العربیة
/چۆن تەدەبوری قورئان بکەین ؟/
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 3
: 398
2021-10-19
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 3 لە واتاكانی زیاتر وردبەرەوە كاتێك قورئان دەخوێنیت، تا پێت دەكرێت بە شێوەیەكی ورد و بە تێرامانەوە بیخوێنەرەوە، بەڵكو هەندێ جار باشتر وایە چەندین جار ئایەتەكە دووبارە بكەیتەوە بۆ ئەوەی باشتر لێی تێبگەیت و واتاكەی لە دڵ و دەروونتدا بچەسپێت! نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت الله تعالی كە ئەم قورئانەی دابەزاندووە بۆ ئەوەیە لێی وردبینەوە و بیر لە ئایەت و واتاكانی بكەینەوە: {كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمُ الآيَاتِ لَعَلَّكُمْ تَتَفَكَّرُونَ} . قورئان زانستی بە سوود و سەرسوڕهینەری زۆری تێدایە، زانستەكانی نە تەواو دەبن و نەكۆتاییشیان دێت، بەڵكو هەمیشە وەكو ئەوەی نوێ ببێتەوە، بۆ هەموو كات و سەردەمێك ئاسۆی زانستی فراوانتری لێ دەكرێتەوە، بۆیە تا زیاتر بە تێڕامانەوە بیخوێنیتەوەو لە واتاكانی ورد ببینەوە، دەرگاری تێگەیشتنی زیاتر مان بۆ دەكرێتەوە. بۆ نموونە ئایەتی: (خُذِ الْعَفْوَ وَأْمُرْ بِالْعُرْفِ وَأَعْرِضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ) بە كەمێك تێڕامان و لێوردبوونەوە بیخوێنینەوە دەردەكەوێت، الله تعالی بەم چەند وشە پوخت و كورتە بنەماكانی ڕەوشتی بەرزو جوانی هەمووی بۆ كۆكردینەتەوە! یان ئەگەر وردبینەوە لە ئایەتی: (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَى وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ وَالْبَغْيِ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ) دەبینین بنەمای هەموو فەرمان و قەدەغەكراوەكانی لە خۆگرتووە. یان ئەگەر بیر لەم ئایەتە بكەینەوە: (فَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ ۝ وَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ شَرًّا يَرَهُ ) بۆمان دەردەكەوێت ئاماژەی بۆ هەموو چاكەو خراپەیەك تێدایە و هاندانیشی بۆ هەموو چاكەیەك تێدایە و و ترساندنی لە هەموو خراپەیەك لە خۆگرتووە . یان ئەگەر لێكؤڵینەوە لە پیتی سەرەتای سوڕەتەكان بكەین و بەوردی لە ڕۆشنایی تەفسیرە باش و شایەتی بۆ دراوەكاندا دیراسەی بكەین، دەبینین چەندین زانست و زانیاری سەرسوڕهێنەری تێدایە و بەهەمان شێوە زۆر مەسەلەی تر كە بەڕاهاتن لەگەڵ وردبوونەوەو تێڕاماندا مەزنی كەلامی الله مان بۆ دەردەكەوێت. ئەگەر بتەوێت پەند و وانە و زانستەكانی ئایەتی (وَلَكُمْ فِي الْقِصَاصِ حَيَاةٌ) وەرگریت و فێری بیت، سەرسام دەبیت كە چەند زانستی سەرسوڕهێنەری تێدایە. قورئانیش لەگەل پەلە نەكردن و لێوردبوونەوەو دووبارە كردنەوەدا هەمووی بەو چەشنەیە. لە قورئاندا هەموو وشەیەك لە جێگای گونجاوی خۆیدا دانراوە، بە شێوەیەك كە وشە بەكارهاتووەكە گونجاوترینە. لە قورئاندا كۆتایی ئایەتەكان بە جوانترین شێوە لەگەڵ باس و ناوەڕۆكی ئایەتەكەدا گونجاوە و ڕێك و پێكییان لە نێواندا ەهەیە. لە قورئاندا بە ڕاستی و بەبەڵگەی عەقڵ و نەقڵەوە بەسەرهاتی ڕابردوو و هەواڵی داهاتووی تێدایە. ئەمە جگە لە دەیان ئایەت كە زانستی لەئاسابەرو موعجیزەی زانستی تێدایە كە بەر لە هەزارو چوار سەد ساڵرپێشی زانستی هاوچەرخی داوەتەوە. پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وا هاوەڵانی فێردەكرد،لە كاتی قورئانخوێندندا ، لە گەل ئایەتەكاندا بوەستن و سبحان الله بكەن و نزای چاكە بكەن و پەنای لە خراپە پی بگرن: (إِذَا مَرَّ بِآيَةٍ فِيهَا تَسْبِيحٌ سَبَّحَ وَإِذَا مَرَّ بِسُؤَالٍ سَأَلَ وَإِذَا مَرَّ بِتَعَوُّذٍ تَعَوَّذَ). پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم شەوی وا بووه لە ئایەتێكی وەكو ( إِنْ تُعَذِّبْهُمْ فَإِنَّهُمْ عِبَادُكَ وَإِنْ تَغْفِرْ لَهُمْ فَإِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ )ڕادەوەستا و بیری لە واتاكانی دەكردەوە ودووبارەی دەكردەوە تا ڕۆژ دەبوویەوە. لە دیاردە خراپەكانی ئەم سەردەمەش كە موسوڵمانان لە هەموو لایەك پێوەی دەناڵێنن و كوردیش بەتایبەتی ئەوەیە، قورئان لە ئەنجامی تێنەگەیشت لە پەیامەكەی لە لایەن موسوڵمانانەوە و بەهۆی چەواشەكاری پلان بۆ داڕێژراو بۆ دوورخستنەوەیان لە بەرنامەكەی، تەنها وەكو كتێبێكی حەڵاڵ و حەرام و سەرچاوەی پیت و بەرەكەت و پاداشت وەرگرتن تەماشا دەكرێت، لە كاتێكدا قورئان بەرنامەیەكی تێروتەسەلی عەقیدەیە و ڕێبازە بۆ ژیان و دەبێت موسوڵمان پەیڕەوی بكات و حوكمی پێ بكات و لە هەموو شتێكدا بۆی بگەڕێتەوە، ئەوەش گەورەترین زیان و لێكەوتەكانی وردنەبوونەوەو پەلەكردنە لە خوێندنەوەیدا ! كاتێك قورئان بەو شێوەی داوامان لێكراوە بیخوێنینەوە، واتە بە (تدبر) و تێگەیشتنی باش لە ئایەتەكانی ، كاریگەری باش و خۆشی لەسەر دڵەكانمان دەبێت و ئاسوودەییمان پێ دەبەخشێت و زمانیشمان پاراو دەكات، بەڵام ئەگەر بێ وردبوونەوە و ڕاوەستان لەگەڵ واتاو مەبەست و داواكاری و قەدەغەكراوەكانیدا، هەر پەلە پەلی تەواوكردنیمان بێت و بەبێ كۆشش كردن بۆ بەدەستهێنانی هۆكار و كەرەستەكانی تێگەیشتنی كە ان شاء الله لەم زنجیرەدا هەندیكی دەخەینە ڕوو، ئەوا ناتوانین لە زانستە بەسوود و سەرسوڕهێنەرەكانی، یان لەوەی كە قورئان بەرنامەی ژیانە و ڕێگای سەرفرازی دوا ڕۆژە بەهرەمەند بین. إحسان برهان الدین 3 رمضان 1442