العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئایا درووستە لەنوێژدا دەستم لەژێر ناوكەوە بگرم؟
: 407
2022-07-05
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان : 57 ئایا درووستە لەنوێژدا دەستم لەژێر ناوكەوە بگرم؟ جێگای دەستگرتن لە نوێژدا، یەكێكە لەو مەسەلانەی لەسەردەمی سەلەفەوە تاكو ئێستا جیاوازی لەسەر هەیە و زانایان یەك ڕاو بۆچوون و تێگەیشتنیان لەسەری نییە، ئەوەش بۆ حاڵی ئەو دەقانە و حوكمی زانایان بەسەریاندا دەگەڕێتەوە كە كراون بەبەڵگە لەسەر ئەو پرسە. بە گەڕانەوەش بۆ قسەی زانایان و وردبوونەوە لەو بەڵگانەی كە لەم بارەوە هاتووە و لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا بەوە گەیشتووم كە: بنەمای ئەو بۆچونە لەسەر فەرموودەكەی وائل بن حُجْرٍ رضي الله عنه لە باوكییەوە سەرچاوە دەگرێت كە فەرموویەتی: (رأيت النبي -صلى الله عليه وسلم- وضع يمينه على شماله في الصلاة تحت السرة) واتە پێغەمبەرم بینی صلی الله لعیه وسلم دەستی ڕاستی خستبووە سەر دەستی چەپی لە ژێر ناوكییەوە لە كاتی نوێژكردندا. ئەم فەرموودە ئەگەرچی فەرموودەناسان سەنەدەكەیان بە (جید) ناوبردووە بەڵام فەرموویانە وشەی (تحت السرة) زیادەیە و جێگیر نەبووە. شێخ مُحَمَّد حَيَاة السِّنْدِيُّ لە كتێبی"فَتْحِ الْغَفُورِ" دا وتوویەتی ئەو زیادەیە سەهوێكە و بەهەڵە خراوەتە ئەو جێگەیە و تیكەڵ بوونێك لە مەسەلەكەدا هەیە. دانەری كتێبی: "الدُّرَّةِ في إِظْهَارِ غِشِّ نَقْدِ الصُّرَّةِ" بەهەمان شێوە دەڵێت: من گەڕاومەتەوە بۆ ئەسڵی دەستنووسەكەی ابن أبي شیبة لە كتێبی (المصنف )دا و وشەی (تحت السرة) ی تێدا نییە و ئەوە سەهوێكە و بەهەڵە ئەو وشە دانراوە و وادیارە لەگەڵ ئەسەرێكی إبراهیم النخعي دا تێكەڵ بووە كە ابن أبي شیبة لە مصنف دا بەدوای ئەو فەرموودەدا هێناوێتی. وتوویانیشە پێشەوا أحمد لە موسنەدەكەیدا هەمان ئەو فەرموودەی بە بێ ئەو زیادەیە گێڕاوەتەوە. پێشەوا (ابن عبدالبر )یش لە كتێبی (التمهید) دا فەرموویەتی ئەو زیادەیە جێگیر نابێت و صحیح نییە. لە قسەی (ابن حجر العسقلاني) و (السوطي) ش بەهەمان شێوە ئەوە دەردەكەوێت كە زیادەی (نحت السرة) لاوازە و ڕاست نییە. بە كورتی فەرموویانە فەرموودەكەی (وَائِلِ بن حُجْرٍ) الله لێی رازی بێت سەنەدەكەی باشە بەڵام ئەو زیادەی كە دەڵێت پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەستی لە ژێر ناوكی گرتووە لە ناو نوێژدا جێگیر نییە و زانایان نكۆڵییان لێ كردووە. بەڵكو شێخ مصطفی العدوي لە هاوچەرخەكاندا كە لە لێكۆڵینەوەی فەرموودە و سەنەددا یەكێكە لە شارەزاترین زانایانی ئەم سەردەمە، دەڵێت: هیچ فەرموودەیەك كە ئاماژەی بۆ دانانی دەست كردووە لە نوێژدا لەسەر سنگ یان خوارەوەی یان لەسەر سك یان خوارەوەی ناوك هەر هەموی لاوازە و هیچیان پشتیان پێ نابەسترێت بۆ یەكلاكردنەوەی شێوەیەك لە شێوەكانی دەست گرتن لەناو نوێژدا بۆیە وەكو دەڵێت: (الأمر فی هذا واسع) واتە مەسەلەكە فراوانە و بواری زۆرە و پێویست بەوە ناكات لەو مەسەلەدا كەس نكۆڵی لەسەر كەس بكات، چونكە كەسیان بەڵگەیەكی بەهێزیان پێ نییە مشتومڕ و ڕەخنە هەڵنەگرێت، تەنانەت دەڵێت ئەو فەرموودەی (وائل بن حجر) یش كە شەیخی ئەلبانی لە (صفة الصلاة) دا پشتی پێ بەستووە كە دەست لەناو نوێژدا بخرێتە سەر سنگ صحیح نییە. چونكە زیادەی (علی صدره) زیادەیەكی (شاذة) و صحیح نییە، مەبەست لە (شاذ) ئەوەیە فەرموودەیەكی لەوە صحیح تر هاتووە بەبێ ئەوەی باسی ئەوە بكات پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لەناو نوێژدا دەستی خستبێتە سەر سنگی . بە كورتی دەست گرتن لە ناو نوێژدا لەخوارەوەی ناوك یان لە سەرەوەی یان لەسەر سنگ یان لەسەر مل و لەسەرووی سنگەوە هیچی بەڵگەی لەسەر نییە و بەڵگەكان بەدەر نین لە ڕەخنەی فەرموودەناسان، بۆیە چۆن دەست بگیرێت درووستە و ئاساییە، بەڵكو پێشەوا مالك بن أنس بەڕەحمەت بێت دەیفەرموو بۆ نوێژی فەرز شارەزای بەڵگەیەك نیم دەستگرتن واجب بكات بەڵام لە نوێژە سوننەتەكاندا ڕیگەی دەدا، هەرچەند زانایان وەڵامی ئەو بۆچوونەی پێشەوا مالك یان داوەتەوە ومەبەستم ئەوە نییە بڵێم ئەو بۆچوونە ڕاستە. یادەورەی: لە بیرمە لە كۆتایی هەشتاكاندا بەكاریگەر بوون بە كتێبی (صفة الصلاة) ی شێخ ناصرالدین الألباني لە ناو نوێژدا دەستمان دەخستە سەر سنگمان، ئەوەش مەلای مزگەوت و نوێژخویێەكان و بەتایبەتی پیرەكانی زۆر توڕە دەكرد و دەیانوت ئەمانە وەهابین ودینێكی تازەیان هێناوە ! بەڵام خۆیان كە هیچیان لەشەرع وبەڵگەی شەرعی نەدەزانی دەستیان لە خواری ناوكیان دەگرت، ئێمەش ئەڵبەتە ئەوەمان بەهەڵەیەكی ڕوون و ئاشكرا دەزانی ! إحسان برهان الدین 2 شوّال 1443 2022-5-3