العربیة
/وانەكانی حەج و عومڕە/
حەجی جەستە وحەجی ڕوح
: 186
2024-05-28

#وانەكانی_حەج_وعومرە:17 وكۆتــــــــــــایی
حەجی جەستە وحەجی ڕوح

لە ڕۆشنایی قسەی زانایان و ئەوانەی لە كتێبەكانیاندا جەختیان كردوەتەوە  لەسەر ئامادە بوونی نیەت و خاوێنی نیازی دڵی ئەو كەسەی دەیەوێت حەج بكات، هەر لەو كاتەی كە بڕیاری ئەو گەشتە پیرۆزە دەدات و تاكو گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆی، ئەم چەند ئامۆژگارییە بۆ خۆم و بۆ خوشكان و برایانم باس دەكەم:

1- پێش هەموو شتێك، بەر لەوەی لەماڵی خۆت بەرەو گەشتی پیرۆزی حەج دەربچیت، نیەتێكی ڕاستەقینەو خاوێن لە دڵتدا دابمەزرێنە كە لەم گەشتەدا تەنها وتەنها مەبەستت ڕەزامەندی پەروەردگارتە و هیواو ئاواتت ئەوەیە الله تعالی ئەو عیبادەتەت لێ وەربگرێت و لێت خۆش ببێت، لەم نیەتەی دڵت زۆر وردبەرەوە و بە تۆكمەیی لە ناختدا دایمەزرێنە.

2- كە بۆ ئەو گەشتە پیرۆزە بەرێ كەوتی لە قوڵایی دڵتەوە سوپاسی الله بكە كە زیارەتی ماڵەكەی خۆی بە نسیب كردی، هەزاران بە ئاواتی ئەوەن بە دیداری ماڵی پەروەردگاریان شاد بن و عیبادەتی حەج ئەنجام بدەن و ناتوانن.

3-  پێش ئەوەی لەماڵ دەربچیت، هەموو شتێك كە بە گرنگی ئەزانیت بینووسە و وەكو وەسێتێك بە جێی بهێڵە ، حیسابی ئەوە بكە لەوانەیە لەو گەشتەت نەگەرێیتەوە، ئەگەر ماڵی كەسێكت لایە، ئەگەر هەر مافێكی نێوان تۆ وبەندەكانی الله هەیە پێویستی بەیەكلا كردنەوە هەیە یەكلای بكەرەوە، یان وەسێت بكە لە دوای خۆت لە ڕۆشنایی كیتاب و سوننەتدا یەكلایی بكرێتەوە.

4- باشترە پێش ڕۆیشتنت لەگەڵ كەسە نزیكەكانت پەیوەندی بكەیت، ئەگەر بەتەلەفونیش بووە، بەتایبەتی ئەوانەی كێشە لە نێوانتاندا هەیە، هیچ مەسەلەیەك بە هەڵواسراوی بەجێمەهێڵە، داوای لێبورد و لێخۆشبوون لەهەر كەسێك بكە كە ئەزانیت پێویست ئەكات، بەڵام مەبەست لەم قسە ئەوە نییە  لەگەڵ هەموو كەسێكدا ئەو كارە بكەیت، بەڵكو تەناه لەگەڵ ئەوانەی كە شتێكی وا ڕویداوە لە نێوانتاندا پێویست بە داوا لێبوردن و لێخۆشبوون بكات.

5- باری خۆت لە شتی زیادە بۆ گەشتەكەت قور س مەكە، خواردن مەكە مەسەلەیەكی سەرەكی بیرت لای بێت، تەنها ئەوەندە نەبێت هێزی عیبادەتت پێ بدات.

6- هەرچی خەم و خەفەتەكانت، كێشەكانت، سەرقالییەكانت هەیە، هەرهەمووی فڕێبدە و بیرت تەنها لەلای ئەو گەشتە پیرۆز و مەزنەی خۆت بێت، لەناو جەگەی شەودا لە پەروەردگارت بپارێرەوە دڵێكی زیندووت پێ بدات، كاتێك جلی پاك و نوێ لەگەڵ خۆت ئەبەیت، بیرت لەلای ئەوە بێت بەدڵێكی خاوێن و تازەوە بگەرێیتەوە، بەئامانجی نوێ و بەرز بگەرێیتەوە، بڕیار بدە قۆناغی دوای حەجەكەت زۆر جیاواز بێت لەگەڵ قۆناغی پێش حەج كردنت.

7- كاتێك ماڵئاوایی لە كەسوكارت ئەكەیت، با كاتی ماڵئاواییت لەم دنیا بیر بكەیتەوە، شوینەوارێكی باش لە دوای خۆت بجێ بهێڵە ودڵت بە قیامەت ببەستە. زۆریش دڵت لای ماڵ و مناڵ نەبێت، ئەو كەسەی تۆ دەپارێزێت ئەوانیش دەپارێزێت.

8- لەگەشتەكەتدا بایەخ بە هاوڕێ و هاوسەفەری باش وچاكەكار بدە، ئەوە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە، خۆت لە هەموو قسەیەكی بێ سوود و زیاد بپارێزە، ئەوە گەشتی تەمەنە كە پێی هەڵئەسیت، زۆر گەورە و مەزن تەماشای بكە.

9- بەر لەوەی خۆت بۆ ئیحرام خاوێن بكەیتەوە، دڵت لە ئاوڕدانەوە لە غەیری الله و ڕەزامەندی ئەویش خاوێن بكەرەوە، چەند پێویستت بە خۆشتن وخۆبۆخۆش كردن و خاوێن كردنەوەی جەستەتە، دوو ئەوەندە پێویستت بە خاوێن كردنەوەی دڵ و نیەتی دڵتە. كاتێك جلە سپیەكەی ئیحرام دەپۆشیت، ئەوەت بیر بكەوێتەوە كە ئەوە هەمان پۆشاكی تۆیە كە دەمریت و دەبێت بەكفنت، پۆشاك ئیحرام وكفن وەكو یەك سادە و بێ گیرفانن.

10- ئەو شوێنانەی لە كاتی حەج كردنت لە یادی الله دوورت دەخەنەوە، لێیان دوور بكەرەوە، بەدوای هەڵەی كەسەوە مەبە وتەنها بیرت لای خۆت بێت، لەبۆڵە و باسی ناڕەحەتییەكانی حەج بەدوووربە ئەوە كارێكی باش نییە.

11- ئیحرام كردن وەكو ڕاهێنانێكی نەفسی خۆت تەماشا بكە لە قەدەغەكراوەكانی الله تعالی، بیری خۆت بێنەوە ئەو پەروەردگارەی كە لەحەج داوای لێت كردوە لە كاتی ئیحرامدا لەو قەدەغەكراوانە بەدوور بیت، هەر ئەو پەروەردگارەیە كە لە كاتەكانی تردا داوای لێت كردووە لە قەدەغەكراوەكانی تری بەدوور بیت وسنوورەكانی تێنەپەڕێنیت.

12-  هەرگیز خراپەكانی خەڵكی وكەسوكار و هیچ كەسێك بەبیر خۆت مەهێنە، بڵێ یارەبی لەبەر تۆ لە هەموویان خۆش بووم وتۆیش لەمن خۆشبە، دڵی خۆت پاك بكەرەوە بۆ ئەوەی كە الله سەیری دڵتی كرد بەو خاوێنییە لێت خۆش ببێت.

13- هیچ شتێك نییە لە حەج و لە غەیری ئەوەندەی تەوحید تۆ لە الله نزیك بكاتەوە، بۆیە بەردەوام بە زمان و بەدڵت بلێ: (لا إله إلا الله وحده لا شریك له له الملك وله الحمد وهو علی كل شیء قدیر).

14- لە رۆژانی مانەوەتدا لە مینا، چاوەڕوانی خەڵكی بۆ حەشرو حیسابی ڕۆژی قیامەت بیری خۆت بهێنەوە، زۆر یادی پەروەردگارت بكە، لەگەڵ حاجیاندا ڕووت خۆش بێت، سەلامیان لێ بكە، تەعاروفیان لەگەڵ بكە، دەستی یارمەتی بۆ هەركەسێك درێژ بكە پێویستی پێت بوو، هەندێ جار دیاری بە هەندێ كەس بدە كە نایاناسی.

15- كە دەڵێیت لبیك اللهم لبیك، بڕیار بدە بۆ جیبەجێكردنی هەموو فەرمانەكانی تری الله و نەبەزاندنی سنوور وقەدەغەكراوەكانی تریشی لە دوای گەڕانەوەت بەهەمان شێوە بە گوفتار و بە كردار بڵییت لبیك الله لبیك. تۆ تازە لەببەیكت كردووە وپەیمانت داوە، پەیمانەكەت مەشكێنە.

16- لە هەموو هەگاوەكانی حەجەكەتدا خۆت لەگەڵ یادكردنی الله ڕابهێنە، هیچ هەلێك خۆ نزیككردنەوە لە الله لەدەست مەدە، زۆر جار بڵێ: (رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ)

17- لە ڕۆژی ڕاوەستاندا لە عەرەفە، ڕاوەسانی خەڵكیت لە ڕۆژی قیامەتدا بیر بكەوێتەوە لە چاوەڕوانی لێپرسینەوەدا، ، لە ڕاستیدا ئەو ڕۆژە وێنەیەكی بچووكە بۆ ڕۆژی قیامەت، هەرگیز ئەوەت بیر نەچێت.

18- ابن رجب الحنبلي بەڕەحمەت بێت فەرموویەتی: ئەو كەسەی ڕاوەستانی ڕۆژی عەرەفەی لەدەست چوو وحەجی بەنسیب نەبوو، با بەو مافانەی الله كە دیانزانێت هەڵبسێت،  ئەو كەسەی نەیتوانی لە موزدەلیفە بمێنێتەوە با بڕیار بدات خۆی لەپەروەردگاری نزیك بكاتەوە، ئەو كەسەی لە مینا توانای سەربڕینی قوربانی نەبوو با هەواو ئارەزووەكانی خۆی سەرببرێت مادام الله ئەوی گەیاندووەتە ئارەزووەكەی لە حەج كردنی ماڵەكەی، ئەو كەسەی كە نەیتوانی بگاتە بەیت بەهۆی دووری، با پەنا بۆ پەروەردگاری بەیت ببات چونكە زۆر لێیەوە نزیكە.

19- بیرت نەچێت كردارەكانی حەج جوڵەی بێ واتا و ئامانج نییە، بەڵكو لە هەموویدا ئامانجی نزیك بوونەوە لە پەروەدگار  هەیە، با عەقڵت بەوەدا بشكێت كە خۆ سەرقاڵ كردن لەو ڕۆژانەدا بەهەر یادێك تر لە یاد الله زیانیكە و لەخۆتی ئەدەیت.

20- هەمیشە خاوێنی ئەو شوێنانە بپارێزە كە هەنگاوەكانی حەجی تێدا ئەنجام ئەدەیت، هەرگیز پاشماوەی خواردن و هیچی تر لە شوێنەكاندا فڕێمەدە، تەنانەت ئەگەر جێگەكە خۆی بەو شتانە پیسیش كرابو تۆ بەشدار مەبە تێیدا.

21- كاتێك بەردی جەمرەكان فڕێدەدەیت با ئەوەت بیر بكەوێتەوە فەرمانەكانی الله جێبەجێ بكەیت، كە دەڵێیت الله أكبر ئەو دەستەواژە لە ژیانتدا بەرجەستە بكە و الله لە هەموو شتێك و لە هەموو كەسێك بەگەوەرت بزانە.

22- كە قوربانییەكەت سەردەبڕیت هەموو بیرێكت لەای ئەوە بێت كە تۆ لەو كارەتدا گوێڕایەڵی فەرمانی الله ت كردووە، هەروەها با هەڵوێستی پڕ لە ئیمان و تەوحیدی ئیبراهیمت لەمەسەلەی قوربانیدا علیه السلام بیر بخاتەوە، لەوەش دڵنیابە ئەوەی بۆ الله بیبەخشیت الله بەزیادەوە پێت دەبەخشێتەوە.

23-لە كاتی تەوافكردنتدا كاتێك تەماشای كەعبە دەكەیت، با مەزنیی تەوحیدت بیر بخاتەوە، چونكە ئەو ماڵە لە بنچینەدا بۆ جێگیركردنی تەوحید لە سەرزەویدا دامەزراوە. بۆیە تۆیش بڕیار بدە دڵت لە پەیوەست بوون بە غەیری الله خاوێن بكەیتەوەو دڵنیابە لەوەی غەیری الله عزوجل كەسی تر  سوود و زیانی تۆی بەدەست نییە.

24- هەرگیز لە پێناو ماچكردنی بەردەڕەشەكەدا پاڵ بەخەڵكەوە مەنێ و عەزێتی كەس مەدە، ئەوەش بزانە كە ئەو بەردە نە سوودی هەیە  و نەزیان، بەڵام فەرمانمان پێكراوە ماچی بكەین و ئێمەش گوێڕایەڵی فەرمانەكەین. سەرگەورەمان عومەر الله لێی ڕازی بێت بەو بەردەی دەفەرموو من دەزانم تۆ بەردێكی نە سوود و نزیانت نییە، بەڵام لەبەر ئەوە ماچت دەكەم پێغەمبەرم بینیوە صلی الله علیه و سلم ماچتی دەكرد.

25- لە كاتی سەعیكردنی نێوان سەفا و مەڕوادا خاتوو هاجەرت با بیر بكەوێتەوە، كاتێك هەژاری و پێویستی خۆی بۆ میهرەبانی الله نیشان دەدا، با سەعیكردن لەو جێگەیە فێری ئەوەت بكات لە هەموو ژیانتدا ڕاستگۆ بیت ونییەتت تەنها بۆ الله بێت. بیرت نەچێت تۆ بەردەوام موحتاجی ڕحمەت و چاكەی پەروەردگارتی.

26- ڕۆژان (التشریق) وجەژن بەگشتی بە یاد الله و بەخوێندنەوەی قورئان و كاری چاكە بەسەر ییە، بەنییەتی ڕێزگرتن لەو جێگەیە و لە سنوورەكانی الله شەڕ و مشتومڕ لەگەڵ كەس مەكە، بەچاوێكی كەمەوە سەیری كەس مەكە.

27- لە تەوافی وەداع و ماڵئاواییدا بە خەمیاری ماڵئاوی بكە، داوا بكە الله چەندین جاری تر هاتنەوەت بۆ ماڵەكەی بە نسیب بكات، دوعا بكە، سەڵاوات بدە، پەیمان لەگەڵ الله تازە بكەرەوە كە فەرمانەكانی جێبەجێ بكەیت، سوورەكانی نەبەزێنێت، دوعا بۆ كەسوكار و خۆشەویستەكانت بكە.

28- ك گەیشتیتەوە ماڵ بەسەلامەتی، وای دابنێ بەدڵێكی پاك و سپی گەراویتەتەوە، ڕێگە مەدە بە تاوان و سنوور بەزاندنی شەرع پیس ببێتەوە، ئەوەی كە لە حەج فێری بووی لە قوربانیدان و ئارامگرتن و ڕێزگرتن لە سنوورەكانی الله تعالی لە دوای حەجیش جێبەجێی بكە.