إبراهیم علیه السلام پێشەنگ وپێشەاویە إبراهیم علیه السلام تا ڕۆژی قیامەت پێشەنگ و پێشەوای هەموو ئیماندارانێكە، ئازایانە بەرگری لە عەقیدەی تەوحید دەكرد و ڕاشكاوانە بیروباوەڕی خۆی ڕادەگەیاند ودژی هەمو موشریكێك دەوەستایەوە وبەرائەتی خۆی لێ دەردەبڕین. تەوحید سەرمایەی مەزنی ئیماندارانە وتوێشووی هەرە بە نرخی قیامەتیانە. ئیمان بۆ عیبادەت وەكو گیانە بۆ جەستە! قورئانی پیرۆز سیانزە ساڵ لە سەرەتای بانگەوازەوە جەختی لەسەر پرس و كێشەكانی عەقیدە وتەوحید دەكردەوە وبیروباوەڕی خەڵكی ڕاست دەكردەوە، ئینجا لە دوای ئەوەی ئیمانی خەڵكی تەواو دامەزرا وپتەو بوو ولەناخیاندا ڕەنگی دایەوەو ڕەگی داكوتی، دەبینین لە قۆناغی مەدینەدا قورئان زیاتر لە سەر پرسەكانی عیبادەت و تەشریع دادەبەزی، چونكە بناغەكە كە عەقیدە بوو درووست بوو دۆخەكە لەبار بوو بۆ ئەوەی تەلاری مەزنی ئیسلامی لەسەر درووست بكرێت. بەڵام لە قۆناغی مەدینەشدا قورئان بایەخی بە عەقیدەش هەر دەدا و بەردەوام وانەی ئیمان و تەوحیدی ئاراستەی موسوڵمانان دەكرد و هەموو پرسەكانی عیبادەت و تەشریعی بە عەقیدە دەبەستەوە ، ئەوەش وانەیەكی كردەیی بوو بۆ موسوڵمانان تا ڕۆژی قیامەت كە پرسەكانی عەقیدە كاتێكی دیاری كراوی نییە و تەواو بێت، بەڵكو موسوڵمان پێویستە تا كۆتا هەناسەی هەر خەریكی لایەنی بیروباوەڕ بیت وگرنگی پێ بدات. لە ڕاستیدا نموونەی عەقیدەو تەوحید وەكو نموونەی ئەو بنەما وبنچینە تۆكمەیە وایە كە تەلاری دینداری وعیبادەتی لەسەر بونیات دەنرێت، بینایەك هەرچەند جوان و ڕێك و پێك بێت ئەگەر ئەو بناغەی لەسەری درووست دەكرێت لاواز و فشۆڵ بێت هیچ سوودی نییە. عەقیدە بە هەموو ئەو پرسانەی كە لە خۆی گرتووە لە قورئان و سونەتدا وتیشكیان خراوەتە سەر وەكو: جۆرەكانی تەوحیدی ( الربوبیة و الألوهیة و الأسماء و الصفات و الولاء والبراء) و خۆپاستن لە جۆرەكانی شیرك و هەموو باسە پەیوەندیدارەكانی تر، وەكو گیانە لەناو جەستەدا ، ئەگەر گیان سەلامەت نەبوو جەستە هیچ بەهایەكی نییە ولاشەیەكی ساردوسڕی مردوو وبێ كەڵكە. ئەمڕۆ لە كوردستاندا وهاوكات لە هەموو شوێنەكانی تری سەر زەویدا، گەورەترین لێشاوی پشت هەڵكردن لە باسەكانی عەقیدەی ڕاستەقینەی كیتاب و سوننەت و جەهل بە شوێنەروارەكانی ئەو پشت هەڵكردنە درووست بوە و پرسەكان لە زەینی خەڵكیدا سەبارەت بە عەقیدە ئاوەژوو كراونەتەوەو شەوو ڕۆژ پێیان دەوترێت كە ئێوە گرنگ ئەوەیە عیبادەتتان هەبێت ئیتر بەهەشت مسۆگەرە، لە كاتێكدا پەیامەكانی قورئان و سوننەت و جەوهەری ئیسلام پێمان دەڵێت ئەگەر عەقیدەت سەلامەت نەبێت بەردەوام سەرت لە سەجدە بێت و وەكو چیاكان ئالتوون ببەخشیت هیچ سوودێكی نابێت بۆت. إحسان برهان الدین 24 محرّم 1444 2022-8-22