العربیة
/هه‌ڵه‌ و بیدعه‌كانی جومعە/
بيدعه‌كانى جومعه‌: 15كردنه‌وه‌ى نوێژى نيوه‌ڕۆ دواى نوێژى هه‌ينى
: 547
2018-04-04

بيدعه‌كانى_جومعه:15 كردنه‌وه‌ى نوێژى نيوه‌ڕۆ دواى نوێژى هه‌ينى

كردنه‌وه‌ى نوێژى نيوه‌ڕۆ دواى نوێژى هه‌ينى
له‌و بيدعانه‌ى كه‌ ساڵانێك له‌ مزگه‌وته‌كاندا ئه‌نجام ئه‌درا وئێستا ئه‌وه‌نده‌ى من بزانم به‌ ده‌گمه‌ن ده‌كرێت ، مه‌سه‌له‌ى كردنه‌وه‌ى نوێژى نيوه‌ڕۆيه‌ پاش نوێژى جومعه‌.

من خۆم له‌ نێوان ساڵه‌كانى 1988 و 1990كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ خوێندكارى ئاماده‌يى بووم ئه‌وديارده‌يه‌م به‌ به‌رده‌وامى له‌ مزگه‌وتى گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان ئه‌بينى كاتێك مامۆستاى مزگه‌وته‌كه‌ نوێژى نيوه‌ڕۆى له‌ پاش نوێژى جومعه‌ ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام من و كۆمه‌ڵێك گه‌نجى تر ده‌رئه‌چووين و نه‌مان ئه‌كرد، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌لايه‌ن مامۆستا و خه‌ڵكى مزگه‌وته‌كه‌ نيشانه‌ى پرسيار و ناڕه‌زايى بوو.

له‌ ڕاستيدا ئه‌سڵى ئه‌م بيدعه‌يه‌ له‌ كێشه‌يه‌ك سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت پێى ده‌وترێت (تعدد الجمع) واته‌ ئه‌نجامدانى نوێژى جومعه‌ له‌ زياتر له‌ مزگه‌وتێكدا، چونكه‌ له‌ سه‌رده‌مانى يه‌كه‌م به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى له‌يه‌ك مزگه‌وتدا ئه‌نجام ئه‌درا كه‌ ( المسجد الجامع) ى پێ ده‌وترا، به‌ڵام كاتێك به‌غدا گه‌وره‌ بوويه‌وه‌و ڕوبارى ديجله‌ شاره‌كه‌ى كرد به‌ دوو كه‌رته‌وه‌ وخه‌ڵكى ئيتر نه‌يانتوانى به‌ ئاسانى بپه‌ڕنه‌وه‌ ئه‌م به‌رى ڕوباره‌كه‌ بۆ نوێژى جومعه‌، ئيتر به‌ فه‌تواى هه‌ندێ زاناى مه‌زاهيبه‌كان و له‌ ڕووى ئيحتياته‌وه‌ - كه‌ ئه‌م وشه‌ كاره‌ساتى زۆرى به‌سه‌ر ئوممه‌تداهێناوه‌ - نوێژى نيوه‌ڕۆيان پاش نوێژى جومعه‌ ئه‌كرده‌وه‌.

مه‌سه‌له‌ى (تعدد صلاة الجمعة) قسه‌يه‌كى زۆرى له‌سه‌ر كراوه‌و له‌ لايه‌ن زانايانى مه‌زهه‌به‌كانه‌وه‌، به‌ شێوه‌يه‌كى گشتيش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێويستى به‌و فره‌ ئه‌نجامدانه‌ى نوێژى هه‌ينى هه‌يه‌ و، به‌ هۆى خه‌ڵك و مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامدانى جومعه‌ له‌ زياتر له‌ جێگه‌يه‌ك بووه‌ته‌ ئه‌مرى واقيع، بۆيه‌ له‌ مه‌زهه‌بى شافيعى ه‌ مه‌زهه‌به‌كانى تريش بوارى ئه‌وه‌ داوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ نوێژى جومعه‌ دووباره‌ بكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ بيدعه‌يه‌كه‌ (ما أنزل الله بها من سلطان)، چونكه‌ ئه‌نجامدانى دوو فه‌رزه‌ له‌ يه‌ك كاتدا كه‌ ئه‌وه‌ش جائز نييه‌ به‌ڵگه‌كانيش له‌و باره‌وه‌ زۆر ڕوون و ئاشكران به‌ڵام له‌م كورته‌ باسه‌دا ناكرێت شيبكرێنه‌وه‌.

جمال الدين القاسمي، يه‌كێكه‌ له‌و زانايانه‌ى له‌ كتيبى إصلاح المساجد ل 45 - 46 له‌و باره‌وه‌ فه‌رموويه‌تى: وقد اتفق في عهد حسين باشا والي مصر المذاكرة لديه في بدعة الظهر جماعة بعد الجمعة فمنع أهل الأزهر منها ، نقله الشبراملسي في رسالته التي ألفها في سبب صلاة الظهر يومئذ فرحمه الله على منعه من هذه البدعة وأثابه خيراً ووفق من تنبه لمنعها بمنّه وكرمه ] واته‌: له‌سه‌رده‌مى والى ميسر حسين باشا وتووێژ له‌سه‌ر بيدعه‌ى كردنه‌وه‌ى نوێژى نيوه‌ڕۆ پاش نوێژى جومعه‌ كرا و زانايانى ئه‌زهه‌ر ئه‌وه‌يان قه‌ده‌غه‌ كرد، بۆيه‌ ڕه‌حمه‌تى خوا له‌و واليه‌و له‌ ئه‌زهه‌ر كه‌ ئه‌و بيدعه‌يان قه‌ده‌غه‌ كرد.
له‌وانه‌ش كه‌ قه‌ده‌غه‌يان كردووه‌و به‌ بيدعه‌و حه‌راميان داناوه‌ محمد رشيدد رضا و وهبة الزحيلي و عبد العزيز بن باز ومصطفى الغلاييني له‌ "البدعة في صلاة الظهر بعد الجمعة"

هه‌روه‌ها له‌ زانا هاوچه‌رخه‌كان پرسيار له‌ (محمد بن صالح ابن عثيمين) كرا ئايا درووسته‌ نوێژى نيوه‌ڕۆ پاش نوێژى هه‌ينى بكرێت؟ ئه‌ويش فه‌رمووى:( إذا صلى الإنسان الجمعة فإن الجمعة هذه هي فريضة الوقت ـ أي فريضة وقت الظهر ـ وعلى هذا فلا يصلي الظهر، وصلاة الظهر بعد صلاة الجمعة من البدع؛ لأنها لم تأت في كتاب الله، ولا في سنة رسوله صلى الله عليه وسلم، فيجب النهي عنها، حتى ولو تعددت الجمع فإنه ليس من المشروع أن يصلي الإنسان صلاة الظهر بعد صلاة الجمعة، بل هي بدعة منكرة؛ لأن الله تعالى لم يوجب على المرء في الوقت الواحد سوى صلاة واحدة وهي الجمعة، وقد أتى بها.) پوخته‌ى قسه‌كه‌ى شێخ ئه‌وه‌يه‌ زياتر له‌ فه‌رزێك درووست نييه‌ له‌يه‌ك كاتدا و ئه‌نجامدانى نوێژى جومعه‌ له‌زياتر له‌ جێگه‌يه‌ك به‌هانه‌ نييه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى نوێژى نيوه‌ڕۆ و ئه‌وه‌ بيدعه‌يه‌كى ناشيرينه‌.

به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌وێت له‌ وته‌ى ئه‌هلى عيلم ئه‌نجامدانى نوێژى جومعه‌ له‌ زياتر له‌ جێگه‌يه‌كدا له‌ شارێك ئه‌گه‌ر پێويستييه‌كى ڕاسته‌قينه‌ نه‌بێت ئه‌بێته‌ كارێكى حه‌رام وله‌ كاتى هه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتێكى موسوڵمان و له‌ خواترس ئه‌سڵ ئه‌وه‌يه‌ ڕێگرى لێبكرێت، به‌ڵام هه‌رگيز نابێته‌ پاساو بۆ ئه‌وه‌ى دوو فه‌رز له‌يه‌ك كاتدا و شه‌ش فه‌رز له‌ ڕۆژێكدا بكرێتن والله أعلم.
إحسان برهان الدين
2017-7-18 سلێمانى