#وانەكانی_حەج_وعومرە: 6
چۆنێتی و ئەركەكانی ئیحرام كردن
لەم بەشەی باسەكانماندا بە پوختی و بەشێوەی پرسیار و وەڵام هەندێ لە گرنگترین مەسەلەكانی ئیحرام كردن دەخەینەڕوو:
1- ئیحرام كردن مەعنا چییە؟
ئیحرام واتە لە گەشتی حەج كردندا هەندێ شتی وەكو چوونە لای هاوسەر وخۆبۆنخۆش كردن و لەبەركردنی جلی دووراو لە هەندێ جێگەدا حەرام وقەدەغە دەبێت لەسەر ئەو كەسەی كە حەج و عومرە دەكات.
لە ڕووی شەرعیشەوە ئیحرام بریتییە لە نیەتی چوونە ناو عیبادەتی عومرەو حەجەوە،
2- سوننەتەكانی ئیحرامكردن بۆ حەج و عومرە چین؟
هەندێ سونەت هەیە موسوڵمان ئەنجامیان بدات پێش ئیحرام كردن، كارێكی زۆر باشە وخێری دەست دەكەوێت، ئەگەر ئەنجامیان نەدات هیچی ناكەوێتە سەر وتاوانبار نابێت. كە بریتین لە:
* خۆشتن ونینۆك گرتن وخۆ پاككردنەوە بە شێویەكی گشتی.
* خۆ بۆنخۆش كردن بۆ پیاوان پێش لەبەر كردنی جلی ئیحرام.
* پۆشینی جلی ئیحرام كە بریتییە لە دوو پارچەی سپی و خاوێن.
* ئیحرام كردنەكە لە دوای نوێژێك بێت، فەرز بێت یان سوننەت.
* دەنگ بەرزكردنەوەی پیاوان بە تەلبیە كردن واتە وتنی لبیك اللهم لبیك.
3- چین ئەو شتانەی كە ڕێگە پێدراون بۆ ئەو كەسەی لە ئیحرامدایە ئەنجامیان بدات؟
ئەو كەسەی لە ئیحرامدایە ڕێگە پێدراوە ئەم كارانە ئەنجام بدات:
* بۆی هەیە خۆی بشوات و قژی سەرو ڕیشی دابهێنێت و سەیری ئاوینە بكات وسیواك بكار بهێنێت.
* بۆی هەیە جلی ئیحرامەكەی بشوات و بیگۆڕێت.
* دەتوانێت سعات و موستیلە لەدەست بكات و ئافرەتیش بۆی هەیە خشڵ بەكاربهێنێت.
* كەڵەشاخ و دان هەڵكێشان و خوێن بەخشین و بەكارهێنانی پشتێن وچاویلكە و چەتر هەمووی ڕێگەپێدراوە.
* كوشتنی جڕوجانەوەر و هەر ئاژەڵێكی زیانبەخش.
* كڕین و فرۆشتنیش ڕێگەپێدراوە.
4- قەدەغەكراوەكانی ئیحرام بریتین لە چی؟
- لابردنی موو لەسەر وهەرشوێنێكی تری جەستە قەدەغەیە.
- نینۆك گرتنی پەنجەكانی دەست و پێ وپۆشینی دەستكێش قەدەغەیە.
- بە كارهێنانی عەتر و بۆن بۆ جەستە و بۆ جلی ئیحرامیش لە دوای ئیحرامكردن قەدەغەیە.
- سەرجێی كردن لەگەڵ هاوسەر و پێشەكییەكانی هەمووی قەدەغەیە.
- ڕاوكردن یان هاوكاریكردنی ڕاوچی و ترساندن ووروژاندنی باڵندەكانی حەرەم و بڕینی دارودرەخت قەدەغەیە. (جگە لە درەختێكی بۆنخۆش نەبێت كە پێی دەوترێت الإذخر ئەوەیان قەدەغە نییە)
- خوازبێنی كردن ژن مارە بڕین چی بۆ كەسەكە خۆی بێت یان بۆ كەسێكی تر ئەنجامی بدات.
- هەڵگرتنی شتی ونبوو، مەگەر بۆ كەسێك مەبەستی ئەوە بێت بیناسێنێت و بیگێڕێتەوە بۆ خاوەنەكەی.
- مشتومڕ ودەمەدەمە وقسەی نەشیاوو بێ سوود قەدەغەیە وحەڕامە.
5- چین ئەو قەدەغەكراوانەی تایبەتن بە پیاوانەوە؟
- لەبەر كردنی هەموو جۆرە جلێكی دووراو كە تەقەڵی پێوە بێت و بە گوێڕەی ئەندامەكانی مرۆڤ درووست كرابێت وەكو فانیلە و شەڕواڵ و گۆرەوی.
_ داپۆشینی سەر بە شتێك كە پێوەی بلكێت وەكو كڵاوو مێزەرو جامانە.
6- ئایا قەدەغەكراوی تایبەت هەیە بە ئافرەتانەوە؟
- قەدەغەیە لەسەر ئافرەتان ڕوخساریان بە شتێك دابپۆشن كە بلكێت بە دەموچاویانەوە وەكو نیقاب و شتی هاوشێوە، بەڵام ئەوە بەو واتا نایەت كە ناچار بن ڕوخساریان دەربخەن، چونكە دەتوانن بە ڕێگەی تر ڕوخساری خۆیان لە نامەحرەم بشارنەوە بۆ نموونە سەرپۆشێك بەن بەسەیاندا یان بەبەشێك لە جلەكانیان. دايكمان عائیشە الله لێی ڕازی بێت دەیفەرموو:"كنا مع النبي ﷺ في حجة الوداع إذا دنا منا الرجال سدلتْ إحدانا خمارَها من على رأسها على وجهها حتى يُجاوزونا". واتە لە حەجی ماڵئاواییدا لەگەڵ پێغەمبەردا بوونە صلی الله علیه و سلم جا كاتێك لە ئیحرامدا بوونە و پیاوان لێیان نزیك دەبوونەوە ڕوخساری خۆیان بە بەشێك لە جلەكانیان دەشاردەوە.
6- فیدیەی ئەنجامدانی یەكێك لە قەدەغەكراوەكانی ئیحرام چییە؟
هەركەسێك بە نەزانین یان لەبیرچوونەوە یەكێك یان زیاتر لە قەدەغەكراوێكی ئیحرام ئەنجام بدات هیچی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر بە ئەنقەست قەدەغەكراوێكی ئیحرامی ئەنجامدا وەكو نینۆك و مووگ گرتن و خۆبۆنخۆش كردن و نزیكبوونەوە لە هاوسەر بە شەهوەت و سەرداپۆشین بۆ پیاوان و نیقاب پۆشین بۆ ئافرەتان وشتی لەو جۆرە ، لەو حاڵەتەدا فیدیەی دەكەوێتەسەر كە بریتییە لە یەكێك لەم سییانەی باسی دەكەین كامیان هەڵبژێرێت ئازادە:
- سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بوون لە مككە یان لە هەر جێگەیەكی تر دوای گەرانەوی.
- پێیدانی خواردن بۆ شەش هەژار بەبڕی نیو صاع واتە نزیكەی یەك كیلۆ ونیو برنج یان خواردنی تر.
- یان سەربڕینی حەیوانێك.
7- ئەو كەسەی كە نیەتی حەجی هەیە دەتوانێت هەر لە ماڵ یان لە فرۆكەخانە پێش ئەوەی بگاتە میقات خۆی بشوات و جلی ئیحرامیش لەبەر بكات، بۆ ئەوەی ئەو كاتەی گەیشتە میقات لەناو تەیارەكە نیەت بهێنێت و ئیحرام بكات، بەڵام ئەگەر كەسێك جلی ئیحرامی پێ نەبوو، یان لەبەر هۆكاری تر نەیتوانی ئیحرام بپۆشێت، نیەتی خۆی دەهێنێت و ئیحرامی خۆی لە شوێنی دیاریكراودا لە ناو تەیارەكەوە دەكات، چونكە نیەت نەبەستراوەتەوە بە پۆشینی جلی ئیحرام ومەسەلەیەكی ترە، دوایی كە گەیشتە مەككە لەوێ كە دەچێت بۆ حەرەم یان دوای حەوانەوە لە ئوتێل كە ڕۆیشت بەرەو طواف جلی ئیحرام دەپۆشێت و سێ جۆر فیدیە هەیە ئازادە كامیان بكات: یان سێ ڕۆژ ڕۆژوو بگرێت(لە مەككە بێت یان لە هەر شوێن و كاتێكی تر)، یان خواردنی شەش هەژار بدات كە دەكاتە نزیكی یەك كیلۆ ونیو برنج بۆ نموونە، یان ئاژەڵێك سەربرێت.
8- حوكمی چییە كەسێك ئیحرام بە جلی ئاساییەوە بكات، واتە جلی ئیحرامی نەپۆشیبێت وكاتێك گەیشتە میقات ئیحرام بكات؟
حوكمی ئەوەیە كە دواتر كە گەیشتە مەككە ئیحرام دەپۆشێت و عومرەكەی تەواو دەكات، بەڵام وەكو وتمان یەكێك لە سێ كەفارەتی دەكەوێتە سەر، سێ ڕۆژ ڕۆژوو گرتن، پێدانی خواردن بۆ شەش هەژار، یان سەربڕینی ئاژەڵێك هەركامیتن بكات درووستە.
9- ئیحرام ونیەت هێنان بۆ حەج وعومرە چۆن دەبێت؟
كاتێك كە ئەو كەسەی نیازی حەج و عومرەی هەیە دەگاتە میقات و شوێنی دیار كراوی شەرعی بۆ نیەتهێنان، ئیتر چی لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمانەوە بێت كاتێك كە فرۆكەكە دەگاتە بەرانبەر ئەو جێگایە، لە دڵەوە نیەت دەهێنێت و ئینجا دەست دەكات بە تەلبیە كردن، واتە وەكو لە فەرموودەی صحیحدا هاتووە ئەگەر نیازی عومرەی هەبێت دەلێت: (لبیك عمرة)، ئەگەر نیازی حەجی هەبێت دەڵێت: (لبیك اللهم حجا) و دەڵێت: (لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ،لَبَّيْكَ لَا شَرِيكَ لَكَ لَبَّيْكَ، إِنَّ الْحَمْدَ وَالنِّعْمَةَ لَكَ وَالْمُلْكَ لَا شَرِيكَ لَكَ)، سوننەتیشە بەردەوام بێت لە تەلبیە كردن لە كاتی ئیحرام كردنەوە تاكو دەستپێكردنی تەواف بەدەوری كەعبەدا.
10- ئایا درووستە ئەگەر كەسێك لە كاتی تێپەڕبوون بە میقاتدا ئیحرامی نەكردبێت، دوایی كە گەیشتە مەككە لەناو ئوتێلەكەوە ئیحرام بكرێت؟
بەلێ درووستە ئیحرام لە ناو ئوتێلەكەتانەوە بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كەسەكە لە میقات و شوێنی دیاریكراوی شەرعییەوە ئیحرامی نەكردووە، فیدیەی دەكەوێتە سەر، كە سەربرینی ئاژەلێكە بە مەرجە شەرعییەكانی خۆی.
11- جۆرەكانی ئیحرام كردن بۆ حەج چەندن؟
ئیحرام كردن بۆ حەج بۆ سێ جۆر دابەش دەبێت كە پێیان دەوترێت: الإفراد، والقِران، والتمتُّع.
- الإفراد: واتە كەسەكە تەنها ئیحرام بەحەج دەكات و دەلێت: (لبيك اللهم بحج)و جلی ئیحرامیش لەبەری داناكەنێت لەوكاتەوە تاكو ڕۆژی جەژن كاتێك ڕەجمی (جمرة العقبة الكبری دەكات) ئاژەڵ سەربڕینیشی لەسەر نییە.
- القران: واتە لە میقاتەكەوە نیەتی حەج و عومرە پێكەوە دەهێنێت و بەوە ئیحرام دەكات ودەڵێت: (لبيك اللهم بحج وعمرة). تەنها یەك جار تەوافی لەسەرە ئەویش (طواف الإفاضة)یە ویەك سەعی كردنیش.
- التمتع: واتە ئەو كەسەی كە نیەتی حەج كردنی هەیە، لە یەكێك لە مانگەكانی حەج كە بریتین لە شوال، وذو القعدة، دە ڕۆژی سەرەتالە مانگی ذو الحجة، لەلای میقاتەوە دەڵێت: (لبيك اللهم بعمرة). كاتێك دەگاتە مەككە و تەواف و سەعی دەكات و سەری دەتاشێت یان كورتی دەكاتەوە، جلی ئیحرام دادەكەنێت و جلی ئاسایی خۆی لەبەر دەكات تاكو ڕۆژی تەرویە واتە ڕۆژی هەشتەمی مانگی ذي الحجة، ئەو كاتە جارێكی تر جلی ئیحرام دەپۆشێت و دەڵێت: (لبيك اللهم بحجة) وبەو شێوە دەمێننێتەوە تاكو ڕۆژی جەژن و دوای فڕەدانی بەردەكانی (جمرة العقبة الكبری) ئیتر جلی ئیحرام لە خۆی دەكاتەوە. سەربڕنی ئاژەڵێكیشی لەسەرە.