العربیة
/شەرحی كتێبی (زغل لعلم )ی ذهبي/
بۆچوونی دەربارەی زانستی مەنتیق و فەلسەفە
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (13) وكۆتایی بۆچوونی دەربارەی زانستی مەنتیق و فەلسەفە پێشەوا شمس الدین الذهبي دەربارەی (علم المنطق) بە كورتی و بە پوختی دەڵێت: زانستی مەنتیق سوودی كەمە و زیانی زۆرە و لە زانستەكانی ئیسلامیش نییە، ئەوانەشی كە راستە و حەقە لەو زانستەدا لەراستیدا خۆی لەناخ و دەروونی كەسە پاكەكاندا بوونی هەیە و مەعلومە بەبێ هیچ پێویستییەك بەو زانستە، بۆ نموونە هەموو كەسێك دەازنێت پێشەكی دەبێتە هۆكاری درووستبوونی دەرەنجام، یان ئەوەی كە دەڵێن هەموو ژمارەیەكی جووت دابەش دەبێتە سەر دوودا ! ئەو جۆرە بنەمایانە عیلمی مەنتیقیش نەبێت خەڵكی هەر خۆیان دەیزانن! ئەوەشی كە دەمێنیتەوە باتڵە و لێی هەڵبێ و دەستبەرداری ببە چونكە زیاتر نییە لە هەندێ دەربڕینی سەیرو سەرسوڕهینەر، لە الله تعالی داوای سەلامەتی دەكەین. ئینجا دەڵێت: ئەگەر بۆ دونیا دەیخوێنیت نەك بۆ دواڕۆژ، ئەوا هەر كات بە فیڕۆ داونە و تاڵ كردنی ژیانە لە خۆت، لە خێریشی دەستت بشۆ و لە سزایشی ئەمین مەبە. وەك دەبنین ڕاوبۆچوونی الذهبي دەربارەی زانستی منطق زۆر خراپە و هیچ باشەو ڕۆشناییەكی تێدا نابینێت و دەڵێت جاوەڕێی پاداشت مەبە لە فێربوونی و مەمنوون ئەگەر بەبێ سزا لەلای الله لێی دەربچیت. ڕەنگە هەر ئەم هەڵوێستەی زەهەبیش بێت، كە بووە مایەی ڕەخنە و گلەیی كردن لە ابن تیمیة ی مامۆستای چونكە ئەو دوو كتێبی لەو زانستەدا نووسی: (الرد علی المنطقیین) و (نقض المنطق) كە ئەو لەو دوو كتێبەدا ئەو زانستەی هەڵوەشاندووەتەوە و بەرپەرچی سەرانی مەنتیقی داوەتەوە، و بەو هۆیەشەوە توانیوێتی گفتوگۆ و مونازەرە لە گەل فیرقە ئیسلامییەكاندا بەتایبەتی موعتەزیلە و ئەشاعیرەدا بكات، چونكە ئەوان زۆر پەنایان بۆ علم الكلام بردووە و ابن تیمیة ش دەبوو فێری منطق و فەلسەفە بێت بۆ ئەوەی بەرپەرچیان بداتەوە، كە بێگومان كارێكی باشی كردووە و ڕۆڵێكی گەورەی بینی لە دەمكوتكردنیاندا. زانستی فەلسەفە: سەبارەت بە زانستی فەلسەفەش الذهبي توندتر و توڕەترە بەرانبەر ئەوانەی كە خەریكی ئەو زانستەن ودەڵێت: كەسێك خێری تیابێت خۆی بە فەلسەفەوە سەرقاڵ ناكات، چونكە ئەم زانستە بەلایەك و ئەوەی پێغەمبەران پێی ڕەوانە كراون بەلایەكی تر! ئینجا دەڵێت: هاوار بۆ ئەوانەی كە گوایە چاوەڕوان كراوە بەرپەرچی فەلسەفە بدەنەوە لە كاتێكدا خۆیان سەرگەردانن، ئەبێ ئەبێت ئەوانەی كە بەرپەرچ دەدرێنەوە حاڵیان چۆن بێت؟ چارەسەی ئەم زانستە و ئەوانەش كە خەریكین ئەوەیە ڕێگە نەدرێن و ئەو كتێبانە لەناوببرێن! لە كۆتاییشدا وەرگێڕانی ئەو جۆرە كتێبانە بۆ زمانی عەرەبی بەكارێكی ناشەرعی و هەڵە دەزانێت كە دەرنجامە خراپەكانی هەموو موسوڵمانان دەگرێتەوە. زانستی بیركاری وپزیشكی: سەبارەت بە زانستی بیركاری و پزیشكی كە بە (الحكمة الریاضیة و الحكمة الطبیة) ناویان دەبات، دەڵێت: ئەوانە زانستی دونیایین خۆیان لە خۆیاندا نە پاداشت و نەسزایان لەسەر نییە، بەڵام بە بوونی نیەتی باش واتە ئەگەر ئەو فێرخوازەی فێریان دەبێت مەبەستی ئەوە بێت یارمەتی خەڵكی پێ بدات و كاری موسوڵمانان ئاسان بكات، بەو شێوە دەبێتە خێر و پاداشت بۆی، ئەگینا ڕێگەیەك نین بۆ نزیك بوونەوە لە الله عزوجل. زاانستی دابەشكردنی میراتی: سەبارەت بە زانستی دابەشكردنی میراتی (علم الفرائض) زۆر لەسەری ناوەستێت و دەڵێت ئەو زانستە بەشێكە لە زانستەكانی شەرع و ڕۆچوون تێیدا باش نییە، چونكە شارەزایانی ئەو بوارە مەسەلەی وا باس دەكەن ڕەنگە هەرگیز شتی وا لە دونیادا ڕوو نەدات. واتە زەهەبی تەنها ڕەخنە لە ڕۆچوونی پسپۆڕانی ئەو بوارە دەگرێت و داوا دەكات زێدەڕەوی بێ پاساو لەو زانستەدا نەكرێت. زانستی ئینشا و ڕەوانبێژی: سەبارەت بە زانستی ئینشا و ڕەوانبێژی الذهبي دەڵێت ئەو زانستەش بە هەمان شێوە زانستی دونیایییە و پەیوەندی بە دواڕۆژەوە نییە، هەركێ بیەوێت لەو زانستەدا كامڵ بێت پێویستە لە زانستە ئیسلامییەكاندا شارەزایی باشی هەبێت و عەقڵێكی باش و تێگەیشتنێكی وردی لە ڕێزمان و وزانستەكانی (المعاني) و (البیان) ومێژوو و شێوازی نووسینی وێژەییدا هەبێت. نووسەر پێویستە سەرمایەكەی تەقواو وچاودێری پەروەردگاری بێت، لەوانەیە وشەیەك بەكار بهێنێت ببێتە هۆكاری سزادانی لەلای الله تعالی، لەوانەشە لە دێڕێكدا گوایە داهێنانی كردووە ببێتە مایەی وێران بوونی شارێك، لەوانەیە ببێتە هۆكاری ڕشتنی خوینێك بە ناحەق. ئینجا ڕوو دەكاتە ئەو كەسەی كە ڕەوانبێژە و نووسەرێكی بەتوانایە و پێی دەڵێت: پێغەمبەرەكەت صلی الله علیه و سلم زەمی ڕەوانبێژی كردووە و فەرموویەتی: (إن من البیان لسحرا) واتە زەهەبی واتای سیحر لەو فەرموودەیە بە شتێكی خراپ دادەنێت و نەك ستایش بێت بۆ بەلاغة و بەیان وەكو زۆر كەس لە فەرموودەكە وا حاڵی دەبن، چونكە واتای سیحر هەلگێڕانەوەی ڕاستییەكانە، كەسی ڕەوانبێژ و بەتوانا لە قسەكردن و نووسیندا دەتوانێت ناحەق و باتڵ بڕازێنێتەوە و وەكو حەق پێشكەشی خوێنەر و بیسەری بكات، لێرەدا بە باشی دەزانم تەنها نموونەیەك بە گومڕای بەناوبانگ عدنان إبراهیم بهێنمەوە، ئەو بەهۆی توانای قسەكردن و خۆبادان و بەكارهێنانی زمانی جەستە كە لە كاتی قسەكردنیدا هەموو لاشەی دەجولێنێتەوەو سەرنجی بەرانبەر بۆخۆی ڕادەكێشێت، هەروەها بەهۆی جۆرێك لە ڕەوانبێژی و توانای وتار و قسەكردن لە ڕووی ڕواڵەتەوە، دەبنین زۆر ناحەق و باتڵ و بیدعەی لە شێوازێكی جواندا - لە كاتێكدا خۆی ناشیرینە - دەخاتە ڕوو وبۆ بەرانبەر پێشكەشی دەكات، لە كوردستانیشدا بە حوكمی ئەوەی هەندێ كەس و لایەنی لادەر و گومڕا كاریان لەسەر ناساندن و وەرگێڕانی نووسین و ڤیدیۆكانی كرد و پێیانهەڵدا بۆ ماوەیەك توانییان خۆڵ لە چاوی خەڵكی بكەن وجەماوەرێكی بۆ پەیدا بكەن بەرلەوەی كەسانێك پەردە لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی ئەو ناوبراوە و بیروڕاكانی دژ بە سوننەت و پشتگیری ئاشكرای بۆ ئەهلی بیدەع هەڵماڵن و ئاشكرا بكەن، ئێستا الحمدلله مەگەر كەسێك تەواو بێ ئاگا بێت كورد واتەنی لە گوێی گادا خەوتبێت، یان كەسێك زۆر گومڕا بێت و مەبەستی بێت لەناو كورددا زیاد لەوەی كە هەیە گومرایی بڵاو بێتەوە، ئەگینا كەس نەماوە حەقیقەتی ئەو ڕەوانبێژە ساختەی بۆ ڕوون نەبووبێتەوە! ئەوەیە واتای فەرموودەكە كە هەندێ بەیان سیحرە، واتە كەسەكە ڕاستیەكان تێكەڵ دەكات و بە قسەی بریق و باق سەر لەبەرانبەرەكەی دەشێوێنێت، لەو ڕوانگەشەوە الذهبي ڕەوانبێژی و ئینشا ڕەتدەكاتەوە و بە ئامرازێكی خراپی دەزانێت كە لەسەردەمی ئەودا - بێگومان لەسەردەمی خۆیشماندا زیاتر - كاریگەری خراپی بووە. بێگومان مەبەستی بەكارهێنانی ئەو زانستە نییە لە چاكەدا چونكە ئەوە كارێكی باشە و پاداشتی لەسەرە. زانستی هۆنراوە: دەربارەی زانستی شیعرو هۆنراوە دەڵێت: شیعر وتەیە، جوانی جوانە و ناشیرینی ناشیرینە و ئەمەشیان زاڵە بەسەریدا، چونكە سەرمایەی شاعیران زیاتر درۆیە و زێدەرەوییە لەو كەسەی ستایش دەكرێت و یان دادەشۆرێت و بە شێوەیەكی گشتی بابەتەكانی شیعر تاكو درۆی زیاتر تێدا بێت دەڵێن خۆشترەو بەتامترە! بێگومان تاكو ئەم سەردەمەی خۆشمان هەروایە و من وەكو پسپۆڕێك لە بواری زمان و ئەدەبی عەرەبیدا ئەو حەقیقەتە بەچاوی خۆم وەدی دەكەم و دەربارەی شیعر ، حاڵ بەوە گەیشتووە عەیبەیەكی تێدا نییە كە دەوترێت: (أعذب الشعر أكذبه) واتە خۆشترین شیعر و هۆنراوە ئەوەیە كە زۆرترین درۆی تێدا بێت، (ئەڵبەتە زۆربەی ڕۆمانەكانیش هەر بەو شێوەن) بۆ نموونە پیاهەڵدان و وەسفی كەسێك دەكات بەدرۆ باڵی لێ پەیدا دەكات و دەیكات بە كەسێك لە هەموو خەڵكی باشتر و پیاوتر و بەخشندەتر خۆیشی وا نییە، یان وەسفی جوانی ئافرەتێك دەكات دەڵێت لەمانگ و گوڵ و ئاسك جوانترە ، یان باسی خۆی دەكات ڕاستێك و چەندین درۆ تیهەڵكێش دەكات كە زەهەبی خۆی نموونەی المتنبي و البحتري لەو جۆرانە هێناوەتەوە، یان كەسێك دەشكێنیتەوە و دەیكات بە شەیتان هەموو ئەمانە درۆی تێدا نەبێت، بە هیچ شێوەیەك سەرنجی خوێنەر ڕاناكێشێت! تەنانەت دەڵێن: حسان بن ثابت الله لێی ڕازی بێت كە لە سەردەمی جاهیلیدا شاعیرێكی گەورە و بەتوانا بووە، بەڵام لە سەردەمی ئیسلامدا ئاستی وەكو شاعیرێك لە ڕووی هونەرییەوە دابەزی، بێگومان هۆكاری ئەوەش بۆ دووركەوتنەوەەی حەسسان دەگەڕیتەوە لە هەموو جۆرە درۆو وزێدەڕەوییەك لە قسەكردن و بوختان نەكردن و هەبوونی ئینساف! كە هەمووی بە كاریگەری ئیسلامەوە بووە لەسەرەی . دوای ئەوە دەڵێت: شیعر هەندێ جار سەر لە كوفرەوە دەردەكات، بەڵێ لەم سەردەمەی خۆیشماندا شیعر بووەتە گۆڕەپانێكی بەرین بۆ سووكایەتی كردن بە ئیسلام و بە الله و بە پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم و بە هەموو پیرۆزییەكانی، لەم بارەشەوە كتێبێكم هەیە چاپكراوە بە ناوی (نزار قباني ولوثة الفكر الحداثي في شعره) تەنها بە دواداچوونم بۆ جنێودان و سووكایەتی كردنەكانی نەزار قەببانی كردووە بۆ ئایینی ئیسلام وەكو شاعیرێكی دیار و ناودار، بۆم دەركەوت هیچ پیرۆزییەكی ئیسلام لە زمانی ئەو شاعیرە ڕزگاری نەبووە، بەهەمان شێوە محمود درویش و زۆربەی ئەوانەی پێیان دەوترێت (شعراء الحداثة) ئەڵبەتە ڕۆمانەكانیش هەمان كێشەیان هەیە وبەڵكو لەم سەردەمەدا پێشی هۆنراوەشیان داوەتەوە، چونكە ئەگەر جاران دەوترا (الشعر دیوان العرب) ئێستا دەڵێن: (الروایة دیوان العرب و العجم) ، سەبارەت بە دەرخستنی دژایەتی كردنی شاعیرانی هاوچەرخ بۆ ئایینەكات بە گشتی و بۆ ئیسلام بە تایبەتی، چاكترین كتێب لەو بارەوە بخوینرێت كتێبی: (الانحرافات العقدیة في أدب الحداثة و فكرها دراسة نقدیة شرعیة) لە نووسینی سعید بن ناصر الغامد یە. زانستی ژمێریاری: هەروەها باسی زانستی ژمێریاری دەكات و دەڵێت ئەوە لە زانستی قیبتی و فارسەكانە، بەشێك نییە لە زانستە ئیسلامییەكان، ڕێگەیەكە بۆ دابین كردنی بژێوی ژیان و خۆشگوزەرانی، دەشڵێت: ژمێریار چەند كارامەتر بێت ئەوەندە دزتر دەبێت! دیارە لە سەردەمی زەهەبیدا وا بووە! بەدوای ئەوەدا دەڵێت بەڵام هەركێ تەقوای الله ی هەبێت و لەگەڵ قازییە موسوڵمانەكاندا كار بكات و زانستەكەی بخاتە خزمەتی هەتیو و كاروباری سەدەقە وماڵە وەقفكراوەكان و قوتابخانەكان و دەست پاك بێت و لەو ئەمانەتەی كە دەخرێتە ژێر دەستی جێگای متمانە بێت ئەوە كەسێكی بەختەوەرەو لەسەر نیەتەكەی پاداشت دەدرێتەوە، دەڵێت خەڵكانێكی كەممان بینی بەو شێوە بوون، منیش دەڵێم: باوەڕ ناكەم سەردەمی خۆیشمان لەسەردەمی زەهەبی لەو بارەوە باشتر بێت! ئینجا دەڵێت، هەندێ ژمێریاری گورگیشمان بینی وەكو مرۆڤ پۆشاكیان لەبەردا بوو! هەروەها هەندێ نووسەری لای دادوەرەكانیشمان بینی لە دزیدا گەیشتبوونە چڵەپۆپە، دیارە گەندەڵی تەمەنی زۆر درێژە، چونكە زەهەبی زیاد لە 600 ساڵە وەفاتی كردووە! زانستی دادنووسی: هەروەها باسی زانستێكی تر دەكات بە (علم الشروط) ناوی دەبات، كە بە دەستەواژەی ئێستای خۆمان (دادنووس) و پارێزەری دەگرێتەوە، دەڵێت: ئەوە عیلمێكی شەرعییە و هەركەسێك لێزان و لە خواترس بێت بە بەختەوری دەژی و بشمرێت خەڵكی بەداخەوە دەبن بۆی، هەركێیش بە فێڵ و تەڵەكە ئەو زانستە ئەنجام بدات ڕووزەردی دونیا و قیامەت دەبێت، ئەگەر بەو حاڵەشەوە بگاتە پلەو پۆست، بە ئەم ئایەتە وەڵام ئەدرێتەوە: ( قُلْ مَتَاعُ الدُّنْيَا قَلِيلٌ وَالآخرةُ خيْرٌ لِمنِ اتَّقى). جا زەهەبی تۆ لە سەردەمی خۆت بەو شێوە بەگلەیی و ناڕازیت! لە كوێی ئێستا ئەم سەردەمەی ئێمە ببینیت، كە لە بنچینەوە حوكم بەوەی الله لە قورئاندا دایبەزاندووە هەر ناكرێت و، لە جیاتی قورئان و سوننەت، كار بە یاساو ڕێسای دەستكردی مرۆڤەكان دەكرێت كە تاكو حوكمێكیان لە گەڵ شەریعەتی ئیسلامدا یەك دەگرێتەوە، دە حوكمی پێچەوانەیەتی ولا حول ولا قوة إلا بالله، زانستی ئامۆژگاری: كۆتا زانست كە زەهەبی قسەی لەسەر دەكات زانستی ئامۆژگارییە (علم الوعظ)، دەڵێت ئەو كەسەی خەریكی ئامۆژگاری خەڵكی دەبێت بۆ چاكە پێویستی بە زانستێكی باش هەیە، پێویستە لە تەفسیردا باش شارەزا بێت و هەروەها لە چیرۆك و بەسەرهاتی عابید وپیاوچاكاندا شارەزا بێت. بەداخەوە لەم سەردەمەی خۆماندا ئەوانەی بەو كارە هەڵدەستن سەرمایەی گەورەیان زمانێكی لووسە و ئەوەی نەیانبێت عیلمی شەرعییە و زۆربەیان لە عەقیدە و فەرموودەو سوننەتدا زۆر بێ ئاگان و لە مەسەلەی تەوحیددا بەتایبەت تا بیناقاقایان تێكەوتوون و كەچی خەریكی ئامۆژگاری كردنی خەڵكیشن، داماوینە بڕۆن ئامۆژگاری خۆتان بكەن سەرتان لە ئەلفوبێی عەقیدەو وبیروباوەڕ دەرناچێت. الذهبي دەڵێت: بەڵام ئەگەر بینیت واعیز دینی لاواز بوو دڵنیابە وەعزەكەی لە گوێی بیسەرەكانی تێناپەڕێت! دەڵێت زۆرمان بینی لە واعیزی قسەزان خەڵكی دەهێناوە گریان و كاریگەرییەكەی تەنها لەوكاتەدا بوو و دوای ئەوە بیسەران وەكو ئەوەی هیچیان نەبیستبێت! دەڵێت ئەگەر واعیز وەكو عبدالقادر الكیلاني بێت كەواتە گوێگر سوودمەند دەبێت، لە ڕاستیدا وەعزی ئەو جۆرە واعیزانە تەنها كاریگەری لەسەر كەسانی بێ زانست و ناشارەزا لەشەرعدا هەیە، هەروەها لە سەر ئافرەتانیش كاریگەری زۆرە بەو پێیەی ئەوان هەم عاتیفین و هەم لەم سەردەمەی خۆماندا بەدەگمەن شارەزاییان لە زانستە شەرعییەكاندا هەبێت، ئەمە كۆتایی ئەو شەرح و پەراوێزانە بوو كە بە كورتی لەسەر كتێبی (زغل العلم) ی پێشەوا شمس الدین الذهبي نووسیمان، هیودارم بە سوودبووبێت بۆتان و لە نزای چاكەتان بێ بەشمان نەكەن. إحسان برهان الدین 24 شوال 1443 2022-5-25    
تێبینییەكانی لەسەر زانستی بنەماكانی ئایین لەسەردەمی خۆیدا
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (12) تێبینییەكانی لەسەر زانستی بنەماكانی ئایین لەسەردەمی خۆیدا پێشەوا شمس الدین الذهبي لەو بارەوە دەڵێت: بنەماكانی ئایین ناوێكی مەزنە و لەسەر پاراستنی كیتاب و سوننەت جێبەجێ دەبێت، چونكە تەنها ئەو دوو سەرچاوەبریتین لە بنەماكانی ئایینی ئیسلام، بەڵام وەكو ناوی زانستەكە بەلای هەر كۆمەڵێكەوە ناوێكی جیاوازی هەیە. مەبەستی ئەوەیە بە علم التوحید و علم العقیدة وأصول السنة و الفقه الأكبر و الشریعة دەناسرێت، لەلای غەیری ئەهلی سوننەش ناوی تری هەیە وەكو الإلهیات وعلم الكلام و ما وراء الطبیعة و ناوی تر. دوای ئەوە دەڵێت: بنەماكانی دینی سەلەف بریتییە لە باوەڕ بە الله عزوجل و، بەو كتێبانەی كە ناردوونی و، بە پێغەمبەرەكانی علیهم السلام و، بە مەلائیتەكانی و، بە سیفاتەكانی و، بەقەدەر و، بەوەی كە اله تعالی قورئانی دابەزاندووەو مەخلوق نییە، هەروەها پاڕانەوە لە الله تعالی كە لە هەمو هاوەڵان ڕازی بێت و تاكو كۆتایی بنەماكانی تر كە ئیمام ئەحمەد لە كتێبە بەناو بانگەكەیدا (أصول السنة ) ڕوونی كردوەتەوە. دەڵێت: بەڵام بنەماكانی دینی خەلەف واتە ئەوانەی بەسەردەمێك دوای سەلەف هاتن، بریتییە لەوەی كە لە كتێبەكانیاندا هاتووە و لەسەر عەقل و مەنتیق دامەزراوە. لێرەدا بە ڕونی دەردەكەوێت كە زەهەبی زانستی عەقیدەو بنەماكانی ئایین دەكاتە دوو بەشەوە: بەشێكی ئەوەیە كە لە هاوەڵان و لە شوێنكەوتوانیان لەسەدە باشەكانە كە لەسەر بنەمای كیتاب و سوننەت وەرگیراوە ئەوە پێویستە وەربگیرێت و موسوڵمان دەبێت لەسەر ئەو ڕێبازە بێت. بەشێكی تریشی ئەوەیە كە لە ڕیگەی ئەهلی بیدعەوە هاتووە و لە جیاتی ئەوەی كیتاب و سوننەت بكەن بە پێشەنگ و پێشەوای خۆیان، عەقڵ و مەنتیقیان كردووەتە پێشەنگی خۆیان و زاڵیان كردووە بەسەر دەقەكاندا، بەتایبەتی موعتەزیلە و ئەشاعیرە عەقڵ دەكەنە بنەمایەك دەگەڕێنەوە بۆی و ئەوەشی لە رێگەی پێغەمبەرانەوە هاتووە علیهم السلام دەیكەن بە پاشكۆی، جا هەرچی لەگەڵ عەقڵیاندا گونجا وەریدەگرن و ئەوەشی كە نەگونجا تەئویلی دەكەن و ڕەتیدەكەنەوە. ئەمەش بە پێچەوانەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت كە دەڵێن بنەمای دینداری دەقەكانە و عەقڵ پاشكۆی ئەو دەقانەیە، ئەگەر پێچەوانەكەشی راست بوایە وەكو تاقمە گومڕاكان دەڵێن ئەوا لە ڕاستیدا پیویستییەك بۆ ڕەوانەكردنی پێغەمبەران علیهم السلام و دابەزینی وەحی نەدەما. لەمە بەدوا قسەكانی شمس الدین الذهبي جۆرێك لە ناڕوونی مەبەست و تیكەڵ بوونی دەربڕینەكانی تێدا درووست دەبێت، هەروەها جۆرێك لە سیاسەت نیشان دەدات بەوەی كە قسەیەك دەكات زیاتر لە واتایەك هەڵدەگرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە (ابن تیمیة)ی مامۆستای جارێكی تر لێرە ڕەخنە و ستاشی بۆی تێهەڵكێش كردووە، نازانیت مەدحی دەكات یان زەم! دەربارەی ئوسوڵییەكان لەسەر مەنهەجی خەلەف دەڵێت: هەركەسێك لەگەڵ ڕواڵەتی ئایەت و فەرموودەكاندا بێت پێی دەڵێن (مجسم) و(حشوي). ئەوەشی لە هەموو مەسەلەیەكدا تەئویل بكات پێی دەڵێن: (جهمي) و(معتزلي). ئەو كەسەش هەندێكی تأویل بكات و هەندێكی جێگیر بكات پێی دەڵێن (متناقض) واتە بەوە تۆمەتباری دەكەن قسەكانی دژ بەیەكن وخۆیشی نازانێت چی دەڵێت! بۆیە الذهبي دەڵێت: (العافیة أولی بالمرء). كە بێگومان ئەو عافیة و سەلامەتییەی باسی دەكات ئەوەیە دەست بە كیتاب و سوننەتەوە بگریت و هەمو شتێك بكەیتە پاشكۆی ئەو دوو بنەمایە. ئینجا ڕوو دەكاتە ئەو كەسەی كە سەرقالە بەو زانستەوەو دەیەویت لە عەقڵ و نەقڵ و لە دەقەكانی كیتاب و سوننەت و قسەی ئەهلی كەلامدا جۆرێك لە گونجاندن درووست بكات، پێی دەڵێت: ئەگەر تۆ لە بنەماكانی ئایین و پاشكۆكانیدا وەكو مەنتیق و حیكمە بووی بە كەسێكی لێهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەستت بە كیتاب و سوننەت و بنەماكانی سەلەفەوە گرت و(ولفقت بین العقل والنقل) واتە هەوڵتدا عەقڵ و نەقڵ تێهەڵكێش بكەیت بۆ خزمەتی ئیسلام، پێی دەڵێت ئەگەر بەو مەنهەج و ڕێبازەوە كار بكەیت، هەرچەند بەتواناو كارامە بیت، وا نازانم بگەیتە ئاست و پلەو پایەی شێخ تقي الدین ابن تیمیة بەڕەحمەت بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بینیت ئەو چی بەسەردا هات و چەند هێرشی توند و ناشیرینی كراوە سەر، لەكاتێكدا ئەو پێش ئەوە لەسەر ڕێبازی سەلەف بوو، مەبەستی ئەوەیە كە ئەحمەد و پێشەوایانی تری سەلەف تەنها بە قال الله و قال الرسول قسەی دەكرد، بەڵام دوای ئەوە شێوازی تری گرتە بەر، بۆیە دەڵێت ابن تیمیة بە هۆی ئەوەوە لەلای كۆمەڵانێك بە دەججال ودرۆزن و كافر ناودەبرا، لەلای كەسانێكی تری زاناو بەڕێزیش ابن تیمیة موبتەدیعیكی بەڕێز و بەتوانا بوو! مەبەستی ئەوەیە بە هۆی ئەوەی كە توانی عەقڵ بۆ پشتگیری سونەت بەكاربێت و بەهەمان چەكی بیدعەكاران لەو موبتەدیانەیدا! دەڵێت بەلای یاران و هاوەڵانیشیەوە بەرگریكار بوو لە بنەما و سنوورەكانی ئایین و هەڵگری ئاڵای ئیسلام و داكۆكیكار ر بووە لە سوننەت. لە یەكێك لە نوسخەكانی كتێبەكەشدا بەدوای ئەو دەربڕینە دەڵێت: (هو ما أقول لك) واتە منیش لەگەڵ ئەوانەدام كە ئەویان بە پێشەواو بەرگریكار زانیوە لە ئایین و لە سوننەت. پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە كرد كە زەهەبی ڕای جیاوازی هەبوو لەگەڵ ابن تیمیة ولەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەو ئەو شێوازە نەبوو لە ململانێ كە ابن تیمیة و هاوەڵانی ئەنجامیان دەدا، ئینجا لێرە ڕەخنەیەكی تریشی لێ دەگرێت، ئەویش ئەوەیە كە ابن تیمیة بۆ ڕەددانەوەی موبتەدیعەكان ناچار بوو خۆی فێری علم الكلام بكات و هەروەها خۆی لە منطق و لە فلسفة شارەزا بكات بۆ ئەوەی بەو چەكەی كە ئەوان شەڕی پێ دەكەن بە ڕوویان بوەستێتەوە، ئەمەش جێگای ڕەخنە بوو لەلای الذهبي كەدەڵێت: باشتر بوو هەر لەسەر مەنهەجی سەلەف و دوور لە شێوازەكانی (متكلمین) بەرگریت لە سوننەت بكردایە و خۆت نەخستایەتە ناو ئەو كێشمەكێشەوە كە دواجار ڕێگەت بەواندا هەر لە قسەكانی خۆتەە كە ڕەدیان دەدیتەوە وابەستەی هەندی بۆچونی ترت بكەن ئەوەی كە بە (الإلزامات الباطلة) ناوی دەبات. هاوكات زەهەبی سەرەڕای ڕەخنەگرتنیشی لە مامۆستاكەی ئەو ئیلزاماتەی نەیارەكانیشی رەتدەكاتەوە و دواجار بە شێوەیەك لە شێوەكان پشتی مامۆستاكەی هەر بەرنادات، بەڵام ڕەخنەی لێدەگرێت و دەڵێت خۆزگە خۆتت نەخستایەتە نێو ئەو دۆحە ناخۆشەوە، بێگومان ئەوە ڕاوبۆچوونی زەهەبی خۆیەتی و ئەوەی من باوەرم پێیەتی لەم بارەوە ئەوەیە ڕێبازی ابن تیمیة تەواوتر بوو لەبەرگری كردن لە ئیسلام و لە سوننەت و پوچەڵكردنەوەی باتلی تاقمەكان، بەو هەڵوێست و غیرەت و كۆششەی زۆرەی لە پێناو ئیسلامدا، ابن تیمیة بوو بە هێما و پێشەواو پێشەنگێك الله أعلم تا ڕۆژی قیامەت زۆرێك لە موسوڵمانان وەكو مامۆستا، بەڵكو وەكو قوتابخانەیەك تەماشای دەكەن كە سەدان و هەزاران مامۆستا و نووسەر و بەرگریكاری لەئیسلام لێ دەرچوون. تەنانەت خودی الذهبي ناوی لە مێژوودا وەكو زاناو نووسەرێكی گەوە پارێزراوە، بەڵام ابن تیمیة ناوی لە مێژوودا چەسپا وەكو زانا و نووسەر سەركردەو كەسایەتییەكی ئازا و بەغیرەت كە بە نەزەری و بە كردەیی هەموو ژیانی لە پێناو بەرگریكردن لە دینەكەی بەسەر برد و لەو پێناوەشدا باجی گەلێك قورسیدا، هەر بۆیە بەو گەورەییە لە مێژوودا ناوی بە پارێزراوی مایەوە. إحسان برهان الدین 23-شوال-1443 2022-5-24    
ڕاوبۆچوونی زەهەبی دەربارەی زانستی (أصول الفقه)
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (11) ڕاوبۆچوونی زەهەبی دەربارەی زانستی (أصول الفقه) سەبارەت بە ئەو زانستە، سەرەتا ذهبي ڕوو دەكاتە ئەو كەسانەی كە بە چاونوقاوی شوێنی مەزهەبەكان دەكەون و (مقلد) وشوێنپێ هەڵگرن بەبێ داواكردنی بەڵگە ودەڵێت: ئێوە هیچ پێویستییەكتان بە زانستی (أصول الفقه) نییە! ئینجا دەڵێت: ئەی ئەو كەسەی پێی وایە دەرگای كۆشش و ئیجتیهاد داخراوە و زانای موجتەهید نەماوەو و سوودێك لە ئوسوڵی فیقهدا نییە، مادام موقەللیدی (أصول الفقه) ت پێویست نییە، ئەو زانستە بۆ كەسێك باشە لە كاتی پێویستدا بەدوای بەڵگەكاندا بگەرێت و بەراودریان بكات و زانست لە سەرچاوەكانی خۆیەوە وەربگرێت، جا كە تۆ لە هەموو شتێكدا چاوت نوقاندووەو بە قسەی ئیمامەكەت دەكەیت، خۆت بەو زانستەوە ماندوو مەكە، چونكە دەبێتە بەڵگە و حوججە بەسەرخۆتەوە، خۆ ئەگەر بۆ ئەوەش دەتەوێت ئەو زانستە فێر بیت نانی پێ بخوێت و وەزیفەی پێ بەدەست بهێنێت، ئەوەش هەر كارێكی خراپە. لە نوسخەیەكی تری (زغل العلم)دا، كە دیارە زەهەبی دەستكاری كردووە لەوێ، چەند وشەیەكی زیاتری تێدایە جیاواز لەو نوسخەی من پشتم پێ بەستووە و دەڵێت: زانستی (أصول الفقه) ئامرازی ئیجتیهاد كردنە و، ڕێگەیەكە بۆ بەكارهێنانی بەڵگە شەرعییەكان، جا ئەگەر كەسێك ئەو زانستەی بەدەست هێنا و پێچەوانەی حەق كاری كرد و بۆ ئەوە بەكاری هێنا بەڵگەكان بەزۆر لە بەرژەوەندی مەزهەبەكەیدا بەكار بهێنێت، ئەو زانستە دەبێتە حوججەیەك بەسەرییەوە و لە قیامەتدا دەبێتە زیان و دەرەنجامی خراپ بۆی. هەوڵ دەدەین لە ڕۆشنایی ئەو چەند دێڕەی پێشەوا شمس الدین الذهبي دەەربارەی (أصول الفقه) لە كتێبەكەیدا نووسیوێتی، بەچەند دەرەنجامێكەوە دەربچین و هەندێ دیدو سەرنجی تری لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا بۆ زیاد بكەین: 1- لە رەخنە و تێبینییەكانی پێشەوا شمس الدین الذهبي دەردەكەوێت زۆر بێزار و پڕە لەوانەی بەبێ وردبوونەوە لە بەڵگەكان شوێنێ مەزهەبێك لە مەزهەبەكان دەكەون و وەكو ئەوەی پێیان بلێ (أصول الفقه) بۆ كەسێك باشە بە مێشكی كار بكات و بەدوای بەڵگەكاندا بڕوات و بەراوردیان بكات و دەرەنجام لە مەسەلە شەرعییەكە جوان تێبگات، جا دەلێت كە ئێوە دەرگای بیركردنەوەو كۆششتان لەسەر خۆتان داخستووەو دەڵێن هەرچی پێشەوایانی مەزهەب وتیان هەر ئەوە تەواوە و قابیلی گفتوگۆ نییە! كەواتە بەو زانستەوە خۆتان ماندوو مەكەن. 2- ئوسوڵییەكان - هاوشێوەی تەفسیر و زانستەكانی تر - دەبێت فێرخوازی زانست بزانێت لە كامیان ئەو عیلمە وەردەگرێت، چونكە زۆرێكیان ئەو زانستەیان بەكار هێناوە بۆ سەرخستنی مەزهەبی فیقهی و بەڵكو عەقیدی خۆیان، ئەگەر بێت و كەسێكیش زۆر شارەزا نەبێت كەسی ئوسوڵی دەتوانێت بە باتڵ و بەبیدعەی خۆی قەناعەت بەو خوێنەرە بكات چونكە هەندێ جار زانستی ئوسوڵ دەبێتە جۆرێك لە فەلسەفە و مەنتیق! ئەوەش جێگای تێڕامان و ڕاوەستانە. 3- زۆرێك لەو بنەما ئوسوڵییانەی ئەو زانایانە باسی دەكەن بە سوودن و بەڵگەی قورئان و فەرموودەی لەسەرە و یارمەتیدەرێكی باشە بۆ تێگەیشتن لە بەڵگە و لە سەرچاوەكانی زانست، بەڵام هاوكات دەبێت وریا بیت چونكە لە بەرانبەردا، زۆرێكی تریش لەو بنەمایانەی كە دایانتاشیوە بەڵگەی ڕوونی كیتاب و سوننەی لەسەر نییە و بگرە ئەو دانەرە خۆیشی ناتوانێت بە بەڵگەی شەرعی و قایلكەر ڕوونی بكاتەوە، چونكە مەسەلەكانی علم الكلام زاڵە بەسەریاندا و هەندی جار دەكەونە ژێر كاریگەری زانایانی بواری مەنتیق و فەلسەفەش. 4- لە سەردەمی زەهەبیدا دیارە ئەم زانستە ڕێگەیەك بووە بۆ بەدەست هێنانی وەزیفە و دامەزراندن لە قوتابخانە و خوێندنگاكاندا، كە وەكو پێشتر ئاماژەمان پێكرد بە گشتی لە دەستی ئەشاعیرەدا بوونە، بۆیە دەڵێت ئەگەر بەو مەبەستە فێری دەبیت و بۆ ئەوە دەمارگیری بۆ مەزهەبەكان پێ بچەسپێنێت ئەوە دەرەنجامی بۆ دوا ڕۆژت خراپ دەبێت. 5- ئەم زانستە بۆ فێرخوازی سەرەتایی نییە، بەڵام بۆ زانایان و بۆ طالب علم ی پێشكەوتوو گەلێك گرنگ وپێویستە، تەنانەت محمد الأمین الشنقیطي دەڵێت هەر زانایەك لەو زانستەدا تەواو اشارەزا نەبێت وەكو عامی ونەخوێندەوار وایە، وتەیەكی بەناوبانگیش لەناو ئەهلی عیلمدا هەیە دەڵێن (من حُرِمَ الأصول، حُرِمَ الوصول)، واتە: ئەوەی لە زانستی (أصول الفقه) بێ بەش بێت بەمەنزڵ ناگات! بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە لە كێ وەریدەگریت و لە كام كتێب دەیخوێنیتەوە! 6- زانستی (أصول الفقه)زانستێكی ئاسان نییەفیرخوازی سەرەتایی بتوانێت لێی تێبگات، تا ڕاددەیەك وەكو زانستی ڕێزمان و تەجوید و قیرائاتی قورئانە دەبێت لە مامۆستایەك وەربیگیردرێت، بەڵام بۆ فێرخوازی پێشكەوتوو كە قۆناغێكی لە وەرگرتنی زانستدا بڕیبێت، خۆی دەتوانێت سوود لە كتێب و سەرچاوەكانی ئەو زانستە وەربگرێت. 7- شارەزایانی ئەم زانستە دەڵێن فێرخوازی زانست جگە لەوەی كە پێویستە ئەو زانستە لە شەیخێكەوە وەربگرێت، دەبێت دووبارەشی بكاتەوە و ڕاهێنانی لەسەر بكات و ئەگەر بۆ خۆیشی بوە بیڵێتەوە و موراجەعەی بكاتەوە. 8 - ئەهلی عیلم و شارەزایانی ئەم بوارە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەم زانستە دەبێت بە چەند قۆناغ و ئاستێك وەربگیرێت، بۆیە من ناتوانم لێرەدا بەرنامەیەكی لەو شێوە بۆ فێرخوازی زانست دیاری بكەم، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەگەر مەتنێكی پوختی وەكو (نظم الورقات)ی العمریطي و شەرحەكەی ابن عثیمین لەسەری وەربگیرێت، هەروەها بۆ ئاستێكی بەرزتر كتێبی: ( مذكرة اصول الفقه) ی الشنقیطي كە شارەزایان بەیەكێك لە باشترین كتێبەكانی أصول الفقه ی هاوچەرخ ناوی دەبەن بخوینرێت بە وانە كارێكی باش و بە سوودە. 9 - لە قسەكانی پێشەوا زەهەبی دەتوانین ئەوە تێبگەین كە ئەو زانستی أ(أصول الفقه) بە زانستیكی پڕ بایەخ دەزانێت، بەڵام موقەلیدەكانی زەمانی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو زانستە بە شاییستە نازانێت و دەڵێت ئێوە خەریكی تەقلید و شوێنكەوتنی بێ وردبوونەوەو بێ بەڵگەی خۆتان بن، ئەو زانستە بۆ كەسێك باشە بەدواداچوون بۆ بەڵگەكان بكات و لە جەوهەرو (مناط)ی مەسەلە شەرعییەكان تێبگات و زانست لە سەرچاوەكانی خۆیەوە وەربگرێت. إحسان برهان الدین 22-شوال-1443 2022-5-23    
ديدو بۆچوونی دەربارەی زانستی تەفسیر
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (10) ديدو بۆچوونی دەربارەی زانستی تەفسیر پێشەوا شمس الدین الذهبي، دەربارەی تەفسیر و موفەسیرەكان دەڵێت: لەم ڕۆژگارەدا كەمن ئەوانەی بایەخ و گرنگی بە زانستی تەفسیر دەدەن، بەڵكو مامۆستایان و وانەبێژان دەچن تەفسیری (الفخر الرازي) دەخوێننەوە، لە ڕاستیشدا ئەو تەفسیرە كێشەو گرفت و گومانی زۆری لە خۆ گرتووە و درووست نییە بخوێنرێتەوەو ببیسترێت، چونكە خوێندنەوەی ئەو تەفسیرە دەبێتە مایەی سەرگەردانی و گومان و فێرخوازی زانست ئامانجی خۆی تێدا بەدیناكات، لە الله داوای سەلامەتی دەكەین. لەم چەند دێڕەدا ذهبي گلەیی لە خەڵكی سەردەمی خۆی دەكات كە بە دەگمەن بایەخ بە زانستی تەفسیری ڕاستەقینەو حەق دەدەن، لەوەش خراپتر لە دیدی ئەو پێشەوا ئەوەیە هەندێك لە مامۆستایان دەچن بایەخ بە تەفسیری فەخری ڕازی ئەشعەری دەدەن و وەكو وانە دەیڵێنەوە كە لە راستیدا ئەو تەفسیرە شایانی بایەخ پێدان نییە و تەفسیرێكی خراپە بەهۆی ئەو گومان و گرفتانەی كە درووستی دەكات. لەدوای وریاییدان لە تەفسیری ڕازی و باسكردنی ئەوەی مامۆستایان بەبێ زانست هەر ئەوەندە دەكەن كە كتێبێك هەلدەگرن و لێی دەخوێننەوە بۆ قوتابییەكانیان، دوای ئەوە دەڵێت: كێشەی تەفسیر ئەوەیە موفەسسیرەكان دەچن تەماشای تەفسیرەكانی پێش خۆیان دەكەن و كورتی دەكەنەوە و هەندی لە بیرۆكە خراپەكانی خۆیشیان ئەخزێننە نێو ئەو تەفسیرەوە كە لە ڕاستیدا تەفسیر نییە تەنها كۆكردنەوەی قەولەكانە لەسەر ئەو ئایەتانەی كە تەفسیر دەكرێن. هەروەها ڕەخنە لە موفەسیرانی قورئان دەگرێت بەوەی كە دەچن قەولێكی زۆر لەسەر یەك ئایەت كۆ دەكەنەوە لە كاتێكدا هەمووی لە ڕاستیدا سێ یان چوار قەولە بەڵام ئەوان زۆری دەكەنەوە، بەو درێژكردنەوەش حەق لەو نێوەندەدا ون دەبێت. لە قسەكەی ئەوە دەردەكەوێت كە مەبەستی لەو رەخنانەی ئەوەیە حەق و باتڵ لە قسەی ڕاڤەكارانی قورئاندا تێكەڵ دەبێت، لەوەش خراپتر ئەوانەن كە لە تەفسیرە خراپ و ئاخنراوەكان بە بیدعە و گومڕایی زانیاری دەگوێزنەوە. كەواتە زۆرێك لە تەفسیرەكان سوودیان نییە و زیادەن و زیانیشیان هەیە، چونكە دانەرەكانیان بیدعەكانی خۆیان دەخەنە نێو ئەو ئەقوالانەی كە باسی دەكەن دەربارەی تەفسیری ئایەتەكان، بەداخەوە لە كوردستانیش هەمان ئەو حاڵەتەی كە ذهبي وریایی دەربارەی داوە بوونی هەیە، كەسانێك دەچن لە تەفسیرەكان ئەقوالەكان وەردەگێرنە سەر زمانی كوردی و لە كوێیش بواری بۆ رەخسا گوایە ئەویش موفەسسیرە و قورئان تەفسیر دەكات، دەچێت بیدعەو گومڕایی و لادانەكانی خۆی دەخزێنیتە نێو تەفسیری ئایەتەكانەوە، لە ڕاستیداهەركەسێك لە كوردستاندا خاوەنی عەقیدەیەكی پاك نەبێت و ئەهلی عیلم نەبێت و لەسەر مەنهەجی ئەهلی سوننەت نەبێت، درووست نییە تەفسیری بخوێنرێتەوە وچونكە بە بێ زیان لە خویندنەوەی دەرناچێت، ئینجا ئەگەر لێی وردبیتەوە دەبینیت ئەوە تەفسیر نییە، بەڵكو تەنها وەرگێڕانێكە بۆ قسەو قەول و تێگەیشتنی موفەسیرانی تر، ئینجا بەهۆی ئەوەی هەندێ لەوانە گومڕان و لە زمانی خۆیان و تۆماركراوەكانی خۆیانەوە بە ئاسانی دەتوانیت گومڕاییان بسەلمێنیت، بۆیە درووست نییە نە تەفسیریان بخوێنرێتەوە و نە بفرۆشرێت لە كتێبخانەكاندا، چونكە ئەو كارە جۆرێكە لە یارمەتیدان بۆ بڵاوكردنەوەی بیدعەو گومڕایی و جۆرێكە لە ڕەواجدان بە فیكری مونحەریف ولادەری ئەو جۆرە كەسایەتییانە.الله تعالی فەرموویەتی: (وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ.) لە قسەكانی الذهبي ش ئەوە وەردەگیرێت - وەكو یەكێك لە ڕاڤەكارانی كتێبی (زغل العلم )دەڵێت - هەندێ لە موفوسسیرەكان دەچن قسەیەكی زۆر دەربارەی یەك ئایەت، یان چەند ئایەتێك دەنووسن، ئەوەش بریتییە لە بەتال كردنی زانستێكی تری دەرەكی لە تەفسیر لە ناو زانستی تەفسیردا، بۆ نموونە دەچێت باسیكی زۆری فیقهوشەرع لە تەفسیری ئایەتەكاندا باس دەكات وەكو ئەوەی كتێبێكی فیقهی بێت لە اكتێكدا خۆی تەفسیرە، یان بەتاڵ كردنی هەر بابەت و زانستێكی تر لەناو تەفسیرەكەدا، ذهبي ئەوانە بە كارێكی باش و بەسوود نازانێت. لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا تەفسیری قورئان گەلێك زۆرە، بەڵام پێدەچێت: * تەفسیرەكەی پێشەوا الطبري(جامع البيان عن تأويل آي القرآن ) لە چاكترینیان بێت، * هەروەها تەفسیری ابن كثیر (تفسیر القرآن العظیم). * تەفسیری البغوي ( معالم التنزيل في تفسير القرآن ). * تەفسیری القرطبي (الجامع لأحكام القرآن ) . * تەفسیری (فتح القدير)ی محمد بن علي الشوكاني. * تەفسیری (أضواء البیان)ی محمد الأمین الشنقیطي. *تەفسیری عبدالرحمن السعدي (تیسیر الكریم الرحمن). * (التفسیر المیسر) لە نووسینی دەستەیەك لە زانایان. هەروەها زۆر تەفسیری تر هەیە بەكەڵك و بەسوودن موسوڵمان دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت و تەفسیریش نییە هیچ هەلەو نەپێكان و ئیسڕائیلیات وفەرموودەی لاوازی تێدا نەبێت، بۆیە ڕەچاوی هەندی مەسەلە بكە لەوانە: - زۆرێك لە كتێبەكانی تەفسیر حەق و باتڵ و صحیح و ضعیف ی تێدا كۆبووەتەوە و دەبێت بە ئەوپەڕی وریاییەوە لە تەفسیرەكان وەربگریت، زانایان فەرموویانە: «ثلاثة كتب ليس لها أصول: التَّفسير والملاحم والمغازي». - سەرەتا باشترە تەنها واتای وشەكانی قورئان و هۆكاری دابەزینی ئایەت و سورەتەكان و هەندی تەفسیری كورت و پوخت وەكو تەفسیری الجلالین و التفسیر المیسر بخوێنرێتەوە. - تەنها لە تەفسیرە سەرەكییە ناودارەكان و تەزكیە كراوەكان لەلایەن ئەهلی عیلمەوە زانیاری و زانست وەربگیرێت. چونكە كتێبی تەفسیر گەلێك زۆرن و خوینەر هەرگیز ناتوانێت هەمووی بخوێنێتەوە، تەمەنی تەواو دەبێت كتێبی تەفسیر تەواو نابن. - لە تەفسیری ئەهلی بیدەع بە هەموو شێوەیەك خۆت بپارێزە، تەفسیری موعتەزیلە و ئەشاعیرە و قورئانی و عەقلانییە هاوچەرخەكان و هەروەها لە تەفسیری هەموو ئەوانەی كەوتوونەتە شێوەیەك لە شێوەكانی شیرك و بیدعەی عەقیدە لە هاوچەرخەكان. - لە موختەسەری تەفسیرەكان وریابە، زۆر جار ئەو كەسەی كورتی دەكاتەوە دەچێت بیروبۆچوون وهەڵە و بیدعەو لادانی خۆی دەخاتە نێو كتێبە كورتكراوەكە، موختەسەری تەفسیری الصابونی بۆ تەفسیرەكەی ابن كثیر وەكو نموونە. - هەمیشە هەوڵبدە تەفسیرێك بخوێنیتەوە كە تەحقیق و تەخریجی فەرموودەكانی كرابێت.بەلای كەمەوە تصحیح كرابێت. - لەوەش گرنگتر هەركەسێك لەسەر عەقیدەو مەنهەجێكی ڕاست نەبوو و بە بیدعەوە لادانە كۆن و هاوچەرخەكانەوە لە عەقیدەدا تێوەگلابوو تەفسیری نەخوێنرێتەوە، چونكە ئەو كەسانە ئەگەر خێریان تێدا بوایە خۆیان لە گومڕایی رزگار دەكرد، چجای بچن ڕێنوینی خەلكی بكەن بۆ ڕێگەیەك كە خۆیان ونیان كردووە و (فاقد الشیء لا یعطیه)! - هەموو كتێبێك كە دانەرەكەی ناوینا تەفسیر مەرج نییە تەفسیر بێت، ئەو نموونەی كە پێشەوا الذهبي هێنایەوە لێرەدا بە تەفسیری فەخری ڕازی و داوای كرد نەخوێنرێتەوە نموونەیەكی جوانە، زانایان فەرموویانە تەفسیری ڕازی هەموو شتێكی تێدایە تەفسیر نەبێت! هەمان ئەم وەسفە بۆ تەفسیرێكی هاوچەرخ كراوە كە بریتییە لە تەفسیری (الجواهر) لە نووسینی الطنطأوي الجوهري كە بیخوێنیتەوە بە هیچ شێوەیەك هەست ناكەیت كتێبی تەفسیر دەخوێنیتەوە! إحسان برهان الدین 21- شوال- 1443 2022-5-22  
تێبینییەكانی لەسەر زانستی (النحو) و (علم اللغة)
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (9) تێبینییەكانی لەسەر زانستی (النحو) و (علم اللغة) لەم بەشەدا شمس الدین الذهبي بە ڕەحمەت بێت، باسی زانایانی بواری (النحو) دەكات و دەڵێت زانستەكەیان زانستێكی باشە و خەڵكی پێویستیان پێی هەیە، بەڵام دەڵێت كەسی شارەزا لە نەحو ئەگەر لە زانستی زمانی عەرەبیدا ڕۆبچێت و لە قورئان و لە سوننەتدا شارەزا نەبێت یان لەو بوارەدا بەكاری نەهێنێت ، بێ ئیش و دەست بەتاڵ دادەنیشێت و كارەكەی وەكو كات كوشتن و یاریكردنە و الله لە ڕۆژی قیامەتدا مادام ئەوە حاڵی ئەو كەسە بێت پرسیاری زانستەكەی لێ ناكات، چونكە زانستەكەی نەبەستراوەتەوە بە قورئان و بە سوننەتەوە، كەواتە هاوشێوەی هەر زانستێكی تری دونیاییە وەكو زانستی پزیشكی و ژمێریاری و ئەندازیاری، نە لەسەری پاداشت دەدرێتەوە و نەلەسەری سزا دەدرێت، بە مەرجێك بەو زانستەی كە هەیەتی خۆی لە خەلكی بەباشتر نەزانێت و ترسی پەروەردگاری هەبێت و خۆی بەكەم بزانیت و كەسایەتی خۆی بپارێزێت. ئەمە هەموو ئەوەیە كە دەریارەی زمانەوانەكان وتوویەتی و دەكرێت بە كورتی چەند وانە و واتایەكی لێ دەربهێنین: 1- ڕێزمان و زانستی نەحو زانستێكی پێویستە و مەزنە ئەگەر بۆ تێگەیشتنی قورئان و سوننەت بەكاربێت، ئەگینا وەكو هەر زانستێكی دونیاییە و خاوەنەكەی لە ڕۆژی قیامەتدا ئەجرو پاداشتی لەسەر وەرناگرێت. 2- بایەخ و هەیبەتی زمانی عەرەبی بە قورئان و بەسوننەتەوەیە، ئەگەر واش نەبوایە زمانێك دەبوو وەكو هەر زمانێكی تر. 3- زمانی عەرەبی كلیلە بۆ تێگەیشتنی زانستەكانی ئیسلام و لەسەرووی هەموویانەوە قورئان و سوننەت، بۆیە واجبی سەر شانی موسوڵمانانە فێری بن و بیپارێزن و غیرەتیان لەسەری هەبێت و لەبەر دینەكەیان لە هەموو زمانێك زیاتر خۆشیان بوێت و خۆیان فێری بكەن. 4-هەندێ جار بەتایبەتی بۆ ئەو كەسەی شارەزا بێت لە زمانی عەرەبی وبەڵام لە دیندا شارەزا نەبێت، لەوانەیە تووشی كیبر و خۆبەزلزانن ببێت، بەتایبەتی كە دەبینێت ئەو تێدەگات و خەڵكی وەكو ئەو لەو زمانە تێناگەن، یان كاتێك خۆی دەزانێت ئیعراب بكات و ئەوان نایزانن، یان كاتێك كەسێك بڕگەیەك دەخوێنێتەوە وهەڵە دەكات و ئەو بەتەواوی و بەبێ هەڵە دەیخوێنیتەوە، یان توانای نووسین و دەربڕینی جوانی هەیە بەو زمانە، هەموو ئەوانە وایان لێ دەكات تووشی مەغروری بن و وابزانن كە ئەوان كەسانێكی زۆر پڕ بایەخن، ئەوەشە سیفەتێكی ناشیرینە كە كەسێك بە بڕوانامە و بە زانستەوە تەكەبور پەیدا بكات و لە خۆی دەربچێت، مرۆڤ تاكو زاناتر بێت پێویستە زیاتر خۆی بەكەم بزانێت. ئيمامى شافيعى فەرموویەتی: كلـما أدبني الدهـر ... أراني نقص عقلي وإذا ما أزددت علما ... زادني علما بجهلي دوای ئەوە دەچێتە سەر باسی زانستی زمان (علم اللغة) و دەڵێت: زمانناسەكان لەسەردەمی ئێمەدا تەواو كەم بوونە! دەبینیت كەسێك شەرعناسە و زمانی شەرع نازانێت، یان خەلكی فیری قورئان دەكات و خۆیشی عەرەبی نازانێت، یان سەرقاڵی زانستی فەرموودەیە و بابەخی پێویست بە زمانی عەرەبی نادات، ئەوەش كەمتەرخەمی و نەفامییە، چونكە بایەخدان بە زمانی عەرەبی پێویستە بۆ ئەوەی لە گوتاری كیتاب و سوننەت تێبگەیت. لەمەش بە كورتی دەتوانین بە چەند تێبینی و دەرەنجامێك لە قسەكانی الذهبي دەربچین: 1- گلەیی لە شەرعناس و مامۆستایانی قورئان و فەرموودەناسان دەكات كە وەكو پێویست بایەخ بە زمانی عەرەبی نادەن، ئەوەش هەڵەیە، چونكە هەركێ تەواو شارەزای زمانی عەرەبی نەبێت واتە: تەواو شارەزای ئیسلام نییە و ناشبێت، ئیسلام ئەگەر بۆ نموونە بڵێین ژوورێكە ئەوا زمانی عەربی كلیلی ئەو ژوورەیە. 2- هەڵەیەكی زانستی و مەنهەجی گەورەیە كەسێك دانیشێت بۆ فێركردنی قورئان و خۆی لە واتاو وشەكانی قورئان بە باشی و بە شیكراوەیی تێنەگات، ئەمەش كارەساتێكە خۆم بە شەخسی شارەزای زۆر نموونەی ئەو بوارەم، زۆرێك لەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا لەڕێگەی مامۆستا بەخشندەكان بە ئیجازەی قورئان ئیجازەیان وەرگرت، بوون بەخاوەن چەندین ئیجازەی قیرائەت و ڕیوایەتەكان و بگرە ئێستا ڕەنگە زۆر لەوانەی باسیان دەكەم عەشرەشیان هەبێت، بەڵام توانایان لە زمانی عەرەبیدا توانایەكی زۆر سنوردار و لاوازە، وەكو پێویست تێناگەن لەواتای ئایەتەكان و تەوجیهی قیرائەتەكان و مەسەلەی وەقف و ئیبتیدا و زۆر باسی تر كە پیویستن بۆ مامۆستای قورئان ، تەنها بەسەیركردنی موسحەف قیرائە لە دوای قیرائە ئیجازەی وەرگرتوە رەنگە ئەوەندەی عبدالفتاح القاضي ئیجازەی هەبێت و لە عەرەبیش تێناگات، ئەم حاڵەتەش جگە لە كوردستان لە دونیادا بوونی نییە، بەڵام لە كوردستان دەبینی ئیجازەی لە قیرائەتی نافع و ابن كثیر و أبو عمرو هەیەبە و بە عەرەبیش نەدەزانێت قسە بكات و نە دوو دێڕ بنووسێت و نە لە ڕێزمان وقەواعید و بنەماكانیشی تێدەگات، ئەوەش لە ڕاستیدا تاوانێكە بەرانبەر زانستی قیرائات و ناشیرینكردنە بۆی و بەزاندنە بۆ ئەو سنوورانەی كە زانایانی ئەو زانستە دیارییان كردووە، بە هەمان شێوە زانستی فەرموودەناسیش، پێویستە ئەوانەی كە سەرقاڵی ئەو زانستە پیرۆزەن، لە زمانی عەرەبیدا زۆر شارەزا یی باشیان هەبێت، لە ڕاستیشدا ئەوانەی كە خەریكی زانستی فەرموودەن لە كوردستاندا جیاواز لە فێرخوازانی زانستی قیرائات شارەزاترن لە زمانی عەرەبی و زۆرتر لە پیناو زانستدا خۆیان ماندوو دەكەن! لەم بارەشەوە تویژینەوەیەكی بڵاوكراوەمان هەیە بەناونیشانی: (گرنگی زمانی عەرەبی بۆ تێگەیشتنی فەرموودە) هەوڵمانداوە ئەو گرنگییە بسەلمێنین و زۆر بەڵگەی زانستی و مێژوویی لەسەر ئەو بابەتە بخەینەڕوو. 3- بەرگریكردن لە زمانی عەرەبی بەرگریكردنە لە ئیسلام، وەكو چۆن دژایەتیكردنیشی دژایەتییە بۆ ئیسلام، چونكە لاواز بوونی زمانی عەرەبی ڕێگرە لە تێگەیشتنی زانستە شەرعییەكان و دەرەنجام ڕێگرە لە تێگیەشتنی ئیسلام و بەو شێوەش نەوەیەك سەرهەڵدەدات بە ئینتیمای عاتیفی موسوڵمانە، بەڵام هیچ زانیارییەكی دەربارەی پەروەردگاری و پێغەمبەكەی صلی الله علیه و سلم و شەریعەتەكەی پێ نییە، ئەوەش ئامانجی نەیارانی ئیسلامە بۆیە هەمیشە و بە بەهانەی جۆراوجۆرەوە كار بۆ لاوازكردنی زمانی عەرەبی دەكەن، لە زۆر وڵاتانی عەرەبیدا بە هۆی پیاوانێك كە خۆیان بۆ دینەكەیان یەكلاكردبوویەوە وبەرگری سەختیان لەو زمانە كرد، پیلانی نەیارانی زمانی عەرەبی كە نەیاری ئیسلامیش بوون سەرینەگرت، بەڵام لە كوردستاندا ئەو پیلانە زۆر بەباشی سەریگرت، چونكە گۆڕەپان چۆڵ بوو بۆیان و ئەوانەی كە دەبوو بەرگری لەو زمانە بكەن ، موجامەلەی عەلمانییەكانیان دەكرد و ئەوەندە پرۆژەو كاری سیاسی و بەرژەوەندی جۆراوجۆر و كاری هاوبەشیان پێكەوە هەبوو بایەخیان بەو پرسە هەر نەدەدا و نە بەلایشیدا دەچوون، ئینجا خۆیشیان لە ڕووە قەومی و نەتەوایەتییەكەوە زۆر عەلمانییەكان باشتر نەبوون و جیاوازی زۆریان لەگەڵیاندا نەبوو وەكو عەرەب دەڵێن:(فاقد الشیء لا یعطیه)، بۆیە لە سایەی بێ هەڵوێستی ئەوان و ئەوانەی كە دەبوو هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن، ئێستا نەوەیەك پێگەیشتووە هیچ لە زمانی عەرەبی نازانێت، ڕنگە شتێك لە زمانی ئینگلیزی بزانێت بەڵام لە زمانی عەرەبیدا كڵوڵە، ئەو كارەساتەش ئەگەر تاكە باشەیەكی هەبێت بۆ خودی ئەو بێ هەڵوێستانە بوو ئەویش ئەوەیە ئەو جۆرە كەسانە بە ئاسان بۆ هەر ئاراستەو ئینتیمایەكەی حیزبی و سیاسی ڕادەكێشرێن و قەناعەتیان پێ دەكرێت،! چونكە زۆربەی ئەو نەوە لە گەنجان بەداخەوە لە عەقیدە و لە غەیری عەقیدەشدا - كورد واتەنی - سەریان تەقەی دێت و هەرچیان پێ بڵێی دەڵێن وایە ڕاستە! بەڵام لەم بارەشەوە لە كوردستاندا ئاسۆیەكی ڕوون ومژدەی سەرهەڵدانی نەوەیەكی نوێ دووبارە بەڕێوەیە كە بە وزەو گوڕو تینێكی باشەوە ڕوویان لە زانستەشەرعییەكان كردووە و ئاراستەیەكیش بەو بۆنەوە بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی - الحمدلله - درووست بووە كە مایەی دڵخۆشییە. إحسان برهان الدين 20 شوّال 1443 2022-5-21
ڕاوبۆچوونی لەسەر مەزهەبی حەمبەلی
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: 8 ڕاوبۆچوونی لەسەر مەزهەبی حەمبەلی شێخ شمس الدین الذهبي لەگەڵ هەمو مەزهەبەكاندا وێستگەی تێروتەسەل و درێژی بووە بەراورد بە وەستانی لەگەڵ مەزهەبی (أحمد بن حنبل) بەڕەحمەت بێت، كە بەدوو دێڕ و بە كورتی باسی ئەوانی بڕیوەتەوە، وەكو ئەوەی ڕەخنەو تێبینی زۆری نەبێت لەسەریان، لەوانەشە لەبەر ئەوە بێت ئەوان لەو سەردەمەدا بە دەستی شافیعی و ئەشاعیرەكانەوە چەوساونەتەوە و لە گۆڕەپانی سیاسی و زانستیدا نامۆ دەركەوتوون، ، ذهبي ش وەكو نەیتوانیوە بەڕاشكاوی بەرگرییان لێ بكات، هاوكات نەشیویستوە قسەیەك بكات بچێتە گیرفانی نەیارەكانی ئەوانەوە، بە كورتی دەربارەیان دەڵێت: ( وأما الحنابلة فعندهم علوم نافعة، وفيهم دين في الجملة، ولهم قلة حظ في الدنيا، والجهال يتكلمون في عقيدتهم ويرمونهم بالتجسيم ، وبأنه يلزمهم، وهم بريئون من ذلك إلا النادر، والله يغفر لهم). ئەم چەند وشەی شێخی ذهبي بە چەند خاڵێكی پوخت روون دەكەینەوە و لە كۆتاییدا حاڵی حەنابیلەی ئەم سەردەمەی بۆ زیاد دەكەین: 1- فەرموویەتی حەنابیلە زانستی بە سوودیان لەلا دەست دەكەوێت، چونكە ئەوان گرنگی زۆر بە فەرموودەو زانستەكانی فەرموودەو گێڕانەوەی دەدەن، هەروەها بەوەش ناسراون كە داكۆكی لە عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت دەكەن ئەوەش دوای فەزڵ و چاكەی الله تعالی لەگەڵیان بە كاریگەری (أحمد بن حنبل )ی پێشەوای مەزهەبەكە بووە، كە بەخۆی هەم فەرموودە ناس و زانا بووە بە علم الرجال وهەم فەقیهو شەرعناس و بایەخیكی زۆریشی بە عیلمی عەقیدە داوەو لەو پیناوەشدا تووشی ناخۆشی وزیندان و ئەشكەنجەی زۆر بووە. تەنانەت ئەو كتێبانەش كە وەكو كتێبی فقه زانایانی ئەوان نووسیویانە، بۆ نموونە وەكو كتێبی (المغني) دەبینی جیاواز لە كتێبەكانی فقه لە مەزهەبەكانی تر زۆربەی كتێبەكە لەسەر بەڵگە و دەقی قورئان و سوننەت و كرداری سەلەف بونیات نراوە. 2- هەروەها ئەوانی بە ئەهلی دین و بە خەلكی دیندار وەسف كردووە و وتوویەتی بە شێوەیەكی گشتی حاڵیان بەو شێوەیە، وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی مەبەستی ئەوە نییە هەموو حەنابیلە بەو سیفەتە بن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی سیمای دینداری زاڵە بەسەریاندا. 3-ئینجا وتوویەتی ئەوان ئەهلی دونیا و مەنسەب و پلەو پایە نین، ئەوەش قسەیەكی حەق و ڕاستە، حەمبەلییەكان بە شێوەیەكی گشتی و لە زۆربەی سەردەمەكاندا لە سوڵتە و دەسەڵات دووربوونە و پۆست و پلەو پایەی فەرمییان كەم بووە. لە هەمو ئەوەشدا بە پێشەوای یەكەمی مەزهەبەكەیان كاریگەر بوون، چونكە ئەو لە دەسەڵات نزیك نەدەبوویەوە بگرە كێشەی گەورەشی لەگەڵ دەسەڵاتدا هەبوو بە هۆی هەندێ بابەتی عەقیدە وەكو مەسەلەی (خلق القرآن). 4- لە بەشێكی تری قسەكەیدا دەربارەی ئەوان ذهبي دەڵێت: جاهیلەكان و لە هەندێ لە نوسخەكانی (زغل العلم)دا بە زاناكان كە مەبەستی پێیان ئەو جاهیلانەیە دەڵێت گومان لە عەقیدەی حەنبەلییەكان بۆ خەڵكی درووست دەكەن و ناووناتۆرەیان لێ دەنێن و پێیان دەڵێن (مجسمة)ن، واتە ئەوانەی الله وەكو جەستە و شێوەی مرۆڤ وێنا دەكەن، كە بێگومان ئەو قسە ڕاستە و ئەوان لەو تۆمەتە بەرین، چونكە عەقیدەی ئەوان جێگیر كردنی ناوو سیفەتەكانی الله عزوجل ە بەو شێوەی كە لە قورئان و لە سوننەتدا هاتووە بەبێ شوبهاندن و پەكخستن و بەلاڕێ بردن و گۆڕینی بۆ واتای تر، جا كە نەیارەكانیان لە جەهمییە و ئەشاعیرە و موعتەزیلە زۆربەی سیفەتەكان یان دەگۆڕن و یان تعطیل ی دەكەن و یان تأویل ی دەكەن و چەند سیفەتێك نەبێت سیفەتەكانی تری الله جیگیر ناكەن، بۆیە پەنایان بۆ پڕوپاگەندە وناشیرین كردنی حەنابیلە برد و بەردەوام بە ئێستاشەوە ناووناتۆرەیان بۆ درووست دەكەن و لەلای خەلكی ناشیرینیان دەكەن و پێیان دەڵێن حەنابیلە موجەسسیمەكان و لە كاتیكدا خۆیشیان دەزانن ئەو تۆمەتە ڕاست نییە.. 5- الذهبي بەو تۆمەتانەی بۆ حەنابیلە درووست دەكرێت ڕازی نییە و رەتیدەكاتەوە و دەڵێت ئەوان بەرین لەو تۆمەتانە، مەگەر هەندێ حاڵەتی دەگمەن نەبێت، كە هەندێ زانای سەر ئەو مەزهەبە لە مەسەلەی الأسماء و الصفات هەڵەی كردووە و لە مەزهەبی ئەهلی سوننەت لایداوە و داوا دەكات الله تعالی لەو هەڵانەیان خۆش بێت. 6- حەنابیلە سووربوونە لەسەر مەزهەبی حۆیان و بە حوكمی ئەوەی كە هەم مەزهەبێكی فیقهی بووە و هاوكات مەزهەبێك بووە لە عەقیدەدا بەبەڵگەی كیتاب و سوننەت و گرنگیدان بە وتەو تێگەیشتنی سەلەف، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كە بەڵگەیان بۆ دەركەوتووە لە باسێكی دیاریكراودا ڕاوبۆچوونی مەزهەبەكەیان تەواو نییە گەراونەتەوە بۆ سەر بەڵگەی فەرموودەو وازیان لە زاهیری مەزهەبی خۆیان هێناوە و ئەمەش لە كتێبیكی گرنگی وەكو (المغني) رەنگدانەوەی هەیە، 7- شافیعییەكان كە وتمان دەسەڵاتیان بەدەست بووە لەو سەردەمەدا، بە هەموو شێوەیەك حەنابیلەیان سەغڵەت كردووە وەكو بەشێكمان لەم زنجیرە باسەدا پێشتر خستەروو، هەروەها لەگەڵ ناودارانی مەزهەبەكەشدا هەوڵیانداوە لە ڕیگەی پێدانی مووچە و پۆستی زانستی گەورە لە مەزهەبەكەیان پەشیمانیان بكەنەوە، الذهبي خۆی لە كتێبی (تاریخ الإسلام) دا بۆمان دەگێرێتەوە، أبو البقاء العكبري الحنبلي كە بەناوبانگترین ڕاڤەكاری دیوانی (أبو الطیب المتنبي) یە، دەڵێت شافیعییەكان هاتنە لام و بەڵێنی ئەوەیان پێدام ئەگەر بچمە سەر مەزهەبی شافیعی وتنەوەی وانەی زمان و (نحو )م پێ بسپێرن لە (المدرسة النظامیة) كە لەو سەردەمەدا وەكو زانكۆیەكی گەورەی ئێستا بووە وانە وتنەوە لەو جێگە پلەو پایەیەكی زانستی وكۆمەڵایەتی گەورە بووە، بەڵام العكبري لە وەڵامدا سوێندی خواردووە و پێی وتوون: (لو أقمتموني وصببتم علي الذهب حتى أتوارى به ما رجعتُ عن مذهبي)، واتە: ئەگەر ڕامبوەستێنن و ئاڵتوونم بەسەردا بڕێژن تاكو دامدەپوشن لە مەزهەبی خۆم ناگەڕێمەوە. 8- ئەگەرچی زۆر بە كەمی بەڵام ڕووی داوە لە مێژوودا حەنابیلەش لە حوكمدا بەشدار بن، بەڵام بە پلەی یەكەم حەنەفییەكان و بە پلەی دووەم شافیعییەكان و بە پلەی سێیەم مالكییەكان لەناو دەسەڵاتدا بوونە، لە گەڵ تێبینی ئەوەی كە شوێنكەوتوانی مەزهەبی مالكی زۆر خۆیان راگرت و چەندین سەدەیان تێپەڕاند بە بێ تەنازول و لادان و چوونە ژێر كاریگەری موبتەدیعەكانەوە بەڵام دواجار ئەوانیش هاوشێوەی شافیعی و حەنەفییەكان چونە نێو یاری سیاسەت و ئەوەش نەبێت سیاسەتیكی شەرعی بەڵكو دژایەتی نەیار و دەمارگیری و لادانی عەقیدەو بیروباوەریشی تێكەوت. 9- بەڵام حەنابیلە لە هەمویان لەو مەسەلدا پشودرێژتر بوون و، بۆ یەكەم جارە لەم سەردەمەدا بەو شێوە زەقەی ئێستا هەیە، بەشدار بن لە حوكم و دەسەڵاتدا و لە هەڵەو لادان و فەسادی حوكمڕانەكاندا هیچ نەبێت بەبێ دەنگ بوونیان لەسەریان بەشدار بن لەو هەموو لادانانەی بەناوی ئەوانەوە دەكرێت، ئەگەرچی لە زۆرێك لە پرسەكانی فیقهو عەقیدە هەر لەسەر مەزهەبەكەی خۆیان ماون و بانگەواز بۆ سونەت دەكەن و دژایەتی بیدعەو زۆر كاری باشی تریش بەشێكە لە بەرنامەی كاریان، بەڵام لەبەر ئەوەی بوون بە دارودەستەی دەسەڵاتێك كە هیچ بنەمایەكی عەقیدە نەماوە نەیبەزێنیت بەتایبەت لەم ساڵانەی كۆتاییدا و سەرەڕای ئەوەش ئەوان هەر خۆیان كەڕو بێ ئاگا كردووە و بەڵكو نەك هەر ئەوە، بەرگریشیان لێ دەكەن و هەمیشە شمشێری هەڕەشەیان بەناو دینەوە لەڕووی هەموو كەسێك هەڵكێشاوە بەیەك وشە ناڕەزایی بەرانبەر ئەو دەسەڵاتدارانە دەربڕێت، بەوەش بەداخەوە گەیشتنەوە بە سێ مەزهەبەكەی تر لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بوون بە ئامرازێك بە دەستیانەوە بۆ هەموو كارێكی دژ بە ئیسلام و موسوڵمانان و وەكو ئەوەی ئەوان ئەركیان تەنها پینەو پەڕۆ وشەرعاندنی كارە ناشەرعییەكانی ئەو دەسەڵاتە بێت! 10- یەكێكی تر لەو شەرمەزاریانەی حەنابیلەی ئەم سەردەمە پێشبڕكێی زانایان حەنەفی و شافیعی سەردەمی الذهبي و دوای سەردەمی ئەویشیان كردووە ئەوەیە نەك هەر هانی دەسەڵات دەدەن بۆ دەستگیركردن و زیندانی كردنی نەیارانی مەزهەبەكەی خۆیان وەكو ئەوەی شافیعییەكان بە ابن تیمیة یان دەكرد، بەڵو حەنابیلەی ئەم ڕۆژگارە هەموو زانایەك ئەگەر لە خۆیشیان بێت و هاومەزهەب و هاووڵاتی و برای موسوڵمانی خۆیشیان بێت، ئەگەر بەیەك وشە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە بوەستیتەوە كە ئەمان خۆیان كردووە بە كۆڵەكەی ڕاگرتنی، یەكسەر ئەگەر هانی دەسەڵاتیش نەدەن بۆ دەستگیركردنیان، بەیەك وشە نەبەرگرییان لێ دەكەن و نە داوای ئازاد كردنیان دەكەن لە كاتێكدا ئەوپەڕی دەسەڵاتیان هەیە و لەبەرزترین پۆستەكانی حكومەتی ئەو وڵاتە بەشدارن، كە ئێستا سەدان زانای حەقبێژو بەڕێز و بەتوانا لە كونجی زیندانەكاندا و بەبەرچاوی زانایان مەزهەبی حەمبەلییەوە بەناحەق ئەشكەنجە دەدرێن و دەكوژرێن، ڕۆڵی ئەو زانا حەمبەلییانەش لە جیتی بەرگری كردن لێیان، فەتوای دەستگیركردنە، یان هەڵبژاردنی بێدەنگییەو لە پێناو پاراستنی پێگەو پلەو پۆستەكانیاندا هیچ هەڵوێستێكیان نییە! بۆیە بێگومان ئەوانیش دواجار لەم سەردەمەدا بە هەمان دەردو چارەنووسی مەزهەبەكانی تر چوون و سەرانی حەنابیلە لەم سەردەمەدا لەو چوارچێوە باسانەی كە بۆیان دیاری كراوە دەرناچن و بەو شێوەش لە ڕێبازی پێشەوا أحمد بن حنبل دووركەوتوونەوە و لایاندا و ئێستا هاوشێوەی سێ مەزهەبەكەی تریان پێهاتووە لەسەردەمی الذهبي دا كاتێك كتێبی (زغل العلم)ی نووسیوە. 11- پێشەنگ و پێشەواكانی ئەوان وەكو أحمد و البربهاري و أبو الوفا ابن عقیل و ابن تیمیة و ابن القیم و ابن قدامة و تەنانەت محمد بن عبدالوهاب یش، ڕێبازیان گەلێك جیاواز بوو لە ڕێبازی ئەمانە و خۆیشیان باش دەزانن لە هەندێك مەسائیلی عەقیدەدا بەتایبەتی مەسەلەی (الولاء والبراء) و مەسەلەی (الحكم بغیر ما أنزل الله) و رازی كردنی ستەمكاران لە سەر حیسابی دین و بێ دەنگ بوون لەسەر زۆر لە لادانی سەرانی وڵاتەكەیان لە ئیسلام و چەندین مەسەلەی تر یش لایانداوە و حاڵ بەوە گەیشتووە لە وڵاتەكەیاندا ئەوەی الله پێی ناخۆشە دەكرێت و ئەوان جگە لە ئم كردن! هیچ هەڵوێستێكیان نییە و تاكو دەمرن هەر سوورن لەسەر بێ دەنگ بوون لەسەر ناحەق و خزمەت كردنی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەو دەسەڵاتدارانەی كە ساڵ بە ساڵ زیاتر لە ئیسلام دووردەكەونەوەو ئێستاش گەیشتوونەتە ترۆپكی لادان، بەڵام سەرانی حەنابیلە هەر پیاوی دڵسۆزی وەلی ئەمرن و بە وشەیەكیش بەرانبەری ناوەستن، تەنانەت بە ئامۆژگارییەكیش، هەمیشەش ڕوو لە خەڵكی دەكەن و داوای گوێڕایەڵییان دەكەن بۆ وەلی ئەمر، زانای وایان هەیە بەبەرچاوی هەموو دنیاوە دەڵێت: ئەگەر وەلی ئەمر هەموو ڕۆژێك لە بەرنامەیەكی راستەخۆدا ماوەی نیو سعات زینا بكات دروست نییە بە وشەیەك بەرانبەری بوەستێت و رەخنەی لێ بگرێت!، ئەمە جگە لەوەی كە هەركێ دەنگی بەرز ببێتەوە بە قسەی حەق یان بە كەمترین ڕەخنە لەو دەسەڵاتدارانە یان باسی عەقیدەی تەوحید بكات بە شێوەیەك پەردە لەسەر حەقیقەتی ئەو زاڵمانە لابدات، یەكسەر ڕاپێچی زیندان دەكرێت و ئەزانایانەش كە حەمبەلی مەزهەبن و لە دەسەڵاتدا بەشدارن، نەك هەر ڕازین و بە هیچ ڕەخنەەیەك ناگرن، بەڵكو زۆر جار بە فەتوای ئەوان ئەو كارانە و لەو كارانە خراپتریش ئەنجام دەدرێت، 12- بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بكرێت، هەروەكو چۆن بۆ مەزهەبەكانی تریش ئەو قسەمان كرد، بۆ مەزهەبی حەمبەلیش هەر دەبێت ئەوە دوپات بكرێتەوە، ئەویش ئەوەیە: ئەمەی باسكرا سەبارەت بە لادان و لە خراپییەكانی شوێنكەوتوانی مەزهەبی حەمبەلی لەم سەردەمەدا، تایبەتە بە بە چینێكی مەشهور و دیاری كراوی ئەوان كە رەنگە زۆرینە بن، بەڵام لەولاشەوە زۆر زانای تریان هەیە كە خۆیان لە ڕۆشنایی شوهرەت بەدوور گرتووە و لەو هەموو لادان و گۆڕان ودابەزینەی زانایانی حەنابیلە و سەرانی دەسەڵاتەكەشیان بەرین و هاوبەش نین لەگەڵیاندا، جا ئەوانەیان پێیان بزانرێت و هەڵوێست بنوێنن جێگایان زیندانە و بێگومان زۆرێكیشان بێ دەنگییان هەڵبژاردووە و نەبەشدای ئەو شێواندن و لادانە دەكەن و نە بە ئاشكرایش دەتوانن لییان بەری بن. إحسان برهان الدین 19 شوّال 1443 2022-5-20  
ڕەخنەكانی لە شوێنكەوتووانی مەزهەبی شافیعی
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (7) ڕەخنەكانی لە شوێنكەوتووانی مەزهەبی شافیعی پێشەوا شمس الدین الذهبي بەرەحمەت بێت، وەكو پیشەی هەمیشەیی، تەنها رەخنە ناگرێت و چاوی بخاتە سەر خراپەكانی هیچ كەس و لایەنێك، بەڵكو پێش وریاییدان لە خراپەكانی، باسی باشەكانی دەكات، بۆیە لێرەشدا سەبارەت بە زانایانی سەر بە مەزهەبی شافیعی سەردەمی خۆی دەڵێت: 1- زاناو فەقیهە شافیعییەكان ژیرتر و زاناترن لە زانایانی تر، چونكە بنەمای مەزهەبەكەیان لەسەر شوێنكەوتنی فەرموودەی صحیح دامەزراوە و، پێشەواكەیان كە ئیمامی شافیعییە یەكێكە لەسەرانی فەرموودەناسان و فەزل و چاكەی گەلێك زۆرە، 2- بۆیە ڕوو دەكاتە زانایانی سەر بە ئەو مەزهەبە و پێیان دەڵێت: ئەگەر ئێوە بۆ دینداری وخۆ ڕزگاركردن لە جەهل و نەفامی لەسەر مەزهەبی ئەو پێشەوایەن ئەوا ئێوە كەوتوونەتە سەر خێروچاكەیەكی گەورەدا، بەڵام ئەگەر وەكو برایانتان لە فەقیهە دەست بەتاڵەكان كە هەموو خەم و مەبەستێكیان لە بەدەستهێنانی پلەوپایەو بەڕێوەبردنی قوتابخانە و جل وبەرگی جواندا خۆی دەبینێتەوە، ئەوە زانستیكی بێ بەرەكەتە و نیەتێكی پاكی لەدواوە نییە، بەڵكو بە ڕوونی پێتان بڵێم ئەوە فرۆشتنی زانستە وخۆ تاوانباركردنە و بێ ئاگاییە لە پەروەردگار و وەرگرتنی پاداشتی دونیاییە لەبری پاداشتی دواڕۆژ. 3- لەسەردەمی پێشەوا الذهبي دا شافیعییەكان خاوەن دەسەڵات بوونە ودەستیان بەسەر قوتابخانە و مزگەوت و دادگا و هەموو جێگا گرنگەكاندا گرتبوو، تەنها كەسانی سەربەخۆیان لەو شوێنانە دادەمەزراند، وەكو عەقیدەو بیروباوەڕیش ئەشعەری بوونە و لەگەڵ حەنابیلەدا لە جەنگێكی كراوەدا بوونە و بەهەمو شێوەیەك ئەوانیان چەوساندوەتەوە بە تایبەتی بەرانبەر بە ابن تیمیة و شوێنكەوتووانی ئەوەی الله پێی ناخۆش بێت و لە شەرعدا جێگای نەبێتەوە بەرانبەریان كردویانە، لەو سەردەمەی الذهبي كە باسی دەكات و بگرە لە هەر سەردەمێكدا دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووبێت، ئەگەر كەسێك لە فروعدا شافیعی و لە عەقیدە ئەشعەری نەبوایە لە هیچ مەنسەب و پلەو پایەیەكدا جێی نەدەبوویەوە، مەگەر حەنەفی و مالیكی بوایە و لە عەقیدەدا ئەشعەری ئەوەیان حیسابی جیاواز بوو بەشداری پێدەكرا. ئەم حاڵەتەش خەڵكانێكی زۆری لە دەوریان كۆكردبوویە بە تەماحی دەستكەوتنی پۆست و مووچە و ئیشوكاری كارگێڕی، ئەوانەشی كە لەسەر ئەو پۆستانە بوون كەمترین لادانیان لە مەنهەجی ئەوان بكردایە لە كارەكەیان لادەبران و دەردەكران، بۆ نموونە قازییەك دانی خێری بە (ابن تیمیة)دا بنایە یەكسەر لەسەر كارەكەی لادەبرا، بۆیە شافیعییەكان لەو سەردەمەی الذهبي دا زۆر دەمارگیربوونە و بێ رەحمانە بەرانبەر غەیری خۆیان ڕەفتاریان كردووە. 4- لە درێژەی ئامۆژگارییەكانیدا بۆ شافیعییەكان - كە بە خۆیشی شافیعی بووە - ذهبي دەڵێت: ئەگەر خاوەنی پیشەیەك بیت بە عارەقەی نێو چەوانی خۆت نان بخۆیت و متواضع وخۆبەكەمزان بیت و بە زانستەوە خۆت بانەدەیت، یان خاوەن بازرگانییەك بیت، ئەوا تۆ لە زانایانی سەلەف دەچیت كە هەرگیز ئەم قوتابخانە و شوێنانەیان نەدیبوو كە پۆست و پلەو پایەی تێدایە و كاتێكیش داوایان لێ دەكرا ببن بە قازی لەو پلەوپۆستە هەڵدەهاتن و بە زانستەكەیان عیبادەتی الله یان دەكرد و دەیانبەخشی بەخەڵك و بە پۆشاكێكی خام و بە پاروە نانێك ڕازی دەبوون، ئینجا نموونەی (أبو إسحاق الشیرازي) و (محي الدین النووي) یان بۆ دەهینێتەوە كە دوو پێشەوای بەڕێزی شافیعی بوونە پێش سەردەمە خۆی و نموونەی كەسێكی هاوچەخیان بۆ دەهێنێتەوە كە ناوی (عبدالله بن خلیل)ە و داوایان لێ دەكات شوێنپێیان هەڵگرن و ئەو كەسایەتییانە بكەن بە پێشەنگی خۆیان. 5- توڕەیی الذهبي لە فەقیهە شافیعییەكانی سەردەمی خۆی لەوە سەرچاوە دەگرێت كە زۆرێك لەوان خەڵكی نەفعی بوونە و بەدوای پۆست و پلەو پایە وپارەوە وێڵ بوونە و تەنازولیان لە پێناویدا داوەو ئەوەی داوایان لێ كراوە ناشەرعیش بێت ئەنجامیان داوە، خۆیشی كە خاوەن كەسایەتییەكی بەڕێز و بەرز بووە و ئامادەنەبووە لە پێناو هیچ پلەوپۆستێكدا دابەزێت و كەرامەتی خۆی لەكەدار بكات، بەوەش نموونەیەكی جوانی لەو بارەوە بە موسوڵمانانی سەردەمی خۆی و تاكو ئێستاش پێشكەش كردووە. 6- كێشەو گرفتێكی تر لە كەسایەتی شافیعییەكانی سەردەمی خۆی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: وریابە لە كاتی گفتوگۆ و لێوردبوونەوەدا بچیتە ناو مشتومڕو گومان دروستكردن وسەرخستنی نەفسی خۆتەوە با لەسەر حەقیش بیت و وریابە لە خۆبەزلزانین و سەرسام بوون بە كردەوەكانت، بەختەوەر خۆتی ئەگەر سەربەسەر لێی دەربچیت، لە دوای ئەم ئامۆژگاریانەی بۆ شافیعییەكان (ابن تیمیة)ی مامۆستای بە نموونە دەهێنیتەوە و دەربارەی دەڵێت كە هیچ كەسێكی بە قەد ئەو زاناترو زاهیدتر و بێ نیازتر لە دونیا نەبینیوە و، ئینجا هەندێ قسە دەربارەی دەكات كە دەربڕینەكەی زۆر ڕوون نییە و بەرواڵەتی قسەكانی بێت ستایش و زەمی تێدا تیكەڵ كردووە و لە باسی شافیعییەكان دەردەچێت و سەبارەت بە ابن تیمیة دەڵێت: 7- لە ژیانمدا چاوم بە كەسێك نەكەوتووە زاناتر و ژیرتر لەو پیاوەی كە پێی دەوترێت (ابن تیمیة)، دونیاشی زۆر بەكەم گرتبوو بایەخی بە خواردن و پۆشاك و ئافرەت نەدەدا، حەقبێژ بوو، بەوەی لە توانایدا بوو جیهادی دەكرد، ماندوو بووم و ساڵانێكە هەرچەند ویستم هەڵیسەنگێنم نەمتوانی، ئەوەی كە ئەوی دواخست لەناو خەڵكی میسرو شامدا و وای كرد ڕقیان لێی بێت و بەكەمی بزانن و بەدرۆی بخەنەوە و تەكفیری بكەن (لەدوای ئەم بڕگەیە قسەكانی الذهبي لێڵە و ڕوون نییە و ئەوانەی تەحقیقی كتێبەكەیان كردووە و خوێنەریش بە دو شێوە دەتوانێت لە قسەكانی تێبگات) دەڵێت: هۆكاری ئەو هەڵوێستانە بەرانبەر (ابن تیمیة) تەكەبور و بەخۆ موعجیب بوون و حەزی گەیشتن بە پلەو پایەو و بەكەمزانینیورە بووە، جا هەندێك دەڵێن مەبەستی (ابن تیمیة) بووە گوایە لەبەر ئەوەی ئەو سیفەتانەی تێدا بووە بۆیە هەڵوێستی خەڵكی لێی بەو شێوە بووە، كە بێگومان ژیاننامەی ئەو زانایە ئەو تۆمەتانەی بەتەواوی لێ دووردەخاتەوە و پێچەوانەكەی ڕاستە! خودی الذهبي ش لە چەندین جێگەی كتێبەكانیدا باسی لە خۆبوردەیی و دونیانەویستی مامۆستاكەی كردووە، بۆیە ئەبێت هەر مەبەستی نەیارەكانی بووبێت كە بەهۆی تەكەبور و پلەو پایەكانیانەوە دژایەتی ابن تیمیة یان دەكرد، الذهبي لە كۆتایی ئەو بڕگەیەش لە پاش ئەو دەربڕینە ناڕوونەی دووبارە ستایشی ابن تیمیة دەكات و دەڵێت: ( فقد قام علیه أناس لیسوا بأورع منه ولا أعلم منه و لا أزهد منه، بل یتجاوزون عن ذنوب أصحابهم آثام أصدقائهم، وما سلطهم الله علیه بتقواهم وجلالتهم بل بذنوبه، وما دفعه الله عنه وعن أتباعه أكثر، وما جری علیهم إلا بعض ما یستحقون فلا تكن في ریب من ذلك) وەكو دەبینین جارێكی تر ستایشی دەكات بەڵام لە گەڵ ستایشەكەیدا دیسان ڕەخنەیەك ئاراستەی مامۆستاكەی دەكات و دەڵێت نەیارانی ابن تیمیة زاناتر و دیندارتر نەبوون لە ئەو، بەڵام بە هۆی گوناهو هەلەكانی ئەوان زاڵبوون بەسەریدا، بەڵام ئەوەی الله لەسەریانی لابرد لە خراپییەكانی ئەوانە زۆرتر بوو، واتە ئەگەر الله یارمەتیدەری ابن تیمیة و هاوەڵانی نەبوایە نەیارەكانیان خراپتریشیان پێیان دەكرد! دەڵێت ئەوەشی كە بەسەر ابن تیمیة و شوێنكەوتوانیدا هات بە شێك بوو لەوەی كە شاییستەی بوون، ئەمەش یەكێكە لەو قسانەی الذهبي كە ناكۆكە لەگەڵ قسەكانی خۆیدا لە زۆر جێگەی تر لە كتێبەكانیدا دەربارەی ان تیمیة و هەر ئەوەش وای كرد زۆر لە زانایان بڵێن ئەوە راست نییە و قسەی الذهبي نییە و بگرە هەندیكیان لە بنچینەوە خاوەندارێتی الذهبي بۆ كتێبی (زغل العلم) رەتدەكەنەوە، بەهەر حاڵ بە شایەتی الذهبي خۆی ابن تیمیة بەو شێوە نەبووە و بەڵكو نموونەی خۆ بەكەمزانین و ئاكاری بەرز و دینداری وعیبادەت و بەرگریكردن بووە لە دین و لە ژینی خەڵكی. 8- ئەگەر الذهبي بەو قسەی مەبەستی ئەوە بووبێت كە ابن تیمیة حەزی لە سەرۆكایەتی و دەركەوتن بووە،، ئەوا ذهبي نەیپێكاوە و لەبەر ئەوەی ئەویش مرۆڤە هەڵەی كردووە و دەكرێت هەر بە قسەكانی خۆی وەڵام بدرێتەوە كە زۆرن، لەوانە: (ما رأیت فی العالم أكرم منه، ولا أفرغ منه عن الدینار والدرهم، ولا اظنه یدور في ذهنه) واتە: لە ناو هەموو خەڵكیدا، یان لە جیهاندا، كەسم لە ابن تیمیة بەخشندەتر نەبینیوە، كەسیشم لەو بێ نیازتر نەبینیوە لە دیرهەم و دینار، وا دەزانم ئەو مەسەلە لە خەیاڵیشیدا بوونی نەبێت. هەروەها ابن رجب الحنبلي بەڕەحمەت بێت دەگێرێتەوە كە پێش ساڵی 690ك پۆستی (قاضي قضاة)ی بۆ پێشنیار كراوەو ڕازی نەبووە وەریبگرێت. بە خۆیشی ابن تیمیة دەربارەی خۆی فەرموویەتی: نازانم چۆن سوپاسی نیعمەتی زیندانیكردنم بكەم لای پەروەردگارم، من هیچم نییە ترسی ئەوەم بێت لێم وەربگرنەوە، نە زەوی وزار و نە قوتابخانە و نە ماڵ و سامان و نە سەرۆكایەتی و نە پۆست وپلەوپایە. ئەوەشی كە دەوترێت بە چاوی كەمەوە سەیری هەندێ لە زانایانی كردووە ئەوە خودی الذهبي بەرگری لەوەی كردووەو وتوویەتی ئەوە نابێت وەكو ڕەخنە لێی بگیرێت چونكە ئەو كەسانی لارو گومڕای بەكەمزانیوە و لەگەڵ ئەوەشدا قسەی زانایان بەیەكتر نابێت باس بكرێت. 9- هۆكارێكی تریش ڕەنگە هەبێت بۆ رەخنەی الذهبي لە ابن تیمیة سەرەڕای ئەو هەموو ڕێزو خۆشەویستییەی بۆی ئەویش مەسەلەی قوتابییەكانی ابن تیمیة بووە ، چونكە ڕەفتاری توندی هەندێكیان قورس بەسەر مامۆستاكەیاندا دەشكایەوە و الذهبي ش ئەوەی پێ ناخۆش بوو، لەوانە عبدالرحمن العینوسي و ابن القیم و ابن كثیر و عبدالله الإسكندري و صلاح الكتبي كە ئەمانە هەموویان گەنج بوون و زۆر ابن تیمیة یان خۆشدەویست و بەرگرییان لێ دەكرد، عبدالرزاق الحلبي البزار دەربارەی قوتابییەكی ابن تیمیة بەناوی عبدالله الإسكندري وتوویەتی: الله لێی خۆش بێت هاوەڵی ابن تیمیة بوو و بە ڕەفتارەكانی بوو بە مایەی درووست بوونی فیتنە و ئاژاوەو هەروەها بوو بە هۆكاری ئازار و ناخۆشی بۆ مامۆستاكەشی. واتە: ذهبي لە هەڵسوكەوتی توندو زبری هەندێ لە قوتابی و گەنجی حەماسی و خوێنگەرمی دەوروبەری ابن تیمیة بەگلەیی و بەڕەخنەبووە و پێی وابووە كە ئەو ڕەفتارانە زیانی بۆ موسوڵمانان و بۆ خودی ابن تیمیة ش هەبووە. تەنانەت ابن قیم الجوزیة لە ناو قەسیدەی النونیة دا لە دوو دێڕدا كە پێشتر ئاماژەم بۆ كردووە وا دیارە مەبەستی الذهبي بووە و لە سەر ڕەخنەكانی لە ابن تیمیة ی مامۆستای سەركۆنەی دەكات. بە هەر حاڵ ابن تیمیة سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ بووە و قابیلی هەڵە بووە، بەڵام باوەڕم وایە لە كۆی ئەو خەسڵەتانەی كە هەیبووە لە ڕووی زانست و ژیری و ئازایەتی وخۆراگری وعیبادەت و غیرەت و پشوو درێژی و سیفەتەكانی تری، الله أعلم لە درێژایی مێژووی ئیسلامدا حاڵەتێكی دەگمەنە و وێنە و هاوشیوەی یەكجار كەمە. 10- جارێكی تر بگەرێینەوە سەر راوبۆچوونی الذهبي و سەبارەت بەو ڕەخنانەی كە لە فوقەهای شافیعی دەیگرێت ئەوەیە لەسەردەمی خۆیدا حەزیان بە دەسەڵات و سوڵتە بووە و دەمارگیرییان تێدابووە و لەسەر ئەوە لۆمەی كردوون و تانەی لێداون كە نەك هەر لەسەر ڕەفتارو مامەڵەی زانایانی سەلەف نەبوونە، بەڵكو توانجیان لێ دەدات كە ئەوان پێچەوانەی پێشینی خۆیان لە شافیعییەكان وەكو نەوەوی و شیرازی ڕەفتار دەكەن و ئەسڵی مەزهەبەكەیان دەستگرتنە بە سوننەت و واقیعی ئەو كاتەیان شتێكی ترە. 11- مەزهەبی شافیعی پشكی شێری بەركەوتووە لە وەرگرتنی دەسەڵات لە درێژایی مێژووی ئیسلامدا و سەرەرای ئەوەی كە وەكو الذهبي دەڵێت باشەیان زۆرە و ئەو لایەنانەیان نكۆڵی لی ناكرێت، بەڵام هاوكات زۆرێكیان نموونەی دادگەری و بێ فەرق و جیاوازی نەبوونە لە حوكمدا و دەسەڵاتەكەیان زۆر جار بە شێوەیەكی تەواو رەنگدانەوە نەبووە بۆ ڕەوشتی جوان و عەقیدەی پاك و بێگەردی پێشەواكەیان پێشەوا شافیعی، بەڵكو بە دژایەتی غەیری خۆیان ناسراون وهەروەها ناسراون بە سیفەتی دەمارگیری و زۆربوونی لادانی عەقیدی بەهۆی ئەوەی زۆرێك لەلادەران لە عەقیدەی ئەهلی سوننەت لە ناو ئەواندا بوونە و هەن، هەروەها دەمارگیری زۆریان بۆ مەزهەبەكەیان هەیە ئەوەش تەواو پێچەوانەی ئاكارو كەسایەتی شافیعییە كە لە كاتی مونازەرەشدا حەزی دەكرد حەق لەسەر دەستی بەرانبەرەكەی دەركەوێت و دەیفەرموو خۆزگەم دەخواست هەرچی عیلمم پێیە بڵاوبوایەتەوەو نەدرایەتە پال من! ئەو خەسڵەتە ناپەسەندانەیان هەمیشە ئەو جوانییەی لێڵ كردووە كە ئەو مەزهەبە لە پێشەوا محمد ی كوری إدریس ی شافیعی بۆی بە جێماوە.. 12- بەداخەوە لەم سەردەمەی خۆیشماندا بەهەمان شێوەی سەردەمی شمس الدین الذهبي، ڕێژەیەكی زۆریان - نەك هەموویان - درێژەیان بە دەمارگیری و لە خۆباییبوون داوەو لە هەموو وڵاتێكدا كە بوونیان هەیە بوونە بە دارودەستەی زاڵمان و داپۆشەری گومرایی و لادانەكانیان، بە هەمان شێوەی سەردەمانی پێشوو، ئێستاش لە زۆربەی وڵاتاندا كەسە دیارەكان و سەرانیان موفتی سەرۆكە زاڵم و گومراكانن و بەدلی ئەوان و چۆن داوایان لێ بكەن بەو شیوە فەتوا دەردەكەن! 13- ئەوەش كە باسكرا لە حاڵەتە نەخوازراوەكانی ئەو مەزهەبە، حاڵەتێكی گشتی نییە بڵێی هەموو شافیعییەكان بەو شێوەن، نەخێر نە لە ڕابردوودا و نە ئێستاش بە شێوەیكی ڕەها بەو شێوە نین، ، بەڵكو ئەمەی كە ذهبي لە (زغل العلم) ئاماژەی پیكردووە و ئەوەش كە لێرەدا سەبارەت بە شافیعییەكانی ئەم سەردەمە خرایەروو، تەنها لایەنی تاریكی دیمەنەكەیە كە بەداخەوە واقیعێكی تاڵ وبینراوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بەڵام شافیعییەكان هەمیشە زانای گەورە و فەقیهی مەزن و موفەسیری بەتوانا و فەرموودە ناسی ئەلمەعی باش و گەورەیان تێدا هەڵكەوتووە و دینیان بە ماڵی دونیا نەفرۆشتووە بەڵكو خۆیشیان بە قوربانی كردووە و لەو هەڵەو دەمارگیریانەشیان بەری بوونە، خودی الذهبي كە لێرە ڕەخنەیان لێ دەگرێت نموونەیەكی باشە وبە خۆی شافیعی مەزهەب بووە، پێش ئەویش النووي و دوای ئەویش ابن حجر العسقلاني - نەك الهیتمي -و سەدان زانای گەورەو بەڕێزی تر كە شافیعی بوونە وپێشەنگن و جێگای شانازین بۆ هەموو موسوڵمانێك، لە كۆتاییشدا پێویستە ئەوە بوترێت هەرچی وەكو ڕەخنە دەگیرێت لە مەزهەبی شافیعی لە ڕەفتار و مامەڵە و لەكاتی حوكمرانی و لە عەقیدەو بیروباوەڕدا پەیوەندی بە خودی پێشەوا محمد بن إدریس الشافعی نیە و لە دوای ئەو درووست بووە، ئەگەرچی بەناوی مەزهەبەكەی ئەو كراوە بەڵام بێگومان ئەو پێشەوا مەزنە لێی بەرییەو لە دوای خۆی شوێنكەوتوانی ئەنجامیان داوە. إحسان برهان الدین 18 شوّال 1443 2022-5-19    
ڕەخنەكانی لە شوێنكەوتووانی مەزهەبی حەنەفی
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (6) ڕەخنەكانی لە شوێنكەوتووانی مەزهەبی حەنەفی لە دوای ئەوەی تێبینی و رەخنەكانی سەبارەت بە شوێنكەوتوانی مەزهەبی مالیكی خستەڕوو و بەتایبەتی ڕەخنەكانی ئاراستەی موفتی و قازییەكانی سەردەمی خۆی كرد، ئینجا دێتە سەر خستنەڕووی تێبینییەكانی لەسەر مەزهەبەكانی تر، بە پێی دەستنووسەكان هەندێ جیاوازی لە پێشخستن و پاشخستیاندا هەیە، دەڵێت: 1- فەقیهو شەرعناسەكانی سەر بە مەزهەبی ئەبو حەنیفە، وردبوونەوەو ژیریی و ڕاوبۆچوونی پەسەندیان هەیە، ئەگەر لە حیلەی شەرعی لە مەسەلەی سوو و بەتاڵ كردنی زەكات و دەنوكدانی ناو نوێژوو وكاركردن بەو مەسەلانەی كە لە فەرموودەدا پێچەوانەیان هاتووە ڕزگاریان بێت، ئەم قسانەی ذهبي ش لە ڕاستیدا ستایشێكە لە پۆشاكی زەم و سەركۆنەكردندا نمایشی كردووە! چونكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هەندێك لە فەقیهە حەنەفییەكانی سەردەمی خۆی حیلە شەرعی بۆ خەڵكی دەدۆزنەوە بۆ شەرعاندنی سوو خواردن و دەربازبوون لە زەكاتدان و كاركردن بە هەندێ مەسەلە بە پێچەوانەی ئەوەی لە سوننەتدا هاتووە، بەداخەوە ئەمەش لە هەمو سەردەمێكدا هەر هەیە و كەسانیك بە ئایینەوە بازرگانی دەكەن و هەمیشە خەریكی شەرعاندنی كاری ناشەرعین بۆ خەڵكی . 2- لێرەدا وەك دەبینین ذهبي بە مەدح و ستایش دەستی بە باسكردنی زانا حەنەفییەكان كردووە، بەڵام یەكسەر بەدوایدا دەستی كردووە بە باسكردنی لادان و فێڵ و حیلە شەرعییەكان، ئەمە مەنهەج و ڕێبازی ئەوە لە زۆربەی كتێبەكانیدا، زۆر جار هەوڵی داوە نەیار و خەڵكی بەعام لە خۆی نەوروژێنێت و هیچ نەبێت پەیوەندییەكی لاوازیش بێت لەگەڵ هەمواندا بیبەستێتەوە ، بەبی ئەوەی لە دینەكەشیدا تەنازول بدات، وەكو هەندێك دەڵێن ذهبي بەرانبەرەكەی بە لۆكە سەردەبڕێت! ئەمەش خاڵی جیاوازی بوو لە نێوان خۆی و (ابن تیمیة)ی مامۆستایدا، كە ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگرت هەمیشە لە گەڵ نەیارەكانیدا توندە و سازش ناكات، بەرانبەرەكەی بریندار دەكات و دواتر كە دەیەوێت ساڕێژی برینەكەی بكات دیسان ئازاری دەدات وەكو هەندێك دەڵێن! ژهبي پێی وابوو ئەگەر ابن تیمیة ی مامۆستای هەندێك لەو نەرمییەی بنوێنایە هەموان ملكەچی كەسایەتی و زانستەكەی دەبوون. 3- لە كوردستانی لای خۆیشمان، ئیستا و لە ڕابردوویشدا چەند شێوازێكی فێڵ و حیلە شەرعی هەیە بە زەقی لە هەندێ بواردا لە لایەن كەسانی دین فرۆشەوە ئەنجام دەدرێت: وەكو حەڵاڵ كردنی ژن بۆ مێردەكەی كە سێ بەسێ تەڵاقی داوە ئەوەی كە لەناو خەڵكیدا بە (مارە بە جاش) ناودەبرێت، هەروەها چاككردنی جۆرەكانی تری تەڵاق بە فێڵ و بەپینەوپەڕۆ و ، شەرعاندنی پێدانی زەكات بە حیزب و كەناڵی ئاسمانی و ڕێكخراو بە بەهانەی سەهمی (في سبیل الله) كە ئەو موفتیانە خۆیان زۆر باش دەزانن ئەو كارەیان خۆخەڵەتاندن و لادانە لە ئایەت و فەرموودەكان و قسەی هەموو زانایان لەو بارەوە ، هەروەها شەرعاندنی هەندێ جۆری مامەڵە كردن بەڕیبا، وەكو كڕینی سەیارە بە قیست سەرەڕای هەبوونی لایەنی سێیەم لە نێوان كڕیارو فرۆشیاردا كە بانكە و ئەوە مامەڵەكە حەرام دەكات و زۆر شێوازی تر وەكو زیادبوونی نرخەكە یا دانانی غەرامە لە كاتی دواكەوتنی قیستەكە كە ئەمانە هەمووی حەرامە و كەچی بە فەتواش دەكرێت و دەشەرعینرێت! كە بەداخەوە ئەوانەی ئەو كارانە ئەنجام ئەدەن وەكو حەنەفییەكانی زەمانی الذهبي، بەناو دینەوە قسە ئەكەن و جوببەو عەمامەیان پۆشیوە و جێگای باوەڕی ئەو خەڵكە داماوەن كە لە هەموو شتێكدا شارەزان وكەس لێیان ناباتەوە جگە لە دینەكەیاندا نەبێت داماون و هیچی لێ نازانن ! 4- لە درێژەی تێبینی و ڕەخنەكانی لە فوقەهای حەنەفی، شمس الدین الذهبي دەڵێت: ئەوەی جێگەی گومانە وازی لێبێنە بۆ ئەوەی كە لێی دڵنیایت و گومانت لێ نییە، ئیحتیاتیش بۆ دینەكەت بكە و با هەموو خەمێكت هەر ئەوە نەبێت لە مەزهەبەكەت لا نەدەیت! با فیقهەكەت بۆ دواڕۆژ بێت و بۆ بەرژەوەندی دونیا نەبێت، ئەگەر سبەینێ لەبەر دەستی پەروەردگارتدا ڕاوەستایت و وتت لە پێناو تۆدا زانست فێربووم، پێت نەوترێت:(كذبت إنما تعلمت لیقال عالم وقد قیل ثم یؤمر بك مسحوبا إلی النار) واتە: پێت بوترێت درۆت كرد! بەڵكو بۆ ئەوە زانست فێر بووی پێت بوترێت زانایە و واوترا و ئینجا بەرەو دۆزەح ڕابكێشرێیت. بۆیە وا مەزانە مەزهەكەبەت چاكترین مەزهەبە و لەلای الله پەسەندترینە، چونكە نە تۆ و نە بەرانبەرەكەشت هیچ بەڵگەیەكتان لەسەر ئەو قسەیەتان نییە، بەڵكو پێشەوایان لەسەر خێرو چاكەیەكی زۆرن، ئەگەر لە بۆچوونێكیاندا بیپێكن دوو پاداشتیان هەیە و نەشیپێكن یەك پاداشتیان هەر هەیە. بەوەش ئاماژە بۆ فەرموودەیەك دەكات لە سەحیحی بوخاریدا كە دەفەرموێت: ( إِذَا حَكَمَ الحَاكِمُ فَاجْتَهَدَ ثم أَصابَ فله أَجْرَان، وإِذا حَكَمَ فَاجْتَهَدَ ثم أَخْطَأَ فله أَجْرٌ)، بەڵام بێگومان وەكو ئەهلی عیلم باسیان كردووە ئەم فەرموودە بۆ كەسێكە هەموو ڕێگەكانی بەدواداچوونی گەیشتن بە حەق بگرێتەبەر و دوای ئەوە سەركەوتوو نەبێت بە گەیشتن بە حەق، واتای ئەوە نییە هەركێ هەڵسێت و لە دیندا قسە بكات پێكای دوو پاداشتە و نەیپێكا هەر یەك پاداشتی هەیە! چونكە لەو حاڵەتەدا گومڕا و نەفعییەكانیش دەگرێتەوە! 5- مەزهەبی ئەبو حەنیفە وەكو هەر مەزهەبێكی فیقهی تر مەعسوم نییە و كۆمەڵێك هەڵە و نەپێكانی تێدایە و كاتێك كە حەق بۆ موسوڵمان بە بەڵگەی كیتاب و سوننەت دەركەوت، ئیتر هیچ پاساوێكی نییە بە بەهانەی ئەوەی وابەستەی ئەو مەزهەبەیە كار بە سوننەت و بە فەرموودەی سەحیح نەكات، الله عزوجل لێمان قبوڵ ناكات واز لە سوننەت و فەرموودەی سەحیح بهێنین بۆ ڕاوبۆچوونی هیچ كەسێك ئەگەر هاوەڵیش بێت، چجای زانایەك بێت كە دواجار مرۆڤە و قابیلی هەڵە كردنە. بۆ نموونە كە بۆت دەركەوت هیچ بەڵگەیەكی سەحیح نییە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەستنوێژی لە بەركەوتنی دەستی لە دەستی خیزانەكانی شكاندبێت، یان لە هەموو نوێژێكی بەیانیدا قونوتی خوێندبێت، یان دەستی لە خواری ناوكەوە لە ناو نوێژدا گرتبێت و زۆر مەسەلەی تر، مادام بەڵگەی لەسەر نییە ئیتر ئەوە دادت نادات بلێی لە مەزهەبی فڵانە ئیمامدا وایە منیش ئەبێت وا بكەم، ئەو ئیمامە خۆی فەرمویەتی: (إذا صح الحدیث فهو مذهبي) واتە هەر مەسەلەیەك فەرموودەیەكی سەحیحی لەسەر بێت ئەوە مەزهەبی منە واز لە قسەی من بهێنن و بچنە سەر حوكمی فەرموودەكە! دینداری بە ئایەت و بە فەرموودەی سەحیح دەكرێت، هەروەها كرداری سەلەفیش كە جێگر بێت و نیشانەی ئەوە بێت لە پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم وەرگیرابێت، نەك ئیجتیهادێكی خۆی بێت و هەڵەی تێدا كردبێت. 6- بەڵام لێرەدا شایانی باسە بوترێت كە فەرموودەناسان جۆرێك لە یەك دەنگی لە نێوانیاندا هەیە لەسەر لاوازی ئەبوحەنیفە لە بواری فەرموودەدا، بۆیە ڕوویان لێ وەرگێڕاوەو هیچیان لێ وەرنەگرتووە. جگە لەوەش ئەبو حەنیفە كێشەیەكی تری بووە سەبارەت بەوەی كە ئەهلی عیلم بە ئیرجائی فوقەها ناویان بردووە كە ئەبو حەنیفە عەمەل و كردەوەكانی لە ئەسڵی ئیمان دەركردووە و بە مەرجێكی تەواوكەری داناوەو بەمەش جیاوازی لە نێوان ئەوو زانایانی سەلەف و ئەهلی سوننەت و جەماعەتدا درووست بووە،تا ئێستاش هەندێ لە فیرقەكان وەكو ماتوریدییەو فیرقەی تر بەڵگە لە قسەی ئەبو حەنیفە دەهێننەوە بۆ بیدعەكەیان لە پیناسەی ئیماندا. بەڵام سەبارەت بەوەی كە هەندێ لەسەلەف ئەویان تەكفیر كردووە لەسەر ئەوەی باوەڕی بە خەلقی قورئان بووە، یان یان هەندێ مەسەلەی تر كە پێی تۆمەتبار دەكرێت، ئەوەیان زۆربەی زانایانی گەورەی ئیسلام ڕەتیان كردووەتەوە، ڕەخنەیان لە ئەبوحەنیفە گرتووە بەڵێ، بەڵام تەكفیریان نەكردووە و (ابن تیمیة)ش بەرەحمەت بێت لە كتێبی (رفع الملام عن الأئمة الأعلام) هیچ جۆرە تۆمەتێكی گەورە ناداتە پاڵ ئەبوحەنیفە لە مەسەلەی كوفر وئیماندا، لە هاوچەرخەكانیشدا سلیمان العلوان كە زانایەكی ورد و بەتوانایە دەڵێت بەدواداچوونم بۆ ئەو تۆمەتانە كردووە كە دەخرێتە پاڵ أبو حنیفة بۆم دەركەوتووە سێ جۆرن: جۆرێكیان ڕاست نین و ئەسڵیان نییە، جۆرێكیان ڕاستن وەكو سەنەد بەڵام تۆمەت نییە و كە لێی ورد دەبیتەوە هیچی تێدا نییە پشتی پێ ببەستریت بۆ تۆمەتباركردنی ئەو لە دین و ئیمانیدا، جۆرێكیشیان دەڵێت وەكو سەنەد ڕاست و جێگیرە و لە هەندێ كتێبی وەكو (السنة )ی عبدالله ی كوڕی ئیمام ئەحمەد دا هاتووە بەڵام ئەو كەسەی ئەوی تۆمەتبار كردووە خۆی هەڵە بووەو نەیپێكاوە.الخطيب البغدادي لە كتێبی ( تاريخ بغداد )دا لە پێشەوا أحمد دەگێڕێتەوە كە وتوویەتی:( لم يصح عندنا أن أبا حنيفة كان يقول بخلق القرآن) واتە: لە ڕێگەیەكی ڕاستەوە پێمان نەگەیشتووە كە كە ئەبو حەنیفە باوەڕی وابووبێت كە قورئان مەخلوفە. بە كورتی لە قسەی زانایاندا ئەوە دەدرەكەوێت ئەبوحەنیفە هەندێ هەڵە و نەپێكانی بووە لە مەسائیلی ئیماندا، بەڵام كار بە تەكفیر ناگات با هەندێ لەسەلەفیش ئەو بۆچوونەیان بووبێت. 7- جگە لە (إرجاء الفقهاء) كە ئاماژەمان پێكرد، أبو حنیفة لە مەسەلەكانی تردا لەسەر عەقیدەی كیتاب و سوننەت بووە وبیروباوەڕی وەكو بیروباوەڕی سەلەف بووە: * باوەڕی بە هەموو جۆرەكانی تەوحید بووە و هەوڵی داوە بەهانەی هەموو شركێك ببڕێتەوە. * ناووسیفەتەكان الله ی بەو شێوە كە لائیقە بە پەروەردگارەوە جێگر كردووە. * بەرزی الله و بینینی لە ڕۆژی قیامەتدا جێگیر كردووە. * ئیمانی بە هەر چوار پلەوپایەكەی قەدەر بووە: (العلم، والكتابة، والمشيئة، والخلق). * بەڵام باوەڕی وابووە كە ئیمان تەنها بریتییە لە باوەڕهێنانی دڵ و قسەكردنی زمان، نە زیادیش دەكات و نەكەم دەكات، ئەنجامدەری تاوانی گەورەشی بە ئیمانداری ئیمان تەواو زانیوە. لە كۆتاییشدا سەرنجتان بۆ تێبینییەكی زۆر گرنگ ڕادەكێشم ئەویش ئەوەیە هەرچی دەوترێت ئەوە مەزهەبی ئەبو حەنیفەیە -یان هەر مەزهەبێكی تر - مەرج نییە بۆچوونی خودی ئەبوحەنیفە و پێشەوایانی تری مەزهەبەكان بێت! بەڵكو لەوانەیە بۆچوون وڕای فەقیهو زاناكانی ئەو مەزهەبانە بێت لە دوای مردنی پێشەوای یەكەمی مەزهەبەكە، بەڵام دواجار هەر لەسەر ئەو مەزهەبە پۆلێن كراوە. إحسان برهان الدین 17 شوّال 1443 2022-5-18  
ڕەخنەكانی لەسەر شوێنكەوتوانی مەزهەبی مالیكی
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (5) ڕەخنەكانی لەسەر شوێنكەوتوانی مەزهەبی مالیكی لەسەردەمی پێشەوا (شمس الدین الذهبي) دا، شوێنكەوتنی مەزهەبە فیقهییەكان واقیعێكی بەرجەستە بووە و تەواوی زانایان و خەلكیش بەسەر ئەو چوار ڕێڕەوەدا دابەش بوون، تەنانەت خودی دانەری ئەم كتێبەش كە لێرەدا ڕوونی دەكەینەوە لەسەر مەزهەبی شافیعی پۆلێن کراوە، ئەگەرچی بەتەواوەتی وابەستەی ڕێڕەوەکە نەبووە، جا لەم بەشەی كتێبەكەیدا ڕوو دەكاتە قازی و دادوەرەكانی مەزهەبی مالیكی و پێیان دەڵێت: مەزهەبی مالیكی كوڕی ئەنەس بەڕەحمەت بێت خێرو چاكەی تێدایە، بەڵام موفتی و قازییەكانی ئەو ڕێڕەوە پێویستە وریای خۆیان بن لەمەسەلەی تەكفیر و خوێن حەڵاڵكردندا، كە دیارە لەو سەردەمەی ئەودا ئەوان بە زێدەڕەوی لەو پرسەدا ناسراون و زێدەڕەوییەكەشیان جۆرێك بووە لە لاسایی كردنەوەی پێشینانی خۆیان، بۆیە پێیان دەڵێت قازی لەو مەسەلانەی پەیوەندی بە حوكمی ئیعدامەوە هەیە بە دەربڕینی ئەم سەردەمەی خۆمان، پێویستە زۆر وریا بێت و وردبێتەوە و تەقلیدی قازییەكانی پێش خۆی نەكات، نە ناچاریشە لە هەموو پرسێكدا شوێنكەوتووی پێشەوا مالك یان هیچ پێشەوایەكی تر بێت، چونكە الله عزوجل پێویستی نەكردووە لەسەر هیچ كەسیك بە ڕەهایی شوێنكەوتووی كەس ببێت جگە لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، تەنانەت پێشەوا مالك بن أنس بەڕەحمەت بێت خۆی فەرموویەتی: هەموو كەسێك لە وتەكانی وەردەگیرێت و ڕەتدەكرێتەوە، جگە لە خاوەنی ئەو گۆڕە نەبێت كە مەبەستی پێغەمبەرە صلی الله علیه و سلم. بەو شەرعناس و قازی و موفتییانە دەڵێت: ئەگەر سبەی لەبەرانبەر پەروەرگارتدا ڕاوەستایت و پرسیاری لێ كردی: لەسەر چ بنەمایەك خوێنی فڵانە كەست حەڵاڵ كرد؟ ئەگەر بلێی شوێنکەوتووی ئەوانەی پێش خۆم بووم و لە حوكمەكەدا ڕێچكەی ئەوانم گرت. پێت دەفەرموێت: ئایا من وتوومە تۆ لە هەموو شتێكدا شوێنكەوتووی پێشەواكەت ببە؟ لە پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم جێگر بووە وەكو لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە كە فەرموویەتی: (أول ما یقضی بین الناس في الدماء) واتە: یەكەمین مەسەلە كە لە ڕۆژی قیامەتدا لە نێوان خەلكیدا حوكمی لەسەر دەدرێت و یەكلا دەكرێتەوە مەسەلەی خوێنە! لە كۆتاییدا دوای ئەوەی داوایان لێ دەكات كوێرانە شوێن قسەی هیچ ئیمام و پێشەوایەك نەكەون و هەموو كار و حوكم و فەتوایەكیان بە پێی بەڵگەی شەرعی بێت، بە موفتی و قازییەكانی سەردەمی خۆی کە سەر بە مەزهەبی مالیک بوونە دەڵێت: بەڵێ ئەگەر ئەو كەسەی کێشەکەی هاتەبەردەستتان زندیق بوو، دوژمنی الله بوو، شاییستەی حوكمی لەسێدارەدان بوو، ئەو حوكمەی بۆ دەربكەن، ئەگەریش هەركێ شاییستەی حوكمی لەسێدارەدان نەبوو، لە پەروەردگارتان بترسن و خۆتان لە دەركردنی ئەو حوكمە بەدوور بگرن. ئەوەی الذهبي باسی دەكات مەسەلەیەكە تایبەتە بە موفتی و قازییەكانی مەزهەبی مالیكی سەردەمی خۆیەوە كە بەوە ناسراون لە دەركردنی حوكمی لە سێدارەداندا پەلەیان كردووە و زۆر ورد نەبوونەتەوە و ئەوەش وەكو تەقلیدێك بووە بۆ مەزهەبەكەیان و فەتوای زانایانی پێشینی خۆیان، بۆیە ئەویش بەو شێوە ئامۆژگارییان دەكات و لە عاقیبەتی سووك سەیركردنی مەسەلەیەكی وا پڕ لە مەترسی كە پەیوەندی بە خۆێنی مرۆڤەكانەوە هەیە دەڵێت پێویستە زۆر وردببنەوە و لێكۆڵینەوە بكەن و تەنها بە حەقی خۆی نەبێت حوكمی كوشتن بۆ هیچ تاوانبارێك دەرنەكەن، چونكە ئەو سەردەمەو هەموو سەردەمێكیش دادوەر و قازی پێویستە لە هەموو حوکم و بڕیارێكیدا لەسەرخۆ بێت و مەبەستی بێت ڕەچاوی حەق بكات، حەقیش تەنها ئەوەیە كە الله عزوجل لە قورئاندا و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم لە سوننەتەكەیدا بە حەقیان زانیوەو پێی ڕازی بوونە، موسوڵمان چجای سەران و پێشەوانیانیان هیچ یاسا و ڕێسا و ڕێبازێكی تر كە ناكۆك بێت لە گەڵ ئیسلامدا بەحەق نازانن و شوێنكەوتووی نابن. چوار مەزهەبە فیقهییەكان ئەگەرچی دەدرێنە پاڵ یەكێك لەو چوار پێشەوا ناودارانە، (مالك وأبو حنیفة و الشافعي و أحمد) بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژگاردا زاناو ناودارەكانی سەر بە ئەو مەزهەبانە كە دوای دامەزرێنەر و پێشەوای یەكەمی ئەو مەزهەبە هاتوون، گۆڕانكاری گەورەو زۆریان لەناو مەزهەبەكەدا ئەنجام داوە و ناكۆكی و شیكردنەوەو وردەكاری زۆریان تێدا درووست بووە، تاكو جارێك بە پێی وتەو بۆچوون و هەڵوێستی پێشەوای یەكەمی مەزهەبەكە بووە، دە جار پێچەوانەی وتەو بۆچوون و هەڵوێستەكانی ئەوان بووە، بۆیە كاتێك فەتواو ڕایەكی دیاری كراو ددرێتە پاڵ زانایەكی دیاریكراو لەو ڕێڕەوە فیقهییانە، ئەوە مەرج نییە ڕای پێشەوای یەكەمی مەزهەبەكە بێت. بەڵكو لە دوای ئەو درووست بووە و ناودارانی دوای پێشەوای یەكەم فەتوایان لەسەری داوە. لە ڕاستیدا موسوڵمان داوای لێكراوە دینداری بە قال الله و بە قال الرسول صلی الله علیه و سلم بكات، شەرح و ڕوونكردنەوەی زانایانیش بەتایبەتی زانایانی سەلەف دەخرێتە سەر سەرو سەرچاو تا ئەوەندەی كە لەگەڵ كیتاب و سوننەتدا پێچەوانە نەبێت، ئەگینا وەكو چوار پێشەوا ناودارەكانی مەزهەبە فیقهییەكان فەرموویانە فەرموودە وەردەگیرێت و قسەی ئەوان بەدیواردا دەدرێت، وەكو الذهبي خۆی لە كتێبی (سیر أعلام النبلاء)دا لە شافیعی بە رەحمەت بێت دەگێرێتەوە كە فەرموویەتی: (“إذا صح الحديث فهو مذهبي وإذا صح الحديث ، فاضربوا بقولي الحائط” ) بەڵام ئێمە قسەی ئەو پێشەوا بەڕێزانە بەدیواردا نادەین، بەڵكو بەڕێزەوە دەیگێرینەوە و كاری پێ ناكەین ئەگەر پێچەوانەی فەرموودە بێت وكار بە فەرموودەكە دەكەین. بۆیە بە قسەو فەرمانی ئەو پێشەوایانە خۆیان درووست نییە كەس بە ڕەهایی تەقلیدیان بكات، بەڵكو موسوڵمان بەدوای حەق و بەڵگەی كیتاب و سوننەتدا دەگەڕێت لە كوێ دەستی كەوت ئیشی پێ دەكات و خۆی بە شێوەیەكی ڕەها بە مەزهەب و قسەی هیچ كەسێكەوە نابەستێتەوە. إحسان برهان الدین 16 شوّال 1443 2022-5-17    
تێبینییەكانی لەسەر زانستی فەرموودە
#شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (4) تێبینییەكانی لەسەر زانستی فەرموودە لە پاش ئەوەی كۆمەڵێك ڕەخنە و تێبینی توندی ئاراستەی قورئانخوێنانی سەردەمی خۆی كرد و خاڵە لاواز هەڵەكانی ئەو بوارەی دەستنیشان كرد، ئینجا ڕوو دەكاتە بەشێك لەوانەی سەرقالی زانستی فەرموودەن و پەردە لەسەر هەڵە و لادانەكانیان لە ڕاستەڕێگای سونەت لادەدات و پێیان دەڵێت: زۆربەی ئەوانەی كە خەریكی سەماع و گوێگرتنی فەرموودەن هیچ خەمێكیان نییە ئەو فەرموودانەی دەیبیسن ڕاست بێت یان لاواز و هەڵبەستراو بێت، بەڵكو تاكە خەمێكیان تەنها ئەوەیە ئیجازەی سەماع بەدەست بهێنن و شەهادەو بڕوانامەكانیان بە دەربڕینی ئەم سەردەمەی خوامان زیاد بكەن! هەروەها بۆ ئەوەی بڵێن ئیمە شێخ و مامۆستای زۆرمان هەیە. ڕەخنە لەو جۆرە كەسانە دەگرێت و دەڵێت ئەوانە واتاو ئاكارەكانی ئەو فەرموودانەی دەیبیسن و دەیخوێننەوە لە خۆیاندا جێبەجێ ناكەن، بەڵكو لە كاتی گوێگرتن و دانیشتندا لەو بازنانە دەبینی دانیشتوان بە شتی ترەوە سەرقاڵن و تەنها ئەوەیان لەلا گرنگە لە كۆتایی كۆڕەكەدا ئیجازەی خۆیان وەربگرن و بڵێن ئیجازەمان لە فڵانە كتێبی فەرموودەدا وەرگرت. ئینجا زیاتر بیریان لای ئەوەیە كە كتێبێكی فەرموودەیان بیست بتوانن بیڵێتەوە و فێرخوازانی زانست ڕوویان تێبكەن. ئینجا الذهبي دەڵێت من گوتارم بۆ تۆ نییە ئەی ئەو فێرخوازەی بە دوای بڕوانامە و ئیجازەدا وێڵیت و كردەوە بە فەرموودەكان ناكەیت! بەڵكو گوتارم بۆ ئەو مامۆستایە كە وانەی فەرموودە دەڵێتەوە تۆیش وەكو من خۆت بێ بەش مەكە و وەكو من خۆت بەدبەخت و شوم مەكە، دەڵێت من شومم و ڕقم لە شوومەكانە! بێ گومان ئەم قسەیەش لە تواضع و خۆ بەكەمزانینی ئەو پێشەواوە سەرچاوە دەگرێت. ئینجا دەڵێت ئەی فێراخوازی زانست ئەگەر دەتەوێت سوود لە زانستی فەرموودە وەربگریت و لەجیاتی ئەوەی بچیتە لای هەندێ مامۆستای ناشارەزا و تەنها بڕوانامەی بێ ناوەڕۆك و زانست بەدەست بهێنێت، پێویستە كتێبێكی كۆكردنەوەی هەردوو سەحیحی بوخاری موسلیم بخوێنیتەوە وەكو (الجمع بین الصحیحین) كە زیاتر لە كتێبێك بەو ناونیشانەوە هەیە، هەروەها دەڵێت باشترە بە وردی هەندێ كتێبی وەكو (أحكام عبدالحق) و(الضیاء) بخوێنیتەوە، كە ئەو كتێبانە بۆ سەردەمی ئێمە ڕەنگە قورس بن، بەڵام دەكرێت بگۆردرێن بە كتێبێكی باش و متمانە پێكروای وەكو (عمدة الأحكام)ی عبدالغني المقدسي كە هەم فەرموودەو هەم فیقهە لە یەك كاتدا..ئەگینا دەڵێت چ سوودێك دەبینی لەو كۆڕانەی فەرموودەی تێدا دەبیسیت و دانیشتوانی كۆڕەكە خەریكی قسەی خۆشن و دەنگی مناڵ و ژن و پێكەنین لەناو كۆڕەكەدا دەبیسترێت. ئەوەی الذهبي باسی دەكات لە ڕاستیدا لەسەردەمی خۆیشماندا بوونی هەیە، بەڵام هێشتا بە تەواوی نەگەیشتووەتە لای خۆمان و من بە چاوی خۆم ئەو كۆڕانەم لە هەندێ وڵاتی عەرەبی بینیوە لە دەرەوەی كوردستان، شەیخێك دانیشتووە و كۆمەڵێك قوتابی بەدەوریدا دانیشتوون و یەكیك بۆ نموونە سەحیحی بوخاری یان هەر كتێبێكی تر بە خێراییەكی زۆر دەخوێنێتەوە و گوێگران جاری واهەیە خەویان لێ دەكەوێت و بگرە مامۆستاكەش خەوی لێ دەكەوێت و ئاگای لە مەجلیسەكە نامێنیت و بەو شێوە لە چەند ڕۆژێك گوێگرتنی بەردەوامدا سەحیحی بوخاری و مسلم و هەر كتێبێكی تر لە ماوەیەكی دیاری كراوی كەمدا تەواو دەكەن، چونكە جاری وا هەیە دە سعات بەسەر یەكەوە گوێ دەگرن و خوینەری ئەو كتێبانەش بە شێوەیەكی زۆر خێراو پەلە و نامۆ دەیخوێنیتەوە، مەگەر بۆ نوێژو نانخوارد لە كۆڕەكە داببڕێن، ئیتر بەو شێوە و بە ماوەیەكی كەم بۆ نموونە شەش كتێبەكانی فەرموودە و لەوانەش زیاتر دەبیسن و بە خەت و مۆری شەیخەكە ئیجازەیان پێ دەبەخشرێت، بەڵام ئایا جگە لەو ئیجازە كە ڕەنگە هەڵیواسن یان خۆیانی پی هەڵبنێن لە شوێناندا، ئایا فەرموودەكانیان لەبیر دەمێنێت كە بەو خێراییەو بەبێ شەرح و ڕوونكردنەوە بۆیان خوینراوەتەوە؟ بێگومان نەخێر، ئیتر هەم لە مامۆستایان و هەم لە فێرخوازان هەیە ئەوە پیشەیانە و بەبەردەوامی خەریكی ئەو گوێگرتن و ئیجازەدان و ئیجازە وەرگرتنەن، بێ گومان ئەوەش سوودێكی زۆری نابێت و جۆرێك لە ئیدمانی بێ سوود لەسەر ئەو حاڵەتە درووست دەبێت، جا الذهبي بێزاری و ڕەخنەی توندی خۆی بەرانبەر ئەو جۆرە حاڵەتە لە زانستی فەرموودەدا دەردەبڕێت و بە هەڵەیەكی زانستی گەورەی دەزانێت. الذهبي ڕوو دەكاتە ئەو جۆرە مامۆستا و فێرخوازانە كە هەموو خەم و مەبەستێكیان هەر كۆكردنەوەی بڕوانامە وئیجازەیە و پێیان دەڵێت: (خلونا ! فقد بقینا ضحكة لأولی المعقولات ، یطنزون بنا ویقولون: هۆلاء أهل الحدیث) واتە: لێمانگەڕێن! ئێوە ئێمەشتان كرد بە گاڵتەجاڕ و بنێشتەخۆشەی دەمی خەڵكی پێمان دەڵێن ئەوانەن فەرموودەناسان! ئینجا دەڵێت ئەگەر دەتەوێت بزانی زانستی فەرموودە چییە و لە كێ وەردەگیرێت بڕۆ لە سەرچاوەكانی خۆی وەریبگرە و ئینجا ناوی كۆمەڵێك لە سەرانی هاوەڵان و تابیعین و فەرموودەناسانی گەورە دەبات و دەڵێت لە دوای سەدەی چوارەمی كۆچی ئەو زانستە بەراورد بەسەدەی سێیەم كەمی كرد و تەنانەت دەڵێت چەندین زانا لەسەردەمانی پیشوودا بە زانستی فیقهو شەرع ناوبانگیان دەركردبوو، بەڵام لە فەرموودەدا لە فەرموودەناسانی دوای خۆیان شارەزاتر بوون، تاكو دەگاتە ئەوەی ناوی هەندی لە زانایان و فەرموودەناسانی سەردەمی خۆی دەهێنیت وەكو (ابن دقیق العید) و(شرف الدین الدمیاطي) و( جمال الدین بن الظاهري)، هەر وەها ناوی چەند كەسێك دەبات لەوانەی بوونەتەبار بەسەر زانستی فەرموودەوە و ئینجا سوپاسی الله دەكات لەسەر ئەوەی لەو سەردەمەی خۆیدا كەسانێكی وەكو (الحافظ المزي) و(تقي الدین ابن تیمیة) و(علم الدین البرزالي) و(ابن سید الناس) و(تقی الدین السبكي) و(الحافظ العلائي) و زانای تر بوونیان هەیە و خزمەتی زانستی فەرموودە دەكەن. بەڵام لە پاش مردنی ابن تیمیةبەڕەحمەت بێت لە دەستنووسێكی تری (زغل العلم)دا، هەندێ دەستكاری ئەو ناوانەی كردووە و لێی لابردوون و بۆی زیاد كردوون، لەوانەشە هۆكاری ئەوە بێت دەسەڵاتی ئەو سەردەمە زۆر توند بووە بەرانبەر ئەوانەی كە لە ابن تیمیة و لە فیكری ئەو نزیك بوونە و تەنانەت ئەم كتێبەشی بە نهێنی دەستاودەستی پێدەكرا. بە كورتی پێشەوا الذهبي دەیەوێت بڵێت: تەماشای ئەوانە مەكە كە ناوی فەرموودەناس و مامۆستای فەرموودەیان لەخۆیان ناوە و شایەستەی نین، بەڵكو تەماشای ئەو زانا گەورەو فەرموودەناسانەی پێشینان بكە كە پێشەنگی ئێمەن لە فەرموودەناسیدا و ڕێچكەی ئەوان بگرە. الذهبي دەردەكەوێت لە قسەكانیدا كە متمانەی زۆری بەزانایانی پێش سەردەمی خۆی هەیە و دەڵێت ئەگەر زانایانی سەردەمی خۆت لە بنەماكانی زانستی شەرعی لایاندا و ئاكاری زانایانیان هەڵنەگرت، بگەرێرەوە سەر زانستی رەسەن لە لای زانایان و فەرموودەناسانی سەلەف و ئەوان بكە بە پێشەنگی خۆت و بیانكە بەپێوەر بۆ ناسینی زانایانی دوای ئەوان. سەردەمانێك بوو ئەوانەی دەیانزانی زۆر بەباشی لە كوردستاندا قورئان بخوێنن زۆر ژمارەیەكی كەم بوون، هەرچەند بەداخەوە ئێیستاش زۆربەی مامۆستایانی ئایینی و پێشنوێژەكان سورەتی الفاتحة بەتەواوی ناتوانن بخوێننەوە! بەڵام بە شێوەیەكی گشتی الحمدلله ئێستا ئەو كێشە تا ڕاددەیەك چارەسەر بووە و خەڵكانێكی زۆر بەجوانی و بە پێی بنەماكانی تەجوید قورئان دەخوێنن، بەڵام بەداخەوە لەسەر حیسابی دووركەوتنەوە لە ناوەڕۆكی قورئان و بایەخنەدان بە بواری عەقیدەو تەوحید، لە الله تعالی بپاڕێنەوە ئەگەر بەو جۆرەی پێشەوا الذهبي باسی دەكات و بەو شێوەی كە من لە هەندێ وڵات بینیومە نەیەتە كوردستان و مۆدێلی گەڕان بەدوای ئیجازەو مەجلبسی سەماعدا سەرهەڵنەدات كە زانستی فەرموودەش بكرێت بەزانستێكی بێگیان و بێ ناوەڕۆك لە كوردستاندا ،ئەگینا چۆن خەریكن قورئان لە جەوهەر وناوەڕۆكەكەی خاڵی دەكەن و هەمووی لە تەجوید و لە ڕواڵەتی دەربڕینی وشەكان و بەمەقامات خوێندن قەتیس دەكەن، فەرموودەش بەو دەردە دەبەن و لە جەوهەر و لە ناوەڕۆكەكەی خالی دەكەن، لە جیاتی ئەوەی پێشبڕكێ بۆ كارپێكردنی ناوەڕۆكەكەی وبەرجەستەكردنی عەقیدەو بیروباوەڕەكەی درووست ببێت، پێشبڕكێ بۆ وەرگرتنی ئیجازەی بێ سوود و بڕوانامەی بێ خێر سەرهەڵدەدات. إحسان برهان الدین 14 شوّال 1443 2022-5-15  
ڕەخنەگرتن لە قورئانخوێنان
  #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (3) ڕەخنەگرتن لە قورئانخوێنان یەكەم وێستگەو ڕاوەستانی شمس الدین الذهبي التركماني لە كتێبی (زغل العلم) دا لەگەڵ قورئانخوێنان و شارەزایانی عیلمی قیرائاتە، كە خۆیشی یەكێكە لە ناودارانی ئەو زانستە لەسەردەمی خۆیدا، بە وردی -و جیاواز لە سروشتە نەرم ونیاینەكەی خۆی - بە توندی و زۆر بە توڕەیی هەڵە و پەڵە و سەركێشییەكانیان دەستنیشان دەكات و بێزار بوونی خۆی لەسەری دەردەبڕێت. لە دەسپێكی ڕەخنەكانی لە بەرانبەریاندا دەڵێت: قورئانخوێنان زێدەڕەوی زۆریان تێدایە، بێ ئەوەی پێویست بكات پرسەكانی تەجوید و شێوازی خوێندنەوەكان زۆر ورد دەكەنەوە، ئەوەندە گرنگی بە چۆنیەتی خوێندنی پیتەكانی قورئان دەدەن بیریان لەلای خشوع ومەعنا و واتاكانی هەر نەماوە، بە بێزارییەكی زۆرەوە ڕوویان تێدەكات و دەڵێت: ئێوە پێتان وایە غەیری خۆتان نازانن بە جوانی قورئان بخوێننەوە، ئەی پێم بڵێن ئێوە چ كردەوەیەكتان بە قورئانەكەتان كرد! ئێوە كردەوەكانتان چاك نییە و خوێندنەوەكەشتان زۆر قورس و ناخۆشە، خشوع و لە الله ترسانی پێوە دیار نییە! دەپاڕێمەوە الله لە خەوی ڕیایی و نەفامی بێدارتان بكاتەوە! بێگومان ئێستا لەسەردەمی خۆماندا ئەو دیاردە ناشەرعییانە زیاتر بوونە و لەلای زۆرێك لە قورئانخوێنان قورئان خوێندن بووەتە هۆكارێك بۆ خۆهەڵنان و توانای خۆ دەرخستن لە درێژی هەناسە و خوێندنی چەندین ئایەت بە یەك هەناسە و دەنگ لەراندنەوە و بە ئاواز و ئەلحان خویێدن و تەقلید كردن و تەنانەت لە هەندێ جێگا ئەوەش پەیدا بووە كە قورئان لەگەڵ مۆسیقا دەخویێدرێت، جاری واش هەیە لەگەڵ گۆرانی بێژەكاندا پێكەوە لەسەر شانۆ چالاكی هاوبەشیان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی كە زۆر گرنگی بە مەقامات دەدەن هەست دەكەیت قورئانخوێندنەكەی لە گۆرانییەوە نزیكترە و هیچ گومانێك نییە لەوەی ئەو جۆرە قورئانخوێندنە حەرامە و هەر ئەوەشە كە پێشەوا الذهبي بەو شێوە بێزار و توڕە كردوە لە قورئانخوێنانی سەردەمی خۆی. ئینجا ڕوو دەكاتە ئەوانەی كە دەنگی خۆیان زۆر خۆش دەكەنەوە و بە شێوازێكی حەزین قورئان دەخوێنن، دەڵێت ئەوانە ڕەنگە خەڵكی سوودیان لێ وەرگرێت و بەدەنگیان كاریگەر بێت، بەڵام هەر بەدوای ئەو قسەدا، هێرشێكی توند دەكاتە سەر ئەو قورئانخوێنانەی كە لەلای جەنازەو لە پرسەكاندا قورئان دەخوێنن، دیارە لەسەردەمی الذهبي بەهەمان حاڵی ئێستای موسوڵمانان ئەو دیاردە ناشەرعی و ناشیرینە هەبووە كە كەسانێك بە قورئان كەسابەت بكەن و بیكەن بە هۆكارێك بۆ پەیدا كردنی بژێوی ڕۆژانەیان بەبێ گوێدان بەوەی كە ئەو كارە بیدعەیە و فرۆشتنە بۆ ئایەتەكانی الله یە بە نرخێكی هەرزان! ئینجا ڕەخنەیەكی توند لەوانە دەگرێت كە لەسەردەمی خۆیدا خەریكی زانستی قیرائاتی عەشرە و سەبعەن و دەڵێت زیاد لە پێویست خەریكی شێوازەكانی حەمزەو وەرشن! هەر خەریكی ناسك كردنی پیتی ڕا و قەڵەو كردنی پیتی لام و زێدەڕەوی لەو بابەتانە دەكەن و موسوڵمان بەو هۆیەوە هیچ چێژ لە خویێدنەكەیان نابینن. بێگومان لەم سەردەمەی خۆیشمان ئەوانەی بەو شێوە دەخوێنن تووشی هەڵەی زانستی و شەرعی دەبن جگە لە مەترسی ڕوپامایی و حەزی خۆ دەرخستنیش دەڵێت: ( إقرأ یارجل واعفنا من الغلیظ و الترقیق) واتە بخوێنە و واز لە دووبارەكردنەوەی ئەو شێوازانە بهێنە. ئینجا دەڵێت قورئانخوێنی وا هەیە كاتێك لە جێگەیەكدا قورئان دەخوێنیت، یان پێشنوێژی دەكات، هەموو توانایەكی خەرج دەكات لە هێنانی شێوازە نامۆكان و خۆ خەریك كردن لە گەڵ تەسهیلی هەمزە و سەكتەكان و شێوازەكانی تری هەندێ ڕیوایەتی قیرائات و دەڵێت من باوكی فڵانم و شارەزای هەر حەوت شێوازەكانی قیرائاتی قورئانم بمناسن، جا لە كۆتایی ئەو بەشەدا الذهبي دەڵێت: چیت لێ بكەین كە باوكی فڵانی؟ بەڵكو تۆ وەكو بەردی مەنجەنیق و قوڕقوشم لەسەر دڵمان قورسی. لە قسەكانی الذهبي لەو كتێبەیدا، دەربارەی قورئانخوێنان و شارەزایانی زانستی قیرائات كە خۆیشی زانایەكی گەورە بووە لەو زانستەدا، دەردەكەوێت كە: 1- بێزاری لە قورئانخوێنانی سەردەمی خۆی لەوە بووە، خوێندنەوەكەیان خشوع و لە الله ترسانی پێوە دیار نەبووە، خوێندنێكی بێ گیان و بێ تام بووە چونكە هەموو كێشەیەكیان لەوەدا بووە چۆن بەجوانی پیتەكان و شێوەكانی قیرائات دەربكەن و زێدەرەوی زۆریان لەو بارەوە كردووە؟ 2- قورئانخوێنان ڕیایایی و روپاماییان هەبووە و ئەو سەردەمە لەبەر ئەوەی تۆڕی كۆمەڵایەتی و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن نەبووە تا بەردەوام لێی دەربكەون، بۆیە ئەو جۆرە قورئان خوێنانە لە پرسە و سەرقەبران و لە هەندێ كۆڕ و كۆمەڵدا هەوڵیان داوە خۆیان دەربخەن وڕیكلام بۆ خۆیان بكەن و لە قسەكانیدا وا دەردەكەوێت كەسانی خۆشەویست نەبوونە لەلای خەڵكی. 3- ئەوەش لە قسەكانی الذهبي وەدی دەكرێت كە هەندێ لە قورئانخوێنان بازرگانییان بە قورئانەوە كردووە و لە بۆنەكاندا بەپارە قورئانیان خوێندووە. كە ئەو دیاردەیە ئێستەش لەم سەردەمەی خۆماندا بە چڕی وەكو دیاردەیەكی ناشەرعی و ناشیرین بوونی هەیە. 4- هەروەها ڕەخنەی لەوە گرتووە كە هەندێك لەوانە تەنها گرنگی بە پیتەكانی قورئان دەدەن و سنوور و واتاكانی پشتگوێ دەخەن، چۆن بڵێیت (حروف) ی قورئان بە جوانی دەردەبڕن بەڵام لە (حدود) ەكانی بێ ئاگان، خەریكی (تجوید)ن، بەڵام لە (توحید)دا لایانداوە و تێكەوتوون، ئەمەش كێشەی ئەو كاتەی ئەوو بەسەد قات زیاتر كێشەی سەردەمی ئێمەشە. خەریكە لە كوردستاندا نەوەیەك درووست دەبێت، قورئان بە جوانی دەخوێننەوە، بەڵام نازانن پێناسە و واتای (لا إله الا الله) چییە، نە دەشزانن هەڵوەشێنەرەوەكان و مەرجەكانی چین، لەوانەشە لە زۆرێك لە قورئانخوێنانی ئێستای خۆمان بۆ نموونە دەربارەی (الولاء والبراء) پرسیار بكەیت یان تەنها ناوەكەی بیستبێت یان یەكەم جاری بێت ئەو وشە ببیسێت، جا وەرە قورئانخوێنێك ئەوە حاڵی عەقیدەی بێت ڕەفتار و مامەڵەی لەم سەردەمە ئاڵۆز و غوربەتەی ئیسلامدا دەبێت چۆن بێت و چۆن بتوانێت خۆی لە لافاوی جاهیلییەت بپارێزێت كە ئەو ئەسڵەن جاهیلییەتی نەناسیوە و هەست بە هیچ كێشەیەك لەگەڵیدا ناكات! نەوەیەك لە درووست بووندان وا تێگەیشتوون و تێگەیەندراون، ئەگەر بە تەرتیلێكی جوان قورئان بخوێنیتەوە و لە مەخارج و سیفاتی پیتەكاندا شارەزا ببێت، ئیتر هەر ئەوەندیان لەسەرە و بەوە بەهەشت مسۆگەر دەبێت، با لە عەقیدەش هیچ نەزانن و بكەونە جۆرەها لادان بەبێ ئەوەی بەخۆیشیان بزانن و لا حول ولا قوة إلا بالله. 5- كارەساتیش ئەوەیە ئەم هەڵە تێگەیشتنە بەردەوام پەرەی پێ دەدرێت و هانی بەرەوپێشچوونی دەدرێت، تەنانەت بایەخی ئیجازەی قورئانیش تەواو كەم و كاڵ بووەتەوە، فێرخوازێكی زۆر ئیجازەیان بەسەنەدی نەپچڕاوە هەڵواسیوە و بەتەواوی نازانن قورئان بخوێننەو یان لە ڕووی زانستییەوە بەسەر هەموو بابەتەكانی تەجویددا زاڵ بن، زۆرێك لە مامۆستایانی ئەو زانستە لە ئەسڵی مەسەلەكە لایانداوە و هەندێكیان وەكو دەرگایەكی بژێوی لێی دەڕوانن و شتی زۆر ناخۆش لەو بارەوە دەگێڕنەوە بەداخەوە. 6- لەبەر ئەو هەڵە ولادانە مەنهەجی و زانستیانەش كە باسم كرد و لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە زانستە زیانی بۆ كەس نییە و سوودی بۆ خاوەنەكەشی نییە! لەسەر هەموو ئاستەكاندا هانی بەردەوامبوونی ئەو جۆرە چالاكییە دەدرێت و بەردەوام ئاهەنگی دابەش كردنی ئیجازەو بانگهێشتكردنی قورئانخوێنان لە وڵاتانەوە بۆ كوردستان دەكرێت، چونكە قورئان لە ناوەڕۆكی خۆی خاڵی كراوەتەوە بەتایبەتی لایەنی عەقیدەو بیروباوەڕەكەی تەواو وەلاخراوە و كەسیش - إلا ما رحم ربي - هەست بە هیچ شتێكی نائاسایی ناكات لەو بارەوە، لەناو خودی ئەو ئاهەنگانەدا چەندین سەرپێچی زەقی ئەو قورئانە دەكرێت كە ئیجازەیان تێدا وەرگرتووە و بەتەمان بە هەموو پیتێكی پلەیەك لەبەهشتدا بەرز ببنەوە، لەولاشەوە جەهلێكی تاڵ و ناخۆشیان بە دین و بە عەقیدەكەیان هەیە. 7- بەداخەوە لە بواری سیاسەتیسشدا ئەم مەسەلە بەكار دێت و هەر یەكەو هەر لایەنێك هەڵدەستێت دەیەوێت مەسەلەی قورئان و تەجوید و قیرائات بكات بە تەنافێك جۆرەها بابەت و كاڵای ناشەرعی خۆی لەسەری هەڵبخات و پەردە پۆشی زۆر شتی ناشەرعی خۆی پێ بكات. كە بە ئاماژەی ناڕاستەوخۆ ئەم بوارە ترسناكە لە قسەكانی الذهبي دا ئەویش لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی سەردەمەكاندا هەستی پێدەكرێت. هەروەها قورئانخوێنانی سەردەمی خۆمان زۆرێكیان دەبینین دەبتە پیاوی زالمان و دارودەستەی دوژمنانی ئیسلام، ڕێگەی مەشهوربوونیشیان زۆر جار بەسەر پردی ئەو سەرۆك و حكومەتانەدا تێدەپەڕێت كە هەلی دونیاویستی ئەو قورئانخوێنانە دەقۆزنەوەو لەڕێگەی ئەوانەوە زۆر بەرنامەی دژ بە ئیسلام تێدەپەڕێنن. بە كورتی قورئان ئێستا زیاتر لەسەردەمی الذهبي تەنها بووەتە تەرتیل و تەجوید و جوانخوێندنەوەو خوێندنەوەیەكی بێ روح و تەواو، بەڵكو لە جوانخوێندنەوەشدا زۆر كەموكورتی و هەڵەیان هەیە و بڕوانامە و ئیجازە بەبێ شاییستەبوون و بە ئیعتیباری نازانستی دابەش دەكرێت. مایەی گریانە كە دەبینیت ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێنەران و فێرخوازان و ئەندامی سەنتەر و قوتابخانەكانی قورئان لە كوردستاندا بەسەر ئایەتەكانی تەوحید و عەقیدەدا تێدەپەڕن تەنها بیریان لەلای تەجوید و مەخاریج و سیفاتە، خەتمە لە دوای خەتمە بە فێرخوازان تەواو دەكات بێ ئەوەی لە دە جێگای قورئاندا لەسەر بابەتەكانی عەقیدەو تەوحید بوەستێت لە كاتێكدا قورئان لە بنچینەدا بۆ ئەو مەبەستە دابەزیوە. تەنانەت ئەو مامۆستایانەی بۆ وتاردان لەو جۆرە ئاهەنگانە بانگهێشت دەكرێن، تەنها و تەنها جەخت لەسەر جوانخوێندنەوەی قورئان دەكەنەوە و باسی ئەوە ناكەن ئەگەر لەگەڵ ئەوەدا تەوحیدت تەواو نەبێت هەمو تەمەنت بۆ تەجوید و جوان خوێندنەوەی قورئان و قیرائات تەرخان بكەیت سوودی نییە. 8- بێ گومان شمس الدین الذهبي لەو كتێبەیدا زیاتر مەبەستی بووە كە دیاردە پێچەوانەكان لەگەڵ شەرعدا دیاری بكات و زانستی ئیسلامی لەوەی ناوی ناوە زەغەل و فێڵ وهەڵە پاك بكرێتەوە و زیاتر مەبەستی ئەو جۆرانە بووە نەوەك حوكمێكی گشتی بەسەر قورئانخوێنان و زانایانی قیرائاتدا دابێت. هەر وەكو چۆن ئەم دیاردە نامۆ و ناشەرعییانەی ئێمەش ئاماژەمان پیكرد لە كوردستاندا حاڵی زۆرینەیە نەك ئەوەی هەموو ئەوانەی كە گرنگی بە تەجوید و زانستی قیرائات دەدەن لە كوردستاندا لەو جۆرە بن. ئەوە بێ ئینسافییەكە من لێی بەریم ئەو قسە بكەم، بەڵكو تێیاندا هەیە زۆر بایەخ بەڕاسكردنەوەی عەقیدەی خۆیان و عەقیدەی ئەوانەش دەدەن كە قورئانیان لەلا دەخوێنن و بەشێك نین لەم بەلاڕێبردنەی كە ئەمڕۆ لە كورستاندا دەگوزەرێت. إحسان برهان الدین 13 شوّال 1443 2022-5-14    
كورتەیەك لە ژیاننامەی دانەری كتێبەكە
#شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (2) كورتەیەك لە ژیاننامەی دانەری كتێبەكە ناوی (محمد بن أحمد بن عثمان بن قایماز)ی توركمانی دیمەشقی شافیعی، ناسراو بە شمس الدین الذهبي، یەكێكە لە گەروە حافظ و زاناكانی سەردەمی خۆی و سەردەمانی دوای خۆیشی، لە ساڵی 673ی كۆچی لە دیمەشق لە دایكبووە، لە قۆناغی منداڵیدا لە خیزانێكدا پەروەردە بوو كەسە نزیكەكانی ئەهلی عیلم بوون، تەنانەت پوری كە شیردەری بو خاوەن ئیجازە بوو لە قورئان و زانستی شەرعیدا، هەروەها خاڵی و مێردی پووری لە ئەهلی عیلم بوون و زانستی لێ وەردەگرتن. هەر لەسەردەمی منداڵیدا بە باپیری كاریگەر بوو كە پیاوێكی دارتاش بوو و زۆر ئەهلی عیبادەت بوو، باوكیشی كە پیشەی زەرەنگەری هەبوو و حاڵی مادی زۆر باش بوو، گرنگی زۆری بە زانستی شەرعی دەدا، وەكو خۆشەویست كردنی زانستیش لەلای كوڕەكەی هەندێ جار كە ئامادەی كۆڕەكانی (ابن عساكر) دەبوو شمس الدین الذهبي كوڕیشی لەگەڵ خۆی دەبرد، بۆیە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە قورئانی لەبەر كرد و كاتێك گەیشتە تەمەنی پانزە ساڵی لە زۆرێك لە زانستە شەرعییەكان بە شێوەیەكی باش شارەزایی پەیدا كردبوو وخۆی دەڵێت لەو تەمەنەدا عیلمم لەلا زۆر مەزن بوو. بۆ وەرگرتنی زانست گەشتی بۆ قاهیرەو ئیسكەندەرییە وچەندین شارو شوێنی تر كردووە ، بەڵام لەبەر ئەوەی باوكی پێی خۆش نەبوو لێی دووربكەوێتەوە و گەشتی زۆر بكات بۆیە زۆر دوور نەدەكەوتەوە و زۆریشی پێ نەدەچوو لەو دەڤەرانەی گەشتی بۆ دەكرد. لە سەرەتای بیستەكانی تەمەنیدا لە زانستی قیرائاتی قورئانیدا بەتەواوەتی شارەزا بوو، تەنانەت لە الجامع الأموي لە دیمەشق بازنەیەكی زانستی گەورەی لەو زانستەدا پێ سپێدرا. الذهبي لە درێژایی ژیانیدا سەرەڕای زۆریی مامۆستاكانی بەڵام پەیوەندییەكی تۆكمە و تایبەت لەگەڵ سێ مامۆستادا هەبوو: أبو الحجاج المزي، تقي الدین ابن تیمیة، علم الدین البرزالي، لە نێوان خۆیاندا جگە لە پەیوەندی مامۆستا و قوتابی، هاوڕێ و خۆشەویستی یەكتریش بوون. بەڵام ئەو كاتەی الذهبي لە سەرەتای لاویدا بوو، ابن تیمیة - وەكو بشار عواد معروف دەڵێت - كەسایەتی زانستی و ئیسلامی تەواو پێگەیشتبوو و زانایەكی ناودار بوو. بۆیە هیچ كات تاكو لە دونیا دەرچوو ئەو لێی دانەبڕاو ڕێزو وهەیبەتێكی زۆری لەدڵیدا هەبوو. ڕێزو خۆشەویستی دوو هاوڕێكەی تریان واتە: البرزالي و المزي بە هەمان شێوە كەمتر نەبوو بۆ ابن تیمیة ، بەڵكو ڕەنگە المزي كە لە بەتەمەنتریش بوو خۆشەویستی و سەرسام بوونی بە ابن تیمیة لەوان زۆرتر بووە؟ شمس الدین الذهبي گەورەترین پلەوپۆستی زانستی سەردەمی خۆی وەرگرتووە، وەكو سەرۆكایەتی و مەشیەخەی هەندێ قوتابخانەی گەورەی ئەو سەردەمە كە لە ئاستی زانكۆ ناودارەكانی ئەم سەردەمەی خۆماندا بووە، وەكو (دار الحدیث النفیسیة) و(دار الحدیث التكیزیة) و(تربة أم صالح) و شوێنی تر. وەكو ئاماژەمان پێكرد مامۆستای گەلێك زۆر بووە، لەوانە: ابن دقیق العید و الدمیاطي و جمال الدین المزي و ابن تیمیة، بەڵكو الصفدي لە كتێبی (أعیان العصر وأعوان النصر)دا وتوویەتی ژمارەیان دەگاتە 1300 مامۆستا و خودی (الذهبي) هەڵساوە بە ئەژماركردنی دیارترینیان لە كتێبی: (معجم الشیوخ) و (المعجم المختص بالمحدثین) دا. الذهبي لە ژیانیدا خاوەن ڕێزو پلەو پایەی زۆر بووە لە لای خەڵكی و زانایانی سەردەمی خۆی دانیان بە زانست و لێهاتوویی ئەودا ناوە، بەڵكو لەدوای سەردەمی خۆیشی دەگێرنەوە زانایەكی گەورەی وەكو ابن حجر العسقلاني ئاوی زەمزەمی بە نیەتی ئەوە خواردووەتەوە كە الله بیگەیەنێت بە پلەی الذهبي لە زانستدا. الذهبي لە زانستە شەرعییەكاندا و بەتایبەتی لە فەرموودە و لە مێژوو و لە علم الرجال گەیشتبوو بە بەرزترین ئاست و پلەوپایە، مەتنی زانستی زۆری لەبەر بوو، كەسێكی ڕاستگۆ و خاوەن كەسایەتی بەهیز بووە، ئەوەی بەحەقی بزانیایە دەیكرد و لەپێناو هیچ شتێكدا تەنازولی نەدەكرد، كاتێك الحافظ المزي وەفاتی كرد جێگەكەی لە سەرۆكایەتی (دار الحدیث الأشرفیة) كە لایەنێكی زانستی گەورە و بەناوبانگ بوو، كەس نەبوو لە ئاستی الذهبي شاییستەی سەرۆكایەتی ئەو شوێنە بێت، جا لەو سەردەمە لەبەر ئەوەی دەسەڵات لەلای ئەشعەرییەكان بووە، هیچ پلەو پایەیەكی زانستی وا گەورە بەكەس نەدەدرا ئەگەر ئەشعەری نەبێت ، بەڵام الذهبي ڕازی نەبوو بە وشەیەكیش بۆ ڕازیكردنیان بڵێت ئەشعەریم و ئەو پلەو پایە ئیداری و زانستییە گەورە وەربگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو لەگەڵ ابن تیمیةدا شێوازی كاركردنی بۆ خزمەتی ئیسلام جیاواز بوو، حەزی لەڕرووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات نەبوو، هەمیشە بە نەرمی و بەبێ وروژاندنی خەڵكی لە خۆی خەریكی وەرگرتن و بەخشینی زانستی شەرعی بوو، زۆربەی كاتەكانیشی بە نووسینی كتێب بەسەر دەبرد، بەڵكو جۆرێك لە گۆشەگیری پ]وە دیار بوو كە دەرەنجامیش سەدان بەرگ كتێبی نووسی بۆ نموونە كتێبی (تاریخ الإسلام) كە زیاتر لە 50 بەرگە. هەر لەبەر ئەو نەرمی و دوورییەی لە ڕووداوەكانی سەردەمی خۆی، دەبینین سەرەڕای سەرسام بوونی بە این تیمیة ی مامۆستای، هاوشێوەی ابن القیم و قوتابییەكانی تری شیخ الاسلام بەشدار نەبوو لە بەرگری كردن لێی و لەگەڵیدا زیندان نەكرا و پشكی لەو میحنەتە بەرنەكەوت. لەگەڵ ئەوەشدا و لەبەر هەڵوێستی لە ابن تیمیة لە چەندین پلەوپۆستی زانستی گەورە مەحروم كراو و لە سەردەمی خۆی و لەسەردەمانی دوای خۆیشی ئەشاعیرە و سۆفی و كەسانی تر بەوە تۆمەتباریان كرد كە لەژێر كاریگەری مامۆستاكەیدا بووە لە نووسینەكانیدا. الذهبي كتێبی زۆری نووسیوە و تا ئێستاش موسوڵمانان لەسەر ئاستی دنیا سوودی لێ دەبینن، بۆ نموونە: تاریخ الإسلام، سیر أعلام النبلاء، میزان الاعتدال، معرفة القراء الكبار، تلخیص المستدرك للحاكم، تذهیب التهذیب، المنتقی من منهاج السنة النبویة، العلو للعلي الغفار...هتد. ئینجا توانایەكی زۆری لە پوختەكردن و كورتكردنەوەی سەرچاوە زانستییە گەورەكاندا هەبوو، ئەوەش نەبێت تەنها كورتكردنەوە بیت و تەواو! بەڵكو بە ئیزافە و پەراویز و ڕوونكردنەوەو رادەربڕین پوختەو كورتكراوەكانی لە كتێبە ڕەسەنەكان بەسوودتر و سەرنج راكێشتر دەكرد. تەنها بۆ نموونە كاتێك كتێبی (المستدرك علی الصحیحین)ی الحاكم ی كورت كردەوە، حوكمیدا لەسەر نیوەی ئەو فەرموودانەی لەسەر بوخاری استدراك كرابوو كە حوكمێكی هەڵەیە و هاوڕا نەبوو لەگەڵیدا، تەنانەت وای حاڵ بەوە گەیشت ئەگەر وترا (صححه الحاكم) خوێنەر چاوەڕوانی ئەوەیە بزانە بەدوایدا نووسراوە (ووافقه الذهبي) بۆ ئەوەی وەربگیرێت! شایانی باسە ئەم زانایە كە لە فروعدا شافیعی مەزهەرب بووە بەبێ دەمارگیری و وابەستەبوون بە هەموو ڕاوبۆچوونێكی مەزهەبەكە، لە عەقیدەو بیروباوەڕیدا سەلەفی بووە لەسەر مەزهەبی أحمد بن حنبل بووە و لەبەر ئەوەش كە قوتابی ابن تیمیة بووە ئەوە كاریگەری زۆری لەسەری هەبووە و بەوە ناسراوە كە بەرگری لە عەقیدەی سەلەف كردووە و لە كتێبەكانیدا دژایەتی موعتەزیلە و فەلاسیفە و موبتەدیعەكانی كردووە، بەو هۆیەش ئەشاعیرە حەزیان لێ نەكردووە و محمد زاهد الكوثري لە هاوچەرخەكاندا هێرشی دەكاتەسەر و دەڵێت كارێكی خراپی كردووە كە كتێبی (العلو)ی نوسیوە و خۆزگە ئەو كتیبەی هەر نەنووسیبا! ئەشاعیرە پێشەوا الذهبي تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە بەهۆی خۆشەویستی زۆری و سەرسامبوونی بە ئیبنوتەیمییەی مامۆستای حوكمەكانی لەسەر ناودارانی مێژوو لە كتێبەكانیدا بەتایبەتی میزان الاعتدال كە یەكیكە لە مزنترین كتێبەكانی دەلێن كەوتووەتە ژێر كاریگەری ئەو و حوكمی ئەو لەسەر ئەو ناودارانە مەبەستیان زانایانی مەزهەبی ئەشعەرییە. الذهبي حەوت ساڵ پێش وەفاتی بەهۆی نەخۆشییەكەوە بینایی چاوی لەدەستدا، لە تەمەنی حەفتاو پێنج ساڵیدا لە دیمەشق لە سالی 748 وەفاتی كردووە. لە پاش خۆی كچێك و دو كوری بەجێهێشت، كچكەی ناوی (أمة العزیز) بوو، لە ژیانی باوكیدا هاوسەرگیری كرد و كوڕێكی بەناوی عبدالقادر هەبوو زانستی لە باپیری وەرگرت و ئیجازەی گێڕانەوەی كتێبی (تاریخ الاسلام) یشی لێ بەدەستهێنا. دوو كوڕەكەشی ناویان (عبدالله و عبدالرحمن) بوو، لە ئەهلی عیلم بوون و ئیجازەی زۆرێك لە كتێبەەكانی باوكیان وەرگرتبوو. بۆ شارەزابوونی زیاتر دەربارەی ژیاننامە و بەرهەمەكان و زۆر پرسی تر دەربارەی الذهبي، دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ لێكۆڵینەوەكەی توێژەر دكتۆر بشار عواد معروف لە سەرەتای تەحقیقی بەرگی یەكەمی كتێبی (سیر أعلام النبلاء) توێژینەوەیەكی تێروتەسەلی زانستیانەی وردی لەو بارەوە كردووە. إحسان برهان الدین 12 شوّال 1443 2022-5-13  
كورتەیەك دەربارەی كتێبەكە
    #شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (1) كورتەیەك دەربارەی كتێبەكە كتێبی (زَغَلُ العِلْم) یان بە پێی جیاوازی مەختوتەكان پێیشی دەوترێت: (بیان زغل العلم) و (زغل العلم والطلب).یەكێكە لە كتێبەكانی مێژوونووس و زانا وفەرموودەناسی گەورە شمس الدین الذهبي التركماني بە ڕەحمەت بێت، جیاواز لە كتێبەكانی تری، ئەم كتێبەی چەند لاپەڕەیەكی كەمە و دەكرێت ناو بنرێت نامیلكەیەك بەراورد بە كتێبەكانی ئەو زانایایە كە كتێبی هەیە دەگاتە دەیان بەرگ بۆ نموونە كتێبی (تاریخ الاسلام) ە كەی. لەم زنجیرە باسەدا، هەوڵ ئەدەم تیشك بخەمە سەر هەموو باسێك لەو باسانەی كە دانەر لەو كتێبەیدا ئاماژەی بۆ كردوە و تیشكی خستوەتە سەری، واتە ئەركم بریتی نییە لە وەرگێڕانی كتێبەكە، نە شەرحكردنیشی بەو واتای كە لەگەڵ هەموو بڕگەو ڕستەیەكی كتێبەكەدا بوەستم، وشەرحی بكەم، بەڵكو هەوڵ دەدەم لە ڕۆشنایی قسەكانی خۆیدا لە هەموو باس و تێبینی و ڕەخنەیەكیدا وانەیەكی لێ وەربگرم و پێشكەشی خوێنەری بەڕێزی بكەم، لەم بەشەشدا پوختە و پێناسەیەك دەربارەی كتێبەكە دەخەمەروو. وشەی(زغل) لە زمانی عەرەبیدا كۆمەڵێك واتای هەیە، یەكێكیان بریتییە لە فێڵ و غەش و ساختە، كە دانەر لەو كتێبەیدا زەغەلی بەو مەعنا بەكار هێناوە، واتە: (الذهبي) دەیەوێت ئەو ساختە و هەڵانەی كە لە زانستەكاندا هەیە، ئەو شتە نەخوازراوانەی كە لە زانستەكان و ئەوانەدا هەیە كە سەرقاڵی ئەو زانستانەن، ئاشكرایان بكات و پەردەیان لەسەر هەڵماڵێت، ئەمەش وەكو یەكێك لە لێكۆڵەرەوانی كتێبەكە دەڵێت ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆی تێدایە بۆ پیشەكەی (الذهبي) كە ئەو ماوەیەك لەبەردەستی شێخ (ابن قایماز)ی باوكیدا لە پیشەی زەرەنگەری كاری كردووە، وەكو ئەوەی بڵێت من چۆن توانام هەیە ئاڵتوونی ڕەسەن و ساختە لەیەكتر جیابكەمەوە، ئاوها توانام هەیە زانستی ڕەسەن و زانستی ساختەش لەیەكتر جیا بكەمەوە. چونكە ئەو هەوڵیداوە ئەو خەڵتە و بیدعەو هەڵانەی كە لە زانستەكانی قیرائات و تەجوید و تەفسیر و فەرموودە ومەزهەبە فیقهییەكان وزانستەكانی وەكو نەحو وزمان و أصول الفقه و علم المنطق و فەلسەفە و زانستەكانی الفرائض و إنشاء هۆنراوە وحیساب و شروط و وعظ و ئامۆژگاریدا هەیە دەریبخات و پەنجە بخاتە سەر عەیب و لایەنە نامۆ و تاریكەكانی ئەو زانستانە بۆ ئەوەی فێرخوازانی زانست خۆیانی لێ بپارێزن. كتێبەكە، یان نامیلكەكە ئەگەرچی دەوری بیست و پێنج لاپەڕەیەكە، بەڵام مەتنێكی پڕ لە زانیاری و بەسوودە، چونكە زادەی شارەزایی و ئەزموونی زانایەكی گەورەیە و لە قۆناغێكی پێشكەوتوو لەتەمەنیدا نووسیوێتی، تێیدا تیشكی خستووەتە سەر ئەو هەڵەو كەموكورتییانەی لە زاناكان و لە زانستە باوو مەشهورەكانی سەردەمی خۆیدا بووە كە ئاماژەمان پێكرد. بەڵام ئەوەی كە جێگای سەرسوڕمان و پرسیارە لەو كتێبەدا ئەوەیە كە (الذهبي) هەندێ رەخنەی لە (ابن تیمیة)ی مامۆستای خۆی گرتووە، لە كاتێكدا لە زۆرێك لە كتێبەكانیدا بە ئەوپەڕی مەزنی و گەورەیی وسەرسام بوونەوە باسی كردووە و وتوویەتی ئەگەر لە نێوان ڕوكن و مەقامدا سوێند بدرێم سوێند دەخۆم هەرگیز زانای گەورەی وەكو ابن تیمیةم نەبینیوە ونەخۆیشی كەسی وەكو خۆی بینیوە، جگە لەوەش ئەو تاكو مامۆستاكەی لە ژیان دەرچووە لێی دانەبڕاوە و پاش مردنیشی قەسیدەیەكی وەكو گریان لە وەسف و مەدحیدا نووسیوە: يا موت خذ من أردت أو فدع ** محوت رسم العلوم والورع أخذت شيخ الإسلام وانفصمت ** عرى التقى واشتفى أولو البدع غيبت بحرا مفسرا جبلا ******** حبرا تقيا مجانب الشبع فإن تحدث فمسلم ثقة ****** وإن يناظر فصاحب اللمع ئەوەش وای كردووە كە هەندێ لە لێكۆڵەرەوان نكۆڵی بكەن لە نسبەتی كتێبەكە بۆ (الذهبي) و بڵێن ڕاست نییە كە ئەو كتێبەی نووسیبێت، چونكە مەحاڵە الذهبي بەو هەمو ڕێزو خۆشەویستییەی بۆ مامۆستاكەی هەیبووە قسەی پێ بكات! هەندێكیش پاساویان بۆ هێناوەتەوە و وتوویانە مەبەستی ئەوە نەبووە و بە شێوەیەكی تر تەوجیهو لێكدانەوەی قسەكانیان كردووە. بە هەر حاڵ ئەو ڕەخنانەی كە الذهبي لە ابن تیمیة ی گرتوە زیاتر ئەوەیە تۆمەتباری كردووە بەوەی كە لە گفتۆگۆدا توندوتیژە و موجامەلەی نەیارەكانی ناكات و حەزی لە خۆدەرخستن و سەرۆكایەتی و هەندێ قسەی تر لەو شێوە، بەڵام ئەوەی كە دڵخۆشكەرە ئەوەیە أبو الفضل القونوي و محمد بن إبراهیم الشیباني وەڵامی هەموو ئەو ڕەخنانەی پێشەوا الذهبي یان داوەتەوە بەوەی كە ژیاننامە و وتەكانی ابن تیمیة و هەڵسوكەوت و مامەڵەی لە گەڵ قوتابییەكانی و لەگەڵ خەڵكی و لەگەڵ نەیارەكانیشیدا ئەوە دەسلمێنن كە ابن تیمیة بەری بووە لە هەموو جۆرە كیبرو لەخۆبایبونێك، بەڵام خاوەن عیززەت نەفسێكی زۆر بووە رەنگە ئەوە گومانی بۆ هەندێك دروست كردووە بە كیبر تۆمەتباری بكەن. یان ئەوەی كە لەگەڵ موبتەدیعەكاندا مونازەرەی دەكرد هەندێ جار دەنگی بەرز دەكردەوە و دواتر باسی حیكمەتی دەنگ بەرزكردنەوەكەشی دەكرد. یان جاری وابوو بە نەیارەكانی دەوت من سێ ساڵ مۆڵەتتان پێ دەدەم كە بیسەلمێنن وشەیەك لەوانەی من وتوومە پێچەوانەی قسەی پێشەوایانی سەلەفی سێ سەدە چاكەكە بێت و قسەی لەو جۆرە. كە پێیشی دەوترا قسەت ڕەقە پاساوی بەئایەت و فەرموودە دەهێنایەوە و دەفەرموو من دەزانم كەی و لەگەڵ كێ بەو شێوە قسە دەكەم. بەڵام ئەبێت ئەوە تێبینی بكرێت كە ئەو ڕەخنانەی لەم كتێبەیدا هاتووە بەرانبەر بە ابن تیمیة جیاوازە لەوەی دەدرێتە پاڵی لە (النصیحة الذهبیة)دا كە گوایە بۆ ابن تیمیة ی نووسیوە، چونكە بەدڵنییاییەوە ئەوەیان بوختانە و نەیارەكانی الذهبي و ابن تیمیة دوای مردنی هەردوكیان ئەوەیان بۆ هەڵبەستووە بۆی، بۆ زانینی وردەكاری ئەو بابەتەش دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ كتێبی ( التوضیح الجلي فی الرد علی النصیحة الذهبیة المنحولة علی الإمام الذهبي) لە نووسینی محمد بن إبراهیم الشیباني. سەبارەت بە نكۆڵی كردنی هەندێ لە زانایان لەوەی (زغل العلم) كتێبی الذهبي بێت بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە مامۆستاكەی گرتووە، ئەوەی كە من پێی گەیشتم بە گەڕانەوە بۆ چەندین لێكۆڵەر لەوانەی تەحقیقی ئەو كتێبەیان كردووە، بەتایبەتی (محمد بن عبدالله أبو الفضل القونوي) كە دەڵێت حەوت دەستنووسی لە كتێبەكە دەستكەوتووە و دانەیەكیان لەبەرلین بووە وكتێبەكە هەندێكی بە خەتی دەستی الذهبي خۆیەتی و هەندێكی بەخەتی قوتابییەكانێتی ئەوە دەیسلمێنن كە (زغل العلم) نووسراوی (الذهبي) خۆیەتی. جگە لەوەش (ابن حجر العسقلاني) و (علم الدین السخاوي) و(أحمد بن طولون) كتێبەكە دەدەنە پاڵ (الذهبي) و دەڵێن كتێبی خۆیەتی. هەروەها (أبو الفضل القونوي) بەڵگەیەكی تر دەهێنیتەوە لەسەر ڕاستی نیسبەتی كتێبەكە بۆ (الذهبي) ئەویش ئەوەیە (ابن قیم الجوزیة) بێزاری خۆی لەو كتێبە دەربڕیوە بە هۆی ئەو ڕەخنانەی كە دەربارەی (ابن تیمیة)ی مامۆستای هاتووە تێیدا و لە نونییە بەناوبانگەكەی خۆیدا وتوویەتی: رامي البريء بدائهِ ومُصابهِ ... فعل المُباهتِ أوقح الحيوانِ كمُعيّر للناس بالزغل الذي ... هو ضَربُهُ فاعجبْ لذا البهتانِ كتێبەكە بەدیاریكراوی نازانرێت كەی نووسراوە، بەڵام ئەوانەی بەدواداچوونیان بۆ كردووە دەڵێن لە چەند ساڵی كۆتایی تەمەنی (ابن تیمیة)دا نووسراوە بەرەحمەت بێت، واتە لە نێوان ساڵەكانی 720 بۆ 726ی كۆچی نووسراوە و لە نوسخەكانی دەستنووسەكەشدا دەردەكەویت كە (الذهبي) چەند جارێك دەستكاری و گۆڕانكاری لە مەتنەكەیدا كردووە. كتێبەكە یەكەم جار لەلایەن (محمد زاهد الكوثري) تەحقیق كراوە كە زۆر هەڵوێستی دوور لە ئینساف و دادگەری بەرانبەر الذهبي وابن تیمیة هەبووەو لەوانەشە لە خۆشی ئەوەی كە ڕەخنە لەسەر ابن تیمیة تێدایە كتێبەكەی تەحقیق كردبێت!دووەم جاریش لەلایەن (محمد بن ناصر العجمي) تەحقیق كراوە، بەڵام پێم وایە چاكترین تەحقیق ئەوەی (أبو الفضل القونوي)یە كە لێرەدا بۆ نووسینی ئەم زنجیرەیە پشت بە ئەوەو تەحقیقەكەی العجمي دەبەستم. إحسان برهان الدین 10 شوّال 1443 2022-5-11