العربیة
/هەندێ لە ئەحکام و هەڵە و بیدعەکانی نوێژ/
هەندێ لە ئەحکام وهەڵەو بیدعەکانی نوێژ:18
: 657
2020-03-18


#هه‌ندێ_له‌_ئه‌حكام_و_هه‌ڵه‌_و_بیدعه‌كانی_نوێژ
:18
چۆنییەتی دانیشتنی "التشهد" و سەلامدانەوەو هەندێ تێبینی
بە كورتی هەندێ حوكم و تێبینی و هەڵە هەیە سەبارەت بە دانیشتنی (التشهد) و خوێندنەوەی التحیات لەم چەند خاڵەدا دەیخەینەروو:
1- چۆنییەتی دانیشتنەكە: لە دانیشتنی یەكەمدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بەشێوەی (افتراش ) دادەنیشت، واتە قاچی ڕاستی لە سەر پەنجەكانی ڕادەگرت و لە سەر ڕانی چەپی دادەنیشت، بەڵام لە دانیشتنی كۆتاییدا لەو نوێژانەی كە سێ ڕكاتی و چوار ڕكاتین بە شێوەی (تورك) دادەنیشت واتە قاچی ڕاستی بەهەمان شێوە دادەنا و قاچی چەپی دەخستە ژێر قاچی ڕاستی.
بەڵگەی ئەمەش فەرموودەی أبي حميد الساعدي یە رضي الله عنه كە فەرموویەتی : "كنت أحفظكم لصلاة رسول الله صلى الله عليه وسلم … إلى أن قال : "فإذا كان في الركعتين جلس على رجله اليسرى، ونصب اليمنى، فإذا جلس في الركعة الأخيرة قدم رجله اليسرى ونصب الأخرى وقعد على مقعدته" رواه البخاري.
شێوازێكی تری دانیشتن هەیە (إقعاء) ی پێ دەوترێت واتە نوێژخوێن لەسەر هەردوو پاژنەی دانیشێت، لە نێوان هەردوو سەجدەكەدا یان لە كاتی تشهد دا، ئەمە بە هەموو شێوەكانییەوە بەلای زۆربەی زانایانەوە كارێكی باش نییەو نادرووستە .

 

2- شێوازی ڕاستی (التحیات): (التحيات لله والصلوات والطيبات، السلام عليك أيها النبي ورحمة الله وبركاته، السلام علينا وعلى عباد الله الصالحين، أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأشهد أن محمدًا عبده ورسوله) ئەمەیان لە هەردوو سەحیحی بوخاری (1/286)و موسلیم (1/301)دا هاتووە و، شێوازی تری صحیح یش هەیە بەڵام ئەمەیان مەشهورترە و ئاساییە بە كامەیان بخوێنرێت.

 

لە یەكەم دانیشتندا سەڵەواتی تێدا نییە، بەڵام لە دانیشتنی دووەمدا لەو نوێژانەی كە دوو دانیشتنی تێدایە الصلوات الإبراهیمیة ی بۆ زیاد دەكات كە بریتییە لە: (اللهم صل على محمد وعلى آل محمد كما صليت على إبراهيم وعلى آل إبراهيم إنك حميد مجيد، اللهم بارك على محمد وعلى آل محمد كما باركت على إبراهيم وعلى آل إبراهيم إنك حميد مجيد) ئەم سەڵەواتەش بە پێچەوانەی مەزهەبی حەنابیلە جومهوری زانایان بەلایانەوە سوننەتەو وتنی واجب نییە .
لە هەندێ لە سەلەفەوە دەگێڕنەوە كە لە پاش وەفاتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە التحیات دا وشەی ( السلام علیك )یان گۆڕیوە بە (السلام علی النبي) بەڵام زۆرینەی زانایان لەسەر ئەوەن هیچ گۆڕانكاری لە شێوازی تەحیات نەكرێت چۆن فێركراوین ئاوها ئەنجامی بدەین.

 

3- ئاماژە كردن بەپەنجە: لە شێوەو چۆنییەتی جوڵاندنەوەی پەنجە لە ناو تشهد دا جیاوازی زۆر لە نێوان زانایاندا هاتووە، بەڵام لە سەحیحی موسلیمدا جێگیر بووە لە ڕێگەی عبدالله بن عمر رضي الله عنه كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە كاتی التحیات دا دەستی چەپی دەكردەوە و لەسەر ڕانی چەپی دایدەنا و پەنجەكانی دەستی ڕاستی كۆدەكردەوە جگە لە پەنجەی شایەتمان نەبیت كە ئاماژەی پێدەكرد و لەسەر رانی راستی دایدەنا.
خیلافیش لە سەر جوڵاندنەیەكەیەتی كە لە مەزهەبی مالیكی و حەمبەلیدا ئیشی پێ دەكرێت، بەڵام عبدالعزیز الطریفي دەڵێت ئەوە بەڵگەی لەسەر نییە و جێگیر نەبووە، ابو بكر بن العربي و زانای تر فەرموویانە فەرموودەكە عیللەی تێدایە، بەڵام ئەوەی كە جێگیرە و بەڵگەی صحیح ی لەسەرە ئەوەیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم تەنها پەنجەی بەرزكردووەتەوەو ئاماژەی پێكردووە بەبێ جوڵاندنی زۆر، ئەوەش مەسەلەیەكی خیلافییە و جێگای نكۆڵی كردن نییە لەسەر كەسێك كە ئەنجامی بدات، چونكە هەردوولا دەستیان بەبەڵگەوە گرتووە و بەرگری زانستی لێ دەكەن و مەسەلەكەش دەچێتە بابەتی شێوەو هەیئەی نوێژەوە، شەیخی ئەلبانی بەناوبانگترین كەسە كە جەختی لەسەر جوڵاندنەوەی پەنجە كردوە لە درێژایی كاتی التحیات خویندندا و لە صفة الصلاة ئەو مەسەلەی شیكردووەتەوە.
تێبینی: هەندێ لە زانایان وتوویانە جوڵاندنەوەی پەنجە نوێژ بەتاڵ دەكاتەوە بەڵام ئەوە قسەیەكی بێ بەڵگەیە و پێشەوا النووي لە كتێبی المجموع دا (3/454) ئەو بۆچوونەی ڕەتكردووەتەوە.

 

4- دوعای كۆتایی تشهد: لە كۆتایی خوێندنەوەی التحیات و پێش سەلامدانەوە سوننەت وایە نوێژخوێن نزاو پاڕانەوە بكات و هەندێ دوعای سەحیح لەو بارەوە هاتووە وەكو: .(اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنْ عَذَابِ جَهَنَّمَ وَمِنْ عَذَابِ الْقَبْرِ وَمِنْ فِتْنَةِ الْمَحْيَا وَالْمَمَاتِ وَمِنْ شَرِّ فِتْنَةِ الْمَسِيحِ الدَّجَّالِ) . صحيح مسلم 588. هەروەها: (اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنْ عَذَابِ الْقَبْرِ وَأَعُوذُ بِكَ مِنْ فِتْنَةِ الْمَسِيحِ الدَّجَّالِ وَأَعُوذُ بِكَ مِنْ فِتْنَةِ الْمَحْيَا وَفِتْنَةِ الْمَمَاتِ اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ الْمَأْثَمِ وَالْمَغْرَمِ) البخاري 833.

 

5- سەلامدانەوە: بە ئیجماعی زانایان سەلامی یەكەم لە نوێژدا فەرزەو و دووەمیان سوننەتە، بەڵام هەرگیز نەگێڕدراوەتەوە لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نوێژی بەیەك سەلامەوە كردبێت، بەڵام لە هەندي لە هاوەڵان دەگێڕنەوە كە هەندێ جار بەیەك سەلامدانەوە نوێژیان كردووە، ابن القیم یش لە كتێبی (اعلام الموقعین) دا (2/377) بەرگری لەوە كردووە كە هەردوو سەلامەكە فەرزە.

 

* هەندێ هەلەی سەلامدانەوە:
* پێویستە بەباشی لە كاتی سەلامدانەوەدا ڕوومەتی بەلای ڕاست و چەپدا وەرگێڕێت بە شێوەیەك كە لە پشتەوە ڕوومەتی ببینرێت لە كاتی سەلامدانەوەكەیدا، ئەویش لەبەر ئەو فەرموودەی كە (عامر بن سعد) لە باوكی گێراوێتیەوە فەرموویەتی : (كنت أرى رسول الله صلى الله عليه وسلم يسلم عن يمينه وعن يساره حتى أرى بياض خده ). رواه مسلم ( 582 ) واتە پێغەمبەرم دەبینی صلی الله علیه وسلم لەو كاتەی سەلامی بەلای ڕاست و چەپدا دەدایەوە تەنانەت سپێتی گۆناییم دەبینی .
- شێوەی ڕاستی وتنی سەلام بریتییە لە: (السلام علیكم ورحمة الله) بەبێ وتنی (وبركاته) چونكە وتنی ئەو وشە لە كۆتایی سەلامەوە ئیتر سەلامی یەكەم بێت یان دووەم ئەسڵی نییە.
- هەڵەیە و درووست نییە لەگەڵ سەلامی یەكەمدا دەستی ڕاست بەرزبكرێتەوەو لە گەل سەلامی دووەمدا دەستی چەپ بەرز بكرێتەوە، بە دەقی فەرموودەی صحیح ئەوە قەدەغە كراوە: ( ما لي أراكم رافعي أيديكم كأنها أذناب خيل شمس ).
- هەڵەیە وشەی السلام علیكم درێژ بكرێتەوە و بكرێتە السلاااااااام علیكم...ابن سید الناس فەرموویەتی: خیلاف نییە لەسەر ئەوەی ئەوە كارێكی نادرووستە.
- جوڵاندنەوەی سەر یان بان و خوار پێكردنی پێش سەلامدانەوە یان لە نێوان هەردوو سەلامەكەدا بیدعەیە و ئەسڵی نییە كە هەندێ نوێژخوێنان ئەو كارە سەیرە دەكەن.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لە كۆمەڵە سەرچاوەیەك بینراوە لەوانە:
- صفة صلاة النبي صلی الله علیه و سلم/ محمد ناصرالدین الألباني.
- صفة صلاة النبي صلی الله علیه و سلم / عبدالعزیز الطریفي.
- القول المبین في أخطاء المصلین/ مشهور حسن سلمان.
- الاسلام سۆال وجواب/ محمد صالح المنجد.
- مختصرالفقه الاسلامی/ محمد بن ابراهیم التویجري.
- هەندێ فەتوای گەورە زانایان لەسەر ئەم باسە.
سەرچاوەی تریش

 

إحسان برهان الدین
18 رجب 1441
2020/3/13