#وانەكانی_حەج_وعومرە: 3
حوكمی حەجكردن و پێگەی حەج لە ئیسلامدا
یەكەم: حوكمی واجب بوونی حەج:
حوكمی حەج كردن بەڕوونی و بەئاشكرایی لە قورئان و لە سوننەتدا دیارە كە واجبە، لە كتێبی زانایاندا وێڕای ئاماژە كردن بۆ واجب بوونی حەج لەم دوو سەرچاوەدا، هەروەها ئیجماعی هەموو زانایانیشی لەسەر دەگێڕنەوە.
1- بەڵگەی قورئانی پیرۆز: الله تعالی فەرموویەتی: (وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا ۚ وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ) آل عمران:97. زانایان فەرموویانە وشەی (علی) لە ئایەتەكەدا نیشانەیە لە سەر واجب بوونی ئەو شەعیرەیە، ئینجا بەدوایشیدا فەرموویەتی: (وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ) بۆ ئەوەی بزانرێت هەركەسێك مل بۆ ئەو واجب بوونە نەدات و بەفەرزی نەزانێت پێی كافر دەبێت. ابن كثیر لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا فەرموویەتی لەلای جومهوری زانایان ئەمە دیارترین بەڵگەكانی فەرزبوونی حەجە.
هەورەها الله عزوجل فەرموویەتی: (وَأَتِمُّوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ) البقرة:196. ئەمەشە هەر بەڵگەیە لەسەر فەرز بووونی حەج لەسەر موسوڵمانان.
هەروەها الله فەرمانی بە إبراهیم علیه السلام كردووە كە خەڵكی بۆ حەجی ماڵەكەی بانگ بكات وفەرموویەتی: ( وأذن في الناس بالحج يأتوك رجالا وعلى كل ضامر يأتين من كل فج عميق ليشهدوا منافع لهم ويذكروا اسم الله في أيام معلومات على ما رزقهم من بهيمة الأنعام فكلوا منها وأطعموا البائس الفقير ثم ليقضوا تفثهم وليوفوا نذورهم وليطوفوا بالبيت العتيق ( 29 ) الحج: 27-29.
2- بەڵگەی سوننەت: لە سوننەتیشدا زۆر فەرموودە لەسەر واجب بوونی حەج هاتووە ، لێرەدا ئاماژە بۆ كەمێكی دەكەین:
أ - پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (بُنِيَ الإسلامُ على خمسٍ شَهادةِ أن لا إلَهَ إلَّا اللَّهُ وأنَّ محمَّدًا رسولُ اللَّهِ وإقامِ الصَّلاةِ وإيتاءِ الزَّكاةِ وصَومِ رمضانَ وحجِّ البيتِ لمنِ استطاعَ إليهِ سبيلًا). متفق علیه. لەم فەرموودەدا نموونەی ئیسلام وەكو نموونەی بونیادێكی گەورە وێنا كراوە كە بنچینەكەی بریتییە لە چەند پایەیەك بەبێ ئەو پایەو كۆلەكانە بونیادەكە ڕانەوەستێت و یەكێكیان حەجی ماڵی پەروەردگارە.
ب - لە فەرموودەكەی أنس بن مالك یشدا كە لە صحیح ی مسلم دا هاتووە فەرموویەتی: پرسیاركردنمان لێ قەدەغە كرابوو، بۆیە چاوەڕێی كەسێكمان لە دەرەوەی مەدینەوە دەكرد بێت و پرسیار لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بكات، ئیتر پیاوێك لە بیابانەوە هات و پرسیاری نێردراوەكەی پێغەمبەری كرد صلی الله علیه و سلم بۆ لایان و لە كۆتاییدا وتی ئەو نێردراوە دەڵێت لەسەرمانە حەج بكەین فەرمووی ڕاستی كرد .
ت - هەروەها لە هەردوو صحیح البخاري و مسلم دا جێگیر بووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (إنَّ اللَّهَ عزَّ وجلَّ ، قد فرَضَ عليكمُ الحَجَّ ) واتە الله حەجی ماڵەكەی لەسەرتان فەرز كردووە.
3- كۆ دەنگی زانایان: هەبوونی ئیجماع لە كاتی هەبوونی دەقی شەرعی لە كیتاب و سوننەتدا عارەب واتەنی تحصیل حاصل و گومانی تێدا نییە كە زانایان هەموویان ملكەچی فەرمانەكانی قورئان و سوننەتن و جەختی لەسەر دەكەنەوە، بۆیە ئیجماعی هەموو زانایان لەسەر ئەوەیە حەج واجبە و یەك جار لەسەر موسوڵمانە لە هەموو تەمەنیدا ئەنجامی بدات. ئەو ئیجماعەش هەرچەند هیچ بەڵگەیەكی ناوێت كە ڕوویداوە بەڵام ابن المنذر لە كتێبی الإجماع دا نەقڵی كردووە و هەروەها ابن تیمیة لە شرح العمدة 1/87 باسی كردووە.
بەڵام دەبێت هاوكات ئاماژە بەوە بدرێت كۆدەنگی زانایان بۆ خۆی سەرچاوەیەكی سەربەخۆ نییە لەگەڵ كیتاب و سوننەتدا، بەڵكو ئیجماع و قیاسیش پاشكون و مەڕەدیان هەر بۆ كیتاب و سوننەتە نەك بەڵگەی سەربەخۆ بن ، بۆیە هەموو بەڵگەیەكی شەرعی دەبێت ئەسڵەكەی لە كیتاب و سوننەتدا هاتبێت.
دووەم: پێگەی حەج لە ئیسلامدا:
1- حەج یەكێكە لەو كۆڵەكە گەورانەی كە ئیسلامی لەسەر درووست بووە، بۆیە هەركەسێك توانای ئەنجامدانی هەبێت ونەیكات، ئەوە دەستبەرداری ڕوكنێكی ئیسلام بووە، موسوڵمان بوونیش كامڵ و بێ نوقسانی نابێت تاكو ئەو فەریزە بەجێنەهێنێت. چونكە حەج پێنجەمین كۆڵەكەی ئیسلامە، هەركەسێك توانای هەبێت دەبێت حە بكات.
تێگەیشتنی جومهوری زانایانیش بۆ كاتی ئەنجامدانی فەیرزەی حەج ئەوەیە كە توانای بوو دەست بەجێ و بێ دواكەوتن واتە فەوری دەبێت حەجەكەی ئەنجام بدات، بە پێچەوانەی هەندێك لە زانایان كە وتوویانە فەرزە لەسەری (علی التراخي) ئونجام بدات، واتە لەو كاتەی كە واجب دەبێت لەسەری و توانای ئەنجامدانی هەیە ئاساییە دوای بخات و كەی ویستی بیكات. ئەگەر كەسێكیش وا بكات لەوانەیە دواتر نەخۆش بكەویت یان ڕێگرێكی بۆ درووست بێت ڕێگای حەج كردنی لێ بگرێت.
2- ئینجا لەبەر گەورەیی پێگەی حەج لە ئیسلامدا، هەركێ نكۆڵی لە فەرزبوونی ئەو حەجە بكات بەوە لە ئیسلام دەردەچێت، الله فەرموویەتی: (وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ).
3- حەج پشك وبەشێكی سەرەكییە لە دینی ئیسلام، هەركێ بەبێ هیچ پاساوێك ئەنجامی نەدات و لێی بەدەر بێت مەحروم و بێ بەشە لەلای الله، وەكو لە فەرموودەكەدا هاتووە: (الإسلامُ ثَمانِيَةُ أَسْهُمٍ : الإسلامُ سَهْمٌ ، والصَّلاةُ سَهْمٌ ، والزكاةُ سَهْمٌ ، والصَّوْمُ سَهْمٌ ، وحجُّ البيتِ سَهْمٌ ، والأَمْرُ بالمعروفِ سَهْمٌ ، والنَّهْيُ عَنِ المنكرِ سَهْمٌ ، والجهادُ في سبيلِ اللهِ سَهْمٌ ، وقد خَابَ مَنْ لا سَهْمَ لهُ) أخرجه البزار (2927). واتە ئیسلام هەشت پشكە و حەجیش یەكێكە لەو پشكانە، جا هەركێ لەو پشكە بێ بەش بێت لەلای الله مەحروم و بێ بەشە.
4- لە ڕاستیدا حەج جۆرێكە لە بەرجەستە كردنی ئیسلام بە شێویەكی گشتی، چونكە:
- حاجیان لە كاتی حەجكردندا هەموو جۆرەكانی تەوحیدی الله جێبەجێ دەكەن.
- باوكی پێغەمبەران و پێشەوای موەحیدان و ئیسماعیلی كوڕی ئەویان بیر دەكەوێتەوە علیهما السلام.
- هەروەها لە حەجدا یەكبوونی موسوڵمانان ویەكسانی لە نێوانیاندا و برایەتی موسوڵمانان بەرجەستە دەبێت.
- هەروەها حەج پەروەردە كردنە بۆ نەفس و دەرونی موسوڵمان وڕزگار بوونە لە خۆشەویستی ڕادەبەدەری دونیا و دەربازبوونە لە شەهوەت وحەزە ناشەرعییەكانی موسوڵمان.
لە كاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا، پێگەو گەورەیی ئەو شەعیرە بۆ موسوڵمان ڕوون دەبێتەوە و چەندین وانەی گەورەو گران لەو گەشتە پیرۆزەدا فێر دەبێت.