العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
مافەكانی ئافرەت بەسەر هاوسەریدا:28
: 435
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 28 مافەكانی ئافرەت بەسەر هاوسەریدا ئافرەت كۆمەڵێك مافی لەسەر مێردەكەی هەیە كە واجبە لەسەری جێبەجیی بكات، دەكرێت بیانكەین بە دوبەشەوە: بەشی یكەم: مافە داراییەكان: كە ئەوانەش خۆیان لەم مافانەی خوارەوەدا دەبیننەوە: 1- مارەیی: ئەو بڕە پارەیە كە پێویستە پیاو بیدات بە هاوسەرەكەی بە پێی گرێبەستی هاوسەرگیری، یان بە پێی چوونەلای خیزانەكەی كە (دخول)ی پێ دەوترێت. تەنانەت زانایان دەڵێن ئەگەر لە عەقدەكەشدا ناوی نەبرێت، هەر دەبێتە واجب لەسەر پیاوەكە مارەیی هاوشێوە (مهر المثل) لەگەڵ ئافرەتانی تر بۆ خێزانەكەی دابین بكات. ئینجا مارەیی ماقی تەنها ئافرەتەكە خۆیەتی، مەگەر خۆی بەبێ هیچ فشار و ناچار كردنێك بەشێكی بۆ كەسێك بكاتە دیاری، الله تعالی فەرموویەتی: (وآتوا النساء صدقاتهن نحلة) النساء:4. مارەییش وەكو زانایان دەفەرموون، دەكرێت لەسەرەتاوە بێت و دەكرێت دوا بخرێت ودەشكرێت بكرێت بەدوو بەشەوە. 2- خەرجی و نەفەقە: زانایان یەك دەنگن لەسەر ئەوەی خەرجی ئافرەت پێویستە لەسەر هاوسەرەكەی بە مەرجێك ئەو ئافرەتە خۆی لە مێردەكەی نەگرێتەوەو قەدەغە نەكات و لاساری و بێگوێی (نشوز) نەكات. مەبەست لە مافی خەرجی و نەفەقە ئەوەیە خواردن و جل وبەرگی پێویستی بۆ دابین بكات، تەنانەت ئەگەر ئافرەتەكە دەوڵەمەندیش بێت ئەو مافەی هەر هەیە، الله تعالی فەرموویەتی: (وعلى المولود له رزقهن وكسوتهن بالمعروف) البقرة/233 ، هەروەها فەرموویەتی: ( لينفق ذو سعة من سعته ومن قدر عليه رزقه فلينفق مما آتاه الله ) الطلاق/7 . 3- مافی نیشتەجێكردن: واجبە لەسەر پیاو بە گوێرەی توانای خۆی جێگای نیشتەجێ بوون بۆ خێزانەكەی دابین بكات. الله عزوجل فەرموویەتی: ( أسكنوهنَّ من حيث سكنتم مِن وُجدكم ) الطلاق/6. بەشی دووەم: مافەكانی تر: 1- دادگەری لە نێوان هاوسەراندا ئەگەر پیاوەكە زیاتر لە هاوسەرێكی هەبێت، مەبەست لە داگەری مانەوەیە لەلایان و دابین كردنی نەفەقە و پۆشاكی پێویستە بۆیان. بەڵام ئەو دادگەرەییە ئەوە ناگریتەوە یەكیكیانی لەوی تر یان لەوانی تر زیاتر خۆش بوێت چونكە ئەوە لە دەرەوەی توانای خۆیەتی، بەمەرجێك كار نەكاتە سەر مافی نەفەقە و مانەوە لەلایان. 2- پێویستە پیاو مامەڵە و ڕەفتار و ئاكاری جوان بێت لەگەڵ هاوسەریدا، الله فەرموویەتی: ( وعاشروهن بالمعروف ) النساء/19 ، وقوله : ( ولهن مثل الذي عليهن بالمعروف ) البقرة/228. هەورەها رسول الله صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: " استوصوا بالنساء " . رواه البخاري ( 3153 ) ومسلم ( 1468 ) . واتە لە نێوان خۆتاندا ڕاسپاردەی چاكەكردن لەگەڵ ئافرەتاندا بۆ یەكتر بكەن. 3- نابێت پیاو زیان بە هاوسەرەكەی بگەیەنێت، چونكە ئەگەر لە ئیسلامدا زیان گەیاندن بە هەموو كەسێك قەدغەو حەرام بێت، ئەوا لە پێشترە كە پیاو هیچ زیانێك بە هاوسەرەكەی خۆی نەگەیەنێت وچاكەی لەگەڵدا بكات. 4- پێویستە لەسەر پیاو خێزانی فێری دینەكەی بكات، ئەگەر خۆی پێی نەكرا ڕێگەی بدات لە سنووری ڕێگەپیدانی شەرعدا خۆی فێری زانستی شەرعی ببێت بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی و ماڵ و منداڵی بە گوێرەی شەرعی ئیسلام بەڕێوەببات. الله عزوجل فەرموویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ عَلَيْهَا مَلَائِكَةٌ غِلَاظٌ شِدَادٌ لَّا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ). التحریم:6. 5- هەروەها پێویستە لەسەر پیاو ئارام بگرێت لەسەر هەندێ خووی نەخوازراو كە لەوانەیە لە پێكهاتەو سروشتی ئافرەتەكەدا هەبێت و بەهۆی ئەوە خوو و خەسڵەتە نەخوازراوانەی ڕقی لێ هەڵنەگرێت، هەروەها بەدوای هەڵەكانیدا نەگەڕێت و لەسەری بیانژمێرێت كە لەوانەیە بەمەبەست ئەنجامی نەدابێت و ئاكارێكی جوانە لێبوردنی بەرانبەری هەبێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( لا يفرَكْ مؤمنٌ مؤمنةً، إن كرِهَ منْها خُلقًا رضِيَ منْها آخرَ أو قال: غيرَهُ). رواه سلم. واتە: هیچ ئیماندارێك ڕق لە ئیماندارێكی تر هەڵنەگرێت، ئەگەر حەز لە خەسڵەت و خوویەكی نەكات لە خەسڵەت وخوویەكی تری ڕازی دەبێت. 6- یەكێكیش لە خەسڵەتە جوانەكان كە ئیسلام پیاوان فێر دەكات ئەویە، بەئەمەك بن بەرانبەر بە خێزانەكانیان و چاكەیان لەبیر نەكەن، الله تعالی فەرموویەتی: (وَلَا تَنسَوُا الْفَضْلَ بَيْنَكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ) البقرة: 237. هەورەها لە ژیاننامەی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم ئەو ئەمەكە بە ڕوونی دەردەكەوێت، بۆ نموونە ئەمەكی بۆ دایكی ئیمانداران خەدیجە الله لێی ڕازی بێت كە تەنانەت لە دوای مردنیشی هەر ئەوی لەبیر بوو وباسی چاكەكانی دەكرد، جاری وابوو مەڕێكی سەردەبڕی و گۆشتەكەی بەسەر هاوڕێكانی خەدیجەدا دابەش دەكرد وەكو وەفایەك بۆ خەدیجەی خێزانی و دەیفەرموو: (إنَّها كانت، وكانت، وكان لي منها ولد) البخاري: 3818. واتە: وەسفی دەكرد و دەیفەرموو خەدیجە ئاوها و ئاوها بوو، مناڵم لێی بوو. 7- واجبە لەسەر پیاو خێزانی بپارێزێت و غیرەتی لەسەری هەبێت، لە هاوڕێ و خەڵك وشوێن و لایەنی خراپ دووری بخاتەوە و هەمیشە وەكو ئەمانەتێك تەماشای بكات كە پێویستە پارێزگاری لی بكات. 8- دابین كردنی پێویستییە مادی و مەعنەوییەكانی ئەركێكی تری پیاوە بەرانبەر خێزانەكەی. 9- مافی ئافرەتە مێردەكەی خۆی جوان و ڕێكوپێك بكاتەوە وەكو چۆن مافی پیاوە خێزانەكەی ئەو كارە بكات، الله تعالی فرەموویەتی: ﴿ وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ ﴾ [البقرة: 228]. هەروەهامافی ئافرەتە ئەوەی مێردەكەی پێی خۆشە خێزانی بۆی بكات لە ڕووی خۆشی وچێژ بردن، ئەویش بە هەمان شێوە بۆ خێزانەكەی ئەنجامی بدێت بۆ ئەوەی ڕێگای شەیتانی لێ ببرێت و هیچ پێویستییەكی تێرنەكراوی نەمێنیت، وەكو لە فەرموودەدا هاتووە: (وإن لأهلك عليك حقًّا) البخاري (1977)، مسلم (1159). 10- مافی ئافرەتە لەسەر پیاوەكەی دلی خۆش بكات لە سنووری شەرعدا، وەكو دەكرنی بۆ گەشت و گوزار و ئامادەبوون لە هەندی چالاكی و كاری خێردا كە لەگەل شەرعدا ناكۆك نەبێت، وەكو ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕێگەیدا عائیشە الله لێی ڕازی بێت لە دوورەوە تەماشای یاری حەبەشەكان بكات وەكو لە سەحیحی بوخاری وموسلیماد اهاتووە. 11- تاكو پێی بكرێت پێویستە پیاو گومانی باش بە هاوسەرەكەی ببات و گومانی خراپی پی نەبات، الله تعالی فەرموویەتی:﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اجْتَنِبُوا كَثِيرًا مِنَ الظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ وَلَا تَجَسَّسُوا ﴾ [الحجرات: 12]. 12- وەكو چۆن وتمان مافی پیاوە بەسەر ژنەكەی هەموو نهینییەكی بپارێزیت و لە كاتی تێكچوونی پەیوەندییان بەتایبەتی ڕێگە بەخۆی نەدات نهینییەكانی دەربكات، بەهەمان شێوە مافی ئافرەتە پیاوەكەی هەموو نهینییەكی بپارێزیت و دەری نەكات.