العربیة
/سوننەت/
بینینی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە خەودا
: 1901
2023-04-26

  بینینی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە خەودا دەربارەی خەو بینین بە پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم و، لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا، بە گرنگم زانی وەكو بیرخستنەوەیەك بە كورتی ئەم چەند خاڵە بخەمەڕوو : 1- ئەو كەسەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە خەودا دەبینێت، مەرج نییە پیاو چاك بێت و خەوەكەی وەكو خەڵاتێك بێت بۆی ، بۆی هەیە پیاوچاك بێت و ، بۆی هەیە كەسێكی تاوانبار و خراپەكاریش بێت و ئەو خەوەش ببینێت. 2- شەیتان ناتوانێت لە خەودا خۆی بباتە شەكل و شێوەی پێغەمبەر ەوە صلی الله علیه و سلم، چونكە لە فەرموودەی صحیح دا هاتووە: (من رآني في المنام فقد رآني، فإن الشيطان لا يتمثل بي)، بەڵام شەیتان دەتوانێت لە شەكل و شێوەیەكی تردا خۆی وەكو پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نیشان بدات و خاوەن خەوەكەش مەگەر زانا و شارەزای ژیاننامە وسیما و شەمائیلی پێغەمبەر بێت صلی الله علیه و سلم، ئەگینا ناتوانێت دڵنیا بێت ئەو كەسەی بینیوێتی بە ڕاستی پێغەمبەر بووە صلی الله علیه و سلم. 3- بۆ ئەوەی بزانرێت كە ئەو كەسەی بینراوە بە ڕاستەوە پێغەمبەر بووە صلی الله علیه و سلم، پێویستە سیما و سیفاتی وەكو سیما وسیفاتی ئەو بووبێت، بۆ نموونە: پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم سپی پێست بووە، باڵا مام ناوەند بووە، ناوشانی بەرین بووە، نەقەڵەو ونە لاواز بووە، ڕیشی موبارەكی درێژ وپڕ بووە ومووی سپی زۆر كەم تێدا بووە و زۆر سیما و سیفەتی تری هەیە لە كتێبەكانی سیرەدا بە وردی باس كراوە، بۆیە دەبێت بینراوەكە بەو شێوە بێت ئەگینا شەیتان یان كەسێكی تری بینیوە 4- هیچ فەرمان و زانیارییەك لە خەودا لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەرناگیرێت، چونكە الله تعالی فەرمویەتی: (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا) المائدة:3. بۆیە هەركێ هەرچی لەسەر زاری پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم لەخەودا بگێڕێتەوە و بڵێ ئەو فەرمانەی پێكردووم، یان فەرموویەتی وا بكەن و وا مەكەن جیاواز لەو فەرمانانەی لە سوننەتەكەیدا هاتووە، یان فڵانە كەس و فڵانە كۆمەڵ و لایەن وحیزب لەسەر حەقە وشوێنی بكەون، یان لەسەر ناحەقە و لێی دور بكەنەوە، یان فڵانە فەرموودە سەحیحە وڕاستە و من وتوومە، یان لە هاوسەرەكەت جیابەرەوە ئافرەتێكی خراپە...ئەو حوكمانە نابێت كاریان پێ بكرێت، چونكە بە وەفاتی پیغەمبەر صلی الله علیه و سلم ، شەریعەت تەواو بوو و چیتر هیچ حەڵاڵ و حەرام و سنوورێك بۆ قورئان وسوننەت زیاد نابێت. 5- گومانی تێدا نییە هەركەسێك خەو بە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ببینێت بە مەرجیك بەو شێوەش بێت كە لە كتێبەكانی سیرەدا وەسف كراوەو لە حاڵێكی شاییستەدا ببینیت، ئەوە موژدەو دڵخۆشییەكی زۆر گەوەر پڕ بەهایە و مایەی خۆشحالی و دڵخۆشی و جێگیربوونە لەسەر ڕێگای حەق. إحسان برهان الدین 29 ربيع الأول 1444 2022-10-25