#وانەكانی_حەج_وعومرە: 5
چەند ئامۆژگارییەك بۆ ئافرەتان دەربارەی حەج وعومرە
الله عزوجل پێغەمبەری صلی الله علیه و سلم بۆ هەموو مرۆڤایەتی ڕەوانە كردووە، داواكاری و تەكلیف و حوكمەكانیش وەكو چۆن ڕوویان لە نێرینە ئوممەتە بەهەمان شێوە ڕوویان لە مێینەكانی ئوممەتە، الله فەرموویەتی: (من عمل صالحا من ذكر أو أنثى وهو مؤمن فلنحيينه حياة طيبة ولنجزينهم أجرهم بأحسن ما كانوا يعملون) (النحل:97).
بنچینەیەكی شەرعی هەیە دەڵێت: (أن كل نص خوطب به الرجال فالنساء مخاطبات به أيضاً إلا ما استُثْنِيَ في الشرع) واتە: هەموو دەقێك ئاراستەی پیاوان كرابێت ئافرەتانیش دەگرێتەوە، جگە لەوە نەبێت كە شەرع ئافرەتانی پێ جیاكردوەتەوە.
لەم بەشەدا كۆمەڵە ئامۆژگارییەك لە قسەی زانایانەوە ئاراستەی دایكان و خوشكانی بەرێز دەكەم كە بەنیازی عومرە وحەج كردنن، بەدوایشیدا إن شاء الله هەندێك لە ئەحكامەكانی تری حەجكردنیان بە پوختی و بە بێ شیكردنەوەی بەڵگەكان پێشكەش دەكەم:
1- پێش دەرچوونت لەماڵ و دەست پێكردنی ئەو گەشتە پیرۆزە، نیەتی خۆت پاك بكەرەوە كە تەنها لەبەر ڕەزامەندی الله حەج و عومرە دەكەیت و هەموو نیازو مەبەستێك تر لە دڵی خۆت دوور بخەرە. هەروەها پێش دەست پێكردنی ئەو گەشتە لە هەمو تاوان و گوناهێك تەوبە بكە.
2- هەوڵ بدە ماوەیەك پێش دەرچوونت و لە كاتی گەشتەكەشتدا بۆ حەج، خۆت فێری مەسەلە شەرعییەكانی حەج كردن بكەیت، توانات هەبوو كتێبی تایبەت بە مەناسیكی حەج بخوێنەوە، گوێ لە موحازەرات و وانەی پەیوەندیدار بە حەج و بە عومرە بگرە، پرسیار لە ئەهلی عیلم بكە، بۆ ئەوەی نەكەویتەوە هیچ هەڵەیەكەوە لە كاتی حەج و عومرەدا.
3- خۆبۆنخۆش كردن بۆ ئافرەت نادرووستە و دەقەكان لەو بارەوە بە ڕاشكاوی هاتوون و ئەو كارە قەدەغە حەرام و كراوە لێێان، ئەوەت لەبیر نەچێت.
4- حەج كردنی ئافرەت بەبێ مەحرەم ئەگەرچی هەندێك لە زانایان بە كۆمەڵە مەرجێك ڕێگەیان داوە، بەڵام زۆربەی زانایان حەجكردنی ئافرەتیان بەبێ مەحرەم بە كارێكی حەڕام و قەدەغەكراو داناوە، بۆیە باشتر وایە نەچیتە سەر ئەو بۆچوونە و توندوتۆڵی لە دیندا هەڵبژێریت و بەو ڕوخسەتەی كە بۆچوونی هەندێك لە زانایانە كار نەكەیت، چونكە ئەوانەش كە ڕێگەیان داوە بە شێوەیەكی ڕەها ڕێگەیان نەداوە لەوانەیە حەجەكەشت بەو شێوە لەسەر بكەوێت بەڵأم لەگەڵ ئەوەدا تاوانیاریش بیت!
5- ئەگەر لەبەر نەخۆشییەك كە چاوەڕوانی چاكبوونەوەی لێ ناكرێت، یان لەبەر گەورەیی تەمەن توانای حەجكردنت نییە و توانای داراییت هەیە، درووستە كەسێك لە جیاتی خۆت بنێریت بۆ حەج كردن، بە مەرجێك خۆی پێشتر حەجی بۆ خۆی كردبێت.
6- كارێكی باش نییە و هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە ئیحرامی سپی بپۆشیت، ئافرەتانی سەلەف ئەو كارەیان نەدەكرد و جۆرێكیشە لە خۆچواندنی بە پیاوانەوە تێدا هەیە. زانایان فەرموویانە با ئافرەت جلی جوان و سەرنج راكێش بۆ ئیحرام لەبەر نەكات، بەڵكو جلێكی ئاسایی رەنگ مات بێت، ئەگەر هەر سپیشی لەبەر كرد با بەو شێوەی پیاوان نەبێت و ڕەنگی تری تێكەڵ بێت.
7- ئەگەر بە پێویستت زانی حەپی ڕێگرتن لە سوڕی مانگانە بەكاربهێنێت، ئەتوانیت ئەو كارە بكەیت بەمەرجێك زیانی بۆ تەندروستیت نەبێت، زانایان فەرموویانە بەڵگەیەك نییە لەسەر حەرامی ئەو كارە.
8- ئەگەر لە كاتی تێپەڕ بوونتدا بەلای میقاتدا تووشی سوڕی مانگانە بووبوویت، نیەت دەهێنیت و ئیحرامی خۆت دەكەیت، چونكە پاكبوونەوە بە مەرج نەگیراوە بۆ ئیحرام كردن، تۆیش حاڵت حاڵی ئافرەتانی تر كە ئیحرام دەكەن وهەموو كارەكانی تر دەتوانیت ئەنجام بدەیت وەكو غوسل كردن لە میقات و نییۆك گرتن ولەسەر نیەت و ئیحرامەكەت دەمێنیتەوە تاكو پاك دەبیتەوە و غوسڵ دەكەیت و تەواف دەكەیت.
9- ئەگەر لە دوای تەواوكردنی تەواف بەدەوری بەیتدا تووشی سوڕی مانگانە بوویت، ئەوە بەردەوام دەبیت لە سەعی كردنەكەت چونكە سەعی كردن لە نێوان سەفا و مەڕوادا تەهاڕەتی پێویست نییە.
10- لە درێژایی گەشتەكەتدا سووربە لەسەر ئەوەی زمانت لە غەیبەت و هەر قسەیەكی بێ سوود پارێزراو بێت، خۆت بە شتی بێ سوود و نەشیاو سەرقاڵ مەكە، كاتەكاتەكانت بە زایە مەدە و لە عیبادەتدا بەسەریان ببە ئەوەندەی پێت دەكرێت، تەلبیە كرنیش واتە وتنی لبیك اللهم لبیك بە دەنگی بەرز مەكە، بەڵكو بە دەنگێكی نزم ئەنجام بدە.
11- وریابە لە كاتی تەواف كردن بە دەوری كەعبەدا خۆت بخەیتە ناو قەرەباڵغی و شانەشان لەگەڵ پیاواندا، ماچكردنی بەردە ڕەشكە پاساو نییە بۆ ئەو كارە، چونكە ماچ كردنی بەردە ڕەشەكە سوننەتە وتێكەڵ بوون بەو شێوە لەگەڵ پیاوانی نامەخرەمدا حەڕامە، درووست نییە سونەتێك لە پێناو ئەنجامدانی حەڕامێكدا بكەیت. بە هەمان شێوە لە جێگاكان تری حەجەكەتدا خۆت لە نزیك بوونەوەی زۆر لە پیاوان و بەریەككەوتن لەگەڵیاندا بپارێزە، لە مەسعی و لە ڕەجم كردنی شەیتان و لە هەموو جێگاكاندا.
12- لە كاتی تەواف كردنی پیاواندا كە لە شەوتی یەكەمدا خێرا ڕێدەكەن، درووست نییە بۆ تۆیش وا بكەیت و ئەو كارە بۆ پیاوان سوننەتە و بۆ ژنان سوننەت نییە، دواتریش كە لە قژت دەگریت نابێت ئەو كارە بەبەرچاوی پیاوانەوە بكەیت.
13- ئەگەر لە كاتی فڕەدانی بەردەكاندا قەرەباڵغی زۆر هەبوو، یان نەخۆش بوویت و نەتتوانی بەخۆت بڕۆیت، ئاساییە مەحرەمەكەت، یان كەسێكی تر بكەیت بە بریكاری خۆت و لە جیاتی تۆ ئەو كارە بكات و فیدیەشت ناكەوێتەسەر مادام پاساوت هەبووە.
14- لە كاتی قسە كردنت لەگەڵ مەحرەمەكەتدا، یان لەناو سەیارە، یان لەو شوێنانەی ك لێی دەمێننەوە، یان لە هەر شوێنێكی تر هەمیشە با دەنگت بەرز نەبێت، ئەو دەنگ نزمییە خەسڵەتێكی شەرعیە و سیفەتێكی جوانە بۆ تۆ، بەپێچەاونەشەوە دەنگ بەرزكردنەوە بۆ ئافرەتان كارێكی جوان نییە و ناشەرعیییە.
15- لە ڕۆژانی مانەوەتدا لە مینا وریای ئەوە بە كاتەكانت بە گەڕان بەناو دەستگێڕ و شتفرۆشەكاندا بەسەر ببەیت و بەردەوام خەریكی شت كڕین و دیاری كڕین بیت، هەوڵ بدە ئیشوكارەكانت لە كاتێكی دیاریكراودا تەواو بكەیت و سوود لەو كاتە بەنرخانەی خۆت وەربگریت، چونكە ئەو كاتانە بە ئاسان دووبارە نابێتەوە.
16- ئەوەت لەبیر نەچێت و بەڵكو دڵنیاشبە كە هەموو ئەو حەشاماتەی لەو جێگا پیرۆزانەدا بۆ حەج كردن بوونیان هەیە، نەك هەر هەموویان مەلائیكەت وخەڵكانێكی پاك وپاراو نین، بەڵكو خەڵكی هەمەجۆرەیان تێدایە، تەنانەت دزو پیاو خراپ و جۆرەها خەڵكی نەفس نزم بە مەبەستی جۆراوجۆرەوە خۆی دەكاتە نێو ئەو خەلكە پاك و خاوەن تەقوایەدا، بۆیە هەمیشە وریای خۆتبە و لە هیچ جێگەیەكدا نەلەتەواف و نە لە سەعی كردن و نە لە ڕەجم كردنی شەیتاندا، نزیكی قەرەباڵغی پیاوان مەكەوە و ئەوەندەی پێت دەكریت خۆت ناچار مەكە بەریەككەوتنت هەبێت لەگەڵیاندا.
17- ئەگەر فەریزەی حەجت بەجێهێناوە پێشتر، نەسیحەتت ناكەم جارێكی تر حەج بكەیتەوە، چونكە زۆر حاڵەت هەیە لە حەجدا هەرچەند خۆت بپارێزیت ڕەنگە هەر توشی هەندێ حاڵەت ببیت كە لە ڕووی شەرعەو جائیز نییە، هەندێ جار هەیە ئافرەت بە هۆی گەرماو تێكچوونی باری تەندروستی ڕەنگە هەڵوێستێكی وا درووست بێت و دۆخەكە وا بخوازێت پیاوێكی نامەحرەم هاوكاری بكات و زۆر شتی ناخۆش و چاوەروان نەكراوی تر لە كاتی ئەنجامدانی شەعیرەی حەجدا ڕوو دەدەن ئەستەمە بۆ ئافرەت بەبێ گوناهبار بوون لێی دەربچێت.
18- ئەو ئافرەتەی كە مێردەكەی وەفاتی كردووە و هێشتا عیددەكەی تەواو نەبووە درووست نییە بچێت بۆ حەج كردن، با مەحرەمیشی لەگەڵدا بێت هەر درووست نییە، ئەو مەسەلەش لە قورئان و لە سوننەتدا جێگیر بووە: الله تعالی فەرموویەتی: (والذين يتوفون منكم ويذرون أزواجاً وصية لأزواجهم متاعاً إلى الحول غير إخراج) البقرة:240. لە سوننەتیشدا هاتووە ئەو ئافرەتەی كە پیاوەكەی كوژرا وهاتە لا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وئیزنی لێ وەربگرێت بچێت ماڵی كەسوكاری، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕێگەی نەدا و پێی فەرموو: (امكثي في بيتك حتى يبلغ الكتاب أجله) واتە لەماڵی خۆتدا بمێنەوە تاكو عیددەكەت تەاوو دەبێت.
19- ئەگەر پرسیارت لێ كرا دەربارەی هەر مەسەلەیەك یان حوكمێك سەبارەت ڕوكن و واجب و سوننەت و كەفارەت و هەر باسێكی تری فەریزەی حەج، مەگەر سەد لەسەد دڵنیا بیت لە وەڵامەكەی، ئەگینا درووست نییە و نابێت بەبێ زانست وبەڵگەی شەرعی قسە بكەیت و وەڵامی پرسیاری هیچ كەسێك بدەیتەوە. بەڵام لە هەموو قسەیەكی باش و حوكمێكی شەرعی كە لێی دڵنیایت دەتوانیت فەرمان بەچاكە بكەیت و نەهی لە خراپە بكەیت.
20- لە هاوڕێ و هاوسەفەری نەشارەزا لە شەرع و ئەوانەی خەریكی شتی پڕوچووچن خۆت بەدوور بگرە، چونكە لەگەڵ ئەو جۆرە كەسانەدا تووشی غەیبەت و قسەی بەتاڵ و هەندێ جار لەوانەیە توشی بوختان و گومانی خراپ بەخەڵك و شتی لەو جۆرە ببیت، بۆیە هەموو كاتەكانت یان كار و قسەی باش بەسەر بەرە یان بەبێ دەنگی، چونكە بێ دەنگی ئەگەر لەبەر ئەوە بێت لە غەیبەت و تاوان پارێزراو بێت دەبێتە عیبادەت بۆت. دەشتوانیت خۆت وابەستە بكەیت و بڕیار بدەیت ڕۆژانە كۆمەڵێك زۆر زیكر و قورئان خوێندن بكەیتە واجب بەسەر خۆتدا بەو شێوە هەرچی كاتت زیادە هەیە لە ڕەزامەندی الله تعالی بەسەر ئەبەیت و حەجەكەشت إن شاء الله حەجێكی مەبرور و وەرگیراو دەبێت.
21- ئەوەندەی لە تواناتدا هەیە كەسێكی ڕوح سووك و خزمەت گوزار بە مەحرەمەكەت و ئەو كەسانەی كە هاوسەفەرتن، بەبێ ئەوەی ئەوە وا بكات هەنگاوێكی ناشەرعی بنەیت وەكو مامەڵە كردن و قسەكردنی زۆر لەگەڵ پیاوان یان تێكەڵ بوون لەگەڵ كەسانی نامەحرەمدا.
22- شتێكی باشە بۆ ماڵ و مناڵی خۆت هەندێ دیاری بكڕیت بەبی ئیسراف كردن چونكە ئەوە جەوێكی خۆش لەلای خێزانەكەت درووست دەكەیت، بەبێ ئەوەی بچیت بۆ هەرچی خزمان و دراوسێ و ئەوانەی لە كاتی گەڕانەوەت سەردانت ئەكەن دیاری بكڕیت هەم خۆت بارگران بكەیت بە مەسرەفی زیاد و هەم خەڵكانێكی تریش كە لەوانەیە توانای ئەو كارەیان نەبێت ناچار بكەیت بەبۆنەی تۆوە و لەبەر عەیبە و شەرمی لایەنی كۆمەڵایەتی ئەو كارە بكەن، بەڕاستی ئەوە عادەتێكی خراپە ئەو كەسەی بچێت بۆ حەج بیكاتە واجب بەسەر خۆیەوە هەر كەسێك سەردانی بكات بە كیسەیەك دیاری بەڕێبكرێت، بەڵكو ئەوە ڕێچكەیەكی خراپە بەبۆنەی تۆوە خەڵكانی تریش شەرم دەیانگرێت و ناچار دەبن بارێك دیاری بكڕن بۆ ئەو خەڵكەی كە سەرادنیان دەكەن كە ئەوە هیچ بنەمایەكی لەشەرعدا بەو شێوە نییە.