العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئايا كتێبی (تفسیر الأحلام) ابن سیرین نووسیوێتی؟
: 500
2022-05-30
وەڵامی_پرسیارەكانتان:39 ئايا كتێبی (تفسیر الأحلام) ابن سیرین نووسیوێتی؟ (محمد بن سيرين) یەكێكە لە پێشەوایانی ئیسلام و سەرانی تابیعین، لە هاوەڵانەوە وەكو: أبو هريرة، وأنس، وابن عباس، وابن عمر وهاوەڵانی تر فەرموودەی گێڕاوەتەوە و زانستی وەرگرتووە، لە خۆیشيیەوە خەڵكانێكی زۆر زانستیان وەرگرتووە، لە ساڵی 110 كۆچی و لە پاش سەد ڕۆژ لە وەفاتی (الحسن البصري) وەفاتی كردووە. زانایان و مێژوونووسان، وەكو (الذهبي) لە (سیر أعلام النبلاء) و ابن كثیر لە ( البدایة والنهایة) باسی توانای ئەویان كردووە لە تەفسیر كردن و لێكدانەوەی خەو و هەندێ نموونەشیان هێناوەتەوە لە لێكدانەوەكانی، بەڵام وەكو (محمد صالح المنجد) لە وەڵامدانەوەی پرسیارێكدا دەیگێڕێتەوە، هیچ كەسێك لەوانە لە ژیاننامەكەیدا باسی ئەوەیان نەكردووە كە كتێبی لەو جۆرەی نووسیبێت! بۆیە لەڕاستیدا بە هیچ شێوەیەك جێگیر نەبووە و نەزانراوە كە (ابن سیرین) كتێبی سەبارەت بە لێكدانەوەی خەو نووسیبێت، لە دوای بەداواداچوون بۆم ەركەوت چەدین كەس لەوانەی قسەیان لەسەر ئەم بابەتە كردووە دەڵێن: نە ئەو كتێبە لە ڕووی بەڵگەو زانستییەوە كتێبی (ابن سیرین) ە، نە ئەگەر كتێبی ئەویش بوایە پشتی پێ دەبەسترا! چونكە لێكدانەوەی خەوبینین لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت و لە بنچینەشەوە لە دوای پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم تەفسیر ولێكدانەوەی هیچ كەسێك بۆ هیچ خەوێك مەرج نییە یەكلاكەرەوە بێت یان بەتەواوی ڕاستی بپێكێت و دڵنیایی بەخاوەن خەوەكە بدات! بەڵكو تەنها ئەوەندەیە ئەگەر خەوەكە یان تەفسیرەكەی باش بێت دەكرێت دڵی پی خۆش بكرێت و بڵێت الحمدلله و ئەگەر ویستی بیگێڕێتەوە تەنها لای كەسێكی دڵسۆز و خۆشەویستی خۆی نەبێت نەیگێڕێتەوە! ئەگەریش خەوەكە یان تەفسیرەكەی خراپ بێت نابێت خاوەن خەوەكە لێی بترسێت ولەسەر بنەمای خەویك خۆی تووشی باری دەروونی ناخۆش بكات! ئەوەندە بەسە كە بۆ كەسی نەگێڕێتەوە و بڵێت أعوذ بالله من الشیطان الرجیم و سێ تفی وشك بەلای چەپیدا بكات. بە كورتی كتێبی (تفسیر الأحلام) كە خەڵكانێكی زۆر بۆ زانینی واتای خەوەكانیان بۆی دەگەڕێنەوە لە نووسینی ابن سیرین نییە و ئەو لە بنچینەوە كتیبی وای نەنووسیوە، ئینجا وەكو (ابن مقصد العبدالى)لە كتێبی "الرؤيا: عالم غريب وتأويل عجيب" دا دەڵێت: ئەوانەی ئەو كتێبەیان بەناو ئەو زاناوە بڵاو كردووەتەوە هیچ دەستنووسێكیان نەخستووەتە روو، بەڵگەش زۆرە لەسەر ئەوەی ابن سیرین كتێبی وای نەنوسیوە، لەوانە ناوی زاناو پیاوچاكی زۆر تێدا هاتووە بۆ نموونە وەكو :(بشر بن الحارث الحافى، وسهل بن عبدالله التسترى ، و الخراز، وسفيان الثورى، وعبدالله بن المبارك، وابن أبى الدنيا، والشافعى)، كە هەموو ئەمانە بە ماوەیەكی زۆر دوای مردنی ابن سیرین لە دایكبوونە! هەورەها جێگای سەرنجە لە تەفسیری زۆرێك لە خەوەكاندا لەو كتێبەدا هاتووە: ئەگەر فڵانە شتی بینی ئەوە واتە زۆر ناببات دەمرێت! یان دەوڵەمەند دەبێت، یان دوای دەوڵەمەندی هەژار دەبێت، یان دەڵێت خاوەن ئەو خەوە چاكەكارە یان تاوانبارە، مەبەستم ئەوەیە حوكمی رەهای زۆری تێدایە كە هەمووی لەو جۆرەیە كە تەنها الله نەبێت كەس پێی نازانێت! هەندێكیش پێیان وایە ئەو كتێبە لە نووسین و كۆكردنەوەی كەسێكە بە ناوی (أبو سعید الواعظ) و هەرچۆنێك بێت و هەركێ نووسەرەكەی بێت، گرنگ ئەوەیە ئەو كتێبە تێكەڵەیەكە لەقسەی جۆراوجۆری باش و خراپ وڕاست و ناڕاست و هەڵە و، كەس نازانێت بەدڵنییاییەوە كێ دایناوەو مەبەستی چی بووە لەو كارەی، بۆیە نابێت ئەو كتێبە و تەنانەت كتێبەكانی تریش كە لەوبارەوە دانراون، ببنە جێگەی متمانەی تەواوی هیچ كەسێك، چونكە خەوبینین پێوەرێكی نییە بۆ نموونە هەمیشە بلێی مردن لە خەودا تەمەن درێژییە وشایی شینە و بینینی ماسی باشە و ڕیش تاشین خراپە وتەفسیری جێگیری لەو جۆرە، بەڵكو ڕەنگە هەمان خەو لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر تەفسیرەكەی بگۆڕێت و جیاواز بێت، ئینجا باوەڕم وایە زۆر بەدواداچوونی واتای خەو وخۆ پێوە سەرقاڵكردنی لە بنچینەوە شتێكی باش نییە! كۆتا ئامۆژگاریم بۆ ئەوانەی زۆر گرنگی بە تەفسیری خەو بینین ئەدەن، نە لەو كتێبانەوە واتاكەی وەربگرن لەبەر ئەو هۆكارانەی باسمان كرد، نە پرسیار لەوانەش بكەن كە خۆیان بە موفەسسیری خەو دەناسێنن و لە یوتیوب و لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بە شێوەیەكی ڕەها پێشوازی لە پرسیار و خەوی خەڵكی دەكەن و دەست بەجێ لەو شوێنەدا تەفسیری خەوەكانیان دەكەن. لەوەش خراپتر وەكو لە چەندین كەناڵی تەلەفیزبۆن و یوتیوبی عەرەبی و كوردیشدا دەبینین، جاری وا هەیە ئەو كەسەی خۆی تەرخان كردووە بۆ تەفسیری خەو، بە بەرچاوی هەزارانەوە دەردەكەوێت بۆ ئەو مەبەستە ئافرەتە، بەبێ ئەوەی زانستێكی باشی لە عەقیدەو بیروباوەڕدا هەبێت، یان زانستی باشی لە شەریعەتدا بە بەڵگەی كیتاب سوننەتەوە هەبێت، یان بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە دەركەوتنی بەو شێوە ئەسڵەن خۆی لە خۆیدا كارێكی ناشەرعییە . ئەگەر هەر ویستتان پرسیار لە كەسێك بكەن تەفسیری خەوتان بۆ بكات: - با لەو جۆرە نەبێت كە لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن خۆیان بۆ ئەو مەبەستە عەرز كردووە. - با ئەهلی بیدعەو خورافە نەبێت و شارەزایی باشی لە عەقیدەی ئیسلامیدا هەبێت و خۆی یەكێك نەبێت لەوانەی كەوتوونەتە زەلكاوی لادانی بیروباوەڕو مەنهەجەوە. - با شارەزایی باشی لەشەرعدا هەبێت و زانستەكەی بریتی بێت لە قال الله و قال الرسول (صلی الله علیه و سلم) نەك هەموو شارەزاییەكەی قسەكردنی بێ بەڵگە بێت. - ئینجا پێویستە خاوەنی چاكە و عیبادەتیش بێت. ئەوەش پێویستە مەعلوم بێت كە تەفسیركردنی خەو جۆرێكە لە فەتوادان وەكو زانایان فەرموویانە و فەتواش شتێك نییە هەركێ هەڵسێت و ئەنجامی بدات، بەڵكو مەرج و ڕێگا و كەرەستەی خۆی هەیە. لە كۆتاییدا بە گونجاوی دەزانم بڵیم: شایانی باسە ئەوەش بوترێت كە ئەو كەسەی خەوەكە دەبینێت تا موسولمانێكی وابەستە بێت بە قورئان و سوننەت و ئەهلی چاكەو عیبادەت بێت، خەوەكەی ڕاستتر دەبێت و زیاتر ئەگەری هەیە بێتەدی! تا لێکدەرەوەی خەوەكەش ئەهلی زانستی شەرعی و چاكەكار بێت و لە بیدعەو خراپەو لادانەوە دوورتر بێت و عەقیدەی تەوحیدی لە خۆیدا بەرجەستە كردبێت تەفسیرەكەی زیاتر ڕاستی دەپێكێت. إحسان برهان الدین 20 شعبان 1442 2 نیسان2021