العربیة
/كتێب و سه‌رچاوه‌كان/
زنجیرەی کتێب و سەرچاوەکان ٢٦- الرحيق المختوم
: 522
2018-04-09
كتيبێكى به‌ ناوبانگى هاوچه‌رخه‌ له‌ بوارى سيره‌ و ژياننامه‌ى پيغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم، نووسه‌ره‌كه‌ى ناوى (صفي الرحمن المباركفوري) يه‌، زانايه‌كى هيندييه‌ له‌ بوارى فه‌رمووده‌ناسى، له‌ ساڵى 1943 له‌ دايكبووه‌و له‌ ساڵى 2006 وه‌فاتى كردووه‌.   كتێبه‌كه‌ى موباره‌كفورى كتێبێكى مامناوه‌ندييه‌ له‌ شێوه‌ى توێژينه‌وه‌يه‌كدا نووسيوێتى، نزيكه‌ى پێنج سه‌د لاپه‌ڕه‌يه‌، ڕه‌چاوى شێوازێكى جوان و ئاسان و چێژ به‌خشى كردووه‌ له‌ نووسينه‌كه‌يدا، وا ده‌رده‌كه‌وێت له‌ ڕووى شێوازى نووسينه‌وه‌ كاريگه‌رى شێخ محمد الغزالي له‌سه‌ر بووه‌ كه‌ ئه‌ويش خاوه‌نى كتێبێكى ناوداره‌ له‌ سيره‌دا به‌ ناونيشانى (فقه السيرة).   الرحيق المختوم له‌ ماوه‌يه‌كى كه‌مدا به‌ ئه‌ندازه‌يه‌كى به‌رفراوان له‌ جيهاندا شوهره‌تى په‌يدا كرد و، بۆ زۆرێك له‌ زمانه‌كانى جيهان وه‌رگێڕدراوه‌، المباركفورى خۆيشى ده‌ڵێت من چاوه‌ڕوان نه‌بووم به‌م ڕاده‌يه‌ ناوبانگ په‌يدا بكات و بخوێنرێته‌وه‌.   الرحيق المختوم سه‌ره‌تا وپێش چاپكردنى وه‌كو توێژينه‌وه‌يه‌ك به‌شدارى پێكرا له‌ كێبڕكێيه‌كى ( رابطة العالم الإسلامي) تايبه‌ت به‌ ژياننامه‌ى پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم و پله‌ى يه‌كه‌مى به‌ ده‌ست هێنا، المباركفوري ده‌رباره‌ى كتێبه‌كه‌ى وتوويه‌تى: «وقد قدر الله لهذا الكتاب من القبول ما لم أكن أرجوه وقت الكتابة، فقد نال المركز الأول في المسابقة، وأقبل عليه الخاصة والعامة إقبالا يغتبط عليه.» ئه‌وه‌ى كتێبى (الرحيق المختوم) له‌ كتێبه‌كانى ترى سيره‌ى هاوچه‌خ جيا ده‌كاته‌وه‌: 1- خوێنه‌ران به‌ ژماره‌يه‌كى زۆر و له‌ هه‌مووته‌مه‌نه‌كان ڕوو له‌ خويندنه‌وه‌ى ده‌كه‌ن ، تاكو ئێستاش به‌رده‌وام چاپى نوێى لي ده‌كرێت. 2- دانه‌ر خۆى هه‌ڵساوه‌ به‌ پوخت كردنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ى له‌ كتێبێكى بچووكتردا به‌ ناونيشانى: (مُختَصَر الرّحيقِ المَختوم). 3- نووسه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌يدا توانيويتى وشه‌ى ئاسان و زاراوه‌ى عه‌ره‌بى هاوچه‌رخ به‌ كار بهێنێت. 4- به‌ شێوه‌يه‌كى ڕوون و ديار سوودى له‌ ده‌ربڕين و شێوازى نووسينى ئه‌ده‌بى شێخ محمد الغزالي بينيوه‌، كه‌ ئه‌و ناوبانگى بووه‌ له‌ جوانى ته‌عبيرو ڕه‌وانبێژيدا. 5- به‌ ئه‌و شێوازه‌ ئاسانه‌ى كه‌ له‌ نووسينه‌كه‌يدا ڕه‌چاوى كرد و له‌ ڕێگه‌ى خۆپاراستنى له‌ وشه‌و بڕگه‌ى ناڕوون و ئاڵۆز، گۆڕانكارييه‌كى له‌ شێوازى نووسينه‌وه‌ى سيره‌ به‌ ئه‌نجام گه‌ياند. 6- هه‌وڵى داوه‌ سوودى باش له‌ كتێبه‌كانى سيره‌ى پێش خۆى وه‌ربگرێت.   ئه‌م كتێبه‌ چاپى زۆرى هه‌يه‌ له‌ كتێبخانه‌كاندا و هه‌ندێكيشى چاپى بازاڕى خراپن، چاى باش و نايابيشى زۆره‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى دار السلام و ابن الجوزي و ..ئه‌و چاپه‌ى كه‌ دار المنهاج يش كردوويانه‌ چاپێكى ڕێك و پێكه‌و له‌ لايه‌ن ليژنه‌يه‌كى زانستيه‌وه‌ بايه‌خى پيدراوه‌.