العربیة
/مێژوو/
(النووي)..ته‌مه‌نێكى كورت و به‌رهه‌مێكى زۆر
: 513
2018-05-20

  (النووي)..ته‌مه‌نێكى كورت و به‌رهه‌مێكى زۆر پێشه‌وا (محي الدین النووي) له‌ ساڵى 649 ك له‌ ته‌مه‌نى نۆزده‌ ساڵيدا ده‌ستى به‌ فێربوونى زانست كردووه‌، ئه‌مه‌ش كاتێكى دره‌نگه‌ بۆ فێربوونى زانست به‌راورد به‌ سه‌رده‌مى خۆى كه‌ فێرخوازان پێش ته‌مه‌نى پێگه‌يشتن ده‌ستيان به‌ فێربوونى زانست ده‌كرد، ئينجا نه‌وه‌وى له‌ ساڵى 676 ك وه‌فاتى كردووه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نى چل و پێنج ساڵ بووه‌، له‌ كاتێكدا به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى زانايان له‌ پاش ته‌مه‌نى چل ساڵى ده‌ست به‌ نووسين و زانست بڵاوكردنه‌وه‌ ئه‌كه‌ن، خۆى ده‌ڵێت شه‌ش ساڵ خه‌ريكى فێربوونى زانست بووم، دواى ئه‌وه‌ ده‌ستم به‌ نووسين كرد، واته‌: وه‌كو (ابن العطار) ى قوتابى نه‌وه‌وى له‌ كتێبى (تحفة الطالبين في ترجمة الامام محي الدين) ئه‌ڵێت، له‌ته‌مه‌نى بيست و پێنج ساڵيدا ده‌ستى به‌ كتێب نووسين كردووه‌. نه‌وه‌وى نه‌ به‌شه‌و و نه‌ به‌ڕۆژ يه‌ك خوله‌كى له‌ ژيانيدا به‌ زايه‌ نه‌دا بۆ وه‌رگرتنى زانست، ته‌نانه‌ت به‌ده‌م ڕێگه‌وه‌ خه‌ريكى موراجه‌عه‌ى ئه‌و زانستانه‌ بووه‌ كه‌ له‌به‌رى كردبوون، واش ده‌رده‌كه‌وێت به‌ پێى قسه‌ى (ابن العطار) كه‌ نزيكترين قوتابى نه‌وه‌وى بووه‌ كه‌ پێيان ده‌وت (مختصر النووي) ئه‌وه‌نده‌ زانسته‌كانى نه‌وه‌وى له‌ خۆيدا به‌رجه‌سته‌ كردبوو: زۆربه‌ى كتێبه‌كانى نه‌وه‌وى له‌ ده‌وروبه‌رى تەمەنی سى ساڵيدا نووسيوێتى، لێره‌شدا پرسيارێكى گه‌وره‌ درووست ده‌بێت: ئايا ئه‌م زانا چۆن توانى ئه‌و هه‌موو كتێبانه‌ بنووسێت كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ زانست و زانايان، له‌ كاتێكدا له‌ دواى 26 ساڵىدا ده‌ستى به‌ نوسين كردووه‌و له‌ تەمەنی 45 ساڵىدا وه‌فاتى كردووه‌؟ زانايان بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسياره‌ سه‌ريان سوڕماوه‌ و، هۆكارى جۆراو جۆريان باس كردووه‌، به‌ڵام أحمد سالم نووسه‌رى كتێبى (السبل المرضية في طلب العلوم الشرعية) ده‌ڵێت:جوانترين وه‌ڵام بۆ ئه‌م پرسياره‌ له‌ لايه‌ن جمال الدين الإسنوي دراوه‌ته‌وه‌ له‌ كتێبى (المهمات في شرح الروضة والرافعي) 1/99 كه‌ وتوويه‌تى: كاتێك شێخى نه‌وه‌وى ئاماده‌يى تێدا درووست بوو بۆ وه‌رگرتنى زانست، واى به‌ باش زانى له‌ ڕێگه‌ى زانستدا په‌له‌ بكات و وه‌كو ده‌ڵێت: (فجعل تصنيفه تحصيلا و تحصيله تصنيفا) أحمد سالم زۆر به‌م عيباره‌ته‌ى الاسنوي سه‌رسامه‌، كه‌ مه‌عناى ئه‌وه‌يه‌ نه‌وه‌وى ته‌ئليف و نووسينى كتێبى كرده‌ ڕێگه‌يه‌ك بۆ فێربوونى زانست، واته‌ له‌و كاته‌ى كتێبى ده‌نووسى ئه‌وه‌ خۆى له‌ خۆيدا هه‌م كتێب نووسين بوو هه‌م فێربوونى زانست بوو! هاوكات فێربوون و هه‌ڵپه‌كردنى به‌دواى فێربوونى زانستدا كرد به‌ جۆرێك له‌ ته‌ئليف كردن، واته‌: هه‌ر ئه‌و له‌به‌ر گرتنه‌وه‌و جياكردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كانى زانست و نووسينه‌وه‌يان له‌سه‌رده‌مى گه‌نجيدا كردى به‌ پرۆژه‌يه‌ك بۆ دانانى كتێب! ئه‌و كه‌سه‌ى بزانێت نه‌واوى چه‌ند كتێبى نووسيوه‌و، كتێبه‌كانيشى چۆن بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ هه‌موو زانايانى ئيسلام تا ئێستا، سه‌رسام ده‌بێت چۆن له‌و چه‌ند ساڵه‌دا توانيوێتى ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ له‌ كتێب و سه‌رچاوه‌ى جۆراوجۆر له‌ بابه‌ته‌كانى زانستدا بنووسێت. ڕه‌حمه‌تى الله له‌و زانا گه‌وره‌ بێت كه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نزیکەی هه‌شت سه‌د ساڵه‌ وه‌فاتى كردووه‌، هێشتا به‌ زانسته‌كانى له‌ نێوانماندا هه‌ر زيندووه. ئەگەر نەوەوی تەنها الاربعین و ریاض الصالحین ی بنووسیبا وهیچ کتێبێکی تری نەبوایە، پێم وایە شاییستەی ڕێزو و خۆشەویستی و دوعای خێری هەموو موسوڵمانێک دەبوو. إحسان برهان الدين يه‌كه‌م ڕۆژى جه‌ژنى قوربان 1438 2017-9-1 سلێمانى