#وانەكانی_حەج_وعومرە:14
كردارەكانی حاجیان لە ڕۆژی جەژنی قوربان
(رمي الجمرات)
لە دوای ئەوەی حاجیان شەوی جەژن لە موزدەلیفە دەمێننەوە ونوێژی بەیانی دەكەن و سوننەتی دوعا كردن و تەلبیە و یادكردنی الله بە جێدەهێنن لە دوای نوێژی بەیانی تاكو دنیا تەواو ڕوناك دەبێتەوە و پێش خۆرهەڵاتن بەرەو مینا بەڕێدەكەون ودەست بە كردارەكانی ڕۆژی دەیەمی مانگی ذي الحجة دەكەن كە ڕۆژی جەژنی قوربانە و زۆرترین كردارەكانی حەج كەوتووەتە ئەو ڕۆژەوە هەر بۆیە هەندێك لە زانایان بە ڕۆژی حەجی گەورە (الحج الأكبر) ناوی دەبەن، لێرەدا بە پوختی ئەو كردارانە دەخەینە ڕوو:
1- یەكەم كرداری ڕۆژی دەیەمی ذي الحجة لە حەجدا چییە؟
جێگیر بووە لە سوننەتی صحیح دا پێغەمبەر داصلی الله علیه و سلم سەرەتا بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری )ی فڕەداوە، زانایان ئیجماعیان لەسەر ئەوەیە لە چێشتەنگاوی ڕۆژی دەیەمی ذي الحجةدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم جەمرەی عەقەبەی یەكەمی رمي كردووە.
2- ئێمە وەكو كورد زۆر جار وشەی ڕەجم بەكار دەهێنین بۆ رمي الجمرات بەڵام خۆی وشەی رمي واتە ڕاستە و مەبەستیش لێی فڕەدانی بەردەكانە.
3- شێوازی بەرد فڕەدانەكە چۆن دەبێت؟
لەگەڵ گەیشتنی حاجی بۆ لای (جمرة العقبة الكبری) بە حەوت بەردی بچووك دەست بە تێگرتنی بەردەكان دەكات ، (بە ئەندازەی نوكە پەنجەیك(پەنجەكان سێ خەتیان لەسەرە مەبەست لەو بەشەی سەرەتایە تاكو خەتی یەكەم) یان بە ئەندازەی نۆكێك یان دەنكە پاقلەیەك یان فستقێك شتێك گەوەرتر وبچووكتر كێشە نییە، بەڵام نەك زۆر گەورە بێت) بەردەكان یەك بەدوای یەكدا فڕێ دەدات، كەعبە دەخاتە لای چەپی و مینا دەخاتە لەلای ڕاستی، چونكە پێغەمبەر صلی الله لعیه وسلم بەو شێوە بەردی تێگرتووە، ئەگەر لەلای تریشەوە بەردەكان فڕێ بدات هەر دروستە بە مەرجێك بكەوێتە ناو ئەو شوێنەی بەردەكەی بۆ فڕێدەدرێت و مەرجیش نییە لە پەیكەرەكە بدات، بەڵكو ئەوە گرنگە بكەوێتە ناو حەوزەكەوە.
4- تابەتمەندییەكانی (جمرة العقبة الكبری ) چییە؟
كۆمەڵێك تایبەتمەندی بەسەر بەردكانی ترەوە هەیە، وەكو ئەوەی لە ڕۆژی جەژندا بەردی تێدەگیرێت، لە خوارییەوە و لە كاتی بەیانیدا، دەبێت،بە پێچەوانەی دوو جەمرەكەی تر، حاجیانیش لەلایدا ڕاناوەستن بۆ دوعا كردن، كە لە بەرد فڕەدانەكەش بوونەوە ئیتر (تحلل) ئەكەن، واتە كۆمەڵێك لەو شتانەی لە كاتی ئیحرامدا لێیان قەدەغە بوو بۆیان دەبێتە ڕێگەپێدراو، بە فڕەدانی بەردەكانیش ئیتر كاتی تەلبیە كردنیش تەواو دەبێت.
5- كەی كاتی فڕێدانی بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری) دەست پێ دەكات و كەی كاتی تەواو دەبێت؟
لەدوای نیوە شەوی شەوی جەژن بۆ نەخۆش و لاوازەكان كاتی فڕەدانی بەردەكان دەست پێ دەكات و تاكو فەجری ڕۆژی یانزەی مانگی ذي الحجة كە دەكاتە دووەم ڕۆژی جەژن بەردەوام دەبێت. بەڵام بۆ كەسێك هیچ عوزر وپاساوێكی نەبێت سوننەت وایە لە نێوان بەیانی و نیوەڕۆدا بەردەكان فڕێبدات.
6- ئایا درووستە بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری) بۆ ڕۆژانی دوای ڕۆژی یەكەم واتە بۆ ڕۆژانی تەشریق دوابخرێت؟
زانایان دەفەرموون نەخێر نابێت وئەو دوا خستنە درووست نییە، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە رۆژی جەژندا بەردەكانی فڕەداوە، هاوەڵانیش الله لێیان ڕازی بێت هەر وایان كردووە بەبێ بەهانە كەس ئەو كارەی بۆ كاتێكی تر دوانەخستووە، ئەگەر كەسێك وا بكات ئەجری خۆی كەم كردووەتەوە و پێویستە تەوبە لەو كارەی بكات و دووبارەی نەكاتەوە.
7- ئەو پەیكەرانەی كە بەردیان تێدەگیرێت كامانەن و هەر حاجییەك چەند بەردیان تێدەگرێت؟
(جمرة العقبة الكبری) یەكەمیانە لە دەیەمی مانگی ذي الحجة كە ڕۆژی جەژن دەكات هەر حاجییەك حەوت بەردی تێدەگرێت. بۆ ئەوانەی كە (تعجل) دەكەن و پەلەیانە دەتوانن دوو ڕۆژ لە أیام التشریق واتە دووەم ڕۆژ و سێیەم ڕۆژی جەژن هەرسێ جەمرەكانی (الصغری و الوسطی و الكبری) بە بیست و یەك بەرد فڕێدەدەن بەم شێوەش هەمووی دەكاتە 49 بەرد ، بۆ ئەوانەی كە دوادەكەون و ڕۆژی چوارەمی جەژنیش دەمێننەوە جارێكی تر ئەو 21 بەردە فڕێدەدەن بۆ ئەو سێ پەیكەرە بەهەمان شێوە، كۆی بەردەكان بۆ ئەمان دەكاتە 70 بەرد.
8- باشترین كاتەكانی بەرتێگرتنی پەیكەرەكان كەیە؟
سەبارەت بە (جمرة العقبة الكبری) كە ڕۆژی جەژن تەنها بەرد لەوەیان دەگیرێت، چاكترین كات لە دوای هەڵاتنی خۆر تاكو خۆرئاوابوونی خۆری یەكەم ڕۆژی جەژن، بەڵام چاكترین كات ئەوەیە تاكو لە نێوان خۆرهەڵاتن و نیوەڕۆدا بێت، بۆ ئەوانەش كە لە موزدەلیفە لە نیوەشەوە هاتوون بۆ مینا لەسەر بۆچوونی هەندێ لە زانایان وشەرعناسان دەكرێت لەدوای نیوەشەوەوە بەردەكان بگرنە (جمرة العقبة الكبری).
بەڵام لە رۆژانی التشریق واتە سێ ڕۆژی كۆتایی جەژنی قوربان لە دوای نیوەڕۆوە بەردەكان دەگیرێتە هەرسێ جەمرەكان: بچووك و ناوەندو گەورەكە بەو تەرتیبە. تاكو خۆرئابوون، ئەوەشی فریا نەكەوت فەتوای زانایان لەسەر ئەوەیە كە شەویش دەتوانێت بەردەكان فڕێبدات.
9- هەموو كەسێك لە بری خۆی بەردەكان فڕێدەدات، پیاو بۆ خۆی و ئافرەت بۆ خۆی، بەردەكانیش كەسەكە دەتوانێت خۆی بۆ خۆی كۆیان بكاتەوە یان كەسێكی تر بۆی كۆ بكاتەوە درووستە، لەگەڵ فڕەدانی هەموو بەردێكیشدا سونەتە تەكبیر بكات واتە بلێت الله أكبر.
10- لەگەڵ فڕەدانی بەردەكاندا چی بوترێت باشە؟
لەگەڵ فڕەدانی بەردەكاندا تەنها الله أكبر دەكرێت و بسم الله ناكرێت، چونكە هەندیك دەڵێن بسم الله الله أكبر ئەوە هەڵەیە بەو شێوەیە.
11- ئایا تەنها بەبەرد یان درووستە شتی تریش لە جەمرەكان بگیرێت؟
جگە لەبەردی بچووك درووست نییە بە بەردی زۆر گەورە یان پێڵاو شتی تر بگیرێت لە پەیكەرەكان، هەروەها درووست نییە كەسەكە بەتوڕەیی ئەو كارە بكات بەڵكو دەبێت بیری لای ئەوە بێت كە خەریكی عیبادەتە و بە لەسەر خۆیی ئەنجامی بدات و بەهێمنی لەگەڵ هەموو بەرد فڕەدانێكدا بڵێت الله اكبر.
12- ئایا شەیتان لەلای ئەو پەیكەرانەیە كە بەردی تێدەگیرێت؟
حاجی كاتێك بەردكان دەگرێتە ئەو پەیكەرانە كە جەمرەیان پێ دەوترێت عیبادەتێك ئەنجام دەدات وەكو هەر عیبادەتێكی تر، مەسەلەكە ئەوە نییە شەیتان لەو جێگەیەدا وەستابێت حاجی بەردی تێبگرێت وئەویش بوەستێت بەردی بەربكەوێت شتی وا لە هیچ ئایەت و فەرموودەیەكدا نەهاتووە، بۆیە هیچ پیویست ناكات وا هەست بكەیت شەیتان وەستاوەو تۆ رەجمی دەكەیت، بەڵكو فەرمانت پێكراوە ئەو كارە بكەیت و تۆیش شوێنكەوتووی فەرمانەكانیت و ئەنجامی دەدەیت.
13- ئایا پێویستە بەردەكان پاك بكرێنەوەو بشۆردرێن؟
نەخێر فڕەدانی بەردەكان عیبادەتە و شوێنكەوتنی سوننەتە و هەمووی شتێكی دەبێت لەڕوناكی بەڵگەدا بێت، جێگیریش نەبووە لە سوننەتدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم یان هاوەڵان بەردیان شۆردبێتەوە و پاكیان كردبێتەوە.
14- ئایا تاكو چ ئەندازەیەك گرتنی كەسێك بەبریكار لە جێگەی حاجی بۆ فڕەدانی بەردەكان درووستە؟
جگە لە حاڵەتی سەغڵەتی زۆر و عوزری شەرعی قایلكەر نەبێت درووست نییە تەنانەت بۆ ئافرەتانیش كەسێك لە جیاتی خۆیان بۆ فڕەدانی بەرەكان بنێرن، بەڵكو پێویستە بەخۆیان ئەو كارە ئەنجام بدەن تەنانەت ئەگەر ناچار ببن بەرد فرەدانی دوو ڕۆژ یەك بخەن و بەیەك جار هەمووی پێكەوە فڕەبدەین، بەڵام ئەگەر كەسەكە ناچار بوو و توانای چوونە ناو قەرەباڵغی نەبوو كەسێكی تر لە جێگەی خۆی دەگرێت و لەو حاڵەتەدا درووستە و شەرع حەرەجی تێدا نییە.
15- ئەو كەسەی لەبەر عوزرێكی شەرعی لەیەك ڕۆژدا بەردەكانی فڕێدا دەبێت چی بكات؟
ئەگەر كەسێك لەبەر عوزرێكی شەرعی ناچار بوو بەردی هەموو جەمرەكان لەیەك ڕۆژدا تێبگرێت دەبێت بەهەمان تەرتیب كارەكان ئەنجام بدات، واتە بۆ نموونە یەكەم جار حەوت بەرد لە (جمرة العقبة الكبری ) دەگرێت، دوای ئەوە بۆ ڕۆژی دووەم سەرەتا بچوكەكە ئینجا ناوەندەكە و دوای ئەوە گەورەكە یەكی حەوت بەردیان تێدەگرێت، دوای ئەوە بەهەمان تەرتیب بۆ ڕۆژی سێیەم بەردەكانی تر فڕێدەدات.
16- ئایا درووستە حەوت بەردەكە بەیەك جار هەمووی فڕێبدرێت؟
نەخێر درووست نییە و بەو شێوە جائیز نییە و بە یەك بەرد دادەنرێت و شەشی تری لەسەرە فڕێببدات.
17- ئایا ئەگەر حاجییەكە گومانی لە ژمارەی بەردەكانی كرد چی بكات باشە؟
دەبێت خۆی یەكلا بكاتەوە و گومانەكەی ببڕێت، بۆ نموونە بلێت شەش بەردم فڕێداوەو بەردێكم ماوە، هەندێ لە زانایانیش وەكو أحمد بن حنبل پێی وابووە ئەگەر بەنەزانین بەردێكی ودوانی كەمتر وەشاند ئاساییە و حەجەكەی درووستە.
18- ئایا مانەوە لەشەوانی جەژندا لە مینا واجبە؟
جومهوری زانایان لەسەر ئەوەن كە مانەوە لەو شەوانەدا لە مینا واجبە، بەڵام ئەگەر كەسێك جێگای دەست نەكەوت شوێنی مانەوەی بۆ دابین نەكرا یان ڕێگرێك هەبوو لە مانەوەی لە مینا زانایان فەرموویانە هیچ كەفارەتێكی لەسەر نیە و دەتوانێت لە دەرەوەی مینا بمێنێتەوە، چونكە الله عزوجل فەرموویەتی: (فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ). التغابن:16.
19- ئەگەر كەسێك جێگای مانەوەی لە مینا دەست نەكەوت چی بكات؟
ئەگەر هەر حاجییەك هەوڵیداو جێگای دەست نەكەوت بۆ مانەوە لە مینا، واجب نییە لەسەری لە كۆتایی خێوەتەكانەوە لەسەر جادە بێت بۆ نموونە بمێنیتەوە لەدەرەوەی میناش بێت بەبەهانەی ئەوەی دانەبڕێت لەوانەی لە مینان. بەڵكو دەتوانێت بچێت بۆ موزدەلیفە یان بۆ مەككە و هیچ حەرەجێكی لەسەر نییە چونكە جێگای دەست نەكەوتووە.