تێكه‌ڵبوون ودابڕان له واقیعی ئێستادا كامیان باشتره؟ الحمد لله والصلاة والسلام علی رسول الله وعلی آله و صحبه ومن والاه، وبعد: له بنچینه‌دا تێكه‌ڵ بوون به خه‌ڵكی و بانگه‌واز كردن بۆ دینی ئیسلام به‌و شێوه‌ی كه له قورئان و سوننه‌تدا هاتووه، بێ تێكدان و شێواندن و بێ ئه‌وه‌ی ئیسلام بكرێته ئامرازێك بۆ به ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی و پله‌و پایه‌و پاره، چاكتره له‌وه‌ی موسوڵمان له كۆمه‌ڵگه دابڕێت و بانگه‌واز بۆ دینی حه‌ق نه‌كات، ئه‌مه له ڕووی بنچینه و ئه‌سڵه‌وه وایه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك بنه‌مای زانستی و پێوه‌ر هه‌ن حوكمی كۆتایی له‌وباره‌وه دیاری ده‌كه‌ن، هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌شێكیان له‌م نووسینه‌مدا ڕوون بكه‌مه‌وه، چونكه ئه‌م باسه بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی كوردستان و منیش وه‌كو كه‌سێك كه ئاگاداری كاری ئیسلامیم و بۆ ماوه‌یه‌كیش وله قۆناغێكی هه‌ستیارید به‌شدار بوومه، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی ئیسلامی له كوردستاندا دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی ئاشكرای له قورئان و سوننه‌ت پێوه دیاره و موسوڵمانانیش له ڕووی فیكری و مه‌نهه‌جییه‌وه سه‌رگه‌ردانییه‌كی زۆریان تووش بووه . باسی تێكه‌ڵ بوون و دابڕان باسێكی تازه‌ی هاوچه‌رخ نییه، به‌ڵكو باسێكی كۆنه و زانایان سه‌دان ساڵ پێش ئێستا كتێبیان له‌سه‌ر داناوه و باسه‌كانیان شیكردووه‌ته‌وه، ته‌نها بۆ نموونه: الخطابي كه زانایه‌كی به‌ناوبانگه له سه‌ده‌یه‌ی چواره‌می كۆچی كتێبێكی به‌ناونیشانی (العزلة) نووسیوه، ابن أبي الدنیا یش كتێبێكی له‌و باره‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها له هاوچه‌رخه‌كانیش (سلمان العودة) له نه‌وه‌ده‌كان كتێبێكی به‌ناونیشانی (العزلة والخلطة) نووسیوه پێش ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ژێر فشاری حكومه‌تی سعودیه و زیندان بكرێت و گۆڕانكاری به‌سه‌ر مه‌نهه‌جیدا بێت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا. ئه‌وه‌ی من لێره به كورتی ده‌یخه‌مه ڕوو مه‌به‌ستم پێی دابڕان و دوور كه‌وتنه‌وه‌یه له كۆڕوكۆمه‌ڵ و جه‌ماعات به شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌وره‌ها مه‌به‌ستم پێی بانگه‌وازی گشتی خه‌ڵكیشه كه ڕووی ده‌مت له هه‌موو خه‌ڵكی بكه‌یت و ئامۆژگارییان بكه‌یت و ته‌مه‌نت له‌و ڕێگه‌دا سه‌رف بكه‌یت ئایا ئه‌وه هه‌وڵێكی باش و به سووده یان كات به‌زایه بردنه؟ له ڕاستیدا له‌م باره‌وه ئه‌گه‌ر له ده‌قه‌كانی سوننه‌ت وردبینه‌وه ده‌بینین دوو ئاڕاسته‌ی تێدایه بۆ موسوڵمانان، ئاراسته‌یه‌كیان هانی ئیمانداران ده‌دات تێكه‌لی خه‌ڵكی بكه‌ن و بانگه‌واز بۆ دینی الله بكه‌ن، وه‌كو: (المُؤمِنُ الَّذي يُخالِطُ النَّاسَ ويصبِرُ على أذاهم أفضَلُ مِن المُؤمِنِ الَّذي لا يُخالِطُ النَّاسَ ولا يصبِرُ على أذاهم) یان فه‌رمووده‌ی: (مَا مِن ثَلاثَةٍ فِي قَرْيَةٍ وَلاَ بَدْوٍ لا تُقَامُ فِيهمُ الصَّلاةُ إِلاَّ قدِ اسْتَحْوَذَ عَلَيْهِمُ الشَّيْطَانُ، فَعَلَيكُمْ بِالجَمَاعَةِ، فَإِنَّمَا يأْكُلُ الذِّئْبُ من الغنم القاصیة) أحمد وأبو داود و النسائی و كه‌سانی تر گێڕاویانه‌ته‌وه و فه‌رمووده‌كه باس له گرنگی ئه‌نجامدانی نوێژ ده‌كات به جه‌ماعه‌ت و هه‌روه‌ها باس له مه‌ترسی دووركه‌وتنه‌وه له جه‌ماعه‌ت ئه‌كات و هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه گورگ له‌و مه‌ڕانه ئه‌خوات كه له ڕانه‌كه دوور ئه‌كه‌ونه‌وه. زانایان فه‌رموویانه ئیسلام خۆیشی هه‌ر دینی كۆمه‌ڵه و دروشم و عیباده‌ته‌كانی به شێوه‌ی كۆمه‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێن وه‌كو نوێژ و حه‌ج و فه‌رمان به چاكه و نه‌هی كردن له خراپه و جیهادی بێباوه‌ڕان. له به‌رانبه‌ردا كۆمه‌ڵێكی زۆر له فه‌رموده‌ی صحیح هاتووه هانی موسوڵمانان ده‌دات به دینی خۆیان هه‌ڵبێن و له هه‌موو كۆڕوكۆمه‌ڵێك و بگره له خه‌ڵكیش دوور بكه‌ونه‌وه و ته‌نها بایه‌خ به خۆیان و ماڵ و مناڵ و ئه‌وانه بده‌ن كه به‌رپرسن له سه‌رپه‌رشتی كردنیان و دینیان قایم بكه‌ن، هه‌ندێ له‌و ده‌قانه به ڕه‌هایی ستایشی دابران و خۆ دوورخستنه‌وه ئه‌كه‌ن له كۆڕوكۆمه‌ڵ و له خه‌ڵكی، مه‌رجیش نییه مه‌به‌ست له‌وه بێت به‌ته‌واوی له ناویان ده‌ربچێت، به‌ڵكو وه‌كو هه‌ندێ له زانایان فه‌رموویانه له كاروباریان دووركه‌وێته‌وه و به‌شداری ئیش و كاریان نه‌كات و لێپرسراوێتی وه‌رنه‌گرن و له ده‌سه‌ڵات دوور بكه‌ونه‌وه. پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی له‌و فه‌رمووده‌ی كه پێشه‌وا بوخاری ده‌یگێڕته‌وه: ( يُوشِكُ أَنْ يَكُونَ خَيْرَ مَالِ الْمُسْلِمِ غَنَمٌ يَتْبَعُ بِهَا شَعَفَ الْجِبَالِ وَمَوَاقِعَ الْقَطْرِ يَفِرُّ بِدِينِهِ مِنْ الْفِتَن ) هه‌روه‌ها له سه‌حیحی پێشه‌وا موسایمدا هاتووه پیاوێك پرسیاری له پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم كرد : (أَيُّ النَّاسِ أَفْضَلُ ؟) واته چی كه‌سێك باشترین كه‌سه؟ ( فَقَالَ :) ئه‌ویش فه‌رموی: ( رَجُلٌ يُجَاهِدُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ بِمَالِهِ وَنَفْسِهِ) واته كه‌سێك ماڵ و گیانی خۆی له پناو الله ببه‌خشێت. (قَالَ : ثُمَّ مَنْ ؟) واته ئه‌ی دوای ئه‌وه كی چاكترین كه‌سه؟ (قَالَ :) ئه‌ویش له وه‌ڵامدا فه‌رمووی: (مُؤْمِنٌ فِي شِعْبٍ مِنْ الشِّعَابِ يَعْبُدُ اللَّهَ رَبَّهُ وَيَدَعُ النَّاسَ مِنْ شَرِّهِ ) واته: ئیماندارێك . ئه‌م فه‌رمووده و فه‌رمووده‌كانی تر به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دووركه‌وتنه‌وه و دابڕان چاكتره بۆ موسوڵمان هه‌ركاتێك به‌هۆی زۆربوونی فیتنه له دینی خۆی ترسا، الحافظ ابن حجر له كتێبی فتح الباري(13/42) فه‌رموویه‌تی: (وَالْخَبَر دَالّ عَلَى فَضِيلَة الْعُزْلَة لِمَنْ خَافَ عَلَى دِينه ) واته: ئه‌م فه‌رمووده ئاماژه بۆ فه‌زل و چاكه‌ی خۆ به‌دوور گرتن و دابڕان ده‌كات ئه‌گه‌ر ترسی له دینی خۆۆی بوو . هه‌روه‌ها پێشه‌وا السندي له په‌راوێزه‌كه‌یدا له‌سه‌ر سونه‌نی نه‌سائی (8/124) فه‌رموویه‌تی: (فِيهِ أَنَّهُ يَجُوز الْعُزْلَة بَلْ هِيَ أَفْضلُ أَيَّام الْفِتَن ) واته ئه‌و فه‌رمووده به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ڕۆژگاری فیتنه‌دا ته‌نهایی و دووره‌په‌رێزی چاكتره له تێكه‌ڵ بوونی و چوونه ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵی خه‌ڵكییه‌وه. ابن حجر العسقلاني ئه‌و فه‌رموودانه‌ی كه به ڕه‌هایی فه‌رمان به ته‌نیایی و خۆ به دوورگرتن ئه‌كه‌ن له خه‌ڵكی بۆ سه‌رده‌می فیتنه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، واته موسوڵمان له‌سه‌رده‌می فیتنه‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستانی خۆمان ده‌گوزه‌رێت له پیناو سه‌لامه‌تی دین و تێك نه‌چوونی عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕ و دووركه‌وتنه‌وه له شوبهه‌و گومان و زیان گه‌یاندن به دین باشتره له هه‌موو ئه‌و كۆڕوكۆمه‌ڵه لاده‌رانه دوور بكه‌وێته‌وه چونكه به ڕوونی و به ئاشكرایی له مه‌نهه‌ج لایانداوه و ئیسلامیان له دیدی موسوڵمانی نه‌شاره‌زای ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا به عه‌لمانیه‌ت و لیبرالییه‌ت تێكه‌ڵ كردووه و هه‌لی جه‌هلی ئه‌وانیان به دینه‌كه‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌و تووشی سه‌رگه‌ردانییان كردوون. سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه ئه‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستا له كوردستانی خۆمان ڕۆژگاری فیتنه و پشێوی و گومڕاییه هیچ گومانێك نییه و هه‌موو كه‌سێك كه‌مترین ڕێژه‌ی تێگه‌یشتنی له قورئان و سوننه‌تی ڕاست و درووست و حاڵی پێشینان و بیروباوه‌ڕیان هه‌بێت به دڵنییایی بۆی ده‌رده‌كه‌وێت - مه‌خابن - موسوڵمانان له دۆڵێكن و ئیسلام له دۆڵێكی تره كاتێك ئه‌و ده‌قانه‌ی سونه‌ت ده‌خوێنینه‌وه كه داوا له موسوڵمان ده‌كات به دینه‌كه‌ی هه‌ڵبێت وگرنگی ته‌نها به خۆی و خێزان و ئه‌وانه بدات كه سه‌رپه‌رشتیان له ئه‌ستۆیدایه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ده‌قانه باس له‌و كاته ده‌كه‌ن كه زانایان به (فساد الزمان) واته تێكچوونی زه‌مانه و شێوانی ڕۆژگار ناویان بردووه له ڕوانگه‌ی لادانی خه‌ڵكی له ئیسلام وه‌كو ئاكار و ڕه‌وشت، وه‌كو عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕ، وه‌كو عیباده‌ته‌كان و سه‌رجه‌م حوكمه‌كانی تری ئیسلام، كه له ڕاستیدا ئێستای كوردستان كه من مه‌به‌ستمه تیشك بخه‌مه سه‌ری هه‌موو جۆره فه‌سادێكی مه‌نهه‌جی و عه‌قیدی و شه‌رعی وئاكاری تێیدا ته‌شه‌نه‌ی كرده‌وه و له‌توانای كه‌سدا نه‌ماوه چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌وانه‌ش كه بانگه‌شه‌ی چاكسازی ده‌كه‌ن به‌ناو ئیسلامه‌وه چه‌ند ساڵه، جگه له هه‌ندێ دیاره‌ی پابه‌ند بوونی ڕواڵه‌تی نه‌بێت به ئیسلامه‌وه ، ورده ورده خۆیشیان بوونه به‌شێك له‌و واقیعه دوور له ئیسلامه‌و له جیاتی ئه‌وه‌ی پیلانی نه‌یارانی ئیسلام له دژی دینه‌كه‌یان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه ده‌ستیان له‌گه‌ڵیان تێكه‌ڵ كرد و له‌سه‌ر ئاستی فه‌رمی و به‌به‌رچاوی هه‌موو موسوڵمانه بێ ئاگاكان له سنووره‌كانی دینه‌كه‌یان په‌یمانی برایه‌تی و هاوپه‌یمانی و هاوكاریان له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌یارێكی ئیسلام گرێدا. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی چاككردنی خه‌ڵكی كارێكی زۆر قورس و ئه‌سته‌م ده‌بێت، كاتێك لادان له حوكمه‌كانی ئیسلام ده‌بێته سیما‌و دیارده‌ی خه‌ڵكی، ڕۆژگارێك كه غه‌ریبی ئیسلام ئه‌بێته حه‌قیقه‌تێك و ئه‌و غوربه‌ته به كه‌سیش لا نابرێت، كاتێك ئه‌وانه‌ی پارێزگاری كردنی ئیسلامیان پێ سپێردراوه و كه‌سان و لایه‌نگه‌لێك كه بانگه‌شه‌ی به‌رگری له دینی ئیسلام ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی ناحه‌زه‌كان به‌ڵام به شێوازی تر زیان به‌دینه‌كه‌یان ده‌گه‌یه‌نن، كاتێك كه ناكۆكی و دوو به‌ره‌كی و ڕق و كینه له جیاتی ئه‌وه‌ی بكه‌وێته نێوان موسوڵمانان و دوژمنانی دینه‌كه‌یان ئه‌كه‌وێته نێوان خۆیانه‌وه؛ له‌و كاته‌دا دووره‌په‌رێزی و دوور كه‌وتنه‌وه له كۆڕوكۆمه‌ڵه‌كانیان زۆر باشتره له‌وه‌ی له ژێر هیچ پاساوێكدا بچیته نێو ڕیزه‌كانیانه‌وه و پاش ماوه‌یه‌ك تۆیش ببیته ژماره‌یه‌كی پووچه‌ڵ له‌ناو ئه‌واندا و له جیهانی وه‌هم و خه‌یاڵیشدا خۆت به صلاح ا‌لدین ناگۆڕیته‌وه‌و وا ده‌زانی هیچ نه‌ماوه بۆ ئیسلام نه‌یكه‌یت! به‌داخه‌وه له كوردستاندا حاڵ به‌وه گه‌یشتووه كه تێكه‌ڵبوون به خه‌ڵكی و لایه‌ن و ته‌وژم و ڕێكخراوه ئیسلامییه‌كان بووه‌ته تیكه‌ڵبوون به واقیعێكی دوور له ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵقوڵاو له كیتاب و سوننه‌ت و، بووه‌ته جۆرێك له سه‌ركێشی وفوو له خۆڵه‌مێش كردن. ئه‌گه‌ر به زانست و شاره‌زایی باشه‌وه تیكه‌ڵیان بیت به مه‌به‌ستی بانگه‌واز كردن و چاككردنیان ئه‌وه زۆرێك له ته‌مه‌نت به زایه ده‌چێت و كه‌سانێكی زۆر كه‌م مه‌گه‌ر گوێت لێ بگرن و دوا جار نه‌ك له‌لایه‌ن عه‌لمانییه‌كانه‌وه به‌ڵكو له لایه‌ن ئه‌وانه‌ی لافی كاركردن بۆ ئیسلام لێ ده‌ده‌ن به ته‌نێكی نامۆ و كه‌سێكی توندڕه‌و بێ سوود بۆ كۆمه‌ڵگا ده‌ژمێردرێیت، چونكه ئه‌وان سنوره‌كانی نێوان خۆیان و عه‌لمانییه‌كانیان ته‌واو كاڵ كردووه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه په‌رستی و بیری ناسیونالیزمی به زمانی حاڵ پێش ئیسلام خراوه و هه‌ر قسه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئاڕاسته‌یه بكرێت وه‌كو مه‌له كردنه به پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی ڕووبار‌و و پێش عه‌لمانییه‌كان ئیسلامییه‌كان ڕووبه‌ڕووت ده‌بنه‌وه و تۆمه‌تبارت ده‌كه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر شاره‌زای دینه‌كه‌ت نه‌بیت و عه‌قیده‌یه‌كی دامه‌زراوت نه‌بێت و تیكه‌ڵییان بكه‌یت ماوه‌یه‌كی زۆری پێ ناچێت تۆیش ئه‌بیته بانگخوازێكی مۆدێرن به‌زمانی حاڵ نه‌ك به‌زمانی گوفتار و گاڵته‌ت به سه‌له‌ف و به‌باس كردنی مه‌نهه‌ج و عه‌قیده دێت و به‌زه‌ییت به‌حاڵی ئه‌وانه‌دا دێته‌وه كه به‌یانی و ئیواره باسی ده‌ست گرتن به كیتاب و سوننه‌ت ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه بڵێیت خۆ ئێمه به ته‌ورات و ئینجیل كارناكه‌ین؟ ئینجا له خراپییه‌كانی تێكه‌ڵبوون ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت به هۆی تێكه‌ڵبوونیان دینت تۆكمه بكه‌یت و بانگه‌واز بۆ دینی ئیسلام بكه‌یت، كه‌سانێكن به ڕوون و ئاشكرا له مه‌نهه‌جی ئه‌هلی سوننه‌ت لایانداوه و به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ نه‌یارانی ئه‌و مه‌نهه‌جه تێكه‌ڵ بوونه و ته‌ماشای حاڵ و سیاسه‌ت و ڕاگه‌یاندن و بۆچوون و خوێندنه‌وه‌و بیروبۆچوونه‌كانیان بكه گوزارشت له دووركه‌وتنه‌وه‌یان ئه‌دات له قورئان و له‌سوننه‌ت، به‌ده‌ر له بانگه‌شه‌شیان به ده‌ست گرتن به كیتاب و سوننه‌ت ئه‌گه‌ر بێت و قورئان بخوێنین و ته‌ماشای واقیعی ئه‌وان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بێت و سوننه‌ت بخوینین و به‌راوردی كردار و گوفتار و ره‌فتاری ئه‌وان و زۆرێك له‌و خه‌ڵكه بكه‌ین له‌گه‌ڵیاندا، ده‌بینین ئه‌وان له دۆڵێكن و قورئان و سوننه‌ت له دۆڵێكی تر‌و، بۆیه دووركه‌وتنه‌وه سه‌لامه‌تییه بۆ دین و سه‌رفرازییه بۆ دونیاش. یه‌كێكی تر له ته‌ڵه‌و داوه‌كانی خه‌ڵك گرتن هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێ ده‌قی قورئان و فه‌رمووده‌یه و به‌كارهێنانیان له جێگه‌ی نه‌شیاودا، له دیارترینی ئه‌و ده‌قانه ئه‌و فه‌رمووده‌ی كه هه‌ندێ له فه‌رموده‌ناسان به صحیح یان زانیوه‌و هه‌ندێ له‌ڕێگه‌كانی لاواز و حسن كه ده‌فه‌رموێت: (المُؤمِنُ الَّذي يُخالِطُ النَّاسَ ويصبِرُ على أذاهم أفضَلُ مِن المُؤمِنِ الَّذي لا يُخالِطُ النَّاسَ ولا يصبِرُ على أذاهم) له‌ڕاستیدا ئه‌م فه‌رمووده‌یش هیچ كاتێك به واتای ئه‌وه نه‌هاتووه به به‌هانه‌ی تیكه‌ڵ بوون به خه‌ڵكی بۆ بانگه‌واز هه‌رچی سه‌رپێچی ئیسلام هه‌یه له‌ڕووی عه‌قیده‌ت و شه‌ریعه‌ته‌وه ئه‌نجامی بده‌یت و ڕۆژ له ڕۆژ خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوان خۆت و ناحه‌زانی دینه‌كه‌ت زیاتر بكه‌یت و له كتاب و سوننه‌ت دوورتر بكه‌ویته‌وه، به‌ڵكو زۆرێك له‌وانه‌ی ئه‌و دروشمه به‌رز ده‌كه‌نه‌وه بوونه‌ته پاشكۆ و خزمه‌تكاری كه‌سانێك كه دوژمنی مه‌نهه‌جی ئه‌هلی سنوننه‌تن و به‌ڕۆژی ئاشكرا دژایه‌تی شوێنكه‌وتوانی ده‌كه‌ن. به شێوه‌یه‌كی گشتی كاتێك زانایان شه‌رحی ئه‌و فه‌رمووده‌ی سه‌ره‌وه‌یان كردووه فه‌رموویانه نه تیكه‌ڵ بوون و نه دابڕان و ئیعتیزال به‌ڕه‌هایی له هه‌موو كاتێكدا یه‌كیكیان به‌سه‌ر ئه‌وی تریاندا په‌سه‌ند نییه، به‌ڵام كه‌س خیلافی له‌سه‌ر ئه‌وه نییه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه به‌ته‌واوی له ئیسلام دووركه‌وته‌وه‌و له ده‌سه‌ڵاتی تاكه‌كاندا نه‌ما ئه‌و واقعه چاك بكه‌نه‌وه و ئه‌وه‌ی كه به (فساد الزمان) ناویان بردووه هاته‌دی و لادان و له‌خشته‌چوون له بنه‌ماكانی دین وبیروباوه‌ڕ بووه دیارده، ئیتر موسوڵمان پێویسته به‌پله‌ی یه‌كه‌م وریای دینی خۆی و ماڵ و مناڵی بێت و واز له بانگه‌وازی گشتی (دعوة العامة) بهینیت ئه‌وه‌یان باشتره، چونكه تێكه‌ڵ بوون به‌و وافیعه دوور له ئیسلامه هیچ سوودێكی نییه و لاده‌ران ئه‌وه‌نده زۆر بوونه و سیفه‌تی فه‌رمییان هه‌یه، بۆیه كاتێك تۆ به ئایه‌ت و فه‌رمووده قسه ده‌كه‌یت زۆر نامۆ ده‌رده‌كه‌ویت و كاتێك بانگیان بۆ ده‌ست گرتن به ڕێبازی سه‌له‌ف ده‌كه‌یت پێكه‌نینیان به‌عه‌قڵت دێت. ئه‌وه‌ی كه باس ده‌كرێت لێردا سه‌باره‌ت به په‌سه‌ندی دووركه‌وتنه‌وه‌و و دووره‌په‌رێزی له‌سه‌ر تێكه‌ڵ بووندا بۆ حاله‌تی فیتنه‌و ترسی موسوڵمانه له دینه‌كه‌ی، به‌ڵام سه‌رده‌می فیتنه نه‌بێت و موسوڵمان به تیكه‌ڵ بوونی تووشی مه‌ترسی نه‌بێت له‌سه‌ر دینه‌كه‌ی جه‌مهوری زانایان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان تیكه‌ڵ به‌خه‌ڵكی ببیت و فه‌رمان به چاكه بكه‌یت و نه‌هی له خراپه بكه‌یت، له‌دابڕان دوور كه‌وتنه‌و باشتره لێیان و ئه‌و ده‌قانه‌ی وه‌كو: المؤمن الذي یخالط الناس و یصبر علی أذاهم...و ده‌قه‌كانی تر بۆ ئه‌و جۆره حاله‌تانه‌یه. ئینجا پێویسته له پێناو تێكه‌ڵ نه‌بوونی چه‌مكه‌كاندا، دوو جۆر له دابڕان له یه‌كتر جیا بكه‌ینه‌وه: یه‌كه‌م: دابڕان له بانگه‌واز كردنی خه‌ڵكی و دوور كه‌وتنه‌وه له كۆڕ‌و كۆمه‌ڵیان و ته‌نها خه‌ریك بوون به خۆت و كه‌سه نزیكه‌كانته‌وه، ئه‌وه‌ی كه له زاراوه‌ی شه‌رعیدا به (دعوة العامة) ده‌ربڕینی لێ ده‌كرێت. سه‌باره‌ت به ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه‌ش پێویسته پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه بخه‌ینه روو كه ئیسلام له كوردستاندا له سایه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی ته‌غریب و نامۆكردن و ناشیرین كردن كه به ئامانجی جیاوازه‌وه له لایه‌ن عه‌لمانی و لایه‌نه ئیسلامییه مۆدێرنه‌كانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت به قۆناغێكی غه‌ریبی زۆر سه‌ختدا تێپه‌ڕده‌بێت و نیشاندانی ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ی كیتاب و سوننه‌ت - ئه‌وه‌نده‌ی بكرێت و سوودی هه‌بێت - واجبه كه به چینێكی ئه‌ستور له خۆڵ و ته‌پوتۆزی جه‌هاله‌ت و دژایه‌تی پلان بۆ داڕێژراو شاردراوه‌ته‌وه و پێویسته خه‌ڵكی پێ ئاشنا بكرێته‌وه. به‌ڵام هاوكات جێگای داخیشه ئه‌وانه‌ی كه به‌و ئه‌ركه هه‌لده‌ستن واته قورئان و سوننه‌ت به بێ گونجاندن و شێواندن وه‌كو خۆی باس ده‌كه‌ن له لایه‌كه‌وه وه‌كو ژماره زۆر كه‌من، له‌لایه‌كیشه‌وه زۆر نا ئاشنا ونامۆن بۆ خه‌ڵكی و قسه‌كانیان وه‌كو زه‌نگی مه‌ترسی ته‌ماشا ده‌كرێت بۆ پرۆسه‌ی دیمۆكراسی هاوچه‌رخ وسه‌رجه‌م پرۆسه ڕۆژئاوایی و ناكۆكه‌كان له گه‌ڵ ئیسلامدا كه ئه‌مڕۆ زۆرێك له لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه ئیسلامییه‌كان كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ئیسلامه بێته كایه‌وه به پێوه‌ر و تام و ره‌زامه‌ندی عه‌لمانیه‌ت، ئه‌مه وه‌كوئه‌سڵ و بنچینه! به‌ڵام ڕاستییه‌كی تاڵیش هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه:هه‌وڵه‌كان له ئاراسته‌ی چاكسازیدا زۆر به خاوی ڕێده‌كه‌ن و پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو به خۆیانه‌وه نابینن و ئه‌وانه‌ی دێنه پیری بانگه‌وازی په‌یڕه‌وی كردنی كیتاب و سوننه‌ت به‌راسته‌وه زۆر كه‌من، بۆیه ئاراسته هه‌ڵه‌كه كه ئاراسته‌ی زۆرینه‌یه له په‌ره‌سه‌ندن و به‌ره‌و پێش چووندایه، هۆكاری به‌رده‌وام بوونی ئه‌م نامۆییه ئیسلام و دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵكیش له بیروباوه‌ر و مه‌نهه‌ج و عه‌قیده‌ی ئیسلامی - جگه له هه‌ندێ شه‌عائیرو بواری ڕه‌وشتی نه‌بێت - بۆ چه‌ند هۆكارك ده‌گه‌ڕێته‌وه: * نه‌شاره‌زایی خه‌ڵكی به شێوه‌یه‌كی گشتی له سه‌رجه‌م حوكمه‌كانی ئیسلام و به‌وه‌ش بوونه‌ته پاروویه‌كی ئاسان بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به هۆكاری جۆراوجۆره‌وه ته‌ماحیان پێیانه و ئه‌وان ده‌كه‌نه هۆكاری گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان، بۆیه ده‌بینی به هۆی نزیكبوونه‌ی به‌رده‌وامی لایه‌نه عه‌لمانی و ئیسلامییه‌كان له یه‌كتره‌وه به هۆی خاڵی هاوبه‌ش وه‌كو سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌ركی كوردایه‌تی و هه‌بوونی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی وسیاسی و هاوپه‌یمانی له كاتی هه‌ڵبژاردن وده‌نگدان و هۆكاری تر، بۆیه ده‌بینی موسوڵمانان دابه‌ش بوونه‌ته سه‌ر ئه‌و دوو جۆره ئاراسته ناكۆكه‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ی له چڵه‌پۆپه‌ی گونجان ونزیكبوونه‌ی فیكری و بیروباوه‌ڕدا بن. * ڕاگه‌یاندنه‌كانیش به هه‌ر دوو جۆره‌كه‌یانه‌وه - ئیسلامی و عه‌لمانی - له كوردستان بۆ جیبه‌جێكردنی ئه‌و ئامانجه واته نامۆكردنی ئیسلام و نمایش كردنی ئیسلامێكی هاوچه‌رخی جیاواز له ئیسلامی كیتاب و سوننه‌ت، واته: ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌وترێت ئیسلامی ئه‌مریكی یان ئیسلامی كوردی، ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه و خه‌ڵكیش بۆ ئه‌وان وه‌كو مردوویان پێ هاتووه له‌به‌ر ده‌ستی مردوو شۆردا ، یان وه‌كو ڕۆبۆتێكن كۆنترۆڵه‌كه‌یان به ده‌ستی ئه‌وانه‌وه بێت بۆ كوێ بیانه‌وێت ئاراسته‌یان بكه‌ن بیكه‌ن، هه‌ڵوێسیشیان له ئیسلام دیاره چۆنه. * درووست بوونی كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی كه له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه چالاكیان بڵاو ده‌كرێته‌وه ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه كاریگه‌ری زۆر بووه له دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له ئیسلامی كتاب و سوننه‌ت، ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ش: - هه‌ندێكیان له ئاڕاسته‌یه‌كی بێ دینییه‌وه و وه‌كو مولحیدێك قسه‌ده‌كه‌ن و هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئیسلام. - هه‌ندێكیان له ئاراسته‌یه‌كی ناسیونالیزمییه‌وه قسه ده‌كه‌ن وه‌كو جیگره‌وه‌ی ئیسلام و ئه‌مه‌ش ئاڕاسته‌یه‌كی په‌سه‌ند كراوی خه‌ڵكییه و سیاسه‌تمه‌دارانیش ئه‌و نهێنییه‌ی خه‌ڵكیان بۆ ده‌ركه‌وتووه و به‌رده‌وام خه‌ریكی وروژاندنی ئه‌و باسه‌ن. - هه‌روه‌ها هه‌ندێكیش له‌م ساڵانه‌ی دواییدا په‌یدا بوونه به ناو ئیسلامه‌وه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئیسلام ئه‌وانیش چه‌ندین جۆرن ئاێستیان تیایه به‌رگی ئیسلامی له‌به‌ر كردووه چونكه كاره‌كانی به‌و باشتر ده‌ڕوات و له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه گومان بۆ خه‌ڵكی درووست ده‌كه‌ن له دینه‌كه‌یاندا. - هاوكات هه‌ندێ ئیسلامی و كۆنه ئیسلامی گومرایشیان تێدایه كه خه‌ریكی دژایه‌تی سوننه‌ت و تازه خویندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كان و گه‌رم كردنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و كوردایه‌تی وه‌كو جێگره‌وه‌ی ئیسلام وباسی عیرفان و نوێكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له بیروبۆچوونی تاقمه گومڕاكانی مێژوون به تایبه‌تی كاریگه‌ر بوون به بیری موعته‌زیله‌كان. ئه‌مانه و زۆر هۆكاری تر بوونه‌ته فاكته‌رێكی به هیز بۆ نامۆكردنی ئیسلام و زاڵبوونی به‌ره‌و عه‌لمانی بردنی دینی ئیسلام له هزری خه‌ڵكیدا. بۆیه له بنچینه‌دا مه‌سه‌له‌ی بانگه‌واز كردن بۆ دینی ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵقوڵاوی كیتاب و سوننه‌ت واجبیكی شه‌رعییه، به‌مه‌رجێك به‌بێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی خۆیان بوونه‌ته به‌شێك له ناشیرین كردنی ئیسلام و ئیسلامیان كردووه‌ته هۆكارێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی سیاسی و حیزبی ودارایی له چوارچێوه‌ی هه‌ندێ لایه‌ن و رێكخرو و ناوی جۆراوجۆردا. جێگای داخیشه ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی بانگخوازی وفه‌رمان به چاكه‌و و نه‌هی كردن له خراپه ئه‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌رگری له ئیسلام بكه‌ن له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه زۆربه‌یان كه‌سانیكی به‌زیون و چه‌ند لایه‌نێكیان له ئیسلام هه‌ڵبژاردووه باسی ئه‌كه‌ن و نا‌وێرن به‌لای زیاتر له سه‌دا حه‌فتای ئه‌و باسانه‌دا بڕۆن كه له‌قورئان و سوننه‌تدا هاتووه، بۆیه چالاكی ئه‌و جۆره مامۆستا‌و كه‌سایه‌تییه ئیسلامیانه ئه‌ویش جۆرێكه له خۆڵ له چاوكردنی موسوڵمانان و هه‌نگاوێكی ته‌واوكره‌ره له ڕاستیدا بۆ چالاكی عه‌لمانییه‌كان، چونكه به‌یه‌ك ئامانج كۆتاییان پێ دێت. باوه‌ڕیشم وایه ئه‌وانه‌ی كه ده‌توانن بانگه‌واز بكه‌ن وچاكسازی بكه‌ن و له‌ڕیگه‌ی تێكه‌ڵبوونی ڕاسته‌وخۆ و ئه‌لیكترۆنی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه به خه‌لكی پێویسته: 1- خۆیان تۆكمه و دامه‌زراوبن له ڕووی عه‌قیده و ته‌وحید و ئیمان و بیر‌و باوه‌ڕه‌وه به گشتی بۆ ئه‌وه‌ی بزانن خه‌ڵكی بۆ چی بانگ ده‌كه‌ن و له چی وریایان ده‌كه‌نه‌وه، نه‌ك خۆیان هیشتا زۆریان مابێت بۆ ئه‌وه‌ی له عه‌قیده‌ی ئیسلامی و بنه‌ماكانی كیتاب و سوننه‌ت تێبگه‌ن و وه‌كو وتراوه (فاقد الشیء لا یعطیه) كه‌سێك خۆی شتێكی نه‌بێت و له ده‌ستی دابێت، ناتوانێت به كه‌سی تری بدات. 2-به هچ شێوه‌یك له هیچ جۆره كارێكی سیاسی ئه‌م ڕۆژگاره به‌شدار نه‌بن و تێوه‌نه‌گلابن، چونكه هه‌رچی ده‌كرێت له‌م ڕۆژگاره‌دا له كوردستان و بگره له زۆربه‌ی جیهانیشدا له‌وه‌ی پێیان ده‌وترێت حیزب و لایه‌ن و ڕێكخراوی ئیسلامی له ڕووی فیكری و مه‌نهه‌جییه‌وه خۆیان به ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی دژ به ئیسلامه‌وه داوه‌و له زۆرێك له بنچینه‌كانی دینه‌كه‌یان ته‌نازولیان كردووه و بنه‌ماكانی عه‌لمانییه‌ت دزه‌ی كردووه‌ته نێو سه‌رجه‌میانه‌وه وهه‌موویان به‌ڕێژه‌ی جیا جیا له سنووره‌كانی ئیسلام به تابیه‌تی له سنووره‌كانی عه‌قیده لایانداوه و له بنه‌ماكانی قورئان و سوننه‌ت دووركه‌وتوونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت موسوڵمانێكی ساده ته‌نها به خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی بۆ قورئان و به‌راوردكردنی حاڵی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وان له ئیسلام دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و پێچه‌وانه‌ی قورئان و سوننه‌ت ڕێ ده‌كه‌ن. 3- هه‌وڵ بده‌ن په‌روه‌رده‌ی خه‌ڵكی له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ و ته‌وحید و ئیمان له سه‌ر پێناسه‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت بكه‌ن و ئاوڕ له كه‌س نه‌ده‌نه‌وه و قسه‌ی حه‌قی خۆیان بكه‌ن و چاوه‌ڕوانی ده‌ره‌نجامه‌كانی نه‌بن و نه‌چنه گفتوگۆی بێ ئه‌نجام و كات كوشتن له گه‌ڵ مولحید و ئه‌هلی بیده‌ع و خاوه‌ن هه‌واو ئاره‌زوو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ئیسلامی‌یان كردووه‌ته هۆكاری به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و حیزبی مادی و له‌سه‌ری ده‌ژین. 4- هه‌ر كاتێك بۆیان ده‌ركه‌وت له‌خشته‌چوونی خه‌ڵكی به‌و ئاقاره گه‌یشتووه چاككردنی مه‌حاڵه و كار له كار ترازاوه وقسه‌كانیان هیچ سوودی نییه و له‌سه‌ر حیسابی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌تی خۆیان و ماڵ و مناڵ و خزمه نزیكه‌كانیان ده‌بێت، باشتره واز له خه‌ڵكی بێنن و لێیان دوور بكه‌ونه‌وه ودیاره بانگه‌وازی گشتی كارێكی بێ سووده و با خه‌ریكی خۆیان و خێزان و ئه‌و كه‌سانه بن كه ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییان له‌سه‌ریانه. دووه‌م: دابڕان له كۆڕ‌و كۆمه‌ڵ و لایه‌ن وحیزبی سیاسی: له بنچینه‌دا كاركردن له‌هه‌ر چوار چێوه‌یه‌كدا به‌مه‌به‌ستی فه‌رمان كردن به چاكه‌و نه‌هی كردن له خراپه، یان بڵاو كردنه‌وه‌ی زانستی شه‌رعی و هاندانی خه‌ڵكی بۆ كاركردن به قورئان و به سوننه‌ت و دووركه‌وتنه‌وه له بیدعه‌و په‌روه‌رده كردنی خه‌لكی له‌سه‌ر ئاینی پیرۆزی ئیسلام له ڕووی عه‌قیده‌ت و شه‌ریعه‌ته‌وه كارێكی مه‌زن وپیرۆزه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆژگاره‌دا له كوردستان و له شوێنانی تر ده‌گوزه‌رێت ئه‌وه‌نده‌ی به‌ڕواڵه‌ت وایه به حه‌قیقه‌ت وا نییه و به كورتی دوو ڕواڵه‌تیان هه‌یه یه‌كیكیان ئه‌وه‌یه كه له خه‌ڵكه‌وه دیاره و ئه‌وه‌ی تریان ئه‌وه‌یه كه له خه‌ڵكه‌وه دیار نییه، واته ئه‌گه‌ر زیده‌ره‌وی تێدا نه‌بیت قسه‌كه ئه‌وه‌یه:(ظاهره الرحمة وباطنه من قبله العذاب). كه باسی كتاب و سوننه‌ت ده‌كه‌یت و داوای پابه‌ند بوونیانی پیوه ده‌كه‌یت، ئه‌ڵێن ئه‌ی ئێمه به چی حوكم ده‌كه‌ین؟ به ئینجیل و ته‌ورات؟! كه ته‌ماشای واقعیشیان ده‌كه‌یت ئه‌وان له دۆڵێكن و ئیسلام له دۆڵێكی تره، سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه‌ش هیچی پێویست نییه جگه له به‌راورد كردنی حاڵی ئه‌و لایه‌نانه وه‌كو مه‌نهه‌ج و په‌یڕه‌و و په‌یوه‌ندی و هاوپه‌یمانی ومامه‌ڵه كردن و ئاكار به واتا گشتییه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له قورئان و سوننه‌تدا هاتووه ده‌بینی مه‌وداری نێوانیان مه‌ودایه‌كی دوور و سه‌خته. بۆیه به كورتی مادام ئه‌وه حاڵ و ولقیعی حیزبه ئیسلامییه‌كان بێت، تێكه‌ڵ بوون و هاوكاریكردن له گه‌ڵ هیچ كۆڕ‌و كۆمه‌ڵێكی ئیسلامی له كوردستان و له شوێنی تریش ئه‌گه‌ر حاڵیان وا بێت - نه‌خوازه‌ڵا حیزبی عه‌لمانی- حه‌رامه و سه‌رپێچییه بۆ بنه‌ما سه‌ره‌كی و سه‌ره‌تاییه‌كانی ئیسلام له قورئان و سوننه‌تدا و تێپه‌راندنه بۆ هێڵه سووره‌كانی مه‌نهه‌ج وعه‌قیده، چونكه بۆ ئه‌وه‌ی له كارێكدا خێر‌و پاداشتت ده‌ست بكه‌ویت پێویسته ئه‌و كاره (الإخلاص والمتابعة) ی تێدا بێت واته به‌ته‌نها نیه‌ت بۆ الله بێت و كاره‌كه‌یشت به‌ڵگه‌ی قورئان و سوننه‌تی له‌سه‌ر بێت و كارێكی داهێنراو نه‌بێت له ئیسلامدا. شایانی باسه لایه‌ن و حیزبه ئیسلامییه‌كان له كوردستان و له جیهاندا - به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی جیاواز- هه‌موویان له‌و دوو مه‌رجه تێكه‌وتوون به‌تایبه‌تی له مه‌رجی دووه‌مدا - واته مه‌رجی پێكان و شوێنكه‌وتنی شه‌رع - كاروچالاكییان ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌یت له‌گه‌ڵ شه‌رعدا ده‌بینی صواب نییه و ئه‌سته‌مه به‌ڵگه‌ی بۆ بهێنیته‌وه، ئه‌وه‌ش نه‌بێت مه‌به‌ستمان ئه‌وه بێت معصوم نین نه‌خێر، به‌ڵكو نصاب ی صوابیة یان تێدا نییه كه موسوڵمان بتوانێت پشتگیری‌یان بكات و تاوانبار نه‌بێت. وه‌كو بۆچوونی خۆیشم و ئه‌وه‌نده‌ی كه له ئیسلامدا وه‌كو مه‌نهه‌ج و عه‌قیده‌و شه‌ریعه‌ت شاره‌زام، جگه له حیزبی نه‌هزه‌ی تونسی به‌سه‌ركردایه‌تی غنوشي هه‌رگیز لایه‌نێكی ئیسلامی له‌سه‌ر زه‌ویدا شاره‌زا نیم ئه‌وه‌نده‌ی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانی كوردستان ته‌نازولیان له دینی ئیسلام كردبێت و له خه‌می ڕازیكردنی عه‌لمانییه‌كان و شه‌قامی كوردیدا بن بیری ناسیونالیزمییان تێكه‌ڵ به‌دین كردبێت و بگره هه‌ندێكیان بیری نه‌ته‌وایه‌تی به زمانی كردار پێش دینه‌كه‌یان ده‌خه‌ن، ڕێز‌و حه‌زی نزیكبوونه‌وه‌و هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ل لیبرالی و قه‌ومی و عه‌لمانییه‌كاندا له كاتێكدا جگه له‌وه‌ی به‌و كاره‌یان سه‌رپێچی بابه‌ته جێگیره‌كانی دینه‌كه‌یان كردووه، هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌ن و ته‌وژمانه به به‌ڵگه‌ی واقیع و میژووی نوێی كوردستان نه ڕێز له ئه‌مان و نه له دینه‌كه‌یان ناگرن و سووكایه‌تی به پیرۆزییه‌كانیانی ئه‌و حیزبه ئیسلامیانه ده‌كه‌ن ومیژوویه‌كیشیان له ئازاردان و په‌راوێزخستنیاندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان له جیاتی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له نه‌یارانی دینه‌كه‌یان به هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه به خێراییه‌كی به‌رچاو به‌ره‌و ئه‌وان ده‌چن و ڕۆژ له ڕۆژ لێیان نزیكتر ده‌بنه‌وه‌و له سیاسه‌ت و ڕاگه‌یاندن و زۆر بواری تر لاساییان ده‌كه‌نه‌وه ته‌نانه‌ت به‌مه‌به‌ستی رازی كردنیان ده‌ڕۆن له مزگه‌وته‌كاندا پێشانگای شێوه‌كاری بۆ كه‌سانێكی دژ به فیكری ئیسلامی ده‌كه‌نه‌وه و تابلۆی تێدا نمایش ده‌كه‌ن كه پیاو ماچی ئافره‌ت ده‌كات، ئه‌و كاره و سه‌دان كاری تریشیان هێشتا نابێته ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌كانان ڕزی راسته‌قینه‌یان لی بگرن و به‌به‌ڵگه‌ی واقیع هه‌ر به سووك ته‌ماشایان ده‌كه‌ن، ئه‌م نموونه‌ش وه‌كو دڵۆپه‌یه‌ك له ده‌ریای كاریگه‌ر بوونیان به عه‌لمانییه‌كان باس ده‌كه‌م ئه‌گینا ئاماری سه‌رپێچییه‌كان پێویستی به كتێبێكه له چه‌ندین به‌رگی گه‌وره‌دا بنووسرێت، لێره‌شدا به كورتی وه‌كو به‌ڵگه‌ی حه‌رامێتی تێكه‌ڵ بوون و كاركردن له گه‌ڵیان ته‌نها چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه ڕوو، چونكه ئه‌م باسه‌ش دیسان ئه‌گه‌ر درێژه‌ی پێ بدرێت و به‌ڵگه‌كان بخرێنه ڕوو نووسینی زۆری ده‌وێت: 1- ئه‌وان تووشی له خشته‌چوونی بیروباوه‌ڕ بوونه له جۆره‌كانی ته‌وحید به‌تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی حوكم كردن به دستووره ده‌ستكرده‌كان و قبوڵ كردنیان به زمانی حاڵ بۆ گۆڕینی حوكمه‌كانی ئیسلام به تایبه‌تی له بواری سزای تاوانه‌كان و بواره‌كانی تر، هه‌وره‌ها تووشی سه‌رگه‌ردانی بوونه و خه‌ڵكێكی زۆریشیان گومڕا كردووه به‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ولائوبه‌رائیان له دیدیاندا تێكداوه‌و ناشیرین كردووه و ئه‌وه‌ش وای كردووه سنووره‌كانی نێوان موسوڵمان و ناموسوڵمان و مه‌سیحی و یه‌هودی و بوزی و ئایینه‌كانی تر لابدرێت و برایه‌تی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی بكرێته جێگره‌وه‌ی برایه‌تی ئیسلام و ئه‌م باسه‌ش ورده‌كاری زۆری تێدایه و قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت و به‌ڵگه‌شی زۆر له‌سه‌ری به‌ڵام لێره‌دا جێگه‌ی شیكردنه‌وه‌یان نییه. 2- تێكه‌ڵبوونی ته‌واویان و كاركردنیان و رازی بوونیان به هه‌موو سیستمه جاهیلییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه كه له گه‌ڵ قورئان و سوننه‌تدا به سه‌ختی تێكده‌گیرێت و هه‌رگیز كۆنابنه‌وه، وه‌كو سستمی دیموكراسی و لیبرالی و ناسیونالیزم كه جیڕگه‌وه‌ی نه‌ك ته‌نها ئیسلامه، به‌ڵكو جێگره‌وه‌ی هه‌موو دینێكه و ئیسلامییه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كیان له كاركردن به سیستمی دیموكراسی نییه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئیسلامدا تێك ده‌گیرێت، به‌و پێیه‌ش حاڵیان حاڵی عه‌لمانییه‌كانه به‌شداری له هه‌ڵبژارنه‌كاندا ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ عه‌لمانی و ماركسی و قه‌ومی هاوپه‌یمانێتی ده‌به‌ستن و له هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌و بابه‌ته هه‌ستیارانه‌دا نه بۆ قورئان و نه بۆ سوننه‌ت ناگه‌ڕینه‌وه‌وته‌نها ئه‌وه‌ی كه له ڕێگه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان و له په‌یڕه‌وو پرۆگرامه ناوخۆییه‌كانیاندا هاتووه نه‌بێت، گرنگی به هیچی تر ناده‌ن. له‌مه‌شدا گه‌وره‌ترین یارمه‌تیده‌ری سه‌ركه‌وتنیان بریتییه له جه‌هلی ئه‌ندامان و شوێنكه‌وتووانیان به‌و ئیسلامه‌ی كه ئه‌ڵێن كاری بۆ ده‌كه‌ین و خزمه‌تی ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر سه‌د ئایه‌ت و فه‌رمووده‌یان بۆ حه‌رامی مه‌سه‌له‌یه‌ك بۆ بهێنیته‌وه، یه‌ك سه‌ركرده‌ی زمان لووسیان به دوو قسه‌ی ده‌رباره‌ی فیقهی واقع و فیقهی مقاصد كه ئه‌وه بووته ئه‌و په‌ته‌ی هه‌موو كاره ناشه‌رعییه‌كانیانی پێوه هه‌لده‌واسن هه‌موویت بۆ هه‌ڵه‌وه‌ه‌شێنیته‌وه و مه‌حاڵه بتوانیت به قال الله و قال الرسول كاریان تێبكه‌یت یان هه‌لویستیان بگۆڕێت و بگره به هۆی جه‌هلی خۆیان به دینه‌كه‌یان به‌زه‌یان به‌عه‌قڵی ئه‌و كه‌سه‌شدا دێته‌وه كه ئامۆژگاری شوێنكه‌وتنی كیتاب و سوننه‌تیان ده‌كات، یان تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن كه له به‌رژه‌وه‌ندی عه‌لمانییه‌كان و دژ به ئیسلامییه‌كان قسه ده‌كات یان به توندره‌وی و ناو‌و ناتوۆره‌ی تر وه‌سفی ده‌كه‌ن. 3-حیزب و لایه‌نه ئیسلامییه‌كان كه‌وتوونه‌ته ژێر فشار و لێشاوێكی به هیزی هزری عه‌لمانی له هه‌موو ئاسته‌كانیاندا و له هه‌موو شتێك‌دا و كێبڕكێ ده‌كه‌ن به كاروانی پێشكه‌وتنی ئه‌واندا بگه‌ن، له‌نه‌وه‌ده‌كان ئه‌و بابه‌ته جێگای شه‌رمه‌زاری بوو له‌لایای زۆربه‌یان به‌ڵام ئێستا جگای شانازییه له‌لای زۆربه‌یان، نه‌وه‌یه‌ك درووست بووه ئێستا - كه بریتین له بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و حیزبانه و هێڵی كاریگه‌ری ناو ڕیزه‌كانی ئه‌وانن - بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان له خۆیان بێت، جگه له ناو و هه‌ندێ درووشم و قسه‌ی زل و به‌تاڵ له ناوه‌ڕۆك نه‌بێت هه‌ڵگری هه‌مان فیكر‌و حه‌زو خولیا‌و ئامانجه‌كانی ئه‌وانن. 4- له سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبانه‌و ئه‌وانه‌ی به ناویانه‌وه لێدوان ده‌ده‌ن و نوینه‌رایه‌تیان ده‌كه‌ن له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وان ئامانجیان جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت نییه ونه كاركردن به ئیسلام له‌به‌ر نامه‌یاندایه ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو نیشتمان و هاونیشتمانیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان هه‌موو خه‌مێكی ئه‌وانه، كێشه‌یان له‌گه‌ڵ مه‌یخوارد ن و مه‌یخانه‌كاندا نییه دایبخه‌ن ئه‌گه‌ر سبه‌ینی ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرت، یان له مه‌سه‌له‌ی پۆشاكی ئیسلامی‌دا كاریان به‌سه‌ر كه‌سه‌وه نییه و هه‌ركێ ئازاده چی ئه‌كات وچی حه‌رام و قه‌ده‌غه‌كراویك ئه‌نجام ئه‌دات و به‌ڵكو چی دینێك هه‌ڵده‌بژێرێت و له چی بوارێكدا كار ده‌كات له هونه‌ر و سینه‌ما و ته‌نانه‌ت له‌شفرۆشه‌كانیش كه‌س ناتوانێت ڕێگرییان لێ بكات و ئه‌وان به‌یاسا ئیشه‌كانیان ڕێك ده‌خرێت. 4- یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كانی حه‌رامێتی كاركردن وهاوكاری كردنی ئه‌و حیزبه ئیسلامیانه ئه‌وه‌یه مه‌رجیعیه‌تی ئه‌وان كتاب و سوننه‌ت نییه، ناشتوانن نكۆله بكه‌ن له‌و ڕاستییه و ئه‌گه‌ر بیكه‌ن به واقیعی حاڵ و ڕه‌فتاره سیاسییه‌كانیان به‌رپه‌رچ ده‌درێنه‌وه، هه‌رگیز نا‌توانیت به ئایه‌تیكی قورئان یان فه‌رمووده‌یه‌كی صحیح كارێكی ناشه‌رعی ئه‌وان ئه‌وان ڕابگریت و هه‌نگاوێكیی ناكۆكیان له‌گه‌ڵ ئیسلامدا بوه‌ستێنی، ئه‌گه‌ر وایش بیر بكه‌یته‌وه هه‌رچی به‌ڵگه‌ی شه‌رعی له‌سه‌ر نه‌بێت ڕه‌تی بكه‌یته‌وه هه‌رگز له ناویاندا جێگه‌ت نابێته‌وه، چونكه پێویسته متمانه‌ی ته‌واوت به‌سه‌ره‌وه‌ی خۆت هه‌بێت كه هه‌رچی كارێك ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر چی به‌ڕواڵه‌ت سه‌رپێچییه بۆ عه‌قیده‌و یان بۆ شه‌رع، بڵام پێویسته متمانه‌ت هه‌بێت حیكمه‌تێك له پشتییه‌وه هه‌یه و سه‌ركردایه‌تی حیزب بێگومان ئه‌وه‌ی لێ شاراوه نییه و ده‌زانێت چی ده‌كات و تۆ له‌سه‌رته گوێڕایه‌ڵی ته‌واو نیشان بده‌یت، ئه‌گینا ئه‌ندامێكی گوێرایه‌ڵ و باش نیت. ئه‌مه‌ش پێویسته وا بكات هه‌موو موسوڵمانێكی مولته‌زیم به دینه‌كه‌ی و په‌رۆش بۆ جێبه‌جێكردنی قورئان و سوننه‌ت لییان دوور بكه‌وێته‌وه و به درشمی زل و قسه‌ی سه‌رنج ڕاكێش فریو نه‌خوات و له‌وه دڵنیا بێت كه كارنه‌كردن و تیوه‌نه‌گلان به كارێكی ناوابه‌سته به كتاب و سوننه‌ت خۆی له خۆیدا گه‌وره‌ترین كاره وسه‌ربه‌رزییه بۆت كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ لای په‌روه‌ردگارت، به كورتی: ئیسلامییه‌كان ئه‌مڕۆ به زمانی حاڵ شه‌رم ده‌كه‌ن له‌وه‌ی قورئان و سوننه‌ت هه‌مووی و به تێكڕایی وه‌كو مه‌رجیعیه‌تیكی سه‌ره‌كی باس بكه‌ن و بانگه‌وازی بۆ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی له بواری سزاكاندا كه عه‌لمانییه‌كان ده‌ست بڕین و ره‌جم كردن به هه‌مه‌جییه‌ت و دواكه‌وتن داده‌نێن ، ئیسلامییه‌كان جورئه‌تیان نییه بانگه‌واز بۆ مه‌شروعیه‌تی چجای جێبه‌جێكردنی هیچ سزایه‌كی شه‌رعی بكه‌ن بۆ تاوانه‌كانی داوێن پیسی و مه‌ی خواردن و بوختان كردن و دزی و.. به‌و سزایانه ڕازی بوونه كه له یاسا ده‌ستكرده‌كاندا هاتووه و ئه‌وه‌ش ڕازیبوونه به (الحكم بغیر ما انزل الله) و به ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌یه بۆ حوكمی قورئان و سوننه‌ت و شه‌رم كردنه له باسكردنی نه‌خوازه‌ڵا باسی جێبه‌جێكردنی. 5- ئه‌وان بوونه‌ته هۆكاری دابه‌ش بوونی موسوڵمانان و درووست بوونی ده‌مارگیری و دامه‌زراندنی خۆشویستن و پشتگیری و ڕق لێبوون و دژایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی به حیزبه‌وه، ئه‌ندامی ئه‌وان بیت كه‌سێكی باش و به توانا و دوڵسۆزیت بۆ ئیسلام و شاییسته‌ی هه‌موو هاوكاری وڕێزگرتن و به‌رگرییه‌كی له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه، نه‌خێر كه‌سێكی دوا كه‌وتوو و تینه‌گه‌یشتوو و سنوور به‌زێن و بێ ویژدان و ته‌نها خۆت به زانا و ئه‌هلی به‌هه‌شت ده‌زانیت، به كورتی له‌گه‌ڵیان بیت كه‌سێكی باشی به‌ده‌ر له دووریت له فیكر و عه‌قیده‌ی ئیسلامی، له گه‌ڵیانیش نه‌بیت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یان لێ بگرێت و لادانه‌كانیان ئاشكرا بكه‌یت خراپیت و خزمه‌تكاری عه‌لمانییه‌كانی و ئه‌گه‌ر مانگ له نێو چه‌وانته‌وه هه‌ڵبێت تۆ هه‌ر كه‌سێكی پیلان گێر و زیان به‌خشیت و له فیقهی واقع تێناگه‌یت و مه‌سڵه‌حه‌ت و مه‌فسه‌ده‌ت بۆ له‌یه‌ك جیاناكرێته‌وه! هه‌زار موسوڵمان بیت و خه‌مخۆری ئیسلام بیت و زانستی شه‌رعیت پێ بێت دادت نادات و له ڕیزه‌كانیاندا نه‌بیت دونیات به‌سه‌ردا بڕوخێت حه‌قیان به‌سه‌رته‌وه نییه، مه‌گه‌ر به ته‌ماحی ئه‌وه‌ی بۆ لای خۆیانت ڕابكێشن. 6- له هۆكاره‌كانی حه‌رام بوونی تێكه‌ڵ بوون و كاركردن له گه‌ل ئه‌واندا ئه‌وه‌یه؛ ئه‌وان به ته‌واوی له گه‌ڵ نه‌یارانی دینی ئیسلامدا تیكه‌ڵ بوونه و هیچ شه‌رمێكان نه‌ماوه له تێكه‌ڵ بوون و كاركردن وخۆشویستن و هاوپه‌مانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه چاویان به ئیسلام هه‌ڵنایه‌ت و ئیسلام به پاشماوه‌ی سه‌ده تاریكه‌كان ده‌زانن و بگره له پێناسه‌ی خودی خۆیانیشدا تاكو چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌ی ئه‌وان بریتی بوو له كوفر‌و شیرك و ئه‌و قسانه‌شیان تاكو ئیستا به نووسراوی و به بینراوی هه‌ر ماوه‌ته‌وه و شوینكه‌وتوانیشیان كێشه‌یه‌ك نابینن له‌وه‌ی قسه‌ی دوێنێی سه‌ركرده‌كانیان له‌گه‌ڵ واقیعی ئه‌مڕۆیاندا سه‌د و هه‌شتا پله جیاوازه! چونكه وه‌كو وتمان گوێڕایه‌ڵی وا ده‌بێت! 7- زێده‌ڕه‌وی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانی حیزبه ئیسلامییه‌كان له مه‌سه‌له‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و هزری ناسیۆنالیزمی و پێشخستنی به‌سه‌ر سه‌روه‌ری حوكمه‌كانی ئیسلام و برایه‌تی ئیسلامدا، به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌وان توانیویانه نه‌وه‌یه‌ك په‌روه‌رده بكه‌ن كه به زمانی حاڵ و گوفتاریش بڵێن: ئێمه كوردین پێش ئه‌وه‌ی موسوڵمان بین، پێویسته ئیسلامیش به ڕه‌نگی كوردایه‌تی ڕه‌نگ بكه‌ین و چه‌ندین گومڕا له‌سه‌ر كه‌ناله‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه بانگه‌واز بۆ ئیسلامێكی كوردی ئه‌كه‌ن به پێناسه‌ی خۆیان له ڕوانگه‌یه‌كی كورد په‌روه‌ری و نه‌ته‌وه په‌رستییه‌وه پیناسه‌ی چه‌مكه‌كان ده‌كه‌نه‌وه و حیزبه ئسلامییه‌كانیش نه‌ك به‌رانبه‌ر ئه‌وانه ناوه‌ستنه‌وه، به‌ڵكو له ناو ڕێزه‌كانی حیزبه‌كانیاندا له‌و جۆره كه‌سانه‌یان زۆرتێدایه. 8- به‌رژه‌وه‌ندی مادی و مه‌عنه‌وی بووه‌ته بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی و بووه به ئامانجێك له ناو زۆرێك له‌و حیزبانه‌دا، بۆ نموونه زۆربه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كان خه‌ون به‌و ڕۆژه‌وه ده‌بینن و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له ڕێگه‌ی حیزبه‌كانیانه‌وه لێپرسراوێتی گه‌وره به ده‌ست بهینن به‌تایبه‌تی ئه‌ندام په‌رله‌مانی كه مووچه‌و ئیمتیازاتی خه‌یاڵییان ده‌ست ده‌كه‌وێت و به ده‌ستهێنانی پله‌و پایه‌و مه‌نسه‌به‌كانی تر له كاتی به‌شداری كردن له حكومه‌تدا، هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی ئه‌ندامان له‌سه‌ره‌وه تا خواره‌وه و به پێی كار و پله‌ی حیزبی خۆیان به‌هره‌مه‌ند ده‌بن له ئیمتیازی دارایی گونجاو له ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی حیزب له بواری كاری ڕێكخراوه‌یی و ڕاگه‌یاندن خێرخوازی و دامزراوه‌كانی تر، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی پشك و مووچه له‌و بڕه پارانه‌ی كه حكومه‌ت و حیزبه عه‌لمانیی