العربیة
/گشتی/
تۆڵەی ئیلاهی سوننەتێكە لەم گەردوونەدا
: 51
2026-08-03

تۆڵەی ئیلاهی سوننەتێكە لەم گەردوونەدا

ژیانی ئەم دونیایە هەرگیز لەسەر تۆڵە وسزای ڕاستەوخۆی الله عزوجل دژ بە تاوانی تاوانباران بونیات نەنراوە، بەڵكو لەبەر حیكمەتێكی ئیلاهی دەستی چاكەكار وخراپەكار لە گۆڕەپانی ئەم دونیایەیەدا ئازاد كراوە وڕۆژێكی یەكلاكەرەوە و پڕ لە دادگەری بۆ ستەمكاران وستەملێكراوان، بۆ چاكەكاران و خراپەكاران، بۆ سزا وپاداشت دیاری كراوە كە ئەویش ڕۆژی قیامەتە.

(استدراج)یش سوننەتێكی ئیلاهییە جاری وا هەیە مرۆڤەكان دەرك بە ڕەهەندەكانی ناكەن و لە حیكمەتەكانی تێناگەن، الله تعالی بوار بە زاڵم و خراپەكار و فاسیدەكان دەدات بەڵكو بیربكەنەوە و دەست لە زوڵم و خراپە وفەسادەكانیان هەڵبگرن وبگەڕێنەوە سەر ڕێگای ڕاست، بەڵام كاتێك لەسەر كردەوەكانیان هەر بەردەوام دەبن و وا گومان دەبەن بۆیان دەچێتە سەر، الله تعالی لەناكاو ڕایاندەوستێنێت وسنوورێك بۆ زوڵم و فەساد و خراپەو چەواشەكارییەكانیان دادەنێت وپشتیان دەشكێنێت.

خراپەكاران كاتێك هۆكارە مادییەكانی پشت قایمی لەم دونیا دەستەبەر دەكەن، لە هەبوونی پارە وماڵی دونیا و وەجاهەتی دروستكراو وخەڵكی زۆر بە دەوریاندا و دەستەبەركردنی هێز و پشتگیری دەسەڵاتداران، هەست دەكەن دۆخەكە بۆ هەتا هەتایی لەبارە بۆ ستەم وخراپەكانیان، بێ ئاگا لەوەی تۆڵەی الله عزوجل مەرج نییە لە هەموو حاڵەتەكاندا بەڕەهایی بۆ ڕۆژی قیامەت دوابخرێت، بەڵكو لەبەر حیكمەتێكی ئیلاهی هەر لەم دونیاو لە دوای تاقیكردنەوەی سوننەتی (استدراج) ودەرنەچوونی كەسەكان لەو تاقیكردنەوە سزای سەختی بە ئێشوئازاری مادی ومەعنەوییان بۆ پێشدەخرێت.

سوننەتێكی تری تۆلەسەندنی الله عزوجل لە خراپەكاران ئەوەیە سزا هەمیشە لە جۆری تاوانەكە دەبێت: (الجزاء من جنس العمل) ئەگەر تاوانەكە كوشتن بێت سزاكە كوشتن دەبێت، ئەگەر زەوتكردنی ماڵ وموڵكی خەڵكی بێت یان هەر جۆرە دەست درێژییەكی تر بێت بە هەمان ئەو بابەتە بە سزای خۆی دەگات.
لە چڵەپۆپەی هەست كردنی زاڵم و فاسیدەكان بە ئاسایش و ئاسوودەیی، لەو كاتەی كە هەست دەكەن هەموو شتیك تەواو لەبارە وبەڕێكی و بەدڵی ئەوان بەرێوەدەچێت، لەو كاتەدا سزای الله تعالی بەسەریاندا دادەبەزێت وهەموو شتێكیان لێ تێكدەچێت: ﴿حَتَّىٰ إِذَا فَرِحُوا بِمَا أُوتُوا أَخَذْنَاهُم بَغْتَةً فَإِذَا هُم مُّبْلِسُونَ﴾ الأنعام:44،

ئینتیقامی الله تعالی لە خراپەكاران و زاڵمان شێوازی گەلێك زۆرە:
- هەندێ جار لە ئەوپەڕی دەسەڵات و توانایاندا دەسەڵاتیان لێ وەردەگرێتەوە ولاواز وبێ دەسەڵاتیان دەكات.
- هەندێ جار بەوە دەبێت هە تكی نهێنی خراپەكاران دەكات و پەردە لەسەر سنووربەزاندن و تاوانەكانیان هەڵدەماڵێت دوای ئەوەی وایان دەزانی هەمیشە كارە خراپەكانیان بەشاراوەیی دەمێنێتەوە.
- هەندێ جاریش بە ئازاری دەروونی و بێ بەش بوونی تاوانباران وخراپەكاران لە ئاسوودەیی دڵ ودەروون وبەسەربردنی كاتەكانیان وەكو ئەوەی لە دۆزەخدابن ڕوو دەدات، بێ ئەوەی دەسەڵاتیشیان لێ وەربگرێتەوە یان تاوانەكانیان ئاشكرا بكات و پەردە لەسەر نهێنییەكانیان هەڵماڵێت، دۆزەخێكیان لەناو دەروونی خۆیاندا بۆدرووست دەكات .

كورتەی ئەم بابەتە:
تۆڵەی ئیلاهی تەنها بیرۆكەیەكی غەیبی نییە خەڵكی نەتوانن لە ژیانی ئەم دونیایەدا بیبینن وهەستی پێ بكەن، بەڵكو بابەتێكی حەتمییە و زوو یان درەنگ دەبێت ڕوو بدات، تۆڵەیەكە لەگەڵ تینوێتی و پەرۆشی مرۆڤەكان بۆ بەرقەرار بوونی دادگەری ڕەهای الله تعالی یەكدەگریتەوە.

كاتێكیش وادەی دیاریكراوی تۆلەی الله تعالی دێت، ئیتر قەڵا قایمەكانی زاڵمان لە چركەساتێكدا دەڕۆخێن و لەناو دەچن، وەكو ئەوەی هەر نەبووبن، نهێنی خراپەكاران و بازرگانانی دین و هەمووجۆرە فاسیدەكانی تر پەردەیان لەسەرهەڵدەماڵرێت، دەركەوتنی زاڵم و فاسید و خراپەكارانیش لەسەر حەقیقەتیان وگەیشتنیان بە سزای شاییستەی خۆیان، بۆخۆی دەبێتە بەڵگەیەك لەسەر تواناو دەسەڵات و دادگەری الله كە ئەگەرچی بۆ ماویەك مۆڵەتیان بدات، بەڵام دواجار لەم دونیا بێت یان لە ڕۆژی دوایی: هەمەموو نەیارانی دینی ئیسلام وئەوانەش بەدرۆ بە ئیسلامەوە وەكو طفیلیات دەلەوەڕن، بە هەموو جۆرە زۆرو جیاوازەكانیانەوە، دەبێت بەسزای شاییستەی خۆیان بگەن.