العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئايا سێ جار خوێندنەوەی قل هو الله أحد هاوتایە بە خوێندنەوەی هەموو قورئان؟
: 323
2022-07-05
    #وەڵامی_پرسیارەكانتان : 61 ئايا سێ جار خوێندنەوەی قل هو الله أحد هاوتایە بە خوێندنەوەی هەموو قورئان؟ لە فەرموودەیەكی صحیح دا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ إِنَّهَا لَتَعْدِلُ ثُلُثَ الْقُرْآنِ) البخاري (6643). هەروەها لە فەرموودەیەكی تردا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (أَيَعْجِزُ أَحَدُكُمْ أَنْ يَقْرَأَ فِي لَيْلَةٍ ثُلُثَ الْقُرْآنِ ؟ قَالُوا : وَكَيْفَ يَقْرَأْ ثُلُثَ الْقُرْآنِ . قَالَ : قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ تَعْدِلُ ثُلُثَ الْقُرْآنِ). مسلم (811). واتای ئەو دوو فەرموودەی سەرەوەو فەرموودەی تریش كە لەو بارەوە هەیە ئەوەیە سورەتی (قل هو الله أحد) ئەجرو پاداشتی زۆری هەیە، بەڵام مەعنای ئەوە نییە ئەگەر یەكێك سێ جار ئەو سوڕەتە بخوێنیت و یەكێكی تر هەموو قورئان خەتم بكات یەك ئەجر و پاداشتیان هەیە! لەم بارەشەوە هەندێك لە زانایان فەرمویانە دوو شت هەیە پێویستە موسوڵمان تێكەڵیان نەكات: (الجزاء): واتە پاداشت وەكو ئەوەی الله تعالی پاداشتی سێ لەسەر یەكی قورئان بداتە كەسێك لەسەر خوێندنەوەی تەنها سوڕەتی الإخلاص كە بریتییە لە چوار ئایەتی كورت. (الإجزاء): واتە شتێك جێگەی شتێكی تر بگرێتەوە، بۆ نموونە بڵێیت سێ جار خوێندنەوەی سوڕەتی الإخلاص جێگرەوەی خوێندنەوەی هەموو قورئانە! كە ئەوەش وا نییە هەروەكو چۆن ئەجامدانی دوو ڕكات نوێژ لە حەرەمی مەككەدا مەعنای ئەوە نییە ئیتر تا ماوی نوێژی سوننەت نەكەیت چونكە ئەو دو ڕكاتە ئەجری سەد هەزار نوێژی هەیە، یان وەكو لە فەرموودەیەكی صحیحدا هاتووە عومرەیەك لە مانگی رەمەزاندا بەرانبەر حەجكردنێكە چونكە سەد عومرەش لە مانگی ڕەمەزاندا فەریزەتی حەج لەسەر موسولمان لانادات وجێگەی پڕ ناكاتەوە و لێرەدا مەبەست تەنها لە زۆری ئەجرو پاداشتەكەیە نەك جێگرتنەوەی. زانایان دەربارەی تەفسیرو واتای ئەو فەرموودەیە زیاتر لە تێگەیشتنێكیان هەیە: 1- هەندێكیان فەرمویانە قورئان هەمووی لە سێ جۆر باسكردن بەدەر نییە: یان باسی عەقیدەو تەوحیدە، یان باسی ئەحكام و فیقهوشەریعەتە، یان بەسەرهاتی پێغەمبەران و چیرۆك و بەسەرهاتی ترە، (قل هو الله أحد) یش بەوەی كە باسی ناوو سیفاتەكانی الله تعالی دەكات باسی سێ یەكی قورئانی لە خۆ گرتووە، زۆرێكیان لەسەر ئەم بۆچوونەن. 2- هەندێكیان فەرموویانە ئەو سوڕەتە ئەجرەكەی بەرانبەر ئەجری سێ لەسەر یەكی قورئانە بێ ئەوەی جێگای خوێندنەوەی بگرێتەوە و بێ ئەوەی ئەگەر چەند بارە بكرێتەوە بەو ئەندازە پاداشتەكەی زیاد بكات. 3 - هەندێكیش لە زانایان فەرموویانە ئەگەر كەسێك ئەو سوڕەتە بخوێنیتەوە و كار بە ناوەڕۆكەكەی بكات، ئەو پاداشتە زۆرەی هەیە نەك هەر خوێندنەوەی ئاسایی و بێ بەرجەستە كردن، كە بێگومان ئەم واتایە داواكراوە لە هەموو حاڵەتێكدا و قسەیەكی راستە و بۆ هەموو قورئانیش وایە نەك تەنها بۆ قل هو الله أحد. 4 - بۆچوونێكی تریش هەیە دەڵێت ئەو پاداشتەی لە فەرموودەكەی بوخاریدا هاتووە تایبەتە بەو كەسەی كە پرسیارەكەی لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كردوە نەك بۆ هەموو كەسێك لە ئوممەت. هەرچۆنێك بێت، وەكو زانایان فەرموویانە، ئەو كەسەی كاتێكی زۆر بەسەر دەبات لە خوێندنەوەو خەتم كردنی هەموو قورئاندا، ئەجرو پاداشتی زۆر لەو كەسە زۆرترە كە تەنها سوڕەتی قل هو الله أحد جارێك یان سێ جار یان سەد جاریش بخوینێت، ئەڵبەتە بێ ئەوەی ئەم قسە بە واتای كەم كردنەوە بێت لە پاداشت و لە مەزنی سوڕەتی (قل هو الله أحد) چونكە هەركێ لە واتای ئەو سوڕەتە بەجوانی تێگەیشت و بە ئەرك و مافەكانی هەڵسا لە جەوهەری ئیسلام تێگەیشتووە. تێبینیەكی تری گرنگیش ئەوەیە لەم بارەوە مادام پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی خوێندنەوەی سوڕەتی (قل هو الله أحد) هاوتایە بە پاداشتی سێ یەكی قورئانی پیرۆز كەواتە وایە و كەس لاری لەوەدا نییە، بەڵام جێگرەوەی سێ یەكی قورئان نییە و ئەوە دوو مەسەلەیە پێویستە جیاوازی لە نێوانیاندا بكرێت، خوێندنەوەی ئەو سوڕەتە جارێك یان سێ جار شتێكە و خوێندنەوەی هەموو قورئان شتێكی ترە و زانایان زۆر جەختیان لەسەر ئەم خاڵە كردوەتەوە. إحسان برهان الدین 7 رجب 1443 2022-2-8