العربیة
/قورئان/
زانست لە ئیسلامدا پیرۆزە
: 928
2022-06-01

زانست لە ئیسلامدا پیرۆزە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (من يرد الله به خيرًا يفقهه في الدين) واتە: الله تعالی بیەوێت كەسێك تووشی خێرو چاكەو سەرفرازی بكات، شارەزایی و تێگەیشتنی باشی لە دیندا پێ دەبەخشێت. ئەم فەرموودە كە متفق علیه و سەحیحە، فەرموودەیەكی مەزنە و بەڵگەیە لەسەر فەزڵ و پلەو پایەی بەرزی فێربوونی زانستی بە سوود، هەروەها بەڵگەیە لەسەر ئەوەی زانست نیشانەی چاكەو سەرفرازییە بۆ هەڵگری. تیگەیشتنی دین لە بنچینەدا لە ڕێگەی تێگەیشتنی قورئان و سونەتەوە سەرچاوە دەگرێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (خيركم من تعلم القرآن وعلمه) چاكترینی ئێوە ئەوانەن كە بۆ خۆیان زانستەكانی قورئان فێر دەبن و فێری كەسانی تریشی دەكەن. یەكەم زانستی قورئانیش كە ئامانجی هەموو پێغەمبەران بووە علیهم السلام بیگەیەنن بە ئوممەتەكانیان و فێریان بكەن زانستی تەوحید و دووركەوتنەوە بووە لەشیرك بە هەموو جۆرەكانییەوە، الله تعالی فەرموویەتی: (ولَقَدْ أُوحِيَ إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكَ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ). سەرچاوەی دووەمی وەرگرتنی زانستیش كە وردەكاری دین و هێڵی گشتی و لاوەكی و هەموو شتێكی ئیسلامی تێدایە، سوننەتی پێغەمبەرە صلی الله علیه و سلم، كە بریتییە لە بەرجەستەكردنی ئەو قورئانەی الله دایبەزاندووە بە شێوەیەكی كردەیی لە سەر زەویدا. سونەت شیكردنەوەو ڕوونكردنەوەی قورئانی پیرۆزە، لێكدانەوەی كردەیی ئایەتەكانە، سوننەت واتە قورئان بە ڕاڤەكراوی و بەرجەستەكراوی! دەستگرتن بە سوننەت پێش هەموو شتێك واتە جێگیر بوون لەسەر ئەو عەقیدەی كە الله تعالی و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم پێی ڕازین، تەنانەت وشەی سوننەت بەواتای عەقیدە هاتووە لە لای زانایانی سەلەف كە فەرموویانە بنەماكانی سوننەت، مەبەستیان لە بنەماكانی عەقیدەو بیروباوەڕی ئیسلام بووە، لەسەر سوننەتیت و دەستت پێوە گرتووە، واتە لەسەر ڕێگای ڕاستیت وبەرەی حەقت لەم دونیایەدا هەڵبژاردووە. لە ڕاستیدا فێربوونی زانست لە ڕێگەی كیتاب و سونەت و بەسەربردنی ژیان لەگەڵ ئەو دو سەرچاوەیە، نیشانەی سەربەرزی و سەرفرازی موسولمانە لە دونیادا، هەروەها ڕیگەی چوونە بەهەشتە بۆ كەسێك كە الله یارمەتیدەری بێت بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەو ڕێگایە تا كۆتایی ئەو ماوە كەمەی لە دونیادا بۆی دیاری كراوە. وردبوونەوە و تێگەیشتن لە كاتی خویندنەوەی قورئان و فەرموودە سەحیحەكانی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم، واتە: فێربوونی زانست و بەدەستهێنانی گەورەترین خێرو چاكەی بەپیت، كە گەنجینەیەكی لەبن نەهاتووە بۆ دونیاو دواڕۆژ، ئەمەش كارێكی ئاسانە بۆ كەسێك الله بۆی ئاسان بكات، كارێكی قورس و دژواریشە بۆ كەسێك الله بۆی ئاسان نەكات، بۆیە هەمیشە بۆ فێربوونی زانست و تێگەیشتن لەو دوو سەرچاوە پێویستمان بە دوعاو پاڕانەوە هەیە بۆ ئەوەی ناخۆشییەكانی ئەو ڕێگەمان بۆ ئاسان بكرێت. إحسان برهان الدین 17 شوال 1442 29 أیار 2021