العربیة
/ بیروباوەڕ/
هۆكارەكانی سەقامگیربوون لەسەر دینی حەق
: 234
2024-01-28

بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر ڕێگای دین و دینداری ڕاست ڕێبكەین و لانەدەین و بێزار نەبین وتاكو كۆتایی ڕێگاكە پەكما نەكەوێت وبگەین بە مەنزڵگا، پێویستمان بە كۆمەڵێك توێشوو و هۆكاری جێگیربوون هەیە، لەوانە: 

1- پێویستە دوعا هەمیشە وەكو چەكێك بەكاری بهێنین و لێی بێ ئومێد نەبین و بیكەین بە سوكنایی دڵ و متمانەمان بە الله. دوعا پەیوەندییەكی زۆر باش و بەهێزە لەگەڵ الله عزوجل، هەم عیبادەتە وبەرزكردنەوەی ئیمانە و هەم ئاسوودەییە بۆ دڵ و دەروون، یەكێك لەو دوعایانەی كە دەبێت لەسەر زمانمان بێت ئەوەیە، پەنا بگرین بە الله تعالی لە فیتنە بمانپارێزێت، چونكە لەم سەردەمەدا فیتنە دنیای پڕ كردووە و بەهەر لایەكدا ئەڕۆیت فیتنە بەرەو ڕووتە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (تعوذوا بالله من الفتن ما ظهر منها وما بطن) مسلم (2867) . 

2- دەبێت جگە لە دوعا و پاڕانەوە، چەندین جۆری تر پەیوەندیمان لەگەڵ پەروەردگارماندا هەبێت و ئەوەندەی پێمان بكرێت پەیوەندییەكانمان لەو بارەوە بەهێز بكەین بەتایبەتی خوێندنەوەی قورئان و بە (تدبر) و بە تێگەیشتنەوە. 

3- پێویستە هەمیشە هاوڕێی باشمان هەبێت بۆ ئەوەی یەكتر بەهێز بكەین بەرانبەر فیتنە و هۆكارەكانی لادان لە دینی حەق كە لەم سەردەمەدا لە چڵەپۆپەی زۆریدان، هەروەها بۆ ئەوەی لەنێوان خۆماندا فەرمان بەیەكتر بكەین بە چاكە و لە خراپەكانیش یەكتر ئاگادار بكەنەوە، بەڵێ هاورێی باش و چاكەكار و عەقیدە پاك لەم سەردەمە كەمە، بەڵام دەبێت هەمیشە بەدوایانەوە بیت ئەگەر یەك هاوڕێی باش و الله ناست هەبێت بەسە. 

4- لە هۆكارەكانی جێگیر بوون و بەردەوام بوون لەسەر ڕێگای ئیسلام و ئیمان ئەوەیە خەریكی فێربوونی زانستی شەرعی و دەرس و دەوری كتێبەكانی عەقیدەو تەفسیر و فەرموودەو فیقهو سیرە و زانستەكانی تر بیت، هەمیشە سەرقاڵی پەروەردەیەكی ئیسلامی بیت بۆخۆت و بۆ دەوروبەرت لەوانەی توانای پەروەردەكردنیانت هەیە، ئەوە لەلایەكەوە جێگیر كردنە بۆخۆت لەسەر ڕێگای حەق و لەلایەكەوە بانگەواز ەو خزمەت كردنە بە دینەكەت وهەستانە بە ئەنجامدانی ئەو ئەركەی كە لەسەرتە. 

5- خوێندنەوەی ژیاننامەی پیغەمبەر صلی الله علیه و سلم بەتایبەتی زۆر پێویستە زۆر بەسوودە زۆر بونیاتنەرە، لەدوای ئەوەش خویندنەوەی ژیاننامەی پێشەوایان و هێما گەورەكانی ئیسلام بۆ ئەوەی وەكو نموونەیەكی بەرز سەیریان بكەیت و بیانكەیت بە پێشڕەوو پێشەنگی خۆت، سەرەتا لە هاوەڵانەوە الله لێیان رازی بێت و ئیتر هەر كەسێكیش كە لەسەر ڕێبازی ئەوان و هاوشێوەی ئەوان بەردەوامی بە خزمەتی كردنی ئەم دینە دابێت. دەكرێت بوترێت خوێندنەوەی كتێبەكانی سیرە و مێژوو هۆكارێكی زۆر بەسوود و بەهێزن بۆ ئەو مەبەستەی لێرەدا باسی دەكەین. 

6- هەروەها دەبێت متمانەت بە بەسەرخستنی الله عزوجل هەبێت بۆ بەندەڕاستگۆو ئیماندارەكانی وبۆ ساتێكیش گومانت لێی نەبێت ، چونكە ئەوە بەڵێنی خۆیەتی لە قورئاندا كە فەرموویەتی: ( وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُمْ فِي الْأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَىٰ لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّن بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا ۚ يَعْبُدُونَنِي لَا يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا ۚ وَمَن كَفَرَ بَعْدَ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ) النور:55. لەوەش دڵنیابین كە ئەو بەڵێنە بۆ ئیمانداران دیتەدی و جێبەجێ دەبیت و سیفاتی ئیماندارانیش لەقورئان و سوننەتدا دیارن. 

7- خۆ پاراستن لە حەرام و لە كارە نەشیاوو ناپەسەندەكان دڵی موسوڵمان بە زیندوویی ڕادەگرێت و بەردەوامی لەسەر دینی حەق پێ دەبەخشێت، بەپێچەوانەشەوە حەرامەكان وەكو ئاوی سوێر وان كەسی تینوو هەرچەندی لێ بخۆات هەر تینوێتی ناشكێت وبەو حاڵەوە بەردەوام دەبێت تاكو دەگەرێیتەوە لای پەروەردگاری الله لەو چارەنووسە خراپە بمانپارێزێت. 

8- خۆشویستنی زانایان و پیاوچاكان كە لەسەر مەنهەجی كیتاب و سوننەتن و خاوەن عەقیدەیەكی پاكن و بە بیدعە و شیركەكانی هاوچەرخ و كۆنەوە تێوە نەگلاون، ئەوە هێزێكی باش بۆ دڵ ودەروونی كەسەكە دابین دەكات و هۆكارێكە بۆ بەردەوام بوون لەسەر ڕێبازی سوننەت و ژیاننامەی هاوەڵان و تابیعی و پیاوچاكانی شوێنكەوتووی ئەوان. 

9- هەروەها یارمەتیدەرێكی باشە بۆ موسوڵمان خۆی لەسەر سەقامگیربوون لەسەر ڕێگای حەق ڕابهێنێت بەبیركردنەوەی لە مردن، بۆ ئەوەی حەقیقەتی ئەم دونیای بۆ دەربكەوێت و چارەنووس و ئاییندەی ڕاستەقینەی خۆی بزانێت لە كوێیە! گرنگە بیر لە خۆشی بەهەشت بكاتەوە و كار بۆ پێگەیشتنی بكات، بیریش لە ناخۆشییەكانی دۆزەخ بكاتەوە و كار بۆ دووركەوتنەوەو پارێزراوبوون بۆ خۆی بكات لە ناخۆشییەكانی. 

10 - سەبر و ئارام گرتنیش یەكێكە لە توێشووە هەرە بەهێزەكانی ڕیگای دینداری و هۆكارێكی كاریگەریشە بۆ بەرگە گرتن و بەردەوام بوون لەسەر مەنهەجی ڕاست و درووستی ئیسلام، ئارام گرتن لەسەر تووش نەبوون بەو هەموو تاوان و گوناهانەی كە بە خۆڕایی و بەبێ بەرانبەر ڕەخساوە بۆ هەمووكەسێك، ئارام گرتن لەسەر ئەو ناخۆشییانەی كە لە ریگای خزمەت كردنی ئیسلامدا تووشمان دەبێت، ئارام گرتن لەسەر ئەو غەریبییەی كە بە هۆی دەست گرتن بە ئیسلام و بەتایبەتی دەستگرتن بە سونەت و بیروباوەری ئیسلامی تووشی بانگخوازان دەبن. 

شایانی باسە هیچ لەو خاڵانەی سەرەوە نابنە توێشووی ڕێگا بۆ كەس، كاریگەریشیان لەسەر بەردەوام بوون لەسەر دینداری حەق نابێت و نە خاوەنەكەشیان بەرەو بەهەشت دەبەن و نە لە دۆزەخیش دووری دەخەنەوە، ئەگەر لە هەموو هەڵسان و دانیشتن و قسە و باس و نووسین و هەڵوێستێكدا بیری لەلای عەقیدە و بیروباوەڕ نەبێت و پیوەرەكانی ئیمان نەكاتە پێوەری وەرگرتن و ڕەتكردنەوەی هەموو شتێك و هەموو كەسێك، پێویستە هەموو مەسەلەیەك لە ژیاندا بە عەقیدە ببەسترێتەوە ، لە پەیوەندییەكاندا بەردەوام بیرمان لەلای مەسەلەی (الولاء و البراء) بێت، لە هەموو قسەو و هەڵسوكەوتێكدا بیرمان لەلای جێبەجێكردنی تەوحید و خۆ بەدوور گرتن بێت لە جۆرەكانی شیرك بۆ ئەوەی تێینەكەوین، چی شێوازە دیار و ئاشكراكانی، یان شیوازە هاوچەرخ و شاراوەكانی، هەروەها بیدعەش بە هەموو جۆرەكانییەوە بەخراپ و بەوەش كە بەناحەق پێی دەوترێت باش، دەبێت خۆبەدوورگرتن لێیان بكەن بە دروشم بۆ خۆمان. 

إحسان برهان الین 

23 ربيع الآخر 1445 

2023-11-7