/شەرحی (أصول السنة) ی پێشەوا أحمد بن حنبل/
بەشی 14
: 637
2023-05-18
#شەرحی_أصول_السنة_ی_پێشەوا_أحمد_بن_حنبل: 14
الله لە ڕۆژی قیامەتدا لەگەڵ بەندەكانیدا قسە دەكات
لەدوای باسكردنی بنەمای باوەڕهێنان بە تەرازوو لە ڕۆژی قیامەتدا، پێشەوا أحمد بن حنبل بنەمایەكی تری ئەهلی سوننەت دەخاتەڕوو و دەڵێت:
(وَأَنَّ اَللَّهَ يُكَلِّمُ اَلْعِبَادَ يَوْمَ اَلْقِيَامَةِ لَيْسَ بَيْنَهُمْ وَبَيْنَهُ تُرْجُمَانٌ، وَالْإِيمَانُ بِهِ وَالتَّصْدِيقُ بِهِ.) واتە: یەكێكی تر لە بنچینەكانی ئەهلی سونەت و جەماعەت ئەوەیە كە الله عزوجل لە ڕۆژی قیامەتدا بە دەنگ و بە پیت، قسە لەگەڵ بەندەكانیدا دەكات، بێ ئەوەی وەرگێڕێك هەبێت لە نێوانیاندا ئەو بەندە تێبگەیەنێت، بەڵكو بەنە خۆی بەئاسانی لە ئاخاوتنی پەروەرگاری تێدەگات.
نكۆڵی كردن لە قسە كردنی الله تعالی - وەكو ابن عبد الله بن جبرین دەڵێت - یەكێكە لە كۆنترین ئەو بیدعانەی تاقمەگومڕاكان دایانهێناوە ، بۆیە پیشینانی چاكی ئەم ئوممەتە زۆر بە شیكراوەیی لەسەر مەسەلەی ئاخاوتنی الله تعالی ڕۆیشتوون و بەرپەرچی تاقمە گومڕاكانی وەكو جەهمییەكانیان داوەتەوە و وتوویانە الله گوفتاری هەیە وكەی بیەوێت قسە دەكات وهەركێیش كە خۆی ویستی لەسەر بێت، گوێبیستنی گوفتارەكانی دەبێت.
هەروەها ئەوەشیان ڕوون كردووەتەوە كە سیفەتی كەلام واتە ئاخاوتن وقسە كرن، سیفەتێكی مەدح و ستایشە و نكۆڵی كردن لەو سیفەتە دەبێتە سیفەتێكی كەموكورتی وعەیبەیە دەدرێتە پاڵ الله عزوجل، وەكو چۆن پەروەردگار لە سوڕەتی الأعراف دا بە بەنی ئیسڕائیلی فەرمووە: (أَلَمْ يَرَوْا أَنَّهُ لَا يُكَلِّمُهُمْ) الأعراف:148. واتە: ئایا هەست بەوە ناكەن و نایبینن كە ئەو پەرستراوەیان توانای قسەكردنی نییە و الله عزوجل ئەوەی بە عەیب و كەمییەك ژماردووە، چونكە الله تعالی لەگەڵ پێغەمبەرەكانیدا علیهم السلام قسە دەكات و ڕێنوێییان دەكات.
لێرەدا مەسەلەیەك هەیە ئەویش ئەوەیە كە ئەهلی سوننەت دەربارەی كەلام و ئاخاوتنی الله تعالی فەرموویانە (كلام الله قدیم النوع، متجدد الآحاد) واتە: ئاخاوتنی الله وەكو جۆر و ڕەگەزی ئاخاوتن كۆنە و ئەزەلییە، بەڵام لە ڕووی بەشەكانی ئەو ئاخاوتنەوە نوێ دەبێتەوە، واتە الله هەمیشە سیفەتی كەلامی هەر هەبووە و متكلم بووە، بەڵام هەركەی بیەوێت قسە دەكات و ئاخاوتنی دەبێت مەبەستیان ئەوەیە لە وشەی (متجدد)، ئینجا سیفەتی قسەكردن سیفەتێكی فیعلی كرداری وابەستەیە لەگەڵ زاتی الله تعالی كەی بیەوێت قسەدەكات.
لە فەرموودەدا هاتووە (یدْنَى المؤمنُ يومَ القيامة من ربه حتى يضع كَنَفَهُ عليه، فيُقرِّرُه بذنوبِه، فيقول: أَتَعْرِفُ ذنبَ كذا؟ أَتَعْرِفُ ذنبَ كذا؟ فيقول: ربِّ أعرف، قال: فإني قد سَترتُها عليك في الدنيا، وأنا أغْفِرُها لك اليوم، فيعطى صحيفة حسناته) متفق علیه. وەكو دیارە لە فەرمووەكەدا الله تعالی لە ڕۆژی قیامەتدا ئاخاوتن لەگەڵ بەندەكانیدا دەكات وتاوانەكانی بیر دەخاتەوە و پێی دەڵێت لێت خۆشبوومە.
لەو فەرموودەو لە چەندین فەرموودەی تردا ئەوە وەردەگیرێت كە الله تعالی لە ڕۆژی قیامەتدا بەبێ هیچ هۆكار و وەرگێڕ و تەرجومانێك لەگەڵ بەندەكانیدا قسە دەكات، بە دەنگێك قسەیان لەگەڵدا دەكات و بانگیان دەكات، ئەوەی نزیكە و ئەوەی دوورە وەكو یەك ەیبیسن، ئەمەش - وەكو پێشەوا بوخاری بەڕەحمەت بێت فەرموویەتی - بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دەنگی الله تعالی جیاوازە لە دەنگی بەنەكانی.
هەروەها ئەوەی لێ وەردەگیرێت لەگەڵ بەڵگە پەیوەندیدارەكانی تری كیتاب و سوننەتدا كە بەندەكان لە پاش مردن و لە ڕۆژی قیامەتدا زیندوو دەكرێنەوەو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەركێیش ئەو زیندوو بوونەوە بەدرۆ و بە ئەفسانە بزانێت ئەوە بە دەقی قورئان كافر دەبێت وكو الله عزوجل فەرموویەتی: (زَعَمَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَن لَّن يُبْعَثُوا ۚ قُلْ بَلَىٰ وَرَبِّي لَتُبْعَثُنَّ ثُمَّ لَتُنَبَّؤُنَّ بِمَا عَمِلْتُمْ ۚ وَذَٰلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ) التغابن:7. هەروەها الله تعالی فەرموویەتی: (وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَا تَأْتِينَا السَّاعَةُ ۖ قُلْ بَلَىٰ وَرَبِّي لَتَأْتِيَنَّكُمْ) سبأ:3.
الله تعالی لە سێ جێگەی قورئاندا فەرمانی بە پێغەمبەرەكەی كردووە كە سوێند لە سەر زیندوو بوونەوە بخوات، چونكە باوەڕ هێنان بە زیندوو بوونەوە بنەماو بنچینەیەكە لە بیروباوەڕی ئیسلامیدا هەركێ باوەری پێی نەبێت لە بازنەی ئیسلام دردەچێت، ئایەتەكان بریتین لە:
- (زَعَمَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَن لَّن يُبْعَثُوا قُلْ بَلَى وَرَبِّي لَتُبْعَثُنَّ ثُمَّ لَتُنَبَّؤُنَّ بِمَا عَمِلْتُمْ وَذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ ) التغابن:7.
- (وَيَسْتَنبِئُونَكَ أَحَقٌّ هُوَ ۖ قُلْ إِي وَرَبِّي إِنَّهُ لَحَقٌّ ۖ وَمَا أَنتُم بِمُعْجِزِينَ) یونس:53.
- (وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَا تَأْتِينَا السَّاعَةُ ۖ قُلْ بَلَىٰ وَرَبِّي لَتَأْتِيَنَّكُمْ عَالِمِ الْغَيْبِ ۖ) سبأ:3.
2022-05-30
2021-10-14
2022-06-27
2018-04-08
2022-07-05
2018-04-10