/شەرحی كتێبی (زغل لعلم )ی ذهبي/
ڕەخنەكانی لە شوێنكەوتووانی مەزهەبی شافیعی
: 339
2022-07-05
#شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (7)
ڕەخنەكانی لە شوێنكەوتووانی مەزهەبی شافیعی
پێشەوا شمس الدین الذهبي بەرەحمەت بێت، وەكو پیشەی هەمیشەیی، تەنها رەخنە ناگرێت و چاوی بخاتە سەر خراپەكانی هیچ كەس و لایەنێك، بەڵكو پێش وریاییدان لە خراپەكانی، باسی باشەكانی دەكات، بۆیە لێرەشدا سەبارەت بە زانایانی سەر بە مەزهەبی شافیعی سەردەمی خۆی دەڵێت:
1- زاناو فەقیهە شافیعییەكان ژیرتر و زاناترن لە زانایانی تر، چونكە بنەمای مەزهەبەكەیان لەسەر شوێنكەوتنی فەرموودەی صحیح دامەزراوە و، پێشەواكەیان كە ئیمامی شافیعییە یەكێكە لەسەرانی فەرموودەناسان و فەزل و چاكەی گەلێك زۆرە،
2- بۆیە ڕوو دەكاتە زانایانی سەر بە ئەو مەزهەبە و پێیان دەڵێت: ئەگەر ئێوە بۆ دینداری وخۆ ڕزگاركردن لە جەهل و نەفامی لەسەر مەزهەبی ئەو پێشەوایەن ئەوا ئێوە كەوتوونەتە سەر خێروچاكەیەكی گەورەدا، بەڵام ئەگەر وەكو برایانتان لە فەقیهە دەست بەتاڵەكان كە هەموو خەم و مەبەستێكیان لە بەدەستهێنانی پلەوپایەو بەڕێوەبردنی قوتابخانە و جل وبەرگی جواندا خۆی دەبینێتەوە، ئەوە زانستیكی بێ بەرەكەتە و نیەتێكی پاكی لەدواوە نییە، بەڵكو بە ڕوونی پێتان بڵێم ئەوە فرۆشتنی زانستە وخۆ تاوانباركردنە و بێ ئاگاییە لە پەروەردگار و وەرگرتنی پاداشتی دونیاییە لەبری پاداشتی دواڕۆژ.
3- لەسەردەمی پێشەوا الذهبي دا شافیعییەكان خاوەن دەسەڵات بوونە ودەستیان بەسەر قوتابخانە و مزگەوت و دادگا و هەموو جێگا گرنگەكاندا گرتبوو، تەنها كەسانی سەربەخۆیان لەو شوێنانە دادەمەزراند، وەكو عەقیدەو بیروباوەڕیش ئەشعەری بوونە و لەگەڵ حەنابیلەدا لە جەنگێكی كراوەدا بوونە و بەهەمو شێوەیەك ئەوانیان چەوساندوەتەوە بە تایبەتی بەرانبەر بە ابن تیمیة و شوێنكەوتووانی ئەوەی الله پێی ناخۆش بێت و لە شەرعدا جێگای نەبێتەوە بەرانبەریان كردویانە، لەو سەردەمەی الذهبي كە باسی دەكات و بگرە لە هەر سەردەمێكدا دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووبێت، ئەگەر كەسێك لە فروعدا شافیعی و لە عەقیدە ئەشعەری نەبوایە لە هیچ مەنسەب و پلەو پایەیەكدا جێی نەدەبوویەوە، مەگەر حەنەفی و مالیكی بوایە و لە عەقیدەدا ئەشعەری ئەوەیان حیسابی جیاواز بوو بەشداری پێدەكرا. ئەم حاڵەتەش خەڵكانێكی زۆری لە دەوریان كۆكردبوویە بە تەماحی دەستكەوتنی پۆست و مووچە و ئیشوكاری كارگێڕی، ئەوانەشی كە لەسەر ئەو پۆستانە بوون كەمترین لادانیان لە مەنهەجی ئەوان بكردایە لە كارەكەیان لادەبران و دەردەكران، بۆ نموونە قازییەك دانی خێری بە (ابن تیمیة)دا بنایە یەكسەر لەسەر كارەكەی لادەبرا، بۆیە شافیعییەكان لەو سەردەمەی الذهبي دا زۆر دەمارگیربوونە و بێ رەحمانە بەرانبەر غەیری خۆیان ڕەفتاریان كردووە.
4- لە درێژەی ئامۆژگارییەكانیدا بۆ شافیعییەكان - كە بە خۆیشی شافیعی بووە - ذهبي دەڵێت: ئەگەر خاوەنی پیشەیەك بیت بە عارەقەی نێو چەوانی خۆت نان بخۆیت و متواضع وخۆبەكەمزان بیت و بە زانستەوە خۆت بانەدەیت، یان خاوەن بازرگانییەك بیت، ئەوا تۆ لە زانایانی سەلەف دەچیت كە هەرگیز ئەم قوتابخانە و شوێنانەیان نەدیبوو كە پۆست و پلەو پایەی تێدایە و كاتێكیش داوایان لێ دەكرا ببن بە قازی لەو پلەوپۆستە هەڵدەهاتن و بە زانستەكەیان عیبادەتی الله یان دەكرد و دەیانبەخشی بەخەڵك و بە پۆشاكێكی خام و بە پاروە نانێك ڕازی دەبوون، ئینجا نموونەی (أبو إسحاق الشیرازي) و (محي الدین النووي) یان بۆ دەهینێتەوە كە دوو پێشەوای بەڕێزی شافیعی بوونە پێش سەردەمە خۆی و نموونەی كەسێكی هاوچەخیان بۆ دەهێنێتەوە كە ناوی (عبدالله بن خلیل)ە و داوایان لێ دەكات شوێنپێیان هەڵگرن و ئەو كەسایەتییانە بكەن بە پێشەنگی خۆیان.
5- توڕەیی الذهبي لە فەقیهە شافیعییەكانی سەردەمی خۆی لەوە سەرچاوە دەگرێت كە زۆرێك لەوان خەڵكی نەفعی بوونە و بەدوای پۆست و پلەو پایە وپارەوە وێڵ بوونە و تەنازولیان لە پێناویدا داوەو ئەوەی داوایان لێ كراوە ناشەرعیش بێت ئەنجامیان داوە، خۆیشی كە خاوەن كەسایەتییەكی بەڕێز و بەرز بووە و ئامادەنەبووە لە پێناو هیچ پلەوپۆستێكدا دابەزێت و كەرامەتی خۆی لەكەدار بكات، بەوەش نموونەیەكی جوانی لەو بارەوە بە موسوڵمانانی سەردەمی خۆی و تاكو ئێستاش پێشكەش كردووە.
6- كێشەو گرفتێكی تر لە كەسایەتی شافیعییەكانی سەردەمی خۆی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: وریابە لە كاتی گفتوگۆ و لێوردبوونەوەدا بچیتە ناو مشتومڕو گومان دروستكردن وسەرخستنی نەفسی خۆتەوە با لەسەر حەقیش بیت و وریابە لە خۆبەزلزانین و سەرسام بوون بە كردەوەكانت، بەختەوەر خۆتی ئەگەر سەربەسەر لێی دەربچیت، لە دوای ئەم ئامۆژگاریانەی بۆ شافیعییەكان (ابن تیمیة)ی مامۆستای بە نموونە دەهێنیتەوە و دەربارەی دەڵێت كە هیچ كەسێكی بە قەد ئەو زاناترو زاهیدتر و بێ نیازتر لە دونیا نەبینیوە و، ئینجا هەندێ قسە دەربارەی دەكات كە دەربڕینەكەی زۆر ڕوون نییە و بەرواڵەتی قسەكانی بێت ستایش و زەمی تێدا تیكەڵ كردووە و لە باسی شافیعییەكان دەردەچێت و سەبارەت بە ابن تیمیة دەڵێت:
7- لە ژیانمدا چاوم بە كەسێك نەكەوتووە زاناتر و ژیرتر لەو پیاوەی كە پێی دەوترێت (ابن تیمیة)، دونیاشی زۆر بەكەم گرتبوو بایەخی بە خواردن و پۆشاك و ئافرەت نەدەدا، حەقبێژ بوو، بەوەی لە توانایدا بوو جیهادی دەكرد، ماندوو بووم و ساڵانێكە هەرچەند ویستم هەڵیسەنگێنم نەمتوانی، ئەوەی كە ئەوی دواخست لەناو خەڵكی میسرو شامدا و وای كرد ڕقیان لێی بێت و بەكەمی بزانن و بەدرۆی بخەنەوە و تەكفیری بكەن (لەدوای ئەم بڕگەیە قسەكانی الذهبي لێڵە و ڕوون نییە و ئەوانەی تەحقیقی كتێبەكەیان كردووە و خوێنەریش بە دو شێوە دەتوانێت لە قسەكانی تێبگات) دەڵێت: هۆكاری ئەو هەڵوێستانە بەرانبەر (ابن تیمیة) تەكەبور و بەخۆ موعجیب بوون و حەزی گەیشتن بە پلەو پایەو و بەكەمزانینیورە بووە، جا هەندێك دەڵێن مەبەستی (ابن تیمیة) بووە گوایە لەبەر ئەوەی ئەو سیفەتانەی تێدا بووە بۆیە هەڵوێستی خەڵكی لێی بەو شێوە بووە، كە بێگومان ژیاننامەی ئەو زانایە ئەو تۆمەتانەی بەتەواوی لێ دووردەخاتەوە و پێچەوانەكەی ڕاستە! خودی الذهبي ش لە چەندین جێگەی كتێبەكانیدا باسی لە خۆبوردەیی و دونیانەویستی مامۆستاكەی كردووە، بۆیە ئەبێت هەر مەبەستی نەیارەكانی بووبێت كە بەهۆی تەكەبور و پلەو پایەكانیانەوە دژایەتی ابن تیمیة یان دەكرد،
الذهبي لە كۆتایی ئەو بڕگەیەش لە پاش ئەو دەربڕینە ناڕوونەی دووبارە ستایشی ابن تیمیة دەكات و دەڵێت: ( فقد قام علیه أناس لیسوا بأورع منه ولا أعلم منه و لا أزهد منه، بل یتجاوزون عن ذنوب أصحابهم آثام أصدقائهم، وما سلطهم الله علیه بتقواهم وجلالتهم بل بذنوبه، وما دفعه الله عنه وعن أتباعه أكثر، وما جری علیهم إلا بعض ما یستحقون فلا تكن في ریب من ذلك) وەكو دەبینین جارێكی تر ستایشی دەكات بەڵام لە گەڵ ستایشەكەیدا دیسان ڕەخنەیەك ئاراستەی مامۆستاكەی دەكات و دەڵێت نەیارانی ابن تیمیة زاناتر و دیندارتر نەبوون لە ئەو، بەڵام بە هۆی گوناهو هەلەكانی ئەوان زاڵبوون بەسەریدا، بەڵام ئەوەی الله لەسەریانی لابرد لە خراپییەكانی ئەوانە زۆرتر بوو، واتە ئەگەر الله یارمەتیدەری ابن تیمیة و هاوەڵانی نەبوایە نەیارەكانیان خراپتریشیان پێیان دەكرد! دەڵێت ئەوەشی كە بەسەر ابن تیمیة و شوێنكەوتوانیدا هات بە شێك بوو لەوەی كە شاییستەی بوون، ئەمەش یەكێكە لەو قسانەی الذهبي كە ناكۆكە لەگەڵ قسەكانی خۆیدا لە زۆر جێگەی تر لە كتێبەكانیدا دەربارەی ان تیمیة و هەر ئەوەش وای كرد زۆر لە زانایان بڵێن ئەوە راست نییە و قسەی الذهبي نییە و بگرە هەندیكیان لە بنچینەوە خاوەندارێتی الذهبي بۆ كتێبی (زغل العلم) رەتدەكەنەوە، بەهەر حاڵ بە شایەتی الذهبي خۆی ابن تیمیة بەو شێوە نەبووە و بەڵكو نموونەی خۆ بەكەمزانین و ئاكاری بەرز و دینداری وعیبادەت و بەرگریكردن بووە لە دین و لە ژینی خەڵكی.
8- ئەگەر الذهبي بەو قسەی مەبەستی ئەوە بووبێت كە ابن تیمیة حەزی لە سەرۆكایەتی و دەركەوتن بووە،، ئەوا ذهبي نەیپێكاوە و لەبەر ئەوەی ئەویش مرۆڤە هەڵەی كردووە و دەكرێت هەر بە قسەكانی خۆی وەڵام بدرێتەوە كە زۆرن، لەوانە: (ما رأیت فی العالم أكرم منه، ولا أفرغ منه عن الدینار والدرهم، ولا اظنه یدور في ذهنه) واتە: لە ناو هەموو خەڵكیدا، یان لە جیهاندا، كەسم لە ابن تیمیة بەخشندەتر نەبینیوە، كەسیشم لەو بێ نیازتر نەبینیوە لە دیرهەم و دینار، وا دەزانم ئەو مەسەلە لە خەیاڵیشیدا بوونی نەبێت. هەروەها ابن رجب الحنبلي بەڕەحمەت بێت دەگێرێتەوە كە پێش ساڵی 690ك پۆستی (قاضي قضاة)ی بۆ پێشنیار كراوەو ڕازی نەبووە وەریبگرێت. بە خۆیشی ابن تیمیة دەربارەی خۆی فەرموویەتی: نازانم چۆن سوپاسی نیعمەتی زیندانیكردنم بكەم لای پەروەردگارم، من هیچم نییە ترسی ئەوەم بێت لێم وەربگرنەوە، نە زەوی وزار و نە قوتابخانە و نە ماڵ و سامان و نە سەرۆكایەتی و نە پۆست وپلەوپایە. ئەوەشی كە دەوترێت بە چاوی كەمەوە سەیری هەندێ لە زانایانی كردووە ئەوە خودی الذهبي بەرگری لەوەی كردووەو وتوویەتی ئەوە نابێت وەكو ڕەخنە لێی بگیرێت چونكە ئەو كەسانی لارو گومڕای بەكەمزانیوە و لەگەڵ ئەوەشدا قسەی زانایان بەیەكتر نابێت باس بكرێت.
9- هۆكارێكی تریش ڕەنگە هەبێت بۆ رەخنەی الذهبي لە ابن تیمیة سەرەڕای ئەو هەموو ڕێزو خۆشەویستییەی بۆی ئەویش مەسەلەی قوتابییەكانی ابن تیمیة بووە ، چونكە ڕەفتاری توندی هەندێكیان قورس بەسەر مامۆستاكەیاندا دەشكایەوە و الذهبي ش ئەوەی پێ ناخۆش بوو، لەوانە عبدالرحمن العینوسي و ابن القیم و ابن كثیر و عبدالله الإسكندري و صلاح الكتبي كە ئەمانە هەموویان گەنج بوون و زۆر ابن تیمیة یان خۆشدەویست و بەرگرییان لێ دەكرد، عبدالرزاق الحلبي البزار دەربارەی قوتابییەكی ابن تیمیة بەناوی عبدالله الإسكندري وتوویەتی: الله لێی خۆش بێت هاوەڵی ابن تیمیة بوو و بە ڕەفتارەكانی بوو بە مایەی درووست بوونی فیتنە و ئاژاوەو هەروەها بوو بە هۆكاری ئازار و ناخۆشی بۆ مامۆستاكەشی. واتە: ذهبي لە هەڵسوكەوتی توندو زبری هەندێ لە قوتابی و گەنجی حەماسی و خوێنگەرمی دەوروبەری ابن تیمیة بەگلەیی و بەڕەخنەبووە و پێی وابووە كە ئەو ڕەفتارانە زیانی بۆ موسوڵمانان و بۆ خودی ابن تیمیة ش هەبووە. تەنانەت ابن قیم الجوزیة لە ناو قەسیدەی النونیة دا لە دوو دێڕدا كە پێشتر ئاماژەم بۆ كردووە وا دیارە مەبەستی الذهبي بووە و لە سەر ڕەخنەكانی لە ابن تیمیة ی مامۆستای سەركۆنەی دەكات. بە هەر حاڵ ابن تیمیة سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ بووە و قابیلی هەڵە بووە، بەڵام باوەڕم وایە لە كۆی ئەو خەسڵەتانەی كە هەیبووە لە ڕووی زانست و ژیری و ئازایەتی وخۆراگری وعیبادەت و غیرەت و پشوو درێژی و سیفەتەكانی تری، الله أعلم لە درێژایی مێژووی ئیسلامدا حاڵەتێكی دەگمەنە و وێنە و هاوشیوەی یەكجار كەمە.
10- جارێكی تر بگەرێینەوە سەر راوبۆچوونی الذهبي و سەبارەت بەو ڕەخنانەی كە لە فوقەهای شافیعی دەیگرێت ئەوەیە لەسەردەمی خۆیدا حەزیان بە دەسەڵات و سوڵتە بووە و دەمارگیرییان تێدابووە و لەسەر ئەوە لۆمەی كردوون و تانەی لێداون كە نەك هەر لەسەر ڕەفتارو مامەڵەی زانایانی سەلەف نەبوونە، بەڵكو توانجیان لێ دەدات كە ئەوان پێچەوانەی پێشینی خۆیان لە شافیعییەكان وەكو نەوەوی و شیرازی ڕەفتار دەكەن و ئەسڵی مەزهەبەكەیان دەستگرتنە بە سوننەت و واقیعی ئەو كاتەیان شتێكی ترە.
11- مەزهەبی شافیعی پشكی شێری بەركەوتووە لە وەرگرتنی دەسەڵات لە درێژایی مێژووی ئیسلامدا و سەرەرای ئەوەی كە وەكو الذهبي دەڵێت باشەیان زۆرە و ئەو لایەنانەیان نكۆڵی لی ناكرێت، بەڵام هاوكات زۆرێكیان نموونەی دادگەری و بێ فەرق و جیاوازی نەبوونە لە حوكمدا و دەسەڵاتەكەیان زۆر جار بە شێوەیەكی تەواو رەنگدانەوە نەبووە بۆ ڕەوشتی جوان و عەقیدەی پاك و بێگەردی پێشەواكەیان پێشەوا شافیعی، بەڵكو بە دژایەتی غەیری خۆیان ناسراون وهەروەها ناسراون بە سیفەتی دەمارگیری و زۆربوونی لادانی عەقیدی بەهۆی ئەوەی زۆرێك لەلادەران لە عەقیدەی ئەهلی سوننەت لە ناو ئەواندا بوونە و هەن، هەروەها دەمارگیری زۆریان بۆ مەزهەبەكەیان هەیە ئەوەش تەواو پێچەوانەی ئاكارو كەسایەتی شافیعییە كە لە كاتی مونازەرەشدا حەزی دەكرد حەق لەسەر دەستی بەرانبەرەكەی دەركەوێت و دەیفەرموو خۆزگەم دەخواست هەرچی عیلمم پێیە بڵاوبوایەتەوەو نەدرایەتە پال من! ئەو خەسڵەتە ناپەسەندانەیان هەمیشە ئەو جوانییەی لێڵ كردووە كە ئەو مەزهەبە لە
پێشەوا محمد ی كوری إدریس ی شافیعی بۆی بە جێماوە..
12- بەداخەوە لەم سەردەمەی خۆیشماندا بەهەمان شێوەی سەردەمی شمس الدین الذهبي، ڕێژەیەكی زۆریان - نەك هەموویان - درێژەیان بە دەمارگیری و لە خۆباییبوون داوەو لە هەموو وڵاتێكدا كە بوونیان هەیە بوونە بە دارودەستەی زاڵمان و داپۆشەری گومرایی و لادانەكانیان، بە هەمان شێوەی سەردەمانی پێشوو، ئێستاش لە زۆربەی وڵاتاندا كەسە دیارەكان و سەرانیان موفتی سەرۆكە زاڵم و گومراكانن و بەدلی ئەوان و چۆن داوایان لێ بكەن بەو شیوە فەتوا دەردەكەن!
13- ئەوەش كە باسكرا لە حاڵەتە نەخوازراوەكانی ئەو مەزهەبە، حاڵەتێكی گشتی نییە بڵێی هەموو شافیعییەكان بەو شێوەن، نەخێر نە لە ڕابردوودا و نە ئێستاش بە شێوەیكی ڕەها بەو شێوە نین، ، بەڵكو ئەمەی كە ذهبي لە (زغل العلم) ئاماژەی پیكردووە و ئەوەش كە لێرەدا سەبارەت بە شافیعییەكانی ئەم سەردەمە خرایەروو، تەنها لایەنی تاریكی دیمەنەكەیە كە بەداخەوە واقیعێكی تاڵ وبینراوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بەڵام شافیعییەكان هەمیشە زانای گەورە و فەقیهی مەزن و موفەسیری بەتوانا و فەرموودە ناسی ئەلمەعی باش و گەورەیان تێدا هەڵكەوتووە و دینیان بە ماڵی دونیا نەفرۆشتووە بەڵكو خۆیشیان بە قوربانی كردووە و لەو هەڵەو دەمارگیریانەشیان بەری بوونە، خودی الذهبي كە لێرە ڕەخنەیان لێ دەگرێت نموونەیەكی باشە وبە خۆی شافیعی مەزهەب بووە، پێش ئەویش النووي و دوای ئەویش ابن حجر العسقلاني - نەك الهیتمي -و سەدان زانای گەورەو بەڕێزی تر كە شافیعی بوونە وپێشەنگن و جێگای شانازین بۆ هەموو موسوڵمانێك،
لە كۆتاییشدا پێویستە ئەوە بوترێت هەرچی وەكو ڕەخنە دەگیرێت لە مەزهەبی شافیعی لە ڕەفتار و مامەڵە و لەكاتی حوكمرانی و لە عەقیدەو بیروباوەڕدا پەیوەندی بە خودی پێشەوا محمد بن إدریس الشافعی نیە و لە دوای ئەو درووست بووە، ئەگەرچی بەناوی مەزهەبەكەی ئەو كراوە بەڵام بێگومان ئەو پێشەوا مەزنە لێی بەرییەو لە دوای خۆی شوێنكەوتوانی ئەنجامیان داوە.
إحسان برهان الدین
18 شوّال 1443
2022-5-19
2018-04-07
2023-11-01
2024-03-08
2018-04-30
2023-02-19
2023-10-28
2021-10-19