگەر كەسەكە بیەوێت لە سێیەم ڕۆژی جەژندا كارەكانی حەجی تەواو بێت ئەم كردارە لە دووەم ڕۆژ و سێیەم ڕۆژ دووبارە دەكاتەوە ڕۆژی بیست و یەك بەرد لەو پەیكەرانە دەگرێت بەو شێوازە كە هەمووی 42 بەرد دەكات لەگەڵ حەوت بەردی ڕۆژی یەكەمدا بۆ (جمرة العقبةالكبری) هەموو دەكاتە 49 بەرد، ئەگەریش پەلەی نەبێت بۆ سێیەم ڕۆژانی (التشریق) بمێنێتەوە واتە چوارەم ڕۆژی جەژن ئەوا لە چوارەم ڕۆژی جەژندا بەهەمان شێواز 21 بەردی تر لە هەرسێ پەیكەرەكە دەگرێت و بەو شێوە كۆی بەردەكان دەكاتە 70 بەرد.

5- ئەو كەسەی كە (متعجل) بێت بۆ ئەوەی ئایەتی ( فَمَن تَعَجَّلَ في يَوْمَيْنِ فَلا إثْمَ عَلَيْهِ) لەسەر جێبەجێ ببێت و بیەوێت لە سێیەم ڕۆژی جەژندا هەموو كارێكی حەجەكەی تەواو كردبێت دەبێت كەی لە مینا دەربچێت؟
ئەگەر (متعجل) بێت دەبێت دووەم ڕۆژانی التشریق كە دەكاتە سێیەم ڕۆژانی جەژن پیش خۆرئاوابوون بەردەكانی فڕەدابێت ومینای بەجێ هێشتبێت، ئەگینا ئەگەر ئێوارەی بەسەردا بێت و هێشتا لە مینا بێت بابەردكانیشی پێشتر فڕەدابێت هەر دەبێت بۆ ڕۆژی دوای ئەوەش بمێنیتەوە، ئەگەر نا سەربڕینی حەیوانێكی دەكەوێتە سەر.

6-  تەوافی (الوداع) ماڵئاوایی كەی دەكرێت ؟

تەوافی ماڵئاوایی پێویستە كۆتا كاری حاجیان بێت لە مەككە، بۆ نموونە ئەگەر نیازی بازاڕ كردن و هەر ئیشێكی تری هەبێت نابێت بیخاتە پێش ئەو تەوافە، بەڵكو دەبێت پێش ئەوە بیكات، واتە كاتێك هیچ كارێكی لەمەككە نەماوەو بەرەو ماڵ و وڵاتی خۆی بەڕێدەكەوێت ئەو كاتە تەوافەكە دەكات، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەكو لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە فەرمویەتی: (لا ينفرن أحد حتى يكون آخر عهده بالبيت).

6- تەوافی (الوداع) بە شێوازێك ئەنجام ئەدرێت؟
تەوافی ا(لوداع) حەوت شەوتە، واتە حەوت جار بەدەروی كەعبەدا دەسوڕێتەوە،  لە بەردەڕەشەكەوە دەست پێ دەكات و هەر لەوێیش تەواو دەبێت، بەبێ جلی ئیحرام ئەنجام ئەدرێت لەبەر ئەوەی لەیەكەم ڕۆژی جەژنەوە لە دوای فڕەدانی بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری) كەسەكە (تحلل) بچووكی كردووە و لە دوای تەوافی (لإفاضة)ش (تحلل) ی گەورەی كردووە، بۆیە پێویست ناكات جارێكی تر ئیحرام ببەستێتەوە ولە دوای تەواو بوونی تەوافەكە دوو ڕكات نوێژ لەناو حەرەمدا دەكات و ئیتر دەردەچێت.

7- ئایا بۆ تەوافی ماڵئاوایی پێویستە سەعی نێوان سەفا و مەڕوایش بكرێت؟
نەخیر پێویستی بە سەعیكردنی نێوان (الصفا و المروة) نییە بەڵكو تەنها حەوت جار بەدەوری كەعبەدا دەسوڕێتەوە وتەواو.

8- حوكمی كەسێك چییە مەككە بەجێ بهێڵێت بەبێ ئەوەی تەوافی ماڵئاوایی (الوداع) بكات؟
هەركێ مەككە بەجێ بهێڵێت لە بۆچوونی زۆربەی زانایاندا واجبێكی بەجێ هێشتووە پێویستە ئاژەڵێك سەربڕێت، بەڵام ئەگەر عوزرێكی هەبێت بۆ نموونە لەبەر هەر هۆكارێك بێت ڕێگە نەدرێت بچێتە ناو حەرەم بۆ ئەنجامدانی ئەو تەوافە ئەوا هیچی لەسەر نییە.

9- ئافرەتێك پێش ئەنجامدانی تەوافی (الإفاضة) ودەرچوون لە مەككە وگەڕانەوەی بۆ ماڵ و وڵاتی خۆی تووشی سوڕی مانگانەبوو چی بكات لەو حاڵەتەدا؟
ئەگەر توانای مانەوەی هەبێت تاكو كاتی پاك بوونەوەی و كێشە بۆ سەفەرەكەی درووست نەبێت باشترە بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر بۆی نەكرا  كە زۆر جاریش مانەوە لە زۆر ڕوەوە كارێكی قورسە فەتوای زانایان لەسەر ئەوەیە بەو حاڵەی خۆیەوە خۆی پاك ڕادەگرێت و تەواف دەكات و هیچ گوناهێكیشی ناگات و هیچ كەفارەتێكیشی ناكەوێتەسەر .

چوار ئەركی حاجیان لە یەكەم ڕۆژی جەژندا

#وانەكانی_حەج_وعومرە:15
چوار ئەركی حاجیان لە یەكەم ڕۆژی جەژندا

لە ڕۆژی دەی مانگی (ذي الحجة)دا كە دەكاتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان، حاجیان چوار ئەركی سەركی دەكەوێتە سەریان ئەنجامی بدەن، هەندێ لە زانایان لە چوار وشەدا كۆیشئان كردووەتەوە بۆ ئەوەی حاجیان بیریان نەچێت ئەویش وشەی (رنحط)ە، مەبەست لەو چوار پیتە ئەم چوار وشەیە: (الرمي والنحر و  الحلق و الطواف) واتە: فڕێدانی بەردكان و سەربڕینی قوربانی و سەرتاشین و تەوافی (الإفاضة). بەم شێوەی خوارەوە وبەكورتی و بەبێ شیكردنەوەی زۆر ڕوونیان دەكەینەوە:

یەكەم:  لە ڕۆشنایی فەرموودەكان و سوننەتی كرداری پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم كاتێك حاجی لە موزدەلیفەوە گەیشتە مینا لەڕۆژی جەژندا چوار ئەركی هەیە پێویستە ئەنجامیام بدات، یەكەمیان فڕەدانی بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری)یە كە لەم ڕۆژەدا تەنها حەوت بەرد لەوەیان دەگیرێت، بەڵام لە دوو ڕۆژی دواتر بۆ (متعجل) ولە سێ ڕۆژی دواتردا بۆ (متأخر)  ڕۆژانە هەرسێ جەمرەی بچوك و ناوەند و گەورەكەكان بەو تەرتیبە یەكی حەوت بەردیان تێدەگیرێت و لە باسی پێشووماندا بە كورتی ئەوەمان ڕوون كردەوە وژمارەی هەموو بەردەكان یان 49 یان 70 بەردی بچووك دەكات.

دووەم:  لە دوای فڕەدانی بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری) كە باشترە لەدوای خۆرهەڵاتن وكاتی چێشتەنگاو بێت ئەگەر بكرێت و ئەگەرنا تاكو خۆرئاوابوون و تاكو فەجری ڕۆژی دواتریش كاتی هەر دەمینێت بۆ ئەوانەی كە عوزریان هەیە، دوای ئەوە حاجیان دەست بە ئەنجامدانی كاری دووەمیان دەكەن كە بریتییە لە سەر بڕینی قوربانییەكانیان:
1 - سەبارەت بەو كەسەی بە (إفراد) حەجی كردووە و پێش ئەوە عومرەی نەكردووە ئەو كەسە سەربڕینی لەسەر نییە بەڵام بیكات كارێكی باشی كردووە.
2- ئەوانەی بە دوو شێوازكەی تری حەج كردن حەجیان كردووە بە (تمتع) و بە (قران) ئەوان سەربڕینێكی واجبیان دەكەوێتە سەر وەكو سوپاس كردنی الله تعالی كە ئەم حەجەی بۆ ئاسان كردن، كە ئەوان لەسەرەتای هاتنیان بۆ مەككە عومرەیان كردووە و(تحلل)یان كردووە تاكو ڕۆژی تەرویە و جارێكی تر ئیحرامیان بەحەج بەستووە.
3- سەربڕینی ئاژەڵەكان كە دەكرێت لە وشتر و مانگا و مەڕ بێت، لە مینا یان لە هەر جێگەیەكی تری خاكی حەرەمدا بێت درووستە سەرببڕدرێت.
4- لەسەر بۆچوونی پەسەندی زانایان ئاژەڵەكان تەنها لە خاكی حەرەم درووستە سەرببڕدرێن نەك لە وڵاتی حاجییەكان بۆیان سەرببڕدرێت. چونكە الله تعالی فەرموویەتی: ( هَدْيًا بَالِغَ الْكَعْبَةِ).
5- درووست نییە ئاژەلەكە سەربڕێت ودوایی گۆشتەكەی  فڕێ بدات یان وازی لێ بێنێت، بەڵكو سوننەت وایە خۆی لێی بخوات و كەسانێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بیبەخشێت پێیان، بەڵام ئەگەر كەسی دەست نەكەوت ئەوا هیچی لەسەر نییە چونكە هەوڵی خۆی داوە.
6- درووست نییە كرێی سەربڕینی ئاژەڵەكە بریتی بێت لەبەشێكی ئاژەڵەكە بۆ نموونە بە قەسابەكە بڵێت ئەو مەڕەم بۆ سەربڕە و لە جیاتی حەقدەستەكەت ڕانێكی بۆ خۆت ببە، بەڵكو دەبێت كرێكەی لە پارەی خۆی پێ بدات. لە سوننەتدا جێگیر بووە لە صحیح مسلم كە نەهی لەوە كراوە بەشێك لە ئاژەڵەكە بكرێتە كرێ بۆ قەسابەكە.

سێیەم: سەرتاشین یان كورتكردنەوەی قژی سەر ئەركی سێیەمی حاجیانە لەو ڕۆژەدا.
1- لە دوای ئەوەی حاجی قوربانییەكەی سەربڕی ئینجا دەست دەكات بە تاشینی سەری یان كورت كردنەوەی قژی سەری لەبەر ئەوەی لە هەردوو سەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم (حَلَقَ في حَجَّةِ الوَدَاعِ وَأُنَاسٌ مِنْ أَصْحَابِهِ، وَقَصَّرَ بَعْضُهُمْ) كە خۆی سەری موبارەكی تاشیوە و هەندێك لە هاوەڵە بەڕێزەكانی الله لێیان ڕازی بێت سەریان تاشیوەو هەندێكیان تەنها قژیان كورت كردووەتەوە. 
لەڕاستیشدا سەر تاشین باشترە چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەكو لە سەحیحی بوخاری و موسیمدا هاتووە یەك جار بۆ ئەوانەی قژیان كورت كردووەتەوە دوعای كردووە و سێ جار دوعای بۆ ئەوانە كردووە كە سەریان تاشیوە.
2- هەروەها سونەت وایە تاشینەكە یان كورت كردنەوەكە لە لای ڕاستەوە دەست پێ بكات وئینجا بچێتە لای چەپ ئەوەش هەر لە فەرموودەی صححیحدا جێگیر بووە.
3- سەبارەت بە ئافرەتان بە ئیجماعی زانایان تەها كورت كردنەوەی قژی لەسەرە نەك تاشین لە فەرموودەیەكدا لەلای أبو داود هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی : (لَيْسَ عَلَى النِّسَاءِ الحَلْقُ، إِنَّمَا عَلَى النِّسَاءِ التَّقْصِيرُ) واتە ئافرەتان تەنها كورتكردنەوەی قژیان لەسەرە نەك تاشینی. شێوازەكەشی ئەوەیە لە چەند لایەكی سەریان بە ئەندازەی سەرە پەنجەیەك بگرن. 

چوارەم: تەوافی (الإفاضة): لە دوای ئەوەی حاجیان بەرد فڕەدانیان بۆ (جمرة العقبة الكبری) تەوا كرد و قوربانییەكەیان سەبڕی و سەریشیان تاشی یان كورتیان كردەوە، ئینجا بە مەبەستی ئەنجامدانی طواف الإفاضة ڕوو دەكەنە مەككە.
1- (الإفاضة) مەبەست لە هاتنی بە لێشاوی حاجیانە لە میناوە بەرەو مەككە بۆ ئەنجامدانی تەواف وسوڕانەوە بەدەوری بەیتدا لە ڕۆژی جەژندا، تەوافی زیارە و ڕوكن وناوی تریشی لێ دەنرێت.
2- زانایان ئیجماعیان لەسەر ئەوەیە ئەم ئایەتە (وَلْيَطَّوَّفُوا بِالْبَيْتِ الْعَتِيقِ) مەبەست پێی تەوافی الإفاضةیە و ڕوكنێكە لە ئەركانی حەج و پێویستە ئەنجام بدرێت.
3- وەكو باشترین كات بۆ ئەنجامدانی ئەم تەوافە ئەگەر حاجی بتوانێت ئەوەیە لە دوای ئەو سێ ئەركەی پێش ئەم تەوافە لە ڕۆژی جەژن لە مینادا ئەنجامیدا خێرا بكات وئەم تەوافەش ئەنجام بدات. بەڵام ئەگەر دوای خست بۆ ڕۆژانی دوای جەژن كە (أیام التشریق) ی پێ دەوترێت درووستە و فیدیەی ناكەوێتەسەر. 
بەڵكو زانایان دەلێن ئەم تەاوفە كاتی كۆتایی دیاری نەكراوە بەڵام خیلاف تەنها لەسەر ئەوەیە ڕشتنی خوێنێكی دەكەوێتەسەر یان بەبێ ئاژەڵ سەربڕین دەتوانێت هەركاتێكی تر ئەنجام بدات.
4- مەرجەكانی ئەم تەوافە ئەوەیە پێشتر ئیحرامی بۆ حەج كردبێت چونكە ئەم تەوافە تایبەتە بەحاجیان. هەروەها ئەو كەسەی كە تەواف دەكات پێشتر لە رۆژی نۆیەمدا لە عەرەفەدا ڕاوەستابیت و كاتەكەشی داخل بووبێت بەهاتنی ڕۆژی یەكەمی جەژنی قوربان.
5- شێوازی تەوافەكەش ئەوەیە كەسی تەوافكار كەعبە دەخاتە لای چەپی خۆیەوە و لەلای بەردە ڕەشەكەوە دەست پێدەكات و بەگەیشتنەوەی بۆ لای بەردەكە جارێكی تر دەبێتە یەك تەواف، حەوت جار بەو شێوە تەواف دەكات و پێشتریش لەم زنجیرە باسەدا هەندێ مەسەلەمان بە شیكراوەیی دەربارەی تەواف باس كردووە.
6- بۆ ئەو كەسەی حەجی (تمتع)ی كردووە، واتە سەرەتا كە هاتووەتە مەككە عومرەی كردووە ودوای ئەوە (تحلل) ی كردووە تاكو ڕۆژی (الترویة)، پێویستە لە دوای تەوافی (الإفاضة) سەعی لە نێوان (الصفا و المروة)دا بكات، بەڵام ئەوانەی كە بە شێوازی (إفراد) و (قران) حەجیان كردووە لەسەریان نییە سەعی بكەن، بەلگەی ئەمەش لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە.

پێنجەم: ئایا ئەو چوار ئەركە هەر دەبێت بەو تەرتیبە بێت یەك بەدوای یەكدا؟ واتە یەكەم جار فرەدانی بەردەكان (الرمي) و دوای ئەوە سەربڕینی قوربانی (النحر) و دوای ئەوە سەرتاشین (الحلق) و دوای ئەوە تەواف (طواف الإفاضة)؟
بەلێ باشتر و (مستحب) وایە بەو تەرتیبە ئەركەكانی رۆژی جەژنی حاجیان ڕێك بخرێت، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بەو شێوە ئەنجامی داوە، بەڵام هەركەسێك هەندێ لەو ئەركانەی پێش خست یان دوای خست لە فەرموودەی صحیح لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لەو ڕۆژەدا هەركێ هاتووەتە لای و هەرشتێكی پێش شتێكی تر خستووە یان دوای خستووە پێی فەرمووە: (لا حرج لا حرج)  واتە درووستە و هیچ حەرەج و تاوانێكی تیا نییە وا بكەیت، بۆ نموونە یەكەم جار قوربانییەكەی سەرببرێت وئینجا بەردەكانی فڕێبدات، یان سەرتاشینی پێش سەربڕینی ئاژەڵ بخرێت و یان تەوافی پێش خستبێت وشتی لەو شێوە بە دەقی فەرموودەی صحیح هەمووی درووستە وكێشە بۆ حەجەكە درووست ناكات.

كردارەكانی حاجیان لە ڕۆژی جەژنی قوربان (رمي الجمرات)

#وانەكانی_حەج_وعومرە:14
كردارەكانی حاجیان لە ڕۆژی جەژنی قوربان
(رمي الجمرات)

لە دوای ئەوەی حاجیان شەوی جەژن  لە موزدەلیفە دەمێننەوە ونوێژی بەیانی دەكەن و سوننەتی دوعا كردن و تەلبیە و یادكردنی الله بە جێدەهێنن لە دوای نوێژی بەیانی تاكو دنیا تەواو ڕوناك دەبێتەوە و پێش خۆرهەڵاتن بەرەو مینا بەڕێدەكەون ودەست بە كردارەكانی ڕۆژی دەیەمی مانگی ذي الحجة دەكەن كە ڕۆژی جەژنی قوربانە و زۆرترین كردارەكانی حەج كەوتووەتە ئەو ڕۆژەوە هەر بۆیە هەندێك لە زانایان بە ڕۆژی حەجی گەورە (الحج الأكبر) ناوی دەبەن، لێرەدا بە پوختی ئەو كردارانە دەخەینە ڕوو:

1- یەكەم كرداری  ڕۆژی دەیەمی ذي الحجة لە حەجدا چییە؟
جێگیر بووە لە سوننەتی صحیح دا پێغەمبەر داصلی الله علیه و سلم  سەرەتا بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری )ی فڕەداوە، زانایان ئیجماعیان لەسەر ئەوەیە  لە چێشتەنگاوی ڕۆژی دەیەمی ذي الحجةدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم جەمرەی عەقەبەی یەكەمی رمي كردووە.

2- ئێمە وەكو كورد زۆر جار وشەی ڕەجم بەكار دەهێنین بۆ رمي الجمرات بەڵام  خۆی وشەی رمي واتە  ڕاستە و مەبەستیش لێی فڕەدانی بەردەكانە.

3- شێوازی بەرد فڕەدانەكە چۆن دەبێت؟
لەگەڵ گەیشتنی حاجی بۆ لای (جمرة العقبة الكبری) بە حەوت بەردی بچووك دەست بە تێگرتنی بەردەكان دەكات ، (بە ئەندازەی نوكە پەنجەیك(پەنجەكان سێ خەتیان لەسەرە مەبەست لەو بەشەی سەرەتایە تاكو خەتی یەكەم)  یان بە ئەندازەی نۆكێك یان دەنكە پاقلەیەك یان فستقێك شتێك گەوەرتر وبچووكتر كێشە نییە، بەڵام نەك زۆر گەورە بێت)  بەردەكان یەك بەدوای یەكدا فڕێ دەدات، كەعبە دەخاتە لای چەپی و مینا دەخاتە لەلای ڕاستی، چونكە پێغەمبەر صلی الله لعیه وسلم بەو شێوە بەردی تێگرتووە، ئەگەر لەلای تریشەوە بەردەكان فڕێ بدات هەر دروستە بە مەرجێك بكەوێتە ناو ئەو شوێنەی بەردەكەی بۆ فڕێدەدرێت و مەرجیش نییە لە پەیكەرەكە بدات، بەڵكو ئەوە گرنگە بكەوێتە ناو حەوزەكەوە.

4- تابەتمەندییەكانی (جمرة العقبة الكبری ) چییە؟
كۆمەڵێك تایبەتمەندی بەسەر بەردكانی ترەوە هەیە، وەكو ئەوەی لە ڕۆژی جەژندا بەردی تێدەگیرێت، لە خوارییەوە و لە كاتی بەیانیدا، دەبێت،بە پێچەوانەی دوو جەمرەكەی تر،  حاجیانیش لەلایدا ڕاناوەستن بۆ دوعا كردن، كە لە بەرد فڕەدانەكەش بوونەوە ئیتر (تحلل) ئەكەن، واتە كۆمەڵێك لەو شتانەی لە كاتی ئیحرامدا لێیان قەدەغە بوو بۆیان دەبێتە ڕێگەپێدراو، بە فڕەدانی بەردەكانیش  ئیتر كاتی تەلبیە كردنیش تەواو دەبێت.

5- كەی كاتی فڕێدانی بەردەكانی  (جمرة العقبة الكبری) دەست پێ دەكات و كەی كاتی تەواو دەبێت؟
لەدوای نیوە شەوی شەوی جەژن بۆ نەخۆش و لاوازەكان كاتی فڕەدانی بەردەكان دەست پێ دەكات و تاكو فەجری ڕۆژی یانزەی مانگی ذي الحجة كە دەكاتە دووەم ڕۆژی جەژن بەردەوام دەبێت. بەڵام بۆ كەسێك هیچ عوزر وپاساوێكی نەبێت سوننەت وایە لە نێوان بەیانی و نیوەڕۆدا بەردەكان فڕێبدات.

6- ئایا درووستە بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری) بۆ ڕۆژانی دوای ڕۆژی یەكەم واتە بۆ ڕۆژانی تەشریق دوابخرێت؟
زانایان دەفەرموون نەخێر نابێت وئەو دوا خستنە درووست نییە، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە رۆژی جەژندا بەردەكانی فڕەداوە، هاوەڵانیش الله لێیان ڕازی بێت هەر وایان كردووە بەبێ بەهانە كەس ئەو كارەی بۆ كاتێكی تر دوانەخستووە، ئەگەر كەسێك وا بكات ئەجری خۆی كەم كردووەتەوە و پێویستە تەوبە لەو كارەی بكات و دووبارەی نەكاتەوە.

7- ئەو پەیكەرانەی كە بەردیان تێدەگیرێت كامانەن و هەر حاجییەك چەند بەردیان تێدەگرێت؟
(جمرة العقبة الكبری) یەكەمیانە لە دەیەمی مانگی ذي الحجة كە ڕۆژی جەژن دەكات هەر حاجییەك حەوت بەردی تێدەگرێت. بۆ ئەوانەی كە (تعجل) دەكەن و پەلەیانە دەتوانن دوو ڕۆژ لە أیام التشریق واتە دووەم ڕۆژ و سێیەم ڕۆژی جەژن هەرسێ جەمرەكانی (الصغری و الوسطی و الكبری) بە بیست و یەك بەرد فڕێدەدەن بەم شێوەش هەمووی دەكاتە 49 بەرد ، بۆ ئەوانەی كە دوادەكەون و ڕۆژی چوارەمی جەژنیش دەمێننەوە جارێكی تر ئەو 21 بەردە فڕێدەدەن بۆ ئەو سێ پەیكەرە بەهەمان شێوە، كۆی بەردەكان بۆ ئەمان دەكاتە 70 بەرد.

8- باشترین كاتەكانی بەرتێگرتنی پەیكەرەكان كەیە؟
سەبارەت بە (جمرة العقبة الكبری) كە ڕۆژی جەژن تەنها بەرد لەوەیان دەگیرێت، چاكترین كات لە دوای هەڵاتنی خۆر تاكو خۆرئاوابوونی خۆری یەكەم ڕۆژی جەژن، بەڵام چاكترین كات ئەوەیە تاكو لە نێوان خۆرهەڵاتن و نیوەڕۆدا بێت، بۆ ئەوانەش كە لە موزدەلیفە لە نیوەشەوە هاتوون بۆ مینا لەسەر بۆچوونی هەندێ لە زانایان وشەرعناسان دەكرێت لەدوای نیوەشەوەوە بەردەكان بگرنە (جمرة العقبة الكبری).
بەڵام لە رۆژانی التشریق واتە سێ ڕۆژی كۆتایی جەژنی قوربان لە دوای نیوەڕۆوە بەردەكان دەگیرێتە هەرسێ جەمرەكان: بچووك و ناوەندو گەورەكە بەو تەرتیبە. تاكو خۆرئابوون، ئەوەشی فریا نەكەوت فەتوای زانایان لەسەر ئەوەیە كە شەویش دەتوانێت بەردەكان فڕێبدات.

9- هەموو كەسێك لە بری خۆی بەردەكان فڕێدەدات، پیاو بۆ خۆی و ئافرەت بۆ خۆی، بەردەكانیش كەسەكە دەتوانێت خۆی بۆ خۆی كۆیان بكاتەوە یان كەسێكی تر بۆی كۆ بكاتەوە درووستە، لەگەڵ فڕەدانی هەموو بەردێكیشدا سونەتە تەكبیر بكات واتە بلێت الله أكبر.

10- لەگەڵ فڕەدانی بەردەكاندا چی بوترێت باشە؟
لەگەڵ فڕەدانی بەردەكاندا تەنها الله أكبر دەكرێت و بسم الله ناكرێت، چونكە هەندیك دەڵێن بسم الله الله أكبر ئەوە هەڵەیە بەو شێوەیە.

11- ئایا تەنها بەبەرد یان درووستە شتی تریش لە جەمرەكان بگیرێت؟
جگە لەبەردی بچووك درووست نییە بە بەردی زۆر گەورە یان  پێڵاو شتی تر بگیرێت لە پەیكەرەكان، هەروەها درووست نییە كەسەكە بەتوڕەیی ئەو كارە بكات بەڵكو دەبێت بیری لای ئەوە بێت كە خەریكی عیبادەتە و بە لەسەر خۆیی ئەنجامی بدات و بەهێمنی لەگەڵ هەموو بەرد فڕەدانێكدا بڵێت الله اكبر.

12- ئایا شەیتان لەلای ئەو پەیكەرانەیە كە بەردی تێدەگیرێت؟
حاجی كاتێك بەردكان دەگرێتە ئەو پەیكەرانە كە جەمرەیان پێ دەوترێت عیبادەتێك ئەنجام دەدات وەكو هەر عیبادەتێكی تر، مەسەلەكە ئەوە نییە شەیتان لەو جێگەیەدا وەستابێت حاجی بەردی تێبگرێت وئەویش بوەستێت بەردی بەربكەوێت شتی وا لە هیچ ئایەت و فەرموودەیەكدا نەهاتووە، بۆیە هیچ پیویست ناكات وا هەست بكەیت شەیتان وەستاوەو تۆ رەجمی دەكەیت، بەڵكو فەرمانت پێكراوە ئەو كارە بكەیت و تۆیش شوێنكەوتووی فەرمانەكانیت و ئەنجامی دەدەیت.

13- ئایا پێویستە بەردەكان پاك بكرێنەوەو بشۆردرێن؟
نەخێر فڕەدانی بەردەكان عیبادەتە و شوێنكەوتنی سوننەتە و هەمووی شتێكی دەبێت لەڕوناكی بەڵگەدا بێت، جێگیریش نەبووە لە سوننەتدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم یان هاوەڵان بەردیان شۆردبێتەوە و پاكیان كردبێتەوە.

14- ئایا تاكو چ ئەندازەیەك گرتنی كەسێك بەبریكار لە جێگەی حاجی بۆ فڕەدانی بەردەكان درووستە؟
جگە لە حاڵەتی سەغڵەتی زۆر و عوزری شەرعی قایلكەر نەبێت درووست نییە تەنانەت بۆ ئافرەتانیش كەسێك لە جیاتی خۆیان بۆ فڕەدانی بەرەكان بنێرن، بەڵكو پێویستە بەخۆیان ئەو كارە ئەنجام بدەن تەنانەت ئەگەر ناچار ببن بەرد فرەدانی دوو ڕۆژ یەك بخەن و بەیەك جار هەمووی پێكەوە فڕەبدەین، بەڵام ئەگەر كەسەكە ناچار بوو و توانای چوونە ناو قەرەباڵغی نەبوو كەسێكی تر لە جێگەی خۆی دەگرێت و لەو حاڵەتەدا درووستە و شەرع حەرەجی تێدا نییە.

15- ئەو كەسەی لەبەر عوزرێكی شەرعی لەیەك ڕۆژدا بەردەكانی فڕێدا دەبێت چی بكات؟
ئەگەر كەسێك لەبەر عوزرێكی شەرعی ناچار بوو بەردی هەموو جەمرەكان لەیەك ڕۆژدا تێبگرێت دەبێت بەهەمان تەرتیب كارەكان ئەنجام بدات، واتە بۆ  نموونە یەكەم جار  حەوت بەرد لە (جمرة العقبة الكبری ) دەگرێت، دوای ئەوە بۆ ڕۆژی دووەم  سەرەتا بچوكەكە ئینجا ناوەندەكە و دوای ئەوە گەورەكە یەكی حەوت بەردیان تێدەگرێت، دوای ئەوە بەهەمان تەرتیب بۆ ڕۆژی سێیەم بەردەكانی تر فڕێدەدات.

16- ئایا درووستە حەوت بەردەكە بەیەك جار هەمووی فڕێبدرێت؟
نەخێر درووست نییە و بەو شێوە جائیز نییە و بە یەك بەرد دادەنرێت و شەشی تری لەسەرە فڕێببدات.

17- ئایا ئەگەر حاجییەكە گومانی لە ژمارەی بەردەكانی كرد چی بكات باشە؟
دەبێت خۆی یەكلا بكاتەوە و گومانەكەی ببڕێت، بۆ نموونە بلێت شەش بەردم فڕێداوەو بەردێكم ماوە، هەندێ لە زانایانیش وەكو أحمد بن حنبل پێی وابووە ئەگەر بەنەزانین بەردێكی ودوانی كەمتر وەشاند ئاساییە و حەجەكەی درووستە.

18- ئایا مانەوە لەشەوانی جەژندا لە مینا واجبە؟
جومهوری زانایان لەسەر ئەوەن كە مانەوە لەو شەوانەدا لە مینا واجبە، بەڵام ئەگەر كەسێك جێگای دەست نەكەوت شوێنی مانەوەی بۆ دابین نەكرا یان ڕێگرێك هەبوو لە مانەوەی لە مینا زانایان فەرموویانە هیچ كەفارەتێكی لەسەر نیە و دەتوانێت لە دەرەوەی مینا بمێنێتەوە، چونكە الله عزوجل فەرموویەتی: (فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ). التغابن:16.

19- ئەگەر كەسێك جێگای مانەوەی لە مینا دەست نەكەوت چی بكات؟
ئەگەر هەر حاجییەك هەوڵیداو جێگای دەست نەكەوت بۆ مانەوە لە مینا، واجب نییە لەسەری لە كۆتایی خێوەتەكانەوە لەسەر جادە بێت بۆ نموونە بمێنیتەوە لەدەرەوەی میناش بێت بەبەهانەی ئەوەی دانەبڕێت لەوانەی لە مینان. بەڵكو دەتوانێت بچێت بۆ موزدەلیفە یان بۆ مەككە و هیچ حەرەجێكی لەسەر نییە چونكە جێگای دەست نەكەوتووە.

كارەكانی ڕۆژی موزدەلیفە بە پرسیارو وەڵام

#وانەكانی_حەج_وعومرە:13
كارەكانی ڕۆژی موزدەلیفە بە پرسیارو وەڵام

لە دوای ئەوەی حاجیان ڕۆژی عەرەفەیان تاكو دوای خۆرئاوابوون لە عەرەفە بەسەر برد، ئیتر سونەت وایە بەرەو موزدەلیفە بەڕێ بكەون كە ناوچەیەكە  دەوری شەش كیلۆمەتر لە عەرەفەوە دوورە، كردارەكانی ئەو شەوەی مانەوەتان لە موزدەلیفە بە پرسیارووەڵام و بە كورتی بۆ دەخەینە ڕوو:

1- ئایا مانەوە لە موزدەلیفە واجبە؟
مانەوەی شەو  لە موزدەلیفە لە ڕای پەسەندی زانایاندا واجبە و درووست نییە كەسەكە پێش نیوەی شەو بەرەو مینا بەرێ بكەوێت، بەڵگەی واجب بوونیش ئەم ئایەتەیە: ( لَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ أَنْ تَبْتَغُوا فَضْلًا مِنْ رَبِّكُمْ فَإِذَا أَفَضْتُمْ مِنْ عَرَفَاتٍ فَاذْكُرُوا اللَّهَ عِنْدَ الْمَشْعَرِ الْحَرَامِ وَاذْكُرُوهُ كَمَا هَدَاكُمْ وَإِنْ كُنتُمْ مِنْ قَبْلِهِ لَمِنْ الضَّالِّينَ ) البقرة/198 .
هەر كەسێكیش پێش نیوە شەو لە موزدەلیفەوە بەرەو مینا بڕوات ئەوە سەربڕینی حەیوانێكی دەكەوێتە سەر كە بەسەر هەژارانی حەرەمدا دابەش بكرێت، چۆنێتی زانینی نیوە شەو بەوە دەبێت ماوەی نێوان خۆرئاوا وبانگی بەیانی چەند سعات بێت دابەشی دوو بكرێت ونیوەی دەكاتە نیوەشەو.

2-نوێژی مەغریب و عیشا لە موزدەلیفەدا چۆن بكرێت؟
كاتێك حاجیان دەگەنە موزدەلیفە سوننەت وایە پەلە بكەن لە ئەنجامدانی نوێژی مەغریب و عیشا مەغریب سێ ڕكات و عیشا دوو ڕكات، بەیەك باگ و بە دوو قامەت.
نە لە نێوان ئەو دوو نوێژەو نە بە دوایاندا سوننەت وا نییە نوێژی نافیلە بكرێت، ابن قدامة بەڕەحمەت بێت لە كتێبی (المغني) دا لەو بارەوە دەڵێت: (والسُّنَّة أَنْ لا تَطَوُّعَ بينهما، قال ابنُ المنذر: لا أعلمهم يختلفون في ذلك) واتە سوننەت نەكردن لە نێوان نوێژەكانی مەغریب و عیشا لە نێوان زانایاندا خیلافی لەسەر نییە.

3- سوننەت وایە حاجی كەی لە موزدەلیفە بەرەو مینا بەڕێبكەوێت؟
پاش ئەوەی حاجی سوننەتی مانەوەی شەو لە موزدەلیفە بەجێ دەگەیەنێت وپاش بانگی بەیانی سوننەت وایە لەسەرەتای كاتەكەوە پەلە بكات لە ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بەیەك بانگ و یەك قامەت كردن، بەڵگەی ئەوەش فەرمودە مەشهورەكەی جابیرە الله لێی ڕازی بێت: (حَتَّى أَتَى المُزْدَلِفَةَ فَصَلَّى بِهَا المَغْرِبَ وَالعِشَاءَ بِأَذَانٍ وَاحِدٍ وَإِقَامَتَيْنِ، وَلَمْ يُسَبِّحْ بَيْنَهُمَا شَيْئًا، ثُمَّ اضْطَجَعَ رَسُولُ اللهِ صلى الله عليه وسلم حَتَّى طَلَعَ الفَجْرُ، وَصَلَّى الفَجْرَ حِينَ تَبَيَّنَ لَهُ الصُّبْحُ بِأَذَانٍ وَإِقَامَةٍ).

4- لە  دوای نوێژی بەیانی لە موزدەلیفە چ سوننەتێك هەیە بكرێت؟
لە دوای نوێژی بەیانی سوننەت جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ماوەیەكی كەم لە هەركوێی موزدەلیفەدا ڕاوەستێت جگە لە (بطنِ مُحَسِّرٍ) نەبێت چونكە ئەمە بەشێك نییە لە موزدەلیفە، (مستحب) یش وایە سەردانێكی مزگەوتی (المشعر الحرام) بكات ئەگەر توانی، چونكە مەرج نییە، سوننەت وایە حاجی هەردوو دەستی بەرز بكاتەوە ودوعا بكات و تەلبیە بكات و یادی الله تعالی بكات تاكو دنیا ڕوناك دەبێتەوە، ئینجا پێش خۆر هەڵاتن بە سەكینەت و بە هێمنی بەرەو مینا بەڕێبكەوێت، الله تعالی فەرمویەتی: (فَإِذَآ أَفَضۡتُم مِّنۡ عَرَفَٰتٖ فَٱذۡكُرُواْ ٱللَّهَ عِندَ ٱلۡمَشۡعَرِ ٱلۡحَرَامِۖ وَٱذۡكُرُوهُ كَمَا هَدَىٰكُمۡ وَإِن كُنتُم مِّن قَبۡلِهِۦ لَمِنَ ٱلضَّآلِّينَ﴾ البقرة: ١٩٨. ڕاوەستانەكەی دوای نوێژی بەیانی لە هەركوێی موزدەلیفەدا بێت درووستە، پیغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (وَقَفْتُ هَاهُنَا، وَجَمْعٌ كُلُّهَا مَوْقِفٌ) واتە من لێرەدا وەستام بەڵام موزدەلیفە هەمووی جێگایە بۆ ڕاوەستان.

5- ئایا پیر و نەخۆشەكان بۆیان هەیە پێش نوێژی بەیانی بەرەو مینا بڕۆن؟
نەخۆش و پیرو پەككەوتەو مناڵان ڕێگەیان پێدراوە لە دوای نیوە شەو بەرەو مینا بكەونە ڕێ بۆ ڕەجم كردنی (جمرة العقبة ) لە فەرموودەكەی بوخاری وموسلیمدا هاتووە ابن عباس الله لێی ڕازی بیت فەرموویەتی من یەكێك بووم لەوانەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم مۆلەتیدام لە گەڵ نەخۆش و لاوازەكاندا بڕۆم: (أَنَا مِمَّنْ قَدَّمَ النَّبِيُّ صلى الله عليه وسلم لَيْلَةَ المُزْدَلِفَةِ فِي ضَعَفَةِ أَهْلِهِ). متفق علیه.

6- ئایا ڕاستە لەلای (بطن محسر) خێرا  ڕێبكەیت باشترە؟
لە كاتی ڕۆیشتن بەرەو مینا (مستحب) وایە كاتێك كەسەكە گەیشتە (بطن محسر) پەلە بكات وكەمێك خێراتر ڕێبكات، یان ئەگەر بەسواری دڕۆیشت بەهەمان شێوە لەو جێگەیەدا كەمێك خێراتر بڕوات.

7- ئایا مەرجە بە دیاری كراوی مانەوەی حاجیان لە سنووری موزدەلیفەدا بێت؟
بەلێ مەرجە و هەڵەیە كەسێك لەو مەسەلەدا كەمتەرخەم بێت و لەدەرەوەی سنووری موزدەلیفە بمێنیتەوە.

8- ئایا درووستە نوێژی مەغریب و عیشا بۆ دوای نیوەشەو لە موزدەلیفە دوابخرێت؟
نەخێر درووست نییە و دەبێت حاجیان نەهێڵن نوێژەكەیان بۆ ئەو كاتە دوا بكەوێت بەڵكو دەبێت پێش نیوە شەو لە هەر جێگەیەكدا بۆیان ئاسان بوو ئەنجامی بدەن.

9- ئایا درووستە لەبەر پەلە كردن بۆ گەیشتن بە مینا، نوێژی بەیانی زووتر وپێشكاتی خۆی لە موزدەلیفە بكرێت؟
نەخێر ئەوە یەكێكە لە هەڵە گەورەكانی هەندێ لە حاجیان كە نوێژ پێش كاتی خۆی دەكەن، چونكە داخل بوونی كاتی شەرعی مەرجە بۆ درووست بوونی نوێژو بەبێ ئەوە درووست نییە نوێژ بكرێت.

10- ئایا سوننەت وایە بەردەكان بۆ ڕەجمی شەیتان لە موزدەلیفە هەڵبگیرێت و كۆ بكرێتەوە؟
نەخێر ئەوە سوننەت نییە، بەڵكو حاجیان دەتوانن لە هەر جێگەیەك بەرد كۆبكەنەوەو لەگەڵ خۆیان بۆ مینا بیبەن.

11- ئایا درووستە تاكو دوای خۆر هەڵاتن حاجی لە موزدەلیفە بمێنێتەوە و دوای ئەوە بەرەو مینا بكەویتەڕێ؟
نەخێر ئەوە پێچەوانەی سوننەتە و كاتی خۆی لەسەردەمانی كۆن بتپەرستەكان وایان دەكرد، بۆیە سوننەت ئەوەیە پێش ئەوەی خۆر هەڵبێت بەرەو مینا بەڕێبكەویت.

12- ئایا درووستە هەموو شەوی مانەوە لە موزدەلیفە بە عیبادەت بەسەر ببرێت؟
نەخێر ئەوەش خیلافی سوننەتە، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە مینا خەوتوە و پشووی وەرگرتووە. بۆیە باشترە پێغەمبەر صلی الله علیه  سلم لە مەشعەرەكانی حەجدا چی كردووە ئێمەش هەر ئەو كارە بكەین، خۆی فەرموویەتی: (خذوا عني مناسككم). واتە شێوازی حەج كردنەكەتان لە منەوە فێر ببن.

13- ئایا ئەگەر كەسێك هەوڵیدا لە موزدەلیفە بمینێتەوە بەڵام لەبەر هەر هۆكارێك بوو بۆی نەكرا، لەو حاڵەتەدا  فیدیەی لەسەرە؟
زانایان فەرموویانە ئەگەر نەمانەوەكەی لە موزدەلیفە بەدەستی خۆی نەبوو، وەكو ئەوەی ڕێگری لێ بكرێت یان جێگای دەست نەكەویت تێیدا بمێنێتەوە ، لەو حاڵەتەدا تاوانبار نابێت و هیچی ناكەوێتە سەر، چونكە خۆی نیەتی مانەوەی بووە و نەیتوانیوە بمێنێتەوە، الله تعالی فەرموویەتی: (لاَ يُكَلِّفُ اللّهُ نَفْساً إِلاَّ وُسْعَهَا) البقرة :286.

هەندێك لەو هەڵانەی كە حاجیان لە ڕۆژی عەرەفەدا ئەنجامی ئەدەن

#وانەكانی_حەج_وعومرە:12
هەندێك لەو هەڵانەی كە حاجیان لە ڕۆژی عەرەفەدا ئەنجامی ئەدەن

1- یەكێك لەو هەڵانەی كە حاجیان دەیكەن ئەوەیە لە كاتی بەرێكەوتن لە مینا بۆ عەرەفە یان لە كاتەكانی تر وەكو پێویست تەلبیە ناكە، واتە بەدەنگی بەرز و بەزۆری ناڵێن: (لبیك اللهم لبیك لبیك لا شریك لك لبیك إن الحمد والنعمة لك والملك لا شریك لك). لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم تاكو ڕەجم كردنی (جمرة العقبة الكبری) لە ڕۆژی جەژندا بەردەوام بووە لە تەلبیە كردن.

2- یەكێكی تر لە هەلە گەورەكانی ئەوانەی دەچن بۆ حەج لەو ڕۆژەدا ئەوەیە لە دەرەوەی سنووری عەرەفە ڕادەوستن تاكو خۆر ئاوا دەبێت و ئینجا بەرەو موزدەلیفە بەرێدەكەون، جا لەبەر ئەوەی ڕاوەستان لە عەرەفە ڕوكنی هەرە مەزنی حەجە وبەبێ ئەوە حەج درووست نییە، وەكو لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە: " الحج عرفة " رواه الترمذي (889). بۆیە هەركێ داخلی سنووری عەرەفە نەبێت و بگەرێتەوە بۆ موزدەلیفە دوای خۆ ئاوابوون ئەو كەسە حەجی نەكردووە.
لە ڕاستیدا سنوورەكانیش لە عەرەفات دیار و ڕوونن و نیشانەیان لەسەر دانراوە، مەگەر كەسێك هەر زۆر كەمتەرخەم بێت ئەگینا هەموو كەس بەئاسانی لێیان تێدەگات.

3- زۆر لە حاجیان لەو ڕۆژەدا لە كاتی دوعا كردندا ڕوو لە كێوی (الرحمة) دەكەن و ڕاستیش ئەوەیە كە ڕوو لە قیبلە بكەن، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كێوەكەی خستووەتە نێوان خۆی و قیببلەوە، واتە لە كاتی دوعاكردندا ڕووی لە قیبلە بووە نەك لە جێگەیەكی تر.

4- هەندێك لە حاجیان خۆیان تووشی مەشەقەت و ناخۆشی زۆر ئەكەن بە هۆی ئەوەی دەیانەوێت لەو جێگەیەدا بوەستن كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لێی ڕاوەستا، زۆر جار تووشی تینوێتی و ماندوو بوونی زۆر دەبن و هەندێكیان ڕێگەشیان لێ ون دەبێت، لە ڕاستیشدا هەموو سنووری عەرەفە كە دەوری دە كیلۆمەتر دووجایە جێگایەكی شەرعیە بۆ ڕاوەستان، وەكو پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (وقفت هاهنا وعرفة كلها موقف ) بۆیە وەكو زانایان فەرموویانە مەرج نیە كەسەكە سەركەوێتەسەر كێوەیەكە یان لەلایدا بوەستێت.

5- دارودرەختی عەرەفە هەمان حوكمی دارودرەختی ناو حەرەمی مەككەی نییە، هەڵەیە یەك حیسابیان بۆ بكرێت، بۆیە ئەگەر كەسێك بە چڵە دارێك یان بڕینی رووكێك بوو ئاساییە بیبرێت بەمەرجێك ماڵی تایبەتی خەڵكی نەبێت،

6- ئەو كێوەی كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە ڕۆژی عەرەفەدا لەسەری ڕاوەستا هیچ تایبەتمەندییەكی نییە تاكو خەڵكی هەڵەپەی بۆ بكەن و بیانەویت بەهەر ریگەیەك بوە پێی بگەن، یان هەندێ كەس لەوانەیە وابزانێت پیرۆزییەكی تایبەتی هەیە وداروبەردەكەی یان سەركەوتنەكەی بە پێویست و پیرۆز بزانێت هەموو ئەوەش هەڵەیە و بیدعەیە.

7- مەرج نیە لەو ۆژەدا هەموو كەسێك نوێژی نیوەرۆ و عەسر لە گەڵ پێشنوێژ و لە مزگەوتدا ئەنجام بدات، چونكە ئەو كارە لەو ڕۆژەدا ئەستەمە، بۆیە ئاساییە لە جێگەكانی خۆیان نوێژ بكەن وهەندێ جار ئەوەیان باشترە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (جُعلت لي الأرض مسجدا وطهورا ) واتە هەموو سەرزەویم بۆكراوەتە جێگایەكی خاوێن بۆ نوێژ كردن.

8- هەندێ لە حاجیان لە ڕۆژی عەرەفەدا پێش خۆرئاوابوون دەكەونەڕێ بەرەو موزدەلیفە ئەوەش هەڵە و پێچەوانەی سوننەتە وەكو لە فەرموودەكەی جابیری كوری عبدالله جێگیر بووە. بۆیە سوننەت وایە تاكو خۆرئاوا نەبێت و كەمێكی بەسەردا بڕوات كەس عەرەفات بەجێ نەهێڵێت.

9- هەڵەیەكی گەورەیە لەو ڕۆژە پیرۆزەدا حاجی كاتی خۆی بەقسەی بەتاڵ و دەمەتەقەی بێ سوود یان بە باسكردنی خەڵكی بەسەر ببات، بەڵكو دەبێت بە ئەوپەڕی مەزنی تەماشای ئەو ڕۆژە بكات و وەكو هەلێكی بێ وێنە تەماشای بكات و پڕی بكات لە عیبادەت و دوعا و پاڕانەوە و یادی الله عزوجل. بەڵام قسەكردنی ئاسایی و باسی خێر و چاكە هیچ حەرەج و گوناهاێكی تێدا نییە بیكات.

10- ڕۆژوو گرتن لە ڕۆژی عەرەفە بۆ حاجیان كارێكی باش و مستحب نییە، بەڵكو سوننەت وایە تێیدا بەڕۆژوو نەبێت بۆ ئەوەی توانای عیبادەت و زیكردنی بۆ الله  بەهێزتر بێت.

11- سوننەت وایە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر بە قصر و بە جمع ئەنجام بدرێت، چونكە لە فەرموودەكەی جابیردا الله لێی ڕازی بێت جێگیر بووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هەردوو نوێژی نیوەڕۆ و عەسری بە جەمعی تەقدیم ئەنجام داوە.

12-سوننەت وا نییە نوێژی مەغریب و عیشا لە عەرەفە بكرێت، بەڵكو سوننەت وایە كاتی گەیشتن بە موزدەلیفە بكرێت یان لەڕیگەی ڕۆیشتن بەرەو ئەوێ ئەگەر لە حاڵەتێكدا ترسی ئەوە هەبوو كاتی تەواو بێت.

13- لە ڕۆژی عەرەفە ولە هەموو مەشاعیرەكانی تری حەجدا، هەڵەیە كەسێك لە كاتی عیبادەتدا وێنەی خۆی بگرێت، بۆ نموونە لە كاتی طواف كردندا یان لە كاتی دەست دوعا وبەرزكردنەوەو نوێژو هەر عیبادەتێكی تردا و دوایی بەخەڵكی نیشان بدا، ئەوە زۆر مەترسی ڕوپامایی وڕیایی  لێ دەكرێت.

ڕاوەستان لە ڕۆژی عەرەفەدا بە پرسیار و وەڵام

#وانەكانی_حەج_وعومرە:11
ڕاوەستان لە ڕۆژی عەرەفەدا بە پرسیار و وەڵام

ڕاوەستان لە عەرەفاتدا ڕوكن و كۆڵەكەی هەرە گەورەی حەجە كە بەبێ بەجێهێنانی ئەو ڕوكنە حەجی  هیچ كەسێك وەرگیراو نابێت وبەهیچ كەفارەت و سەربڕینی ئاژەڵیش پڕ نابێتەوە، لێرەدا بە شێوەی پرسیار وەڵام گرنگترین ئەو مەسەلانەی تایبەتن بەو ڕۆژەوە دەخەینە ڕوو:

یەكەم:  عەرەفە لە ڕووی جوگرافییەوە كەوتووەتە كوێ؟
عەرەفە ناوچەیەكە لە دەرەوەی حەرەمی مەككەیە ، دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی مەككە لەسەر ئەو ڕێگەی دەچێت بۆ طائف، چواردەوری لە وێنەی كەوانەیەكدا بە زنجیرە چیایەك دەوردراوە، ڕووبەركەی دەوری دە كیلۆمەتر دووجایە و بیست ودوو كیلۆمەتر لە مەككەوە دوورە ودە كیلۆمەتر لە میناوە دوورە وشەش كیلۆمەتریش دەكەوێتە نێوان عەرەفە و موزدەلیفە.

دووەم:  مەبەست لە ڕاوەستان لە ڕۆژی عەرەفەدا چییە؟
ڕۆژی عەرەفە ڕۆژی نۆیەمی مانگی (ذي الحجة)یە، عەرەفە یان عەرەفات ئەو شوێنەیە كە حاجیان گەوەترین ڕوكنی تێدا بە ئەنجام دەگەیەنن، كە ئەویش ڕاوەستانە تێیدا، مەبەست لەو ڕاوەستانەش ئامادە بوونی ئەو كەسەیە كە نیەتی حەجی هەیە بۆ خاكی عەرەفە ئەگەر بۆ ساتێكی كەمیش بووە، لە نیوەڕۆی ڕۆژی نۆی مانگی ذي الحجة تاكو  بەرەبەیانی ڕۆژی دەی ذی الحجة كە دەكاتە ڕۆژی جەژنی قوربان.

سێێەم: حوكمی ڕاوەستانی ڕۆژی عەرەفە لە شەرعدا چییە؟
ئوممەتی ئیسلام كۆكن لەسەر ئەوەی ڕاوەستان لە ڕۆژی عەرەفە ڕوكنی هەرە مەزنی حەج كردنە، كە بەبێ بەجێهێنانی ئەو ڕوكنە حەج درووست نییە، هەركێ فریای ڕاوەستانی ڕۆژی عەرەفە نەكەوت كەواتە حەجی نەكردووە و دەبێت سالێكی تر حەج بكاتەوە، لە فەرمودەی صحیح دا هاتووە كە خەڵكانیك لە ئەهلی نەجد هاتنە لای پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم  وپرسیان حەج چۆنە، ئەویش فەرمووی حەج واتە عەرەفە، هەركێ تاكو پێش كاتی نوێژی بەیانی فریای عەرەفە بكەوێت ئەوە حەجی كردووە.

چوارەم: مەرجەكانی ڕاوەستان لە ڕۆژی عەرەفاتدا چییە؟
بۆ ئەوەی ڕاوەستانی ڕۆژی عەرەفە ڕاست و تەواو بێت پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
1 - كەسەكە موسوڵمان بێت.
2 - لە ئیحرامدا بێت.
3 - عاقڵ بێت چونكە كەسی عەقڵ ناتەواو حەجی درووست نییە. بەڵام ئەگەر كەسەكە خەوتبێت ڕاوەستانەكەی شەرعەییە و حەجەكەی تەواوە.
4 - ئامادە بوونی كەسەكە لە سنووری عەرەفەدا بێت.
5 - ئامادەبوونەكە لە كاتی شەرعی دیاریكراودا بێت.
مەرجیش نییە كەسەكە بە دەستنوێژەوە لە عەرفە بوەستێت، بەڵام دەستنوێژی هەبێت باشترە.

پێنجەم: كاتی شەرعی ڕاوەستان لە عەرەفە كەی دەست پێ دەكات و كەی تەواو دەبێت؟
لەو كاتەی لەشەرعدا پێی دەورتێت (زوال) كە دەكاتە كاتی نوێژی نیوەڕۆ تاكو كاتی نوێژی بەیانی ڕۆژی دواتر كە (یوم النحر)ی پێ دەوترێت هەمووی كاتی شەرعییە بۆ ڕاوەستان لەعەرەفەدا.
سوننەتیش وایە بۆ حاجیان لە دوای خۆرئاوابوون بەرەو موزدەلیفە بەڕێبكەون، ئەو كەسەش پێش خۆرئاوابوون لە عەرەفە دەربچێت حەجەكەی درووستە، بەڵام سەربڕینی حەیوانێكی دەكەوێتەسەر.

شەشەم: حاجی دەبێت لەچ جێگەیەكی عەرەفاتدا بوەستێت؟
هەموو جێگەیەك لە عەرەفاتدا جێگایەكی شەرعییە و درووستە حاجی تێیدا بوەستێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (وقفت هاهنا وعرفة كلها موقف) رواه مسلم. جگە لە ئەو جێگە نەبێت كە بە (بطن وادي عرنة) دەناسرێت، چونكە ئەوە بەشێك نییە لە عەرەفە.

حەوتەم:  ئەو كردارانە چییە كە دەبێت حاجیان لە ڕۆژی عەرەفەدا ئەنجامی بدەن؟
بۆ ئەو كەسەی كە الله بۆی ئاسان كردووە لە ڕۆژی عەرەفەدا ئامادەبێت، سوننەتە كۆمەڵە كردارێك ئەنجام بدات ، لەوانە:
1 - خۆشتن وخۆ خاوێن كردنەوە، چونكە جێگیر بووە كە هاوەڵان لەو ڕۆژەدا غوسڵیان كردووە.
2 - دابەزین و لادان لە مزگەوتی (نمرة) جێگای خیلافە لە نێوان زانایاندا ئایا سوننەتە یان پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم تەنها بۆ پشوودان لای داوە، بۆیە ئەگەر حاجیان لەوێ لابدەن پێش ئەوەی بچنە عەرەفات باشە، ئەگەریش لەوێ دانەبەزن هیچ كێشەیەكی شەرعی تێدا نییە.
3 - ئامادەبوون لە خوتبەی ڕۆژی عەرەفەدا كە پێش ئەنجامدانی نوێژی نیوەڕۆ و عصر دەكرێت بە (جمع تقدیم).
4 - جەمع كردنی نوێژی نیوەڕۆ و عصر بەیەك بانگ و دوو قامەت، وەكو لە فەرموودەكەی جابری كوڕی عبدالله هاتووە لە سەحیحی موسلیمدا.
جیاوازیشی نییە ئەو جەمع كردنە لە گەڵ پێشنوێژدا بێت بەجەماعەت یان كەسەكە بەتەناه خۆی نوێژ بكات چونكە جێگیر بووە لە ابن عمر الله لێی ڕازی بێت كە فریا جەماعەت ەكەوتایە لە جێگاكەی خۆی نوێژی نیوەڕۆ و عەسری جەمع دەكرد،
5 - مستحب وایە ئەگەر حاجی بتوانێت لەلای تاوێرەكانی خوار كێوی الرحمة بوەستێت، ئەگەرنا لەهەر جێگەیەكی عەرەفاتدا وەكو باسمان كرد درووستە بوەستێت.
6 - پێویستە حاجیان  بەهەموو شێوەیەك لەو رۆژەدا خۆیان لە ئازاردانی موسوڵمانان بپارێزن و بەهۆی چوونە سەركێوی الرحمة بۆ نموونە نەبنە مایەی عەزیت بۆ خەڵكی تر.
7 - حاجی تاكو بتوانێت كاتەكانی خۆی بە دوعاو پاڕانەوەو زیكر وتەلبیە كردن بەسەر ببات، لە فەرموودەدا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله فەرموویەتی چاكترین دوعا دوعای ڕۆژی عەرەفەیە و چاكترین قسەیەك من و پێغەمبەرانی پێش خۆم وتبێتمان بریتییە لە: (لا إله إلا الله وحده لا شریك له له الملك وله الحمد وهو علی كل شیء قدیر).
8 - بە جێهێشتنی عەرەفە بەرەو موزدەلیفە لە دوای خۆرئاوابوون بە هێمنی و بە لەسەرخۆیی بێ ئەوەی عەزێتی كەس بدات.
9 - تەلبیە كردن واتە وتنی (لییك اللهم لبیك...) لەكاتی ڕۆیشتن لە عەرەفە بەرەو موزدەلیفە، الله عزوجل فەرموویەتی: (فَإِذَآ أَفَضْتُم مِّنْ عَرَفَٰتٍۢ فَٱذْكُرُواْ ٱللَّهَ عِندَ ٱلْمَشْعَرِ ٱلْحَرَامِ ۖ) البقرة:198. هەروەها لە فەرموودەی بوخاری موسلیمدا جێگیر بووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه  سلم تاكو كاتی ڕەجم كردنی (جمرة العقبة الكبری) بەردوام بووە لە تەلبیە كردن.

هەشتەم:  حوكمی ڕۆژوو گرتنی حاجیان لە رۆژی عەرەفەدا چییە؟
باشتر وایە حاجیان لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو نەبن وخواردن و خواردنەوە لەخۆیان نەگرنەوە بۆ ئەوەی تواناو تاقەتی كردارەكانی حەجیان لەو ڕۆژە مەزنەدا بەباشی هەبێت وبتوانن عیبادەت ئەنجام بدەن، لە سەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە كە خەڵكانێك لە ڕۆژی عەرەفەدا بوو بە مشتومڕیان ئایا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەو ڕۆژەدا بەڕۆژووە بووە یان نا، ئیتر قاپێك شیریان بۆ برد بەسەر وشترەكەیەوە بوو وەریگرت و خواردییەوە وەكو نیشانەیەك لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بەڕۆژوو نەبووە..

كردارەكانی (یوم الترویة) بە پرسیار و وەڵام

#وانەكانی_حەج_وعومرە:10
كردارەكانی (یوم الترویة) بە پرسیار و وەڵام

ڕۆژی تەڕویە ڕۆژی هەشتەمی مانگی زیلحیججەیە وبە شێوەیەكی گشتی موسوڵمانان ئیحرام بۆ حەج ئەنجام دەدەن و ڕوو لە مینا دەكەن، كردارەكانی ئەم ڕۆژە لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا بە شێوەی پرسیار و وەڵام و بە پوختی وبەبێ شیكردنەوەی بەڵگەكان دەخەینەڕوو:

1- مینا دەكەوێتە كوێی شاری مەككەوە؟
(منی) ناوچەیەكە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی مەككە وكەوتووەتە سەر ڕێگای نێوان مەككە و عەرەفە و حەوت كیلۆمەتر لە مەككەوە دوورە، دۆڵێكە كەتووەتە نێوان چەند شاخێك لە لای باكور و باشوری مینا.

2- بۆچی ڕۆژی هەشتی مانگی ذي الحجة بە (یوم الترویة) ناونراوە؟
لەبەر ئەوەی كاتی خۆی حاجیان لەو ڕۆژەوە لە مەككە  ئاویان لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرت و ڕوویان دەكردە مینا وەكو خۆ ئامادە كردن بۆ ڕاوەستانی ڕۆژی عەرەفە بۆ ئەوەی بۆ خواردن و پێویستییەكانی تریان بەكاری بهێنن.

3- دەستپێكردنی كردارەكانی ڕۆژی تەڕویە چۆنە؟
لە ڕۆژی (الترویة)دا ئەو كەسەی كە نیەتی حەجی هەیە و پێشتر عومرەی كردووە و پۆشاكی عومرەی لابردووە و (تحلل)ی كردووە، جارێكی تر لەم ڕۆژەدا خۆی پاك و خاوێن دەكاتەوەو غوسڵ دكات و خۆی بۆنخۆش دەكات جلی ئیحرام دەپۆشێت كە بریتییە لە دوو پارچە بۆ بەشی خوارەوە كە پێی دەوترێت (إزار) وبۆ بەشی سەرەوەی جەستە كە پێی دەوترێت (رداء)، باشتریش وایە پێش نیوەڕۆ بەڕێبكەوێت چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نوێژی نیوەڕۆی لەوێ كرد. ئەشتوانێت دوای نیوەڕۆ بەرێبكەوێت.

4- ئایا ڕۆیشتن بۆ (منی) لە ڕۆژی هەشتەمی ذي الحجةدا واجبە؟
ڕۆیشتن بۆ مینا لە ڕۆژی هەشتی مانگی ذي الحجةدا كە دەكاتە دوو ڕۆژ پێش جەژنی قوربان سوننەتە و واجب نییە، واتە ئەگەر كەسێك نەیتوانی لە مینادا بمێنیتەوە بە وتەی هەموو زانایان هیچ كەفارەتێكی ناكەوێتەسەر وحەجەكەی درووستە و تەواوە، بەڵام ئەگەر بۆی بكرێت و لەو ڕۆژەدا بڕواتە مینا و شەوەكەی لەوێ بمێنێتەوە تاكو دوای نوێژی بەیانی ئەوەیان باشترە.

5- جیاوازی  نێوان ئەو كەسەی حەجی (تمتع) دەكات لەگەڵ ئەوانەی حەجی(إفراد) و(قران) دەكەن چییە لەم ڕۆژەدا؟
 ئەو كەسەی نیەتی حەجی (تمتع)ی هێناوە واتە سەرەتا عومرە دەكات و تاكو ڕۆژی تەرویە (تحلل) دەكات، لە ڕۆژی هەشتەمی مانگی ذي الحجةدا ئیحرام دەكات و ڕوو لە مینا دەكات یان ڕاستەوخۆ دەڕوات بۆ عەرەفات ، بەڵام ئەوانەی كە بە ئیفرادو قیران نیەتی حەجیان هێناوە هەر لەسەر ئیحرامی خۆیان دەمێننەوە ولە هەنگاوەكانی حەجدا بەردەوام دەبن.

6- تەلبیە كردن لە كەی دەست پێ دەكات و كەی تەواو دەبێت؟
لەم ڕۆژەوە دەست بەتەلبیە كردن دەكرێت واتە وتنی (لبیك الله اللهم لبیك) بەدەنگێكی بەرز وبەگوێرەی توانا بەردەوام دەبێت تاكو ڕۆژی جەژن.

7- ئایا نوێژەكان لە ڕۆژی (الترویة)دا لە مینا جەمع دەكرێت؟
 نوێژەكان لە مینا لەم ڕۆژەدا جەمع ناكرێن، بەڵام نویژە چوارییەكان بۆ دوو ڕكات كورت دەكرێتەوە، سوننەت وایە لە مینا نویژەكانی نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب و عیشا و بەیانی بكرێت پێش ئەوەی بەرەوە عەرەفات بەڕێ بكەون.

8- لە فەرموودەكەی جابیردا لە سەحیحی موسلیم كە لە جێگەیەكی تردا بە شیكراوەیی شەرحمان كردووە، ئەوە هاتووە كە سوننەت وایە دوای نوێژی بەیانی لە رۆژی نۆی ذي الحجة بمێننەوە تاكو كاتی خۆرهەڵاتن و ئینجا بەرەو عەرەفات بكەونەڕێ.

9- ئایا پێویست دەكات لە ڕۆژی هەشتی ذي الحجة (یوم الترویة) ئیحرام لە مزگەوتی حەڕامەوە بكرێت؟
نەخێر ئەوە یەكێكە لەو هەڵانە كە زۆر كەس تێی دەكەون وا دەزانن ئیحرامی حەج دەبێت لە مزگەوتی حەرامەوە بكرێت، لە ڕاستیشدا سوننەت وایە وبڵگەی ڕاست و درووستی لەسەرە هەركەسێك ئیحرام لە جێگەی خۆیەوە بكات، ئەگەر لە ئوتێلە لە ئوتێلەكەی خۆیەوە ئیحرام بكات، یان لە هەر جێگەیەكی ترە لەو جیگەیەوە ئیحرام دەكات.

10- ئایا حەجی ئەو كەسە درووستە كە لە ڕۆژی هەشتی ذي الحجة (یوم الترویة) نەچێت بۆ مینا بەڵكو لە جێگەی خۆی بمێنێتەوە تاكو ڕۆژی نۆی ذي الحجة واتە لە ڕۆژی عەرەفە لە مەككەوە ئیحرام بكات بەرەو عەرەفە بەرێبكەوێت؟
زانایان دەفەرموون: بەڵێ حەجەكەی درووستە وهیچ كەفارەتێكی لەسەر ئەوە ناكەوێتەسەر ، بەڵام ئەگەر بتوانێت ئەوە چاكتر و خێری زۆرترە كە لە رۆژی هەشتی ذي الحجة نوێژەكانی نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب و عیشا و فەجر هەمووی لە مینا بكات و دوای خۆر هەڵاتن لەوێوە بەرەو عەرەفات بەڕێبكەوێت، بەڵام ئەگەر وای نەكرد وڕاستەوخۆ لە مەككەوە بەرەو عەرەفات بەڕێكەوت حەجەكەی درووستە و هیچ عەیبێكی نییە.

11-ئایا درووستە بە هەمان جلی ئیحرامی عومەركەتەوە ئیحرامی حەج بكەیت؟
هەڵەیەك هەیە لەلای هەندێك لە موسوڵمانان كە وا دەزانن نابێت بەهەمان جلی ئیحرامی عومرەكەوە ئیحرامی حەج بكرێت ئەوەش هەڵەیە، تەنانەت ئەگەر پۆشاكی ئیحرامەكە نەشواتیش هەر درووستە جارێكی تر بیپۆشێتەوە ، بەڵام بێگومان تاكو خاوێنتر بێت باشترە.

12- ئایا لە كاتی ئیحرام بەستن بۆ حەج پێویستە شانی ڕاست دەربخریت و (اضطباع) بكرێت؟
نەخێر ئەوە یەكێكە لەو هەڵانەی هەندێك لە موسوڵمانان ئەنجامی ئەدەن، چونكە (اضطباع) واتە دەرخستنی شانی ڕاست لە پۆشاكی ئیحرامەكەوە ئەوە تایبەتە بە تەوافی هاتنی یەكەم جار بۆ مەككە كە (طواف القدوم)ی پێ دەوترێت.

13- ئایا ئافرەت داوای لێكراوە بۆ ئیحرامی حەج ڕەنگێكی دیاری كراو بپۆشێت بۆ ئیحرام؟
نەخێر ئەوە هەڵەیە وابزانرێت ئافرەت پێویستە ڕەنگێكی دیاری كراو بۆ ئیحرامی حەج كردن بپۆشێت، بۆ نموونە ڕەنگی سپی یان سەوز بێت، بەڵكو بە جلی ئاسایی خۆیەوە ئیحرام دەكات و لە ڕووی شەرعەوە داوای لێ نەكراوە هیچ جلێكی تایبەت بۆ ئیحرام بپۆشێت.

سەرتاشین و قژكورت كردنەوە

#وانەكانی_حەج_وعومرە:9
سەرتاشین وقژكورت كردنەوە

1- لە پاش ئەنجامدانی حەوت جار تەوافكردن بە دەوری كەعبەدا و بەجێهێنانی دوو ڕكات نوێژ لەناو مزگەوتی حەڕام ودووبارە دەستهێنان بەبەردە ڕەشەكەدا ئەگەر كەسەكە توانی بە ئاسانی پێی بگات، هەروەها بەدوای ئەوەدا حەوت جار سەعی كردن لە نێوان سەفا و مەڕوادا بەو شێوازەی لە باسی رابردوودا ڕوونمان كردەوە، ئینجا ئەوە دەمێنێت ئەو كەسەی لە ئیحرامدایە  یان سەری بتاشێت، یان قژی كورت بكاتەوە كە (حلق و تقصیر) ی پێ دەورتێت و هەردوكیان درووستن.

2- قژ تاشین یان كورت كردنەوەی تایبەتە تەنها بە قژی سەر، تاشینی هیچ موویەكی تر لە جەستەی مرۆڤدا ئەو واجبەی پێ جێبەجێ نابێت، الله تعالی لە قورئاندا فەرموویەتی: (مُحَلِّقِينَ رُءُوسَكُمْ وَمُقَصِّرِينَ) الفتح 27.  هەروەها فەرموویەتی: (وَلَا تَحْلِقُوا رُءُوسَكُمْ حَتَّى يَبْلُغَ الْهَدْيُ مَحِلَّهُ) البقرة 196.

3- بە تاشینی قژی سەر یان كورتكردنەوەی لە دوای تەواو كردنی تەواف و سەعی كردنی نێوان (الصفا و المروة) ئیتر ئەوەی لە شەرعدا (تحلل) پێی دەوترێت كە بریتییە لەو قەدەغەكراواوانەی پێشتر باسمان كرد، ئیتر  هەمووی جارێكی تر دەبێتە حەڵاڵ و ڕێگەپێدراو.

4- بڕی ئەو قژەی پێویستە لەسەر لاببرێت بۆ ئەوەی واجبەكە جێبەجێ ببێت لە نێوان زانایاندا  جێگای خیلافە ، هەندێك لە زانایان پێیان وایە ئەو واجبە بە لابردنی سێ تاڵە موو جێبەجێ دەبێت، هەندێكیش دەڵێن نیوەی یان زۆربەی قژی بتاشرێت یان كورتی بكاتەوە باشترە، ئەوەی كە بەدواداچوونم بۆ كردووە لە قسەی زانایاندا، باشتر وایە ئەگەر كەسەكە قژی كورت كردەوە بەشێوەیەكی گشتگیر بێت و لە هەموو لایەكەوە لێی بگرێت، نەك تەنها لەلایەكی دیاری كراو.
ئینجا ئایەتی: (لَتَدْخُلُنَّ الْمَسْجِدَ الْحَرَامَ إِن شَاء اللَّهُ آمِنِينَ مُحَلِّقِينَ رُؤُوسَكُمْ وَمُقَصِّرِينَ) الفتح: ٢٧. ئاماژەی ئەوەی لێ وەردەگیرێت كە تاشین و كورتكردنەوە گشتگیر بێت و تەنها لەبەشێكی سەردا نەبێت.

5- خیلاف لە نێوان زانایاندا نییە لەسەر ئەوەی سەرتاشین لە كورتكردنەوەی باشترە، لەبەر ئەوەی جێگیر بووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەكو سوننەتی كرداری سەری خۆی تاشیوەو فەرموویەتی لەمنەوە فێری كردارەكانی حەج كردن ببن، هەروەها لە فەموودەی صحیح دا هاتووە كە سێ جار دوعای بۆ ئەوانە كردووە كە سەریان تاشیوە و یەك جار دوعای بۆ ئەوانە كردووە كە قژی سەریان كورت كردووەتەوە.

6- (حلق) واتە سەرتاشین تایبەتە تەنها بە پیاوانەوە و ئافرەتان ناگرێتەوە، بەڵام كورتكردنەوە بۆ ژنان و بۆ پیاوانە. لەگەڵ تێبینی ئەوەی كە  ئافرەت لەچەند لایەكی سەری بەقەد نوكە پەنجەیەك دەبڕێت وبەوە واجبەكەی لەسەر لادەچێت.

7- ئەگەر كەسێك كەچەڵ بێت، یان پێشتر سەری بە گوێزان تاشی بێت و هیچ قژی پێوە نەبێت، بەشێك لە زانایان دەفەرموون هەر دەبێت موسی پێدا بهێنێت بۆ ئەوەی واجبەكەی لەسەر لابچێت لەبەر ئەوەی سەرتاشین عیبادەتێكە بە نەبوونی قژ دەگوێزرێتەوە بۆ پێست، هەندێكیش لە زانایان دەلێن نەخێر پێویست بەوە ناكات، چونكە كاتێك كەسەكە قژی نەبێت ئیتر ئەو واجبەی لەسەر لاچووە و بەكارهێنانی موس بۆ لابردنی قژە، جا كە قژ نەبوو ئیتر پێویست ناكات لە بنچینەوە موس  بەكار بهێنرێت.

8- جومهوری زانایان لەسەر ئەوەن كە سوننەت وایە لەكاتی تاشین یان كورتكردنەوەی قژی سەر لەلای ڕاستەوە دەست پێ بكات و ئینجا بچێتە سەر لابردنی مووی لای چەپی سەری ، لەبەر ئەوەی دەست پێ كردن بەلای ڕاست لە هەموو كارێكی خێرو چاكەدا سوننەتە  و كارێك باشە.

9- هەڵەیە كەسێك نیوەی سەری بتاشێت و نیوەی بۆ عومرەیەكی تر یان بۆ سەرتاشینی حەج بهێڵێتەوە، بەڵكو وەكو وتمان دەبێت لە هەموو  لایەكی سەری بگرێت.

10- هەڵەیە كەسێك دوای ئەوەی سەعیەكەی تەواو كرد بەبانەی نەبوونی دەلاك، سەرتاشینەكەی دوا بخات بۆ دوای گەرانەوە بۆ جێگای مانەوەی لە مەككە و (تحلل) بكات، بەڵكو دەبێت سەرەتا قژی سەری بتاشێت یان كورتی بكاتەوە ودوای ئەوە جلی ئیحرام دابكەنێت، وەكو لە فەرموودەكەی بوخاریدا هاتووە: (فليقصر ثم ليحلل).

11- هەڵەیە و ئەسڵی نییە لەشەرعدا كەسێك لە كاتی سەرتاشین یان كورت كردنەوەدا ڕوو لە قیبلە بكات و وابزانێت وا باشترە و خێری زۆرترە.

12- هەڵەیە و كارێكی ناشەرعییە ئافرەت لە كاتی كورتكردنەوەی قژیدا كەسانی نامەحرەم قژی ببینن، بەڵكو دەبێت لە جیگایەكدا بێت هیچ كەسێكی نامەحرەم نەیبینێت.

13- هەڵەیە و كارێكی بێ بنەمای شەرعییە كەسێك وابزانێت ئەوەی لە ئیحرامدا بێت بۆی نییە سەری كەسێكی تر بتاشێت كە ئەویش لە ئیحرامدایە، بەڵكو ئەوە كارێكی درووستە و لە ڕووی شەرعەوە هیچ عەیبێكی نییە.

 

سەعیكردنی نێوان سەفاومەڕوا بە پرسیارو وەڵام

#وانەكانی_حەج_وعومرە:8
سەعیكردنی نێوان سەفاومەڕوا بە پرسیارو وەڵام

سەعیكردنی نێوان سەفا و مەڕوا شەعیرەیەكی هەرە مەزنی حەجە و ڕوكنێكە لە ڕوكنەكانی حەج و عومرە، نەكردنیشی بە هیچ پڕ ناكرێتەوە، نە بەسەربڕینی ئاژەڵ ونەبەهیچی تر، الله عزوجل دەربارەی فەرموویەتی: (إِنَّ ٱلصَّفَا وَٱلْمَرْوَةَ مِن شَعَآئِرِ ٱللَّهِ ۖ فَمَنْ حَجَّ ٱلْبَيْتَ أَوِ ٱعْتَمَرَ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِ أَن يَطَّوَّفَ بِهِمَا ۚ وَمَن تَطَوَّعَ خَيْرًا فَإِنَّ ٱللَّهَ شَاكِرٌ عَلِيمٌ) البقرة:158. لێرەدا وكو ئەوەی لەم زجیرەدا ویستوومانە كارەكانی حەج وعومرە بە ڕوونی و بەئاسانی بخەینەڕوو، بە شێوەی پرسیار و وەڵام چەند باس و مەسەلەیەكی شەرعی گرنگ دەربارەی ئەم شەعیرە مەزنە باس دەكەین:

یەكەم:  سەفا ومروە لە كوێیە؟

لە ڕووی مێژوویی و جوگرافییەوە (الصفا والمروة) بریتین لە دوو كێوی بچووك، یان دوو تەپۆلكە لە مەككە، لە نزیكی كەعبە لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، كاتی خۆی هاجەری دایكی ئیسماعیل علیه السلام لە نێوانیاندا ڕێی دەكرد و سەردەكەوتە سەریان بەدوای ڕزق وڕۆزی بۆ كوڕەكەی دەگەڕا.

دووەم :  ئايا درووستە بەدەر لە كاتی حەج و عومرە وەكو تطوع ئەو عیبادەتە ئەنجام بدرێت؟
سەعی كردنی نێوان سەفا ومەڕوا تەنها لە كاتەكانی حەج و عومرەدا دەبێت و درووست نییە كەسێك بەبێ حەج و عومرە ئەو عیبادەتە ئەنجام بدات، چونكە ئایەتەكەی سوڕەتی البقرة سەعیكردنەكەی بەستووەتە ئەو دوو عیبادەتەوە.

سێیەم:  مەرجەكانی سەعیكردنی شەرعی و وەرگیراو لە نێوان صفا و مروة چین؟

بۆ ئەوەی سەعیكردنەكەت بە پێی شەرع و بەڵگەكان بێت(سەعی كردن واتە پەلە رێكردن) پێویستە پێنج مەرجی تێدا بێت:
1- سەعیەكە بەدوای تەوافێكدا بێت.
2- بریتی بێت لە حەوت جار ڕێكردن لە نێوان سەفاومەڕوادا.
3- لە سەفاوە دەست پێ بكات و لە مەروە تەواو ببێت.
4- ڕێكردنەكەی لەو جێگەیە بێت كە بۆ ڕێكردنی نێوان سەفا ومڕوا دیاری كراوە نەك ئەوەی كە بۆ تەوافكردن دیاری كراوە.
5- پێویستە لە هەموو ئەو مەودایەی نێوان سەفاومەروا لە هەموویدا ڕێبكات و مەرجیش نییە سەربكەوێتە سەر هەر دوو بەرزاییەكە.

چوارەم:  سوننەت و مستحبات ی سەعیكردن نێوان سەفا ومەڕوا چین؟

سوننەت وایە بۆ ئەو كەسەی كە لە نێوان سەفا و مەروادا ڕێ دەكات:
1- دەستنوێژی هەبێت( بەبێ دەستنوێژیش سەعیكردنەكەی هەر درووستە).
2- باشتر وایە كاتێكی زۆر نەكەوێتە نێوان تەواف و سەعیكردنەكە.
- خوێندنەوەی ئایەتی : (إِنَّ ٱلصَّفَا وَٱلْمَرْوَةَ مِن شَعَآئِرِ ٱللَّهِ ۖ فَمَنْ حَجَّ ٱلْبَيْتَ أَوِ ٱعْتَمَرَ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِ أَن يَطَّوَّفَ بِهِمَا ۚ وَمَن تَطَوَّعَ خَيْرًا فَإِنَّ ٱللَّهَ شَاكِرٌ عَلِيمٌ). بۆ یەكەم جار كە بەرەو صفا دەڕوات.
3- سەركەوتنە سەر هەردوو بەرزایی الصفا و المروة سوننەتە و واجب نییە.
4- ڕێكردن بە خێراییەكی زۆر بەگوێرەی توانا لە نێوان هەردوو نیشانە سەوزەكەدا لە نێوان سەفاومڕوا ئەگەر قەرەباڵغی ڕێگر نەبوو.
5- زیكركردن و دوعاوپاڕانەوە لە نێوان شەوتەكانی ڕێكردندا.
6- ڕێكردنەكانی لە نێوان سەفا و مەڕوادا بەدوای یەكدا بن واتە ماوەیەكی زۆری نەكەوێتە بەین. بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەك ماندوو بوو پشوو وەربگرێت، یان بۆ نوێژ قامەت كراو بچێت بۆ نوێژ، ئاساییە نوێژەكەی بكات و دوایی بگەرێتەوە سەعیەكەی تەواو بكاتەوە.
7- ئافرەت بەهیچ شێوەیەك داوای لێ نەكراوە بە خێرایی ڕێبكات لە نێوان سەفاو مەڕوادا بەڵكو بە ڕێكردنێكی ئاسایی ڕێدەكات.

پینجەم:  دەستپێكردنی سەعیكردنی نێوان سەفاومەڕوا چۆن دەبێت؟

لە دوای تەواو كردنی حەوت جار سوڕانەوە بە دەوری كەعبەدا كە لەبەردە ڕەشەكەوە دەست پێ دەكات و هەر لەوێیش تەواو دەبێت، دوو ڕكات نوێژ لە پشت مەقامی إبراهیم یان لە هەر جێگەیەكی ناو حەڕەم دەكات و جارێكی تر ڕوو لە بەردە ڕەشەكە دەكات و ئەگەر توانی دەستی ڕاستی بەسەردا دەهێنێت و نەشیتوانی ڕوو لە جێگای سەعیكردن دەكات و ڕوو لە بەرزایی صفا دەكات و دەڵێت: (إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ) هەروەها دەتوانێت بڵێت: (نبدأ بما بدأ الله به) ئەگەرچی بە پێی ئەو فەرموودەی لە موسلیم و لە النسائي دا هاتووە باسەكە خیلافێك هەڵدەگرێت، بەلام  بوترێت باشترە . ئینجا سەردەكەوێتە سەر كێوی سەفا و ڕوو لە كەعبە دكات و دەست بەرز دەكاتەوە و دوعا دەكات و لە الله دەپاڕێتەوە، ئەوەشی كە جێگیر بووە لە پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم لەو جێگەیەدا ئەم دوعایەی دەكرد: (لا إله إلا الله وحده لا شريك له , له الملك وله الحمد وهو على كل شيء قدير . لا إله إلا الله وحده أنجز وعده ، ونصر عبده ، وهزم الأحزاب وحده) رواه مسلم (1218). دەتوانرێت ئەو زیكرە سێ جار بوترێتەوە و لە نێوانیاندا دوعا بكرێت و دوای سێیەم جار ئیتر دوعا نەكات وبەرەو مەڕوە دابەزێت.

شەشەم:  شێوازی ژماردنی شەوتەكاتی سەعیكردنی نێوان صفا و مروة چۆنە؟

ڕۆیشتن لە صفا بەرەو مروة شەوتێكە وگەڕانەوەش لە مروة بۆ صفا شەوتێكی ترە، واتە وەكو (طواف) نییە كە لە (حجر الأسود) ەوە بۆ (حجر الأسود) دەكاتە یەك سوڕانەوە، بەڵكو ئەمەیان بۆ نموونە لە صفا و جارێكی تر بگەیتەوە صفا دەكاتە دوو شەوت. بەم شێوە بەردەوام دەبێت تاكو حەوت جار ڕێكردن لە نێوان ئەو دوو بەرزاییەدا تەواو دەكات.

حەوتەم:  ئەگەر كەسێك بەهەڵە لە مەڕوەوە بۆ سەفا دەست پێ بكات لەو حاڵەتەدا ئەو بەشەی هەڵەیە و حیساب ناكرێت، ئەگەر بەو شێوە حەوت شەوتەكە تەواو بكات وەكو ئەوەیە شەش شەوت لە نێوان الصفا و المروة رێی كردبێت و پێویستە جارێكی تر ئەو تەنها شەوتە بگێڕێتەوە.
 بەڵام ئەگەر لەمەككە دەرچوو و گەڕایەوە وڵاتی خۆی شەوتێك و دوانی لەبەر هەر هۆكارێك نەكردبێت دەكرێت لەسەر فەتوای ئەو زانایانە ئیش بكات كە دەڵێن گرنگ ئەوە زۆرترینی شەوتەكانی كردبێت و سەعیەكەی تەواوە إن شاء الله.

هەشتەم:  چین ئەو هەڵانەی كە  پێویستە موسوڵمانان لەو جێگەیەدا خۆیانی لێ بپارێزن؟

بەهۆی نەشارەزایی باش لە زانستە شەرعییەكان و وردنەبوونەوە لەوەی كە سوننەتە و لەوەی كە لەشەرعدا ئەسلی نییە، موسوڵمانان دەكەونە كۆمەڵێك هەڵەی شەرعی لە كاتی ئەنجامدانی شەعیرەی سەعیكردنی نێوان صفا و مروة، لەوانە:
1- هەڵەیە هەموو جارێك كە سەركەوتیتە سەر سەفا و مەڕوا دەستت بەرز بكەیتەوە و ئاماژەی پێ بكەیت وەكو چۆن لە تەوافدا ئاماژە بۆ (الحجر الأسود) دەكەیت، بەڵكو ئەوەی كە سوننەتە بۆ دوعا كردن هەردوو دەستت بەرز بكەیتەوەو دوعا بكەیت.
2- هەڵەیە لە هەموو شەوتەكانی نێوان سەفاومەڕوادا بەخێرایی ڕێبكەیت، بەڵكو تەنها لە نێوان دوو عەلەمە سەوزەكدا خیرا و بەتوندی ڕێدەكەیت ئەگەر توانیت و نەبوویتە مایەی عەزیتدان بۆ ئەوانەی دەوروبەرت.
3- خوێندنەوەی ئایەتی: (إن الصفا والمروة من شعائر الله) هەموو جارێك كە ڕوو بكەیتە صفا و مروة هەڵەیە، بەڵكو تەنها یەكەم جار كە ڕوو دەكەیتە صفا دەیخوێنیتەوە.
4- هەڵەیە كەسێك وابزانێت یەك شەوتی سەعی كردن لە صفا دەست پێ دەكات و لە صفا تەواو دەبێت، چونكە ئەوە دوو شەوتە نەك یەك شەوت بێت.
5- تایبەت كردنی هەموو شەوتێك لە شەوتەكانی ڕێكردن لە نێوان (الصفا و المروة) بە دوعایەكی تایبەت هەڵەیە و كارێكی بیدعە و داهێنراوە.
6:  تطوع كردن بە تەنها ئەنجامدانی سەعی نێوان سەفا و مەڕوا هەڵەیە، بەڵكو پێویستە سەعیكردن بە دوای تەوافی دەوری كەعبەدا بێت، نەك كارێكی سەربەخۆ بێت.
7- هەڵەیە وا بزانرێت سەعی بەبێ دەستنوێژ درووست نییە، بەڵكو درووستە و سەعیكردنی نێوان (الصفا و المروة) هیچ گوناه و حەرەجێكی تێدا نییە.
8 -  هەڵەیە وا بزانرێت پەلە ڕێكردنی نێوان دوو نیشانە سەوزەكە تایبەتە بە سێ جاری سەرەتای شەوتەكانەوە، بەڵكو پەلە ڕێكردن لە نێوان ئەو دوو نیشانەدا گشتییە بۆ هەموو شەوتەكانی سەعی كردن ئەگەر كەسەكە توانای ئەوەی هەبێت و تەنها بۆ پیاوانیشە نەك بۆ ئافرەتان.
9-  هەڵەیە كاتێك قامەت  بۆ نوێژ بكرێت، كەسەكە هەر بەردەوام بێت لە رێكردنی نێوان سەفا و مەڕوا، بەڵكو سوننەت وایە سەعیكردنەكەی ڕابگرێت و بڕوات بۆ ئەنجامدان نوێژەكەی ودوای ئەوە بگەرێتەوە بۆ تەواو كردنی سەعیەكەی.
10-  هەڵەیە ئافرەتان سەربكەونە سەر صفا و مروة و بچنە ناو قەرەباڵغی پیاوانەوە وخۆیان تووشی گوناهی بەریەككەوتن لەگەڵ پیاواندا بكەن.

پوختەی حوكمە شەرعییەكانی تەواف كردن

#وانەكانی_حەج_وعومرە: 7
پوختەی حوكمە شەرعییەكانی تەواف كردن

(طواف) واتە حەوت جار سوڕانەوە بە دەوری كەعبەدا ، بە نیەتی عیبادەت و بە شێوازێكی دیاریكراو. تەوافیش چەند جۆر وناوێكی هەیە، لەوانە: 
- طواف القدوم: بۆ ئەو كەسەیە كە حەج بە شێوازی ئیفرادو قیران دەكات.
- طواف الإفاضة: ئەمە لەدوای ڕۆژی ڕاوەستان لە عەرەفات دەكرێت لە ڕۆژی جەژن یان دوای ئەوە و ڕوكنێكی حەجە.
- طواف العمرة: ڕوكنێكە بۆ عومرە كردن و عومرە بەبێ طواف بەتاڵە.
- طواف الوداع: لەپاش تەواوبوونی هەموو واجباتی حەج ئەنجام دەدرێت كاتێك حاجی دەیەوێت بەرەو وڵاتی خۆی بگەڕێتەوە. ئەمەش چەند حوكمێكی شەرعی تایبەتە بە تەواف:

1- لەدوای ئەوەی ئەو كەسەی نیازی حەج و عومرەی هەیە چووە ناو مزگەوتی حەرام ، باشترە بەبێ ئەوەی دوو ڕكات نوێژ بكات وەكو تحیة المسجد، یەكسەر دەست بە تەواف كردن بكات.
شێوازی سوڕانەوە بە دەوری كەعبەدا ئەوەیە لە لای (الحجر الأسود) بەردە ڕەشەكەوە تەوافەكەی دەست پێ بكات، سەرەتا ئەگەر بتواێت بەبێ ئەوەی عەزێتی كەس بدات و ئەگەر بەبێ پاڵپێوەنان و ئازاردانی كەس ماچی بەردە ڕەشەكە بكات ئەوە كارێكی باشە، ئەگەر نا دەستی پێوەبدات، ئەگەرنا هەر لە دووریشەوە درووستە ئاماژەی بۆ بكات و درووست نییە لە پێناو ماچ كردنی بەردەكەدا عەزێتی هیچ كەسێك بدات.

2- كە لەلای بەردە ڕەشەكەو دەستی بە تەواف كرد دەڵێت: بسم الله، ئەشتوانێت بلێت: بسم الله والله أكبر، بەڵام دوعای: (اللهم إيمانا بك، وتصديقا بكتابك، ووفاء بعهدك، واتباعا لسنة نبيك محمد صلى الله عليه وسلم) جێگیر نەبووە و ئەگەر وەكو دوعایەك بەبێ ئەوەی وابزانێت سوننەتە ئاساییە بوترێت. شێوازەكەشی ئەوەیە كەعبە دەخاتە لای چەپی خۆی و بەردەوام دەبێت لە تەوافدا  وبەلای ڕوكنی یەمانیدا تێدەپەڕێت وتاكو دەگاتەوە لای بەردەڕەشەكە دەبێتە یەك تەواف.

3- وتنی دوعای (رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ) لە نێوان بەردەڕەشەكەو ڕوكنی یەمانیدا لە هەندێ فەرموودەدا هاتووە و قسەش لەسەر سەنەدەكەی كراوە كە صحیح نییە، بەڵام هەندێ لە ئەهلی عیلم دەڵێن مادام فەرموودەكە مەشهورە وزۆربەی زانایان ئیشیان پێ كردووە ئاساییە ئەو دوعا مەزنە لەو جێگەیەدا بخوێنرێت.

4- بۆ ئەو كەسەی كە یەكەم طواف دەكات، سونەت وایە لە سێ شەوتی سەرەتای تەوافەكەدا ئەگەر بتوانێت خێرا ڕێبكات و لە چوار شەوتی كۆتایی ئاسایی ڕێبكات، وەكو لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە: (كان رسول الله صلى الله عليه وسلم إذا طاف بالبيت الطواف الأول خب ثلاثاً ومشى أربعاً). ئەو كەسەش كەبەسەر عارەبانەوەیە هەمان حوكمی لەسەر جێبەجێ دەبێت، لە كاتی تەوافەكانیشدا دەتوانێت دوعای  (رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ) بخوێنێت وهەر دوعایەكی تریش كە هەڵە و قسەی ناشەرعی تێدا نەبێت دەتوانێت بیكات. دەشتوانێت قورئان بخوێنێت چونكە تەواف وەكو نوێژ وایە بۆیە قورئانی تێدا بخوینرێت باشترە.

5- لە كاتی سێ شەوتی یەكەمدا كە سوننەتە بۆ پیاوان خێرا ڕێبكەن، سوننەتیشە شانی ڕاستیان دەربكەوێت لەو سێ شەوتەدا، هەندێكیش لە زانایان دەڵێن لە هەموو شەوتەكادا (اضطباع) واتە شانی دەربخات باشترە.

6- سەبارەت بە دەستنوێژ بۆ تەواف ئەو مەسەلە لە نێوان زانایاندا هەندێك خیلافی لەسەرە ئایا واجبە  یان نا؟ ڕای پەسەند ئەوەیە كە واجب وایە بە دەستنوێژەوە تەواف بكرێت، ئەگەر كەسێكیش لە كاتی تەوافەكەیدا دەستنوێژی نەما دەبێت تەوافەكەی دوبارە بكاتەوە، لەسەر بۆچوونی ئەوانەی كە دەستنوێژ بە واجب دەزانن بۆ تەواف كرد.

6- هەندێك لە زانایان دەڵێن كەسێك نەخۆش نەبێت و توانای سوڕانەوەی بەدەوری كەعبەدا هەبێت درووست نییە بەسواری بە دەوریدا بسوڕێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە جێگیر بووە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە سواری تەوافی كردووە، بەڵام هەندێ وەڵامیان لەسەر ئەو فەرموودە هەیە، لەوانە وتوویانە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەبەر ئەوە وای كردووە ببینرێت، چونكە ئەو پێشەنگ بووە و خەڵكی حەجی لێوە فێربوونە وخۆی فەرموویەتی: (خذوا عني مناسككم) واتە شێوازی حەجەكانتان لە منەوە وەربگرن.

7- ئافرەت ئەگەر پێش ئەوەی دەست بە تەواف كردن بكات یان لە كاتی تەوافدا تووشی (حیض) سوڕی مانگانە بوو، ئەسڵ وایە كە واز لە تەوافەكەی بهێنێت تاكو پاك دەبێتەوە، بەڵام ئەم مەسەلەش لە نێوان زانایاندا خیلافی لەسەرە، هەندێ لە زانا گەورەكانی وەكو ابن تیمیة و ابن القیم و لە هاوچەرخەكانیش ابن باز لەسەر ئەو بۆچوونەن كە ئەگەر ئافرەت توشی ئەو حاڵەتە بوو وترسی بوو لە هاورێكانی دوابكەێت یان تووشی ئیحراجی و زیان ببێت، دەتوانێت بە هۆكارەكانی خۆ پاككردنەوە خۆی پاك ڕابگرێت و درووستە تەوافی خۆی بكات و هیچ كەفارەت و فیدیەشی لەسەر نییە،

8- هەركێ لە كاتی تەوافكرددا ژمارەی سوڕانەوەكانی لێ تێكچوو نەیزانی چەند جار تەوافی كردووە، زانایان فەرموویانە دەبێت گومان لابدات و یەقین لەو مەسەلەدا بۆ خۆی درووست بكات، بۆ نموونە نازانێت چوار جار یان پێنج جار بەدەوری كەعبەدا سوڕاوەتەوە، بڕیار بدات یەكێك لەو دوو ژمارە تەواوە و بینا لەسەر ئەوە بكات، بەڵام ئەگەر دوای تەواو بوونی تەوافەكەی گومانی بۆ درووست بوو، نابێت ئاوەڕ لەو گومانە بداتەوە و تەوافەكانی درووستن و پێوست بە دووبارە كردنەوە ناكات، مەگەر لە حاڵەتێكدا كە بەیەقین بزانێت هەڵەی كردووە.

9- ئەگەر ئەو كەسەی بە ئامرازێكی سواری تەواف دەكات وكەسێك یارمەتی پاڵنان و ئیشەكانی تری بۆ ئەكات، ئەگەر لەكاتی تەوافەكەدا خەوی لێ كەوت تەوافەكەی بەتاڵ دەبێتەوە و دەبێت دووبارەی بكاتەوە، مەگەر خەوەكەی وەنەوزێكی خێرا بێت و خەوێكی قوڵ نەبێت، لەو حاڵەتەدا هیچی لەسەر نییە،

10- قسە كردن لە كاتی تەواف كرندا بە مۆبایل بێت یان قسەكردن بێت لەگەڵ كەسێكدا لە تەنیشتی ڕێدەكات درووستە، چونكە ئەگەرچی لە فەرموودەكاندا هاتووە كە تەواف وەكو نوێژ وایە بەڵام لەمەسەلەی قسە كردندا لە نوێژ جیادەبێتەوە كە بەقسەكردن عیبادەتەكە بەتاڵ نابێتەوە.

11- درووست نییە وەكو تەبەڕوك دەست بە پۆشاكی كەعبە و دیوارەكانیدا بهێنرێت و ئەوە كارێكی بیدعەیە، هەروەها ماچ كردنی ڕوكنی یەمانی و ئاماژە بۆ كردنی لە دوورەوە هەڵەیە وپێویست ناكات،

12- دەنگ بەرزكردنەوە بە دوعا لە كاتی تەوافدا، یان یەكێك پێش بكەویت و دوعا بخوینێت و كۆمەڵێك بەدوایدا دووبارەی بكەنەوە، یان هەر سوڕانەوەیەك لە حەوت سوڕانەوەكە بەدەوری كەعبەدا دوعایەكی دیاریكراوی بۆ تایبەت بكرێت، یان كەسێك باوەێی وابێت بەردەڕەشەكە توانای هیچ شتێكی هەیە، هەموو ئەوانە هەڵەن و كاری نادرووستن.

13- لەپاش تەواوكردنی حەوت جار سوڕانەوە بە دەوری كەعبەدا كە لە بەردەڕەشەكەوە دەست پێ دەكات و هەر لەوێیش تەواو دەبێت، كەسی تەوافكار شانی دادەپۆشێت و ئینجا بەرەو لای مەقامی ئیبراهیم علیه السلام دەڕوات و دەڵێت: (وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى) ودوو ڕكات نوێژ دەكات ومەرجیش نییە هەر لەوێدا بێت، بەڵكو لە هەرجێگەیەكی ناو مزگەوتی حەڕام بیكات درووستە، لە ڕكاتی یەكەمدا قل (یا أیها الكافرون) و لە ڕكاتی دووەمدا (قل هو الله أحد) دەخوێنێت، لە پاش تەواو كردنی ئەو دوو ڕكاتە سوننەت وایە بەرەو لای بەردەڕەشەكە بڕوات و بەدەستی ڕاستی دەستی پیابهێنێت، وەكو لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە:  (ثم عاد إلى الركن فاستلمه) بەڵام ئەگەر كەسێك ئەو كارە نەكات هیچی ناكەوێتەسەر و عومرەو حەجەكەی درووستە و نوقسانی تێدا نییە.

چۆنێتی و ئەركەكانی ئیحرام كردن

#وانەكانی_حەج_وعومرە: 6
چۆنێتی و ئەركەكانی  ئیحرام كردن
 
لەم بەشەی باسەكانماندا بە پوختی و بەشێوەی پرسیار و وەڵام هەندێ لە گرنگترین مەسەلەكانی ئیحرام كردن دەخەینەڕوو:

1- ئیحرام كردن مەعنا چییە؟
ئیحرام واتە لە گەشتی حەج كردندا هەندێ شتی وەكو چوونە لای هاوسەر وخۆبۆنخۆش كردن و لەبەركردنی جلی دووراو لە هەندێ جێگەدا حەرام وقەدەغە دەبێت لەسەر ئەو كەسەی كە حەج و عومرە دەكات.
لە ڕووی شەرعیشەوە ئیحرام بریتییە لە نیەتی چوونە ناو عیبادەتی عومرەو حەجەوە، 

2- سوننەتەكانی ئیحرامكردن بۆ حەج و عومرە چین؟
هەندێ سونەت هەیە موسوڵمان ئەنجامیان بدات پێش ئیحرام كردن، كارێكی زۆر باشە وخێری دەست دەكەوێت، ئەگەر ئەنجامیان نەدات هیچی ناكەوێتە سەر وتاوانبار نابێت. كە بریتین لە:
* خۆشتن ونینۆك گرتن وخۆ پاككردنەوە بە شێویەكی گشتی.
* خۆ بۆنخۆش كردن بۆ پیاوان  پێش لەبەر كردنی جلی ئیحرام.
* پۆشینی جلی ئیحرام كە بریتییە لە دوو پارچەی سپی و خاوێن.
* ئیحرام كردنەكە لە دوای نوێژێك بێت، فەرز بێت یان سوننەت.
* دەنگ بەرزكردنەوەی  پیاوان بە تەلبیە كردن واتە وتنی لبیك اللهم لبیك.

3- چین ئەو شتانەی كە ڕێگە پێدراون بۆ ئەو كەسەی لە ئیحرامدایە ئەنجامیان بدات؟
ئەو كەسەی لە ئیحرامدایە ڕێگە پێدراوە ئەم كارانە ئەنجام بدات:
* بۆی هەیە خۆی بشوات و قژی سەرو ڕیشی دابهێنێت و سەیری ئاوینە بكات وسیواك بكار بهێنێت.
* بۆی هەیە جلی ئیحرامەكەی بشوات و بیگۆڕێت.
* دەتوانێت سعات و موستیلە لەدەست بكات و ئافرەتیش بۆی هەیە خشڵ بەكاربهێنێت.
* كەڵەشاخ و دان هەڵكێشان و خوێن بەخشین و بەكارهێنانی پشتێن وچاویلكە و چەتر هەمووی ڕێگەپێدراوە.
* كوشتنی جڕوجانەوەر و هەر ئاژەڵێكی زیانبەخش.
* كڕین و فرۆشتنیش ڕێگەپێدراوە.

4- قەدەغەكراوەكانی ئیحرام بریتین لە چی؟
- لابردنی موو لەسەر وهەرشوێنێكی تری جەستە قەدەغەیە.
- نینۆك گرتنی پەنجەكانی دەست و پێ وپۆشینی دەستكێش قەدەغەیە.
- بە كارهێنانی عەتر و بۆن  بۆ جەستە و بۆ جلی ئیحرامیش لە دوای ئیحرامكردن قەدەغەیە.
- سەرجێی كردن لەگەڵ هاوسەر و پێشەكییەكانی هەمووی قەدەغەیە.
- ڕاوكردن یان هاوكاریكردنی ڕاوچی و ترساندن ووروژاندنی باڵندەكانی حەرەم و بڕینی دارودرەخت قەدەغەیە. (جگە لە درەختێكی بۆنخۆش نەبێت كە پێی دەوترێت الإذخر ئەوەیان قەدەغە نییە)
- خوازبێنی كردن  ژن مارە بڕین چی بۆ كەسەكە خۆی بێت یان بۆ كەسێكی تر ئەنجامی بدات.
- هەڵگرتنی شتی ونبوو، مەگەر بۆ كەسێك مەبەستی ئەوە بێت بیناسێنێت و بیگێڕێتەوە بۆ خاوەنەكەی.
- مشتومڕ ودەمەدەمە وقسەی نەشیاوو بێ سوود قەدەغەیە وحەڕامە.

5- چین ئەو قەدەغەكراوانەی تایبەتن بە پیاوانەوە؟
 - لەبەر كردنی هەموو جۆرە جلێكی دووراو كە تەقەڵی پێوە بێت و بە گوێڕەی ئەندامەكانی مرۆڤ درووست كرابێت وەكو فانیلە و شەڕواڵ و گۆرەوی.
_ داپۆشینی سەر بە شتێك كە پێوەی بلكێت وەكو كڵاوو مێزەرو جامانە.

6- ئایا قەدەغەكراوی تایبەت هەیە بە ئافرەتانەوە؟
- قەدەغەیە لەسەر ئافرەتان ڕوخساریان بە شتێك دابپۆشن كە بلكێت بە دەموچاویانەوە وەكو نیقاب و شتی هاوشێوە، بەڵام ئەوە بەو واتا نایەت كە ناچار بن  ڕوخساریان دەربخەن، چونكە دەتوانن بە ڕێگەی تر ڕوخساری خۆیان لە نامەحرەم بشارنەوە بۆ نموونە سەرپۆشێك بەن بەسەیاندا یان بەبەشێك لە جلەكانیان. دايكمان عائیشە الله لێی ڕازی بێت دەیفەرموو:"كنا مع النبي ﷺ في حجة الوداع إذا دنا منا الرجال سدلتْ إحدانا خمارَها من على رأسها على وجهها حتى يُجاوزونا". واتە لە حەجی ماڵئاواییدا لەگەڵ پێغەمبەردا بوونە صلی الله علیه و سلم جا كاتێك لە ئیحرامدا بوونە و پیاوان لێیان نزیك دەبوونەوە ڕوخساری خۆیان بە بەشێك لە جلەكانیان دەشاردەوە.

6- فیدیەی ئەنجامدانی یەكێك لە قەدەغەكراوەكانی ئیحرام چییە؟
هەركەسێك بە نەزانین  یان لەبیرچوونەوە یەكێك یان زیاتر لە قەدەغەكراوێكی ئیحرام ئەنجام بدات هیچی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر بە ئەنقەست قەدەغەكراوێكی ئیحرامی ئەنجامدا وەكو نینۆك و مووگ گرتن و خۆبۆنخۆش كردن و نزیكبوونەوە لە هاوسەر بە شەهوەت و سەرداپۆشین بۆ پیاوان و نیقاب پۆشین بۆ ئافرەتان وشتی لەو جۆرە ، لەو حاڵەتەدا فیدیەی دەكەوێتەسەر كە بریتییە لە یەكێك لەم سییانەی باسی دەكەین كامیان هەڵبژێرێت ئازادە: 
- سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بوون لە مككە یان لە هەر جێگەیەكی تر دوای گەرانەوی.
-  پێیدانی خواردن بۆ شەش هەژار بەبڕی نیو صاع واتە نزیكەی یەك كیلۆ ونیو برنج یان خواردنی تر.
- یان سەربڕینی حەیوانێك.

7- ئەو كەسەی كە نیەتی حەجی هەیە دەتوانێت هەر لە ماڵ یان لە فرۆكەخانە پێش ئەوەی بگاتە میقات خۆی بشوات و جلی ئیحرامیش لەبەر بكات، بۆ ئەوەی ئەو كاتەی گەیشتە میقات لەناو تەیارەكە نیەت بهێنێت و ئیحرام بكات، بەڵام ئەگەر كەسێك جلی ئیحرامی پێ نەبوو، یان لەبەر هۆكاری تر نەیتوانی ئیحرام بپۆشێت، نیەتی خۆی دەهێنێت و ئیحرامی خۆی لە شوێنی دیاریكراودا لە ناو تەیارەكەوە دەكات، چونكە نیەت نەبەستراوەتەوە بە پۆشینی جلی ئیحرام ومەسەلەیەكی ترە، دوایی كە گەیشتە مەككە لەوێ كە دەچێت بۆ حەرەم یان دوای حەوانەوە لە ئوتێل كە ڕۆیشت بەرەو طواف جلی ئیحرام دەپۆشێت و سێ جۆر فیدیە هەیە ئازادە كامیان بكات: یان سێ ڕۆژ ڕۆژوو بگرێت(لە مەككە بێت یان لە هەر شوێن و كاتێكی تر)، یان خواردنی شەش هەژار بدات كە دەكاتە نزیكی یەك كیلۆ ونیو برنج بۆ نموونە، یان ئاژەڵێك سەربرێت.

8- حوكمی چییە كەسێك ئیحرام بە جلی ئاساییەوە بكات، واتە جلی ئیحرامی نەپۆشیبێت وكاتێك گەیشتە میقات ئیحرام بكات؟
حوكمی ئەوەیە كە دواتر كە گەیشتە مەككە ئیحرام دەپۆشێت و عومرەكەی تەواو دەكات، بەڵام وەكو وتمان یەكێك لە سێ كەفارەتی دەكەوێتە سەر، سێ ڕۆژ ڕۆژوو گرتن، پێدانی خواردن بۆ شەش هەژار، یان سەربڕینی ئاژەڵێك هەركامیتن بكات درووستە.

9- ئیحرام ونیەت هێنان بۆ حەج وعومرە چۆن دەبێت؟
كاتێك كە ئەو كەسەی نیازی حەج و عومرەی هەیە دەگاتە میقات و شوێنی دیار كراوی شەرعی بۆ نیەتهێنان، ئیتر چی لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمانەوە بێت كاتێك كە فرۆكەكە دەگاتە بەرانبەر ئەو جێگایە، لە دڵەوە نیەت دەهێنێت و ئینجا دەست دەكات بە تەلبیە كردن، واتە وەكو لە فەرموودەی صحیحدا هاتووە ئەگەر نیازی عومرەی هەبێت دەلێت: (لبیك عمرة)، ئەگەر نیازی حەجی هەبێت دەڵێت: (لبیك اللهم حجا) و دەڵێت: (لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ،لَبَّيْكَ لَا شَرِيكَ لَكَ لَبَّيْكَ، إِنَّ الْحَمْدَ وَالنِّعْمَةَ لَكَ وَالْمُلْكَ لَا شَرِيكَ لَكَ)، سوننەتیشە بەردەوام بێت لە تەلبیە كردن لە كاتی ئیحرام كردنەوە تاكو دەستپێكردنی تەواف بەدەوری كەعبەدا.

10- ئایا درووستە ئەگەر كەسێك لە كاتی تێپەڕبوون بە میقاتدا ئیحرامی نەكردبێت، دوایی كە گەیشتە مەككە لەناو ئوتێلەكەوە ئیحرام بكرێت؟
بەلێ درووستە ئیحرام  لە ناو ئوتێلەكەتانەوە بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كەسەكە لە میقات و شوێنی دیاریكراوی شەرعییەوە ئیحرامی نەكردووە، فیدیەی دەكەوێتە سەر، كە سەربرینی ئاژەلێكە بە مەرجە شەرعییەكانی خۆی.

11- جۆرەكانی ئیحرام كردن بۆ حەج چەندن؟
ئیحرام كردن بۆ حەج بۆ سێ جۆر دابەش دەبێت كە پێیان دەوترێت: الإفراد، والقِران، والتمتُّع.
- الإفراد: واتە كەسەكە تەنها ئیحرام بەحەج دەكات و دەلێت: (لبيك اللهم بحج)و جلی ئیحرامیش لەبەری داناكەنێت لەوكاتەوە تاكو ڕۆژی جەژن كاتێك ڕەجمی (جمرة العقبة الكبری دەكات) ئاژەڵ سەربڕینیشی لەسەر نییە.

- القران: واتە لە میقاتەكەوە نیەتی حەج و عومرە پێكەوە دەهێنێت و بەوە ئیحرام دەكات ودەڵێت: (لبيك اللهم بحج وعمرة). تەنها یەك جار تەوافی لەسەرە  ئەویش (طواف الإفاضة)یە ویەك سەعی كردنیش.

- التمتع: واتە ئەو كەسەی كە نیەتی حەج كردنی هەیە، لە یەكێك لە مانگەكانی حەج كە بریتین لە شوال، وذو القعدة، دە ڕۆژی سەرەتالە مانگی ذو الحجة، لەلای میقاتەوە دەڵێت: (لبيك اللهم بعمرة). كاتێك دەگاتە مەككە و تەواف و سەعی دەكات و سەری دەتاشێت یان كورتی دەكاتەوە، جلی ئیحرام دادەكەنێت و جلی ئاسایی خۆی لەبەر دەكات تاكو ڕۆژی تەرویە واتە ڕۆژی هەشتەمی مانگی ذي الحجة، ئەو كاتە جارێكی تر جلی ئیحرام دەپۆشێت و دەڵێت: (لبيك اللهم بحجة) وبەو شێوە دەمێننێتەوە تاكو ڕۆژی جەژن و دوای فڕەدانی بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری) ئیتر جلی ئیحرام  لە خۆی دەكاتەوە. سەربڕنی ئاژەڵێكیشی لەسەرە.

چەند ئامۆژگارییەك بۆ ئافرەتان دەربارەی حەج وعومرە

#وانەكانی_حەج_وعومرە: 5
چەند ئامۆژگارییەك بۆ ئافرەتان دەربارەی حەج وعومرە

الله عزوجل پێغەمبەری صلی الله علیه و سلم بۆ هەموو مرۆڤایەتی ڕەوانە كردووە، داواكاری و تەكلیف و حوكمەكانیش وەكو چۆن ڕوویان لە نێرینە ئوممەتە بەهەمان شێوە ڕوویان لە مێینەكانی ئوممەتە، الله فەرموویەتی: (من عمل صالحا من ذكر أو أنثى وهو مؤمن فلنحيينه حياة طيبة ولنجزينهم أجرهم بأحسن ما كانوا يعملون) (النحل:97).
بنچینەیەكی شەرعی هەیە دەڵێت: (أن كل نص خوطب به الرجال فالنساء مخاطبات به أيضاً إلا ما استُثْنِيَ في الشرع) واتە: هەموو دەقێك ئاراستەی پیاوان كرابێت ئافرەتانیش دەگرێتەوە، جگە لەوە نەبێت كە شەرع ئافرەتانی پێ جیاكردوەتەوە.
لەم بەشەدا كۆمەڵە ئامۆژگارییەك لە قسەی زانایانەوە ئاراستەی دایكان و خوشكانی بەرێز دەكەم كە بەنیازی  عومرە وحەج كردنن، بەدوایشیدا إن شاء الله هەندێك لە ئەحكامەكانی تری حەجكردنیان بە پوختی و بە بێ شیكردنەوەی بەڵگەكان پێشكەش دەكەم:

1- پێش دەرچوونت لەماڵ و دەست پێكردنی ئەو گەشتە پیرۆزە، نیەتی خۆت پاك بكەرەوە كە تەنها لەبەر ڕەزامەندی الله حەج و عومرە دەكەیت و هەموو نیازو مەبەستێك تر لە دڵی خۆت دوور بخەرە. هەروەها پێش دەست پێكردنی ئەو گەشتە لە هەمو تاوان و گوناهێك تەوبە بكە.

2- هەوڵ بدە ماوەیەك پێش دەرچوونت و لە كاتی گەشتەكەشتدا بۆ حەج، خۆت فێری مەسەلە شەرعییەكانی حەج كردن بكەیت، توانات هەبوو كتێبی تایبەت بە مەناسیكی حەج بخوێنەوە، گوێ لە موحازەرات و وانەی پەیوەندیدار بە حەج و بە عومرە بگرە، پرسیار لە ئەهلی عیلم بكە، بۆ ئەوەی نەكەویتەوە هیچ هەڵەیەكەوە لە كاتی حەج و عومرەدا.

3- خۆبۆنخۆش كردن بۆ ئافرەت نادرووستە و دەقەكان لەو بارەوە بە ڕاشكاوی هاتوون و ئەو كارە قەدەغە حەرام و كراوە لێێان، ئەوەت لەبیر نەچێت.

4- حەج كردنی ئافرەت بەبێ مەحرەم ئەگەرچی هەندێك لە زانایان بە كۆمەڵە مەرجێك ڕێگەیان داوە، بەڵام زۆربەی زانایان حەجكردنی ئافرەتیان بەبێ مەحرەم بە كارێكی حەڕام و قەدەغەكراو داناوە، بۆیە باشتر وایە نەچیتە سەر ئەو بۆچوونە و توندوتۆڵی لە دیندا هەڵبژێریت و بەو ڕوخسەتەی كە بۆچوونی هەندێك لە زانایانە كار نەكەیت، چونكە ئەوانەش كە ڕێگەیان داوە بە شێوەیەكی ڕەها ڕێگەیان نەداوە لەوانەیە حەجەكەشت بەو شێوە لەسەر بكەوێت بەڵأم لەگەڵ ئەوەدا  تاوانیاریش بیت!

5- ئەگەر لەبەر نەخۆشییەك كە چاوەڕوانی چاكبوونەوەی لێ ناكرێت، یان لەبەر گەورەیی تەمەن توانای حەجكردنت نییە و توانای داراییت هەیە، درووستە كەسێك لە جیاتی خۆت بنێریت بۆ حەج كردن، بە مەرجێك خۆی پێشتر حەجی بۆ خۆی كردبێت.

6- كارێكی باش نییە و هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە ئیحرامی سپی بپۆشیت، ئافرەتانی سەلەف ئەو كارەیان نەدەكرد و جۆرێكیشە لە خۆچواندنی بە پیاوانەوە تێدا هەیە. زانایان فەرموویانە با ئافرەت  جلی جوان و سەرنج راكێش بۆ ئیحرام لەبەر نەكات، بەڵكو جلێكی ئاسایی رەنگ مات بێت، ئەگەر هەر سپیشی لەبەر كرد با بەو شێوەی پیاوان نەبێت و ڕەنگی تری تێكەڵ بێت.

7- ئەگەر بە پێویستت زانی حەپی ڕێگرتن لە سوڕی مانگانە بەكاربهێنێت، ئەتوانیت ئەو كارە بكەیت بەمەرجێك زیانی بۆ تەندروستیت نەبێت، زانایان فەرموویانە بەڵگەیەك نییە لەسەر حەرامی ئەو كارە.

8- ئەگەر لە كاتی تێپەڕ بوونتدا بەلای میقاتدا تووشی سوڕی مانگانە بووبوویت، نیەت دەهێنیت و ئیحرامی خۆت دەكەیت، چونكە پاكبوونەوە بە مەرج نەگیراوە بۆ ئیحرام كردن، تۆیش حاڵت حاڵی ئافرەتانی تر كە ئیحرام دەكەن وهەموو كارەكانی تر دەتوانیت ئەنجام بدەیت وەكو غوسل كردن لە میقات و نییۆك گرتن ولەسەر نیەت و ئیحرامەكەت دەمێنیتەوە تاكو پاك دەبیتەوە و غوسڵ دەكەیت و تەواف دەكەیت.

9- ئەگەر لە دوای تەواوكردنی تەواف بەدەوری بەیتدا تووشی سوڕی مانگانە بوویت، ئەوە بەردەوام دەبیت لە سەعی كردنەكەت چونكە سەعی كردن لە نێوان سەفا و مەڕوادا تەهاڕەتی پێویست نییە.

10- لە درێژایی گەشتەكەتدا سووربە لەسەر ئەوەی زمانت لە غەیبەت و هەر قسەیەكی بێ سوود پارێزراو بێت، خۆت بە شتی بێ سوود و نەشیاو سەرقاڵ مەكە، كاتەكاتەكانت بە زایە مەدە و لە عیبادەتدا بەسەریان ببە ئەوەندەی پێت دەكرێت، تەلبیە كرنیش واتە وتنی لبیك اللهم لبیك بە دەنگی بەرز مەكە، بەڵكو بە دەنگێكی نزم ئەنجام بدە.

11- وریابە لە كاتی تەواف كردن بە دەوری كەعبەدا خۆت بخەیتە ناو قەرەباڵغی و شانەشان لەگەڵ پیاواندا، ماچكردنی بەردە ڕەشكە پاساو نییە بۆ ئەو كارە، چونكە ماچ كردنی بەردە ڕەشەكە سوننەتە وتێكەڵ بوون بەو شێوە لەگەڵ پیاوانی نامەخرەمدا حەڕامە، درووست نییە سونەتێك لە پێناو  ئەنجامدانی حەڕامێكدا بكەیت. بە هەمان شێوە لە جێگاكان تری حەجەكەتدا خۆت لە نزیك بوونەوەی زۆر لە پیاوان و بەریەككەوتن لەگەڵیاندا بپارێزە، لە مەسعی و لە ڕەجم كردنی شەیتان و لە هەموو جێگاكاندا.

12- لە كاتی تەواف كردنی پیاواندا كە لە شەوتی یەكەمدا خێرا ڕێدەكەن، درووست نییە بۆ تۆیش وا بكەیت و ئەو كارە بۆ پیاوان سوننەتە و بۆ ژنان سوننەت نییە، دواتریش كە لە قژت دەگریت نابێت ئەو كارە بەبەرچاوی پیاوانەوە بكەیت.

13- ئەگەر لە كاتی فڕەدانی بەردەكاندا قەرەباڵغی زۆر هەبوو، یان نەخۆش بوویت و نەتتوانی بەخۆت بڕۆیت، ئاساییە مەحرەمەكەت، یان كەسێكی تر بكەیت بە بریكاری خۆت و لە جیاتی تۆ ئەو كارە بكات و فیدیەشت ناكەوێتەسەر مادام پاساوت هەبووە.

14- لە كاتی قسە كردنت لەگەڵ مەحرەمەكەتدا، یان لەناو سەیارە، یان  لەو شوێنانەی ك لێی دەمێننەوە، یان لە هەر شوێنێكی تر هەمیشە با دەنگت بەرز نەبێت، ئەو دەنگ نزمییە  خەسڵەتێكی شەرعیە و سیفەتێكی جوانە بۆ تۆ، بەپێچەاونەشەوە دەنگ بەرزكردنەوە بۆ ئافرەتان كارێكی جوان نییە و ناشەرعیییە.

15- لە ڕۆژانی مانەوەتدا لە مینا وریای ئەوە بە كاتەكانت بە گەڕان بەناو دەستگێڕ و  شتفرۆشەكاندا بەسەر ببەیت و بەردەوام خەریكی شت كڕین و دیاری كڕین بیت، هەوڵ بدە ئیشوكارەكانت  لە كاتێكی دیاریكراودا تەواو بكەیت و سوود لەو كاتە بەنرخانەی خۆت وەربگریت، چونكە ئەو كاتانە بە ئاسان دووبارە نابێتەوە.

16- ئەوەت لەبیر نەچێت و بەڵكو دڵنیاشبە كە هەموو ئەو حەشاماتەی لەو جێگا پیرۆزانەدا بۆ حەج كردن بوونیان هەیە، نەك هەر هەموویان مەلائیكەت وخەڵكانێكی پاك وپاراو نین، بەڵكو خەڵكی هەمەجۆرەیان تێدایە، تەنانەت دزو پیاو خراپ و جۆرەها خەڵكی نەفس نزم  بە مەبەستی جۆراوجۆرەوە خۆی دەكاتە نێو ئەو خەلكە پاك و خاوەن تەقوایەدا، بۆیە هەمیشە وریای خۆتبە و لە هیچ جێگەیەكدا نەلەتەواف و نە لە سەعی كردن و نە لە ڕەجم كردنی شەیتاندا، نزیكی قەرەباڵغی پیاوان مەكەوە و ئەوەندەی پێت دەكریت خۆت ناچار مەكە بەریەككەوتنت هەبێت لەگەڵیاندا.

17- ئەگەر فەریزەی حەجت بەجێهێناوە پێشتر، نەسیحەتت ناكەم جارێكی تر حەج بكەیتەوە، چونكە زۆر حاڵەت هەیە لە حەجدا هەرچەند خۆت بپارێزیت ڕەنگە هەر توشی هەندێ حاڵەت ببیت كە لە ڕووی شەرعەو جائیز نییە، هەندێ جار هەیە ئافرەت بە هۆی گەرماو  تێكچوونی باری تەندروستی ڕەنگە هەڵوێستێكی وا درووست بێت و دۆخەكە وا بخوازێت پیاوێكی نامەحرەم هاوكاری بكات و زۆر شتی ناخۆش و چاوەروان نەكراوی تر لە كاتی ئەنجامدانی شەعیرەی حەجدا ڕوو دەدەن ئەستەمە بۆ ئافرەت بەبێ گوناهبار بوون لێی دەربچێت.

18- ئەو ئافرەتەی كە مێردەكەی وەفاتی كردووە و هێشتا عیددەكەی تەواو نەبووە درووست نییە بچێت بۆ حەج كردن، با مەحرەمیشی لەگەڵدا بێت هەر درووست نییە، ئەو مەسەلەش لە قورئان و لە سوننەتدا جێگیر بووە: الله تعالی فەرموویەتی: (والذين يتوفون منكم ويذرون أزواجاً وصية لأزواجهم متاعاً إلى الحول غير إخراج) البقرة:240. لە سوننەتیشدا هاتووە ئەو ئافرەتەی كە پیاوەكەی كوژرا وهاتە لا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وئیزنی لێ وەربگرێت بچێت ماڵی كەسوكاری، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕێگەی نەدا و پێی فەرموو: (امكثي في بيتك حتى يبلغ الكتاب أجله) واتە لەماڵی خۆتدا بمێنەوە تاكو عیددەكەت تەاوو دەبێت.

19- ئەگەر پرسیارت لێ كرا دەربارەی هەر مەسەلەیەك یان حوكمێك سەبارەت ڕوكن و واجب و سوننەت و كەفارەت و هەر باسێكی تری فەریزەی حەج، مەگەر سەد لەسەد دڵنیا بیت لە وەڵامەكەی، ئەگینا درووست نییە و نابێت بەبێ زانست وبەڵگەی شەرعی قسە بكەیت و وەڵامی پرسیاری هیچ كەسێك بدەیتەوە. بەڵام لە هەموو قسەیەكی باش و حوكمێكی شەرعی كە لێی دڵنیایت دەتوانیت فەرمان بەچاكە بكەیت و نەهی لە خراپە بكەیت.

20- لە هاوڕێ و هاوسەفەری نەشارەزا لە شەرع و ئەوانەی خەریكی شتی پڕوچووچن خۆت بەدوور بگرە، چونكە لەگەڵ ئەو جۆرە كەسانەدا تووشی غەیبەت و قسەی بەتاڵ و هەندێ جار لەوانەیە توشی بوختان و گومانی خراپ بەخەڵك و شتی لەو جۆرە ببیت، بۆیە هەموو كاتەكانت یان كار و قسەی باش بەسەر بەرە یان بەبێ دەنگی، چونكە بێ دەنگی ئەگەر لەبەر ئەوە بێت لە غەیبەت و تاوان پارێزراو بێت دەبێتە عیبادەت بۆت. دەشتوانیت خۆت وابەستە بكەیت و بڕیار بدەیت ڕۆژانە كۆمەڵێك زۆر زیكر و قورئان خوێندن بكەیتە واجب بەسەر خۆتدا بەو شێوە هەرچی كاتت زیادە هەیە لە ڕەزامەندی الله تعالی بەسەر ئەبەیت و حەجەكەشت إن شاء الله حەجێكی مەبرور و وەرگیراو دەبێت.

21- ئەوەندەی لە تواناتدا هەیە كەسێكی ڕوح سووك و خزمەت گوزار بە مەحرەمەكەت و ئەو كەسانەی كە هاوسەفەرتن، بەبێ ئەوەی ئەوە وا بكات هەنگاوێكی ناشەرعی بنەیت وەكو مامەڵە كردن و قسەكردنی زۆر لەگەڵ پیاوان یان تێكەڵ بوون لەگەڵ كەسانی نامەحرەمدا.

22- شتێكی باشە بۆ ماڵ و مناڵی خۆت هەندێ دیاری بكڕیت بەبی ئیسراف كردن چونكە ئەوە جەوێكی خۆش لەلای خێزانەكەت درووست دەكەیت، بەبێ ئەوەی بچیت بۆ هەرچی خزمان و دراوسێ و ئەوانەی لە كاتی گەڕانەوەت سەردانت ئەكەن دیاری بكڕیت هەم خۆت بارگران بكەیت بە مەسرەفی زیاد و هەم خەڵكانێكی تریش كە لەوانەیە توانای ئەو كارەیان نەبێت ناچار بكەیت بەبۆنەی تۆوە و لەبەر عەیبە و شەرمی لایەنی كۆمەڵایەتی ئەو كارە بكەن، بەڕاستی ئەوە عادەتێكی خراپە ئەو كەسەی بچێت بۆ حەج بیكاتە واجب بەسەر خۆیەوە  هەر كەسێك سەردانی بكات بە كیسەیەك دیاری بەڕێبكرێت، بەڵكو ئەوە ڕێچكەیەكی خراپە بەبۆنەی تۆوە خەڵكانی تریش شەرم دەیانگرێت و ناچار دەبن بارێك دیاری بكڕن بۆ ئەو خەڵكەی كە سەرادنیان دەكەن كە ئەوە هیچ بنەمایەكی لەشەرعدا بەو شێوە نییە.

هەندێك زانیاری دەربارەی حەج

#وانەكانی_حەج_وعومرە: 4
هەندێك زانیاری دەربارەی حەج

لە شێوەی پرسیارو وەڵامدا و بە سوود وەرگرتن لە فەتوا و كتێبی زانایان،  لێرەدا هەندێ زانیاری گشتی گرنگ دەربارەی حەج و عومرە دەیخەینەڕوو:
1- حەج لە ڕووی زمانەوانییەوە واتای مەبەستە(قصد)، واتە بۆ نموونە حەج بۆ شوێنێك دەكەیت واتا مەبەستت ئەوەیە ڕووی تێبكەیت وبۆی بڕۆیت.
بەڵام لە ڕووی زاراوەو لە ڕووی شەرعییەوە واتای ئەوەیە لە كاتێكی دیاریكراودا وبەمەبەستی جێبەجێكردنی كۆمەڵە شەعیرە و پەرستنێك ڕوو بكەیتە ماڵی پەروەردگار لە مەككە و بە ئەنجامدانی ئەو عیبادەتە گوێڕایەڵی فەرمانی الله بكەیت.

2- كەی حەج لەسەر موسوڵمانان فەرز بوو.
چەند بۆچوونێك لەو بارەوە هەیە، بەڵام بە پێی تەحقیقی زانایان ڕاست ئەوەیە  لە ساڵی (9)ی كۆچیدا فەرز بووە.

3- چەند جار پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە ژیانیدا حەج و عومرەی كردووە؟
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم چوار جار لە ژیانیدا عومرەی كردووە: كە بریتین لە عومرەكانی: (الحدیبیة ، القضاء، الجعرانة، عمرة الحج).
بەڵام یەك جار لە ژیانیدا حەجی كردووە ئەویش حەجی ماڵ ئاوایی بوو لە ساڵی دەی كۆچی، كە بە هاوەڵانی فەرموو لەوانەیە جارێكی تر لەم جێگەیەدا ئیتر یەكتر نەبینینەوە و لە ساڵی دواتردا وەفاتی كرد.

4- ئایا حەج ڕوكنێكە لە ڕوكنەكانی ئیسلام؟
بەلێ حەج یەكێكە لەو پێنج كۆڵەكەی كە  موسوڵمان دەبەستیتەوە بە ئیسلامەوە و پێگەو پلەو پایەی لە شەریعەتدا گەلێك مەزنە.

5- ئایا دواخستنی حەج بۆكەسێك توانای ئەنجامدانی هەبێت تاكو چەند ڕێگە پێدراوە؟
هەركەسێك توانای ئەنجامدانی حەجی هەبوو دەبێت دەست بەجێ ئامادەكاری ئەو گەشتە پیرۆزە بكات و دەبێتە فەرزێكی فەوری لەسەری، ئەوە ڕاوبۆچوونی پەسەندی زانایانە لە تێگەیشتنی ئایەتی فەرزبوونی حەج.

6- ( الْحَجُّ أَشْهُرٌ مَعْلُومَاتٌ) مەعنای چییە؟
واتە حەجكردن لە چەند مانگێكی دیاریكراودایە كە بریتین لە مانگەكانی شوال وذو القعدة وعشر ذي الحجة، مەبەست لەوەیە كە ئیحرام كردن بۆ سەرەتای حەج كردن لەسەرەتای ئەو سێ مانگەوە دەست پێ دەكات ودرووستە و كۆتاییەكەشی دیارە كەیە، هەندێكیش پێیان وایە مانگی ذي الحجة هەمووی بە مانگی حەج دادەنرێت.

7- وشەی رفث و فسوق لە ئایەتی:( فَلا رَفَثَ وَلا فُسُوقَ وَلا جِدَالَ فِي الْحَجِّ ) مەعنای چییە؟
ئەو كەسەی ئیحرامی بەحەج كرد ئیتر ئەبێت خۆی بپارێزیت لەهەموو شتێك كە حەجەكەی لەكەدار بكات لە ڕووی شەرعییەوە، جا (رفث) سەرجێی و هەموو پێشەكییەكانی ئەو كارە لەگەڵ هاوسەردا دەگریتەوە. هەروەها بە قسەی ناشیرین و نابەجێیش دەوترێت (رفث).
(فسوق) هەموو كارێكی نادرووست و حەڕامە كە شەرع قەدەغەی كردبێت، نابێت ئەو كەسەی بۆ حەج دەچێت ئەنجامی بدات.
(جدال) مشتومڕ و دەمەدەمە و قسەزۆركردنی بێ سوود و موجادەلە كردن كارێكی نەشیاوە لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو فەریزەیەدا ناگۆنجێت.

8- حەجی وەرگیراو چۆنە؟
لە فەرموودەدا هاتووە هەركەسێك حەج بكات و ئەو قەدەغەكراوانەی سەرەوە ئەنجام نەدات وەكو ئەو ڕۆژە دەگەڕێتەوە كە لەدایكبووە، واتە گوناهەكانی دەوەرێت و لێی پاك دەبێتەوە. (ئەم مەسەلە لەڕۆشنایی دەقەكاندا قسەی زیاتر هەڵدەگرێت ئێرە جێگای نییە).
 شایانی باسە ئەم پێگەو پاداشتە بۆ كەسێكە خاوەن تەوحید و ئیمانێكی ڕاست و درووست بێت وەكو ئەوەی لە قورئان و لە سوننەتدا هاتووە و بیروباوەڕو عەقیدەی وەكو بیروباوەری پێشینانی چاكی ئەم ئومەتە بێت و هیچ هەڵوەشێنەرەوەیەك لە هەڵوەشێنەرەوەكانی ئیسلامی تێدا نەبێت، بۆ نموونە نابێت توخنی هیچ شیركێك كەوتبێت بەتایبەتی شیركەكانی ئەم سەردەمە كە زۆر كەس نایانناسێت و خۆڵی لەچاوكراوە. 

9- حەجی (مبرور) كە لە فەرموودەكاندا باسكراوە مەعنای چییە؟
مەعنای ئەوەیە حەجەكە تاوانی تێكەڵ نەبێت، وەكو تەماشا كردنی ئافرەتی نامەحرەم و جگەرەكێشان وقسە و مشتومری ناشیرین و لە هەموو كارەكانیدا مەبەستی ڕەزامەندی الله بووبێت و بەجوانی هەوڵیدابێت لە هەموو هەنگاوەكانی حەجەكەیدا شوێنكەوتووی سوننەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هاوەڵەبەرێزەكان و سەلەفی چاك ئەم ئومەتە بێت لە ئەنجامدانی ئەو شەعیرە مەزنە.

10- ئەو كەسەی نیازی حەجی هەیە چی بكات بۆ ئەوەی حەجەكەی ڕاست و درووست بێت؟
پێویستە لەسەری هەوڵ بدات بە جوانی و بەپێی بەڵگە شەرعییەكانی كیتاب و سوننەت و فیعلی سەلەف خۆی فێری هەموو هەنگاوەكانی حەج بكات، كتێب و نامیلكەی تایبەت بە حەج بخوێنێتەوە، گوێ لە قسەو موحازەراتی ئەهلی عیلم بگرێت، لە ئەهلی عیلم پرسیار بكات دەربارەی هەر شتێك كە نایزانێت.

11- موسوڵمان چەند جار حەج بكات باشە؟
ئەو حەجەی كە فەرزە لەسەر موسوڵمان یەك جارە، هەر موسوڵمانێك توانای هەبوو و یەك جار حەجی كرد ئیتر هیچی لەو بارەوە ناكەوێتەسەر و حەقی الله ی بەجێهێناوە و فەرزەكەی لەسەر كەوتووە.

12- ئایا ئەگەر توانای هەبوو حەجی تر بكات باشترە یان دەرگای خێری تر بدۆزێتەوە لە حەجی تطوع باشترە، زانایان لەم بارەوە دیدی جیاوازیان هەیە، لە هەندێ فەرموودەدا هاتووە كە موسوڵمان زیاتر لە حەجێك بكات یان چوار ساڵ جارێك بتوانێت حەجێك بكات بەڵام باسەكە و سەنەدی فەرموودەكان قسە هەڵدەگرێت، شيخ الإسلام ابن تيمية لە كتێبی "الاختيارات الفقهية" فەرموویەتی ئەگەر كەسێك حەجی كردبێت و هەندێ كەسوكاری هەبێت پێویستیان بەو پارەیە هەبێت كە حەجی دووەم و سێیەمی پێ دەكات، پارەكە  لەسەر ئەوان خەرج بكات باشترە، مەسەلەكە وەكو وتم خیلافییە و قسە هەڵدەگرێت.

13- حەج لەسەر كێ واجبە؟
حەج لەسەر كەسێك واجبە كە موسوڵمان بێت (نێر بێت یان مێ)، عاقڵ بێت، باڵغ بێت، ئازاد بێت، توانای جەستەیی و مادی سەفەری حەجی هەبێت، بۆ ئافرەتیش مەرجە مەحرەمی لەگەڵدا بێت.

14- ئایا نابینا حەجی لەسەرە؟
زانایان فەرموویانە بەڵێ حەجی لەسەرە ئەگەر كەسێكی هەبێت لەگەڵیدا بێت ودەستی بگرێت. هەروەها كەسێك شەل بێت یان نەخۆش بێت (مەگەر نەخۆشییەكی درێژەخایەن كە چاكبوونەوەی نەبێت) ئەوانە هەموویان حەجیان لەسەرە.

15- ئایا ئەو كەسەی دەچێت بۆ حەج مەرجە زیارەتی قەبری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بكات وەكو بەشێك لە هەنگاوەكانی حەجەكەی ؟
نەخێر ئەو سەردانە پەیوەندی بە هەنگاوەكانی حەجەوە نییە و ئاساییە كەسێك بچێت بۆ حەج و سەرادنی قەبری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نەكات، ئەو سەردانی نەكردنە هیچ زیانێك بە حەجەكەی ناگەیەنێت، بەڵام وەكو سەردان و زیارەتی گۆڕی ئازیزمان صلی الله علیه و سلم  لە هەموو كاتێكدا كاتی حەج و كاتی تر هەر درووستە وكارێكی چاكەیە سەردان بكرێت.

16- ئایا عومرە وەكو حەج واجبە ؟
ئەو مەسەلە هەندێك خیلافی لەسەرە، بۆچوونی پەسەند والله أعلم ئەوەیە كە واجبە لەسەر كەسێك توانای ئەنجامدانی هەبێت، پێشەوا البخاري رحمه الله : سەبارەت بە واجب بوون وفەزڵی عومرە لە سەحیحەكەیدا بابێكی تەرخان كردووە وفەرموویەتی:  ، وَقَالَ ابْنُ عُمَرَ : رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا : لَيْسَ أَحَدٌ إِلا وَعَلَيْهِ حَجَّةٌ وَعُمْرَةٌ ، وَقَالَ ابْنُ عَبَّاسٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا : إِنَّهَا لَقَرِينَتُهَا فِي كِتَابِ اللَّهِ (وَأَتِمُّوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ) اهـ وقوله : (لَقَرِينَتُهَا) أي : قرينة فريضة الحج) واتە لەو هاوەڵە بەڕێزانە گێڕاوێتییەوە كە عومرەش وەكو حەج یەكجار لەتەمەندا واجبە.

17- ئەگەر پزیشكێك بەكەسێك بڵێ مەڕۆ بۆ حەج تۆ توانای جەستەییت نییە بۆ ئەو كارە بەقسەی بكرێت  یان نا؟
 بەڵێ ئەگەر پزیشكەكە جێگای متمانە بوو لە ڕووی دین و توانای پسپۆڕی پزیشكی دەبێت بەقسەی بكرێت، چونكە ئەنجامدانی حەج لە شەرعدا بە توانای مادی و جەستەیی بەستراوەتەوە و شەرع حەرەج و ناخۆشی لەسەر موسوڵمانان لابردووە.

18- ئایا درووستە منداڵ بۆ حەج ببرێت؟
بەلێ درووستە بەڵام كاتێك گەورە بێت حەجی ئیسلامی هەر لەسەر دەمێنیتەوە و واجبەكەی لەسەر لانەچووە ودەبێت جارێكی تر حەجی ئیسلام بكات..

19- ئایا حەج بەقەرز دەكرێت ودرووستە؟
واجب بوونی حەج پەیوەندی بەتوانای مادییەوە هەیە، واتە ئەگەر كەسێك توانای مادی نەبوو لەسەری نییە و داواشی لێ نەكراوە قەرزی بۆ بكات، بەڵام ئەگەر زانی توانای گێڕانەوەی قەرزەكەی هەیە ئەگەرچی واجب نییە لەسەری بەو شێوە حەج بكات بەڵام حەجەكەی درووستە و عەیبی نییە.
 ئەگەر كەسێكیش قەرزار بێت و بیەوێت حەج بكات دانەوەی قەرزەكەی لە پێشترە لە حەجكردنەكەی. ئەوەش ڕاست نییە لەناو خەڵكیدا دەوترێت ئەگەر كەسێك قەرزار بێت دەبێت پرسی خاوەن قەرزەكە بكات پێش ئەوەی بچێت بۆ حەج.

20- ئایا درووستە كەسێك خۆی حەجی نەكردبێت، بیەوێت باوكی یان دایكی بۆ حەج بنێرێت وخۆی حەج نەكات؟
ئەگەر مەبەستی حەج نەكردنی خۆی نەبێت و مەبەستی چاكەكردن بێت لەگەڵ باوك و دایكیدا بە ناردنیان بۆ حەج لە پێش خۆی بەلێ درووستە و ئەوە چاكەیە لەگەڵ ئەواندا دەیكات.

21- ئایا درووستە كەسێك بە پارەی زەكات بنێردرێت بۆ حەج؟
بەلێ ئەگەر كەسێك هەژار بێت و خۆی توانای حەج كردنی  نەبێت، درووستە لە پارەی زەكات بەشی بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت حەج بكات.

22- ئایا ئافرەت بۆ حەجكردن پێویستە لەسەری ئیزنی مێردەكەی وەربگرێت؟
بەلێ پێویستە ئیزنی لێ وەربگرێت، بەڵام ئەگەر  مێردەكەی بەبێ هیچ پاساوێكی شەرعی ڕێگری لێ بكات ئافرەتەكە دەتوانێت بەقسەی نەكات، چونكە وەكو لە فەرمودەدا هاتووە: (لا طاعة لمخلوق في معصیة الخالق).

23- ئایا ئەگەر دایكێك ڕێگەی لە كوڕەكەی گرت حەجی تطوع بكات نەك حەجی فەرز بەقسەی بكات؟
زانایان دەفەرموون بەڵێ دەبێت بەقسەی بكات و نەڕوات بۆ حەج چونكە گوێڕایەڵی دایك واجبە لەسەری.

24- موسوڵمان پێش دەرچوون بۆ سەفەری عومرە و حەج چی بكات باشە؟
باشترە خۆی بشوات و  لە هەموو گوناهێك كە كردوویەتی تەوبە نوێ بكاتەوە و ماڵئاوایی لە كەسە نزیكەكانی بكات و ئەگەر قەرزار بێت یان هەر مەسەلەیەك تری گرنگی هەبێت باشترە وەسێتێك بنوسێت و یەكێك لە ماڵەوە لەو وەسێتە ئاگادار بكاتەوە.

25- ئایا درووستە كەسێك لە جیاتی كەسێكی تر بچێت بۆ حەج (جەجی بەدەل)؟
بەلێ ئەو كەسەی كە خۆی توانای حەج كردنی نییە، یان بۆ ئەو مردووەی حەجی لەسەر بووە و لە حاڵی ژیانیدا نەیكردووە، دەكرێت كەسێك لە جیاتیان حەج بكات، بەمەرجێك خۆی حەجی یەكەمی بۆ خۆی كردبێت. بەڵگەی صحیح لە سوننەتدا لەسەر ئەم مەسەلە هاتووە وەكو فەرموودەی (شبرمة) و فەرمودەی تر.

26- ئایا پارە وەرگرتن بۆ حەجی بەدەل درووستە؟
زانایان لەم بارەوە قسەیەكی جوانیان كردووە و فەرموویانە: ئەگەر حەجەكە بكات لە پێناو ئەوەی  پارە وەربگرێت ئەوە كارێكی خراپی كردووە، ئەگەر پارە وەربگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت حەجەكەی پێ بكات بۆ ئەو كەسە ئەوە درووستە وكارێك باشی كردووە.

27- ئایا درووستە ئافرەتێك مەحرەمی نەبێت كەسێك وەكو وەكیل لەجیاتی خۆی بنیرێت حەجی بۆ بكات؟
زانایان فەرموویانە نەخێر ئەوە كارێكی باش نییە، مەگەر لە حاڵەتێكدا دەستی لەوە شۆرردبێت مەحرەمێكی لەگەڵدا بچێت بۆ حەج و لەوە بێ هیوا بووبێت، ئەو كاتە وەكو ناچاری درووستە وا بكات.
(إن شاء الله بەشێكی تایبەتی ئەم زنجیرە تایبەت ئەكەین بەو مەسەلانەی حەج كە پەیوەندییان بە ئافرەتانەوە هەیە).

حوكمی حەجكردن و پێگەی حەج لە ئیسلامدا

#وانەكانی_حەج_وعومرە: 3
حوكمی حەجكردن و پێگەی حەج لە ئیسلامدا

یەكەم: حوكمی واجب بوونی حەج: 
حوكمی حەج كردن بەڕوونی و بەئاشكرایی لە قورئان و لە سوننەتدا دیارە كە واجبە، لە كتێبی زانایاندا وێڕای ئاماژە كردن بۆ واجب بوونی حەج لەم دوو سەرچاوەدا، هەروەها ئیجماعی هەموو زانایانیشی لەسەر دەگێڕنەوە.

1- بەڵگەی قورئانی پیرۆز: الله تعالی فەرموویەتی: (وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا ۚ وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ) آل عمران:97. زانایان فەرموویانە وشەی (علی) لە ئایەتەكەدا نیشانەیە لە سەر واجب بوونی ئەو شەعیرەیە، ئینجا بەدوایشیدا فەرموویەتی: (وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ) بۆ ئەوەی بزانرێت هەركەسێك مل بۆ ئەو واجب بوونە نەدات و بەفەرزی نەزانێت پێی كافر دەبێت. ابن كثیر لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا فەرموویەتی لەلای جومهوری زانایان ئەمە دیارترین بەڵگەكانی فەرزبوونی حەجە.
هەورەها الله عزوجل فەرموویەتی: (وَأَتِمُّوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ) البقرة:196. ئەمەشە هەر بەڵگەیە لەسەر فەرز بووونی حەج لەسەر موسوڵمانان.
هەروەها الله فەرمانی بە إبراهیم علیه السلام كردووە كە خەڵكی بۆ حەجی ماڵەكەی بانگ بكات وفەرموویەتی: ( وأذن في الناس بالحج يأتوك رجالا وعلى كل ضامر يأتين من كل فج عميق ليشهدوا منافع لهم ويذكروا اسم الله في أيام معلومات على ما رزقهم من بهيمة الأنعام فكلوا منها وأطعموا البائس الفقير ثم ليقضوا تفثهم وليوفوا نذورهم وليطوفوا بالبيت العتيق ( 29 ) الحج: 27-29.

2- بەڵگەی سوننەت: لە سوننەتیشدا زۆر فەرموودە لەسەر واجب بوونی حەج هاتووە ، لێرەدا ئاماژە بۆ كەمێكی دەكەین: 
أ - پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (بُنِيَ الإسلامُ على خمسٍ شَهادةِ أن لا إلَهَ إلَّا اللَّهُ وأنَّ محمَّدًا رسولُ اللَّهِ وإقامِ الصَّلاةِ وإيتاءِ الزَّكاةِ وصَومِ رمضانَ وحجِّ البيتِ لمنِ استطاعَ إليهِ سبيلًا). متفق علیه. لەم فەرموودەدا نموونەی ئیسلام وەكو نموونەی بونیادێكی گەورە وێنا كراوە كە بنچینەكەی بریتییە لە چەند پایەیەك بەبێ ئەو پایەو كۆلەكانە بونیادەكە ڕانەوەستێت و یەكێكیان حەجی ماڵی پەروەردگارە.

ب - لە فەرموودەكەی أنس بن مالك یشدا كە لە صحیح ی مسلم دا هاتووە فەرموویەتی: پرسیاركردنمان لێ قەدەغە كرابوو، بۆیە چاوەڕێی كەسێكمان لە دەرەوەی مەدینەوە دەكرد بێت و پرسیار لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بكات، ئیتر پیاوێك لە بیابانەوە هات و پرسیاری نێردراوەكەی پێغەمبەری كرد صلی الله علیه و سلم بۆ لایان و لە كۆتاییدا وتی ئەو نێردراوە دەڵێت لەسەرمانە حەج بكەین فەرمووی ڕاستی كرد .

ت - هەروەها لە هەردوو صحیح البخاري و مسلم دا جێگیر بووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (إنَّ اللَّهَ عزَّ وجلَّ ، قد فرَضَ عليكمُ الحَجَّ ) واتە الله حەجی ماڵەكەی لەسەرتان فەرز كردووە.
 
3- كۆ دەنگی زانایان: هەبوونی ئیجماع لە كاتی هەبوونی دەقی شەرعی لە كیتاب و سوننەتدا عارەب واتەنی تحصیل حاصل و گومانی تێدا نییە كە زانایان هەموویان ملكەچی فەرمانەكانی قورئان و سوننەتن و جەختی لەسەر دەكەنەوە، بۆیە ئیجماعی هەموو زانایان لەسەر ئەوەیە حەج واجبە و یەك جار لەسەر موسوڵمانە لە هەموو  تەمەنیدا  ئەنجامی بدات. ئەو ئیجماعەش هەرچەند هیچ بەڵگەیەكی ناوێت كە ڕوویداوە بەڵام ابن المنذر لە كتێبی الإجماع دا نەقڵی كردووە و هەروەها ابن تیمیة لە شرح العمدة 1/87 باسی كردووە.
بەڵام دەبێت هاوكات ئاماژە بەوە بدرێت كۆدەنگی زانایان بۆ خۆی سەرچاوەیەكی سەربەخۆ نییە لەگەڵ كیتاب و سوننەتدا، بەڵكو ئیجماع و قیاسیش پاشكون و مەڕەدیان هەر بۆ كیتاب و سوننەتە نەك بەڵگەی سەربەخۆ بن ، بۆیە  هەموو بەڵگەیەكی شەرعی دەبێت ئەسڵەكەی لە كیتاب و سوننەتدا هاتبێت.

دووەم: پێگەی حەج لە ئیسلامدا:

1- حەج یەكێكە لەو كۆڵەكە گەورانەی كە ئیسلامی لەسەر درووست بووە، بۆیە هەركەسێك توانای ئەنجامدانی هەبێت ونەیكات، ئەوە دەستبەرداری  ڕوكنێكی ئیسلام بووە، موسوڵمان بوونیش كامڵ و بێ نوقسانی نابێت تاكو ئەو فەریزە بەجێنەهێنێت. چونكە حەج پێنجەمین كۆڵەكەی ئیسلامە، هەركەسێك توانای هەبێت دەبێت حە بكات.
تێگەیشتنی جومهوری زانایانیش بۆ كاتی ئەنجامدانی فەیرزەی  حەج ئەوەیە كە توانای بوو دەست بەجێ و بێ دواكەوتن واتە فەوری دەبێت حەجەكەی ئەنجام بدات، بە پێچەوانەی هەندێك لە زانایان كە وتوویانە فەرزە لەسەری (علی التراخي) ئونجام بدات، واتە لەو كاتەی كە واجب دەبێت لەسەری و توانای ئەنجامدانی هەیە ئاساییە دوای بخات و كەی ویستی بیكات. ئەگەر كەسێكیش وا بكات لەوانەیە دواتر نەخۆش بكەویت یان ڕێگرێكی بۆ درووست بێت ڕێگای حەج كردنی لێ بگرێت.

2- ئینجا لەبەر گەورەیی پێگەی حەج لە ئیسلامدا، هەركێ نكۆڵی لە فەرزبوونی ئەو حەجە بكات بەوە لە ئیسلام دەردەچێت، الله فەرموویەتی: (وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ).

3- حەج پشك وبەشێكی سەرەكییە لە دینی ئیسلام، هەركێ بەبێ هیچ پاساوێك ئەنجامی نەدات و لێی بەدەر بێت مەحروم و بێ بەشە لەلای الله، وەكو لە فەرموودەكەدا هاتووە: (الإسلامُ ثَمانِيَةُ أَسْهُمٍ : الإسلامُ سَهْمٌ ، والصَّلاةُ سَهْمٌ ، والزكاةُ سَهْمٌ ، والصَّوْمُ سَهْمٌ ، وحجُّ البيتِ سَهْمٌ ، والأَمْرُ بالمعروفِ سَهْمٌ ، والنَّهْيُ عَنِ المنكرِ سَهْمٌ ، والجهادُ في سبيلِ اللهِ سَهْمٌ ، وقد خَابَ مَنْ لا سَهْمَ لهُ) أخرجه البزار (2927). واتە ئیسلام هەشت پشكە و حەجیش یەكێكە لەو پشكانە، جا هەركێ لەو پشكە بێ بەش بێت لەلای الله مەحروم و بێ بەشە.

4- لە ڕاستیدا حەج جۆرێكە لە بەرجەستە كردنی ئیسلام بە شێویەكی گشتی، چونكە:
- حاجیان لە كاتی حەجكردندا  هەموو جۆرەكانی تەوحیدی الله جێبەجێ دەكەن.
- باوكی پێغەمبەران و پێشەوای موەحیدان و ئیسماعیلی كوڕی ئەویان  بیر دەكەوێتەوە علیهما السلام.
- هەروەها لە حەجدا یەكبوونی موسوڵمانان ویەكسانی لە نێوانیاندا و برایەتی موسوڵمانان بەرجەستە دەبێت.
-  هەروەها حەج پەروەردە كردنە بۆ نەفس و دەرونی موسوڵمان وڕزگار بوونە لە خۆشەویستی ڕادەبەدەری دونیا و دەربازبوونە لە شەهوەت وحەزە ناشەرعییەكانی موسوڵمان. 
لە كاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا،  پێگەو گەورەیی ئەو شەعیرە بۆ موسوڵمان ڕوون دەبێتەوە و چەندین وانەی گەورەو گران لەو گەشتە پیرۆزەدا فێر دەبێت.

حەجكردن گەشتێكە بۆ تەوحید

#وانەكانی_حەج_وعومرە: 2
حەجكردن گەشتێكە بۆ تەوحید

لە ئیسلامدا تەوحیدی الله تعالی بنەماو بنچینەی هەموو شتێكە، بەبێ هەبوونی تەوحیدیش هیچ كردەوەیەك لە موسوڵمان وەرناگیرێت، بۆیە هەموو عیبادەت و كردار و گوفتار و هەڵسوكەوتێكی موسوڵمان دەبێت پەیوەندی بە تەوحیدەوە هەبێت ولە ڕۆشنایی ئەودا بكرێت، چونكە ئەوە پەیام و ئەركی هەرە گەورەی ئێمەیە لەم ماوە كەمەی كە لەسەر زەویدا دەمێنینەوە، هەموو پێغەمبەرانیش لەلایەن الله عزوجل بۆ چەسپاندنی كۆڵەكەی تەوحید لەدڵی خەڵكی و لە واقیعی ژیاندا ڕەوانە كراون.

حەجیش وەكو كۆڵەكەیەكی گەورەی ئیسلام هاوشێوەی هەموو عیبادەتەكانی تر، تەوحیدی پەروەردگار لە هەموو قۆناغ و كار و ئەركەكانی ئەو شەعیرەیەدا ڕەنگی داوەتەوە، پێویستە لەسەر موسوڵمان لە كاتی ئەنجامدانی حەجدا بەبەردەوام بیری لەلای ئەوە بێت كە چەسپاندنی تەوحید بەرووبووم و دەرەنجامی هەرە شیرین و مەزنی عیبادەتەكەیەتی وهەر لە سەرەتای گەشتەكەی تاكو گەڕانەوەی بۆ شوێنی خۆی ئەو بەرپرسە لە بەرجەستە كردنی ئەو واتایە لە دڵ و دەروون و لە هەڵسوكەوتەكانیدا. لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێك لەو كردارانە دەكەین كە موسوڵمان لە كاتی بەجێگەیاندنی شەعیرەی حەجدا دەیكات و بریتییە لە چەسپاندنی تەوحید و بیروباوەڕ، لەوانە:

1- شەعیرەی حەج هەر لە سەرەتای تاكو كۆتایی ئاماژە بۆ تەوحید و لا إله إلا الله دەكات، هەر لەو كاتەی كە خوازیاری حەج كردن لە ماڵی خۆی دەردەچێت  ومناڵ و هاوسەرو كەسوكاری بەجێ دەهێڵێت، ئەگەر الله لە هەموو كەسێك و لە هەموو شتێك لەلای خۆشەویستر نەبێت بەجێیان ناهێڵێت وخۆی تووشی ناڕەحەتی ئەو گەشتە ناكات، گوێڕایەڵی فەرمانی پەروەردگاری دەكات و الله أكبر و لا إله إلا الله و لبیك اللهم لبیك وێردی سەر زمانێتی وهەموو ئەوانەش نیشانەن بۆ تەوحیدی الله تعالی.

2- سروشتی حەج وایە ئیماندار لە زۆربەی مەشاعیرەكاندا الله ی بیر دەخاتەوە، ڕۆژی قیامەتی بیر دەكەوێتەوە، كاتێك كە جلەكانی دادەكەنێت و پۆشاكی ئیحرام دەپۆشێت مردن و كفنی بیر  دەكەوێتەوە، كە غوسل دەكات شۆردنی تەرمەكەی خۆی دێتە بەرچاو.

3- لە كاتی تەواف كردندا مەزنی وگەورەیی پەروەردگاری بیر دەكەوێتەوە كە ڕێزی لەو ماڵە گرتووە و پێگەی لە دڵی موسوڵماناندا بەرز كردووەتەوە، هەروەها ئیبراهیمی باوكی پێغەمبەران و پێشەوای موەحیدان  بیردەكەوێتەوە علیه السلام كە ئەو ماڵەی بە فەرمانی پەروەردگاری درووست كرد و لە پێناو بەرز ڕاگرتنی لا إله إلا الله و نەپرستنی هیچ مەعبودێك جگە لە الله دایمەزراند. لە كاتی سوڕانەوەشیدا بە دەوری كەعبە ئەوەی بیر دەكەوێتەوە كە ئەو بە دەوری داروبەردا ناسوڕێتەوە لەبەر فەرمانی الله و بەرز ڕاگرتنی حوكمەكانی نەبێت و خۆی ڕادەستی هەموو فەرمان و حوكمێكی پەروەردگاری دەكات: ( وَيُسَلِّمُوا تَسْلِيمًا ) النساء:65.

4- دروشمى حاجيان لەو كاتەی كە إبراهیم علیه السلام بانگی خەڵكی كرد بۆ حەجی ماڵی پەروەردگار و گوێڕایەڵی فەرمانی الله بوو كە فەرموویەتی: ( وَأَذِّنْ فِي النَّاسِ بِالْحَجِّ يَأْتُوكَ رِجَالًا وَعَلَى كُلِّ ضَامِرٍ يَأْتِينَ مِنْ كُلِّ فَجٍّ عَمِيقٍ) تاكو ئێستا و ڕۆژی قیامەت بریتییە لە: (لبیك اللهم لبیك لبیك لا شریك لك لبیك إن الحمد والنعمة لك لا شریك لك) ئەوەش چڵەپۆپەی تەوحیدە كە داوامان لێكراوە تاكو دوا ساتی ژیانمان لەسەری بژین و لەسەری بمرین.

5- لە سەعی كردنی نێوان سەفا ومەڕوا، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كە بۆ سەر كێوی سەفا سەردەكەوت و دەیفەرموو: (ابْدَؤُوا بما بَدَأَ اللهُ بهِ) ئینجا هەردوو دەستی بەرز دەكردەوەو ڕووی لە كەعبە دەكرد و ئیعلانی تەوحیدی خۆی بۆ الله رادەگەیاند ودەیفەرموو: ( لا إله إلا الله، والله أكبر، لا إله إلا الله وحده لا شريك له، له الملك وله الحمد يحيي ويميت وهو على كل شيء قدير، لا إله إلا الله وحده، أنجز وعده، ونصر عبده، وهزم الأحزاب وحده) رواه مسلم.

6- لە ڕۆژی عەرەفە و ڕاوەستانی حاجی لەو جێگەیەدا، دیمەنی ڕاوەستانی ڕۆژی مەحشەر بەبیری موسوڵمان دەهێنێتەوە، لەو ڕۆژەی كە  هەمووان بە ملكەچی بۆ پەروەردگار ڕادەوەستن، لە ڕۆژی حەجی گەورەدا موسوڵمان دەستەكانی بۆ پەروەردگاری بەرز دەكاتەوە و ئاوات و هیوای ئەوەیە الله عزوجل دوعاكانی وەڵام بداتەوەو لە گوناهەكانی خۆش بێت.

7- یەكێكی تریش لە نیشانەكانی تەوحید لە شەعیرەی حەجدا ڕۆژانی تەشریقە، ئەو ڕۆژانەی كە بە یادی الله و نوێژ و سوپاسگوزاری و سەربڕینی قوربانی لەسەر بنەمای تەوحید و تەكبیر كردن و بەردوام ناوهێنان و زیكری الله  ئاوەدان دەكرێتەوە، الله تعالی فەرموویەتی: ( وَلِكُلِّ أُمَّةٍ جَعَلْنَا مَنسَكًا لِّيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ عَلَىٰ مَا رَزَقَهُم مِّن بَهِيمَةِ الْأَنْعَامِ ۗ فَإِلَٰهُكُمْ إِلَٰهٌ وَاحِدٌ فَلَهُ أَسْلِمُوا ۗ وَبَشِّرِ الْمُخْبِتِينَ).

8- هەروەها لە كاتی ڕەجم كردنی شەیتاندا و لە كاتی سەربڕینی قوربانیدا تەوحید لە گوێڕایەڵی فەرمانەكانی الله  و شوێنكەوتنی سوننەتی باوكی پێغەمبەران علیه  السلام بە جوانترین شێوە بەرجەستە دەبێت، موسوڵمان لەو كاتەدا هەلوێست ئیسماعیلی بیردەكەوێتەوە علیه السلام لە ملكەچ بوونی ڕەها و گوێڕایەڵی كردنی تەواو بۆ فەرمانەكانی الله عزوجل.

لە راستیدا وەكو وتمان گەشتی حەج دكرێت بڵێێن گەشتێكە بۆ چەسپاندانی تەوحید بۆ كەسێك لە مەبەستەكانی تێبگات و نیازو نیەتی دڵی ئەوە بێت هاوكات لەگەڵ بەجێگەیاندنی ئەو فەریزە  گەورەو  شەعیرە مەزنەی ئیسلام كە حەجە، بیریش بە قوڵی لە واتاكانی تەوحید و لا إله إلا الله و الله أكبر وجێبەجێكردنی شەریعەتی پەروەردگار بكاتەوە كە لە سەرەتای دەرچوونی نیازمەندی حەجكردن دەست پێ دەكات و لە هەموو مەشاعیر و جێگەكانی حەجدا بەردەوام دەبێت و بە شێویەكی گشتی ئەو فەریزەیە كۆمەڵە وانەیەكی كردەییە لە تەوحیددا.
ئەمەی لێرەدا باس كرا تەنها چەند چەند نمونەیەكی بوو لەسەر دیاردەكانی تەوحید لە حەجدا ئەگینا باسە قسەو باسی زۆر هەلدەگرێت.

 

١-ئادابەكانی حەج و عومرە

#وانەكانی_حەج_وعومرە: 1
ئادابەكانی حەج و عومرە

ئەو كەسەی بە نیازە حەج و عومرە بكات، با بزانێت كە خەریكی ئەنجامدانی كارێكی گەورە وبەڕێزە لەلای الله عزوجل، یەكێك لە ئەركەكانی لەو بارەوە ئەوەیە بە جوانترین شێوە ئەو كارە ئەنجام بدات و بە كۆمەڵە ئاكار و ئادابێكی شەرعی خۆی بڕازێنیتەوە.
 لێرەدا  ئەم بابەتە و چەندین بابەتی تری پەیوەست بە حەج و عومرەتان بۆ دەخەمەڕوو، بەگەڕانەوە بۆ چەند سەرچاوەیەك لە كتێبەكانی ئەهلی عیلم لەوانەی جەخت لەسەر بەڵگەكانی كیتاب و سوننەت دەكەنەوە، ئەمەش بەشێكە لەو ئاداب و ئاكارانە:

1- یەكێك لە گرنگترین ئادابەكانی ئەنجامدەری حەج و عومرە ئەوەیە نیەتی لەو كارەیدا تەنها بۆ پەروەردگاری بێت وبیری لەلای هیچ مەبەستێكی تر نەبێت، چونكە لە ئیسلامدا هەموو شتێك بەنیتەوە بەستراوەتەوە، خەڵكانێك حەج و عومرە دەكەن لەوانەیە بۆ سومعە و ناوبانگ و هەڵگرتنی نازناو و نیازو مەبەستی تریان هەبێت، بەڵام موسوڵمانی دڵسۆز بۆ دینەكەی و ئەو كەسەی ترسی  قەبرو قیامەتی خۆی هەبێت، دەبێت تەنها چاوی لە ڕەزامەندی الله بێت وئەوە بكاتە ئامانجی هەرە گەورەی خۆی. پێغەمبەر صلی الله فەرموویەتی: (أنا أغْنَى الشُّركاءِ عنِ الشِّركِ ، مَنْ عمِلَ عملًا أشركَ فيه معِيَ تركتُهُ وشِركَهُ). صحیح مسلم (7475).

2-  كارێكی پێویست وباشە ئەو كەسەی هەڵدەسێت بە ئەنجامدانی حەج و عومرە، لە ڕێگەی جۆراوجۆرە خۆی لە بابەتەكانی ئەو دوو عیبادەتە و بەڵگەكانیان شارەزا بكات، مەسەلەی ئیحرام و تەواف و سەعی و كەفارەتەكان و كارو ئەركەكانی تری حەج و عومرە، زۆر كتێب و نامیلكەی ئاسان هەیە باسی قۆناغ بە قۆناغی حەج دەكات بە خستنەڕووی بەڵگەكانی قورئان و فەرموودە بە ڕوونكردنەوەی ئەهلی عیلم، هەر مەسەلەیەكیش كەسەكە خۆی نەیتوانی لە ڕێگەی خوێندنەوەو گوێگرتن لە زانایان بگاتە دەرەنجام و وەڵامی گونجاو، دەتوانێت پرسیار لە كەسانی زانا و شارەزا بكات لە كاروباری حەج و عومرەدا.

3- هەوڵ بدات هاوڕێتی وهاوسەفەری باش و خاوەن تەقوا و شارەزایی لە دیندا بكات، خۆی بە دوور بگرێت لە هاوڕێتی كەسانی خراپ و جاهیل و ئەوانەی غەیبەت دەكەن و كاتی خۆیان بە قسە وكاری بێ سوود  دەكوژن، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی:  (مَثَلُ الجَلِيسِ الصَّالِحِ والسَّوْءِ، كَحامِلِ المِسْكِ ونافِخِ الكِيرِ، فَحامِلُ المِسْكِ: إمَّا أنْ يُحْذِيَكَ، وإمَّا أنْ تَبْتاعَ منه، وإمَّا أنْ تَجِدَ منه رِيحًا طَيِّبَةً، ونافِخُ الكِيرِ: إمَّا أنْ يُحْرِقَ ثِيابَكَ، وإمَّا أنْ تَجِدَ رِيحًا خَبِيثَةً).  البخاری  (5534) ومسلم ( 6692).

4- لە سەفەرەكەیدا ئەوەندە پارەی پێ بێت پێویستی بە خەڵكی نەكەوێت, پێغەمبەر صلى الله عليه و سلم فەرموویەتی : (ومَن يستعفِفْ يُعِفَّهُ اللهُ عزَّ وجَلَّ، ومَن يَصبِرْ يُصبِّرْه اللهُ، وما أُعْطِيَ أحدٌ عطاءً هو خيرٌ وأوسَعُ مِنَ الصَّبرِ).( 1469) مسلم ( 2424) .

5- با لە سەفەركەیدا خاوەن ئاكار و هەڵسوكەوتی جوان بێت و ئازاری كەس نەدات و زمانی پاراو ڕابگرێت لە هەموو قسەیەكی خراپ و لە توڕەبوون و قسەی نابەجێ، چونكە هەموو ئەوانە كاریگەری خراپیان لەسەر عیبادەتەكەی هەیە, ث]پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ( اتَّقِ اللهَ حيثُما كنتَ ، وأتبِعِ السَّيِّئةَ الحسَنةَ تَمْحُهَا ، وخالِقِ النَّاسَ بخُلُقٍ حَسنٍ) الترمذي (1987) وأحمد (21392).

6- با زۆربەی كاتەكانی لەو سەفەرەیدا زمانی بە یادی الله تعالی تەڕ بێت وخۆی بە زیكر و قورئان خوێندن و قسەی چاك سەرقاڵ بكات، خۆ ئەگەر قسەی باشی پێ نەكرا با زۆربەی كات بێ دەنگ بێت ئەوە بۆ دین و بۆ دونیای باشترە.

7- با هەمیشە بیری لای ئەوە بێت نە بەكردار و نە بە گوفتار ئازاری كەس نەدات پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (المُسلِمُ مَن سَلِمَ المسلمون مِن لسانه ويده، والمُهاجِرُ مَن هجَرَ ما نهى الله عنه) متفق علیه.